چه‌نگیز چاندار
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
سه‌رخێل له وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌مدا که "ئایا هه‌وڵدانه‌کانی به‌غدا بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت ده‌شۆپێنی؟" شانی هه‌ڵته‌کاند و بێ موبالا گوتی "په‌یوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆی به منه‌وه نییه."
به‌رده‌وام بووم و پرسیم "بۆچی؟ ده‌تانه‌وێ بڵێن هه‌ر چی بێ ئێمه حکومه‌تی خۆمان هه‌یه و هه‌ست به بۆشایی حکومه‌ت ناکه‌م؟" له‌وەڵامدا گوتی "با وای دابنێین." گوتیشی "ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بین. ئێمه پێویستمان به سه‌دامێکی دیکه نییه. ساڵح موتڵه‌گ سه‌دامی دووهه‌مه..."
ساڵح موتڵه‌گ ته‌نانه‌ت ئه‌ندام په‌رله‌مانیش نییه، به‌ڵام له پێکهێنانی کوتله‌ی ئه‌لعه‌راقیه به سه‌رۆکایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بووه. که‌سایه‌تیه‌کی سوننه و عه‌ره‌بێکی نه‌ته‌وه‌په‌رسته. کۆنه به‌عسیه و یه‌کێکه له میوانه سه‌رقاڵکه‌ره‌کانی ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو له تورکیا. به‌رده‌وام له‌و وڵاته‌یه.
سه‌رخێڵ به‌ڕێوه‌به‌ری مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌یه. له کاتی "ژینۆساید" و بۆردومانی هه‌ڵه‌بجه به چه‌کی کیمایی له لایه‌ن سه‌دام حسێنه‌وه له ١٦ی ئاداری ١٩٨٨، نۆ ساڵی ته‌مه‌ن بووه. باوک و دایکی لەگەڵ زیاتر له پێنج هه‌زار مرۆڤ له‌و کاره‌ساته‌دا که لە تەک هیرۆشیما و ناکازاکی به‌راورد ده‌کرێ، گیانیان له‌ده‌ست داوه. له میانه‌ی سه‌ردانی گۆڕستانی هه‌ڵه‌بجه، که نزیکه‌ی دوو هه‌زار مرۆڤ له سێ گۆڕی به‌کۆمه‌ڵدا نێژراون و ناوی دایک و باوکی سه‌رخێڵیش لەگەڵ ١١٠٠ که‌سی تر له سه‌ر کێله‌کان نووسراوه، تابلۆیه‌ک له به‌ر ده‌رگاکه سه‌رنجی ڕاکێشام:
"هاتنه ژووره‌وه بۆ به‌عسیه‌کان قه‌ده‌غه‌یه."
پێی ده‌ڵێم: یانی ته‌نانه‌ت ساڵح موتڵه‌گ ببێته سه‌رۆک وه‌زیریش، ناتوانێ بێته ئێره...
به پێکه‌نینه‌وه: نه‌خێر.
***
هه‌ڵه‌بجه له شوێنێک هه‌ڵکه‌وتوه که ده‌ڕوانێته چیاکانی هه‌ورامان، له خواره‌وه‌شی ده‌شتی به‌رینی شاره‌زوور هه‌یه. ناکۆک لەگەڵ ڕه‌نگی چه‌که کیماییه‌کان، هه‌وایه‌کی پاکژی هه‌یه و شارۆچکه‌یه‌کی شیرینی کوردستانه. له شه‌ڕی ئێران و عێراقدا به هۆی ئه‌وه‌ی ٤٥ کیلۆمه‌تر له ئێران دووره، باجیکی گه‌وره‌ی داوه. تاوانه‌کانی ڕژێمی ڕه‌گه‌زپه‌رستی عه‌ره‌ب له به‌غدا، به‌شێوه‌یه‌کی کارتێکه‌ر له "مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه" نمایش ده‌کرێن.
له‌و مۆزه‌خانه‌یه، کامێرای نیکۆنی هاوڕێمان ڕه‌مه‌زان ئۆزتورک که دوو ڕۆژ پاش کۆمه‌ڵکوژییه‌که هاته ئێره و به وێنه‌کانی کۆمه‌ڵکوژی به دنیا ناساند، ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ی وه‌زیری سه‌دام، عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید که فه‌رمانی هێرشی کیمایی واژۆ کرد و هه‌وروه‌ها نه‌عله پلاستیکه‌که‌ی ئه‌بوو ته‌حسین ده‌خرێنه به‌ر چاو.
پێیان سه‌یره نازانم ئه‌بوو ته‌حسین کێیه. "ئه‌وه‌نێ ئه‌و که‌سه‌ی ڕۆژی ٩ی ئاوریلی ٢٠٠٣ له به‌غدا به نه‌عل وه‌رگه‌ڕایه په‌یکه‌ری سه‌دام، به نه‌عل له سه‌ری ده‌دا و ده‌یویست بیشکێنێ...."
به بینینی شوێنه‌واره‌کانی ڕوخانی ڕژێمی سته‌م له عێراق، ئه‌و ساتانه‌م دێته‌وه بیر.
ڕۆژانه خه‌ڵک سه‌ردانی مۆزه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه ده‌که‌ن. چه‌ند کاتژمێرێک به‌ر له سه‌ردانی من، نوێنه‌رانی باڵوێزخانه‌ی ژاپۆن له به‌غدا هاتبوون. هه‌روه‌ها گه‌نجێکی چوارشانه له‌وێ له من نزیک بۆوه و به تورکی گوتی زۆر خۆشحاڵه لێره من ده‌بێنێ.
له کوێوه هاتوون؟
له "بێرن"، پایته‌ختی "سوییس"ه‌وه..
خه‌ڵکی کام شاری تورکیان؟
دێرسیم!
***
زیاتر له هه‌شت مانگه عێراق نه‌یتوانیوه حکومه‌ت پێک بێنێ و ئه‌و هه‌لپه‌ساردنه له دنیادا ڕیکۆردی شکاندوه. له ناو عێراق، له کۆڵانه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌وه سه‌یری دوا پێشهاته‌کان ده‌که‌م. به هه‌رحاڵ، بێ حکومه‌تی عێراق، له کوردستانی عێراق هه‌ست پێ ناکردرێ؛ چونکه له کوردستان حکومه‌ت هه‌یه و "بۆشایی حکومه‌ت" لانیکه‌م لێره، له خاڵه دووره‌کان، ته‌نانه‌ت له هه‌ڵه‌بجه‌ی نزیک سنوری ئێران به‌دی ناکرێ.
هێزی کورده‌کان گه‌یشتۆته ئاستێک، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌ڵێن "به‌ڵێ"، ئه‌وا له به‌غداش حکومه‌تی عێراق پێک نایه.
کورده‌کان له‌م دۆخه‌یاندا، هه‌ستی "شانازی"یشیان ناشارنه‌وه. شه‌وی ڕابردوو، له شاری سلێمانی به‌رپرسێکی باڵا گوتی "دوێنی داودئۆغڵو به‌ر له‌وه‌ی بچێته به‌غدا، هاته هه‌ولێر. له هه‌ولێره‌وه ڕۆێشته به‌غدا." ئینجا به‌رده‌وام بوو "ئایا جارانیش وابوو؟"
جاران وابوو؟
بێگومان وا نه‌بوو. زۆر شت ده‌رهه‌ق به کورده‌کان گۆڕانی به سه‌ر دادێ.
له هه‌موو شوێنێک....
سه‌رچاوه؛ ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵ
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر