۱۳۹۶/۰۶/۲۱

"مــام جــەلال"


جەنگیز چاندار
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
چارەگی یەکەمی ساڵی ١٩٧٣ بوو، لە کاتێکدا خەریکی بەرنامەداڕشتن بووم بۆ ئەوەی لە لوبنان داببڕێم و بچمە ئەوروپا، بۆ جارێکی تر لە بەیرووت لەگەڵ هەڤاڵ عەبدولحەمید دانیشتم، کتوپڕ پرسیاری لێکردم ئاخۆ دەمەوێ چاوم بە جەلال تاڵەبانی بکەوێ یان نا. جەلال تاڵەبانی لە بەیرووت بوو. باسی منیان بۆ کردبوو و ئەگەر چاوم پێی بکەوتایە، کۆتایی هەفتە، رۆژی یەکشەممە پێکەوە قاوەڵتوونمان دەخوارد.
دانی پێدا دەنێم ئەو پێشنیارە جۆش و خرۆشی خستە دڵمەوە. جەلال تاڵەبانی، دوای مەلا مستەفا بارزانی پیاوی ژمارە دووی راپەڕینی کوردەکانی عێراق بوو. بەوە ناسرابوو بیروڕای سۆسیالیستی و بگرە مائۆیستی هەیە. بێجگە لەوەی دووهەم ناوی گرنگ بوو پاش مەلا مستەفای بارزانی، بە هۆی هەواڵی میدیاکانی تورک لەمەڕ ناکۆکییەکانی لەگەڵ بارزانی سەرەتا لە ١٩٦٤ و دواتر ١٩٦٦ و شەڕی نێوخۆیی کورد ناویم بیستبوو. ناسینی کەسێکی ناسراو لە ئاستی جیهاندا و خواردنی قاوەڵتوون لەگەڵی دڵخۆشی کردبووم.
دوو ساڵ دەبوو پێم نابووە ئەو خاکانە و لە لوتکەی رۆمانتیزمی شۆڕشگێڕیدا بووم. کەسێکی بە بانگەشەی بزووتنەوەی چەپی تورکی بووم کە بە گەش‌بینییەوە دەمڕوانییە داهاتوو. لەوەی کە بەشداری بەرخۆدانی فەلەستین بووم خۆم وەک کەسێک لە ریزی شەڕڤانانی ئازادی دونیا دەهاتە بەرچاو و شانازیم بە پێگەی خۆمەوە دەکرد. لە کاتێکدا بوومە بەردەنگی پێشنیاری ئاشنایی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، ئەندامێکی پێشووی رێکخراوێک بووم کە لە تورکیا سەرکوت کرابوو و لە دەرەوەی وڵات بە تەنیا مابوومەوە و لە چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە دابڕابووم. کەسێک بووم کە هەوڵم دەدا بەرەو ژیانێکی نوێ بەلەم باژۆم؛ لە روانگەی نوێنەرایەتی سیاسییەوە، دەربڕی هیچ شتێ نەبووم.
دەنیز گەزمیشی هاوڕێم کە بە پێشەنگی جموجوڵ و رووداوە خوێندکارییەکانی زانکۆی ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٩٦٨ ناسرابوو و دواتر بووە هێمای نەمری "وەچەی ٦٨ی تورکیا"، لەگەڵ حوسێن ئینان و یۆسف ئاسڵان کە لەگەڵیان بەشداری چالاکییە خوێندکارییەکان ببووم، لە سێدارە دران؛ ئەو هاوڕێیانەی لە تورکیا پێکەوە بووین، زۆربەی هەرە زۆریان خرابوونە گرتووخانەکانەوە، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی تورک سەرکووت کرابوو. جەلال تاڵەبانیش بە نیاز بوو وەک پێشەنگ و نوێنەرێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی تورک چاوی بە من بکەوێ. بە ئامانجی بەڕێخستنی پڕۆژەیەکی وەک یەکێتیی نێوان هێزە چەپەکانی رۆژهەڵاتی ناوین دژی ئیمپریالیزم لەگەڵ یەک کۆ دەبووینەوە. لە کاتێکدا من جگە لە خۆم نوێنەرایەتیی هیچ شتێکم نەدەکرد.
ڕۆژێکی یەکشەممەی سەرەتاکانی مانگی نیسانی ١٩٧٣، لەگەڵ هەڤاڵ عەبدولحەمید لەو ماڵەی لێی دەمایەوە، چاومان پێک کەوت. پاش رێپێوانێکی کورت لە جادەی حەمرا، لەوبەری جادە لەو کۆڵانانەی تا بڵێی ئاشنا بوون بۆ "روو سادات" بامان داوە. لە دەرگای ماڵێکمان دا. پیاوێکی کورتەباڵا بە شەوقێک کە هەستم دەکرد لە رادەبەدەرە، دەرگای لێ کردینەوە و فەرمووی ژوورێی کردین، بە ئینگلیزی پرسیاری لێکردم هێلکەم چۆن پێ خۆشە: "ئۆملێت بێ، دەڵەمە بێ یان تێک‌وەردراو؟" لە کاتێکدا من بە عەڕەبییەکی رەوان قسەم لەگەڵ دەکرد، ئەو پێداگر بوو لەسەر ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵم بدوێ.
کە پێم نایە ژوورەوە، پیاوێکی کەڵەگەت، بە هەیبەت، بە سمێڵێکی زل و رەش کە بەوپەڕی ویقارەوە بە بێدەنگی دانیشتبوو، سەرنجی راکێشام. لە مێشکی خۆمدا گوتم فەرماندەیی ئەفسانەئاسای پێشمەرگە و هەڵۆی شاخەکان دەبێ کەسێکی ئاوا بێ. بیرم بۆ ئەوە چوو کە شایانی ناوبانگی جەلال تاڵەبانییە. لەو لاوە، کەسەکەی دی تەواو بە پێچەوانەی ویقار و هەیبەتی سەرکردە دانیشتووەکە، بە شێوەیەک کە بە لامەوە زێدەڕەوی بوو هەروا پرسیاری ئەوەی لێ دەکردم هێلکەم چۆن پێ خۆشە و سووربوونی لەسەر ئەو پرسیارە تەنگی پێ هەڵچنیبووم. دەمەویست هەرچی زووتر لەگەڵ ئەو سەرکردەیە ئاشنا بم کە لە سەر کورسییەکە دانیشتووە. بۆ ئەوەی خزمەتکارەکە لە خۆم دوور بخەمەوە، پێم گوت هێلکەم چۆن پێ خۆشە، پیاوەکە یەکسەر بەرەو مەتبەخ خووشی.
دەستم بۆ لای ئەو پیاوە راداشت کە دانیشتبوو و بە عەرەبی هاتمە گۆ. هیچ وێ نەدەچوو خەڵکی ئەوێ بێ. وەڵامی نەدامەوە. چاوێکم لە عەبدولحەمید خشاند و بە خەیاڵم داهات ڕەنگە نەزانانە هەڵسوکەوتێکم نیشان نەدابێ کە بووبێتە هۆی پێشێلکردنی نەریتێکی کوردەواری. بیرم لەوە کردەوە نابێ چاوەڕوانی ئەوە بم پێش ئەوەی کەسێک بمانناسێنێ لەگەڵ سەرکردەیەکی زل و زەبەلاحی پێشمەرگە ببمە دۆست.
هێلکە هات و بانگهێشتی سوفرە کراین. بەڵام ئەو پیاوەی لە سەر کورسییەکە دانیشتبوو، لە جێی خۆی هەڵنەستا و نەهاتە سەر سوفرەکە. ئەگەر بڕیار بێ لەگەڵ مام جەلال قاوەڵتوون بخۆین، ئەی بۆچی نایەتە سەر سوفرەکە؟ دواجار بۆم دەرکەوت ئەو کەسەی لەسەر مێزەکە بەردەوام خزمەتم دەکا و بە ئینگلیزی دەدوێ جەلال تاڵەبانییە. هەرچەند درەنگیش بووبێ..
باشە ئەی ئەوەی لە سەر کورسییەکە دانیشتووە کێیە؟
پارێزەری جەلال تاڵەبانی بوو و ئینگلیزی و عەڕەبی نەدەزانی. تەنیا لە زمانی کوردی تێدەگەیشت.
ئەمە یەکەم دیداری من و جەلال تاڵەبانی بوو، ساڵانی دواتر، کە بە بیر جەلال تاڵەبانیم دەهێنایەوە، لە قاقای پێکەنینی دەدا.

- لە کتێبی "ئێکسپرێسی میزۆپۆتامیا"م هەڵینجاوە.

۲ نظر:

  1. peshniyar dekem ew kitebe tercume bikeyewe. ew tercumeyey esta heye bekelik naye

    پاسخحذف
    پاسخ‌ها
    1. ئەگەر وەشانخانەیەک بدۆزمەوە بۆچی نا، چونکە کتێبەکە زۆرە و نامەوێ بە بڕیارێکی شەخسی دەست بکەم بە وەرگێڕانی. هەڵبەت من پێش هەر لەگەڵ چاپی کتێبەکە پێشنیارم بە شوێنێک دا کە کتێبەکە وەربگێڕم، بەداخەوە درەنگیان جواب دایەوە و پاشانیش بیستم بەش بەش لە کوردستانی نوێ-دا بڵاو دەبێتەوە.

      حذف