۱۴۰۰/۱۰/۲۳

ئێسکی ناو گەروو



بەختیار حەمەسوور

باوک مردووە، نوکتەیەک کە زۆر جار گێڕاویەتیەوە، گۆرانییەک کە زۆر حەزی پێی بووە، کەسێک کە زۆر خۆشی ویستووە، کەسێک کە قەت حەزی بە چارەی نەکردووە، شوێنێک کە بەردەوام بۆی چووە، شوێنێک کە لێی هەڵاتووە و... . لە دوای ئەوەی هەمووان دێن "فاتیحا" و "خوا لێی خۆش بێ"یی خۆیان دەڵێن و دەڕۆن و دەبێت بە شەو و تەنیا ئەندامانی خێزان دەمێننەوە و باس لە هەموو ئەو شتانە دەکەن کە باوکە بە ئیشتها و بێزەوە کردوونی و لەگەڵ گێڕانەوەیاندا، هەمووان دەدەنە قاقای پێکەنین، چما هەر پرسە و مردووش نەبێت، بەم پێکەنینە دەگوترێ «زەردەقاقا».

«زەردەقاقا» کۆمەڵەچیرۆکێکی «مراد ئۆزیاشار»ـە، مراد لەدایکبووی ١٩٧٩یە لە دیاربەکر. ئەم کتێبە لە لایەن سەلاحەدین بایەزیدی، وەرگێڕی دڵخوازی من، لە تورکی و بە پرسی نووسەر و وەشانخانەکەی، کردوویەتی بە کوردی و چاپەمەنی «مادیار» بڵاوی کردووەتەوە.

چەند چیرۆکی سەرەتای ئەم کتێبە، چیرۆکی پێکپەیوەستن، باقیی، لەو چیرۆکانەن کە دنیای سەربەخۆی خۆیان هەیە. لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەم کۆچیرۆکە: چڕی، وردبینی، دەقیقی، ڕوونی و شاعیرانەیە لە دەربڕین و وەسفدا، خودی هەریەک لەم خەسڵەتانە بەر و بەرهەمێکیان لێ کەوتووەتەوە بە ناوی «زەردەقاقا». من لێرەدا تەنیا لەسەر یەک لایەنی ئەم چیرۆکانە دەنووسم.

بە شێوەیەکی پاڵەکی و داشاردراو، ئەم چیرۆکانە دۆخی سیاسەت دەنوێنن، سیاسەتێک کە ڕیشەی هەیە و مێژووییەک لەقاو دەدات، ئەم گوتارە، گوتارێکی پانوپۆڕە و کەمتر لەگەڵ خەسڵەتگەلی چیرۆکگەلێکی لە چەشنی چیرۆکەکانی نێو «زەردەقاقا» دێتەوە، بەڵام وەک دەرەتان و هونەرێک لە ڕێی ڕایەڵ و هێڵێکی کاڵەوە، ئەم گوتارە بانگهێشت کراوە و بە شێوەیەکی پەراوێزنشین و لە دامێن و کەنارەوە، لە چیرۆکەکاندا بەرجەستە بووەتەوە. ئەم دۆخە سیاسییە، سیاسەتیی تورکیایە بەرانبەر بە کورد و شارە کوردییەکان. هەر لە یەکەم دێڕی یەکەم چیرۆکەوە ئەم گوتارە ڕەنگڕێژ دەبێت: «کە گوتت ئادەمیزاد یانی چیایەکی سەر بە تەم.» تا دەگات بە دواچیرۆک و دوادێڕ: «ئەمن ئێستا ئەمەت چۆن بۆ بکەمە تورکی: "ئەز نەمینم!"». بە دیاریکراوی نازانم بارودۆخی چاپ و بڵاوکردنەوە لە تورکیادا چۆنە، بەڵام لام سەیرە ئەم چیرۆکانە بەو گوتارەوە، بەژێر تیغی سانسۆردا تێپەڕیون و بڵاو کراونەتەوە؛ دەگەڕێمەوە سەر چیرۆکەکان و ئەو لاپەڕانەی دیاریم کردوون، دەبینم ئەم گوتارە سیاسییە ئەوەندە لەناو زمان و فۆرم و تەکنیکدا توێنراوەتەوە، گومانم لا نامێنێ کە خودی چیرۆکەکان خۆیان بوون بە فریادڕەسی خۆیان.

ئەم ململانێ و دوژمنکارییە، کە وەک دەزانرێت مێژووییەکی دووری هەیە، لە زەقترین ئاستیدا، سەرکوتکردنی زمانی کوردییە لە شارە کوردییەکان و قەدەغەکردنی هەر شتێک کە بەو زمانە بگوترێ و هەر شتێک کە بەو زمانە دەببڕدرێت. بێ هۆ نییە کە لەم چیرۆکانەدا چەندان جار ئەم باسە دێتەوە بەردەم خوێنەر و زەین و یادگەی بۆ ڕابردوو و ئەو مێژووە لە زمانخستن دەگەڕێتەوە: «ئەوان دەیانویست هەڵپەسێراو بن و لە هەر زمانێکدا ببنە بنێشت. پاشان تۆ دەتویست بە هەموو گوێچکەیەکەوە ببیتە زار.» «ئەو بە زمانێکی کۆن تۆی هێنایە دنیا، بە زمانێک کە دەیگوت: "خۆڵەمێش بۆ ڕووم، خاک بۆ سەرم."» «دایە گەورەم بە زازاکی جوانترین دوعای بۆ دەکردم و دەیناردمە قوتابخانە.» «دایە گەورەش چووەتە قوتابخانە، سروودیان پێ لەبەر کردووە و سوێندیان داوە، هەموو لاپەڕەکانی بە زمانێکی لەبەرکراو خەتم کردووە.» یان دێڕگەلی کورمانجی و گۆرانیی کوردی: «عەمرێ من جانێ تۆ...» ئاماژەدان بۆ دەرسیم و کوشتوبڕەکەی ١٩٣٧، تەماشای ئەم دوو دەربڕینە: «کە شاخەکانی ڕووبەڕوو دەڕووخان، ئێمە شەرم دایدەگرتین.» «پڕۆڤەی ژیان سەختە، وەکوو زستان و دەوڵەت.» یان لە چیرۆکی «شەش سیوپێنج»ـدا، باسی سەرحەدی برای شەش سیوپێنج دەکات کە لە شاخە و گەریلایە، شەش سیوپێنج بچووکترین جۆری چەکە، لە بەرانبەریدا سەرحەد وەک چواردەخۆرێک وێنا دەکات! سەرحەد مەترسیدارە و تیرۆریست، چونکە «ژمارەیەک لێدوانی هەبووە کە گەلی کوردیان دەگەیاندە ئازادی!»

یەکێکی تر لە جوانییەکانی ئەم کتێبە و چیرۆکەکانی، کۆڵان و شەقام و خەڵکان و کەشوهەوای دیاربەکرن، کوردبوونی ئەو شارە لە هەموو دێڕەکانەوە هەڵمشتە دەکەی، لەسەر دیواری ماڵەکان، کە قاڵیچەی شاماران و ئاسک و کەڵەکێوی داچەمیو بۆ جۆگە هەڵواسراون، لە پشت پەردە گوڵگوڵییەکانەوە قورئانەکان بە پارێزەوە دانراون، کۆبوونەوەی ژنان لە بەردەرگا و دنیایەک منداڵی چڵمن‌، بەفر و سەرما و هاڵاوی دەم و دانیشتنی پیاوانی پیری سمێڵسپی و شەرواڵـلەپێ لە بەردەم چایخانە و قاوەخانە، پەنجەرەی ماڵە هەژارەکان کە لە ئاسمانەوە نزیکن و... هەموو ئەمانە فەزایەکی کوردانەیان پێک هێناوە، کە ڕەنج و دەردی گەلێک، لە جێیەکی عاسی و سەختدا، بەچیرۆک دەکات، ئەم خەڵکانە و ئەم شەقامانە ئێسکی ناو گەروون بوون و دەبن بۆ سوڵتان، مۆتەکەن و لە هەر چرکەیەکدا، خەونی شیرین و ئارام لە چاوی ئەستەمووڵ دەزڕنێنن.

سەرچاوە: گەلاوێژ

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر