سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
یه‌کێک له خاڵه پۆزه‌تیڤه‌کانی جوڵانه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تا ئه‌مڕۆ ئه‌وه بووه که ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه، مۆرکێکی ئاینی پێوه نه‌بووه و هیچ حزبێکی سیاسی ئیسلامیش نه‌بووه که بتوانێت خه‌ڵک ئاڕاسته بکات. ئه‌و هه‌وڵه گه‌رچی له سه‌ره‌تاکانی هاتنه سه‌ر کاری کۆماری ئیسلامی که ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌کی سنوردار له هه‌ندێک ناوچه‌دا بره‌وی هه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌و په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتدا، که‌مڕه‌نگتر بووه تا گه‌یشته ئاستێک که‌شوێنه‌واری نه‌ما.
ده‌ربڕینی ئه‌و چه‌ند دێڕه دژایه‌تی نییه له‌گه‌ڵ هیچ ڕێکخراو و سازییه‌کی ئیسلامی، وه‌ک چۆن هێزه کۆمۆنیست و هێزه‌کانی دیکه مافی خه‌باتیان هه‌یه، هێزه ئیسلامیه‌کانیش هه‌ر به‌م شێوه ده‌بێ مافیان هه‌بێت، سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر ڕێکخراوێکی چه‌پ یا هه‌ر ڕێکخراوێکی تر ڕاسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ هه‌وڵی دروستکردنی ده‌زگایه‌کی ئیسلامی بدەن. لێ ئه‌وه‌ی که بزوتنه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاڵی بووه له پروپاگه‌نده و ڕه‌ساڵه‌تی ئیسلامی، کاردانه‌وه‌یه‌کی سرووشتی خه‌ڵک و بزوتنه‌وه‌ی کورد به هه‌موو بواره‌کانییه‌وه بووه به‌رامبه‌ر بە تیۆکراسی ئێران.
ئه‌وه‌نده‌ی بیرم یارمه‌تیم بدات، پێموابێت کریس کۆچێرایه که ده‌ڵێت شۆڕشی داهاتووی ئێران شۆڕشێکی دژه‌ئایینی ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاینی به هه‌موو مه‌زهه‌به‌کانییه‌وه له پێش چاوی خه‌ڵک خستووه و ئه‌وه‌ش وای کردووه که به‌رده‌وام له کوردستاندا مه‌یلی چه‌پ به‌سه‌ر مه‌یلی ڕاستدا زاڵ بێت.
هه‌ر وه‌ک له سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌م پێدا، بێگومان هه‌ڵنه‌گرتنی دروشمگه‌لی ئیسلامی خاڵێکی پۆزه‌تیڤی بزوتنه‌وه‌ی کورد بووه له ڕۆژهه‌ڵات و جلێکی هاوچه‌رخانه‌تری کردووه به‌به‌ردا، هه‌ر ئه‌وه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک مه‌شروعیه‌تی پێبه‌خشێوه و خاڵی سه‌رنجی دیپلۆماته‌کانی بیانی و به‌واتایه‌کی تر ده‌رگایه‌کی دیالۆگ بووه به‌ره‌و ڕۆژئاوا. هه‌ر ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی کۆماری ئیسلامی به‌و بزووتنه‌وه‌یه به‌خشیوه.
به‌ڵام پاش ئه‌م هه‌موو ئه‌زمونه‌ی خه‌بات به شێوازە جۆراوجۆره‌کانیه‌وه، به‌مدواییانه تا دێت هه‌وڵی ئیسلامیزه‌کردنی پرسی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌درێت و ئه‌مه‌ش شیاوی ڕامان و بیرکردنه‌وه‌یه. ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه زۆر سه‌یره، ئه‌م خه‌باته هه‌م له‌ناوخۆ و هه‌م له‌ده‌ره‌وه ده‌ستی پێکردوه و به جۆرێک مرۆڤ ده‌خاته ناو گومانه‌وه.
دامه‌زراندنی ڕێکخراوێکی ئاینی له‌لایه‌ن حدکاوه له‌وه زیاتر له‌سه‌ری نوسرا که منیش بمه‌وێت بۆچوونی خۆم ده‌رببڕم، به‌ڵام هه‌وڵی لایه‌نه‌کانی ناوخۆ و به‌تایبه‌ت هه‌وڵی ڕیفۆرمخوازه کورده‌کان و هه‌ندێک تاقمی تر له‌ناوخۆ باسی زیاتر هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌وانه ماوه‌یه‌که هه‌وڵی وروژاندنی پرسی کورد ده‌ده‌ن و له‌گه‌ڵیشیدا باسی هه‌ڵاواردنی ئاینی زه‌ق ده‌که‌نه‌وه و به‌رێگه‌ی هه‌ندێک که‌سایه‌تی ئایینی یاخود ڕۆشنبیری فارس، کێشه‌ی کورد ده‌خه‌نه ناو قاڵبێکی ئاینیه‌وه. به‌مجۆره بوونه‌ته مینبه‌رێکی ڕاسته‌قینه بۆ بره‌ودان به‌مجۆره هزره و هاوکا‌ت هه‌وڵێکی باش ده‌ده‌ن بۆ خولاسه‌کردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له‌چوارچێوه‌ی ئاییندا.
ئایا ئه‌مه هه‌وڵێکی سیسته‌ماتیکه یان ڕێکه‌وته؟ وه‌ک چۆن به‌رزبونه‌وه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی کورد له ڕۆژهه‌ڵات جێگه‌ی به هێزه ئیسلامییه‌کان لێژ کرد، ئایا لاوازبونه‌وه‌ی ئه‌م خه‌باته، سه‌ره‌تایه‌که بۆ زیندووبونه‌وه‌یان؟ هۆکاره‌کان هاتنه‌سه‌رکاری ئۆبامایه؟ ئایا به ڕاستی ئه‌م زه‌مینه‌یه له‌ناو خه‌ڵکدا دروست بووه یان هه‌وڵێکی سیاسیه له‌لایه‌ن حزب یاخود سیسته‌مه‌وه؟ ئه‌مانه و ده‌یان پرسیاری تر مرۆڤ ده‌خاته ناو گومان و دڵه‌ڕاوکێوه. چونکه هه‌موومان کارنامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیه‌کانمان لانیکه‌م له‌م بیست ساڵه‌ی دواییدا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بینیوه. خۆ ئیسلام وه‌ک هێزی سێهه‌م له باشوری کوردستانیش له‌به‌ر چاوه. تازه به‌تازه خه‌باتێک دێته ڕۆژه‌ڤمانه‌وه که له‌مێژه باوی به‌سه‌ر چووه.
ئایا بیر له‌وه کراوه‌ته‌وه که ئه‌م ئاڕاسته‌یه سنوره‌کانمان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی کاڵتر ده‌کاته‌وه و به گوێره‌ی ئه‌و سیگناڵه‌ی مونته‌زه‌ری و کروبییه‌کان و ئایه‌توڵڵاکانی دیکه‌ی ناو ده‌سه‌ڵاتیش ده‌یده‌ن هه‌وڵی که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ڵاواردنی ئاینی ده‌ده‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌ندێک ڕیفۆرمی ئاینیش له‌ناو ئێران‌دا بکرێت، هه‌مو ڕیسی کورد ده‌بێته‌وه به خوری و هیچ ده‌سکه‌لایه‌کمان نامێنیت، بادانه‌وه‌ش له‌وانه‌یه ئیتر دره‌نگ بێت. با بزانین سه‌نگه‌ری مزگه‌وت تا چه‌ند ده‌توانێ ئه‌لته‌رناتیڤی عه‌لمانیه‌تی ده‌ره‌وه و خه‌باتی مه‌ده‌نی ناوخۆ بێت.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر