۱۳۹۶/۱۱/۰۶

"چڵە زەیتوون"ی تورکی



نەدیم گوورسەل
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 


"ئای! خوایە گیان کە جەنگ جوانە!" ئەمە ئاپۆلینێر بوو کە پەڕۆیەکی ڕەشی لە سەری گرێ دابوو بۆ ئەوەی برینەکەی ساڕێژ ببێتەوە. شاعیری "گۆرانیی پیاوی ناخۆشەویست" هەروەها نووسیویەتی: "چەند جوانن ئەو مووشەکانەی شەو ڕووناک دەکەنەوە"، بێ ئەوەی بزانێ کە هاوەن ڕێگەی کەوانەیی خۆی تا کن مرۆڤەکان بەر نادا بۆ ئەوەی لەتوپەتیان بکا. کاتێ سوپای تورک ساڵی ١٩٧٤ سنووری قوبرسی بەزاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەم دەستێوەردانە سەربازییەیان ناو نا "ئۆپەڕاسیۆنی ئاشتی". ئەمڕۆ، بە گەڵاڵەیەکی جیاوازتر، ناوی "چڵە زەیتوون"یان لەو شەڕە ناوە کە دژ بە هێزە کوردییەکانی سووریا ڕایانگەیاندووە. وەک ئەوە وایە سەمبۆلی ئاشتی بۆ دژبەرەکەت ڕادێرێ و مووشەکی تێ بگری. بە واتایەکی تر، تورکیا چڵە زەیتوون بۆ یەپەگە، باڵی سەربازی پەکەکە ڕادەوەشێنێ و هاوکات تۆپبارانی دەکا.

لە دوای قوبرسەوە، ئەوە یەکەمجارە سوپای تورک، بە بیانووی ئەوەی کە ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە نەک هەر "پاککردنەوەی" ناوچەکەیە لە "هەڕەشەی تیرۆریزم"، بەڵکوو بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریاشە، سنوورەکانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری دەبەزێنێ. ئەمە ئەوپەڕی دووڕوویی و سینیزمە. لەوە دەترسم ئەم هەڵمەتە سەربازییە ئەوەندەی تر ململانێیەکانی سووریا ئاڵۆز بکا و تورکیا باجێکی قورس بدا. هەروەها ترسی ئەوەم هەیە جەنابی ئەردۆغانی "هەموو شت‌‌زان" و "لە هەموو شوێن حازر"، ئەمە بۆ نیشاندانی خۆی وەک "قارەمانی نەتەوە" بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ساڵی ٢٠١٩ بقۆزێتەوە. جارێکی تر بۆ پاساوهێنانەوەی ئەم جەنگە پەنای بۆ ناوی خودا و پێغەمبەری ئیسلام برد. هەروەها بۆ ئەوەی بگوترێ ئەو فەرماندەی گشتییە. لەمەڕ بەکارهێنانی میتۆلۆژیا بنەڕەتییەکانی ئایینی ئیسلام وەک ئامرازێک لە هیچ شتێک درێغی ناکا، بێ گوێدان بەوەی سەرۆککۆماری وڵاتێکی عیلمانییە. یان بە خۆی دەڵێ عیلمانی لە کاتێکدا ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگە بە خێرایی لە پەرەسەندن دایە.


بە داخێکی گرانەوە دەبینم کە بەڕێوەبەرە سیاسییەکانی وڵاتەکەم، چ لە ناو حکومەت و چ لە ناو ئۆپۆزۆسیۆن، هەموویان بوونەتە جەنگاوەر. ئەوان بانگەشە دەکەن کە ئەم ئۆپەڕاسیۆنە عەسکەرییە بەرفراوانە پێویستییەکە بۆ بەردەوامی و تەنانەت لەسەر پێ مانەوەی تورکیا و دەبێ پێک بێ. لەبەر چ هۆکارێک دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا دەبێتە هەڕەشە ئەگەر بێت و ئەم دەوڵەتە ڕێز لە دیموکراسی بگرێ و ئاشتیخواز بێ؟ مافی ئەنقەرە نییە لە سەر چارەنووسی گەلی کورد بڕیار بدا کە لە تورکیاش کۆمەڵێک داواکاریی ڕەوای هەیە.


گوتاری پان ناسیۆنالیست کە گوتاری زاڵی میدیاکان و بەرپرسە سیاسییەکانە، بێجگە لە حزبی هەدەپە، زۆر مایەی نیگەرانییە. ئەگەر سەرۆککۆمار ئەردۆغان باس لە سەرکوتی پەیەدە و "سڕینەوەی یەکجارەکی ئەم پەڵەیە" دەکا، جەنابی باغچەلی، سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی مەهەپە، ڕاشکاوانە بانگەواز دەکا ناوچەی عەفرین نوقمی خوێن و ئاگر بکرێ. خەڵکیش دڵخوازانە دەچنە شەڕی تێکشکاندنی "تیرۆریزم". لە ناویاندا "گەنجی نیشتیمانپەروەر"ی ٦٠ ساڵە هەن کە خەڵک چەپڵەیان بۆ لێدەدەن و ورەیان پێ دەبەخشن. 


سەبارەت بەم ئۆپەڕاسیۆنە کە ناوەکەی لە نوکتەیەک دەچێ، وێڕای ئاماژەکردن بە نیگارکێشی ناسراوی سوورڕئالیست ماگریت دەبێ بڵێم: "ئەمە چڵە زەیتوون نییە، بەڵکوو سەبیلەیە."

سەرچاوە: ڕۆژنامەی لیبێراسیۆن، ژمارە ١١٤٠٥، هەینی، ٢٦ی ١ی ٢٠١٨.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر