۱۳۸۷/۰۸/۲۱

مارۆگولۆف و ئه‌لفبێ لاتینیه‌که‌ی


چیا مازی
له‌ لاتینییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
مارۆگولۆف کێیه؟
ئیسحاق مارۆگولۆف، پێشه‌نگی ئه‌لفوبێی کوردی لاتینییه. وه‌لێ کوردانی باکوور شتێکی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی و ئه‌لفبێیه‌که‌ی نه‌بیستووه. بۆیه ویستم ده‌رباره‌ی ئه‌م زاته هه‌ندێک زانیاری کۆ بکه‌مه‌وه و شاره‌زای ژیان و تێکۆشانی بم. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ ئه‌نته‌رنێتدا ته‌نێ چه‌ند نوسراوێک هه‌بوون که‌ ئه‌وانیش به‌ تورکی نووسرابوون. نووسینه‌کانیش له‌ کتێبێک به‌ناوی (سیانزه لاپه‌ڕه‌ی سه‌رنج ڕاکێش له‌ مێژووی گه‌لی کورد ''Kurt Halk Tarîhînden 13 ilginç yaprak'') وه‌رگیرابوون. واته کتێبی نووسه‌ر و ڕۆشنبیر جه‌لیلێ جه‌لیل که‌ له‌ وه‌شانخانه‌ی ئه‌ڤره‌نسه‌ل چاپکراوه و ساڵی ٢٠٠٧ حه‌سه‌ن کایا ته‌رجومه‌ی کردووه. به‌ڕای من پێویسته زمانزانه‌کان کار له‌سه‌ر ئه‌مه بکه‌ن و بیخه‌نه‌ گفتوگۆوه.

له‌گه‌ڵ خۆمدا گوتم با جارێک منیش سه‌رنج ڕابکێشمه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و ئه‌م مرۆڤه ڕێزداره له‌ تۆی بابه‌تێکی کوردیدا بگونجێنم.

ده‌ڵێن:
ئیسحاق مارگولۆف کوڕی فه‌رهاده و به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئا‌شوورییه. له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا بنه‌ماڵه‌که‌یان کۆچبه‌ری ئه‌رمه‌نستان بوون و له‌گوندی ''دڤین'' که سه‌ر به‌ ''ئه‌ریڤان''ه نیشته‌جێ بوون. مارگولۆف ساڵی ١٨٦٨ له‌دایک بووه و دوای ئه‌وه‌ی خوێندنی مامۆستایه‌تی ته‌واو کردوه، له‌ساڵی ١٨٨٨ه‌وه سه‌ره‌تا له‌ گوندی ''شاته‌خت''ی نه‌خجه‌وان و ئینجا له‌ گوندی ''قه‌مه‌رلی'' ‌مامۆستایه‌تی کردووه. به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ساڵانه له‌گه‌ڵ ماڵباته‌که‌ی ده‌چنه‌ هه‌واری ''ئه‌له‌گه‌ز'' بۆ ناو خانه‌واده کورده‌کان، له‌ ڕێی مناڵانی کورده‌وه فێری ئه‌و زمانه ده‌بێت و وه‌کوو زمانی زگماکی خۆی قسه‌ی پێ ده‌کات و به‌کاری دێنێت.

ده‌ ساڵی ١٩٠٥دا بۆ مامۆستایه‌تی ڕه‌وانه‌ی گوندی ''زۆرێ'' ده‌کرێ که‌ دانیشتوانی کوردن. وه‌ک کوڕه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه له‌وێ ئه‌لفبێی زمانی کوردی ئاماده ده‌کات. هه‌روه‌ک ده‌زانین ساڵانی ١٩٢٠ قۆناغی وشیاربوونه‌وه و پێشکه‌وتنی کوردانی سۆڤییه‌ته. هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا، ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت ئه‌لفبێ بۆ زمانی که‌مینه‌کان چێ بکات. بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م پرسگرێکه، یه‌کێتی سۆڤییه‌ت ده‌وڵه‌تی قه‌فقازیا ڕاده‌سپێرێت و له‌وێ لێژنه‌یه‌ک له‌ که‌سانی پسپۆڕ پێک دێ که‌ خه‌بات ده‌که‌ن بۆ ئاماده‌کردنی ئه‌لفبێ بۆ که‌مینه‌ زمانییه‌کان. بڕیاری ئه‌لفبێی لاتینی بۆ گه‌له‌ک زمانی وه‌ک (تورکی، کوردی، ئاشووری، ئۆسه‌ت) ده‌درێت و داوا له‌ زانایانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ ده‌کرێ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌نگێکدا تیپێکی لاتینی بدۆزنه‌وه‌و وه‌ک ڕاپۆرتێک پێشکه‌ش به‌ لێژنه‌که‌ی بکه‌ن.

سه‌ره‌تا که‌سانی وه‌ک ''ئۆربه‌للی'' و ''ن. مار'' که‌وتنه خۆ، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێنا. له‌و کاته‌دا مارگولۆڤیش که‌وته ناو هه‌وڵدانێکی چڕوپڕه‌وه‌ بۆ دانانی ئه‌لفبێیه‌ک به‌ زمانی کوردی. له‌ ساڵی ١٩٢٨دا مارگولۆف به‌گوێره‌ی فۆنه‌تیکی زمانی کوردی ئه‌لفبێیه‌ک داده‌نێت و ڕاده‌ستی لێژنه‌که‌ی ده‌کات که‌ لێژنه‌که‌ش په‌سند و پێشکه‌شی ده‌وڵه‌تی قه‌فقازیای ده‌کات. له‌ ساڵی ١٩٢٩دا ده‌وڵه‌تی قه‌فقازیا به‌‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی ئه‌لفبێی مارگولۆف ده‌په‌ژرێنێ. به‌ دوای ئه‌مه‌دا مارگولۆف هه‌وڵی ناساندنی ئه‌لفبێیه‌که‌ی ده‌دات، مامۆستایانی کورد له‌ ده‌وری یه‌ک کۆ ده‌کاته‌وه و فێری ئه‌لفبێی تازه‌یان ده‌کات. به‌ناو کورده‌کاندا ده‌گه‌ڕێت و پێیان ده‌ناسێنێ.

به‌ڵام له‌ ساڵی ١٩٣٠دا ئه‌م ئه‌لفبێیه له‌ لایه‌ن وڵاتانی سۆڤییه‌ته‌وه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، له‌ ساڵی ١٩٤١دا له‌ ئه‌رمه‌نستان و به‌ پێی بڕیارێكی ئه‌و وڵاته ئه‌لفبێی كوردی به‌ تیپی كریلی داده‌نرێت و دانی پێدا ده‌نرێ. نه‌ ته‌نێ ئه‌لفبێی كوردی، به‌ڵكه هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ لاتینی ئاماده كرابوون، هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه و كران به‌ تیپی كریلی. ئه‌مه‌ش بێ ئیراده‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی تر پێک دێت.

مارگولۆف تا له‌ ژیاندا بوو (٦ی ڕه‌زبه‌ری ١٩٣٣ كۆچی دوایی كردووه) كاری له‌سه‌ر ئه‌لفبێ و زمانی كوردی كرد. له‌ گۆڤارێكی ڕووسی زماندا به‌ ناوی ''وێژه‌ و چاندی ڕۆژهه‌ڵات'' بابه‌تێكی زانستی له‌سه‌ر ئه‌لفبێی كوردی بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌م نووسینه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری ده‌بێت. دواتر چه‌ندین دۆسیه و به‌رهه‌می تریش هه‌ر له‌مباره‌وه ئاماده‌ ده‌كات.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ خه‌باته‌كه‌ی مارگولۆفدا جێگه‌ی داخه ئه‌وه‌یه كه‌ هه‌وڵه‌كانی هاوكاتن له‌گه‌ڵ خه‌باتی جه‌لاده‌ت به‌درخان و هاورێیانی، ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک ماندووبونی ئه‌وی شاردۆته‌وه. به‌ڵام چی وای كردووه كه‌ ئاگایان له‌ یه‌كتر نه‌بووه و سوودیان له‌ یه‌كتری وه‌رنه‌گرتووه. ئه‌وه‌ی ئاشكرایه ئه‌لفبێیه‌كه‌ی مارگولۆف له‌ ٣٧ پیت پێک دێ.

ژێده‌ر: ١٣ لاپه‌ڕه‌ی سه‌رنج ڕاكێش له‌ مێژووی گه‌لی كورد، (Kurt Halk Tarîhînden 13 ilginç yaprak)، جه‌لیلێ جه‌لیل، وه‌شانخانه‌ی ئه‌ڤره‌نسه‌ل، له‌وه‌رگێڕانی؛ حه‌سه‌ن كایا، 2007.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر