له تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
نووسه‌ر و کۆمه‌ڵناسی تورک ئیسماعیل بێشکچی که به لێکۆڵینه‌وه‌کانی له سه‌ر کورد ناسراوه و هه‌ره دوایی به هۆی به‌کارهێنانی وشه‌ی ''کوردستان'' له لایه‌ن دادگای تورکیاوه سزا دراوه، له‌م وتوێژه‌دا، ڕه‌خنه له سیاسه‌تمه‌داره‌کانی کورد ده‌گرێ له به‌ر ئه‌وه‌ی به گوێره‌ی پێویست خاوه‌ندارێتی له پڕۆژه‌ی ''ئۆتۆنۆمی کوردستان'' ناکه‌ن.
بێشکچی داوا ده‌کا هه‌لومه‌رجی ژیانی ئۆجه‌لان باشتر بکرێ و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کا ده‌وڵه‌ت نیه‌ت پاک نییه له چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورددا و ده‌یه‌وێ له ڕێگه‌ی قازانجکردنی کاته‌وه درێژه به سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن بدا. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ ''ئه‌گه‌ر ئاکه‌په له ناوچه‌که به‌هێز بێ، چاره‌سه‌ری هه‌ندێک دره‌نگتر دێ.''
ناوی کۆمه‌ڵناس ئیسماعیلی بێشکچی به پرسی کورده‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و له پێناو ئه‌م پرسه‌دا، سزای قورس و گرانی چێشتووه. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، ناوه ناوه ڕه‌خنه‌ی له بزووتنه‌وه‌ی کوردیش گرتووه. ئاژانسی دیجله چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامداوه که ئه‌وه‌ی خواره‌وه ده‌قه‌که‌یه‌تی:
چۆن ئه‌و قۆناغه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن که پرسی کورد پێی گه‌یشتووه؟
ئه‌مڕۆکه، به‌گوێره‌ی ٤٠ - ٥٠ ساڵی ڕابردوو، ڕه‌وشه‌که زۆر پێشکه‌وتووه. قسه له سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانی ئێستایه. به‌ڵام، به‌گوێره‌ی ئه‌و باجه‌ی تا ئێستاکه دراوه، ده‌سکه‌وته‌کان زۆر که‌من.
کێ یان چ که‌سانێک و پاڵپشت به چ مافێک بڕیار له سه‌ر چاره‌نووسی کورده‌کان ده‌ده‌ن؟
دوابه‌داوی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، له ساڵانی ١٩٢٠دا، کورد و کوردستان دابه‌ش و پارچه پارچه کرا. له‌و ڕۆژه‌وه به‌دوا، چاره‌نووسی کورده‌کان له لایه‌ن ئه‌وانی تر و ئه‌و هێزانه‌وه دیاری کراوه که به سه‌ر کورددا زاڵ بوون. دابه‌شکردن، پارچه‌کردن و په‌رتکردن له‌مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆیدا، سیاسه‌تێکی ئیمپریالیزمه. زلهێزه‌کانی ئه‌و کات وه‌ک بریتانیای گه‌وره و فه‌ره‌نسا له ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانێتی لەگەڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورک، عاره‌ب و فارس له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پارچه‌بوون و دابه‌شبوونی کورد و کوردستانیان سه‌قامگیر کرد. سیاسه‌تی ئه‌وکاتی یه‌کێتی سۆڤیه‌تیش دژی کورد بوو. سیاسه‌تی مۆسکۆ، هیچ جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی پاریس و له‌نده‌ن نه‌بوو. ئه‌م سیاسه‌ته که پره‌نسیپی سه‌ره‌کی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس پێشێل ده‌کا، سیاسه‌تێکی فاشیله.
باستان له سیاسه‌تی چه‌په‌ڵی به‌ریتانیا کرد له مه‌ڕ کورده‌کان. به‌ڕای ئێوه بۆ چی کورده‌کان ئه‌م بێ ستاتۆییه‌یان به‌سه‌ردا سه‌پا؟
هۆکاری سه‌ره‌کی نه‌وته. ساڵی ١٩٠٨ له شاری که‌رکووک، نه‌وت دۆزرایه‌وه. دوابه‌دوای ئه‌مه، بریتانیا هه‌وڵی دا ناوچه‌که بخاته ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه. ئه‌مه باشووری کوردستانی خسته چوارچێوه‌ی عێراقی تازه دامه‌زراوه و کۆلۆنییه‌وه. که‌ماڵیسته‌کانیش بانگه‌شه‌یان کردووه که ئه‌م ناوچه‌یه هی ئه‌وانه. ماوه‌یه‌ک له نێوان به‌ریتانیا و که‌ماڵیسته‌کاندا، ناکۆکی دیپلۆماسی دێته ئاراوه. پێموایه دواجار ناکۆکییه‌که به‌م شێوه‌یه چاره‌سه‌ر کراوه. له‌وه ده‌چێ که‌ماڵیسته‌کان به به‌ریتانیایان گوتبێ: ئێمه واز له مافه‌کانمان له مه‌ڕ موسڵ دێنین، ئێوه‌ش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، دژی ویستی سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کان بوه‌ستنه‌وه. هه‌موومان باش ده‌زانین به‌ریتانیا له‌سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ی داگیری کردبوون، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆتۆنۆمی دامه‌زراندووه. ئه‌مه یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه هه‌ره گرنگه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیا. ته‌نیا ناوچه‌یه‌ک که به‌ریتانیای گه‌وره نه‌یهێشتووه سه‌ربه‌خۆ بێ، کوردستانه. کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان، کاتێک عێراق، ئۆردۆن و فه‌له‌ستین له بن ده‌ستی به‌ریتانیا و وڵاتانی وه‌ک سوریا و لوبنان له ژێر ده‌ستی فه‌ره‌نسا دامه‌رزان، بۆچی بیری له دروستکردنی کوردستانێکی کۆلۆنی خۆیان نه‌کرده‌وه؟ کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان که به‌دوای ئه‌ودا ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان دروست بوو، هیچکات گوێی له ده‌نگی کورده‌کان نه‌گرت. نه‌ک ته‌نیا بیری له کوردستانی سه‌ربه‌خۆ نه‌کرده‌وه، بگره کوردستانێکی کۆلۆنیشی به‌خه‌یاڵدا نه‌هات.
له‌مه‌دا کورده‌کانیش هۆکارێکن؟
پارچه‌کردن و دابه‌شکردنی کورد و کوردستان دیارده‌یه‌کی گرنگه په‌یوه‌ندی به مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌وه هه‌یه. بێگومان ده‌بێ ئاماژه به خاڵی لاوازی کورده‌کانیش بکرێ. ئه‌و هێزانه‌ی به سه‌ر کورددا زاڵ بوون، له ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی ئه‌م لاوازییانه‌وه، په‌ره‌یان به‌م دیارده‌یه دا. ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته‌کانی ڕه‌چاو کرد و له ژێر گوشاری ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا، له هه‌مبه‌ر هاواری گه‌لان بۆ مافه‌کانیان گوێی خۆی ئاخنی.
به‌ڕای ئێوه کورده‌کان به گوێره‌ی پێویست ئاگاداری ئه‌و غه‌دره دیرۆکییه هه‌ن که ده‌رهه‌ق به‌وان کراوه؟
دابه‌شکردن و پارچه پارچه‌کردنی کورد و کوردستان، ده‌رئه‌نجامێکی وه‌ک له‌ت و په‌تکردنی هه‌یکه‌لی مرۆڤ و دابه‌شکردنی مێشکێکی لێکه‌وتۆته‌وه. به‌ڵام من پێموانییه کورده‌کان ئاگاداری ئه‌م دۆخه بن.
له پرسی کورددا، باس له چاره‌سه‌ری ده‌کرێ، به‌ڕای ئێوه گه‌یشتووینه‌ته قۆناغی چاره‌سه‌ری؟
تێکۆشانی ڕزگاریخوازی جه‌زائیر شه‌ش حه‌وت ساڵی خایاند (١٩٥٤ تا ١٩٦١). به‌رخۆدانی نه‌ته‌وه‌یی ڤیه‌تنام له ساڵانی ١٩٦٠دا، هه‌روه‌ها. له ئه‌فریقا، له نێوان ساڵانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٧٠، داگیرکردنی وڵاتانی وه‌ک گینه بیسو، ئانگۆلا، مۆزامبیک له‌لایه‌ن پورتوگاله‌وه دوو سێ ساڵی خایاند. له ساڵانی ١٩٢٠دا، شه‌ڕی یۆنان و تورکیا، ماوه‌ی سێ ساڵ به‌رده‌وام بوو. به‌ڵام تێکۆشانی کوردان ١٧ ساڵه به‌رده‌وامه. له کاتێکدا پێش ئه‌م ڕاپه‌ڕین و تێکۆشانه‌ش، گه‌لێک ڕاپه‌ڕینی تر هه‌ن. خه‌بات و تێکۆشان له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه ده‌ستی پێکردوه و به درێژایی سه‌ده‌ی بیست به‌رده‌وام بووه. چاره‌سه‌ری ده‌مێکه هاتووه و ڕویشتووه. بۆچی کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر نابێ؟ ئه‌مه پرسیارێکه و پێویسته به جددی هه‌ڵوه‌سته‌ی له سه‌ر بکرێ.
له‌پێناوچاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه‌دا پێویسته چی بکرێ؟
به‌ر له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که، گرنگه به‌وردی بیر له ناوه‌ڕۆکی کێشه‌که بکرێته‌وه. له‌م پێناوه‌دا، داکۆکی کردن له په‌ره‌دان به ئازادی بیروڕا زۆر گرنگه. ئه‌شێ لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌مه بکرێ که بۆچی تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر نه‌کراوه. بیرورای من له‌مباره‌وه به‌کورتی به‌مجۆره‌یه: من پێم وایه ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ت وه‌ها چاوه‌ڕوانیه‌کیان له په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌ته‌کانیان هه‌یه. ''سیاسه‌تی سه‌ره‌کی ئێمه ئاسیمیلاسیۆنه. زه‌مه‌ن، له دژی ئێمه‌یه. له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی کات، ئاسیمیلاسیۆن قوڵ ده‌بێته‌وه و ڕه‌گ داده‌کوتێ. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، له‌پێناو چاره‌سه‌ریدا له ڕێگه‌ی به‌رزکردنه‌وه‌ی چه‌ند هه‌نگاوێک، دروست نییه چاوه‌ڕوانی لای کورده‌کان بئافرێنین. پێیان ده‌ڵێین... ده‌یکه‌ین و ئه‌نجامی ده‌ده‌ین. قازانج کردنی کات سیاسه‌تێکی دروسته. له‌و ناوچانه‌ی کورد لێی ده‌ژین، تاقم و داموده‌زگا ئایینیه‌کان به‌هێز ده‌که‌ین و کێشه‌ی سه‌ره‌کی به‌ڵاڕێدا ده‌بەین و به‌مجۆره سه‌رکه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ست دێنین...'' ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ت به‌مجۆره هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن. کورده‌کان بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌م چاوه‌ڕوانیانه‌ی حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ت ده‌بێ ئه‌رکی سه‌رشانیان بگێڕن. یه‌کێک له ڕێگه‌کانی ئه‌مه‌ش پێداگریی زیاتره له سه‌ر زمانی کوردی.
لە ڕۆژی ئەمڕۆدا زمان داخوازی سه‌ره‌کی کورده‌کانه. هه‌ڵسوکه‌وتی حکومه‌ت له‌مڕوه‌وه ڕوون و ئاشکرایه. گه‌لۆ کورده‌کان وه‌ک پێویست پێ‌داگر ده‌بن له سه‌ر ئه‌م داواکارییه؟
به‌ڕای من شۆپاندنێکی وه‌ها گرنگه. پێویسته له گه‌ڕه‌که‌کانی دیاربه‌کر، باتمان، وان، هه‌ککاری، دۆغۆبایزید، تاتوان و ...تاد له‌به‌رده‌م ده‌رگای ماڵه‌کان گوێ له کایه‌ی مناڵان بگیرێ. مناڵان له کاتی یاری کردندا، له کاتی کێبڕکێ و ئه‌و کاتانه‌ی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی یه‌کتری ده‌بن، چ زمانێ به کار دێنن.... ئه‌گه‌ر کوردی نه‌بوو، ده‌توانین بڵێین داهاتووی زمانی کوردی له مه‌ترسی دایه. ئه‌مه‌ش ڕاده‌ی پێداگری کورده‌کان له سه‌ر زمانی خۆیان نیشان ده‌دا... وه‌رن با جارێکی تر ئه‌فریقا به نموونه بێنینه‌وه. ئه‌فریقا کاتی خۆی ساڵی ١٨٨٥ به‌سه‌ر وڵاتانی داگیرکه‌ر و کۆلۆنیالیست، بریتانیای گه‌وره، فه‌ره‌نسا، ئا‌ڵمانیا، ئیتالیا، به‌لجیکا، ئیسپانیا و پورتوگالدا دابه‌شکرا. به‌ر له شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، له ئه‌فریقا ته‌نیا دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ هه‌بوو. حه‌به‌شیه (ئه‌تیۆپی) و لیبه‌ریا. ئه‌مڕۆکه ٥٣ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه. دوو مانگ له‌مه‌و پێش، ڕیفراندۆمێک له باشووری سوودان ئه‌نجام درا و به‌مجۆره ده‌بێته ٥٤ ده‌وڵه‌ت. له ئه‌فریقا، دوابه‌دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، ئه‌م ده‌وڵه‌تانه سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ڕاگه‌یاند. ته‌نها حاڵه‌تی به‌ده‌ر له ساڵی ١٨٨٥، جیابوونه‌وه‌ی باشووری سودان بوو. له ئه‌فریقا، ته‌نیا وڵاتانی وه‌ک جه‌زائیر و ئه‌و وڵاتانه‌ی بن ده‌ستی پورتوگاڵ بوون وه‌ک گینه بیسائۆ، ئانگۆلا و مۆزامبیک به شه‌ڕی چه‌کداری سه‌ربه‌خۆییان به‌ده‌ست هێنا. ئه‌وانی تر سه‌رجه‌میان، ده‌وڵه‌تانی داگیرکراو لەگەڵ داگیرکه‌ران و وڵاتانی ئیمپریالیست دانوستانی یاساییان ئه‌نجامدا و سه‌ربه‌خۆییان ده‌سته‌به‌ر کرد. هه‌رچی کورده، داوای مافه‌کانی کۆمه‌ڵگەی خۆی ده‌کا و له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانیاندا تێده‌کۆشێ. سه‌ره‌ڕای گیانبازی، وه‌فاداری و جه‌ماوه‌ربوونی ئه‌م خه‌باته مافه‌کانی ده‌سته‌به‌ر نه‌کردووه، ئه‌مه خۆی له خۆیدا کێشه‌یه‌که و پێویسته گفتوگۆی له‌سه‌ر بکرێ.
له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد، به‌رده‌وام پۆزۆسیۆنی سه‌رۆکی په‌که‌که عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان مشتومڕی له‌سه‌ره. ئێستا ده‌وڵه‌ت وتوێژی له‌گه‌ڵ ئه‌نجام ده‌دا. به‌ڕای ئێوه پێویست ناکا هه‌لومه‌رجی ژیانی ئۆجه‌لان باشتر بکرێ؟ یاخود له چ هه‌لومه‌رجێکدا پێویسته دانوستان لەگەڵ ئۆجه‌لاندا ئه‌نجام بدرێ؟
چاوپێکه‌وتنه‌کانی دوڵه‌ت و حکومه‌ت لەگەڵ سه‌رۆکی په‌که‌که عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان هه‌نگاوێکی ئه‌رێنیه. به‌ڵام له‌م چاوپێکه‌وتنانه‌دا، زۆر بابه‌ت هه‌ن که شاراوه‌ن. وه‌فدێک به نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌ت چاوپێکه‌وتن لەگەڵ ئۆجه‌لان ئه‌نجام ده‌دا. هێشتا نازانین ئه‌م وه‌فده له چ که‌سانێک پێکهاتووه و ژماره‌یان چه‌نده. له‌به‌رامبه‌ریشیاندا ئۆجه‌لان به ته‌نیایه. له کاتی دانوستانه‌کاندا، ئه‌ندامانی وه‌فدی ده‌وڵه‌ت پێکه‌وه ڕاوێژ ده‌که‌ن، پێویسته ئۆجه‌لانیش هه‌ڤاڵانێکی هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ڕاوێژیان لەگەڵ بکا و له‌گه‌ڵیان بئاخفێ. ئا لێره‌دا ساخته‌چێتی هه‌یه. به‌ڕای من به‌شداری ئۆجه‌لان وه‌ک تاکه‌که‌سێک له‌م چاوپێکه‌وتنانه‌دا خاڵێکی پۆزه‌تیڤ نییه. ده‌بێ ئه‌م چاوپێکه‌وتن و دانوستانانه، کێشه‌ی په‌که‌که چاره‌سه‌ر بکا. ئه‌م جۆره چاوپێکه‌وتنانه بۆ سه‌قامگیرکردنی مافه سروشتیه‌کانی کۆمه‌ڵگەی کورد پێویست نین. ده‌وڵه‌ت / حکومه‌ت، ده‌توانێ ئه‌مانه به ئیراده‌یه‌کی یه‌ک لایه‌نه جێبه‌جێ بکا. بێگومان باشکردنی هه‌لومه‌رجی ژیانی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان گرنگه. به‌ڵام گرێدانی ئه‌مه به هه‌لومه‌رجی ئه‌نجامدانی چاوپێکه‌وتنه‌کان شیاو نییه. باشترکردنی هه‌لومه‌رجی ژیانی گرتووخانه، مافی سه‌ره‌کیی هه‌موو گیراوێکه.
ناوه ناوه ڕه‌خنه له بزووتنه‌وه‌ی کورد و عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌گرن. ئایا ده‌تانویست ڕوبه‌ڕوو ئه‌م ڕه‌خنانه بێننه زمان؟
بێگومان، قسه‌کردنی ڕوبه‌ڕوو له‌سه‌ر پرسی کورد و کورده‌کان ئه‌رێنییه.
ئاخۆ وه‌ک ده‌رفه‌تێک بۆ چاره‌سه‌ری سه‌یری پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌که‌ن؟ پشتگیریتان له ڕیفراندۆم کرد؟ پاش ئه‌وه‌ی ئاکه‌په گوتی ''یه‌ک نیشتیمان و یه‌ک نه‌ته‌وه'' ئێوه هه‌ستتان به چی کرد؟
له ڕیفراندۆمی ١٢ی ئه‌یلوولی ٢٠١٠دا، کۆمه‌ڵێک خاڵ هه‌بوون که په‌یوه‌ندییان به کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی ژیانی سیاسی تورکه‌وه هه‌بوو. کێ تورکیا به‌ڕێوه ده‌با؟ ئه‌و ده‌زگایانه‌ی له لایه‌ن گه‌له‌وه هه‌ڵبژێردراون یان ئه‌و ده‌زگایانه‌ی ده‌ستنیشان کراون؟ ئه‌وه ڕاست نییه سوپا، دادگای باڵا یاخود زانکۆ له به‌ڕێوه‌بردنی تورکیادا قسه‌یان بڕوا و ڕۆڵی ئاڕاسته‌که‌ریان هه‌بێ. به‌ڵکه ده‌بێ ڕۆڵی به‌رچاو و دیار، ئه‌و په‌رله‌مانه بیگێڕێ که له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنێکی دیموکراتییانه‌دا هاتۆته سه‌ر کار. حکومه‌ت ده‌بێ متمانه‌ی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێنێ. ناوه‌ڕۆکی ڕیفراندۆم بریتی بوو له پاشه‌کشێ کردنی سوپا و دادگای باڵا له کاروباری سیاسی‌دا. بۆیه پێویست بوو پشتگیری لێ بکرێ.
هه‌ر زێده کورده‌کان له به‌شداری سوپا و دادگای باڵا له سیاسه‌تدا زیانیان به‌رده‌که‌وێ، بۆیه له‌م ڕوانگه‌وه ده‌بوایه کورده‌کان پشتگیریان له ڕیفراندۆم بکردایه. له ئه‌نجامی ڕاپرسیدا، ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی له سه‌ر بایکۆتیش هاته ئاراوه، جێی سه‌رنجه. ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌رۆک وه‌زیران واته ''یه‌ک نه‌ته‌وه، یه‌ک زمان و یه‌ک ئاڵا'' به‌رده‌وام پێویسته ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێ، به‌ڵام ئه‌و جه‌ساره‌ته‌ی سه‌رۆک وه‌زیر پاش ئه‌وه هات که زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ده‌نگده‌ران به پیر ڕیفراندۆمه‌وه چوون و ده‌نگی ''به‌ڵێ''یان به‌کار هێنا.
ئێوه پێشنیاری ستاتۆیه‌ک بۆ کورده‌کان ده‌که‌ن. باشه به‌ڕای ئێوه خۆسه‌ری دیموکراتیک یان کوردستانی ئۆتۆنۆم هه‌و نین؟
ستاتۆ ته‌نیا به بیرکردنه‌وه و پێشنیار جێبه‌جێ نابێ. پێویسته ئه‌مه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه دانی پێدا بنرێ و په‌سند بکرێ. ده‌سته‌واژه‌ی خۆسه‌ری دیموکراتییانه بابه‌تێکی ڕوون نییه و پێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆ بۆ کورده‌کان سه‌قامگیر ناکا. کوردستانێکی ئۆتۆنۆم و دیموکرات ده‌سته‌واژه‌یه‌کی هه‌ندێک ڕوونتره. ده‌توانین بڵێین ئه‌مه‌یان پێگه‌یه‌ک بۆ کورده‌کان دروست ده‌کا. سه‌باره‌ت به کوردستانی خۆسه‌ر ده‌کرێ ئاماژه به‌م خاڵانه بکه‌ین: ئه‌م پڕۆژه‌یه ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی دێسه‌مبه‌ری ٢٠١٠ له شاری دیاربه‌کر له کۆبونه‌وه‌ی کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک بڕیاری له سه‌ر درا. ڕۆژانی دواتر، نووسه‌رانی تورک و ڕۆژنامه‌نووسان به‌شداری کۆبونه‌وه‌که بوون و ڕه‌خنه‌یان له‌و پڕۆژه‌یه گرت و گوتیان ''ئه‌م پڕۆژه‌یه نیشتمان پارچه ده‌کا و ده‌بێته هۆکار له به‌رده‌م له‌ت و په‌ت بوونی تورکیا...''، ئه‌وه بوو، پارتی ئاشتی و دیموکراسی، لێدوانێکیان ڕاگه‌یاند و گوتیان ''به هه‌ڵه تێگه‌یشتوون، نییه‌تی ئێمه پارچه‌کردنی وڵات نییه...''. ئۆجه‌لان ڕه‌خنه‌ی له کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک، ده‌ته‌په و به‌ده‌په گرت و گوتی ''باش خه‌ڵکتان له پڕۆژه‌که نه‌گه‌یاندووه...'' ئه‌مه له کاتێکدا که پێویسته له به‌رامبه‌ر ڕه‌خنه‌ی ڕۆژنامه و میدیاکانی تورکیا له سه‌ر پڕۆژه‌که، پێداگرانه داکۆکیی له پڕۆژه‌که بکرێ. به‌ڵام سیاسه‌تمه‌دارانی کورد پارێزگاری‌یان له پڕۆژه‌ی کوردستان خۆسه‌ر نه‌کرد...
مژاری خۆ پاراستن زۆر گفتوگۆی له سه‌ر کرا، بیروڕای ئێوه له‌مباره‌وه چییه؟
له وەڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا، پێویسته بڕوانینه باشووری کوردستان و بزانین کێشه‌کان چۆن چاره‌سه‌ر بوون. هه‌روه‌ها سه‌یری فه‌له‌ستین بکه‌ین و بزانین کێشه‌که چۆن چاره‌سه‌ر کرا. له باشووری کوردستان، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دامه‌زرا. پێشمه‌رگه بوو به هێزی پاراستن و ماسولکه‌ی سه‌ربازی ناوچه‌که. سه‌باره‌ت به فه‌له‌ستینیش، ١٣ی سێپته‌مبه‌ری ١٩٩٣ له ئۆسلۆ، ئیسحاق ڕابین سه‌رۆک ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و سه‌رۆکی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی فه‌له‌ستین یاسر عه‌ره‌فات، له سه‌ر دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی ئۆتۆنۆم له که‌رتی ڕۆژئاوا و غه‌ززه دوای پێنج ساڵ پێکهاتن. گه‌ریلاکانی فه‌له‌ستین، بوونه هێزی سه‌ربازی و به‌رگریکه‌ر له به‌رێوبه‌رایه‌تی ئۆتۆنۆمی ئه‌وێ.
ئێوه زوو زوو بێزاری خۆتان سه‌باره‌ت به‌م وته‌یه‌ی کورده‌کان ده‌رده‌بڕن که ده‌ڵێن ''ئێمه جیاخواز نین''، سه‌باره‌ت به جیابوونه‌وه‌ی کورده‌کان ڕاتان چییه؟ساڵانی ١٩٢٠ له سه‌رده‌می کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان، کورد و کوردستان پارچه پارچه و دابه‌شکرا. سیاسه‌تی هه‌ره نه‌گۆڕ و به‌رفراوانی ئیمپریالیستیانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دژی کورده‌کان په‌یڕه‌و کرا. ئه‌مه له له‌ت و په‌تکردنی جه‌سته و پژاندنی مێشکی مرۆڤێک ده‌چێ. ئه‌مڕۆکه بۆ نموونه، بنکه‌کانی په‌که‌که له قه‌ندیل، ڕۆژێک له لایه‌ن تورکیا و ڕۆژی دواتر له لایه‌ن ئێرانه‌وه بۆردومان ده‌کرێن. ڕۆژی سێهه‌م هه‌ر دوو هێز به یه‌که‌وه ده‌یده‌نه به‌ر ئاگر. حکومه‌تی فیدڕاڵی عێراق، کاردانه‌وه‌یه‌کی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا نیشان نه‌دا. سوریا پشتگیری له بۆردومانه‌که کرد. ڕوسیا، ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا و یه‌کێتی ئه‌وروپاش له ئاست بۆردومانه‌کاندا چاوی خۆیان نوقاند. له ئه‌نجامی ئه‌م بۆردومانه‌دا، گونده‌کان و ماڵه‌کان ئاگریان تێبه‌ر بوو و کاول بوون، گژ و گیا و ئاژه‌ڵه‌کان زیانیان به‌رکه‌وت. ته‌نیا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کاردانه‌وه‌ی نیشان دا، به‌ڵام ده‌نگی له لایه‌ن هێزه‌کانی په‌یوه‌ندیداره‌وه نه‌بیسترا.
ئه‌م بارودۆخه چۆن دروست بووه؟ ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیسته‌کانی پێشوو، بریتانیای گه‌وره و فه‌ره‌نسا، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لەگەڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورک، عه‌ره‌ب و فارس پێکهاتوون و ئه‌م بارودۆخه‌یان هێناوه‌ته بوون. دوو ده‌وڵه‌تی ئیمپریالی گه‌وره و گرنگی ئه‌وکات لەگەڵ دوو ده‌وڵه‌تی ڕیشه‌داری ناوچه‌که سازشیان ئه‌نجام داوه. ئاشکرایه ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته تورکیا و ئێرانن که تورکیا درێژه‌ده‌ری ئیمپراتۆری عوسمانی و ئێرانیش درێژه‌ده‌ری ئیمپراتۆری ئێرانه. کورده‌کانیش هاوار ده‌که‌ن ''ئێمه جیاخواز نین'' و ده‌ست له سه‌ر ده‌ست ڕاوه‌ستاون. له‌کاتێکدا به‌رامبه‌ره‌که‌ی جیاخوازه. ئه‌وه خاکی جیا کردۆته‌وه، ئه‌وه خاکی دابه‌ش کردوه. کاتێک ده‌ڵێی ''من جیاخواز نیم'' ئه‌وه دێته واتای ئه‌وه‌ی کورده‌کان ئاگاداری ئه‌وه نین ساڵانی ١٩٢٠ چ کاره‌ساتێکیان به‌سه‌ر هاتووه.
هه‌ڵبژاردنی گشتی له داهاتوودا چاوه‌ڕێمان ده‌کا. هه‌ڵسوکه‌وتی کورده‌کان ده‌بێ چۆن بێ؟
له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به قازانجی کورده‌کانه له ده‌وری یه‌کتری کۆ ببنه‌وه و لەگەڵ یه‌کتریدا هاوپه‌یمانی ببه‌ستن. ئه‌م هاوپه‌یمانییه، هێزی ئالیکاری به‌رهه‌م دێنێ و ده‌نگی کورده‌کان به‌رزتر ده‌کا. به‌ده‌په، له‌وانه‌یه بتوانێ له ڕێگه‌ی دروستکردنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌ندێک حزبی چه‌پی تورک دروشمی ''یه‌ک کۆی یه‌ک یه‌کسانه لەگەڵ دوو'' بێنێته دی، به‌ڵام به‌دروستکردنی هاوپه‌یمانێتی لەگەڵ کورده‌کان، ''یه‌ک کۆی یه‌ک یه‌کسانه به زیاتر له دوو'' به ده‌ست ده‌خا.
ئه‌گه‌ر به‌ده‌په له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سه‌رکه‌وێ، له پێناو چاره‌سه‌ریدا چۆن کاریگه‌رییه‌کی ده‌بێ، یان به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر له ناوچه‌که ئاکه‌په هێزی یه‌که‌م بێ ده‌که‌وێته خزمه‌تی چاره‌سه‌ری یان به‌رده‌وامبوونی پێکدادانه‌کانه‌وه؟
به گشتی ئه‌گه‌ر به‌ده‌په، له ناوچه‌که‌دا سه‌رکه‌وێ، خزمه‌ت به چاره‌سه‌ری پرسی کورد ده‌کا. ئه‌گه‌ر ئاکه‌په‌ش ببێته هێزی یه‌که‌م، ئه‌وا چاره‌سه‌ری هه‌ندێک دوا ده‌خا. جگه له‌مه وا بیر ده‌کاته‌وه که هه‌نگاونه‌نان له پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌دا مافی خۆیه‌تی. ئاکه‌په به‌رده‌وام باس له‌وه ده‌کا که ٧٥ ئه‌ندام په‌رله‌مانی کوردی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مانه له پێناو کوردایه‌تیدا هیچ شتێکیان نه‌کردووه. ئه‌وان ته‌نیا هه‌وڵیان داوه کۆسپ بخه‌نه به‌رده‌م به‌ده‌په.
ئه‌م مانگانه‌ی دوایی، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری ڕوویان دا، ئه‌م گۆڕانکاریانه به چییه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه؟
مرۆڤه‌کان، ئیتر ته‌نیا نانیان ناوێ. لەگەڵ ناندا، ئازادیشیان گه‌ره‌که. دیموکراسیشیان گه‌ره‌که. ده‌یانه‌وێ به‌ڕووی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا بکرێنه‌وه. ناوه‌ڕۆکی سه‌ره‌کی گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌م داخوازییه‌ی جه‌ماوه‌ره. ئێستا خه‌ڵک زیاتر هه‌ستیارن سه‌باره‌ت به هه‌ژاری و گه‌نده‌ڵی. ئه‌وان لێپرسینه‌وه ده‌که‌ن که بۆچی سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو سه‌رچاوه سروشتیه ده‌وڵه‌مه‌نده، خه‌ڵک برسی هێشتراوه‌ته‌وه.
ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوانه له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستانیش بینرا. ئێوه خۆپیشاندانه‌کانی شاری سلێمانی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌وه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد که گه‌نده‌ڵی هه‌یه و ئه‌میش له دژی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه خه‌بات ده‌کا. بێگومان ئه‌مه هه‌ڵوێستێکی به‌جێیه. به‌ڵام ڕێگه‌ی خه‌بات دژی گه‌نده‌ڵی، هێرشکردنه سه‌ر بینا و باره‌گای پارتی دیموکراتی کوردستان نییه. بێگومان دژایه‌تی لەگەڵ هه‌ندێک بابه‌تی وه‌ک گه‌نده‌ڵی گرنگ و پێویسته. به‌ڵام ئه‌م خه‌باته نابێ ڕێگه‌خۆشکه‌ر بێ بۆ چالاکی ڕوخێنه‌رانه‌ی هێزه سیخوڕییه‌کانی ده‌وڵه‌تانی زاڵ به‌سه‌ر کوردستاندا. ئه‌گه‌ر ئۆپۆزۆسیۆنی حکومه‌تی کورد و په‌رله‌مانی کورد بی و ئۆپۆزۆسیۆنی بارزانییه‌کان بی، نابێ سه‌رنج نه‌ده‌یته ئه‌م خاڵه‌ش. حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌مڕۆکه، ته‌نیا پێگه‌یه‌که که کورده‌کان دایانمه‌زراندوه. پاراستن و گه‌شه‌پێدانی ئه‌م پێگه‌یه، ده‌بێ ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موو کوردێک بێ.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر