۱۳۸۷/۰۱/۰۵

لەسەر وشەی "مەمک" سەرجەم بەرهەمەکانم سانسۆر کران


دیمانە: سەلاحەدین بایەزیدی
پرسیار زۆرن بۆ کەسێک کە نیو سەدەیە بە ئادگاری چیرۆکی ئێرانەوە دەدرەوشێتەوە، بەڵام بەر لەوەی ئەو لە وەڵامدانەوە ماندوو بێ، تۆ خۆت لە پرسیار دەدزیتەوە، چونکە هەست دەکەی ئازارەکانی هێندە زۆرن، ناتوانی بەرگەیان بگری. بە سیمایەکی ماندوو و زەردەخەنەیەکی تاڵ، بەرسڤی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە پێوەندییان بە ژیانی خۆیەوە هەیە، دەڵێ: "لەسەر وشەی مەمک، سەرجەم بەرهەمەکانیان سانسۆڕ کردم. نەمدەزانی چ لەباتی ئەو وشەیە دابنێم"، ئینجا ڕووی پرسیاری دەکاتە من: "نوسیبام منداڵەکە دەمی نا بە سینگە پڕ لە شیرەکەی دایکییەوە؟" پاشان بە پێکەنینەوە بەردەوام دەبێ: "بڕوانن لە ئێراندا سانسۆڕ چ تەنزێکی تاڵە."

وەک دەزانین ئێوە بەهۆی هەندێک هەلومەرجی تایبەتەوە ماوەیەکى زۆر لە ئەدەبیات دابڕان، ئەمەش بێگومان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەفراندنی ئەدەبی دادەنێ، ئاخۆ ئەم دابڕانە لە ئەدەب، زەبرى لە ژیان و بەتایبەت بەرهەمەکانى ئێوە نەدا؟
بێگومان قۆناغێکى زۆر، واتە نزیکەى شازدە حەڤدە ساڵ دابڕام، تەنانەت نەمتوانى کتێبێکیش بخوێنمەوە، زەبرێکى زۆر گەورەى لە کارى چیرۆکنووسىی من دا، ڕاستەوخۆ زەبرى لە ڕەوتى چیرۆکنووسین لەناوچەکە دا، نازانم چەندە ئاگادارى ئەوەن کە لەو ماوەیە چى ڕووی دا، بەڵام پێنج ساڵ لە گۆشەى زینداندا بووم. پێشتریش سێ ساڵ دەربەدەر ببووم، هەشت ساڵ ئاوا ڕابرین، دواى ئازادیم لە زیندان هیچم نەبوو، نە پشتیوانێکم هەبوو نە پیشەیەک، ناچار بووم ڕوو لە کرێکارى بکەم، بە پێچەوانەى ئەو شتەى خۆم دەمویست، ئێوەش باش دەزانن کە کرێکارێک تەنانەت کاتى بیرکردنەوەشى نییە چ جاى نووسین و خوێندنەوە، ژیانم بەفیڕۆ چوو، ڕۆژانە دوازدە سەعات کارم دەکرد.

لەبەرهەمەکانى ئێوەدا سەرتاپا دەربڕینێکى شاعیرانە دەبیندرێ، هەر چەندە ئەمە زۆربەى ڕۆماننوس و چیرۆکنووسە گەورەکانى ئێران دەگرێتەوە، ئێوە چۆن دەربڕینێکى شاعیرانە لە چیرۆکەکانتاندا بەکار دەهێنن؟
من جگە لە چیرۆک، شیعریش دەنووسم. شیعرەکانم لە گۆڤارە هەرە باشەکانى ئێراندا بڵاو دەبنەوە، بەڵام کارى سەرەکىی من شیعرنووسین نییە، لە پەراوێزى کارەکانمدا شیعر هەیە، جگە لەمە ژیانى من پتر لە سروشتدا تێپەڕیوە و زۆر سەرسامم بە سروشت، من یەکەم کارە هونەرییەکانى خۆمم بە نیگارکێشى دەست پێ کرد کە دواجار وازم لێ هێنا. ئەمانە هەموویان کاریگەرییان لەسەر دەربڕینى شاعیرانە داناوە، هەروەها سەبارەت بە مەسەلەى زمان زۆر سەختگیرم و دەشزانن ئەدەبیاتى کلاسیکى ئێران پڕیەتى لە شیعرى جوان و پتەو کە من زۆر هۆگریانم و بەردەوام دەیانخوێنمەوە، بەتایبەتى شیعرەکانى نادر نادرپوور کە پڕن لە دیمەنى ناوازە و سەرنجڕاکێش. ئەمانە گشتیان کاریگەرییان لەسەر تەبع و زمانى من داناوە.

باشە ئەم عەشقەى سروشت و گوند وا ناکات کە ئێوە بێبەش بن لە ئەدەبیاتى هاوچەرخ و نەتوانن وەڵامدەرەوەی بەشێکی زۆر لە خوێنەران بن؟
ژیانى من لە شار تێدەپەڕێ کە هیچ سەرنجم ڕاناکێشێت، یانى ئەگەر بەدەست خۆم بوایە، دەچوومە گوند و لەوێ دەژیام، چونکە بیرکردنەوەى ئەمڕۆ جیهانییە، شار و گوندى نییە، ئەدەبیاتى داستانخوێنیش جیهانییە، هەرێمى نییە، بەڵام ئەوانە پێوەندییان بە مەیلى تایبەتى نووسەرەوە هەیە، هەندێ کەس لە کارەکانیاندا زۆر وشک دەنوسن، من وەک خۆم هیچ حەزم لە خوێندنەوەى ئەم جۆرە چیرۆکانە نییە، پێم وایە ئەگەر خوێنەرێک لە شار بژی و هەموو شتەکانى شار، کاریگەرى نێگەتیڤى لەسەر ڕۆحی ئەو هەبێ، ئەدەبیاتی شاعیرانە یاخود دێهاتییانە یارمەتى دەدات، دیارە زۆربەى خوێنەرانیش خەڵکى شارن، بۆیە کارێکى ئاگایانەیە. هیچ پێداگرییەکم لەسەر ئەم بابەتە نییە، خۆتان دەزانن کە لە چیرۆک نووسیندا، ئەوە ناوەرۆکە فۆرم دیارى دەکات و تەنانەت کاریگەرى لەسەر زمانیش دەبێت، لەوانەیە سوژەیەک لە شار ڕووی دابێت، ئەم سوژەیە زمانى تایبەتی خۆى دەوێت، دیمەنى خۆى دەوێت، بۆیە نووسەر ناچارە لەم چوارچێوەیەدا بجووڵێتەوە. زمانى وشک، دیمەنەکانى کورت و تاقەتپڕوکێنە. چونکە ژیانى شار، خۆى تاقەتپڕوکێن و بێ ڕوحە، ئەم جۆرە ژیانە کاریگەرىی لەسەر زمان، دیمەنەکان و فۆرم دادەنێت.

ئاماژەتان بە ژیانى نووسەرىی خۆتان و هەروەها زیندان و ژیانی کرێکارى دا، ئایا ئەمانە وایان نەکرد ناهومێد بن و ئەم ناهومێدییەش ڕەنگدانەوەى هەبێ لەسەر بەرهەمە ئەدەبییەکانتان؟
بۆچى. ناتوانم بڵێم ناهومێد نەبووم، ئەم ژیانە، بێتاقەتى لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ، ناهومێدییەک لە ناخەوە، بەڵام چونکە ژیانم هەر لە سەرەتاوە دژوار و ناخۆش بووە و ئێستاش کە ئێستایە یەخەى بەرنەداوم، گیانسەخت ڕاهاتووم. ئەمە واى لێ کردووم لە بەرانبەر ئەم ناهومێدییانەدا خۆڕاگر بم. خۆڕاگرییەکى دەروونى نەک فکرى و ئایدۆلۆژى. سەرنج بدەنە ئەو گیایەى لە شۆرەکات شین دەبێ، گەڵاکانى زۆر وردن و لقەکانیشى کورت و ناسکن، ئەوە بەرهەمى هەلومەرجى شۆرەکاتە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گیایە بەم بچووکى و وردییەى خۆیەوە، دەیەوێ بمێنێتەوە و خۆ ڕادەگرێ، وەلێ فەزاکە پڕە لە ناهومێدی، شەوانى سارد، گەردەلوول و تەپوتۆز. دیسان ئەم گیا بچووکە، بەهۆی ئەوەی دەیەوێ زیندوو بمێنێتەوە، خۆى لەگەڵ شۆرەکات ڕادێنێ، لە کوێستانەکانیشدا هەر وایە، لەنێو دڵى زنار و بەردەکاندا گیایەکى شین ڕوواوە. یەکێک لەو هۆکارانەى واى کردووە سروشتم خۆش بوێت، ئەم یاسایەى سروشتە. ئێمە وەک هونەرمەند و مرۆڤ دەتوانین زۆر وانە لە سروشتەوە فێر بین، فەزاکە ناهومێدکەرە وەلێ هیچ چارەیەکت نییە جگە لە خۆڕاگرى.

بۆ ئەوەندە پێداگر بوون لەسەر نووسین و ئیشێکی دیکەتان تاقی نەکردەوە، ئەی ''ئەوان'' بۆ وازیان لێ نەدەهێنای؟
زیندان لە تافی لاویدا مەلەفێکی گەورەی بۆ دروست کردم، هەمیشە لەژێر چاودێریدا بووم. ئەوە بوو بە کۆسپێکى سەرەکی بۆ دامەزراندنم. تەنانەت ڕێگەیان لە هەموو کارێکم دەگرت. دواى ئەو ڕووداوەو پاش دە ساڵ دیسان گیرامەوە، کە شۆڕشى ئێران دەستى پێ کرد، ساڵێک دواى ئەوە مامۆستا بووم، دواتر دەرکرام. ئێستاش هیچ دەرفەتێکى ژیانم پێ نادرێ، تەنانەت ڕێگە نادرێ بە کارێکەوە سەرقاڵ بم. ڕێگریم لێ دەکەن. من دەمویست دوکانێکى بچووک بکەمەوە و چیپس بفرۆشم، ڕێگەیان پێ نەدام. سەرنجڕاکێشە. بوارى ژیانم بەرتەسک دەکرێتەوە، بارودۆخەکە وەها جێگەى ناهومێدییە کە بیر لەوە دەکەمەوە بمێنمەوە یان نا. مانەوە و نەمانەوەم بۆتە کێشە، ئێستاش بێکارم و ماڵەکەم فرۆشتووە بۆ ئەوەى بژیم، ئەگەر ئەم ماڵەشم بفرۆشم چى؟ بچمە کوێ؟

لە کۆتاییى دەیەکانى چل و سەرەتاکانى دەیەى پەنجا، جۆرێک لە ئەدەبى هەژارانە لە ئێران برەوى هەبوو، بە بۆچوونى ئێوە ئەم جۆرە نووسینانە یان بیرکردنەوانە زەبر لە ناوەڕۆک و پێکهاتەى چیرۆکەکان نادەن؟
بەڵێ، بەڵام ئەم جۆرە ئەدەبیاتە بەرهەمى هەلومەرجى ئەوکات بوو. بەرهەمى هەلومەرجى کۆمەڵایەتى، ئابوورى و کەلتوورى ئەو سەردەمە بوو، هەم ئەدەبیاتى هەژارانە و هەمیش ئەدەبیاتى سیاسى لە چلەکان و پەنجاکاندا برەویان هەبوو، هەردووک لەم تایبەتمەندییانە زەبریان لە ناوەرۆکى چیرۆک دا، تەنانەت زەبرى گەورەشیان وەشاند. بەڵام ئەمە زۆرەملێ بوو، هەلومەرج ئەوەى دەسەپاند. لێرەدا با بیرەوەرییەکى خۆمتان بۆ بگێڕمەوە، کتێبێکم بڵاو کرایەوە و تێیدا ویستومە خۆم لەو فەزایە ڕزگار بکەم کە ئاماژەت پێ دا، چونکە بڕوام پێى نەبوو، ئەودەم ''ساڵى کۆرپە''م نووسى کە بەرهەمێکى تەواو هونەرى بوو. ئەو کەسانەش کە تێڕوانینى هونەرییان خورت بوو، پێشوازییان لەم کتێبە کرد، بەڵام چونکە فەزاکە زۆر سیاسى بوو و پەرەى بە ئەدەبى هەژارانە دەدا، هەندێ کەس بەتوندى بەرەوڕووی بوونەوە و ڕەتیان کردەوە. یەکەمین بەرهەمم کۆمەڵە چیرۆکێک بوو بەناوى ''زام''، ئەم کتێبەش تا دوا ڕادە هونەرییە، چونکە هیچکات لەسەر ئەو بڕوایە نەبووم کە ئەدەبیات پەلکێشى ئەو گۆڕەپانە بکرێت. یەکەم چیرۆکم، چیرۆکێکى سوورئالیستیە و چەند چیرۆکى سیمبۆلیکیشى تیایە. تەنها یەک ــ دوو چیرۆکیان ڕیالیسین، بەڵام هەلومەرج ئەم جۆرە ئەدەبیاتەى ڕەت دەکردەوە، هەلومەرجى سیاسى زەبر لە ئەدەبیات دەدا. هەڵبەت مەبەستم بیرکردنەوە نییە، بیرکردنەوە گەشە بە ئەدەبیات دەدا، بەڵام ڕەوتە سیاسییەکان کە بە گشتى تەمەنیان کورتە، ئەمانە ئەدەبیات قرێژ دەکەن و نووسەر پێویستە خۆى لەم جۆرە تێڕوانینانە بپارێزێ.

نووسینەکانتان زیاتر ڕەنگدانەوەى ژیان و گوزەرانى خەڵکى دەڤەرەکە و بەتایبەت کرماشانن، لە هەمووشیاندا ڕوحێکى کوردانە بەرجەستەیە، بۆچى هێندە گرنگى بەم تایبەتمەندییە دەدەن؟
بەڵێ وایە. ئەمە دەگەڕێتە بۆ ژیانى تایبەتی خۆم. زیاتر لە نیو سەدەیە لە کرماشان دەژیم. کوردستان بەگشتى هێلانەى من بووە، هەر لە کرماشانەوە تاکوو مەهاباد. خۆیشم کوردم. وەکو کوردێک نەتەوەى خۆم خۆش دەوێ. حەزم لە دابونەریت و کولتورەکەیەتى. چونکە لەم بارەوە زۆر دەوڵەمەندە. وەک نووسەرێکى کورد، بەشێوەیەکی خۆڕسک، ژیانى خەڵکى کورد لە بەرهەمەکانمدا ڕەنگى داوەتەوە، نەک بڵێی بەسەرمدا سەپابێ، لە دوایین بەرهەممدا "افسانە سیرنگ" کە بەرگى یەکەمى بڵاو بۆتەوە، هەمووی گێڕانەوە و بەسەرهاتى ژیانى گەلی کوردە.

لە سەرەتادا باسى ئەوەتان کرد کەوتونەتە زیندانی ئێرانەوە، وەک دوا پرسیار دەمەوێ بزانم هۆکارەکەی چی بوو، هەڵبەت ئەگەر خۆتان بتانەوێ باسی بکەن؟
هەڵبەت، بۆچی باسی نەکەم، چیم ماوە تاکوو لێی بترسم؟ پێنج ساڵ لە زینداندا بووم. لە وڵاتانى ڕۆژهەڵات بەگشتى تابشتی بیرکردنەوەى ئازادیان نییە و بە دژوارى بەرەنگاری دەبنەوە و سەرکوتى دەکەن، بەداخەوە ئەمە بەشێکە لە ژیانى نووسەر لە وڵاتانى ڕۆژهەڵات. بەهۆی ئەوەی هیچ سەندیکا و ڕێکخراو و حیزبێکیش نییە، هەموو بەرپرسیاریەتییەکان دەکەونە سەر شانى نووسەر. هەلومەرج لە وڵاتانى جیهانى سێیەم بەم جۆرەیە. جارى وایە لەپڕ لافاوێک دێ و هەموو شتێک ڕا دەدا، لەوانەیە مرۆڤ نەتوانێ لە بەرانبەریدا خۆى ڕابگرێت. کاتێ دەستگیر کرام هێشتا گەنج بووم. لە زیندان، داواى دوو شتیان لێ کردم، چونکە پەسەندم نەکردن، پێنج ساڵ خرامە گۆشەى زیندانەوە. گوتیان لەسەر تەلەڤیزیۆن قسە بکە، بەڵام من چۆکم دانەدا، لەمە گرنگتر داوایان لێ کردم ڕۆمانێک لەسەر جەنگ بنووسم، گوتم من نە فەزاى جەنگم بینیوە، نە کەرەستەکانى جەنگ دەناسم، چۆن بنووسم؟ ئەگەر بڕیاریش بێت بنووسم، دەبێ بە دڵخوازی خۆم فەزاى جەنگ ببینم، نەک بە زۆرەملێ بەڕێم بکەن. لایەنى بەرانبەر ئەمەى نەدەبیست، بەرژەوەندییەکانى وا بوو کە لە من نەگا، ئەمە تراژیدیایە.

مەنسوورى یاقوتى:
•    ساڵى ١٣٢٧ی هەتاوی، لە گوندێکى سەر بە شارى کرماشان لەدایک بووە.
•    لە تەمەنى نۆزدە ساڵیدا لە لایەن دەزگای هەواڵگری "ساواک"ەوە گیراوە و بەهەموویەوە پێنج ساڵ لە زینداندا بووە.
•    ماوەیەک مامۆستایەتى کردووە و پاشان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بڕیارى لەسەرکارلابردنى دراوە.
•    ناچار بووە کۆچ بکات بۆ تاران و مل بنێتە بەر کرێکارى.
•    چەندین جار دەستنووس و داستان و ڕۆمانەکانى تاڵان کراون و بە چەپاو چوون.
•    هەندێک لەبەرهەمەکانى بریتین لە: گوڵخاس، زام، منداڵى من، چیرۆکەکانى ئەسکەندەر، ساڵى کۆرپە، لەژێر خۆردا، چرایەک بەسەر مادیان چیاوە، تووشاى باڵندە غەریبەکەى زاگرۆس، ئەفسانەى سیرەنگ.