۱۳۹۱/۰۶/۳۰

بارودۆخ، ڕابردوو و ئێستای کوردەکان لە وتوێژێکدا لەگەڵ ناجی کوتلای


سازدانی: نەشە دوزەل / ڕۆژنامەی تەڕەف
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بۆچی ناجی کوتلای
کێشەی هەرە گەورە لە تورکیا، کێشەی کوردە. شەڕێکی سی ساڵە لە ئارا دایە. ئەمڕۆکە گەنجێکی کوردی دیاربەکری کە تەمەنی گەیشتبێتە سی ساڵ، نازانێ ژیان و دونیایەکی "بێ شەڕ" هەیە. تورکیا سی ساڵە دەستەویەخەی شەڕی کوردە. باشە، پێش ئەم شەڕە بارودۆخ چۆن بووە؟ لە ساڵانی سەرەتای کۆماردا، کوردەکان لە چ هەلومەرجێک دابوون؟ لە سەردەمی عوسمانیەکاندا کورد لە چ دۆخێک دابوون؟ کوردەکان لە کام وڵات، لە چ هەلومەرجێکدا و لەگەڵ کێ ژیاون؟ ئەی ئەمڕۆکە ڕەوش و هەلومەرجی کورد لە وڵاتانی تر چۆنە؟ بۆچی لە تورکیا شەڕ دەرکەوت و بە هیچ شێوەیەک چارەسەر نەبوو؟ پاشخانی مێژوویی ئەم کێشە یا خود ئەم شەڕە چیە؟ کوردەکان بە زۆری لە لایەن چ کەسێکەوە خەیانەتیان پێکراوە؟ لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا، کوردەکان چ چاوەڕوانیەکیان هەبوو؟ لە ڕۆژی ئەمڕۆدا، کورد بۆ چۆن پێکهاتەیەکی سیاسی تێدەکۆشی؟ سەرجەم ئەم پرسیارانەمان ئاڕاستەی ناجی کوتلای کرد کە شارەزای مێژووی کوردە و گەلێک کتێبی لەمبارەوە نوسیوە. هەندێک لە کتێبەکانی ئەم نووسەر و لێکۆڵەرە بریتین لە: گۆڕانکاری و نەتەوە پەرستی لە ناو کوردەکاندا، کوردەکان و ئیتیحاد - تەرەقی، دۆسیەی چل و نۆیەکان و هەرە دواییش کتێبی "قۆناغی پێکهاتنی ناسنامەی کوردی"ی نوسیوە کە لە لایەن وەشانخانەی دیپۆنت چاپ و بڵاو کراوەتەوە. 

***
 
نەشە دوزەل: وێڕای ئەگەری دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەکی خۆسەر لە سووریا لە لایەن کوردەکان و دروستبوونی دوو کوردستان لە ناوچەکە، نیگای هەموو لایەک چووە سەر کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی. ژمارەی کۆی کوردەکان کە دیارە بە سەر چوار وڵاتدا دابەش بوون، چەندە؟
ناجی کوتلای:
بە هۆی ئەوەی ئامارەکان جێگەی متمانە نین، ژمارەی کوردەکان بە وردی نازانرێ. بەڵام کۆی گشتی کوردەکان ٢٥ تا سی میلیۆن شیمانە دەکرێ.

لە کام وڵات و چەند {میلیۆن} کورد دەژین؟
دەگوترێ لە عێراق نزیکەی شەش میلیۆن، لە سووریا دوو میلیۆن و لە ئێران چوار میلیۆن کورد دەژین. لە تورکیاش ئەوە دەپەژرێنن کە هەژدە تا بیست میلیۆن کورد هەن. هەروەها لە وڵاتانی قەفقازیاش نزیکەی میلیۆنێک کورد دەژین. لە هەر کام لە وڵاتانی گورجیستان، ئەرمەنستان، قەزاقستان و کۆمارەکانی ئاسیای ناوین چەند سەد هەزار کوردێک دەژین.

کوردەکان لە عێراق دەوڵەتیان هەیە، لە سوریا خەریکە {دەوڵەت} دروست دەبێ، لە تورکیا ڕەوشی کوردان نادیارە. باشە، ئەی کوردەکانی ئێران لە چ بارودۆخێک دان؟
ئەوەی ڕاستی بێ لە ڕوانگەی کوردەکانەوە، لە ئێران و تورکیا دۆخێکی هاوشێوە هاتۆتە ئاراوە. چونکە کاتێک تورکیای مودێرن دامەزرا، ئێران وەک مودێلێک سەیری تورکیای مودێرنی کرد. دەسەڵاتداری ئێران، بە لاسایی کردنەوەی تورکیای مودێرن، گوشارەکانیان بۆ سەر کوردەکان پەرە پێ دا. دواجار ساڵانی ١٩٢٠، گوشار لە سەر کوردەکانی ئێران هەبوو هەرچەند لە چاو تورکیا کەمتر بوو.

ئەی ئەمڕۆکە ڕەوشی کوردەکانی ئێران چۆنە؟
کوردەکان لە ئێران لە دوو ناوچەدا دەژین. کوردە سوننەکان زیاتر لە نزیک سنوورەکانی تورکیا دەژین. کوردە شیعەکانیش لە دەوروبەری کرماشان. کوردی شیعە، ئەمڕۆکە لەگەڵ سیستەم زیاتر تەبان. کوردە سوننیەکان لە ڕابردوودا، دژ بە ڕژێمی شا لەگەڵ خومەینی جوڵانەوە، بە ئومێدی دامەزراندنی ئێرانێکی دیموکراتیک دژ بە ڕژێمی پاشایەتی شان بە شانی یەکتر تێکۆشان. پاش ئەوەی خومەینی هاتە سەر دەسەڵات، داوای خودموختاریان کرد، بەڵام خومەینی ویستی خودموختاری کوردە سوننەکانی قەبوڵ نەکرد.

پاش ئەوەی ددان بە خودموختاری دانەنرا، چ ڕووی دا؟
کوردەکان دژ بە سوپای ئێران و ڕژێمی خومەینی شەڕی گەریلاییان دەست پێکرد. دیارە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرۆکایەتی دکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو لە گوند و لە شاخەکان بۆ خەباتی چەکداری ئامادە بوو. قاسملوو، لە لایەن ئەوروپیەکانیشەوە ناسراو بوو و گەلانی نێو ئێران بە ڕێزەوە سەیریان دەکرد. بەڵام زۆری پێ نەچوو دەزگای هەواڵگری ئێران، ڕێبەری کوردەکانیان لە ئەوروپا کوشت. دوای هاتنە سەر کاری خومەینی، من لە سوید چاوم بە عەبدولڕەحمان قاسملوو کەوت. قاسملوو و هەڤاڵانی، بە ئومێدی "دامەزراندنی ئێرانێکی دیموکراتیک، کوردستانێکی ئۆتۆنۆم" سەردانی خومەینیان کردبوو.

چ وڵامێکیان وەرگرت؟
پێویستە ڕاستگۆ بین. خومەینی وڵامی سەرجەم داخوازییەکانی نەدایەوە، بەڵام بە نیەت بوو هەندێک شت بکا کە کوردەکان لە ڕوانگەی کولتورییەوە قایل بکا. بە گەرمی نزیکی کردنەوەی قوتابخانە لە لایەن کوردەکان و دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە بە کوردی بۆوە. بەڵام کوردەکان خودموختاریان دەویست. ئەو سەردەمە، شەپۆلێکی شۆڕشگێڕانە لە نێو کوردەکاندا بەدی دەکرا. لە ژێڕ باندۆڕی ئەو شەپۆلە شۆڕشگێڕییە، بە مافە کولتوریەکان قانع نەبوون و بە خومەینیان نەگوت بەڵێ. پێیان وابوو مافی کولتوری بەس نییە. ئیتر ئەودەم خومەینی زۆر بەهێز بوو و ویستی خودموختاری کوردەکانی ڕەت کردەوە.

ئێستا کوردەکان لە ئێران چ مافێکیان هەیە؟
دیارە لە ئێراندا کێشەی دیموکراسی هەیە. ئەوەی دژایەتی بکا دەخرێتە گرتووخانە یاخود سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێ، بەڵام... مافی کوردەکان لە ئێران، هەمیشە لە پێش هی تورکیاوە بووە. چونکە ئێران بەردەوام بەمەی زانیوە. بە ڕێ و شوێنی توند و قەدەغەکردن بزووتنەوەی کوردی کۆتایی نایە، بە پێچەوانە پێیان وابووە کێشەکان زیاتر قووڵ دەکاتەوە و هەمیشە سیاسەتەکانیان لە سەر هێڵێکی نەرم ڕاگرتوە بۆ ئەوەی کوردەکانی پێ بەڕێوە بەرن. بۆیە لە ئێران زمانی کوردی قەدەغە نەکراوە و لە قوتابخانەکان وانەی کوردی هەیە و زمانی کوردی فێر دەکرێ. لە ئێران هەروەها ناوی کوردستان نە وەک بەڕێوەبەریەک بەڵکوو وەک هەرێمێکی جوگرافی، بەکار دەهێنرێ. بێننەوە بیر...

چی؟
لە ئێرانەوە فڕۆکەیەک بە ناوی کوردستانەوە هاتبوو و لە تورکیا چ هەرا و هەنگامەیەک بەرپا بوو. لە کاتێکدا لە سەردەمی عوسمانیەکان، لە تورکیا ویلایەتی کوردستان وەک هەرێمێکی جوگرافی هەبوو. تەنانەت زارا - کوچگری ستاتۆیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو.

وەک دروستبوونی یەکەم دەوڵەتی کوردی باس لە کۆماری مەهاباد دەکرێ. کۆماری مەهاباد چ بوو؟
مەهاباد، ناوچەیەکە کوردی سوننە لێی دەژین. کۆماری مەهابادیش، بە مانەوە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی ئێراندا، ڕاگەیاندنی خودموختاری ناوچەی کورد بوو. یانی کۆماری مەهاباد، ناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نەبوو. مەهاباد، ناوی بەڕێوەبەرایەتی خودموختاری کوردی بوو و بە پاڵپشتی یەکێتی سۆڤیەت، لە ساتەوەختێکدا دروست بوو کە شا هێزێکی ئەوتۆی نەبوو.

یەکەم کۆماری کوردەکان چۆن دامەزرا؟
دوای جەنگی جیهانی دووهەم، ناسیۆنالیزمێکی نوێی کوردی لەدایک بوو. ناسیۆنالیزمی پێشتری کورد، هی ئاغا و دەرەبەگ و مەلایان بوو. بەڵام ئەو ناسیۆنالیزمەی مودێڕنەی جەنگی جیهانی دووهەم و نەتەوە - دەوڵەت هێنایان، بوو بە ناسیۆنالیزمی ڕۆشنبیران، خوێندکاران، خەڵکی شار و چینی کاسپکاران. لە کۆماری مەهاباددا، ئەم دوو ناسیۆنالیزمە یەکیان گرت تاکوو لە ئێران کورد بگەیەننە دەسەڵات. ئامانج، دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بوو.

بۆچی لە ئاکامدا سەرنەکەوت؟
ئەو کات کوردەکان دونیایان باش نەخوێندبۆوە. ڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ ڕۆژئاوا باش نەبوو. لە بری بەستنی پەیوەندی گەرم و دۆستانە لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا و لایەنگری لەوان، ڕوویان کردە سۆڤیەت و یارمەتییان لەوان وەرگرت. پاش ئەوەی جەنگی جیهانی دووهەم کۆتایی هات، بە پێی ڕێککەوتننامەی سۆڤیەت لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا، ئەوان {سۆڤیەت} ناچار بوون لە ئێران دەرکەون. کوردەکانیش نەیانتوانی مەهاباد بپارێزن. بەمجۆرە ئەو ئۆتۆنۆمیەی ساڵی ١٩٤٦ دامەزرابوو، یانزە مانگ و نیو درێژەی خایاند. پێویستە ئەمەش بگوترێ: بە هۆی ئەوەی ئایینی فەرمی ئێران، شیعەیە، کوردە شیعەکان شان بە شانی کوردە سوننەکان نەڕۆیشتنە پێش. وەک چۆن لە تورکیا کوردە عەلەوییەکان لەگەڵ کوردە سوننەکان نەبون.

مەگەر ژمارەیەکی بەرچاو لە پەکەکە، کوردی عەلەوی نین؟
پەکەکە جیاوازە. ئەو بەرهەمی جیهانێکی نوێێە. کە سەرهەڵدانی شێخ سەعید ڕووی دا، عەلەوییەکان لە دژی وەستانەوە. لە سەرهەڵدانی کۆچگریشدا، سوننەکان دژایەتیان کرد. دیارە ناسیۆنالیزم ئەم لایەنە سەقەتانەشی هەیە. ئایین، پێش ڕەگ و ڕیشەی ئەتنیکی دەکەوێ. لەوانەیە ئێستە دەنگی نەبێ بەڵام هێشتاش هەروایە. بۆیە پێویستە ئەم دەنگەی ژێرەوە ببیسین.

مەلا مستەفا بارزانی باوکی مەسعود بارزانی یەکێک بوو لە فەرماندە پێشڕەوەکانی کۆماری مەهاباد. ئیشی سەرۆکێکی کوردی عێراقی، لە نێو ئۆتۆنۆمیەکی دامەزراو لە ئێران چییە؟
لەو سەردەمەدا، کوردەکانی عێراقیش دژی دەوڵەتی عێراق لە تێکۆشان دابوون. دوای نسکۆ، ڕۆیشتنە مەهاباد. لە لایەکی دیکەوە، خۆ سنووری عێراق - ئێران بە لای کوردەکانەوە، سنوور نییە! خەڵکی هەر دوو سنووری عێراق و ئێران، خزم و کەس و کاری یەکترین. خۆ ئەوان ناڵێن تۆ عێراقی و من ئێرانیم. ئەوان لە ڕێکخستنیشدا لە نێو یەکتری دابوون. هەم ڕێزیان لە سەرکردەی ئێرانی، قازی محەمەد دەگرت و هەم لە سەرکردەی عێراقی مەلا مستەفا. لە پێناو شیکردنەوەی دروست و ورد، پێویستە باش ئاگاداری پەیوەندی نێوان دین و ناسیۆنالیزم بین... 

ناسیۆنالیزمی پاڵپشت بە نەتەوە و ئەتنیک لەگەڵ ئایینی پاڵپشت بە ئوممەت پێکەوە دەسازێن؟
هەڵبەت دەسازێن. بۆ نموونە سەرجەم بناغەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە {تەریقەتی} نەقشبەندی و قادریەوە سەرچاوە دەگرێ. بارزانی، قادری بوو پاشان بوو بە نەقشبەندی. چونکە قادرییەکان هێدی هێدی کەمڕەنگ بوونەوە، گۆڕان و بوون بە نەقشبەندی. ئەوانەی لە تورکیا ڕاپەڕیون، سەرجەمیان نەقشبەندی بوون. جگە لە سەرهەڵدانی دێرسیم و کوچگری. شێخ سەعید نەقشبەندییە. سەرۆکی کۆماری مەهاباد، قازی محەمەد هەروا.

بۆچی هەموویان نەقشبەندین؟ تۆ بڵێی ڕێکەوت بێ؟
رێکەوت نییە. مەولانا خالید، {تەریقەتی} نەقشبەندی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین پەرە پێ داوە. ساڵانی ١٧٧٠ لە ناوچەیەکی نێوان کەرکووک و سلێمانی بە ناوی قەرەداغ ژیاوە و خەڵکی ئەوێیە. ئەو سەردەمە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئیمپریالیزمی بریتانیایە بە سەر هیندستان ورۆژهەڵاتی دووردا. مەولانا خالید ڕۆیشتە هیندستان و لەوێ خەباتی دژە ئیمپریالیزمی ناسی. لە گەڕانەوەدا ٦٠ کەس بوونە موریدی، ٣٣ - ٣٤ کەس لەوان کورد بوون. ئەو کەسانە چووبانە هەر شوێنێک، تەکیەی نەتەوەپەرستی ئیسلامیان دادەمەزراند. سەنتەزێکیان لە ئیسلام و ناسیۆنالیزم دروست کرد و دوژمنایەتی بێگانەیان کردە ئامانج. ناسیۆنالیستە کوردەکان دوای مەولانا خالید کەوتن. تورکەکان بەو شێوەیە دوای نەکەوتن. تەنیا تورگوت ئۆزال ئەو ڕێچکەیەی شۆپاند. تورکەکان باڵی گوموشخانەوی نەقشبەندێتیان شۆپاند. ئەربەکان ئەم ڕێبازەی گرتە بەر.

کوردەکان لە کەنگێوە لە میزۆپۆتامیا دەژین؟
ئەوەی زانراوە، مێژووی ژیانی کوردەکان لە میزۆپۆتامیا دەگەڕێتەوە بۆ چاخی شەش و حەوتی بەر لە زایین. بەڵام بەڵگەی تریش هەن کە پەیوەندیان بە سەردەمی پێشووترەوە هەیە. کاتێک تورکەکان لە ئاسیای ناوین و ئێرانەوە هاتن، کوردەکان لێرە بوون.

کوردەکان بەردەوام پەرتەوازە ژیاون؟
بەردەوام بە پەرتەوازەیی ژیاون. چونکە پێکهاتەی کۆمەڵگەی فیۆداڵی پەرتەوازە و پارچە پارچەیە. جاران ئەڵمانەکان و ئیتالیەکانیش بەمجۆرە بوون. دەرەبەگێکی بەهێز یاخود پاشایەک، یەکگرتووی کردن. ئەوانیش دڵخوازانە نەهاتوونەتە لای یەک. کوردەکان هەوڵی یەکگرتنیان داوە بەڵام هەلومەرج و ئاستی تواناکاری خۆیان دەرفەتی بەمە نەداوە. لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و پاشڤەڕۆ، یەکنەگرتن و پارچەبوون بە جۆرێک لە جۆرەکان، قەدەر و چارەنووسە.

بۆچی لە مێژوودا پاشایەتیەکی کوردی بە دی ناکرێ؟
بەڕای ئێوە بۆچی نییە؟

ئاخۆ پێکهاتەی فیۆداڵی کوردەکان لە بەردەم دامودەزگای دەوڵەتی ئاستەنگ بووە؟
ئەوە هۆیەکی سەرەکیە... هەروەها دەبێ ئەمەشمان لە بیر نەچێ: کوردەکان خۆشیان لەمەدا بەسەر نەکەوتن. لەوانەیە کەموکوڕییان هەبێ. دەبێ ددان بەوە دابنێین لە ناو کوردەکاندا کەسێکی ڕێکخراوی وەک ئەتاتورک دەرنەکەوتووە. جگە لەمەش کوردەکان خۆیان لە پاڵ عوسمانیەکاندا بینیەوە و دوای ئاریشەی دەوڵەت نەکەوتوون. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی ڕزگاریدا، کوردەکان لەوە نەترسێنرابان کە "ئێرە دەبێتە ئەرمەنستان" و لەگەڵ تورکیا نەخرابان، ئایا پاراستنی کۆماری تورکیا هەروا ئاسان دەبوو؟

کێ کوردەکانی ترساند؟
لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا، سەرجەم ئەندامانی ئیتحیاد - تەرەقی، مستەفا کەماڵ و هاوڕێیانی بە کوردەکانیان گوت "ئەممان ئێرە دەبێتە ئەرمەنستان. وەرن با پێکەوە بین."

ئایا ئەمڕۆکە هیچ هەوڵدانێک هەیە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم کوردەکان لە ژێر سێبەری ئاڵایەکدا؟
نەخێر. بەشێکی کوردەکان، لە سووریا لەدایک بوون و لەوێ شێوەیان گرتووە. بەشێکیان نەتەوە - دەوڵەتی عێراقیان پەسند نەکردوە و بەردەوام بەرەنگاری بوونەتەوە. ئەوانەی تورکیا، چوونە ناو سیستەمی فرە حزبیەوە و لە چاو کوردەکانی تر، دیموکراتیک ترن. هەرچی کوردەکانی ئێرانیشە لە ناو شارستانیەتێکی جیاوازدا ژیاون. ئێستا چۆن ئەو مرۆڤانە لە دەوری یەک کۆ دەکەیتەوە؟ ئەگەر بشتەوێ، ناتوانی. هەر یەکەیان لە هەلومەرجێکی جیاواز و لە ژێر کارتێکەرییەکی جیاوازدا، گەورە بوون، کەسایەتیان شێوەی گرتوە و بوونەتە خاوەن جیهان بینی و تێڕوانینی جیاواز بە خۆیان. بەشێک کەوتوونەتە ژێر کاریگەری فەرەنسا و بەشێکی تر کاریگەری بریتانیایان لە سەرە. لە کاتێکدا کوردەکانی تورکیا، چەشنێک قۆناغی دەوڵەت - نەتەوە ژیاون. کۆکردنەوەی کوردەکان لە ژێر سێبەری ئاڵایەک ئەستەمە.

کاریگەری پەکەکە لە سەر ئەو چوار وڵاتە بە چ شێوەیەکە؟
لە سەر سووریا و تورکیا کاریگەری هەیە. لە سەر ئێران کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە. تەنیا لە نێو گەلدا هەندێک ئۆگری هەیە و بەس.

ئەی بارزانی چ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی لە سەر کوردەکان هەیە؟
بە کوردەکانی تورکیاشەوە، بە ڕێز و حورمەتەوە سەیری دەکرێ بەڵام... هەروەک پەکەکە ئەویش ناتوانێ سەرجەم کوردەکان لە ژێر ئاڵایەکدا کۆ بکاتەوە، کوردەکان بەڕێوەبەرایەتی ئەو قەبوڵ ناکەن.

ئایا لە تورکیا ئەو کوردانە بەدی ناکرێن کە دەسەڵاتدارێتی بارزانی قەبوڵ بکەن؟
زۆرن بەڵام کوردێک بەدی ناکەم بیەوێ شان بە شانی ئەوان ببێتە پێشمەرگە.

دیرۆکی بنەماڵەی بارزانی، بۆ کوردەکان چ واتایەکی هەیە؟
وەک قارەمانێکی مێژوویی سەیری بارزانی باوک دەکەن. ئەو ئیماژەی بارزانی کوڕیش تا ئێستا دروستی کردوە، ئەرێنیە.

کوردەکان ڕووبەڕووی خیانەت بوونەتەوە؟
کوردەکان ڕووبەڕووی خیانەت بوونەتەوە و ئەمەش ئاساییە. چونکە کوردەکان کۆمەڵگەیەکی لەت و پەتن. جگە لەوەی لە ناو عەشیرەکاندا پارچەبوون بە دی دەکرێ، بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش کراون. دەوڵەتەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانەوە، دەتوانن دەست بخەنە کاروبارەکانیانەوە.

کوردەکان زیاتر لە لایەن چ کەسانێکەوە خیانەتیان پێکراوە؟
لە لایەن هەموو کەسێکەوە. بۆ نموونە لە دامەزراندنی کۆمار{تورکیا} دا فیداکارییەکی زۆریان نواند بەڵام چیان بینی؟ نکۆڵی و حاشا لێکردن! گەلۆ پڕۆتۆکۆلی ئاماسیاتان خوێندۆتەوە؟ ئەم پڕۆتۆکۆلە ٢١ی ئۆکتۆبری ١٩١٩ واژۆ کراوە. یەکێک لە لایەنەکان، نوێنەری "هەیئەتی تەمسیلیە" بوو کە لە کۆنگرەی سیواس دامەزرابوو. لایەنێکی دیکەش حکومەتی ئەستەنبوڵ بوو. بەحریە نازری ساحیل پاشا نوێنەری حکومەتی ئەستەنبوڵ بوو. لە هەیئەتی تەمسیلیەشدا، مستەفا کەماڵ، ڕەئوف ئۆربای، بەکر سامی هەبوون. پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا چ دەڵێ؟

دەڵێ چی؟
دەڵێ "هەر شەڕ تەواو بوو، هەموو جۆرە پێداویستییە کۆمەڵایەتی و نژادییەکانی کورد دابین دەکرێن". ئەی باشە، کوا؟ دوایی، هەر یەکسەر ویستیان ئەم ڕستەیە لە خەڵک بشارنەوە.

یانی دامەزرێنەرانی کۆمار ویستیان پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا لە خەڵک بشارنەوە؟
بەڵێ، خاڵێکی زۆر گرنگیان حەشار دا. لە پڕۆتۆکۆلەکەدا هاتووە "دوای سەرکەوتن، سەرجەم داخوازییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و نژادییەکانی کوردان جێبەجێ دەکرێن". لە وتاری ئەتاتورکدا ئەم ڕستەیە نەهاتووە، بەڵام لە پڕۆتۆکۆلەکەدا هاتووە. ئەمانە گشتیان چەرکەسن.

تێنەگەیشتم، چۆن ئەوانە پێکەوە دەبەستنەوە؟
ساڵح پاشا، بەکر سامی، ڕەئوف پاشا هەموویان چەرکەس بوون. ئەو چەرکەسانە ناڵێن "ئێمە ئەم کۆمارەمان شان بە شانی کوردەکان دامەزراند و پێکەوە ڕزگاری دەکەین". ئەوە باسی مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩١٩یە. دواجار ساڵی ١٩٢١، تۆپاڵ عوسمانیان ناردە لای نورەدین پاشا و کوردەکانیان کوشت. لە ناوچەی زارا و کوچگیری دەوروبەری هەشتا گوندیان خاپوور کرد... لە ڕاستیدا، ساڵی ١٩١٩ کاتێک ئەتاتورک ڕۆیشتە ئەرزروم، مەسەلەی هەرە گەورەی تورکیا، دیسان کێشەی کورد بوو. هەر بۆیەش ئۆکتۆبری ١٩١٩ پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا واژۆ کرا.

ئەی باشە لە سەردەمی عوسمانیەکاندا کوردەکان لە چ دۆخێک دابوون؟
دیارە قەوارەی خۆسەر پێکنەهاتبوون بەڵام ڕەوشەکە واش نەبوو کوردەکان لە کوردایەتیان دوور بخاتەوە. کوردستان جوگرافیایەک بوو. کوردستان نوێنەرانی خۆی هەبوو. لە کاتێکدا، پاش دامەزراندنی کۆمار {ی تورکیا} وشەی کورد قەدەغە کرا. گوشار و قەدەغە بۆ سەر کوردەکان پەرەی سەند. کوردەکانیش هەستیان بەمە کرد، بۆیە لە سەردەمی کۆماردا ناوە ناوە ڕاپەڕینی بچووک دروست بوون. ڕاپەڕینە گەورەکانیش بریتی بوون لە سەر‌هەڵدانی شێخ سەعید، ئاگری، دێرسیم و کوچگیری.

کوردەکان چ چاوەڕوانیەکیان لە دامەزراندنی کۆمار هەبوو؟
چاوەڕوان بوون شانبەشانی تورکەکان لە دامەزراندنی کۆماردا دەستیان هەبێ. وەک پێکهاتەیەکی هاوبەشی کورد و تورک، بیریان لە کۆمار کردبۆوە. چونکە ئیتیحاد - تەرەقی لە پێکهاتنی مەشروتەی دووهەم لە ساڵی ١٩٠٨، کوردەکان و نەتەوەکانی تری پشت گوێ نەخستبوو. لە پێنج دامەزرێنەری ئیتیحاد - تەرەقی، دوانیان کورد بوون: عەبدوڵا جەودەت و ئیسحاق سوکوتی... بەڵام ئیتیحادچیەکان کاتێک لە باڵکان ڕووبەڕووی شکست بوونەوە، هەموویان بوونە ناسیۆنالیست.

قەتڵوعامی ئەرمەنییەکانیش دوای تەقینەوەی ئەو ناسیۆنالیزمە ڕووی نەدا؟
دەبێ ئەوەمان لە بیر نەچێ. ئەرمەنیەکان لە ساڵی ١٨٨٩ حزب و ڕ ێکخراوی خۆیان دامەزراند. ئەرمەنیەکان لە قۆناغی ژیانی بورژوازی دابوون. لە چاو کوردەکان کە تەنانەت ناتوانین بڵێین لە قۆناغی فیۆدالی دابوون، ئەرمەنیەکان سیستەمێکی بورژوازی دەژیان. ئینجا هەموویان لە ئەرمەنییەکان سلەمینەوە. دیارە لە هەموو کەس زیاتر کوردەکانیان لە ئەرمەنییەکان ترساند. ئیتیحاد - تەرەقی و سەرانی شەڕی ڕزگاریش ترسان.

ئەرمەنیەکان قەتڵوعام کران و دوور خرانەوە. ئیتر لە ئەنادۆڵ ئەرمەنی نەمانەوە، ئەوانی مانەوە، ناچار بوون ناسنامەکەیان بشارنەوە. کورد، بۆچی لە ئەرمەنییەکان سلەمینەوە؟
ئەوکات هێشتا ئەو مەسەلانە نەبڕابوونەوە. ئیتیحاد - تەرەقی و کەماڵیستەکان بەردەوام دەیانگوت "ئەگەر کوردەکان ئەم خەباتە (شەڕی ڕزگاری) لەگەڵ ئێمە نەبەنە سەر، ئەرمەنییەکان دەگەڕێنەوە. ئێرە دەبێتە دەوڵەتی ئەرمەنستان. ئەو سامانەی لە ئەرمەنییەکان پێتان گەیشتووە، لێتان دەستێندرێتەوە". کوردەکان گومانیان لا دروست بوو و زۆر ترسان.

ئەتاتورک چ بەڵێنێکی بە کوردەکان دابوو؟
ئەوەی ڕاستی بێ، ئەتاتورک ڕاشکاوانە بە کوردەکانی نەگوتبوو "پێکهاتەی دەوڵەت وا و وا لێدەکەم و فڵان شت دەدەم بە کوردەکان."

ئەی، چی گوتبوو؟
گوتبووی "سەرجەم پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی کوردان جێبەجێ دەکەم". ساڵی ١٩٢٣ لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ڕۆژنامە لە ئیزمیر گوتی "وەها ویلایەتێک بونیاد دەنێین کە مەجلیسەکانیان بە گوێرەی پێداویستەکانی ئەوێ بڕیار بدەن. ئەمە جۆرێک ئۆتۆنۆمیە." بەڵێنی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی، لەو سەردەمەدا دەیتوانی هەموو کەسێ قایل بکا. هەروەها پێش ئەمە، ئەتاتورک تەلەگرافێکی بۆ فەرماندەی سوپا نیهات بەگ نارد. لە تەلەگرافەکەدا ئەتاتورک گوتبووی "لەو ویلایەتانەی کوردەکان زۆرینەن، لە لایەن ئەوانەوە {کوردەکان} بەڕێوە دەبرێ."

ئەتاتورک کەی لەو بۆچوونانەی پاشگەز بوویەوە؟
پاییزی ١٩٢٤ پاشگەز بۆوە. هەم خۆی و هەم ئیتحادچیەکانی دەوروبەری، نەیانویست کوردەکان بۆ خۆیان، خۆیان بەڕێوە بەرن و زۆر بە ڕاحەتی بایان دایەوە. دیارە دوای ئەمەش، سەرهەڵدانی شێخ سەعید دەستی پێکرد. بزووتنەوەی ساڵی ١٩٢٥ی شێخ سەعید، جۆرێک شکست و لەناوچوونە. هەم ئایین و هەم بزووتنەوەیەکی کوردییە. دەستەی وەزیرانی ئەو کات، سەرەتا بە پێی بڕیاری دەرچووی سەرۆکایەتی دادگا، ئەم بزووتنەوەیان وەک بزوتنەوەیەکی کوردی نیشان دا. بەڵام پاشان بینیان لە داهاتوودا دەبێتە کێشەیەکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی. دەستەی وەزیران بڕیارێکیان دەرکرد و گوتیان "بزوتنەوەی شێخ سەعید، بزووتنەوەیەکی ئایینیە."

کوردەکان لە وڵاتانی تریش ڕاپەڕیون؟
ساڵی ١٩٢٤ لە عێراق و ئێران سەریان هەڵدا. بەڵام وڵاتێک کە زۆرترین گوشاری لە سەر کوردەکان پەیڕەو کرد، تورکیا بوو. تورکیا لە ساڵی ١٩٢٥ بە دواوە پەنای بۆ شێوازێکی توندو تیژی برد کە بوو بە نموونە بۆ وڵاتانی تر و گوتی "کورد بوونی نییە". لە کاتێکدا وڵاتانی تر، نکۆڵیان لە بوونی کوردەکان نەکرد.

ئەی باشە ئێستا کوردەکانی تورکیا بۆ چۆن پێکهاتەیەکی سیاسی خەبات دەکەن؟
لە ڕاستیدا، زۆربەیان خوازیاری هاووڵاتی بوونێکی یەکسانن. پێشیان وایە تەنیا لە ڕێگەی خۆسەرییەوە دەبنە هاوڵواتیەکی یەکسان. مێشکی کوردەکان بۆ خۆسەری کراوەترە. هەم ئەزموون لە جیرانەکانیان وەردەگرن، هەم لە مێژوو و هەم لە پێشکەوتنەکانی ئەوروپا و پێیان وایە تەنیا شتێک کە دەتوانێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکا، خۆسەرییە!

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر