قەرەیڵان : ئیتر په‌که‌که، په‌که‌که‌ی کۆن نییه
حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
موراد قەرەیڵان به‌مجۆره باس له گۆڕانکارییه‌کانی ناو په‌که‌که ده‌کات "په‌که‌که به نیسبه‌ت ڕابردوو ڕێبازێکی ژیرانه‌تری گرتۆته به‌ر. بۆ نمونه سه‌ره‌تا داوای ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌مه هی ڕابردو بوو. یانی چیتر "جیاخواز" نییه. ده‌مانه‌وێ کورده‌کان له چوارچێوه‌ی سنوره‌کانی کۆماری تورکیادا به یه‌کسانی و ئازادی بژین. ده‌مه‌وێ ڕوونی بکه‌مه‌وه که ئه‌مه تاکتیک نییه. قۆناغی دورکه‌وتنه‌وه له جیاخوازی و سه‌ربه‌خۆیی ساڵی ١٩٩٣ و ١٩٩٩ له ئیمڕالی ده‌ستی پێ‌کرد. پاڕادیگما گۆڕاوه."
چیای قه‌ندیل، باکوری عێراق
ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو له ماڵێکی دو هۆده‌یی و میچ نزمی گوندێکی بناری قه‌ندیل له وتوێژه چوار کاتژمێرییه‌که‌مدا لەگەڵ موراد قەرەیڵان که‌سی یه‌که‌می ناو په‌که‌که، په‌یتا په‌یتا هه‌وڵم ده‌دا بابه‌تێک بخه‌مه ڕۆژه‌ڤه‌وه:
وازهێنانی په‌که‌که له چه‌ک....
داکشانی په‌که‌که له چیاکان...
قەرەیڵان جارێکیان گوتی:
"بڕوانن، ئێمه شێت نه‌بوین له‌و شاخانه بده‌ین، یان وه‌ک هه‌ندێک که‌س ده‌ڵێن بۆ سه‌یرانیش ڕوومان نه‌کردۆته چیاکان."
که باس دێته سه‌ر دابه‌زینی په‌که‌که له چیاکان، بزه‌یه‌کی گاڵته‌ئامێز له سه‌ر لێوه‌کانی قەرەیڵان ده‌نیشێ، وه‌ك بڵێی هه‌روا ئاسانیش نییه و بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ئه‌م قۆناغه پێویسته ئیشی تر ئه‌نجام بدرێن.
کاتێک ته‌نگاویش ده‌بوو ئه‌و کاردانه‌وه‌یه‌ی نیشان ده‌دا:
"که ده‌ڵێن با په‌که‌که واز له چه‌ک بێنێ، قسه‌یه‌کی پووچه. له‌وه ده‌چێ فیشه‌کێک بنێن به بۆشاییه‌وه. ئه‌وه چه‌کیشمان دانا، له کوێ‌یان دابنێین؟ چۆن و لای کێ؟ زه‌مینه‌کانی چه‌کدانان چین؟ هه‌روا بڵێی چه‌ک دانێن، هیچ مانایه‌کی نییه. سه‌ره‌تا با دابنیشین، دیالۆگ بکه‌ین."
"رێبازێکی ژیرانه‌ترمان گرتۆته به‌ر"
موارد قەرەیڵان پێی وایه به ناوزه‌دکردنی په‌که‌که وه‌ک "رێکخراوێکی تیرۆریستی"، مرۆڤ به هیچ شوێنێک ناگات. په‌که‌که له هه‌مانکاتدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی حه‌سره‌ت و خه‌ونه‌کانی کورده له به‌ر ئه‌مه‌شه پشتگیری لێ ده‌کرێ.
پاشان ده‌شڵێ:
"چیتر په‌که‌که، په‌که‌که‌ی کۆن نییه."
له وه‌ڵامی پرسیارێکمدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گۆڕانکارییه‌کان چین، ئاوا بەرسڤی دامه‌وه :
"په‌که‌که به گوێره‌ی ڕابردوو ڕێبازێکی ژیرانه‌تری گرتۆته به‌ر. بۆ نمونه سه‌ره‌تا داوای ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی ده‌کرد. ئه‌و قۆناغه‌مان تێپه‌ڕاند. یانی چیتر جیاخواز نییه. ده‌مانه‌وێ له چوارچێوه‌ی سنوره‌کانی تورکیادا، کورد به یه‌کسانی و ئازادی بژین. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش ڕون بکه‌مه‌وه که ئه‌مه تاکتیک نییه، قۆناغی دورکه‌وتنه‌وه له جیاخوازی و سه‌ربه‌خۆیی ساڵی ١٩٩٣ و ١٩٩٩ له ئیمڕالی (ئه‌و ساڵه‌ی ئۆجه‌لان ده‌ستگیر کرا و به زیندانی هه‌تا هه‌تایی حوكم درا. ح. ج) ده‌ستی پێ‌کرد. پارادیگما گۆڕا."
"چۆن گۆڕاوه؟"
"ئێمه ئیتر باسی "کوردستانێکی ئۆتۆنۆم و دیموکرات" ده‌که‌ین. مه‌به‌ستمان له‌م ئۆتۆنۆمییه، فیدڕاسیۆن نییه. ئامانجمان ئه‌وه نییه جارێکی تر سنوره‌کان بگۆڕدرێن. هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رییه‌ک نییه زیان به پێکهاته‌ی یه‌کگرتویی ده‌وڵه‌ت بگه‌یه‌نێ. به‌ڵکه یاسای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێی ده‌گۆڕێت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی به‌هێز ده‌کا."
"ئێمه‌ش کاری خراپمان کردووه"
پاش ئه‌م قسانه موراد قەرەیڵان، جارێکی تر پێداگری له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته کرد که دوێنێش بڵاومان کرده‌وه "سه‌ره‌تا ده‌بێ چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن!"
"ئه‌ی پاشان؟"
"پاشان نۆره‌ی مافه که‌لتورییه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به ناسنامه‌ی کورد و (پڕۆژه‌ی سازانی کۆمه‌ڵایه‌تی) دێت که هه‌ندێک که‌س وه‌ک لێبوردن باسی لێوه ده‌که‌ن. ئه‌مه مژارێکی دوو لایه‌نه‌یه. لایه‌نێک وه‌ک ده‌سپێکه‌ری شۆڕ‌شی چه‌کداری... لایه‌نێکیش که سیاسه‌تی نکۆڵی لێکردنی په‌یڕه‌و کردووه.... ئه‌مانه وێرانکارییان به‌دواوه بووه... دژی ئێمەی کورد ده‌وروبه‌ری ١٧ هه‌زار تاوانی بکه‌ری نادیار ئه‌نجام دراوه.. دیاره ئێمه‌ش هه‌ندێک که‌موکوڕیمان له کرده‌وه‌دا هه‌بووه. له‌به‌ر ئه‌مه ناوی ده‌نێین پڕۆژه‌ی سازانی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مه شتێکی دوولایه‌نه‌یه. بنه‌مای ئه‌م پڕۆژه‌یه لێبوردنی دوو لایه‌نه‌یه. پێکهاتنه له سه‌ر ده‌ستورێکی بنه‌ڕه‌تی که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێکه‌وەژیانی دڵخوازانه‌یه."
هه‌روه‌ها ده‌شڵێ:
"هه‌موو داخوازیمان ئه‌وه‌یه، کورده‌کان ئازادانه فه‌رهه‌نگی خۆیان بژین."
"ده‌شێ کۆنفرانسی کورد بناغه‌کانی چاره‌سه‌ری دابمه‌زرێنێ."
سه‌رنج ڕاکێش بوو.
که له‌و ماڵه بن میچ نزمه‌ی گوندێکی بناری قه‌ندیل وتوێژم لەگەڵ موراد قەرەیڵان ساز ده‌کرد، دو ئه‌ندامه‌که‌ی تری کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌که‌که، بۆزان ته‌كین و سۆزدار ئا‌ڤێستا هیچ نه‌ده‌په‌یڤین.
جارێکی تر مژاری هاتنه خواری په‌که‌که له چیاکان و چه‌کدانان دێنمه گۆڕێ. ئه‌مجاره‌یان په‌یوه‌ندیدار به کۆنفرانسی کورد به‌کورتی ده‌پرسم:
"به به‌شداری کورده‌کانی سه‌رجه‌م وڵاتان له هه‌ولێر، کۆنفرانسێکی پان ـ کورد ساز ده‌کرێ و تیایدا بانگه‌وازی ئاڕاسته‌ی په‌که‌که ده‌کرێ چه‌ک دابنێ: له سه‌ره‌تاوه سیناریۆکه ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دا که په‌که‌که ده‌چێته قۆناغی چه‌کدانانه‌وه. چاوه‌ڕوانیه‌کی له‌مجۆره خوڵقا. به‌ڵام پاشان کۆنفرانسه‌که بۆ وه‌رزی پاییز دوا خرا. ئایا ئێوه وه‌ک په‌که‌که هۆکارێک بوون بۆ ئه‌م دواخستنه؟"
موراد قەرەیڵان هاوڕایه که کۆنفرانسی کورد فه‌زایه‌کی وای خوڵقاندووه. لێره‌دا به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه باس له ڕۆڵی سه‌رۆککۆماری کوردی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌کا به‌ڵام له هه‌مانکاتدا ئاماژه به گرنگیی کۆنفرانسی کورد ده‌کا و به‌رده‌وام ده‌بێ:
"سه‌ره‌تا بیرۆکه‌ی به‌ستنی کۆنفرانس بیرۆکه‌ی ئێمه بوو. به‌ڵام ئه‌م پێشهاته‌ی دوایی په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵسوکه‌وته‌کان دروست بن، ده‌کرێ کۆنفرانس ڕێگه خۆشکه‌ر بێ بۆ چاره‌سه‌ری. نابێ له بیریشمان بچێ هیچ واتایه‌کی نابێ ئه‌گه‌ر کۆنفرانس داوای چه‌کدانان له په‌که‌که بکات."
"ئۆزال سه‌ری به پرسی کورده‌وه دێشاند"
که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که موراد قەرەیڵان ئه‌م پرسیاره‌ی لا دروست بووه:
"ئایا هه‌میسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان؟"
به تایبه‌ت ساڵی ١٩٩٤...
بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی کت‌وپڕ له باشووری ڕۆژهه‌ڵات ته‌قییه‌وه... قەرەیڵان ده‌پرسێ:
"ئایا حکومه‌ت وه‌ک سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان دیسان شته‌کان ده‌خاته‌وه ئه‌ستۆی سوپا؟"
قه‌ره‌یڵان باس له لایه‌نه‌کانی ئه‌م پرسیاره ده‌کاو به کورتی ده‌ڵێ:
"ساڵی ١٩٩٣ ئۆزال مرد و ده‌رفه‌تی ئاشتی له‌ناو چوو. ئۆزال سه‌رۆکێک بوو کێشه‌ی کوردی ده‌بینی و له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنیدا هه‌وڵی جدی ده‌دا. ساڵی ١٩٩٣ ئۆزال مرد و ساڵی ١٩٩٤ به‌ڕاستی ساڵێکی سه‌یر بوو. (موراد قەرەیڵانیش وه‌ک عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان پێی وایه تورگۆت ئۆزال تا دوا ڕاده ڕۆڵێکی ئه‌رێنی هه‌بووه له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورددا. ح.ج) ئایا دیسان وه‌ک ساڵی ١٩٩٤ هێرشه‌کان ده‌ست پێده‌که‌نه‌وه؟ هه‌ست به کۆمه‌ڵێک شت ده‌که‌ین، به‌ڵام لێیان دڵنیا نین. گه‌لۆ حکومه‌تی ئه‌ردۆگان کێشه‌کان حه‌واڵه‌ی سوپا ده‌کا و جارێکی تر خوێن ده‌ڕژێ؟ ئێوه چۆن ده‌فکرن؟"
"سوپاش چاوه‌ڕوان ما..."
موراد قەرەیڵان هه‌وڵ ده‌دا قۆناغی پاش ٢٩ی مارس شی بکاته‌وه.
باسی ئه‌وه ده‌کا که له سه‌ره‌تاوه سیناریۆیه‌کی وا نوسرابوو که ده‌ته‌په له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌نگی که‌م به‌ده‌ست دێنێ، ته‌یپ ئه‌ردۆگان زۆر متمانه‌ی به خۆی هه‌بوو، به‌ڵام دواجار خه‌یاڵه‌کانی تێکشکان، چونکه ده‌ته‌په هه‌م له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا و هه‌م له ژماره‌ی شاره‌وانیه‌کاندا سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ست هێنا.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کا که له‌م سیناریۆیه‌دا سوپا ڕۆڵی سه‌ره‌کیی هه‌بووه و به‌رده‌وام ده‌بێ :
"به‌ر له ٢٩ی مارس سیناریۆیه‌کی پاکتاوکردن نووسرا. سیناریۆی دابه‌زینی ژماره‌ی ده‌نگه‌کانی ده‌ته‌په.... به‌ڵام ڕاستی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بوو. زستانێکی هه‌ره ئاراممان له‌ماوه‌ی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا تێپه‌ڕاند. سوپا تا ٢٩ی مارس چاوه‌ڕێ مایه‌وه. سوپاش توانی چاوه‌ڕێ بمێنێته‌وه... (به ته‌وسه‌وه ئه‌م ڕسته‌یه‌ی هێنایه زمان. ح.ج) بۆچی له قۆناغی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سوپا هه‌ڵمه‌تی نه‌هێنا؟ به‌ڵام لەگەڵ ئه‌مه‌شدا ئێمه هیوادار بووین... هه‌ندێک هێمای چاره‌سه‌ری ده‌رکه‌وتن... پێمان وابوو قۆناغێکی نوێ ده‌ست پێده‌کا که سوپاش ده‌گرێته خۆ. به داخه‌وه وا نه‌بوو. هه‌ر ڕۆژێک پاش هه‌ڵبژاردنه‌کان، واته ٣٠ی مارس، هه‌رچه‌ند به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاویش نه‌بێ، سوپا هێرشی ده‌ست پێ‌کرد.... ڕۆژی ١٤ی نیسانیش دژی ده‌ته‌په ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجام دا. ئه‌گینا ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئێمه‌ی به ئاشتی و دیموکراسی ئومێده‌وار کرد."
ئه‌ردۆگانی ٢٠٠٥ له کوێیه؟
له‌و وتوێژه چوار کاتژمێریه‌ماندا، قه‌ره‌یڵان بۆ چه‌نده‌مین جار ڕووی قسه‌کانی کرده ئه‌ردۆگان.
لێدوانه‌کانی ئه‌ردۆگانی له مانگی ئاگۆستی ٢٠٠٥ له دیاربه‌کر هێنایه‌وه بیر. له‌و قسانه‌یدا ئه‌ردۆگان گوتبووی "کێشه‌ی کورد کێشه‌ی ئێمه‌یه: له‌م ڕوه‌وه ده‌وڵه‌ت که‌موکوڕی هه‌بووه و سه‌رڕاستیان ده‌کاته‌وه." پیاوی ژماره یه‌کی په‌که‌که، باسی ئه‌وه‌ی کرد که ئه‌مڕۆکه هیچ شوێنه‌وارێک له‌و قسانه نه‌ماوه‌ته‌وه و بۆ چه‌نده‌مین جار جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه کرده‌وه:
بۆشایی ئیراده‌ی سیاسی...
دوایی قەرەیڵان گوتی:
"ناتوانم به‌چاوێکی ئه‌رێنیه‌وه بڕوانم. چونکه سه‌ره‌تا ده‌رهه‌ق به کێشه‌ی کورد ئیراده‌یه‌کی سیاسی له ئارادا نییه. نه‌بوونی ئیراده کێشه‌یه‌کی زۆر جدییه. ئه‌مڕۆکه ته‌نانه‌ت ژه‌نه‌ڕاڵه‌کانیش شتی جیاواز ده‌ڵێن. به‌ڵام ئیراده‌ی سیاسی له کوێیه؟ ئه‌و سه‌رۆکه‌ی ساڵی ٢٠٠٥ ئه‌و قسانه‌ی ده‌کرد، چی به‌سه‌ر هات؟ چی لێهات ئه‌و کاته‌ی له ساڵی ١٩٩٤دا شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئه‌سته‌نبوڵ بوو و هه‌رچه‌ند ئه‌رکی ئه‌ویش نه‌بوو به‌ڵام ڕاپۆرتێکی له پێناو چاره‌سه‌ری پرسی کورد بۆ پارته‌که‌ی به‌رز کرده‌وه؟
"ئیدی شه‌ڕی چه‌کداری وه‌ک پاراستنی ڕه‌وا به‌کار دێت"
قەرەیڵان ده‌ڵێ په‌که‌که، په‌که‌که‌ی کۆن نییه و سه‌رنج بۆ سه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی ناو په‌که‌که ڕاده‌كێشێ. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ به میدیاکانمان گوت وه‌رن له ئێمه‌وه له په‌که‌که تێبگه‌ن. ڕونیشی ده‌کاته‌وه که شێوازه‌کانی خه‌بات گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا هاتووه.
له‌مباره‌وه به کورتی گوتی:
"ئێمه په‌که‌که‌ی ده ساڵ له‌مه‌وپێش نین. ئیدی به‌شێوازی کلاسیک هه‌ڵسوکه‌وت ده‌گه‌ڵ خه‌باتی چه‌کداری ناکه‌ین. هێڵی پاراستنی ڕه‌وامان گرتۆته به‌ر. قورسایی ده‌ده‌ینه چالاکی جه‌ماوه‌ری، نافه‌رمانی مه‌ده‌نی و تێکۆشانی سیاسی. به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا چی له ٦ هه‌تا ٧ هه‌زار مرۆڤی چه‌کدار ده‌که‌ن؟ له ڕوی قازانج کردنیان و گه‌ره‌نتی پاراستنی ڕه‌واوه.... ئێمه نامانه‌وێ که‌س بکوژرێ. ئه‌و چوار ساڵه له شه‌ڕێکی سنوردار داین. وه‌ک ساڵانی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ نییه. له ناوچه سه‌خته‌کان، ئه‌گه‌ر هێرشیان بکرێته سه‌ر، خۆیان ده‌پارێزن."
"کۆنتڕۆڵمان به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌که‌ی قوتابخانه‌شدا نه‌بوو"
له‌کۆتاییدا قەرەیڵان ده‌ڵێ:
"دوای قۆناغی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٢٩ی مارس ئه‌گه‌ر جارێکی تر شه‌ڕمان به‌سه‌ردا بسه‌پێ ــ گه‌رچی ته‌نانه‌ت نامانه‌وێ بیریشی لێ بکه‌ینه‌وه ــ ڕووداوه‌کانی سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌د به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دژوارتر ده‌ژینه‌وه، له‌لایه‌ن هه‌ر دوو بەره‌وه. نامانه‌وێ وه‌ها شتێک ڕوو بدا. به‌ڵام ئاماده‌كاریشمان هه‌یه. ده‌رئه‌نجامی نه‌ویستراو له‌وانه‌یه بێته ئاراوه. ئێمه شتێک له ده‌ره‌وه‌ی کۆنتڕۆڵ ئه‌نجام ناده‌ین." له‌سه‌ر باسی زیان نه‌گه‌یاندن و نه‌کوشتنی که‌سانی بێ‌تاوان و ئه‌نجامنه‌دانی چالاکی جگه له پاراستنی ڕه‌وا، قه‌ڕه‌یلان ئاماژه به ته‌قینه‌وه سامناکه‌که‌ی به‌رده‌م قوتابخانه‌یه‌کی مناڵان ده‌کات له دیاربه‌کرو ده‌ڵێ "زۆر کارێکی هه‌ڵه بوو. ئێمه‌ش په‌سندمان نه‌کرد. له‌ده‌ره‌وه‌ی کۆنتڕۆڵی ئێمه ڕویدا."
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر