به‌شی سێهه‌م و کۆتایی
پرۆفیسۆر دکتۆر عه‌بباس وه‌لی، مامۆستای به‌شی سۆسیۆلۆژی له زانکۆی بوغازیچی ئه‌سته‌نبوڵ، له به‌شه‌کانی ڕابردوودا، کێشه‌ی کوردی له تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا تاوتوێ کرد. له‌م به‌شه‌دا وەڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی دایه‌وه:
ئه‌مڕۆکه په‌که‌که پشت به چ ئایدیۆلۆژیایه‌ک ده‌به‌ستێ؟ بۆچی سیاسه‌تی کوردی ئازاد نییه؟ ئه‌گه‌ر په‌که‌که ڕێگه بدا، ئایا به‌ده‌په ده‌بێته حزبێکی فره‌ڕه‌نگ؟ په‌که‌که بۆچی لەگەڵ ڕۆشنبیرانی کورد نه‌سازاوه؟ ڕۆشنبیری کورد کێیه؟ ئایا ڕوشنبیری کورد هه‌یه دژی په‌که‌که نه‌بێ؟ سیاسه‌تی کورد له داهاتوودا چۆن شێوه ده‌گرێ؟ ئاخۆ ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا پشتیوانی له خۆسه‌ری ده‌کا؟ کورده‌کانی سوریا، مه‌سه‌له‌ی ئه‌مریکان یا خود تورکیا؟
ئه‌مه‌ش وەڵامهکانی پرۆفیسۆر دکتۆر عه‌بباس وه‌لی:
سازدانی: خه‌زاڵ ئۆزڤاریش
له تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
جیاوازی ناسیۆنالیزمی نوێی تورکی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی که‌مالیستی له چی دایه؟
که‌ماڵیزم، لەگەڵ ئه‌وه‌ی ده‌ربڕی ناسیۆنالیزمی کلاسیکی تورکه، له هه‌مانکاتدا ئایدیۆلۆژیای به ده‌زگابوونی ده‌وڵه‌ته، چونکه کۆماری دامه‌زراندوه. به‌ڵام ئه‌مه نایه‌ته ئه‌و واتایه‌ی ناسیۆنالیزمێکی ته‌ک ڕه‌هه‌نده. به‌ڕای من ئه‌ردۆغان و حزبه‌که‌ی، تا ئێستا هه‌وڵیان داوه که‌متر له که‌ماڵیسته کلاسیکه‌کان خۆیان ناسیۆنالیست نیشان بده‌ن. لەگەڵ که‌ماڵیزم له ململانێیه‌کی دژوار دان که سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌ش ئایدیۆلۆژیا ئیسلامییه‌که‌یانه.
ئیسلامچیه‌تی ئه‌ردۆغان، به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ڕێکخراو و بزووتنه‌وه سیاسییه ئیسلامگه‌راکانی ئه‌مڕۆ، ئیسلامچیه‌تیه‌ک نییه دژی ڕۆژئاوا بێ و له به‌رامبه‌ر ناسنامه‌ی ئه‌تنیکی ڕادیکاڵ بێ. پێناسه‌ی پارتی داد‌و گه‌شه پێدان بۆ ئیسلام، زۆر جیاوازتره له پێناسه‌ی خومه‌ینی و دیکه‌ی ئیسلامگه‌راکانی کۆمه‌ڵگە موسڵمانه‌کان. ئیسلامی ئوممه‌ت یاخود شه‌ریعه‌ت نییه. ئیسلامه‌تی ئه‌ردۆغان، ئیسلامچیه‌تیه‌کی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه که له سه‌ر ژێرخانی ئابوورییه‌کی کاپیتالیستی لاگری بازاڕ و جه‌ماوه‌ر شێوه‌ی گرتووه. ئه‌مه‌ش ته‌نیا له چوارچێوه‌ی حقوق، ئابووری و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تێکی مۆدێرندا جێبه‌جێ ده‌بێ. جگه له‌مه، ئاکه‌په نیشانی دا زۆر هه‌ستیارانه نزیکی مۆدێرنیته‌وه و ئیسلام ده‌بێته‌وه. چه‌مکی ئیسلامیانه‌ی ئه‌ردۆغان و تاقمه‌که‌ی، دژایه‌تی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی تورک‌دا ناکا. ئایدیۆلۆژیایه‌کی ده‌وڵه‌تگه‌رایان هه‌یه، پێناسه‌یان بۆ نه‌ته‌وه له سه‌ر بنه‌مایه‌کی ئایینی نییه، به‌ڵکو له‌و پێناسه‌یه‌دا پشت به ئه‌تنیک و زمان ده‌به‌ستن. ئاکه‌په نیشانی داوه بڕوای به چه‌مکی هاووڵاتی عیلمانی، پلۆڕالیزم و به‌شداری سیاسی هه‌یه.
ناسیۆنالیزمی نوێ له تورکیا، پشت ئه‌ستووره به شه‌ڕ؟
پێموانییه ئه‌م ناسیۆنالیزمه پشتی به شه‌ڕ به‌ستبێ. شه‌ڕ، له په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ردۆغان و په‌که‌که زیاتر، بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌ردۆغان و هێزه ئه‌منییه‌کان گرنگه. به‌ڕای من، ئه‌ردۆغان بۆ به‌ربه‌ره‌کانی دژی شه‌ڕ پێویستی به بناغه‌یه‌کی سیاسی به‌هێز هه‌یه. نازانم ئه‌و شه‌ڕه‌ی به نیه‌تی چاره‌سه‌رکردنه یان نا، به‌ڵام ته‌نیا کاتێک جه‌ساره‌تێکی به‌مجۆره‌ی ده‌بێ که پشته‌وه‌ی متمانه‌ی پێ بکا و به دوژمنایه‌تی تورک تاوانبار نه‌کرێ.
کێن ئه‌وانه‌ی که‌سانی پشت ئه‌ردۆغان بێ متمانه ده‌که‌ن؟ ئایا چه‌پی نێوه‌ندی تورکیایه؟
له سیاسه‌تی تورکیادا، که‌مته‌رخه‌می چه‌پی نێوه‌ند کێشه‌یه‌کی زۆر گه‌وره و گرانه. گه‌لۆ تا ئێستا چه‌پی نێوه‌ند هیچ له ڕه‌وایی دان به وشه‌ی تیرۆریزم خراوه‌ته ژێر پرسیاره‌وه؟ هیچکات ئه‌مه‌یان نه‌کردووه. به هیچ شێوه‌یه‌ک قسه له سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی به‌کارهێنانی ئه‌و سیاسه‌تانه نه‌کراوه که مۆری خۆیان له به‌رده‌وامی شه‌ڕو کوشت و بڕه‌کان داوه. پێم وا نییه هێزه‌کانی چه‌پی نێوه‌ند، خۆیان له‌و گوتاره زیانبه‌خشه‌ی پارتی کۆماری گه‌ل (جه‌هه‌په) به دوور گرتبێ. نازانن بۆچی؟ چونکه له ماوه‌ی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، پێکهاته‌ی سۆسیۆلۆژی کۆمه‌ڵگەی تورک گۆڕانی به سه‌ردا هات. له نێوه‌ندی شاره گه‌وره و گرنگه‌کان، چینێکی ناوینی نوێ به‌دی هات. به‌ها سیاسیه‌کان و تێڕوانینی ئه‌م چینه بۆ دونیا زۆر جیاوازه. هه‌ڵبه‌ت ئێستاش چینی ناوینی که‌مالیستی کۆن ماون که له ژێر باندۆڕی ڕۆژئاوا دابوون، به‌ڵام چیتر له نێوه‌ندی هێزی سیاسی تورکیادا نین. ئه‌گه‌ر بڕواننه ئه‌مڕۆی تورکیا، ده‌بینن که ئه‌م چینه ناوینه کلاسیکه، له ڕێکخراوه سیاسیه کلاسیکه‌کان و نوێنه‌رایه‌تیه سیاسیه‌کاندا زۆر هه‌ست به بێ متمانه‌یی ده‌که‌ن. هه‌ست ده‌که‌ن که مه‌یدانه‌که‌یان له ده‌ست داوه و ژێر پێیان به‌تاڵ بووه. مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی به لای چه‌پی نێوه‌نده‌وه، دژایه‌تی کردنی ئه‌ردۆغان و پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانه. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم، له ئاکه‌په زیاتر ڕقیان له ئه‌ردۆغانه. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش دژایه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌نگاو و سیاسه‌تانه ده‌که‌ن که له لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه پێشنیار کرابێ. دژایه‌تیی کردنه‌وه یان داخستنی ده‌زگاکان ده‌که‌ن له لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر سبه‌ی ئاکه‌په کت‌وپڕ بڕیاری دانیشتن و ڕێککه‌وتن لەگەڵ به‌ده‌په بدا، چه‌پی نێوه‌ند بێ گوێدان به ده‌رئه‌نجامی وتوێژه‌کان، هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر ئه‌ردۆغان. ڕێکخراو و هێزه‌کانی چه‌پی نێوه‌ند، بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ستراتیژییان نییه. ئه‌م بارودۆخه، مه‌یلی کردنه ئامرازی کێشه‌ی کورد له ناو سیاسه‌تی تورکیدا به‌هێزتر ده‌کا.
که‌واته کێن ئه‌وانه‌ی به ئه‌ردۆغان بێ متمانه ده‌کرێن؟
ئه‌ردۆغان، له نێو بۆشاییه‌کدا ناڕواته پێش. له ناو گۆڕه‌پانێک دایه که جه‌هه‌په، مه‌هه‌په، سوپا و هێزه ئه‌منیه‌کانی ده‌وڵه‌تی تێدایه و ئه‌م هێزانه تێگه‌یشتنی خۆیان هه‌یه بۆ پێناسه‌ی ناسیۆنالیزم و به‌رژه‌وه‌ندیه میللیه جیاوازه‌کانی تایبه‌ت به خۆیان. پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌ردۆغان ده‌توانێ ببێته نوێنه‌ری گۆڕان و چاره‌سه‌ری؟ پێموانییه. لانیکه‌م به ته‌نیا ناتوانێ. ئه‌گه‌ر بڕیار بدا ئه‌م گۆڕانکارییه بکاته ئامانجێکی سه‌ره‌کی، پێویسته ئاگاداری پشته‌وه‌ی بێ. چونکه ئه‌گه‌ر ببێته پارچه‌یه‌ک له‌م پێڤاژۆیه، له مانایه‌کی مه‌جازیدا، له‌وانه‌یه خه‌نجه‌ر له پشتی بدرێ. ته‌نانه‌ت بۆی هه‌یه ئه‌مه له لایه‌ن فراکسیۆنێکی ناو پارته‌که‌ی خۆی ئه‌نجام بدرێ که به گوێره‌ی بۆچوونی خۆیان نه‌یانه‌وێ ئه‌ردۆغان به‌و ڕاده‌یه دژی ئایدیۆلۆژیای کلاسیکی ده‌وڵه‌ت بێ. به بۆچوونی من، هه‌ر له به‌ر ئه‌م هۆکاره‌ش، ئه‌ردۆغان بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی له به‌رامبه‌ر هێز و ڕێکخراوه لائیک و ناسیۆنالسیته‌کان، که‌وته ڕێبازێکه‌وه که کێشه‌ی کورد وه‌ک ئامرازێک به‌کار بێنێ. ئه‌ردۆغان ده‌ڵێ له هه‌وڵی ئه‌وه دایه ده‌سه‌ڵاتی نادیموکراتییانه‌ی ده‌زگای داد و سوپا که‌م بکاته‌وه، به‌ڵام ده‌زانێ ئه‌م هه‌نگاوه ڕادیکاڵانه، به وه‌ستان له پاڵ ئیسلامییه‌کان یاخود چه‌په‌کان ناکرێ و ته‌نیا پاڵپشت به بنه‌مایه‌کی ناسیۆنالیستی به‌هێز ئه‌نجام ده‌درێن. بۆ سه‌رخستنی هه‌موو ئه‌مانه‌ی ئاماژه‌یان پێدرا، ئه‌گه‌ر بڕواننه ئه‌نجامی بڕیاره‌کانی به‌کارهێنانی کێشه‌ی کورد، ده‌بینن ده‌رئه‌نجامی پێچه‌وانه‌یان لێ که‌وتۆته‌وه. له‌م سی ساڵه‌ی دواییدا، مه‌سه‌له‌ی کورد له سیاسه‌تی تورکیا، له لایه‌ن حکومه‌ته جیاوازه‌کانه‌وه به‌رده‌وام وه‌کوو ئامرازێک به کار هاتووه و بۆته یاسای گه‌مه‌یه‌کی قڕێژ بۆ سات و سه‌ودای سیاسی. بۆیه سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتداره سیاسی و ڕێکخراوه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی ڕاشکاوانه یا خود به شاراوه‌یی په‌یڕه‌وی و پشتگیری لێده‌که‌ن. هیچکه‌س ئیراده‌یه‌کی سیاسی و بوێرییه‌کی ئه‌خلاقی نییه له‌مڕوه‌وه دژی ئه‌ردۆغان ده‌ربکه‌وێ و بیخاته ژێر پرسیاره‌وه. له تورکیا ده‌توانی سه‌باره‌ت به ئیسلام، سوپا، کار، پرسی قوبرس یاخود مافه‌کانی ژنان ڕه‌خنه له سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵات بگری، به‌ڵام خاڵێکی قه‌ده‌غه‌کراو هه‌یه که ئه‌ویش پرسی کورده. له‌و هێڵه سووره‌ش به‌و لاوه‌تر، باسی ڕێککه‌وتنێک له ئارا دایه که بۆته هێڵێکی سوور. سه‌باره‌ت به ده‌رهاویشتنی پرسی کورد له قۆناغی دیموکراتی بووندا، یه‌کێتیه‌کی فیکری نه‌گۆڕ هه‌یه.
له ده‌سه‌ڵاتی ئاکه‌په‌وه گوێمان له‌وه بوو "پرسی کورد هه‌یه" که له سه‌رده‌می "ئۆزال" به دواوه نه‌مانبیستبوو، میت و په‌که‌که چاوپێکه‌تنیان ئه‌نجامدا، گرووپی ئاشتی له ده‌روازه‌ی خابووره‌وه گه‌ڕانه‌وه... پێتان وانییه له قسه‌کانتاندا ئه‌مانه‌تان له به‌رچاو نه‌گرتووه؟
ئه‌ردۆغان، شتێکی هه‌یه که ماوه‌یه‌کی درێژه له تورکیا هیچ هێزێکی سیاسی نه‌یتوانیوه به ده‌ستی بێنێ. ئه‌ردۆغان سیاسه‌تی تورکیا له ناوه‌نده‌وه کۆنتڕۆڵ ده‌کا. به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ناوه‌ند و کۆنتڕۆڵکردنی، له سیاسه‌تی یه‌کگرتنی بیرۆکه‌ی مۆدێرندا زۆر گرنگه. له ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان، حزبه سیاسییه‌کان، هه‌ندێک جار به ته‌نیا و هه‌ندێک جار له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی کوالیسیۆن و ڕێککه‌وتنی سیاسی کورتخایه‌ن، هه‌وڵیان دا کۆنتڕۆڵی ناوه‌ندی بگرنه ده‌ست، به‌ڵام نه‌یانتوانی. که‌چی ئه‌ردۆغان له‌مه‌دا سه‌رکه‌وت.
ئه‌ردۆغان، له سایه‌ی هێزێک که له ئه‌نجامی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه به‌ده‌ستی هێنابوو، ڕۆیشته دیاربه‌کر و گوتی "له تورکیا پرسی کورد هه‌یه"، له شاری ماردین، له‌به‌شی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی، ڕێگه‌ی به کۆرسی دڵخوازانه‌ی زمانی کوردی له هه‌ندێک زانکۆ دا. ئه‌ردۆغان به‌م کارانه‌ی بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ یاخود پێویسته گوێی لێ‌بگرن، په‌یامێکی به‌مجۆره‌ی دا: "من خاوه‌نی هێزێکم ده‌توانم پێڤاژۆی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی هه‌ره سه‌خت له تورکیا ده‌ست پێ بکه‌م که پێشتر هیچ سه‌رۆک وه‌زیرێک نه‌یتوانیوه بیکا. ئه‌م هێزه‌ش به گوێره‌ی خوێندنه‌وه‌ی خۆم به‌کار دێنم." ئه‌ردۆغان ئه‌م په‌یامه بۆ که‌سانێک ده‌نێرێ که پێویسته گوێیان لێ بێ و به‌ر له‌وه‌ی ته‌نیا په‌یامێک بێ، ده‌یه‌وێ له مه‌رجه‌کانیشی تێبگه‌ن.
ئه‌م بانگه‌وازه پڕ له متمانه‌یه‌ی، به کاره‌کته‌ری به‌هێز یاخود نیازێکی پاکی ئه‌ردۆغانه‌وه نابه‌ستمه‌وه، به‌ڵکو په‌یوه‌ندیی به سه‌رمایه‌ی سیاسی پاڵپشت به پشتیوانی ناوه‌ند و پشتگیری چینی نێوه‌ندی نوێ هه‌یه که هه‌شت ساڵه ده‌ستی به‌سه‌ر داگرتووه. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه، ته‌نانه‌ت بوو به هۆی ئه‌وه‌ی له ناو پارته‌که‌یدا له لایه‌ن هه‌ندێک گرووپه‌وه پشتیوانی بێ مه‌رجی لێ بکرێ.
ئه‌گه‌ر ده ساڵ لهمهوپێش به منیان گوتبا "پۆلیسه‌کان هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر ناوه‌نده سه‌ربازییه‌کان و ژه‌نه‌ڕاڵه تورکه‌کان به مه‌به‌ستی دادگایی له دادگای سڤیل قۆڵبه‌ست ده‌که‌ن" بڕوام نه‌ده‌کرد، به‌ڵام چه‌ند ساڵ لهمهوپێش ئه‌مه‌م به چاوی خۆم بینی. ئه‌مه نیشان ده‌دا که ئه‌ردۆغان، له سه‌ر بنه‌مایه‌کی تۆکمه ده‌ڕواته پێش و پشتی به ده‌سه‌ڵات و پشتیوانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێویست قایمه. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی ده‌سه‌ڵاتخواز و هه‌ڵوێسته‌کانی لێی ده‌گیرێ، دڵنیایه پشتیوانی لێده‌کرێ. بیستوومه له ناو پارته‌که‌ی خوێشیدا سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێسته ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌که‌ی له ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه ڕه‌خنه‌ی هاوشێوه له ئه‌ردۆغان گیراوه.
ئه‌م زانیارییه‌تان له کوێ ده‌ست که‌وتووه؟
ناوی که‌س ناهێنم. نازانم ڕاسته یان ناڕاست، به‌ڵام نامه‌وێ بڵێم له ناو ئاکه‌په‌دا فراکسیۆنێکی گه‌وره دژ به ئه‌ردۆغان هه‌یه. نه‌خێر، مه‌به‌ستم ئه‌مه نییه، به‌ڵکو بیستوومه له ناو ئاکه‌په‌دا، هه‌ندێک که‌سی گرنگ و پایه‌به‌رز پێیان وایه ئه‌ردۆغان هێزێکی زۆر گه‌وره‌ی قۆرخ کردوه. بۆ نموونه، له‌م دواییانه‌دا گوتیان که سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وتی به‌رفراوانی ناوبراو له به‌رامبه‌ر میدیا ڕه‌خنه‌ی لێ گیراوه. هه‌ندێک سیمای ناو پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان، پێیان وایه هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌ردۆغان بونیادنه‌ر نین؛ له ئاخافتنه تایبه‌تیه‌کاندا، ئه‌مه به شێوازێکی پاوانخوازانه له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
ئایدیۆلۆژیای ئێستای په‌که‌که به چ شێوه‌یه‌ک پێناسه ده‌که‌ن؟
ئایدیۆلۆژیای په‌که‌که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تێکه‌ڵیه‌ک بووه له مارکسیزم و ناسیۆنالیزم. ئه‌م دوو ته‌وه‌ره، له پێکهاته‌ی گوتاری ئایدیۆلۆژیای په‌که‌که‌دا زیاتر شان به شانی یه‌کتر چوونەتە پێش. به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له قۆناغی نێوان ساڵانی ١٩٨٤ بۆ ١٩٩٤، مه‌یلی ناسیۆنالیزم زیاتر زاڵ بووبێ، ئه‌وا له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کاندا، به تایبه‌ت پاش دابڕانی ئۆجه‌لان له سووریا، بارودۆخه‌که گۆڕا. به‌ڵام گۆڕانی ڕاسته‌قینه، دوابه‌دوای گیرانی ئۆجه‌لان له فێبریڤه‌ری ١٩٩٩ هاته ئاراوه. ئه‌م گۆڕانکارییه که به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی چه‌پ ده‌ڕۆیشت، به گوتاری کۆنگرا گه‌ل، گه‌یشته لوتکه‌ی خۆی. به بۆچوونی من، زاڵبوونی لایه‌نی مارکسیستی – سۆسیالیستی و وه‌رسوڕان به‌ره‌و چه‌پ شان به شانی کۆنگرا گه‌ل، له پارێزنامه‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لاندا باسی لێوه کراوه و له زۆربه‌ی نووسراوه‌کانی دیکه‌یدا که له گرتووخانه نووسیویه‌تی، له سه‌ر هه‌مان ڕێباز ڕۆیشتۆته پێش. ڕه‌وتی پێشڤه‌چوونی ئه‌م گۆڕانکارییه به‌ره‌و چه‌پ، ڕه‌گه‌زی ناسیۆنالیزمی له ئایدیۆلۆژیاکه‌یاندا که‌مڕه‌نگتر کرده‌وه. دوای کۆنگرا گه‌ل، له ئایدیۆلۆژیاکه‌یاندا که‌متر جه‌خت له سه‌ر کوردایه‌تی و ناسنامه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی کرایه‌وه و گوتاری ڕێکخراوکه به‌ره‌و سۆسیالیزم ئاڕاسته کرا.
ئه‌گه‌ر ئه‌م گۆڕانه، به ڕاستی باش ئۆرگانیزه کرابا، له سه‌ر ژێرخانێکی قایم و سۆسیالیزمێکی دیموکراتیکی تیۆریزه کراو ئه‌نجام درابایه، ئه‌وا پشتگیریم لێده‌کرد. به‌ڵام ڕه‌وشه‌که به‌مجۆره نه‌ڕۆیشته پێش. به‌ڕای من، په‌که‌که زۆر گرنگیی به ژێرخانی تیۆری و فۆرمۆلاسیۆنی گۆڕانکارییه‌که نه‌دا. تێناگه‌م بۆچی په‌که‌که ناچار ما کاریگه‌ری زاڵبوونی لایه‌نی ناسیۆنالیزمی کورد که‌م بکاته‌وه و له سه‌ر بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم چڕ بێته‌وه. هیچ هۆکارێکی سیاسی جگه له ململانێی ده‌سه‌ڵاتی فراکسیۆنه‌کانی ناو ڕێکخراوه‌که له پشت گۆڕانکاریی له ئایدیۆلۆژیاکه‌یاندا نابینم. پێموایه کۆنگرا گه‌ل، له ئه‌نجامی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی باڵه‌کانی نێو سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که دروست بوو. حاڵی حازر، فراکسیۆنی ناسیۆنالیزم لاواز و چه‌پ براوه‌یه. ئێستا له ناو ڕێکخراوه‌که، له نێوان ئه‌م دوو ڕه‌وته‌دا هاوسه‌نگیه‌کی باشتر هه‌یه. وێده‌چێ دوابه‌دوای به‌رزکردنه‌وه‌ی موراد قه‌ره‌یڵان وه‌ک که‌سی دووهه‌م پاش ئۆجه‌لان، له نێوان باڵه‌کانی ناو ڕێکخراوه‌که له بۆچوونه‌کاندا سازشێک هه‌بێ.
ئێوه ده‌ڵێن با په‌که‌که شێوازی کارکردنی به سیاسه‌ت دابگرێ. ده‌کرێ زیاتر ئه‌مه ڕوون بکه‌نه‌وه؟
له به‌ر زۆر هۆکار وا ده‌ڵێم و ئه‌مه به ته‌واوه‌تی بۆچوونی خۆمه. به‌ڕای من په‌که‌که، پێویسته ڕیفۆرمی ناو ڕێکخراوه‌یی پێک بێنێ. گۆڕانی پراکتیکی و گوتاری په‌یڕه‌وکراو له لایه‌ن کۆنگرا گه‌له‌وه، هه‌نگاونان بوو به‌ره‌و دواوه. پێموایه پێویسته په‌که‌که ئایدیۆلۆژیاکه‌ی مۆدێڕنیزه و به‌ڕۆژ بکا. له هه‌ندێک ڕوانگه‌وه، ئایدیۆلۆژیای په‌که‌که هێشتا له ڕابردوودا ده‌ژی. له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا، پره‌نسیپی سه‌ره‌کی ڕێکخراوه‌کان، خۆ پێناسه کردنه‌وه‌یانه له سه‌ر بنه‌ماگه‌لی دیموکراتیک. سه‌رکردایه‌تی، پێویسته له گرنگی دیموکراتیزه‌بوون تێ بگا و له‌پێناو دیموکراتیزه‌کردنی ڕێکخراوه‌که‌دا وه جموجوڵ بکه‌وێ.
ئه‌م ده‌سته‌واژانه له کرده‌وه‌دا چۆن پیاده ده‌بن؟
زۆر ئه‌سته‌مه بڵێیت ئایدیۆلۆژیا و پێکهاته‌ی ڕێکخراوێکی سیاسی – چه‌کدار به چ شێوه‌یه‌ک دیموکراتیزه ده‌کرێ. خۆ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رییه‌کی سیاسییانه له ڕۆژه‌ڤ دابایه، له‌مباره‌وه ده‌متوانی به ورده‌کارییه‌کی زیاتر و ڕاشکاوانه‌تر قسه بکه‌م. به‌ڵام شتێکی وا به‌دی ناکرێ. بۆیه نامه‌وێ ئێستا سه‌باره‌ت به ڕێفۆرمی ناو ڕێکخراوه‌که و دیموکراتیزه‌بوونی قسه بکه‌م.
گه‌لۆ له‌وه نیگه‌رانن ئه‌گه‌ر ڕاشکاوانه قسه بکه‌ن زیان به په‌که‌که بگا؟
مه‌سه‌له، زیان گه‌یاندن به په‌که‌که نییه. هۆکاری دوودڵێم ئه‌مه نییه. زۆر که‌س به‌وانه‌ی ناو په‌که‌که‌شه‌وه لێره‌دا ده‌پرسن "کاتێک که په‌که‌که شه‌ڕی مان و نه‌مان ده‌کا، چۆن ده‌کرێ باسی ڕیفۆرم و دیموکراتیزه‌بوونی پێکهاته و ئایدیۆلۆژیا بکرێ؟" له به‌رامبه‌ردا ئه‌م ئارگۆمێنته، خاوه‌نی لۆژیکێکی زۆر به هێزه. له‌مه زیاتر قسه ناکه‌م چونکه هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆ ده‌رفه‌ت به‌وه نادا. هۆکاری بڕیاری نه‌چوونه ناو ورده‌کارییه‌کان، ئه‌وه نییه که ئه‌م قسانه کێشه‌یه‌ک بۆ من دروست ده‌که‌ن. که‌سانی ناو ڕێکخراوه سیاسیه کوردیه‌کان، له مشتومڕی ڕیفۆرم تێده‌گه‌ن. ده‌مه‌وێ بڵێم، سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی دیموکراتیزاسیۆن و ڕیفۆرم، بێ ئه‌وه‌ی له قۆناغی سیاسی و سه‌ربازیدا بی، ئه‌گه‌ر له ئۆفیسی زانکۆ دانیشتووین و فیکر پێشنیار ده‌که‌ین، با به هه‌ق ڕه‌خنه بگرین.
ئایا له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که ستراتیژی خه‌باتی چه‌کداری ڕۆڵی خۆی بینیوه و ئیتر پێویست به سیاسه‌تێکی نوێ ده‌کا؟
به‌ڵێ پێموایه. هاوکات پێموایه سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که‌ش، له‌مباره‌وه دژی من ده‌رناکه‌وێ. هه‌موو ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی ده‌زانن شه‌ڕ و پێکدادان له به‌رامبه‌ر ڕێگاکانی تری تێکۆشان، ستراتیژییه‌ک نییه هه‌تا دوایی به‌رده‌وام بێ. زۆر هۆکار هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که بڕوا نه‌کا خه‌باتی چه‌کداری، ستراتیژییه‌کی ئه‌به‌دییه. بۆیه ئه‌گه‌ر که‌سێکی وه‌ک من داکۆکی له‌وه بکا که سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداری تێپه‌ڕیوه، ئه‌وانیش لەگەڵی هاوبۆچوون ده‌بن. ئاماژه‌ی به‌هێز هه‌ن که نیشان ده‌دا له مێژه به‌و ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتوون. ئارگۆمێنته‌کانم نابێته مایه‌ی سه‌رسوڕمانی ئه‌وان.
هه‌م ئۆجه‌لان و هه‌م قه‌ره‌یڵان ده‌ڵێن ئه‌وان لایه‌نگری شه‌ڕ نین به‌ڵکو ئاشتییان ده‌وێ. به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه په‌که‌که په‌ره به هێرشه‌کانی ده‌دا. بۆچی؟
نازانم. ته‌نیا که‌سێک که له نزیکه‌وه ئاگادار بێ له ناو په‌که‌که چی ڕوو ده‌دا، ده‌توانێ وەڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه. من ئێستا هیچ زانیارییه‌کم له سه‌ر ئه‌م مژاره نییه.
لەگەڵ ده‌سپێکردنی پێڤاژۆی ده‌ستورێکی بنه‌ڕه‌تی سڤیل و له کاتێکدا ڕای گشتی پشتگیری له چاوپێکه‌وتنه‌کانی میت – په‌که‌که ده‌کرد که ده‌رخه‌ری بوونی ئیراده بوو له‌پێناو به‌دیهێنانی ئاشتی، بۆچی ٢٤ مرۆڤ کوژران و پێداگری له سه‌ر توندوتیژی کرا؟ ئایا له‌مباره‌وه هیچ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کتان نییه؟
پێم وانییه ئه‌مه ڕێگه‌یه‌کی بونیادنه‌ر بێ بۆ گه‌یشتن به بابه‌تێک. پێویسته بیر له‌و قسانه‌ش بکرێته‌وه که سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وت لەگەڵ پرسی کورد وه‌ک ئامرازێک له سیاسه‌تی تورکیادا باسمان کرد. به کارهێنانی پرسی کورد وه‌ک ئامراز، له ململانێی ده‌سه‌ڵاتی نێو سیاسه‌تی تورکیا، به‌رده‌وام به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی کورتخایه‌نی سیاسی به‌دواوه بووه. به‌ڵام له سیاسه‌تدا، یاسایه‌ک هه‌یه به‌ناوی "یاسای ده‌رئه‌نجامه نه‌ویستراوه‌کان" که هه‌مووان به باشی ده‌یزانن. لۆژیکی کورتخایه‌نی نزیکبوونه‌وه له مه‌سه‌له‌که وه‌ک ئامرازێک، زۆربه‌ی کات ده‌رئه‌نجامی نه‌ویستراوی لێده‌که‌وێته‌وه که به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئه‌م سیاسه‌ته پێشبینی ده‌که‌ن. پۆزۆسیۆنی ئه‌مڕۆی په‌که‌که، ده‌بێ وه‌ک ئه‌نجامی نه‌ویستراوی به ئامرازکردنی کورتخایه‌ن و بیرکردنه‌وه‌ی ساویلکانه‌ی سیاسه‌تی تورکیا ببینرێ.
بۆچی سیاسه‌تی کوردی ئازاد نییه؟
بۆ تێگه‌یشتن له‌م دۆخه پێویسته به شێوه‌یه‌کی جیاوازتر سه‌یری سیاسه‌تی کورد و مه‌سه‌له‌ی په‌که‌که بکرێ. له‌م ڕه‌وشه‌دا، گه‌ڕان به‌دوای مه‌سه‌له‌ی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی به‌ده‌په و دیکه‌ی پارته کوردیه‌کانی ڕابردوو، شتێکی بێ مانایه. بۆ تێگه‌یشتن له‌مه، پێویسته له چوارچێوه‌ی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه بێیته ده‌ره‌وه که له لایه‌ن حکومه‌ت و میدیای ناسیۆنالیستیه‌وه بونیاد نراوه. ته‌نیا له‌م حاڵه‌ته‌دا، وێنه‌یه‌کی جیاواز به دی ده‌که‌ی و له‌م وێنه‌یه‌شدا ئه‌م ڕاستیانه ده‌بینی: په‌که‌که، ڕێکخراوێکه به دوو ناسنامه‌وه. له لایه‌که‌وه په‌که‌که‌یه‌ک هه‌یه که ڕێکخراوێکی سیاسیه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، په‌که‌که‌یه‌ک که جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسییه. پارته سیاسیه‌کانی کورد، ده‌توانن دژی په‌که‌که وه‌ک ڕێکخراوێکی سیاسی ده‌ربکه‌ون و هه‌وڵ بده‌ن سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و پراتیکی خۆیان بپارێزن، به‌ڵام ناتوانن کار بکه‌ن ئه‌گه‌ر بێت و په‌که‌که وه‌ک جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی پشتیوانیان لێ نه‌کا. ده‌بێ له نێوان ئه‌م دوو ناسنامه‌یه‌ی په‌که‌که‌دا جیاوازیه‌کی ورد دابنرێ و به‌داخه‌وه حکومه‌تی تورکیا، ڕوشنبیران و میدیای ناسیۆنالیستی تورک له‌م جیاوازییه تێناگا و نایبینێ.
ده‌توانن په‌که‌که به "رێکخراوێکی تیرۆریستی" له قه‌ڵه‌م بده‌ن، ده‌توانن بڵێن "ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، مه‌سه‌له‌یه‌کی سوپا و هێزه ئه‌منییه‌کانه" و به‌مجۆره بابه‌ته‌که بخه‌نه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌یه‌کی سیاسیه‌وه، به‌ڵام ناتوانن پاشگری "تیرۆریست"ی به بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه بلکێنن. چونکه جوڵانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له ناو گه‌لی کورددا ڕیشه‌ی داده‌کوتێ. هیچ حکومه‌تێک له دنیادا، به گه‌لێک ناڵێ تیرۆریست. ئه‌گه‌ر ئه‌مه بکا، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر مه‌ترسیداری کردوه که ده‌بێته هۆی پارچه‌بوونی وڵات له ڕووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. حکومه‌تێکی به‌م شێوه‌یه، ناتوانێ بانگه‌شه بکا له ناو گه‌لی کورد یان لانیکه‌م له ناو به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و گه‌له‌دا، مه‌شروعیه‌تی هه‌یه. ئه‌مڕۆکه له تورکیا زۆر ئه‌سته‌م نییه بزانی په‌که‌که وه‌ک جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی کار ده‌کا که گه‌لی کورد به‌رده‌نگیه‌تی.
ئایا به‌ده‌په ده‌توانێ ببێته حزبێکی فره ده‌نگ، ئه‌گه‌ر په‌که‌که ڕێگه بدا؟
من باسی ئیزن دان یاخود مۆڵه‌تم نه‌کردوه. من ته‌نیا باسی په‌یوه‌ندی پارته‌کانم کردوه لەگەڵ په‌که‌که وه‌ک ڕێکخراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که له ناو کۆمه‌ڵگای کورددا ڕیشه‌ی داکوتاوه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی پرسیاره‌که‌تان ئه‌مه بێ، به‌ڵێ، وا ده‌ڵێم. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا له ڕه‌وشێکدا دروست ده‌بێ که مه‌سه‌له‌ی کورد چه‌ک بکرێ، هێزی ده‌سه‌ڵاتدار له ڕۆژه‌ڤی ئه‌منی ده‌ربهاوێ و بیخاته ناو قۆناغێکی دیموکراتیکه‌وه. له‌م ڕوانگه‌وه، ده‌توانین به هۆی ئه‌وه‌ی په‌که‌که، هه‌وڵی داوه و ده‌یه‌وێ هێژمۆنی سیاسی و فه‌رهه‌نگی خۆی به سه‌ر ناوچه کوردییه‌کاندا بسه‌پێنێ، ڕه‌خنه‌ی لێ بگرین. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ من ئه‌و کاره‌م کردووه. سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وتی پاوانخوازانه له مه‌یدانی سیاسی و سڤیلی کورددا، ڕه‌خنه‌م له په‌که‌که گرتوه. له به‌رامبه‌ر وه‌ها ڕه‌خنه‌یه‌کدا، وەڵامێکی به‌م چه‌شنه‌یان داوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت به خودی خۆشمیان گوتووه: "ئێمه ناچارین خۆمان بپارێزین، ئێمه هێزێکین له شه‌ڕ داین."
بۆچی په‌که‌که خۆی پاراست؟ بۆچی لەگەڵ ڕۆشنبیرانی کورد تێکه‌ڵ نه‌بوو؟
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، له قۆناغی تێکۆشان له به‌رامبه‌ر هێزێکی ده‌ره‌وه‌ی خۆی که هه‌ڕه‌شه له مانه‌وه‌ی ده‌کا، هه‌ڵوێستێکی یه‌کگرتوو ده‌نوێنێ. په‌که‌که، ته‌نیا په‌یوه‌ندیدار به‌م هه‌ڕه‌شه و نه‌یارێتیه، ده‌توانێ پاساو بۆ هه‌ڵوێستی توند و پاوانخوازانه‌ی له بواری سیاسی و ڕای گشتیدا بێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی سیاسی گۆڕانی به سه‌ر دابێ، هه‌ڵوێستی پاوانخوازانه درێژه‌ی نابێ و له ناو بزووتنه‌وه‌که‌دا فره‌چه‌شنی دروست ده‌بێ. ئه‌مه‌ش ده‌توانێ کاریگه‌ری بکاته سه‌ر کۆمه‌ڵگای کورد. هه‌ن ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی کورد ئه‌م هه‌ڵوێسته پاوانخوازانه‌یه په‌سند ناکه‌ن و دژایه‌تی ده‌که‌ن. هه‌ندێک له‌وان قسه‌یان کرد‌و ڕێزیان نه‌ما. بۆچی؟ هۆکاره‌که‌ی ئاشکرایه: قورساییان له‌ده‌ست دا چونکه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گه‌لی کورد پێیان وابوو ئه‌وان وازیان له ئامانجه هاوبه‌شه‌کان و گه‌لی خۆیان هێناوه. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ڕۆشنبیران بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد، چونکه پێیان وابوو قۆناغێکی هه‌ستیاره و ده‌بێ ئه‌وان بێده‌نگ بن. سه‌ره‌ڕای ڕه‌خنه، ناکۆکی و ته‌نانه‌ت دژایه‌تی پێیان باش بوو گۆمه‌که نه‌شڵه‌قێنن.
له نموونه‌ی باشووری کوردستاندا، ڕۆشنبیره‌کان له ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه به‌شێک بوون له بزووتنه‌وه‌ی خۆڕاگری کورد. بۆیه‌ش گرێدراوی ئه‌و دوو پارته سه‌ره‌کییه بوون که پێشه‌نگایه‌تی خه‌باتیان ده‌کرد. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی دوو هێزی ئاماژه‌پێکراو، حکومه‌تیان پێکهێنا، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ڕۆشنبیران بوونه پارچه‌یه‌ک له پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌زگاکانی حکومه‌ت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش مانه‌وه‌ی من له هه‌ولێر مه‌حاڵ بوو. سه‌رۆکی زانکۆ بووم، واته ئه‌رک پێ سپێردراوێکی فه‌رمی بووم. حکومه‌ت، له کاتی بڕیاردان و سیاسه‌تگوزاریدا، ده‌یویست کاربه‌ده‌سته پایه‌به‌رزه‌کان خاوه‌ن پۆزۆسیۆن بن. به‌م شێوه‌یه، ڕۆشنبیره‌کانیش بێده‌نگ ده‌بوون و ملکه‌چی هێڵی ڕه‌سمی ده‌بوون. به‌ڵام من وام نه‌کرد. بیر‌و بۆچوون و تێڕوانینی خۆم هه‌بوو. من خۆم شته‌کان ئانالیز ده‌که‌م، هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنم و جێبه‌جێیان ده‌که‌م. به‌ر له بینینی ڕووداوێک، بۆچوونێکی سه‌ربه‌خۆ سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌کان و قۆناغه‌کان به دی دێنم. وه‌ک ڕۆشنبیرێک پێموایه ده‌ربڕینی ئه‌م فیکرانه به‌رپرسیارێتێکی ئه‌خلاقیه له سه‌ر شانی من. با نموونه‌یه‌ک بێنمه‌وه، سوپای تورکیا زستانی ساڵی ٢٠٠٨، سنوری به‌زاند و هێرشی کرده سه‌ر په‌که‌که، خوێندکارانی زانکۆکه‌م ئه‌م هێرشه‌یان پرۆتێستۆ کرد. کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌ت ڕاشکاوانه بێزاری خۆیان له به‌رامبه‌ر ئه‌م چالاکیانه ده‌ربڕی. پێیان خۆش نه‌بوو ئه‌م ڕووداوانه له هه‌ولێر بێنه ئاراوه. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوون من وه‌ک سه‌رۆکی زانکۆکه، گوشار بۆ سه‌ر خوێندکاران بێنم و چالاکییه پرۆتستۆییه‌کان ڕابگرم. منێک که بڕوام به وه‌یه هه‌یه ئازادی ڕاده‌ربڕین مافی هه‌ره سه‌ره‌کی و دیموکراتیکی تاکه له کۆمه‌ڵگەیه‌کی مه‌ده‌نیدا، چۆن به خوێندکارانم گوتبا بێده‌نگ بن؟ ئه‌وه مافی خۆیانه به‌ره‌نگاری سیاسه‌تێک ببنه‌وه که پێیان وایه هه‌ڵه‌یه و زیانی لێده‌که‌وێته‌وه. ئێمه‌ش به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نابێ مافی ئه‌نجامدانی چالاکی پێشێل بکه‌ین جا فیکری پشت ئه‌نجامدانی چالاکیه‌که هه‌ڵه بێ یان ڕاست. به‌ڕای من ئه‌گه‌ر ببیته کاربه‌ده‌ستێکی ده‌وڵه‌تیش، نابێ واز له بیری ڕه‌خنه‌گرانه بێنی. ئه‌وه ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ هه‌مان په‌یوه‌ندی نێوان په‌که‌که و ڕۆشنبیران. نرخی هه‌ره گه‌وره به لای منه‌وه ڕاستیه و ئه‌مه‌ش نابێ ببێته قۆچی قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی.
ڕۆشنبیری کورد کێیه؟
لێره‌دا ده‌مه‌وێ هه‌ڵاواردنێک بکه‌م. ده‌توانین ده‌رباره‌ی ڕۆشنبیرانی کورد و تورک قسه بکه‌ین. زۆر که‌س به‌م بواره‌وه سه‌رقاڵ بووه. به‌ڵام من که بمه‌وێ سه‌باره‌ت به چینی ڕۆشنبیری کورد قسه بکه‌م، مه‌به‌ستێکی دیکه‌م له پێناسه‌ی ڕۆشنبیری هه‌یه. چونکه ڕۆشنبیر کاره‌کته‌رێکی دیاریکراوی هه‌یه و ئه‌م کاره‌کته‌ره ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، په‌یوه‌ندی به پڕۆژه‌ی سیاسیه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر لێم بپرسن له تورکیا بۆ پێکهێنانی چ پرۆژه‌گه‌لێک کار ده‌که‌م، ئه‌وا پڕۆژه‌ی سیاسی من چاره‌سه‌ری ئاشتیانه و دیموکراتیکی پرسی کورد ده‌بێ له‌پێناو کۆتایی هێنان به توند‌و تیژی بێ واتا، مه‌رگ و له‌ناوچوون. ئه‌وه‌ی که ئه‌م ئامانجه به چ شێوه‌یه‌ک به‌دی دێ، ئه‌وه باسێکی دیکه‌یه به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه پڕۆژه‌که‌م کاره‌کته‌رێکی دیموکراتیک، مه‌ده‌نی و به‌هێزی هه‌بێ. کاره‌کته‌رێکی وه‌ها، به ئامانجی تاکه‌که‌سی لەگەڵ پڕۆژه هاوشێوه‌کانی تر له تورکیا په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستێ و به‌مجۆره له‌پێناو هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه و دیموکراتیکی پرسی کورد کۆمه‌ڵێک له مرۆڤه‌کان لێک کۆ ده‌بنه‌وه. ئه‌م مرۆڤانه، به مه‌به‌ستی کۆتایی هێنان به مردن و له‌ناوچوون له تورکیا و یارمه‌تیدان به چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد، له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌که‌دا ناسنامه‌یه‌کی هاوبه‌ش پێکدێنن.
کاتێک باس له "رۆشنبیری کورد" ده‌کرێ، ئه‌و ناوانه زیاتر به مێشک ده‌گه‌ن که پێناسه‌یه‌ی "یاڵچین ئاکدۆغان"ی ئاکه‌په‌یی ده‌یانگرێته‌وه: "دیموکراته‌کانی دژ به په‌که‌که". ئایا له ناو ڕۆشنبیرانی کورددا هه‌ن که‌سانێک دژی په‌که‌که بن؟
به‌ر له هه‌ر شتێ من له‌وه تێناگه‌م بۆچی ڕۆشنبیرێک ده‌یه‌وێ وه‌ک دژبه‌ر یان لایه‌نگری په‌که‌که له قه‌ڵه‌م بدرێ. سیاسه‌ت، بڕوایه‌کی ئایینی نییه. به بۆچوونی من، ڕۆشنبیره‌کان پێویسته به ویژدان بن، خوو بده‌نه ڕاستی و ئه‌و فیکره له ناو به‌رن که ببنه دژبه‌ری په‌که‌که. که‌سێک که خۆی به ڕۆشنبیر پێناسه ده‌کا، ته‌نیا له سایه‌ی ئه‌مه‌دا، خۆی له پێگه‌یه‌کی سیاسی ڕه‌هادا نابینێته‌وه. فیکری موتڵه‌ق و ڕه‌ها، له دۆگمه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. په‌یوه‌ندی به ڕاستینه‌ی دین و ئیمانه‌وه هه‌یه. دۆگم، بیرکردنه‌وه‌ی ڕه‌ها و پۆزۆسیۆنی سیاسی ڕه‌ها، دژی ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌ی لۆژیکانه‌یه. ڕۆشنبیرێک ته‌نیا له ڕێگه‌ی شۆپاندنی ڕاستی و ئه‌قڵه‌وه، ده‌توانێ بڵێ پشتیوانی له پۆزۆسیۆنی په‌که‌که ده‌کا یان ڕه‌تی ده‌کاته‌وه. ئه‌مه بۆ هه‌موو سیاسه‌تێک وایه. له مه‌سه‌له‌ی ئه‌قڵدا، ڕاستی یاخود چه‌وتیی ڕه‌ها بوونیان نییه. ڕاستی ڕێژه‌ییه و ته‌نیا ڕاستیه‌کی ڕێژه‌یی، ده‌توانێ ڕێبه‌ری ویژدانمان بێ. له تورکیا، بۆچوونێکی گشتی هه‌یه که پێی وایه ڕۆشنبیرانی کورد له نێوان به‌رداشی حکومه‌ت و په‌که‌که دان. به شێواز و میتۆدی جۆراوجۆریش بێ، هه‌ر دوو لا گوشاریان بۆ دێنن. به‌ڵام هه‌ر دوو لا به ڕاده‌یه‌ک کرده‌وه‌گه‌لی ده‌سپۆت و دژه دیموکراتیکیان نییه که ده‌نگی ڕۆشنبیران کپ بکه‌ن. ناڵێم په‌که‌که ڕێکخراوی هه‌ره دیموکراته و له ڕابردوودا، ڕه‌خنه‌م له ئاڕاسته‌ی پاوانخوازنه و سه‌رکوتکه‌رانه‌ی په‌که‌که له بواری سیاسی، ڕۆشنبیری و گشتیه‌وه گرتووه. ئێستاش ڕه‌خنه له مه‌یل وچالاکی زیانبه‌خش به ڕۆشنبیری و ڕای گشتی ده‌گرم. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بمه‌وێ پڕۆژه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه و دیموکراتیکی پرسی کورد له تورکیا پێشکه‌ش بکه‌م، واز له‌مه ناهێنم. به‌رپرسیارێتی و به‌ڵێنێکی ئاوا به فکرێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه ده‌بێ ئاراسته بکرێ؛ به‌ڵام ڕه‌خنه‌یه‌کی بونیادنه‌رانه نه‌ک ڕوخێنه‌ر.
به بۆچوونی من، په‌که‌که به گوێره‌ی پێویست گرنگی به ئاوه‌زێکی ڕه‌خنه‌گرانه له بواری کارکرد و گوتاری دیموکراتیک له کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی نه‌داوه. ئه‌گینا هه‌وڵی نه‌ده‌دا له بواری ڕۆشنبیری و ڕای گشتییه‌وه، پاوانخوازی تاقی بکاته‌وه. به هه‌ڵه تێگه‌یشتنی په‌که‌که له سروشتی دیموکراتیکی ڕای گشتی مودێرن و پراتیک و گوتاری ڕۆشنبیری په‌یوه‌ندیدار به‌مه‌وه، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره بوو. په‌که‌که جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی زیندوو و کارتێکه‌ری دامه‌زراند، به‌ڵام نه‌یتوانی جوڵانه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنبیر دروست بکا. خاڵی لاوازی و که‌مایه‌سی گرنگی په‌که‌که هه‌ر ئه‌مه‌یه. ئاگاداری ئه‌مه هه‌ن و له کاتێکدا وازیان له هه‌ڵسوکه‌وتی پاوانخوازانه له به‌ستێنی ڕۆشنبیری گشتی نه‌هێناوه، هه‌وڵده‌ده‌ن بارودۆخه‌که له‌بار بکه‌نه‌وه. په‌که‌که ده‌بێ بزانێ پێدوایستی هه‌ره سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگەیه‌کی مه‌ده‌نی ئاکتیڤ، بنه‌مایه‌کی دیموکراتی گشتی و بوارێکی فه‌رهه‌نگی زیندووه. ده‌بێ پشگیری له‌م فه‌زا گشتیه بکا و بۆ سه‌ربه‌خۆ بوونیان هانیان بدا. هه‌وڵ بدا هێزه‌کانی له سه‌ربه‌خۆیی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا به‌کار بێنێ. ئه‌م کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه دژی توند‌و تیژی یاسایی و نایاسایی ده‌توانێ ببێته به‌ربه‌ستێکی به‌هێز.
ئه‌مڕۆکه ڕۆشنبیری کورد به سه‌ر سێ ده‌سته‌دا دابه‌ش بووه: که‌مینه‌یه‌کی لایه‌نگری په‌که‌که، که‌مینه‌یه‌کی دژبه‌ری په‌که‌که. ئه‌م دوو گرووپه چالاکن و ده‌نگیان هه‌یه. به‌ڵام له نێوان ئه‌م دوو گروپه که‌مینه‌یه‌دا، زۆرینه‌یه‌ک هه‌یه. ئه‌م زۆرینه‌یه بێده‌نگه و ئاکتیڤ نییه. له ڕای گشتیدا، شان به شانی ئه‌وانی تر ده‌رناکه‌وێ. سیفه‌تی "رۆشنبیری دیموکراتی کورد" به سه‌ر ڕۆشنبیرانی که‌مینه گرووپی دووهه‌مدا ساغ بۆته‌وه. ته‌نیا هۆکاری پێدانی ئه‌و سیفه‌ته، ئه‌وه‌یه که ڕاشکاوانه دژایه‌تی خۆیان لەگەڵ په‌که‌که دێننه زمان. بۆیه پێدانی نازناوی "دیموکرات" سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆکاری سیاسی زۆر ڕوون. ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ده‌یانه‌وێ ڕه‌خنه‌گر و سه‌ربه‌خۆ بن و ده‌یانه‌وێ ببنه به‌شێک له چاره‌سه‌ری نه‌ک له کێشه‌که، پێویسته واز له ناسنامه‌یه‌کی ئاوا بێنن.
به‌ڕای ئێوه په‌که‌که له‌م ڕوه‌وه گۆڕانی به سه‌ر دادێ؟
په‌که‌که ده‌رکی به گرنگی ڕای گشتی، گوتاری ڕۆشنبیران وه‌ک نوێنه‌رانی ئه‌م بواره و ئافرێنه‌رانی ڕه‌وتی فه‌رهه‌نگی کردووه. هێمای ئه‌م ده‌رک پێکردنه، له هه‌ڵسوکه‌وتی میدیاکان و به تایبه‌ت ته‌له‌ڤزیۆن و ڕۆژنامه‌کان ده‌بینرێ. هه‌ست به گرنگی بواری بینین و بیستن ده‌که‌ن له ڕاگه‌یه‌نه‌ره مودێرنهکاندا. له‌وانه‌یه ئه‌م مه‌یله له دیکه‌ی بواره فه‌رهه‌نگیه‌کانیشدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێ. به‌ڵام هه‌روه‌ک پێشتریش ئاماژه‌م پێدا، پێشکه‌وتنه‌کان په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه تا چ ڕاده ئاماده بن واز له هه‌ڵوێستی پاوانخوازانه بێنن. ئه‌گه‌ر بواری خه‌باته فه‌رهه‌نگیه‌کانیان دیموکراتیزه نه‌که‌ن و له‌و بواره‌وه پێ‌داگر بن له سه‌ر پاوانخوازی، ئه‌و ناکۆکیه‌ی له سه‌ره‌وه باسکرا هه‌روا به‌رده‌وام ده‌بێ و له به‌رده‌م پێشکه‌وتنه‌کان ده‌بێته ئاسته‌نگ.
ئاسۆی بزووتنه‌وه‌ی کورد چۆن ده‌بینن؟ ئایا له هه‌ر به‌شه و ٤ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر داده‌مه‌زرێ؟
ئه‌سته‌مه وا بڵێین چونکه سیاسه‌ت شتێک نییه به وێناکردن ئه‌نجام بدرێ. به‌ڵام ده‌توانم به دڵنیاییه‌وه بڵێم ئه‌گه‌ر پرسی کورد له تورکیا به ڕێگه‌ی دیموکراتیک و له نێو که‌شوهه‌وای ئاشتیدا چاره‌سه‌ر بکرێ، زۆر له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پڕ بایه‌ختر ده‌بێ و هێزه سیاسیه نوێیه‌کانی تورکیا، له‌پێناو زمانێکی سیاسی و پێشکه‌وتنی دیموکراتیانه ده‌بنه خاوه‌نی تێڕوانینێکی نوێ. سه‌قامگیرکردنی دیموکراسی له تورکیا، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کانی داهاتوو له شۆڕشی دیموکراتیک دوا نه‌مێنن. کلیلی ئه‌م پێشکه‌وتنانه، بیری ستراتیژی و ئیراده‌ی سیاسیه که مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ قۆناغێکی دیموکراتیک. ناوه‌نده‌کانی بڕیاردانی سیاسی، بۆ دووربوونه‌وه له‌و که‌سانه‌ی حه‌ز به سه‌رکه‌وتنی ئه‌مه ناکه‌ن و بگره نه‌فره‌تیشی لێده‌که‌ن، پێویسته جه‌ساره‌تێکی ئه‌خلاقی و ئیراده‌یه‌کی سیاسیان هه‌بێ. به‌ڵام لێره‌دا ئێمه قسه له سه‌ر سیاسه‌ت ده‌که‌ین و ده‌زانین که له نێو سیاسه‌تدا حه‌زکردن و نه‌فره‌ت مانای تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه.
ئاخۆ ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا پشتگیری له خۆسه‌ری ده‌کا؟
ئه‌مریکا به‌و ڕاستیه گه‌یشتووه که ناوچه‌که گۆڕدراوه، چیتر سۆڤیه‌ت نه‌ماوه و شه‌ڕی سارد کۆتایی هاتووه. سیاسیه‌کانی ئه‌مریکا و ناوه‌نده‌کانی بڕیاری سیاسی له‌و وڵاته ده‌زانن تورکیا و سوپاکه‌ی ڕۆڵیان له ناوچه‌که گۆڕدراوه. به ڕای من، ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ئه‌و قۆناغه سیاسیانه‌ی ده‌بنه هۆی گۆڕانکاری له نه‌خشه‌ی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاماده نییه. ئه‌مریکا، هه‌رگیز له هیچ به‌شێکی کوردستان پشتگیری له ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی ناکا. به‌ڵام به ڕه‌زامه‌ندییه‌وه پێشوازی له چاره‌سه‌ری دیموکراتیانه‌ی پرسی کورد له ناوچه‌که و به تایبه‌تی له تورکیا ده‌کا.
تا ئێستا شاهیدی پشتگیری نه‌بووین. چ شتێک گۆڕاوه؟
ئه‌مریکا، دوابه‌دوای تورکیا دانی به‌و مۆرکه "تیرۆریست"یه دانا که له په‌که‌که درابوو، تاکوو بۆ ناساندنی به‌رخۆدانی کورد و په‌که‌که سوودی لێ وه‌ربگرێ. به‌ڵام ئه‌مه ژێستێک بوو که ده‌رئه‌نجامی ڕاوێژ، ڕێزگرتن و داننان بوو به سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی تورکی له چوارچێوه‌ی توانا یاسایی و سنووره سیاسیه‌کانی خۆیدا. تورکیا هاوپه‌یمانێکی نزیکه له ناوچه‌که‌دا. ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانێکی سه‌ربازییه که له ناتۆ زیاتر نزیکتره. ئه‌گه‌ر بارودۆخی سیاسی و سوپا – ئه‌منیی ئێستا له تورکیا بگۆڕدرێ، ئه‌و مۆرکه زیانبه‌خشه‌ی به ناسنامه‌ی جوڵانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کورده‌وه دراوه، ڕووبه‌ڕووی گۆڕان ده‌بێته‌وه. پێویسته ئاماژه به نموونه‌یه‌ک بکه‌ین، ڕێکخراوی موجاهدینی خه‌لقی ئێران، که له سه‌رده‌می حوکمڕانی ڕژێمی "شا"وه هه‌یه، ڕێکخراوێکی چه‌کدار و ئیسلامی – سۆسیالیست بوو. ئه‌م ڕێکخراوه که دژی ده‌وڵه‌ت، خه‌باتی چه‌کدرای ڕاگه‌یاندبوو، هێرشی ده‌کرده سه‌ر سامان و پێرسۆنێلی ئه‌مریکا له ئێران. پاش کوشتنی پێرسۆنێله سه‌ربازی و سیاسیه‌کانی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا له ئێران، ئه‌مریکا ئه‌و ڕێکخراوه نهێنیه‌ی خسته لیستی تیرۆره‌وه. پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ڕێکخراوی موجاهدینی خه‌لق، بوو به ئه‌ندامێکی چالاکی ئۆپۆزۆسیۆنی چه‌کدار دژ به ڕژێمی ئیسلامی ئێران. سی ساڵ پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، یه‌کێتی ئه‌وروپا ناوی ئه‌و ڕێکخراوه‌ی له لیستی تیرۆر سڕیه‌وه و ئه‌مریکاش به شێوه‌یه‌کی جدی بیر له‌وه ده‌کاته‌وه ئه‌و ڕێکخراوه له لیستی تیرۆر بێنێته ده‌ره‌وه. واتا سه‌رجه‌م ناسنامه‌کان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌سه‌پێندرێن و له لایه‌ن ئه‌وانیشه‌وه ده‌گۆڕدرێن. ئه‌مه مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه. له‌وانه‌یه ئه‌مریکا بۆ ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی دیموکراتیک له تورکیا، هه‌مان شت له سه‌ر په‌که‌که‌ش پیاده بکا.
به بۆچوونی من، دیپلۆماته ئه‌مریکی و بریتانیه‌کان، له شێوازی هه‌ڵسوکه‌وتی تورکیا لەگەڵ پرسی کورد ڕازی نین. چه‌ندین ساڵ لهمهوپێش دیپلۆماتێکی بریتانی گوتبووی "چاوه‌ڕوێ بووین تورکیا له‌مڕوه‌وه زۆر جوامێرانه‌تر بجوڵێته‌وه." پێموایه، ئه‌مریکیه‌کان سه‌باره‌ت به‌و ناسنامه‌یه‌ی به سه‌ر په‌که‌که‌یاندا سه‌پاندوه، چاوه‌ڕوانی ئاماژه‌یه‌کن له لایه‌ن حکومه‌تی تورکیاوه.
یانی ئه‌مریکا له سه‌ر کاغه‌ز، په‌که‌که به ڕێکخراوێکی تیرۆریست ده‌بیننێ؟
به‌ڵێ، ئێستا وا دیاره. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که به‌رده‌وام بن له سه‌ر به‌کارهێنانی وشه‌ی تیرۆریست، په‌یوه‌ندی به تورکیا و هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاته له‌مه‌ڕ پرسی کورد و کورده‌کانی تورکیاوه هه‌یه. ئه‌گینا په‌که‌که بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه میللی و گه‌ردونیه‌کانی ئه‌مریکا چ ده‌گه‌یه‌نێ؟ هه‌ندێک باس له‌وه ده‌که‌ن که ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا، په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له نێوان نوێنه‌ره سیاسیه‌کانی کوردستانی عێراق و ڕێبه‌رانی په‌که‌که له چیاکانی قه‌ندیل. نازانم ئه‌مه تا چه‌ند ڕاسته، به‌س زانیارییه‌که له سه‌رچاوه سه‌ربه‌خۆکانی کوردستانی عێراقه‌وه به ده‌ستم گه‌یشتوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕاستیش بێ، جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه. له‌وانه‌یه ئه‌مریکا چاوپێکه‌وتن بکا بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ په‌که‌که بۆچی له‌وێیه و چ به‌رنامه‌یه‌کی هه‌یه، هه‌روه‌ها له هه‌لومه‌رجی جێبه‌جێ بوونی به‌رنامه‌کانیان سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له تورکیا دڵنیا بێ. به هه‌ر حاڵ ئه‌وه هه‌ستی منه. به بۆچوونی من، ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی له مه‌ڕ په‌که‌که نییه و پێویستیشی به‌وه نییه.
ئه‌گه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین سه‌ر له‌نوێ شێوه بگرێ، ئایا بۆی هه‌یه ئه‌مریکا جوڵانه‌وه‌ی کورد پشتگوێ بخا؟
کورده‌کانی سووریا، به شێوه‌یه‌کی جدی و هه‌مه‌لایه‌نه ئه‌مریکا نا، به‌ڵکو تورکیا سه‌باره‌ت به به‌رده‌وامیی سیاسه‌ته‌کانی له مه‌ڕ په‌که‌که ده‌خه‌نه ململانێوه. حکومه‌تی تورک، ڕێگا نادا له قه‌یرانه‌کانی سووریادا، کورده‌کان ڕۆڵێکی گه‌وره بلیزن، ته‌نانه‌ت به پێی توانا شێوازێکی چاره‌سه‌ریی ده‌وێ که ئه‌وان تیایدا ماڕژیناڵ بن. له به‌ر ئه‌م هۆکاره، حکومه‌تی تورکیا هێنده پێداگری له سه‌ر چاره‌سه‌رییه‌کی به‌له‌ز و خێرا ده‌کا. تورکیا، له پێناو به‌دیلێکی متمانه‌پێکراو بۆ سه‌قامگیری سووریای پاش ئه‌سه‌د، هه‌وڵی ناوبژیوانی ده‌دا. به‌م شێوه‌یه، سنووره ناوچه‌ییه‌کانی ده‌وروبه‌ری تورکیا له ژێر کۆنتڕۆڵ و متمانه‌ی خۆیدا ده‌بن. له هه‌ڵبژاردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤدا دوو حیسابی سه‌ره‌کی ده‌گرێته به‌رچاو؛ حیسابی یه‌که‌م له سه‌ر که‌مترین ڕۆڵی کورده‌کان له حکومه‌تدا دارێژراوه، دوههمیش، حکومه‌تێکی ناوه‌ندگه‌رای به هێز که سوپای سوریاش پارچه‌یه‌ک له‌و بێ و له ژێر سایه‌یدا سه‌قامگیری له سیاسه‌تی سووریادا پێک بێ. به‌مجۆره ناوچه سنوورییه‌کان بۆ چالاکی هێزه‌کانی کورد و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه په‌که‌که کراوه نابێ.
لایه‌نه‌کانی وه‌ها ڕێککه‌وتنێک کێ ده‌بێ؟
حکومه‌تی تورک، زۆر پێداگره له سه‌ر ئه‌وه‌ی سوپای سوریا، ڕووی له ئه‌سه‌د و حکومه‌تی به‌عس وه‌ربسوڕێنێ. ئه‌گه‌ر سوپای سوریا پشت له ئه‌سه‌د بکا، ئه‌وا سوریا وه‌ک ساته‌وه‌ختی گۆڕینی میسری لێ دێ و تا ئه‌و ماوه‌یه‌ی سوپا، سیاسه‌ت ده‌خاته ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه، سیاسه‌تی سوریا سه‌قامگیر ده‌بێ. به‌ڵام سوپای سوریا تا ئێستاش پشتیوانی له ئه‌سه‌د ده‌کا. هه‌رچه‌ند هه‌ندێک به‌شی ناو سوپا سه‌ری هه‌ڵدابێ، به‌ڵام هێشتا ئاستی ناکۆکییه‌کان، ئامار و ژماره‌کان قووڵ نه‌بوونه‌ته‌وه و دیاریکه‌ر نین. کۆتایی ئه‌مساڵ بۆمان ده‌رده‌که‌وێ چی ڕوو ده‌دا.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر