۱۴۰۰/۱۱/۰۳

"دیکتاتۆرێک بە ناوی ئیسلام"



وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی

ئەم وتووێژەی خوارەوە لەگەڵ شێخ عیزەددین حوسێنی لە کاتی سەفەرێکی بۆ پاریس لە تشرینی یەکەمی ١٩٨٢دا کراوە. ئەمە یەکەم سەفەری دەرەوەی ئێرانی شێخ بوو و ناوبراو هەلی مانەوە لە پایتەختی فەرەنسای قۆستەوە بۆ ئەوەی بچێتە دەر و چاوێک بە شاردا بخشێنێ. "بە پێچەوانەی خومەینی، کاتێک کە لێرە بوو"، شێخ وای گوت. دواتر، ساڵی ١٩٨٢، لە کاتێکدا پێکدادانی قورس لە نێوان پێشمەرگەکانی کورد و هێزەکانی حکومەتدا درێژەیان هەبوو، شێخ عیزەددین حوسێنی گەڕایەوە کوردستانی ئێران. - فرێد هالیدەی


بۆچوونتان دەربارەی پەیوەندیی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندی دوای شۆڕش چۆنە؟
ویستی خودموختاری دەگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕش. کوردەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە شۆڕشدا گێڕا و بەشداریان تێدا کرد، چونکە پێیان وا بوو لە ڕژێمی نوێدا ڕێز لە مافەکانیان دەگیردرێ. ئەوان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە دانوستان دەتوانێ گرفتەکانی بەردەم چارەسەر بکا.
چەند ڕۆژ پاش [سەرکەوتنی] شۆڕش، یەکەمین لیژنەی دەوڵەت هاتە شاری کوردیی مەهاباد. ئێمە لەوێ بەرنامەیەکی هەشت خاڵیمان پێشنیار کرد، بەڵام زۆری نەبرد شەڕ لە سنە هەڵگیرسا. بۆیە لەسەر بانگهێشتی دەوڵەت، من ڕۆیشتمە تاران و قوم، لەوێ چاوم بە ئایەتوڵڵا خومەینی و ڕێبەرەکانی تر کەوت. ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دا تاکوو ئەم کێشەیە لە ڕێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکەین. لێ ڕژێم لەوە پاشڤەڕۆتر بوو کە گرفتەکان چارەسەر بکا. ئەوان دژی نەتەوە و ئایینی ئێمەن، ئەخر زۆرینەی کوردەکانی ئێران موسڵمانی سوننەن.

هێرشی ئێستای دەوڵەت بۆ سەر کوردستان چ خەسڵەتێکی هەیە؟
ئەم هێرشە لە گشت هێرشەکانی پێشوو سەختترە. ئەو دوو لەشکرەی بە شێوەیەکی ئاسایی لە کوردستان هەن، لەشکری ٦٤ی ورمی و ١٢٨ی سنە، لە لایەن دوو لەشکری تر لە قەزوێن و تەورێزەوە بەهێز کراون. پاسدارەکان و ئەندامانی بەسیجیش بە هەمان شێوە ڕەوانەی ناوچەکە کراون. ئەوان لەسەر ڕێگای پیرانشار - سەردەشت خەریکی پێشڕەوین تا ناوچە ئازادکراوەکان گەمارۆ بدەن، دەیانەوێ لە دنیای دەرەوەمان داببڕن و بە قازانجی خۆیان، ڕێگایەک بەرەو سنووری عێراق بکەنەوە.

ئایا هەوڵ دەدەن کوردەکان بێننە سەر مەزهەبی شیعە؟  
دەستووری بنەڕەتی لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعەیە و تێیدا شوێنێک بۆ سوننەکان بەدی ناکرێ. ئەوان کەس ناچار ناکەن دین بگۆڕێ، بەڵکە زیاتر هەوڵ دەدەن هەلومەرجێک بخوڵقێنن کە هەموو ئێرانییەکان ڕوو لە ئایینی شیعە بکەن. لەو ناوچانەی کوردستان کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان دان، مامۆستای قوتابخانەکانیان گۆڕیوە و ئەندامانی سوپای پاسدارانی شۆڕشیان لە جێ داناون، ئەوانەی ئێمە پێیان دەڵێین مامۆستا - پاسدار. هاوکات، بەرپرسیارێتیی کاروباری ئایینی لە کوردستان خراوەتە ئەستۆی ئاخوندە شیعەکان و قوتابخانەیەکیان بۆ ڕاهێنانی ئاخوندە شیعەکان لە ورمێ کردووەتەوە.

کاتێک چاوتان بە خومەینی کەوت، ئایا گوێی لە قسەکانی ئێوە گرت؟
من لە ژوورێکی گەورە چاوم بە خومەینی کەوت. ئەو هاتە ژوور، دەستی گوشیم و بەخێرهاتنی کردم. چەند پیاوێکی ئایینی تریشی لەگەڵ بوو. یەکەم، ئێمە دەبێ دەستوورێکی بنەڕەتیی ئیسلامیمان هەبێ، نەک دەستوورێکی تایبەت بە شیعە یان سوننە. دووهەم، داوای خودموختاری بۆ کوردستانم لێ کرد. وەڵامەکانی زۆر گشتگیر بوون. ئەو پێی گوتم لە ئێران زوڵم لە هەموویان کراوە و ئێستا ئیتر شتەکان بەرەو باشی دەڕۆن. لە کاتی ماڵاواییدا، لێواری عەباکەی گرتم و پێی گوتم: "ئاسایشی کوردستانم لە ئێوە دەوێ." ئەمنیش عەباکەی ئەوم گرت و گوتم: "منیش خودموختاری کوردستانم لە ئێوە دەوێ." دوای ئەم کۆبوونەوەیە لە نیسانی ١٩٧٩، تێگەیشتم کە نایەوێ هیچ شتێکمان پێ بدا.

وەک ڕێبەرێکی ئایینی، بۆچوونتان لەسەر بیرۆکەی دەوڵەتی ئیسلامیی خومەینی و چەمکی ولایەتی فەقیه‌ چییە؟
گەلەک دەوڵەت لە ڕابردوودا بانگەشەیان کردووە کە بە ناوی ئیسلامەوە دەجووڵێنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچکامیان ئیسلامی نەبوون. لەم ڕووەوە دەتوانین ئاماژە بە هەردووک دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی بکەین؛ لەم دواییانەشدا، نموونەی خومەینیمان لە ئێران هەیە. ئەمانە دەمارگرژن و ئیسلام و ڕۆحەکەیان لەناو بردووە. ئەوەی لێرەدا هەمانە، دەوڵەتێکی ئایینی نییە، بەڵکە دیکتاتۆرێکە بە ناوی ئیسلام. ئەوان ناوی ئایین بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ سەرکوت بکەن و خەڵکیش ئەمە دەزانن. لە ئیسلامی سوننەدا، وەک ڕێبەری سیاسی ئیمام و نایب ئیماممان نییە. ڕۆڵی پیاوانی ئایینی ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی خەڵکە بۆ ناسینی خودا. هەروەها بەشێک لە مەلاکانی شیعە، چەمکی وەلایەتی فەقیهی خومەینی ڕەت دەکەنەوە. ئەمە ڕژیمێکی ئیسلامی نییە.

پێتان خۆشە چ جۆرە حکومەتێک لە ئێراندا ببینن؟
پێش هەموو شتێک، هەر جۆرە حکومەتێک کە بێتە گۆڕێ، دەبێ لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێ. من لایەنگری کۆمارێکی دیموکراتیکم کە تێیدا هەموو ئێرانییەکان، بە هەموو نەتەوەکانەوە، لە دەستووری بنەڕەتیدا پێکەوە یەکسان بن؛ حکومەتێک کە تێیدا هەموو بڕوا ئایینییەکان و بیروبۆچوونەکان ئازاد بن و دان بە ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسیدا بنرێ. هەموو حکومەتە ئاینییەکان بە دیکتاتۆری کۆتاییان دێ و دین دەبێتە ئامرازێک بۆ زەبروزەنگ، کوشتار، بڕین و سێدارە بە ناوی خوداوە. حکومەتێک ئەگەر دیموکراتیک بێ، مافی نەتەوایەتی و خودموختاری بە کوردەکان دەدا.

لە کوردستان دوو هێزی سیاسیی سەرەکی هەن: حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە. دوای شۆڕش لەناو ئەم دوو هێزەدا دووبەرەکی دروست بووە. ئێوە خۆتان زیاتر لە کۆمەڵە نزیکن. چ هەڵوێستێکتان دەربارەی ئەوان هەیە؟
من وەک کەسایەتییەکی سیاسی، سەر بە هیچ کام لەو ڕێکخراوە سیاسییانە نیم کە لە کوردستان هەن. لەگەڵ هەردووک لادا پەیوەندیی گەرموگوڕم هەیە. ڕێژەی نزیکبوونەوەم لەوان، پەیوەندیی بە ئاستی خەباتی ئەوانەوە هەیە دژ بە رژێمی خومەینی. هەتا ئەوان لەسەر ئەو تێکۆشانە شێلگیرتر بن، من پتر لێیان نزیک دەبمەوە. حدکا و کۆمەڵە دوو هێزی سەرەکین لە کوردستان، ئەوان لەسەر دوو خاڵی هاوبەش پێکەوە کۆکن کە ئەمنیش لەگەڵیان هاوڕام: خەبات لە پێناو ڕووخانی ڕژێمی خومەینی و خودموختاری بۆ کوردستان. من بەردەوام پێشوازیم لە هاوکاریی نێوان ئەم دوو گرووپە کردووە و ئێستا، هاوئاهەنگیی نێوانیان لە چاو جاران زیاتر بووە. بۆ یەکەم جار، لە ناوچەی سەردەشت - پیرانشار، بارەگایەکی سەربازیی فەرماندەریی هاوبەشیان دامەزراندووە. من پەیوەندیی ڕاستەوخۆم لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کورد هەیە و پشتیوانی لەو ڕێکخراوانە دەکەم کە لە پێناو خەڵکدا تێدەکۆشن.

ئێوە هێشتا تێکەڵ بە شۆرای میللی بەرگری نەبوون، لە کاتێکدا حدکا ئەم کارەی کردووە. چ هەڵوێستێکتان بەرامبەر بە شۆرای میللی بەرگری هەیە؟
موجاهدین[ی خەلق] ڕێکخراوێکی ئایینییە و لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە خاڵی هاوبەشمان پێکەوە هەیە. دیارە ئەوان شیعەن، بەڵام ئێمە پشتیوانی لە خەباتەکەیان دژ بە ڕژێمی خومەینی دەکەین. من لەگەڵ موجاهدین و زۆر ئەندامی تری شۆرای میللی بەرگری پەیوەندیی دۆستانەم هەیە. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک ڕەخنەم لە بەرنامە و پێکهاتەی ئەوان هەیە.

یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئێران، پەیوەندیی نێوان سۆسیالیزم و ئیسلامە. ژمارەیەک - هەم موسڵمان و هەم سۆسیالیست - پێیان وایە ناکۆکییەکی لە ئاشتی نەهاتوویان لە نێواندا هەیە.

سۆسیالیزم لەگەڵ هەلومەرجی هەنووکەیی ئێراندا ناگونجێ. ئێمە ئێستا لە قۆناغی دیموکراسی داین. بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجەکانی گەیشتن بە سۆسیالیزم، پێویستیمان بە دیموکراسی هەیە. بە بۆچوونی کەسیی من، پەرگالی ئابووریی سۆسیالیستی لەگەڵ ئیسلام ناکۆکی نییە، بەڵام من بڕوام بە بنەما فەلسەفییەکانی سۆسیالیزم نییە. کەواتە، هەرچەند ڕۆحی ئیسلام و سۆسیالیزم پێکەوە ناکۆک نین، پێم وا نییە لە ئێران ئێستا سۆسیالیزم لە بەرنامەی کار دابێ.

دەربارەی سیاسەتەکانی زلهێزەکان لەمەڕ ئێران چۆن بیر دەکەنەوە؟
هێزە گەورەکان هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ خومەینی نییە و هێشتاش پێیان وایە کە خومەینی هەندێک کار دەکا.

چ تێڕوانینێکی تایبەتتان لەسەر هەڵسوکەوتی سۆڤییەت هەیە؟
ئێمە نەتەوەیەکی چەوساوەین و سپاسبژێری هەر کەسێک دەبین کە یارمەتیمان بدا. لێ ئێمە هیچ هیوایەکمان بە سیاسەتەکانی سۆڤییەت نییە. گەلەک جاران گوتوویانە دەیانەوێ داکۆکیمان لێ بکەن، بەڵام دوایی دەرکەتووە کە جددی نین. هەر کەس بڵێ پشتیوانیمان لێ دەکا، ئێمە خۆشحاڵ دەبین، بەڵام هاوکات زۆریش بەپارێزین.  

چلۆن وەک کەسایەتییەکی ئایینی تێکەڵ بە چالاکیی سیاسی بوون؟
من ساڵی ١٩٢١ لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە بانە لەدایک بووم. وەکوو سەرجەم فێرخواز و فەقێیەکانی تر، لە مزگەوتەکانی کوردستان، لە لای پیاوانی ئایینی و وانەبێژ وەبەر خوێندن نرام. بنەماڵەی خۆیشم تەواو خوێندەوار بوون. من سەرەتا "زانستە کۆنەکان"ی ئایینم تەواو کرد. بۆ بابەتە جڤاکی و سیاسییەکانیش ناچار بووم خۆم بە تەنیایی بیانخوێنم. ماوەی نزیکەی سی ساڵ، بە تایبەتیش لە مەهاباد وانەی ئایینیم گوتەوە و هەوڵم داوە سەرەدەر لە ڕاستینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران دەربکەم. لەبەر ئەمەش، لە ناو ئاخوندە دەمارگرژەکاندا دوژمنم بۆ خۆم دروست کرد، بەڵام توانیم خۆشەویستی خەڵک بەدەست بێنم. چالاکیی سیاسیم بە ئەندامێتی لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، ژێکاف کە ساڵی ١٩٤٢، پاش ڕووخانی ڕژێمی ڕەزا خان لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە دامەزرابوو، دەستی پێکرد. پاشان، دژ بە ڕژێمی شا چالاک بووم و پەیوەندیی گەرموگوڕم لەگەڵ بزووتنەوەی چەکدارانەی کوردەکان لە ساڵانی ١٩٦٧ و ١٩٦٨دا هەبوو. لە سەردەمی شادا، لە ماڵەکەم لە مەهاباد، لەگەڵ ڕۆشنبیران و لایەنە شۆڕشگێڕەکانی تری نەیاری شار کۆ دەبوومەوە.

ئێوە چ وانەیەکتان لە کۆماری مەهاباد کە ساڵی ١٩٤٦ بە پشتیوانیی سۆڤییەت لە کوردستان دامەزرا و هەروەها لە هەڵوەشانەوەکەی وەرگرت؟
بە گشتی، باش بوو. فەرهەنگی کوردەکان پەرشوبڵاو بوو و ئەمە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر دانا. کێمایەسیی سەرەکی ئەوە بوو کە حکومەت لە ڕیزە باڵاکانی کۆمەڵگە - چینی بوڕژوا، فیۆداڵ و پیاوانی باڵادەستیی ئایینی - پێک هاتبوو. کۆمەڵەی ژێکاف هەر لە سەرەتاوە خۆشەویستیی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵانی خەڵک بوو، بەڵام مەردم، لەبەر خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکەی فرە هومێدیان بە کۆمار نەبوو. جگە لەمە، خاکی کۆمار، ڕێژەیەکی زۆر بچووکی کوردستانی لە خۆوە دەگرت. جیاوازییەکی زۆر گەورە لە نێوان جووڵانەوەکەی مەهاباد و بزووتنەوەی نوێدا هەیە. بزووتنەوەی ئەمڕۆ زۆر زۆر قووڵتر و بەرفرەترە و هەموو شوێنێک لە خۆیەوە دەگرێ. هەروەها ئێستا ژنانیش ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە، لە کاتێکدا ساڵی ١٩٤٦ ئەو ڕۆڵەیان نەبوو.

ئەمە پرسێکی بنەڕەتی پەیوەندیی ئیسلام لەگەڵ کۆمەڵگە پێک دێنێ. چ تێڕوانینێکتان لەسەر پێگەی ژنان هەیە؟
من بڕوام بەو شتە هەیە کە شەریعەتی ئیسلام دەربارەی ژنان بڕیاری لەسەر داوە. ژن لەگەڵ پیاو یەکسانە، بەڵام مرۆڤ دوو دیوی هەیە. ئەگەر ژن پاشکەوتوو بهێڵرێنەوە، کۆمەڵگە بە گشتی هیچ پێشکەوتنێک بە خۆیەوە نابینێ. ژنان منداڵەکان پێدەگەیەنن و ئەگەر بێت و پاشکەوتوو بهێڵرێنەوە، ناتوانن منداڵان ڕابێنن. ژنان هەتا زیاتر پێشکەوتوو بن، ئەوەندە بۆ کۆمەڵگە باشترە.

تێڕوانینتان لەسەر پۆشاکی ئیسلامی حیجاب کە ئێستا لە ئێران زۆرەملێیە، چییە؟
من لەگەڵ ڕێگای ناوین دام. من پشتیوانی لە ئازادی و ڕزگاریی ژنان دەکەم و لە دژی فەرمانەکانی خومەینی بۆ داپۆشینی ژنانم. من پێم وایە پیاوان دەتوانن جەستەی ژنان ببینن. لێ من دژایەتیی ئانارشیزم بۆ ژنان دەکەم. ژنان هاوکات هەم دەبێ هێمای کەرامەت و هەم دەبێ ئازاد بن.  

سەرچاوە:
"“A Dictatorship Under the Name of Islam”," Middle East Report 113 (March/April 1983).

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر