۱۴۰۰/۱۰/۲۴

"ئاخوندەکان دەستیان بەسەر شۆڕشدا گرتووە"




وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی

عەبدولڕەحمانی قاسملوو سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)ی ئێرانە. ئەو نووسەری کوردستان و کورد (١٩٦٥) و گرفتەکانی پەرەسەندنی ئابووری لە وڵاتانی ڕوولەگەشە (١٩٦٩)یە. لە ١٩٦٠ەوە تا ١٩٧٥ لە خوێندنگەی باڵای ئابووری لە پراگ وانەبێژ بووە. مانگی شوباتی ١٩٨١ بە مەبەستی ئەم چاوپێکەوتنە لە ئەوروپا چاوی بە فرێد هالیدەی کەوتووە.

کاربەدەستە ئیسلامییەکان کە ئێستا بەسەر ئێراندا زاڵن، پێ دەچەقێنن کە ئەوان بە تاقی تەنێ [ڕژێمی] شایان ڕووخاندووە. بە بۆچوونی ئێوە، گەلی کورد چ ڕۆڵێکی لە شۆڕشی ١٩٧٨ - ١٩٧٩دا گێڕاوە؟
شۆڕشی ئێران لە لایەن هەموو گەلان و گرۆ سیاسییەکانی وڵاتەوە کراوە. لە ماوەی ساڵانی شۆڕشدا، شاری مەهاباد شانۆی گەلەک پێکدادان بوو کە بە هۆیانەوە دەیان کەس کوژران. هەروەها کوردەکان تەنیا بەشداری خۆپیشاندانەکانی ناوچەکانی خۆیان نەبوون، بەڵکە بە هانای گەلی ئازەربایجانیشەوە چوون و لە خۆپیشاندانەکانی تاران و شوێنەکانی تر، ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا. ئەوەی ئەمڕۆ تووشی بووین، دۆخێکە کە ئاخوندە شیعەکان دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە و دەستیان بەسەر شۆڕشێکدا گرتووە کە هەموومان تێیدا بەشدار بووین.

شۆڕشەکە ئێستا تەمەنی دوو ساڵە. دەتوانن بە شێوەیەکی گشتی پێمان بڵێن کە چی بۆ گەلی کورد بە دیاری هێناوە؟

ئێمە تەنیا وەک کورد نا، بەڵکە وەک ئێرانیش قسە دەکەین. خەڵک چوار داواکارییان هەبوو. یەکەم، وڵاتێکی سەربەخۆ، بە ڕێڕەوێکی نوێی ئابووری و سیاسی و بێ هیچ پەیوەند یان بەستراوەییەکی تایبەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دووهەم، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکرات بۆ گەشت ئەو کەسانەی کە بە ڕاستی لە دژی شا شەڕیان کردبوو. سێهەم، داننان بە ڕۆڵی بەرچاوی چینی کرێکار و بەدیهێنانی داخوازییە سەرەکییەکانیان. چوارەم، بە هۆی ئەوەی لە سەدا ٦٠ی حەشیمەتی ئێران فارس نین، نەتەوە نافارسەکان دەبێ مافە نەتەوەییەکانی خۆیان بەدەست بێنن. لێبەلێ دوای چەند مانگان، مەلاکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت و زاڵبوونی خۆیان سەپاند. ئازادییە سیاسییەکان سەرکوت کران. زۆر لەسەر مستضعفین دوان، بەڵام بە کردەوە هیچیان نەکرد. نەتەوەکانیش هیچیان بەر نەکەوت. جووڵانەوەکانی تورکمەن سەحرا و ئازەربایجان خەڵتانی خوێن کران. ساڵێک لەمەوپێش، ئایەتوڵڵا خاقانی، ڕێبەریی ئایینی عارەبەکان قۆڵبەست کرا. تەنیا شوێنێک کە گەل توانی خۆڕاگری بکا، کوردستان بوو و لێرەش شەڕ ڕووی دا. لە مەسەلەی خەبات دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هیچ دەستکەوتێکمان نەبوو. تەنیا کارێک کە بە گرتنی بارمتەکان توانیمان بیکەین، ئەوە بوو کە هاوڕێیانێکی زیاترمان لە کیس خۆمان دا. ڕای گشتیی دنیا دژ بە ئێمە وەخۆ کەوتووە و خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پشتی حکومەتەکەی خۆیان دەگرن. لە بواری ئابوورییەوە نەمانتوانیوە پارەکانی شا وەربگرینەوە. لەو یانزە بیلیۆن دۆلارەی ئێران هەیبوو، تەنانەت سێ بیلیۆنیشمان وەرنەگرتەوە. حزبی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە بارمتەگرتنەکەی مەحکووم کرد. ئەوەی ئێمە دەمانویست بیبینین بنبڕبوونی ڕاستەقینەی باندۆڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەمان بوو.

ئێوە کتومت چ شتێکتان لە دەوڵەتی ناوەندی دەوێ؟  
ڕێگەم بدەن خاڵێکتان بۆ ڕوون بکەمەوە: هیچ کام لە هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران خوازیاریی دابڕان لە ئێران نین. داخوازییەکانمان لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێران دان. سەرەتا، ئێمە دەمانەوێ ئەو چوار پارێزگایەی کە کوردستان بەسەریاندا دابەش کراوە، ببنە یەک. پاشان ئێمە دەمانەوێ ئەم ناوچە خودموختارە یەکگرتووە کوردییە هەڵبژاردنی هەرێمی هەبێ و خاوەن دەسەڵاتێکی دیار بێ لە بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمیدا. دەوڵەتی ناوەندی دەبێ کۆنتڕۆڵی بەسەر پلاندانانی درێژمەودا، هێزە چەکدارییەکان، سیاسەتی دەرەکی و پەرگالی پارەدا هەبێ، بەڵام ئێمە جەخت دەکەینەوە کە کۆنتڕۆڵی کاروبارە ناوخۆییەکانمان بە دەستەوە بێ. زمانی کوردی، لە پاڵ زمانی فارسی، دەبێ لە قوتابخانەکان، دادگەکان و فەرمانگەکان زمانی فەرمی بێ. ئاسایشی ناوخۆش نابێ بە دەستی پاسدارەکان، بەڵکە دەبێ بە دەست پێشمەرگەکان واتە خەباتگێڕانی کوردەوە بێ. ئێمە لە دنیایەک دەژین کە گەلەک نەتەوەی خوار میلیۆنێک کیانی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئێمەی کورد لە ئێران ٦ میلیۆن کەسین و تەنانەت لە خودموختاریی ناوچەییش بێبەشین.

لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە تاران چ ئەزموونێکتان دەستەبەر کردووە؟
لە مانگی ئاب تا تشرینی دووەمی ١٩٧٩، ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە شەڕدا بووین. دوای ئەم قۆناغە، ناچارمان کردن وتووێژمان لەگەڵ بکەن. ئەم گفتوگۆیانە شەش مانگ درێژەیان خایاند. ژمارەیەک ئایەتوڵڵا هاتنە کوردستان و ڕەزامەندیی خۆیان لەگەڵ داواکارییەکانی ئێمە دەربڕی، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو. ئێمە نەماندەزانی سەروکارمان لەگەڵ کێدا هەیە. کێشەکەی تر ئەوەیە کە بیروباوەڕی شیعە دان بە چەمکی نەتەوەدا نانێ - ئێمە دەبێ هەموومان وەک موسڵمان یەکگرتوو بین. هەروا بێتەوە ئەوان تا بڵێی لاسارن: هەتا ناچار نەبن، شتێک ناپەژرێنن. ئیشراقی، زاواکەی خومەینی، ئایەتوڵڵا کرمانی و ئایەتوڵڵا یەحیا عەلامە نووری لەوە دەچوو داواکارییەکانی ئێمەیان پەسند کردبێ و ماوەیەکیش، لەگەڵ ڕێبەرێکی ئایینی لەسەر ئەوە وتووێژمان کرد کە لە جیاتی خودموختاری چ دەستەواژەیەک بەکار بێنین. ئەو وشە فارسییەکە واتە خودموختاری قەبووڵ نەبوو - ئەمنیش پێشنیاری وشە ئەوروپییەکە واتە ئۆتۆنۆمیم پێ دا، بەڵام ڕەتی کردەوە چونکە وشەیەکی دەرەکییە. من پێشنیاری دەستەواژەی حوکمی زاتی بە عارەبیم هێنایە گۆڕێ، بەڵام پێی باش نەبوو و لە کۆتاییدا پێشنیاری کرد ببێتە "خودموختاری ئیسلامی". بە خۆشحاڵییەوە پەسندم کرد. لێبەلێ کۆمەڵێک کەسی تر خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ هێرشێکی نوێ و دواجار توندڕەوەکان باڵادەست بوون. دەوڵەتی ناوەندی پێی دادەگرت کە کورد چەکەکانیان ڕادەست بکەن. ئەگەر وەها کارێکمان کردبا، کۆمەڵکوژیان دەکردین. داواکارییەک بوو کە نەماندەتوانی پەسندی بکەین. بەم جۆرە، ئاداری ١٩٨٠ دوژمنایەتییەکە پەرەی سەندەوە و ئێمە بە ویستی خۆمان لە شارە گەورەکان کشاینەوە بۆ ئەوەی پێش بە ڕووخانی ژیانی ئابووری خەڵک بگرین. گرووپی کۆمەڵە هاوپەیمانی ئێمەن، بەڵام هەوڵدانیان بۆ مانەوە لە شاری سنە هەڵە بوو. مانەوەیان بیانووی بە دەست حکومەتی ناوەندییەوە دا کە پەلاماری شارەکە بدات و خەساری زۆری پێ بگەیەنێ.

ئێوە لەگەڵ سوپای ئێران شەڕ دەکەن یان لەگەڵ پاسدارەکان؟
هەردووکیان، بەڵام فرەتر سوپای پاسداران، چونکە سەربازەکانی سوپای ئێران لە بەرەکانی شەڕی دژی عێراقن.

حزبی دیموکراتی کوردستان چ پەیوەندییەکی لەگەڵ شێخ عیزەددین حوسێنی، ڕێبەری مانەوی کوردەکان هەیە؟
دوای یەکەمین پێکدادانەکان، لە ساڵی ١٩٧٩، ئێمە لیژنەیەکمان بە مەبەستی دانوستان پێک هێنا. حزبی دیموکراتی کوردستان تێیدا بەشدار بوو، هەروەها فیداییەکان و کۆمەڵەش نوێنەرانی خۆیان هەبوو. حوسێنی سەرۆکی ئەم لیژنەیە بوو. ئەو ئێستا لە حزبەکەمان نزیکتر بووەتەوە، بەڵام ئەگەر فیداییەکان و کۆمەڵە بە چاوی ڕێبەرێک لێی دەڕوانن، ئێمە وا سەیری ناکەین. ئێمە لە دژی تاکپەرستین. لە لای خۆیەوە، حوسینی دانی بە ڕۆڵی پێشەنگی حزبەکەمان داناوە. دۆخەکە گۆڕدراوە و ئەو چیتر کاریگەریی جارانی نەماوەتەوە.

لەگەڵ هێزە چەپەکانی تری ئێران چ پەیوەندییەکتان هەیە؟
لەگەڵ فیداییەکان لە بەرەیەکی هاوبەش دابووین، هەتا حوزەیرانی ١٩٨٠، تا ئەو کاتەی ڕێکخراوەکە بەسەر دوو باڵی زۆرینە و کەمینەدا دابەش بوو. ئەوسا فیداییانی زۆرینە کە لە ڕاستیدا تەنیا حیساب لەسەر ئەوان دەکرێ، کوردستانیان بەجێ هێشت و چەکەکانیان دانا. لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە کە پشتیوانیان لێ کردبوون، ئیتر وازیان لەمە هێنا. ڕێبەرایەتیی فیداییان ئەمڕۆ لە ژێر کارتێکەریی حزبی تودە دان و لەبەر ئەم هۆکارەش، لە کوردستان ئیتر لایەنگریان نییە. کەمینەکان زۆر لاوازترن و لە داهاتوودا ڕەنگە بتوانن ڕۆڵێکی تایبەت ببینن. تەنیا هاوپەیمانیی ڕاستەقینەی چەپ لە کوردستان، کۆمەڵەیە. ئەوان لەپێناو دۆزی کوردستاندا خەبات دەکەن و هیچ تێکهەڵچوونێکمان لەگەڵیاندا نەبووە. دەتوانم بڵێم نزیکەی ٥ لە سەدی خەڵک[ی کوردستان] پشتیوانییان لێ دەکەن.  

ئاخۆ جیاوازییەکانی نێوان کوردە سوننە و شیعەکان فاکتەرێکی گرنگە؟
سەرەتا کۆمەڵێک جیاوازیی هەبوون. خۆڕاگری لە هەندێک شوێنی وەک کرماشان و بۆکان لەچاو ناوچەکانی باکووری کوردستان کە سوننە زیاترن، گەلەک لاوازتر بوو. بەڵام هەموو ئەمانە گۆڕدراون و ئێستا تەنانەت لە کرماشانیش خۆڕاگرییەکی بەرچاو هەیە.

لەوە دەچێ تاقە ڕێکخراوی ئێرانی کە پشتیوانیتان لێ دەکا، موجاهدینی خەلق بێ.
بەڵێ. ئێمە چەندان ساڵ دەبێ لەگەڵیان لە پەیوەندی داین و لە دوای شۆڕشەوە گەلەک چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەواندا هەبووە. کاتێک دەوڵەتی ناوەندی پەلاماری داین، نەیانتوانی ڕاستەوخۆ یارمەتیمان بدەن - ئەوان ڕێکخراوێکی شیعەن و خۆیشیان لە هەلومەرجێکی دژوار دان، ڕاست نییە ئەگەر بڵێین لەگەڵ ئەوان لە بەرەیەکی یەکگرتوو داین، بەڵام ئەوان پشتیوانی لە گەلی کورد دەکەن. ڕۆژنامەکەیان، موجاهید، هەرچەندەش بە نهێنی دەستاودەستی پێ دەکرێ، لەناو ڕۆژنامەکانی ئێراندا زۆرترین تیراژی هەیە، نزیکەی ٢٠٠ هەزار نوسخە. لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە کانوونی دووەمی ١٩٨٠، ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆکی موجاهدین، ڕەجەوی دەربڕی و پشتیوانی لە بەرنامە دوانزە ماددەییەکەی دەکەین کە ئەودەم پێشکەشی کردبوو. هیوادارین پەیوەندییەکانمان درێژە بخایەنن و لە داهاتوودا بتوانین بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بێنین. ئێمە لەسەر هەموو خاڵە سەرەکییەکان، وەک خەبات بۆ خودموختاری، ڕزگاریی ژنان و خەبات دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا هاوڕاین.

لەوە ناچێ کوردەکان و ئازەربایجانییەکان هاوکارییەکی ئەوتۆیان پێکەوە هەبێ. بە پێچەوانەوە، وا دیارە هێندەی دوژمنایەتی مێژووییان لەگەڵ فارسەکان، لە نێوان ئەم دوو نەتەوەیەدا دوژمنایەتی هەیە. بۆ نموونە، پێکدادانی قورس لە نەغدەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا کە دانیشتووانی تێکەڵاون، لە نێوان کوردەکان و ئازەربایجانییەکان ڕوویان داوە.
نەغەدە بابەتێکی تایبەتە. ناکۆکیی تایفەخوازانە لەوێ لە لایەن هەندێک مەلاوە وروژێنرا و کەتنی گەورەی لێ کەوتەوە. بەڵام بە گشتی ڕێزێکی تایبەتمان بۆ ئازەربایجانییەکان هەیە. ڕادیۆکەمان، دەنگی کوردستان، ڕۆژانە دوو سەعات بەرنامەی هەیە - ٤٥ خولەک بە کوردی، ٤٥ خولەک بە فارسی و سی خولەکیش بە ئازەربایجانی. لە ئازەربایجان و هەروەها سەرانسەری ئێرانیش بە گەرمی پێشوازی لێ دەکرێ. بارودۆخی ئازەربایجانی ڕۆژاوا بەو شێوەیەش خراپ نییە: ساڵی ١٩٧٩ کاتێک بۆ مەجلیسی خیبرەکان هەڵبژێردرام، لە مەڵبەندێکی هەڵبژاردنی ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەنگم هێنایەوە. ئەوە کەسانی سەرەوەن کە دەیانەوێ هەلەکە بقۆزنەوە.

دەوڵەتی ناوەندیی تاران حزبی دیموکراتی کوردستان بە وەرگرتنی یارمەتی لە عێراق تۆمەتبار دەکا.
لە هیچ دەوڵەتێکەوە هیچ هاوکارییەکی ماددیمان پێ ناگا. ئەوەی ڕاستی بێ کوردەکان لە ئێران لە لایەن سێ دەوڵەتی دوژمنەوە - ئێران، عێراق و تورکیا - گەمارۆ دراون. ئەم تۆمەتانە کە گۆیا ئێمە بۆ هێزێکی بێگانە کار دەکەین، نوێ نین. هەموو جارێ کە گەلی کورد هەوڵی داوە داخوازییەکانی بێنێتە گۆڕێ، تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە داردەستی دوژمنن. ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبێ، شەڕەکە مانگی ئاداری ١٩٨٠ هەڵگیرسا، کاتێک دەوڵەتی ناوەندی پەلاماری داین. مانگی ئەیلوول ئێمە گوتمان ئەگەر حکومەت پاشەکشە بە پاسدارەکانی بکا و دان بە داواکارییەکانمان دابنێ، لەگەڵ ئەوان دژ بە عێراق شەڕ دەکەین. لە بەرامبەردا، دەوڵەت دیسان پەلاماری داینەوە. ماوەی دوو مانگ هیچمان نەکرد و پاشان بینیمان کە سیاسەتەکەیان هەروەکوو پێشوو وایە. تەنانەت بەرامبەر بە ئێمە دڕندانەتر جووڵانەوە. جارێکیان، سەرپەلێکی پاسدارەکانمان قۆڵبەست کرد و لێمان پرسی: "بۆچی لە بری شەڕ لە دژی عێراقییەکان، لە دژی ئێمە شەڕ دەکەن؟" پێی گوتین لە تاران وا گۆش کراوە کە دەوڵەت زیاتر بە تەمای تەفروتوونا کردنی کوردەکانە تا شەڕ لەگەڵ عێراقییەکان. ئایەتوڵلا حەسەنی، حاکمی ئازەربایجانی ڕۆژاواش قسەیەکی هاوشێوەی هەیە: دەڵێ کوردەکان دوژمنێکی گەورەترن، چونکە ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ کوردەکان دەجەنگین و تەنیا دوو مانگە لەگەڵ عێراق دەکەین. با ئەوان خودموختاریمان پێ بدەن، ئەوجا ببینن ئاخۆ ئێمە ئامرازی دوژمنین یان نا. ئەگەر ئێمە مافەکانی خۆمان بەدەست بێنین، بە تەواوی ئامادە دەبین تێکەڵ بە ڕیزەکانی شەڕ لە دژی عێراقییەکان بین.

ساڵی ١٩٤٦، یەکێتیی سۆڤییەت لە دامەزراندنی کۆمارێکی ئۆتۆنۆم لە مەهاباد یارمەتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی دا، بەڵام لە پتەوبوونەکەیدا کارێکی ئەوتۆی نەکرد و زۆری نەبرد کۆمارەکەی بە چارەنووسی خۆی سپارد. لە یەکەم تێکهەڵچوونەکانی ساڵی ١٩٧٩، میدیای سۆڤییەت بە هاوسۆزییەوە ڕاپۆرتیان لەسەر خەباتەکەی ئێوە بڵاو کردەوە. بەڵام وێدەچێ ئەمە ئیدی شوێنەواری نەمابێ.
ڕاستە. وا دیارە یەکێتیی سۆڤییەت هەڵوێستێکی بێلایەنی گرتووەتە بەر و بۆ ئێمە جێگەی داخە. نە بە قازانجی ئێمە و نە دژ بە ئێمە هیچیان نەگوتووە. سەرەڕای ئەمەش، ئامادەین ئەم دۆخە پەسند بکەین. خەباتی ئێمە دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکایە. یەکێتیی سۆڤییەت، هێزێکی گەورەیە لە ناوچەکەدا و وڵاتێکی دۆستە.

ئەی دەربارەی ئەفغانستان؟ ساڵی ١٩٧٩ حکومەتەکەی حەفیزوڵڵا ئەمین لە کابوڵ پشتیوانی خۆی بۆ کوردەکان دەربڕی، بەڵام حکومەتی بەبرەک کارمال دەرگای وتووێژەکان لەگەڵ تارانی لەسەر گازەری پشت کردۆتەوە و دانی بە خەباتی ئێوەدا نەناوە.
ئەفغانستان لە ئێمە دوورە. ئێمە لە پرەنسیپدا دژی هەر چەشنە دەستێوەردانێکی دەرەکین لە کاروباری وڵاتانی تردا. وێڕای ئەمەش، لە لایەن چەند ڕێکخراوی سەرهەڵداوی ئەفغان لە ناوخۆی ئێرانەوە هێرشمان کرایە سەر و ئەمەش ڕەنگە پەیوەندیی بەو ئالیکارییانەوە هەبێ کە ڕێکخراوگەلی ئاماژەپێکراو لە خومەینییەوە پێیان دەگا. دەگوترێ زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن دۆلار یارمەتیی مادی داون. لە ڕۆژی ئەمڕۆدا هەلومەرجی ناوچەکەمان زۆر ئاڵۆزە. لە ماوەی شەڕی ڤیەتنامدا دۆخەکە ڕوون و لەبەرچاوان بوو: ڤیەتنام لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەڕی دەکرد. دیار بوو دۆستەکانت کێن.

ئێوە بە وەرگرتنی هاوکاری مادی لە ئیسرائیل تۆمەتبار کراون.
ئیسرائیل یارمەتیی حکومەتی ئێران دەکا! ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێمەوە نییە. ئەوەندە بەسە گوێ لە ڕادیۆ ئیسرائیل بگرن و بۆتان دەردەکەوێ پشتیوانی لە کێ دەکەن. دەوڵەتی تاران چەکوچۆڵی لە ئیسرائیل کڕیوە، جا یان لە ڕێگەی سەرهەنگ سەعد حەداد و یان لە ڕێگەی ڕێکخراوی شیعەی ئەمەل لە باشووری لوبنان.

ئایەتوڵڵا خومەینی و لایەنگرەکانی بانگەشە دەکەن کە ئیسلام ڕێگە بۆ وەرچەرخانی شۆڕشگێڕانە لە سیاسەتەکانی کۆمەڵگەی ئێران خۆش دەکا. چ توانایەک لەم بانگەشەیەدا دەبینن؟
زۆرینەی خەڵکی ئێمە موسڵمانن، ئێمەش حزبێکی دیندژ نین. بەڵام دەبێ ئایین لە سیاسەت جیا بکرێتەوە و پێویستە ڕێز لە ئازادییە ئایینییەکان بگیردرێ. ئایدیۆلۆژیای ئایەتوڵڵا خومەینی ناتوانێ شۆڕشگێڕانە یان ڕزگاریدەر بێ، چونکە دان بە ئازادییە سیاسییەکاندا نانێ. لە سەردەمی شایشدا ئازادی سیاسی نەبوو، بەڵام تەنانەت ئەو ئازادییە تاکەکەسییانەی لە سەردەمی ئەودا هەبوون، ئیتر لە گۆڕێ نەماون. ئەوەی خومەینی دایمەزراندووە، حکومەتێکی تایفەخوازە. هەڵاواردن دژ بە ژنان پەیڕەو دەکرێ و زانکۆکان داخراون. تەواوی قوتابخانەکانی کوردستانیش داخراون. بەڵام ئەگەر بە پێی لێکدانەوەی خومەینی نا، بەڵکە بە گوێرەی تێگەیشتنی موجاهدین[ی خەلق] لە ئیسلام بڕوانین، ئەوا شیاوی پەسندە و دەتوانێ قازانجی ڕاستەقینەی بۆ خەڵک هەبێ.

ئێوە پێتان وایە چ شتێک لە ئێران ڕوو دەدا؟
پێشبینی ناکرێ؛ گەلەک فاکتەر لە گۆڕێن. بەڵام فاکتەرێک کە ناکرێ پشتگوێ بخرێ خودی خومەینییە. لەوە دەچێ نەخۆش بێ و ئەگەر بڕوا، بۆی هەیە شتەکان زۆر بە خێرایی بگۆڕدرێن. یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە هێزە دیموکرات و پێشکەوتووەکان یەک بگرن و ڕژێمێکی پێشڤەڕۆ دابمەزرێنن. ئەگەر نەیانتوانی لەمەدا سەربکەون، شەڕێکی ناوخۆیی ڕوو دەدا کە ئاکامگەلی سامناکی دەبێ. ئەگەری سێهەم دەستێوەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەگەر بێت و دەستوبرد بکەن، دەتوانن هەندێک شت بکەن و لە ناوخۆی وڵاتدا کۆمەڵێک هاوپەیمانیان هەیە.

سەرچاوە:
"“The Clergy Have Confiscated the Revolution”," Middle East Report 98 (July/August 1981).


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر