سەلاحەدین بایەزیدی
ئه‌ی مه‌سیح! نزیک به دوو هه‌زار ساڵ تێده‌په‌ڕێ و تۆ هێشتا هه‌ر له خاچ ده‌ده‌ن. ئه‌دی که‌نگێ تۆ له خاچ ناده‌ن و کاتێک تۆ دێیت ئیدی جاویدانه له‌ناوماندا ده‌ژیت؟
له خاچ دانه‌وه‌ی مه‌سیح، نیکۆس کازانتزاکیس
ئه‌و به‌ره‌به‌یانه‌ی پێشه‌وا له لایه‌ن دوژمنانیه‌وه له سێداره درا، هه‌رگیز بیری له‌وه نه‌کردبۆوه، له داهاتوودا ڕۆڵه‌کانی له سێداره‌ی دەده‌نه‌وه، ڕۆح و بیری خۆی و هاوڕێیانی بۆ جارێک و سه‌د جارێک ده‌ده‌نه‌وه له سێداره. قه‌ت بیریشی بۆ ئه‌وه نه‌چووه له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیدا، ته‌ناف له گه‌ردنی ڕه‌نج و ئامانجه‌کانی بکه‌ن. به خه‌یاڵیدا نه‌هاتوه هاوخوێن و هاوزمانه‌کانی، سووک و سانا ته‌سلیم به دوژمنی بکه‌ن. وه‌یده‌زانی له ناوماندا جاویدانه ده‌ژی، ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌یه‌کی به ئه‌مه‌کیش نه‌بین بۆی، لانیکه‌م خراپه‌مان بۆی نابێ و به ڕێزه‌وه یادی ده‌که‌ین.
ئه‌و کات له مه‌یدانێک، له به‌ره‌به‌یانێکی کپدا له‌سێداره درا و ئێستا له سه‌د مه‌یدان، له هۆڵی خۆی، له که‌مپه‌کانی حزب، له باره‌گای مه‌سئوله‌کان، له ناوه‌نده‌کانی ده‌وڵه‌ت و … له‌به‌ر چاوی هه‌ر هه‌موومان له سێداره ده‌درێته‌وه.
ئه‌و کات له ژێر ئاڵای شێر‌و خورشیدی ئێران و ئێستا له ژێر ئه‌و ئاڵایه‌ی خۆی بۆ یه‌که‌مجار هه‌ڵیکرد، ئه‌و کات له مه‌یدانی چوارچرا و ئێستاش له‌به‌ر ده‌رکی سه‌را، له شێخه‌ڵڵا. ئه‌و کات حوکمه‌که‌ی له لایه‌ن عه‌جه‌مه‌کان و به زمانی بێگانه خوێنرایەوه، ئێستا له لایه‌ن ڕۆڵه‌کانی خۆی و به زمانی کوردی.
له هه‌موو ئه‌و سێدارانه گه‌وره‌تر، سێداره‌یه‌که که حکومه‌تی هه‌رێم ساڵانه له یادی خومه‌ینیدا بۆ پێشه‌وای به‌رز ده‌کاته‌وه و له پێش چاوی هه‌موومان، بێ به‌زه‌ییانه ته‌رمی هه‌ڵواسراوی ئه‌و ڕێبه‌ره‌مان دێنێته‌وه به‌رچاو. مۆمێک بۆ یادی خومه‌ینی ڕۆشن ده‌که‌ن و سه‌دان ڕووناکی له دڵی ئێمه‌دا ده‌کوژێننه‌وه. گوڵێک له‌سه‌ر وێنه‌ی خومه‌ینی داده‌نێن و هه‌زاران تف له کێلی پێشه‌وا ده‌که‌ن. فاتیحایه‌ک بۆ ڕۆحه شوومه‌که‌ی خومه‌ینی ده‌خوێنن و بزمارێک له تابووته‌که‌ی پێشه‌وا ده‌ده‌ن.
به لای ئێمه‌وه چه‌ند ئاسایی بۆته‌وه له‌سێداره دانی ڕۆح و کوشتنی خه‌ون. چه‌ند سانا بۆته‌وه له‌سێداره‌دانی ڕابردوو و مێژوومان. سووکایه‌تی به ئامانجمان، به سروودمان، به که‌سایه‌تیه‌کانمان و به … وه‌ک ئاو خواردنه‌وه‌ی لێهاتوه.
دواجار سه‌یر نییه سبه‌ی ڕۆژ له هۆڵی مه‌لا مسته‌فای بارزانی یادی سه‌ددام حوسێن بکه‌ینه‌وه، له هۆڵی سه‌ید ڕه‌زای دێرسیمی یادی ئاتاتورک، له هۆڵی جگه‌رخوێن یادی حافز ئه‌سه‌د و له هۆڵی شێخ مه‌حموود، یادی عه‌لی کیمیایی بکه‌ینه‌وه. نا، هیچ سه‌یر نییه، چونکه هه‌موو شتێک به لامانه‌وه ئاساییه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر