دکتۆر مه‌جید زاهیدی
له فارسییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
له‌و وڵاتانه‌ی فره نه‌ته‌وه و فره زمانن، سه‌باره‌ت به زمانی فه‌رمی و زمانی دووهه‌م و سێهه‌م مشت و مڕێکی زۆر کراوه و ده‌رئه‌نجامی جیاوازیش دروست بووه.
له هه‌ندێک وڵات، زمانێک له‌و زمانانه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵکی وڵات قسه‌ی پێده‌که‌ن، به زمانی سه‌ره‌کی و فه‌رمی هه‌ڵبژێردراوه، وه‌ک زمانی فارسی له ئێران. له کۆمه‌ڵێک وڵات، زمانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته که به‌شێک له دانیشتوانیش قسه‌ی پێده‌که‌ن، به زمانی فه‌رمی ده‌ستنیشان کراوه و به سه‌ر دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌و وڵاته داسه‌پاوه. بۆ نموونه ده‌توانین ئاماژه به زمانی ڕووسی بکه‌ین له یه‌کێتی سۆڤیه‌تی پێشوو. هه‌ڵبه‌ت پێویسته بگوترێ ئه‌و مافه به نه‌ته‌وه‌کانی تر درابوو جگه له زمانی ڕووسی، به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی به زمانی هه‌رێمی خۆشیان په‌روه‌رده ببینن. یان زمانی عه‌ره‌بی له سه‌رده‌می حکومه‌تی سه‌دام حسێندا که کورده‌کان و تورکمه‌نه‌کان ناچار بوون فێری بن و زمانی فه‌رمی عێراق بوو.
له هه‌ندێک وڵاتی پێشکه‌وتوو، ژماره‌یه‌ک له‌و زمانانه‌ی له‌و وڵاتانه‌دا قسه‌یان پێده‌کرێ، به فه‌رمی ناسێندراون و خه‌ڵک مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه به زمانی هه‌رێمی خۆیان له قوتابخانه و زانکۆکان بخوێنن، میدیاکانیش به هه‌مان زمان وه‌شان ده‌که‌ن، وه‌ک که‌نه‌دا که زمانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی، دوو زمانی فه‌رمی و هاوسه‌نگن له‌و وڵاته‌دا و ته‌نانه‌ت له په‌رله‌مانیش، هه‌ر که‌سه و به‌زمانی هه‌رێمی خۆی کێشه‌کان دێنێته ئاراوه. دیاره ژماره‌یه‌کی زۆر له که‌نه‌دییه‌کان، زمانه‌که‌ی تری وڵاته‌که‌یان ده‌زانن. هه‌روه‌ها له وڵاتێکی گچکه‌ی وه‌ک سویس، که زمانی ٧٠%ی خه‌ڵکه‌که‌ی ئاڵمانی، ٢٠%ی فه‌ره‌نسی و ١٠%ی ئیتالییه، هه‌ر سێ زمان فه‌رمین و هاووڵاتیان له قوتابخانه و زانکۆکان به زمانی دایکی په‌روه‌رده ده‌بینن و به پێی هێزی هه‌ر کام له‌و زمانانه له ڕوانگه‌ی کتێب، فیلم و گۆڤاره زانستی و وێژه‌ییه‌کان، هیچکه‌س له بوونی سه‌رچاوه‌دا، هه‌ست به که‌موکورتی ناکا.
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ وڵاته‌که‌ی ئێمه‌ش یه‌کێکه له وڵاته فره زمانه‌کانی دنیا. سه‌ره‌تا ده‌بێ خۆشحاڵ بین به‌هۆی به‌ربڵاوی وڵاته‌که‌مان و پێکه‌وه‌ژیانی دۆستانه‌ی نه‌ته‌وه‌کان لەگەڵ یه‌کتری، سامانێکی گه‌وره‌ی فره کلتوریمان هه‌یه. که‌نه‌داییه‌کان به هۆی وه‌رگرتنی کۆچبه‌ر له وڵاتانی جۆراوجۆره‌وه شانازی به خۆیان ده‌که‌ن و به‌رده‌وام ده‌ڵێن وڵاته‌که‌یان، نیشتمانی ده‌وڵه‌مه‌ندی فه‌رهه‌نگه‌کانه و سه‌رجه‌م فه‌رهه‌نگه‌کان له‌وێ شان به‌شانی یه‌کتری گه‌شه ده‌ستێنن و له‌ئاڵۆگۆڕی فه‌رهه‌نگی لەگەڵ یه‌کتریدا پوخته ده‌بن و وڵاته‌که‌شیان له‌وپه‌ڕی ئارامیدا ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر په‌ره ده‌ستێنێ. گاندی ڕێبه‌ری پێشووی هیند له وته‌یه‌کیدا ده‌ڵێ ''پێمخۆشه دیواری ماڵه‌که‌م وه‌ها نه‌وی دروست بکه‌ن، شنه‌ی هه‌موو فه‌رهه‌نگه‌کان تیایدا هه‌ڵبکا به‌ڵام نامه‌وێ تۆفانی ئه‌وان، فه‌رهه‌نگی من له‌گه‌ڵ خۆیدا ببا".
ده‌بێ په‌سندی بکه‌ین که فره زمانی له‌وڵاتی ئێمه، وه‌ک زۆربه‌ی دیارده‌کانی دیکه، سامانێکی فه‌رهه‌نگییه و ئه‌گه‌ر بێت و دروست و لۆژیکانه هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ بکرێ ئه‌وا ده‌بێته مایه‌ی خێر و به‌ره‌که‌ت و به پێچه‌وانه‌وه، ته‌سک بینی و بێ ته‌گبیری، که‌ند و کۆسپ و کێشه ده‌نێته‌وه.
ئامانج له نووسینی ئه‌م وتاره ئه‌وه‌یه مژاری زمان یاخود زمانه‌کانی ناو ئێران یان به‌شێوه‌یه‌کی وردتر زمانی نه‌ته‌وه‌یی یان زمانی نێونه‌ته‌وه‌یی بخه‌ینه ڕۆژه‌ڤه‌وه. له‌م باسه‌دا هه‌وڵ ده‌درێ بابه‌ته‌که به دوور له هه‌ر چه‌شنه ده‌مارگیرییه‌ک تاوتوێ بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئاکامێکی ئه‌رێنی لێ بکه‌وێته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بۆچوونگه‌لی خواره‌وه ده‌خرێنه ڕوو تا له لایه‌ن که‌سانی خاوه‌ن ڕا، زێده‌تر بخرێته به‌ر باس و گفتوگۆوه و ئه‌گه‌ریش په‌سند کرا، له‌پێناو جێبه‌جێکردنی هه‌نگاو بنرێ.
زمانی فارسی:
زمانی فارسی یه‌کێکه له زمانه ساده و خۆشه‌کانی دنیا. ئه‌نگێلس له نامه‌یه‌کدا بۆ مارکس ده‌نووسێ بۆ خوێندنه‌وه‌ی هونه‌ری ڕۆژهه‌ڵات ناچار بووم زمانی فارسی فێر بم، پێم زمانێکی ساده و شیرین بوو و نازانم بۆچی ئه‌وانه‌ی له زمانێکی جیهانی ده‌گه‌ڕێن، زمانی فارسی هه‌ڵنابژێرن. پاشان به‌رده‌وام ده‌بێ و ده‌ڵێ: تۆ نازانی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی حافز به فارسی چ تام و چێژێکی هه‌یه. فارسی ئه‌و زمانه‌یه حافز، سه‌عدی و فیرده‌وسی شیعریان پێگوتوه. مه‌ولانا، ڕامان و فه‌لسه‌فه عیرفانیه‌که‌ی به زمانی فارسی هۆنیوه‌ته‌وه. نه‌ک به ته‌نیا حه‌کیم و شاعیرانی فارسی زمان، به‌ڵکه شاعیر و وێژه‌وانانی زمانه‌کانی دیکه‌ش وه‌ک نیزامی، ئیقباڵ لاهووری، شه‌هریار و .... بۆ باندۆڕ و جوانی قسه‌یان، سوودیان له زمانی فارسی بینیوه.
له‌سه‌ر توانا و هێزی زمانی فارسی هیچ گومانێک نییه و ویستی سه‌رجه‌م فه‌رهه‌نگ دۆستانیشه ئه‌م زمانه وه‌ک سه‌رجه‌م زمانه‌کانی دیکه‌ی دنیا، ببێته میراتێکی گرنگی فه‌رهه‌نگی مرۆڤایه‌تی و هه‌رمان و زیندوو بمێنێته‌وه.
زمانی فارسی فاکته‌ری یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی:
ئێستا با وێڕای داننان به توانا و به‌ده‌وی زمانی فارسی، بچینه سه‌ر مژاری سه‌ره‌کیی ئه‌م وتاره: هه‌ندێک که‌س پێیان وایه ده‌بێ له ئێرانیش وه‌ک سه‌رجه‌م وڵاتانی پێشکه‌وتوو، له باتی زمانێک، دوو یاخود چه‌ند زمان ببنه زمانی فه‌رمی. هه‌ندێکی تر له سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ن زمانی نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه وه‌ک زمانی فه‌رمی دانی پێ دابنرێ و دواجار کۆمه‌ڵێک پێداگرن له سه‌ر ئه‌وه‌ی که زمانی فارسی هۆکاری یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییه و خه‌ڵکی ئێران به زمانی فارسی پێکه‌وه په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستن که‌واته ده‌بێ زمانی فه‌رمی وڵات بێ.
لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌م بۆچوونانه‌ی سه‌ره‌وه تاوتوێ بکه‌م تاکوو پێشنیارێکی گونجاو پێشکه‌ش بکرێ.
له‌رۆژگاری ئه‌مڕۆدا، زمان ته‌نیا ئامرازێک نییه بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و په‌یوه‌ندی لەگەڵ خه‌ڵکانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و ته‌نانه‌ت وڵاتێک، به‌ڵکه زمان هۆکارێکی گرنگه بۆ په‌روه‌رده، که‌ڵک وه‌رگرتن له زانستی مرۆڤایه‌تی و په‌یوه‌ندیی لەگەڵ جیهان که له ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانین ئاگاداری بۆچوون و تێڕوانینی فره‌ره‌نگی هاوچه‌شنه‌کانی خۆمان بین و له ڕێگه‌ی ئه‌م دانوستانه‌وه له هه‌موو بواره زانستی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تیه نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌شدارییه‌کی کارامان هه‌بێ و ڕۆڵی خۆمان له وڵات و گوندی جیهانیدا به دروستی بگێڕین.
به سه‌رنجدان به‌و پێشه‌کییه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌بێ دان به‌وه دابنێین هیچکام له زمانه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئێران ناتوانن ئه‌و ڕۆڵه بگێڕن و به هۆی ئه‌وه‌ی زمانی فارسی له گۆڕه‌پانی جیهانیدا توانای ململانێی نییه، هه‌ڵبژاردنی ئه‌و زمانه وه‌ک زمانی فه‌رمی و نه‌ته‌وه‌یی وڵات ئه‌و پرسیاره لای سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران دروست ده‌کا که بۆچی زمانی فارسی؟ بۆچی نابێ تورکی یان کوردی یان زمانی دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌کان بێ؟
ئاماژه‌مان به‌وه دا هه‌ندێک که‌س پێیان وایه زمانی فارسی هۆکاری یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییه، له کاتێکدا هێژمۆنی زمانی فارسی نه‌ک ته‌نیا هۆکاری یه‌کێتی نییه، به‌ڵکه زاڵبوونی ئه‌و زمانه به شێوه‌یه‌کی کرداری و ده‌روونی، بۆته هه‌وێنی ناکۆکی فارسی زمانه‌کان لەگەڵ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی دیکه. به جۆرێک که به ئه‌نقه‌ست و بێ ئاگا، زمان و زاراوه هه‌رێمیه‌کانی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی دیکه به‌راده‌یه‌ک سووکایه‌تیان پێده‌کرێ که ژماره‌یه‌ک له بنه‌ماڵه‌کانی نه‌ته‌وه غه‌یره فارسه‌کان، به‌ناچاری هه‌وڵ ده‌ده‌ن مناڵه‌کانیان له زمانی دایک بێبه‌ش بکه‌ن که فێربوونی مافی هه‌موو مناڵێکه له جیهاندا. هه‌وڵ ده‌ده‌ن به زمانی فارسی قسه‌یان لەگەڵ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا نه‌بنه گه‌پجاڕی ئه‌وانی تر و له بواری خوێندن، چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کاندا هاوشانی فارس زمانه‌کان بن. گۆڕینی زمانی هه‌رێمی بۆ فارسی له زۆربه‌ی ده‌ڤه‌ره‌کانی وڵات و ته‌نانه‌ت له ئاخێزگای زمانه‌کانی دیکه‌ی ئێرانی به‌دی ده‌کرێ. باڵاده‌ستی زمانی فارسی بۆته هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی سه‌رجه‌م زمانه‌کانی تر، زانیاری ته‌واویان له سه‌ر ئه‌ده‌بیات و نووسینی خۆیان نه‌بێ و له به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانن به زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن، ته‌نانه‌ت شێوازی ده‌ربڕینی زۆرێک له وشه‌کانی زمانی دایکی خۆیان بیر ده‌چێته‌وه. له لایه‌کی دیکه‌وه تێکه‌ڵبوونی وشه فارسییه‌کان لەگەڵ زمانه نافارسیه‌کان وای کردووه زمانی دایکیش ناڕێک و ئاڵوز بێ؛ وای لێهاتوه زۆر له‌و مناڵانه ناتوانن به ئاسانی قسه بکه‌ن و گوزاره له ویستی خۆیان بکه‌ن؛ بۆ نموونه کاتێک له ته‌له‌ڤزیۆندا وتوێژ لەگەڵ مناڵانی فارس زمان ده‌کرێ، ئه‌وان بابه‌ته‌کانیان زۆر شیرین و ڕه‌وان ده‌رده‌بڕن، له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ئه‌گه‌ر هه‌مان وتوێژ لەگەڵ مناڵێکی تورک زمان جا به فارسی بێ یان به تورکی، بابه‌ته‌کان نارێک و ناپوخت دێنه زمان، چونکه زمان و ئه‌ده‌بیاتی فارسی به‌رده‌وام له قوتابخانه، له میدیای بیستراو و بینراو و نووسراو به کار ده‌برێ و له ئه‌نجامدا پوخته بووه و سیسته‌ماتیک و ڕه‌وانه. له کاتێکدا ئه‌م ده‌رفه‌ته بۆ زمانه‌کانی دیکه به‌و شێوه‌یه ناره‌خسێ که‌واته ده‌توانین بڵێین ئه‌مه زوڵمێکی ئاشکرایه ده‌رهه‌ق به زمانه‌کانی دیکه و ئه‌و که‌سانه‌ی پێی ده‌ئاخفن. تۆ بڵێی به‌م نادادپه‌روه‌رییه به یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی بگه‌ین؟
نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه جگه له‌وه‌ی ده‌ستنیشانکردنی زمانی فارسی وه‌ک زمانی فه‌رمی و نه‌ته‌وه‌یی به نادادپه‌روه‌رانه ده‌زانێ، زیادکردنی زمانی فه‌رمیش له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا به هه‌نگاوێکی ژیرانه نازانێ. یه‌که‌م له به‌رئه‌وه‌ی فێربوونی چه‌ندین زمان کات و ماندووبوونی زیاتری ده‌وێ که زۆرینه خۆی ناداته به‌ر، دووهه‌م به هۆی ئه‌وه‌ی پێویست به سه‌رمایه و ده‌رفه‌تێکی مه‌زن هه‌یه و به هۆی که‌مبوونی ژێده‌ری زانستی و وێژه‌یی به هێز به زمانه‌کانی دیکه‌ی ئێران، ده‌رئه‌نجامێکی ئه‌وتۆی نابێ. ئه‌ی چی بکرێ باشه؟
له پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که به شێوه‌یه‌کی ڕیشه‌یی، دادپه‌روه‌رانه و پێشکه‌وتوو، بۆ هه‌ر یه‌ک له نه‌ته‌وه‌کانی ئێران دوو زمان پێشنیار ده‌که‌م. یه‌که‌م زمانی دایک که هه‌مووان له ئامێزی بنه‌ماڵه و بێ هیچ که‌ندو کۆسپێک فێری ده‌بن، ئینجا له قوتابخانه‌کان و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست بێ له زانکۆکانیش بخوێنرێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئێرانی به‌ته‌واوی ئاشنا بێ لەگەڵ زمان و ئه‌ده‌بیاتی خۆی و به‌سه‌ریدا زاڵ بێ و چێژی لێ وه‌ربگرێ و ئه‌مه‌ش ماف و ئاواتی هه‌ر مرۆڤێکه و ویستێکی نه‌ته‌وه‌ییه که ڕێکخراوی یۆنسکۆش پێداگری له سه‌ر ده‌کا (زمانی فارسی لەگەڵ ئینگلیزی، زمانی تورکی لەگەڵ ئینگلیزی، زمانی کوردی لەگەڵ ئینگلیزی و زمانی .... لەگەڵ ئینگلیزی). له وه‌ها ڕه‌وشێکدا زمان، فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی ئێران ده‌بووژێته‌وه، پێشده‌که‌وێ و ده‌پارێزرێ. ئه‌گه‌ر ئه‌مه جێبه‌جێ بکرێ، ئه‌وا گه‌شه و پێشکه‌وتنی زمانه‌کان په‌یوه‌ندیان به چالاکی و ئه‌مه‌گناسی نوخبه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه ده‌بێ که له پێناو سه‌رکه‌وتنی ئه‌ده‌بیاتی و فه‌رهه‌نگی خۆیان تا چ ڕاده مایه له خۆیان داده‌نێن. له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی سنووردارکردنی زمانه‌که‌یان ده‌که‌نه بیانوو بۆ نه‌یارێتی لەگەڵ حکومه‌ته ناوه‌ندییه‌کان، چه‌ک ده‌کرێن و ناتوانن گیروگرفت و کێشه‌ی سیاسی بنێنه‌وه. گرتنه‌به‌ری وه‌ها ڕێگه‌یه‌ک هه‌روه‌ها بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییش یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ.
پێویسته ئاماژه به‌وه بکرێ له پاڵ خوێندنی زمانه هه‌رێمیه‌کان، ده‌توانرێ وه‌ک هه‌ندێک له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان ده‌رفه‌تی فێربوونی سه‌رجه‌م زمانه‌کانی دیکه‌ش له کۆمه‌ڵێک قوتابخانه و زانکۆ بۆ هۆگرانی ئه‌و زمانانه بره‌خسێنرێ.
پێشنیار ده‌که‌م زمانی دووهه‌می سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی ئێران، ئینگلیزی بێ و له پاڵ په‌روه‌رده‌ی زمان و ئه‌ده‌بیاتی خۆماڵی، گشت وانه زانستیه‌کان له قوتابخانه و زانکۆ به ئینگلیزی بوترێنه‌وه، وه‌ک چۆن له هه‌ندێک وڵاتی پێشکه‌وتوو ئه‌م کاره کراوه. بۆ نموونه له سوید که وڵاتێکی پێشکه‌وتوو و هاوچه‌رخی دونیایه، مناڵان هاوشان لەگەڵ زمانی سویدی، له باغچه‌ی مناڵانه‌وه فێری ئینگلیزی ده‌بن و هه‌ر مناڵێکی سویدی به سه‌ر دوو زماندا زاڵه. ئه‌وه له کاتێکدایه که سویدییه‌کان به سه‌رنجدان به فه‌رهه‌نگ و پێشه‌سازی پێشکه‌وتوو و سه‌رچاوه‌ی زانستی به زمانه‌که‌یان، به‌ڕواڵه‌ت پێویستیه‌کی ئه‌وتۆیان به زمانی ئینگلیزی نییه، به‌ڵام له‌وانه‌یه باشتر جیهانی ئه‌مڕۆ و داهاتوویان ناسیبێ، دروست شیان کردبێته‌وه و پراکتیزه‌ی بکه‌ن.
سه‌باره‌ت به زمانی ئینگلیزی ده‌بێ زیاتر قسه بکرێ، چونکه نه‌ک هه‌ر ئێمه‌ی ئێرانی، به‌ڵکو زۆربه‌ی سیاستوان و بیرمه‌ندانی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئینگلیزی زمان نین، له ڕابردوودا هه‌وڵیان داوه لەگەڵ پێشکه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنی زمانی ئینگلیزی به‌ربه‌ره‌کانی بکه‌ن. بۆ نموونه جه‌واهیر له‌علی نه‌هرۆ، تاگوور فه‌یله‌سووفی به‌ناوبانگی هیند، تیتۆ ڕێبه‌ری پێشووی یوگوسلاڤیا و ... زمانی ئیسپرانتۆ به باشی فێر ببوون و به‌و زمانه لەگەڵ یه‌کتری ده‌دوان. وای لێهات ماوه‌یه‌ک له ناو خه‌ڵکی جیهانیش زمانی ئیسپرانتۆ به هۆی ساده‌بوون و به‌ربه‌ره‌کانی لەگەڵ هێژموونی زمانی ئینگلیزی په‌ره‌ی سه‌ند و به زمانی دژه ئیمپریالیستی ناوزه‌د کرا، ته‌نانه‌ت دوای شۆڕشی ٥٧ی ئێران، له هه‌ندێک له مزگه‌وته‌کان، زمانی ئیسپرانتۆ وه‌ک زمانی به‌شخواراوان و چه‌وساوه‌کانی دونیا فێری هۆگرانی ده‌کرا. به‌ڵام ڕاسته‌قینه شتێکی تر بوو. په‌ره‌سه‌ندنی به‌رده‌وامی زانست، ته‌کنۆلۆژیا و بڵاوبوونه‌وه‌ی به زمانی ئینگلیزی، به شێوه‌یه‌کی کرداری هه‌موو زمانه‌کانی جیهانی خسته ژێر باندۆڕه‌وه؛ هه‌ندێک له کاتی خۆیدا دانیان به‌و ڕاستیه دانا و که‌ڵکیان لێ وه‌رگرت و هه‌ندێکیش لێی دردۆنگ بوون.
ئیتر له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا، چیدی ناکرێ وه‌ک زمانی زلهێزه‌کانی جیهان سه‌یری زمانی ئینگلیزی بکرێ و پشتگوێ بخرێ. ئه‌مڕۆکه زمانی ئینگلیزی ئامرازی په‌یوه‌ندیی جیهانیه و له‌ڕێگه‌ی ئه‌و زمانه‌وه ده‌توانین لەگەڵ سه‌رجه‌م مرۆڤه‌کانی سه‌ر ڕووی زه‌وی په‌یوه‌ندی بگرین و هه‌روه‌ها له سه‌رجه‌م سه‌رچاوه زانستی، وێژه‌یی و هونه‌رییه‌کانی دونیا که زۆربه‌یان به‌م زمانه چاپ و بڵاو ده‌بنه‌وه، سوودمه‌ند بین. له‌لایه‌کی دیکه‌وه ده‌توانین بۆچوون، تێڕوانین و به‌رهه‌مه زانستی، هونه‌ری و ئایینه‌کانمان هه‌ر به‌و زمانه ئاڕاسته‌ی خه‌ڵکی جیهان بکه‌ین. جارێکی دیکه پێویسته ئاماژه به‌وه بکه‌ین زمانی په‌یوه‌ندی خه‌ڵک له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا، زمانی ئینگلیزییه و ئێمه ده‌بێ بێ ده‌مارگرژی به گه‌یشتن به ئامانجه‌کانمان سوودیان لێ وه‌ربگرین، وه‌ک چۆن زانایانمان له سه‌رده‌مانی کۆندا زمانی زانستی و وێژه‌ییان زمانی عه‌ره‌بی بوو، هه‌روه‌ها بێ هیچ ده‌مارگرژییه‌ک به‌کاریان ده‌هێنا، فێری ده‌بوون و بابه‌ته زانستیه‌کانیان به عه‌ره‌بی ده‌خوێنده‌وه و به عه‌ره‌بی ده‌نووسی. سه‌رده‌مانێک زمانی فه‌ره‌نسی به زمانی باوی زانستی ناسێنرا و له قوتابخانه و زانکۆکانی ئێران و زۆربه‌ی وڵاتان ده‌خوێندرا، به‌ڵام ئه‌مڕۆکه زمانی ئینگلیزی شوێنی هه‌موو زمانه‌کانی تری گرتۆته‌وه. که‌واته ئێمه ده‌توانین بڵێین وێڕای پاراستن و په‌ره‌پێدانی زمانی دایکی، ده‌بێ زمانی ئینگلیزیش وه‌ک ئامرازێکی گرنگی په‌یوه‌ندی فێر ببین و به‌سه‌ریدا زاڵ بین. بێگومان ئه‌گه‌ر له داهاتوویه‌کی دووردا، زمانێکی تر شوێنی زمانی ئینگلیزی گرته‌وه، بێ ده‌مارگرژی ده‌رفه‌ت ده‌رخسێنین بۆ فێربوونی و له‌پێناو پێشخستنی ئامانجه‌کانمان تیایدا ورد ده‌بینه‌وه.
دیسان حه‌ز ده‌که‌م زیاتر باس له قازانجه‌کانی زمانی دایکی و زمانێکی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی ئێران بکه‌م. فێربوونی زمانی ئینگلیزی جگه له‌و خاڵه پۆزه‌تیڤانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان پێکرا، ده‌بێته هۆکارێک بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م زمانه‌کانی ئێران ڕێزیان لێ بگیرێ و هاوشانی یه‌کتر بن، هه‌روه‌ها هیچ فه‌رهه‌نگ و زمانێک سووکایه‌تی پێنه‌کرێ و دادپه‌روه‌ری له زماندا ببێته هۆی گه‌شه‌سه‌ندن و یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی. به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی هه‌ندێک که‌س که پێیان وایه ته‌نیا هه‌ڵبژاردنی زمانێک ده‌بێته هۆی دروستبوونی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌مڕۆکه له کرده‌وه‌دا ده‌بینین که سه‌پاندنی زمانێک له زمانه ئێرانیه‌کان ناتوانێ هۆکاری یه‌کێتی و یه‌کگرتن بێ، به‌ڵکه ده‌توانین بڵێین بۆته فاکته‌رێک بۆ ناکۆکی و ململانێ و ته‌نانه‌ت ئامرازێک بۆ دنه‌دان، بشێوی و پارچه‌بوونی وڵات. له کاتێکدا له وڵاتگه‌لی وه‌ک هیندوستان، که‌نه‌دا و سویس، بوونی چه‌ند زمانێکی فه‌رمی هیچ گرفتێکی نه‌ته‌وه‌یی و ئاسایشی به دواوه نه‌بووه. له لایه‌کی تره‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زمانی دوڕگه‌ی کۆرس له فه‌ره‌نسا لەگەڵ وڵاتی دایک یه‌ک زمانه، ئیرله‌ندییه‌کان لەگەڵ به‌ریتانیا یه‌ک زمانی هاوبه‌شیان هه‌یه یاخود هه‌رێمی باسک و ئیسپانیا هاوزمانن، به‌ڵام هاوزمانی نه‌بۆته هۆکارێک بۆ یه‌کگرتن و یه‌کبوونیان.
ئه‌گه‌ر فێربوونی زمانی ئینگلیزی له ئێران، گشتگیر بکرێ، ئه‌و چاوه‌ڕوانیه به جێیه که کۆبونه‌وه و کۆنفرانسه سه‌رانسه‌ری و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بۆ سودوه‌رگرتنی هاوڵاتیان به زمانی ئینگلیزی به‌ڕێوه بچن. مه‌جلیسی شۆڕای ئیسلامی ده‌توانێ کۆبونه‌وه‌کانی به ئینگلیزی ببه‌ستێ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی تری ئێران له ده‌ربڕینی کێشه‌کانیان یه‌کسان و یه‌کده‌ست بن و به‌مجۆره دادپه‌روه‌ری له زماندا بێته دی (بێگومان ئێستا که سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی ئێران فارسی ده‌زانن، هه‌تا جێ که‌وتنی زمانی ئینگلیزی، کۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئێرانیه‌کان به فارسی به‌ڕێوه ده‌چێ).
له‌وه‌ها حاڵه‌تێکدا، زاناکان، بیرمه‌ندان، نووسه‌ران، هونه‌رمه‌ندان و ته‌نانه‌ت ئیسلام ناسه‌کانمان به ئاسانی ده‌توانن لەگەڵ خه‌ڵکی جیهاندا په‌یوه‌ندیه‌کی تۆکمه و گه‌رموگوڕیان هه‌بێ و نووسینه‌کانیان له تیڕاژێکی زۆردا چاپ بکه‌ن و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان پڕوپاگه‌نده بۆ تێڕوانین و بۆچوونه‌کانیان بکه‌ن.
جیهانی ئه‌مڕۆ، به گوندێک وه‌سف کراوه و زمانی ئه‌و گونده‌ش، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ زمانی ئینگلیزییه. هه‌ر که‌س یاخود نه‌ته‌وه‌یه‌ک زمانی ئه‌م گونده باشتر بزانێ و به‌سه‌ریدا زاڵ بێ، ده‌توانێ چێتر سوود له ده‌رفه‌ته مادی و مه‌عنه‌وییه‌کانی ببینێ، پێگه‌ی گونجاوی خۆی تێدا بدۆزێته‌وه و باشتر ده‌توانێ ڕۆڵ و ئه‌رکی خۆێ به‌ڕێوه ببا، به پێچه‌وانه‌وه، گۆشه‌گیر ده‌بێ و له گۆره‌پانی یارییه‌که ده‌خرێته ده‌ره‌وه.
هه‌ڵبه‌ت له‌وانه‌یه هه‌ندێک پێیان وابێ وانه وتنه‌وه به زمانی ئینگلیزی له ئاستی ئێران‌دا مه‌حاڵه، به‌ڵام ئه‌مڕۆکه به سه‌رنجدان به‌و ده‌رفه‌ته ته‌کنۆلۆژییانه‌ی له به‌رده‌ست دان، ده‌توانین له ڕێگه‌ی ڤیدیۆ، ته‌له‌ڤزیۆن و ژماره‌یه‌ک فیلمی زانستی و فێرکاری که به شێوه‌ی بنه‌مایی و سه‌رنج ڕاکێش له لایه‌ن پسپۆڕانه‌وه ئاماده کراوه، سوود وه‌ربگرین و بیانده‌ینه ده‌ست سه‌رجه‌م قوتابخانه‌کانی شار و گوند هه‌ر له قۆناغی مناڵیه‌وه تا کۆتایی دوا ناوه‌ندی. به‌مجۆره دادپه‌ره‌وه‌ری له خوێندنیشدا تا ڕاده‌یه‌ک جێبه‌جێ ده‌بێ. خۆ ئه‌گه‌ر پێویست بێ و بوار بلوێ ده‌کرێ له که‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنی و ئاسمانیه‌کان و ئه‌نته‌رنێتیش سوود وه‌ربگیرێ. ڕوون و ئاشکرایه پاش تێپه‌ڕبوونی قۆناغی خوێندنی وه‌چه‌یه‌ک، نه‌سڵه‌کانی تر به ته‌واوه‌تی به سه‌ر ئه‌و زمانه‌دا زاڵ ده‌بن و زمانی دایکی و زمانی ئینگلیزی شوێن و جێگه‌ی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه.
کورته و ئاکام
وه‌ک ئاماژه‌مان پێ‌کرد، واقعی کۆمه‌ڵگە، ئه‌مڕۆکه پێمان ده‌ڵێ که چیدیکه فره‌ڕه‌نگی و په‌ڕگیری له بواری بیروڕا و ئایینه‌وه وه‌ک ڕابردوو ناتوانێ هۆکاری ئاڵۆزی بێ له وڵاته‌که‌ماندا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ته‌نیا زمانێک له ئێران و سه‌پاندنی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌تنیکه‌کانی ئێرانی هۆکاره بۆ دووبه‌ره‌کی و سوکایه‌تی به زمان و فه‌رهه‌نگه‌کانی دیکه. ئه‌گه‌ر ئه‌م مژاره له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا، به ئه‌هوه‌نی، دادپه‌روه‌رانه و به ته‌گبیر چاره‌سه‌ر نه‌کرێ، له داهاتوودا ده‌بێته هۆی تێکهه‌ڵچوون و تێک گیران. هیوادارم ئێمه که داهێنه‌ری وتوێژی ژیاره‌کانین، بابه‌تی فره‌زمانی له‌وڵاته‌که‌مان له ڕێگه‌ی باس و دیالۆگه‌وه، به شێوه‌یه‌کی ئه‌وڕۆیی چاره‌سه‌ر بکه‌ین.
لێ به‌لێ سه‌باره‌ت به زمانی دووهه‌م، ئه‌گه‌ر ته‌وه‌زه‌لی، ده‌مارگیری و نه‌بوونی هێزی دووربینی و داهاتووبینی وا‌بکات خۆمان لەگەڵ گوندی جیهانی نه‌گونجێنین و وشیارانه و چالاکانه نه‌چینه ناو ئه‌م گونده‌وه، ئه‌وا سبه‌ی بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ زمانی ئینگلیزی له‌به‌رده‌مماندا شین ده‌بێته‌وه و دواجار له دوای هه‌مووان، په‌ست و ماندوو ته‌مه‌ننا ده‌که‌ین ڕێگه‌مان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م کاروانه بکه‌وین.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی ئازه‌رئۆنلاین
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر