۱۳۹۶/۰۴/۰۴

کورد و ئەندێشەی چەپ لە وتوێژێکدا لەگەڵ پرۆفیسۆر ئەمیر حەسەنپوور


ڕۆژەڤ/ سەلاحەدین بایەزیدی

پرۆفیسۆر دکتۆر ئه‌میر حه‌سه‌نپوور لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٣ی شاری مه‌هابادی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و شاره‌زای زمانناسی، میدیای گشتی و مێژوو و سیاسه‌تی مۆدێرنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته (بەتایبه‌ت مێژووی نوێی کوردان). ئه‌و مامۆستای دێپارتمانی شارستانیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نزیک و ناوین له زانکۆی تۆرنتۆی کانادایه و له‌و زانکۆیه کۆرسه‌کانی ناسیۆنالیزم، مافی که‌مینه‌کان، میدیای گشتی و بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییەکان له رۆژهه‌ڵاتی ناوین پێش‌کێش ده‌کات. کتێبی ناسیونالیزم و زمان له کوردستان ١٩١٨ - ١٩٨٥ (١٩٩٢)، به‌رهه‌می هه‌ره  به‌ناوبانگی دکتۆر حه‌سه‌نپووره. لەگه‌ڵ ئه‌وه‌ش له زۆر کتێبی سه‌باره‌ت به کوردستان، رۆژهه‌ڵاتی ناوین، زمانناسی و میدیای گشتیدا به نوسینی چه‌ند به‌ش یان بابه‌تێک به‌شداری کردووه. هه‌روه‌ها نوسراوه و وتارگه‌لێکی جۆراوجۆری له زۆر گۆڤاری ئاکادیمی و ئه‌نیسکلۆپیدیاکانی جیهاندا لێ بڵاو بۆته‌وه. لەوانه ئه‌نیسکلۆپیدیای ته‌له‌ڤیزیۆن، ئه‌نیسکلۆپیدیای ئیرانیکا، ئه‌نیسکلۆپیدیای دیاسپۆرا، ئه‌نیسکلۆپیدیای ئاسیای مۆدێڕن، ئه‌نیسکلۆپیدیای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی مۆدێرن و ئه‌نیسکلۆپیدیای موزیکی جۆرج گراو. لێکۆلینه‌وه‌ی هه‌ره دوایی ئه‌میر حه‌سه‌ن‌پوور سه‌باره‌ت به جینوساید له کوردستان له وتارێک به نێوی "کورده‌کان" له ئه‌نیسکلۆپیدیای جینوساید و جه‌نایه‌ت دژی مرۆڤایه‌تی (Macmillan، 2005)دا بڵاو بۆته‌وه و به یه‌کێک له به‌رچاوترین کاره‌کانی ناوده‌برێت. دوکتور ئه‌میر حه‌سه‌نپوور له نزیکه‌وه ئاگاداری ڕه‌وشی سیاسی و کولتوری کورده‌کان له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و جیهان به گشتییە و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری کار و نوسراوه‌کانی سه‌باره‌ت به کوردانه. هه‌روه‌ها ئه‌میر حه‌سه‌نپوور هاورێ له‌گه‌ڵ دوکتور شه‌هرزاد مۆجاب (هاوسه‌ر و هاوکاری) کۆمه‌ڵێک کار و بابه‌تیان سه‌باره‌ت به جه‌نایه‌ت به نێوی ناموس له کوردستان و له هه‌رێمه‌که، بڵاو کردۆته‌وه.

وەک زۆر شتی تر بیری چەپیش بەشێوەیەکی ئۆرژیناڵ نەگەیشتۆتە کورد واتە لەرێگەی عەرەبەکان یاخود فارس یان تورکەکانەوە بەکورد گەیشتووە، ئایا هەر ئەمەش هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی چەپی کورد هەمیشە لەژێر چەتری ئەوانی تردا بێت و نەتوانێ وەک تەڤگەرێکی سەربەخۆ کار بکات؟ 

ئەمیر حەسەنپوور: "چەپ" و "راست" مانای جۆراوجۆریان هەیە بەڵام لەو پرسیارەڕا وا دەردەکەوێ کە مەبەست لە "چەپ" بەرەی کۆمۆنیست و سۆسیالیستە. پێموایە داڕشتنی ئەو باسە لەچوارچێوەی ڕەسەن بوون یان ئۆریژیناڵ بووندا یارمەتی نادا بەشیکردنەوەو لێکدانەوەی چەپ. بیری چەپ، بەمانای کۆمۆنیسم، لەهەر جێگەیەک ڕا هاتبێتە کوردستان (جا چ راستەوخۆ چ بەنێوبژی) بەشێک لەبیری سیاسی کۆمەڵگەی کوردە و زۆربەی چەپەکان حەولیان داوە کۆمەڵگای کورد بەشێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕن و بیرو سیاسەتی چەپ دەبێ وەک بەشێک لە ژیانی سیاسی و کلتووری گەلی کورد چاوی لێبکرێ.
مەبەست لەوەی کە بیری چەپ "لەرێگەی عەرەبەکان یاخود فارس یان تورکانەوە بەکورد گەیشتوە" چییە؟ لەئەو پرسیارەدا بۆچونێکی ناسیۆنالیستی بەدی دەکرێ. عەرەب و فارس و تورک، وەک کورد و گەلانی تر، رێبازی سیاسی و فکری جۆراوجۆریان هەیە و قەومیەت یان ئێتنیسیتەی ئەوان ناتوانێ بیری چەپ یان هیچ بیرێکی تر تەواو لەقالب بدا. دیارە عەرەب و فارس و تورک نەتەوەی دەسەڵاتدارن زۆر شت لە سینەما و رۆژنامەڕا بگرە هەتا فیزیک و شیمی و پەروەردە بەنێوبژی کردنی دەسەڵاتی ئەوان گەیشتۆتە کوردستان. بەڵام کوردێکی چەپ یان چەپێکی کورد، وەک نوسەر یان شاعێرێکی کورد، خاوەنی فیکر و بیروبۆچوونی خۆیەتی و لاساکەرەوەیەکی بێ ئیرادە و بێ دەست و پێ نییە.
پرسیارەکە وای دادەنێ کە چەپ نەیتوانیوە وەک فکرێکی سەربەخۆ لە"عەرەب و فارس و تورک" هەڵسووڕێ. ئەو باسە لەمێژە کراوە و مەبەستیش ئەوەیە کە بڵێن چەپ کێشەی نەتەوەیی کوردی وەلا ناوە و لەڕوانگەی ئەو سێ نەتەوەیە دەڕوانێتە کێشەکە و بگرە لەدژی بەرژەوەندی کوردیش هەڵسوڕاوە. ئەگەر پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر باسەکە ئەوەیە کە چەپی کورد بۆ رزگاری گەلی کورد خەبات ناکا، ئەوە ئاکامی خۆهەڵپەساردنی چەپی کورد بەچەپی عەرەب و فارس و تورک نییە و باشترە بەپێوانەی تر هەڵی بسەنگێنین: ئەگەر چەپی کورد کێشەی نەتەوەیی وەک "چەپی" شۆڤێنیستی عەرەب و فارس و تورک لێکدەداتەوە دەبێ هۆکارەکانی لە کۆڵانی تر (سیاسەت، ئیدەئۆلۆژی، تیۆری) بدۆزینەوە نەک لەبواری قەومییەتدا. وانییە کە هەرکەس کورد بێ (چەپ یان ڕاست) لایەنگری ڕزگاری گەلی کوردە. هەروەها وا هەیە کە عەرەبێک، تورکێک یان فارسێک زیاتر لەزۆر کوردان خەبات بۆ ڕزگاری گەلی کورد بکات. ئیسماعیل بێشکچی چەپێکی تورکە کە پتر لە زۆر کورد بۆ رزگاری گەلی کورد تێکۆشاوە و تووشی زیندان و چەرمەسەری بوە.

چەپ وەک زاراوەیەکی سیاسی یان وەک بیرۆکە لە پرۆسەی خەباتی سیاسی کورددا کەی دەرکەوت؟ 

ئەمیر حەسەنپوور: چەمکی چەپ و ڕاست، ئەوەندەی من ئاگام لێی بێ، لە دوای شەڕی جیهانی دووەم لە زمانی کوردیدا دەکار هاتوە و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەورێکی گێڕاوە لە ناساندن و دەکارهێنانی ئەو چەمکانە. "چەپ" لەبەرامبەر "راست"دا رادەوەستێ و ماناکەیان لە دووبەرەکێتی و ناکۆکی نێوانیاندا دەردەبڕدرێ. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دوو چەمکە بۆ لێکدانەوەی پرۆسەی پڕ لە ناکۆکی خەباتی سیاسی بەکەڵکن، بەڵام کافی نین و زۆر جار بەشێوەیەکی ساکارانە و بەبێ خستنە بەر چاوی بارودۆخی مێژوویی دەکار دەهێندرێن.
چەمکی "چەپ" ئێستە بە دوو مانا دەکار دەهێندرێ: یەکەم، بۆچوون و بیر و سیاسەتێکی کە دەیەوێ گۆڕانی بنەڕەتی (رادیکاڵ) لە نیزامی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی پێک بێنێ بۆ ئەوەی بەرانبەری و عەداڵەت و ئازادی بۆ زۆربەی خەڵک، بەتایبەتی ئەو چین و توێژانەی دەسەڵاتیان نییە، دابین بکرێ. چەپ بەو مانایە لەبەرانبەر ڕاست رادەوەستێ. "راست" ئەو بۆچوون و فکر و سیاسەتەیە کە نایەوێ باری باو بە گوێرەی بەرژەوەندی جەماوەری زوڵملێکراو و چەوساوە بگۆڕدرێ و پێی وایە گۆڕانی بنەڕەتی، نەزمی کۆمەڵگە و باری باو دەشێوێنێ و ئاکامی دیارینەکراو و چاوەڕوان نەکراوی خراپی دەبێ. چەپ بەو مانایە تەیفێکی بەرینە و لە دیموکرات و ئازادیخوازی وەک قانیعی شاعیر ڕا بگرە هەتا کۆمۆنیستی وەک گۆران وەخۆ دەگرێ.
وا هەیە، کەسێکی کە چەپ نییە (بەو مانایەی باسم کرد) لەسەر کێشەیەکی تایبەتی، هەڵوێستی چەپ دەگرێ، هەروەها، کەسێکی کە چەپ بێ، دەتوانێ لەبڕگەیەکی تایبەتی و سەبارەت بەکێشەیەکی تایبەتی هەڵوێستی راست بگرێ. بەو مانایە دەکرێ بۆچوونی چەپ و راست لە پڕۆسەی خەباتدا، کۆن و زوو، بەدی بکەین. ئەگەر بەشێوەیەکی دیالێکتیکی چاو لە کێشەی چەپ بکەین، چەپ و راست وەک دیاردەی مێژوویی مانا پەیدا دەکەن. بۆ وێنە، دەکرێ بڵێین کاتێکی حاجی قادری کۆیی، لە سەرەتای پەیدابوونی ناسیۆنالیزمی کورد لەئاخری سەدەی نۆزدەدا، مافی خوێندن (پەروەردە)ی بۆ ژنی کورد پەسند کرد هەڵوێستێکی چەپ بوو لەکوردایەتیدا. ئەو هەڵوێستە تەنیا لەبەرامبەر بۆچوونی باوی کوردەواریدا (کە رێبازی خان و میر و شێخەکان بەسەریدا زاڵ بوو) چەپ بوو، بەڵام ئەو هەڵوێستە، ئەگەر بێتوو لە ڕادەی دەستکەوتەکانی ژنان لە رۆژئاوای (ئەوروپا و ئەمریکای باکووری) ئەودەم دا بەراوردی بکەین، چەپ نەبوو.
دووهەم: مانایەکی تری چەپ، کە ئێستە لە ئێران و چەند وڵاتێکی تردا باوە بووە، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستیە. دوای رووخانی یەکێتی سۆڤییەت و ئەوروپای رۆژهەڵات، بەعزە حیزب و رێکخراوەی سۆسیالیست و کۆمۆنیست ناوی خۆیان گۆڕی و لەباتی "سۆسیالیست" و "کۆمۆنیست" وشەی چەپیان دەکار هێنا. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ بڵێین سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم لەبەرامبەر لیبرالیزم و کۆنسێرڤاتیزمدا سیاسەتی چەپن، بەڵام لێرەدا "چەپ" و "ڕاست" پەیوەندی ئەو سیاسەتانە بە چینی کۆمەڵایەتی دەشارنەوە و باشترە "چەپ" بەمانای کۆمۆنیست یان سۆسیالیست دەکار نەهێنین. دیارە هەم لەلیبراڵیزمدا و هەم لەکۆمۆنیزمدا دەکرێ مەیل و رەوتی "چەپ و راست" بەدی بکەین بەڵام تەنانەت لێرەشدا، لەم چەپ و راستەدا دەکرێ پەیوەندی چینایەتی بدۆزرێتەوە.
مەبەستی ئەو پرسیارە (چەپ "وەک بیرۆکە لەپرۆسەی خەباتی سیاسی کورددا کەی دەرکەوت؟") مانای دووهەمە ــ واتە بیری سۆسیالیزم ــ کۆمۆنیزم لەخەباتی سیاسی کورددا کەی دەرکەوت؟
وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویستی بەمەودای کتێبێک هەیە. بەکورتی، فکری کۆمۆنیزم لەهەر پارچەی کوردستاندا لەبارودۆخی تایبەتی هەر کام لەو وڵاتانە کە کوردی تێدا دەژی (تورکیە، ئێران، عێراق، سوریا و روسیا) پەیدا بوو. شۆڕشی سۆسیالیستی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە روسیا دەورێکی هەرە گرنگی گێڕا لە پەیدابوونی بیری کۆمۆنیزم لەناو رۆشنبیران و زەحمەتکێشاندا. بە دامەزراندنی دەسەڵاتی سۆڤییەت لە قەفقاز و لە ئاسیای ناوەندی، ئاسۆی رزگاری لە چەوسانەوەو زوڵم رووناکتر بوو. جوتیاری زەحمەتکێش و کرێکاری چەوساوەی کورد لەقەفقاز بەرەو پیری شۆڕشی سۆسیالیستی چوون و تەنانەت لەنێو کوردەکانی خوراسان راپەڕینی زەحمەتکێشان وەڕێ کەوت. دوایەش، بەدامەزراندنی حیزبە کۆمۆنیستەکان لەو وڵاتانە، بیری کۆمۆنیستی لەکوردستاندا زۆرتر بڵاو بۆوە و بەشێک لەتوێژی رۆشنبیری نوێباوی کورد بیری کۆمۆنیستی رەچاو کرد. بەشێکیش لەو توێژە سیاسەتی بورژوازی رۆژئاوای رەچاو کرد (بڕوانە رۆژنامەی کوردستان و چاپەمەنی کوردی لەساڵانی ١٩٠٨ تا ١٩٢٣ لە تورکیای عوسمانی).
با بگەڕێمەوە سەر پرسیاری هەوەڵ. کاتێک باسی بیری کۆمۆنیستی دەکرێ دەڵێن خۆماڵی نییە و لەدەرەوە ڕا هاتوە. یان لە تورک و عەرەب و فارس وەرگیراوە، یان بیرێکی بەستراوەیە و سەربەخۆ نییە. بەڵام کە باسی ناسیۆنالیزم و لیبرالیزم و کۆنسێرڤاتیزم دەکرێ پرسیاری وا ناکرێ.
 
بۆچی چەپ لەکوردستاندا لەناو کۆمەڵگادا نەچەسپاوە و وەک گوتارێکی رۆشنبیریی بوونی نەبوە و زیاتر وەک ئامرازێکی ئەحزابی سیاسی بەکار هاتوە؟

ئەمیر حەسەنپوور: کاتێکی دەڵێی "چەپ لەناو کۆمەڵگادا نەچەسپاوە" دەکرێ بپرسم "کام چەپ؟" و "لەناو کام بەشی کۆمەڵگا؟" ئەگەر لێرەدا مەبەست لەچەپ، کۆمۆنیزم یان سۆسیالیزمەن دەبێ بڵێم کۆمۆنیزم وەک تیۆری و فەلسەفە و سیاسەت لەگشت وڵاتانی دنیا لەپێشدا لەنێو رۆشنبیراندا سەر هەڵدەدا نەک لەناو تەواوی جەماوەری خەڵک. تیۆری و ئیدەئۆلۆژی و بۆرژوازیش (لیبرالیزم، ناسیۆنالیزم و .. ) هەر وایە.
لەکوردستاندا، بەشێکی گرنگی رۆشنبیران وەدوای ئەو بیرە کەوتن. شاعیری هەرە گەورەی کورد ــ عەبدوڵا گۆران ــ یەکێک لەوانەیە. لەروسیا، توێژی رۆشنبیری کورد لەپرۆسەی دامەزراندنی سۆسیالیزمدا سەری هەڵینا. لەبواری سیاسەتدا، دەوری چەپی کۆمۆنیست زۆر بەرچاو بوە. پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەیڕەو و پرۆگرامی خۆیدا تا ساڵی ١٩٧٦ (کۆنفرانسی پارتی کە سەرکردایەتی کاتی بەڕێوەی برد) دەیکوت: پارتیمان لەخەباتی سیاسی و شیکردنەوەی کۆمەڵایەتیدا سوود لەتیۆری مارکسی ــ لنینی وەردەگرێت. کۆمۆنیستی کورد لە حیزبە کۆمۆنیستەکانی سوریا و عێراق و لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و ئێران دەوری چالاکیان هەبوە. لە کوردستانی عێراق لەسەرەتای ساڵانی ١٩٧٠ کۆمەڵەی مارکسی ــ لنینی دامەزرا و دوایە لە کوردستانی ئێران "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" پێکهات. ئەوەندەی خەڵکی زەحمەتکێش بێ، بەکرێکارو جوتیارەوە، لایەنگری لە کۆمەڵە زۆر بەرین بوو. لەو پرسیارەدا، "گوتاری رۆشنبیری" لەخەباتی سیاسی و بەتایبەتی حیزبی سیاسی دابڕدراوە. ناکرێ بڵێین کە "چەپ وەک گوتاری رۆشنبیری بوونی نەبوە". بۆ وێنە بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکانی یڵماز گۆنای، عەبدوڵا گۆران و حەسەن قزڵجی و عەرەب شەمۆ بەشێکن لە"گوتاری چەپ". هەروەها بیروبۆچوونی رۆشنبیری وەک هێمن، ئیبراهیم ئەحمەد (لەماوەیەکی درێژ لەژیانیدا)، جگەرخوێن، دڵزار و زۆر کەسی تر مۆری چەپی لێدراوە. لە مێژوونووسین و رەخنەی ئەدەبیشدا، دەوری چەپ زۆر بەرچاو بووە.
دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێ کە بیرو ئیدەئۆلۆژی دەوری هەرە گرنگ دەگێڕن لە خەباتی چینایەتیدا. هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگای چینایەتی کە بێجگە لەچەوساندنەوە پڕە لەزوڵم و زۆر (زوڵم لە ژنان، زوڵم لە گەلان، لە منداڵان، لە کەمایەتی رەگەزی و دینی و ...) بەبێ تیۆری و ئیدەئۆلۆژی شۆڕشگێڕانە سەر ناگرێ. ئیدەئۆلۆژییەکان لەباری ئیمکاناتەوە (بۆ وێنە ئیمکانی پەرەپێدان و بڵاوبوونەوە) نابەرابەرن. مارکسیسم سەرکوت کراوە و سەرکوت دەکرێ. لەهیچ زانکۆیەک مارکسیسم وەک دەرس لەبەرنامە دا نییە و لەمەدرەسەی سەرەتایی و ناوەندیشدا تەنیا جیهانبینی و ئیدەئۆلۆژی چینە دەسەڵاتدارەکان ــ بورژوازی و دەرەبەگ ــ بانگەشە دەکرێ. ئەگەر لەکۆمەڵگەی کورددا، رێبازی ناسیۆنالیستی و دەرەبەگی زاڵە و رێبازی کۆمۆنیستی باو نییە، لەبەر ئەوە نییە کە ناسیۆنالیزم رەسەنە یان ئۆریژیناڵە یان حەقانییەتی لەکۆمۆنیزم زۆرترە. ئێستە کە ماوەی ١٦ ساڵە حکومەتێکی کورد بە پەرلەمان و بە دەزگای ئیداری و عەسکەرییەوە لەکوردستانی عێراق دەسەڵاتی دەوڵەتی دەکار دێنێ، ناکۆکی نێوان جەماوەری خەڵک و حکوومەت توندوتیژتر بووە. کوشتاری ژنان درێژەی هەیە و زۆربەی گەنجەکان، ئەگەر بۆیان هەڵبکەوێ، "نیشتمانی رزگارکراو" بەجێ دێڵن و بەرەو وڵاتی رۆژئاوا دەڕۆن و حکومەتی کوردیش دەرگای ئابووری کوردستانی کردۆتەوە بۆ هەر وڵاتێکی بیەوێ سەرمایەگوزاری تێدا بکا و وەبەر لێشاوی شتومەک و کەلوپەلی خۆی بدا.
بۆچی "چەپ لەکوردستاندا لەناو کۆمەڵگادا نەچەسپاوە؟"، من پێموایە، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی هەم لەکوردستان هەم لە وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبواری رێبازدا (لە سیاسەت و ئیدەئۆلۆژی) داماون. ئەو بزوتنەوەیە، لەزۆربەی ژیانی خۆیدا، زۆر کۆمۆنیستی نەبوە. لە پراتیکدا، کۆمۆنیستەکان تێکۆشەر و کۆڵنەدەر بوون بەڵام لە تیۆریدا کۆڵیان داوە بە جیهانبینی و رێبازی بورژوایی. دیارە بارودۆخیش لەدژی ئەو بزووتنەوەیە بووە.
 
 ئەی چۆنە ئیلهامی کاری چەپەکان و شێوازی بیرکردنەوەیان لە چەپی سۆڤیەت سەرچاوە دەگرێت نەک چەپی ئەوروپا لەکاتێکدا چەپ وەک بیرۆکە لەئەوروپا سەری هەڵداوە، وەک دەشبینین چەپەکانی ئەوروپا بەگوێرەی هەلومەرجەکان گۆڕانکاری دروست دەکەن؟

ئەمیر حەسەنپوور: ئەو پرسیارەش چەند فەرزی تێدایە کە، بەبۆچوونی من، دروست نین. لەسەرەتای سەدەی بیستدا، تا رادەیەک دیار بوو، کە مارکسیسم کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەدا هاتبوە دنیا لە  رووسیا هەنگاوی گرنگ بەرەو پێشەوە هەڵدەگرێ. ئەوە بەتایبەتی لە پرۆسەی خۆئامادەکردنی دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان بۆ وەڕێخستنی شەڕی جیهانی هەوەڵ دەرکەوت. حیزبی کۆمۆنیستی روسیا (کە ئەودەمی ناوی حیزبی سۆسیال دیموکرات بوو) دژی بەشداریکردن لەو شەڕە بوو و بەرنامەی ئەوە بوو کە ئەو شەڕە بکاتە شەڕێک لەدژی رژێمی تزاری. دەوری لێنین لەو خەباتەدا دەورێکی سەرەکی بوو. شۆڕشی سۆسیالیستی ئۆکتۆبەری ١٩١٧، بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی و کرێکاری دنیای بەرەو لێنێنیسم راکێشا. یەکێتی سۆڤییەت، هەوەڵ وڵاتی سۆسیالیستی دنیا، وەک بنکەی شۆڕشی جیهانی چاوی لێدەکرا لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بنکە نەیتوانی دەوری خۆی تەواو بگێڕێ. لەکۆتاییدا، لە سی ــ چل ساڵی ئاخری ژیانیدا، بوو بەبنکەی دژی شۆڕش.
جیاکردنەوەی رووسیا/سۆڤیەت لەئەوروپا هەڵەیە. رووسیە/سۆڤییەت بەشێک لەئەوروپا بوون و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی رووسیا، چ لەساڵانی پێش ١٩١٧ و چ دوای ئەو، لە بزوتنەوەکانی ئەوروپای رۆژئاوا پێشکەوتوتر بوو، ئەوەش سەرباقی ئەوەی روسیا لەباری ئابورییەوە دواکەوتوتر بوو.
ئەو پرسیارە وای دادەنێ کە چەپی ئەوروپا (ئەوروپای رۆژئاوا) بەرێگەیەکی دروستدا رۆیشتوە. رێگەی ئەوان دروستە لەبەر ئەمەی "چەپ وەک بیرۆکە لەئەوروپا سەری هەڵداوە". ئەو بۆچوونە، وەک ئەوەی پرسیاری هەوەڵ، رەسەنایەتی دەکاتە پێوانەی دروستی و نادروستی. چونکە مارکسیسم لەروسیا لەدایک نەبوو، رووسیا لە رێگە لای دا. پرسیارەکە دەڵێ "چەپەکانی ئەوروپا بەگوێرەی هەلومەرجەکان گۆڕانکاری دروست دەکەن"، لێرەدا مەبەست لەو چەپانە "سۆسیال دێموکراتەکان"ن، لە وەڵامی ئەو باسەدا دەبێ بڵێم، کە ئەو سۆسیال دیمۆکراتانە بەشێک لەبزوتنەوەی کۆمۆنیستی نین. ئەو گۆڕانکارییەی کە کردوویانە (بەریفۆرم و بەگوێرەی هەلومەرجەکان) لەچوارچێوەی نیزامی سەرمایەداریدا بووە، بۆ وێنە لەوڵاتانی سکاندیناوی، فنلاند، فەرانسە، ئەڵمان و ... هتد. ئێستە کە بەرەی سۆڤییەت نەماوە و نیزامی سەرمایەداری لەقەیران دایە، خەریکن ئەو دەستکەوتانە (بیمەی نەخۆشی، بیمەی بێکاری و شتی وا) پێشێل دەکەن و سۆسیال دیمۆکراتەکان ناتوانن ئەو دەستکەوتانە بپارێزن و تەنانەت خۆشیان وەدوای کۆنسێرڤاتیوەکان کەوتوون (بڕوانە سۆسیال دیمۆکراتەکانی سوید و دانمارک و ئینگلستان و ئەڵمان و وڵاتانی تر). هەروەها، ئەو ئازادییە مەدەنییانەی کە دوای دوو سەدە خەبات بەسەر دەوڵەتی بورژوازیدا داسەپێندرابوون پێشێل کراون، سۆسیال دیمۆکراتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هاوفکرە ئەورپاییەکانیشیان دواکەوتووتر بوون (ئیجەویت لە تورکیا، سۆسیال فاشیست بوو). لەکوردستانیش، ئەوەی خۆی بەسۆسیال دیمۆکرات داناوە (بۆ وێنەی یەکێتی نیشتمانی و کۆمکار) جیاوازییەکی بەرچاوی لە حیزبە ناسیۆنالیستەکان نەبوە و وەک حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی ئەوروپا ناسیۆنالیست بوون.
 
چەپ لە کوردستانی ئێران چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ چەپ لە کوردستانی عێراق یاخود کوردستانی تورکیا.

ئەمیر حەسەنپوور: ئەو پرسیارە پێویستی بەڵێکۆڵینەوەو تێڕوانینێکی زۆر هەیە و وەڵامەکەی لەچەند بەرگ کتێبیشدا جێی نابێتەوە. گیروگرفت لە بواری تیۆری و ئیدەئۆلۆژیدا، واتە نەبوونی رێبازێکی کۆمۆنیستی و تێکەڵاوبوونی لەگەڵ ناسیۆنالیزم، لەگشت پارچەکان و لەتەواوی ناوچەدا بەرهەڵستی سەرەکی بوە. لەتورکیا لەساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ زۆر رێکخراوی کۆمۆنیستی پەیدا بوون کە زۆربەیان لەکودەتای ١٩٨٠ دا سەرکوت کران و ئەوەی کە بەرگەی گرت و گەشەی کرد پ.ک.ک بوو. ئەو رێکخراوە رێبازی خۆی وەک سۆسیالیزم ناساند بەڵام لەسەرەتاوە کردەوەو بەرنامەکەی ناتەبایی زۆری لەگەڵ بەرنامە و رێبازی کۆمۆنیستی هەبوو و دوایەش دەستی لەسۆسیالیزم هەڵگرت. لەکوردستانی عێراق، کۆمەڵەی مارکسی ــ لنینی لەساڵانی ١٩٧٠ رێبازی کۆمۆنیستی رەچاو کرد بەڵام بەتێگەیشتنێکی زۆر ساکارانە و رووکارانە و لەباتی ئەوەی مێژووی کوردستان و ناوچە بەرەو ئاسۆیەکی نوێ هان بدا، لەچوارچێوەی کوردایەتی سونەتی (تەقلیدی)دا سەری لێشێوا و لەباتی ئەوەی ببێتە حیزبێکی کۆمۆنیست رۆیشتە ژێر ئاڵای رێبازێکی سانتریست و خێراخێرا بەرەو پاشەوە رۆیشت و بوو بە"کۆمەڵەی رەنجدەران" و دوایە لە "یەکێتی نیشتمانی"دا تواوە.
لە ئێران، "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران"، بەپێچەوانەی کۆمەڵەی عێراق، لە سەرەتاوە، وەک رێکخراوێکی مارکسی ــ لنینی دانەمەزرا. لەگەڵ ئەمەشدا، وەک کۆمەڵەی عێراق، رێبازی زۆربەی دامەزرێنەرانی مارکسی ـــ لنینی بوو. ئەگەر کۆمەڵەی عێراق لەئاکامی شکستی بزوتنەوەی چەکداری کوردستانی عێراق سەری هەڵێنا، کۆمەڵەی ئێران بەرهەمی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران لە دژی رژێمی پاشایەتی بوو. بەڵام کۆمەڵەی ئێران، لە کردەوەدا لەکۆمەڵەی عێراق وەپێش کەوت. ئەگەر کۆمەڵەی عێراق بە قسە دژی فیۆدالیسم بوو، کۆمەڵەی ئێران بە دامەزراندنی یەکێتی جوتیاران و دابەشکردنی زەوی بەرەنگاری نیزامی دەرەبەگایەتی بوو. لە پڕۆژەی بەشداری ژنان لە خەباتدا، کۆمەڵەی ئێران لە پێشتر بوو. بەڵام گیروگرفتی هەردووکیان لەڕێبازدا بوو ــ لەتیۆری و ئیدەئۆلۆژیدا. زۆربەیان بەهەست و بەخواست مارکسی ــ لنینی بوون و تاڕادەیەکیش مائۆیی، بەڵام لەرێبازی سیاسی و ئیدەئۆلۆژیدا نە مارکسی بوون، نە لنینی و نەمائۆیی.
هەر دوو کۆمەڵە تا رادەیەک لە رێبازی حیزبە کۆمۆنیستەکانی سەر بەسۆڤییەت (کە تەواو لەڕێبازی مارکسی ــ لنینی لایان دابوو) دابڕابوون. دەڵێم تا ڕادەیەک چونکە ئەو دابڕانە هەمەلایەنە و یەکجاری نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دنیادا ئەو دابڕانە بەدەستپێکردنی "شۆڕشی کولتوری پرۆلیتاریایی" لەچین (لەساڵی ١٩٦٦) قووڵتر و بەرینتر دەبوو، ئەو دوو کۆمەڵانە تخونی ئەو خەباتە مێژوییە نەبوون و نەیانتوانی لە بواری تیۆری و ئیدەئۆلۆژیدا بەرەو پێش بڕۆن. هەر دوو رێکخراوە ئێکۆنۆمیست و ئەمپیریسیت بوون. کۆمەڵەی ئێران ئەوەندەی بەکردەوە رادیکاڵ بوو سەد ئەوەندە دژی تیۆری و خەباتی ئیدەئۆلۆژی بوو. بەڵام سەرباقی ئەو ناتیۆری بوونە، چارەی نەما وەدوای تیۆری و ئیدەئۆلۆژی بکەوێ و لە چوارچێوەی بەرتەنگی کوردستانی ئێران و بەرنامەیەکی لێڵ بێتە دەرێ. ئەگەر کۆمەڵەی عێراق لە کوردایەتیدا تواوە، کۆمەڵەی ئێران ویستی لێی دەرباز بێ و ببێتە حزبێکی کۆمۆنیست. بەڵام ئەو هەنگاوەی بەرەو پێشەوە هەڵیگرت چەند هەنگاوی بەرەو پاشەوە برد. کۆمەڵە لە جەنگەی خەباتێکی چەکدارانەدا، بەلایەنگرێکی زۆر لەناو کۆمەڵگە و بەناوچەی ئازادکراو، رێبازێکی رەچاو کرد ــ مارکسیزمی شۆڕشگێڕانە ــ کە نە مارکسیستی بوو نە شۆڕشگێڕانە و لەماوەی کەمتر لە دە ساڵ رێکخراوەکە و خەباتە چەکدارییەکەی هەڵوەشاندەوە.

ئەگەر باس لە کاریگەرییە دەرەکییەکان بکەین لەسەر جوڵانەوەی کورد، بێگومان ناکرێ ئاماژە بەرێکخراوی تودە نەکەین، بە بۆچونی ئێوە رێکخراوی تودە لە ئێران چ کاریگەرییەکی لەسەر جوڵانەوەی کورد هەبوو؟ 

ئەمیر حەسەنپوور: ئەو پرسیارەش وەڵامێکی کورت و هاسانی نییە. بەڵام پێویستە بڵێم کە حیزبی تودە لەکاتێکدا دامەزرا (١٩٤١) کە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دنیا، وەک هەمیشە، دوو رێبازی تێدا بەدی دەکرا ــ رێبازێکی شۆڕشگێڕانە (لە چین، کورە، ئاڵبانی، ڤێەتنام) و رێبازێکی ریفۆرمیستی و بۆرژوایی (حیزبە کۆمۆنیستەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا، فەرەنسە، ئینگلستان و ...) حیزبی تودە رێکخراوێکی ریفۆرمیست بوو و دوای کودەتای خرۆشچێف (لە ١٩٥٦) رەگەڵ ئەو رێبازە کەوت و بوو بە بەرهەڵستێک لەبەرامبەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران.
حیزبی تودە و حیزبی دیموکراتی کوردستان (ئێران) بەدرێژایی ژیانی خۆیان و پەیوەندیی نزیک و بەرینیان هەبوە و رێباز و بەرنامەی حیزبی توودە کاریگەری زۆری بوە لەسەر رێباز و بەرنامەی حیزبی دیموکرات. بۆ ماوەیەک (دوای روخانی کۆماری کوردستان) حیزبی دیموکرات وەک رێکخراوەی کوردستانی حیزبی تودە هەڵسوڕاوە (وەک فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان کە رێکخراوەی ئازەربایجانی حیزبی تودە بوو.)
هەروەها بەشێک لەرۆشنبیر و چالاکی سیاسی روویان لەحیزبی تودە کرد و ئەندامی ئەو حیزبە بوون. دەورێکی حیزبی تودە گێڕای ئەوە بوو کە دروشمی "دیموکراسی بۆ ئێران، خودمختاری بۆ کوردستان" بکا بە بەرنامەی حیزبی دیموکرات. لە وڵاتی فرەنەتەوەی وەک ئێران تەقینەوەی ناکۆکی لەنێوان نەتەوەکاندا هەمیشە مەترسییەکی گەورەیە. حیزبی توودە، لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتێکی کۆمۆنیستی سەبارەت بەکێشەی نەتەوەیی رەچاو نەکرد، لە هەمانکاتدا داکۆکی دۆستایەتی و هاوخەباتی گەلی کوردو گەلانی تری دەکرد. دوای گەڕانەوەی سەرمایەداری لەیەکێتی سۆڤییەت، دەوری حیزبی تودە تەواو مەنفی بوو.

ئەی ئیسلاحی ئەرزی چ کاریگەرییەکی دانا لەسەر بزوتنەوەی چەپ لەکوردستاندا؟ 

ئەمیر حەسەنپوور: ئەوەش پرسیارێکی بەرینە. حیزبە کوردستانییەکان لەکێشەی پەیوەندیی نێوان مەسەلەی جوتیاری و مەسەلەی نەتەوەییدا سیاسەتێکی تەواو ناسیۆنالیستیان هەبووە و حەولیان داوە جوتیاران بکەن بە لەشکری کوردایەتی و هیچ جوتیارێک تخوونی خەباتی چینایەتی لەدژی دەرەبەگی کورد نەکەوێ. رێباز، رێبازی ئاشتی چینایەتی بووە. دروشمی "زەوی بۆ ئەو کەسەی کە دەی کێڵێ" قەت لەبەرنامەی حیزبە ناسیۆنالیستەکاندا، پێش ئیسلاحی ئەرزی عێراق و ئێران، گەڵاڵە نەکرا. کە جوتیاری کوردستان بەتایبەتی موکریان لەساڵی ١٩٥٢دا راپەڕین، حیزبی دیموکرات تەواو خافڵگیر بوو. جوتیارە راپەڕیوەکان وێنەی دکتۆر موسەدیقیان رادەگرت و هەڵدەگرت و هیچ رابەرێکی کورد نەبوو کە پشتیوانێکی راستی لەو راپەڕینە بکا و جوتیاران هان بدا. کە ریژیمی عەبدولکەریم قاسم ئیسلاحی ئەرزی کرد بەشێک لەئاغاواتی تۆراو رەگەڵ بزوتنەوەی نەتەوەیی کەوت و پارتی دیموکرات بەخێرهاتنی کردن. ئەوەی کە پێی دەڵێن "شۆڕشی ئەیلوول" (١٩٦١) شۆڕش نەبوو و وەک ناڕەزایی دەرەبەگی کورد دەستی پێکردو رۆشنبیر و چالاکی سیاسی و پارتی دیموکراتی وەدوا کەوت. پارتی دیموکرات لە "ناوچە رزگارکراوەکان"دا حەولی نەدا بۆ رزگاری جوتیاران و، بەپێچەوانە، نیزامی عەشیرەیی و دەرەبەگی لەژێر ئاڵای کوردایەتیدا بوژاندەوە. ئیسلاحی ئەرزی ئێرانیش حیزبی دیموکراتی خافڵگیر کرد. لێرەش بەشێک لە ئاغاوەتی کورد ئاڵای کوردایەتیان هەڵکرد و حیزبی دیموکرات بەرەو پیریان چوو.
هیچکام لەو دوو حیزبانە نەیانتوانی پرۆژەی ئیسلاحی ئەرزی، ئاکامەکە و گرنگی سیاسییەکەی، بەشێوەیەکی قووڵ و بەرین و شۆڕشگێڕانە (بە بەرژەوەندی جوتیاری چەوساوە) لێی بکۆڵنەوەو لێکی بدەنەوە. ئیسلاحی ئەرزی، لەگەڵ ئەوەشدا زەبری لەدەسەڵاتی چینی دەرەبەگ دا، ئەو چینە نیزامەکەی پاراست و نەیتوانی کێشەی جوتیاری، کە کێشەی روخاندنی نیزامی فئۆدالی بوو، چارەسەر بکا. جا دوای روخانی نیزامی پاشایەتی لە ئێران، چینی دەرەبەگ دیسان هێرشی کرد و هەزاران جوتیاری ئاوارە کرد. کە کۆمەڵە و رێکخراوە کۆمۆنیستی و چەپەکان پشتیوانی جوتیارانی کرد، حیزبی دیموکرات لایەنی ئاغاوەتی گرت و کوتی خەباتی چینایەتی دەبێ تا ڕزگاری نەتەوە وە دوا بکەوێ. کۆمەڵەی ئێران سوور بوو لە پشتیوانی کردن و رێکخستنی جوتیاراندا، بەڵام کۆمەڵەی عێراق حەولێکی نەدا بۆ رزگاری جوتیاران. هیچکامیان نەیانتوانی کێشەی فیۆدالیسم و مەسەلەی جوتیاری لە روانگەی چینی کرێکار لێکبدەنەوە.
کێشەی جوتیاری، ئێستە دوای وێرانبوونی زۆربەی گوندەکانی کوردستانی عێراق و نزیکەی ٣٥٠٠ گوندی کوردستانی تورکیا و شەڕوکوشتارێکی چل ساڵە لەناوچەدا زۆر ئاڵۆز بووە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە لەباری تیۆرییەوە سەرەدەر لەو کێشەیە ناکەن و پێیان وایە کێشەیەکی جوتیاری لەئارادا نییە و ئیسلاحی ئەرزی کۆتایی بەفیۆدالیسم هێناوەو ئێستە گشت جوتیارێک یان بوون بەسەرمایەدار یان کرێکار.
 
بۆ بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکان لەجیهانی سێهەمدا لەگەڵ چەپ ئاوێتە بوون یان بۆچی چەپەکان لەو کۆمەڵگایانەدا کە واز لەچەپ دێنن، ١٨٠ دەرەجە دەگۆڕێن و روو لەرێکخراوە ناسیۆنالیستەکان دەکەن؟

ئەمیر حەسەنپوور: خەباتی سیاسی پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە. بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و ناسیۆنالیستی لەگەڵ ئەوەشدا تەواو جیاوازن و دوو ئاسۆی جیاواز و دوو داهاتووی جیاوازیان لەبەرچاوە، تێکەڵاویشیان هەیە. وا هەیە کۆمۆنیستان ناتوانن سووک و هاسان و یەکدابەدوو خۆیان لەجیهانبینی و سیاسەتی چینی بۆرژوازی و چینی دەرەبەگ دابڕن. دابڕانێکی وا پێویستی بەخەباتی ئیدەئۆلۆژی قووڵ و بەرین و بەردەوام هەیە.
لەباری سیاسییەوە، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی روسیا بەرابەرایەتی لنین لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا (دوای شۆڕشی مەشروتیەتی ئێران و شۆڕشی تورکە گەنجەکان و شۆڕشی چین لە ١٩١١) ئەو باسەی هێنا گۆڕێ کە بزوتنەوەی بورژوا ــ دیموکراتیەکانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین دەورێکی پێشکەوتنخوازانەیان هەیە، واتە دژی ئیمپریالیزم و فیۆدالیزمن بەڵام بورژوازی ئەو وڵاتانە خۆی ناتوانێ ئەو شۆڕشانە بەڕێوە بەرێ و ئەگەر بەڕێوەی بەرێ (وەک چین و ئێران) ناتوانێ ئامانجەکانی وەدی بێنێ و دەبێ چینی کرێکار (واتە رابەرایەتی ئەو چینە، کە حیزبە کۆمۆنیستەکان بن) ئەو شۆڕشانە بەڕێوە بەرن و شۆڕش درێژە بدەن بەرەو سۆسیالیزم. لەچەند وڵاتێکدا ئەو پڕۆژە دابینکرا، بۆ وێنە چین و کورە و ڤێتنام. بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین حیزبە کۆمۆنیستەکان سەرنەکەوتن و خۆیان لەبزوتنەوەی ناسیۆنالیستیدا پەنگان خواردوە.
بزوتنەوە ناسیۆنالیستەکانیش هەر کاتێک بزوتنەوەی کۆمۆنیستی گەشابێتەوە، تا رادەیەک بەلایدا شکاونەتەوە. پێموایە لە پڕۆسەی گۆڕانی تاقەکەس یان رێکخراوەدا زۆر گرنگ نییە کە ١٨٠ دەرەجە بادەدەنەوە یان ٩٠ دەرەجە یان کەمتر. ئینسان گیاندارێکی وشیارە کە رەفتار و کردار و بیروڕای لە خوێن و لە بەدەن و رەچەڵەکی دا لەنگەری نەهاویشتوە. ئینسانێک دەتوانێ لەسنوری چین و جنسیەت و رەگەز و قەومیەتی خۆی تێنەپەڕێ و تەواو ئەسیری بەرژەوەندی چینی خۆی و جنسیەت و قەومیەتی خۆی بێ. هەروەها دەتوانێ پشت لە بەرژەوەندی چین و جنسیەت و قەومیەت و رەگەزی خۆی بکا و ئەو پەرژینانە بروخێنێ و ئاسۆی رزگاری ئینسان بکا بە پڕۆژەی ژیانی خۆی. ئێمە دەتوانین لەبەرامبەر باری باودا سەر دابنەوێنین. هەروەها دەتوانین بەرەنگاری بین و تێکی بدەین و دنیایەکی تر بنیات بنێین. ئێمە ئێستە لە سەردەمێکی ئاڵۆز و دژواردا دەژین. چینی کرێکار تووشی شکستی یەکجار سەخت بوە و دوو تەجرەبەی هەرە گەورەی دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی (لە روسیە و لە چین) سەرنەکەوت و لە وڵاتانی تریش تووشی نوشست بوو. لەو سەردەمەدا، وا هەیە ئەوانەی ئاسۆیەکی سۆسیالیستیان لەبەر چاو بووە، نائومێد دەبن و پاشەکشە دەکەن و تەسلیمی دنیای کۆن دەبن. واش هەیە لە جەنگەی شکست و تێداچووندا، کۆڵ نادەن و بەرەو پێش دەڕۆن. ئوژێن پۆتیە، دوای کوشتاری کۆمۆناردەکان (لە کۆمۆنی پاریس) کە بورژوازی ئاسەواری کۆمۆنی تەرت و تونا کرد، ورەی بەرنەدا، پاشەکشەی نەکرد و هەڵبەستی "ئەنترناسیۆنالی" هۆنییەوە کە بوو بەهاندەری ملیۆن بەملیۆن ئینسان لە تەواوی دنیادا.

بە بڕوای ئێوە چەپی ئۆرتۆدۆکس لەم سەردەمەدا چی پێیە بۆ گوتن؟

 ئەمیر حەسەنپوور: من چەپ یان کۆمۆنیزم یان مارکسیزم بەئۆرتۆدۆکس و غەیری ئۆرتۆدۆکس دابەش ناکەم. دیارە کۆمۆنیزم وەک گشت دیاردەیەکی تر هەمیشە لەگۆڕان دایە. بەڵام لەباتی پێوانەی ئۆرتۆدۆکسی، من پێوانەی پەیوەندی بە چینی کۆمەڵایەتی و خەباتی چینایەتی دەکار دێنم. لە روانگەی منەوە، دوو رێباز، دوو جیهانبینی و دوو ئیدەئۆلۆژی لەبەرامبەر یەکتردا راوەستاون ــ رێبازی چینی کرێکار و بورژوازی. هەر دوو چین دەبێ هەموو کاتێ خۆیان و رێبازەکەیان نوێ بکەنەوە. جیهانبینی بورژوازی کە لە سەدەی ١٥ تا ١٨ پەیدا بوو و بوو بەجیهانبینی چینی دەسەڵاتدار (لە بەشێک لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور) تا ئەوڕۆش خۆی نوێ دەکاتەوە ــ بەهەزاران هەزار زانکۆ و "تانکی فکری" (think tank) و ئامرازی راگەیاندنی گشتی. جیهانبینی چینی کرێکار کە لە چەند وڵات و بە چەند فۆرم لەئاخری سەدەی ١٨ەوە پەیدا بوو لە سەدەی ١٩دا وەک مارکسیزم سەری هەڵێنا و تیۆری و فەلسەفە و ئابووری و سیاسەتی خۆی لە چینە چەوسێنەرەوەکان دابڕی و دایمەزراند و دوایەش لە سەدەی بیستەمدا لە پرۆسەی خەبات بۆ بنیاتکردنی سۆسیالیزم لە دوو شۆڕشی گەورەی سۆسیالیستیدا (لە روسیە و چین) خۆی لەقاڵبی لنینیزم و مائۆیزمدا نوێ کردەوەو ئەوڕۆ دوای شکستی ئەو دوو شۆڕشە بەبێ نوێکردنەوە و گەشانەوەی خۆی ناتوانێ دنیای کۆن تێک بدا و دنیایەکی بێ چەوسانەوە و بێ زوڵم و بنیات بنێ. چەپی "نوێ" یان "غەیری ئۆرتۆدۆکس" رەنگە هیچی نەبێ بۆ کوتن. ئەگەر پرسیار ئەوە بێ کە چۆن ئەو دنیا دڕندەی کە سەرمایەداری پێکی هێناوە و کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی تێیدا دەبوژێتەوە تێکبدەین و دنیایەکی بێ چەوسانەوەو زوڵم پێک بێنین، چەپی "نوێ" چ شتێکی نوێی لەباران دایە؟ هەر گۆڕانێک نوێبوونەوە نییە. دەکرێ بپرسم: لەدنیای ئەوڕۆدا، کە سەرمایەداری خەریکە ژینگە وێران دەکا، شەڕو کوشتار و ژینوسیدی وەڕێخستوە، کۆیلایەتی بوژاندۆتەوە، شەڕی دژی ژنان دەست پێکردوە، دەیان میلیۆن منداڵی لە کوچە و کۆڵانی مەزنی شارەکان ئاوارە کردوە، هەشت ملیۆن ژن لە بازاڕی لەشفرۆشی دەچەوسێنێتەوە، ئازادییە مەدەنییەکانی پێشێل کردوە، زیندانی ئەشکەنجە دەکا، ناحەزانی خۆی دەڕفێنێ و شرت و گومیان دەکا، لە ئەمریکا نزیکەی ٧٥٠ هەزار کەس بێ ماڵن و لە کوچە و کۆڵان دەژین ــ لەو دنیایەدا چەپی "نوێ" چی هەیە بۆ گوتن؟ چ بەرنامەیەکی هەیە بۆ گۆڕینی ئەو بەربەریەتە؟

وەک دوا پرسیار، ئاسۆی چەپ لەبزوتنەوەی رزگاریخوازی کورددا چۆن دەبینن؟ 

ئەمیر حەسەنپور: بزوتنەوەی کۆمۆنیستی تووشی کەندو کۆسپی یەکجار گەورە بووە بەڵام لەمپەری هەرە گەورە دواکەوتوویی تیۆری و ئیدەئۆلۆژییە. ئەو بزووتنەوەیە دەبێ لە دوای ئیکۆنۆمیزم، رویزیۆنیزم، ئیمپریسیزم و ناسیۆنالیزم و گارگەریزم بێتە دەرێ. ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێ، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئاسۆیەکی رووناکی لە کوردستان نابێ. کێشەی سەرەکی کێشەی ڕێبازە ــ تیۆری، ئیدەئۆلۆژی و سیاسەت.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان لەسەرەتای شۆڕشی 1979ی ئێران و چەند ساڵی دوایە بوو بەکانگای هیوای زۆر ئازادیخواز و تێکۆشەر لەدەرەوەی کوردستان. لایەنگران و ئەندامانی زۆر رێکخراوی سیاسی و تاقەکەسی کە سەر بە هیچ رێکخراوێک نەبوون دەهاتنە کوردستان بۆ دیتنی بەرهەمی ئەو خەباتە و زۆر کەسیش دەمانەوە و رەگەڵ دەکەوتن. چەپ دەتوانێ وابێ و دەتوانێ پتر لەوە بێ. بەپێچەوانە، بەرەی راست لە کوردستانی عێراق، وڵاتی کردۆتە بنکە و پێگەی ئەو هێزانەی کە دنیای کۆن دەپارێزن. لەوەڵامی پرسیارەکەدا، زۆر بەکورتی دەبێ بڵێم: من لە کوردستان و لەناوچەدا، ئاسۆیەک غەیری ئاسۆی چەپ نابینم. رۆزا لۆکزامبۆرک زۆر لەوە پێش کوتی "یان سۆسیالیزم یان بەربەرییەت". پێموایە ئەو قەت ئەوەندەی ئەوڕۆکە بەجێ و بەپێز نەبووە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر