۱۳۹۱/۰۶/۰۲

ژیانی ٥٤ گیراوی سیاسی لە گۆشەنیگایەکی نزیکەوە


 بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی، ڕۆژنامەنووسی گیراو، لە نامەیەکدا کە بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی هاوسەرەکەی ژیلا بنی یەعقووب لە گرتووخانەوە نووسیویەتی، هەوڵی داوە دیمەنێکی ورد لە هەلومەرجی ژیانی گیراوانی سیاسی زیندانی ڕەجایی شار بخاتە بەرچاو. ئەحمەدی ئەمویی، ساڵی ٢٠١١ خەڵاتی هێلمن – هێمتی بردۆتەوە. ناوبراو بە تاوانی نووسینی وتاری ڕەخنەگرانە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئابووری دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد لە ڕۆژنامەی "سەرمایە" و وێبسایتی تایبەتی خۆی و هەروەها سایتی "خرداد نو"، دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ٨٨ قۆڵبەست کرا و لەو کاتە بەدواوە لە گرتووخانەیە. ئەمویی هەتا دوو مانگ و نیو پێش ئێستا، لە بەندی ٣٥٠ی ئێوین زیندانی بوو و پاشان بۆ گرتوخانەی ڕەجایی شار گوێزرایەوە.
ئەمەش دەقی نامەکەی:

 
سڵاو ژیلا گیان
دوو مانگ و نیو لە هاتنم بۆ گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج تێدەپەڕێ، ئەو دوو مانگ و نیوەی هەر ساتێکی، کۆمەڵێک کەڵکەڵەی زەینی و سۆزداری بۆ تۆ دروست کردوە. سەبارەت بەم بابەتە، تەنیا شتێ دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بە داخەوەم لەبەر ئەوەی هەلومەرجی ژیانی چەتوون و دژواری خۆمانمان، ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر کردووە و تۆش ناچاری بە تەنیایی شانی داماوت بدەیتە بەر سەرجەم ئەم کوێرەوەرییانە. لەم ماوەیەدا، چەندین جار ویستوومە شتێک بنووسم، بەڵام نازانم بۆچی هەر جارە و کە دەستم بۆ قەڵەم دەبرد، هەستم دەکرد لە توانامدا نییە تەنانەت وشەیەکیش بنووسم.

بەڵام دواجار، ئەمڕۆ توانیم بنووسم. بەرەبەری ٢٨ی گەلاوێژە و ڕۆژی لەدایکبوونی تۆ. هەڵبەت ساڵڕۆژی ئەو کودەتا ڕەشەش کە زۆر لە ئاواتەکانی خەڵکەکەمانی لەگەڵ خۆیدا برد. لە بیرمە بەردەوام دەتگوت بەڕاستی مایەی شەرمە مرۆڤ ڕۆژی لەدایکبوونی لە وەها بۆنەیەکدا جەژن بگرێ. دەتگوت ژێر پێ خستنی سەرجەم زەحمەت و ڕەنجی ئەو پیاو و ژنە گەورانەیە گەرد و تۆزی مێژوو لەسەر سیمایان نیشتووە. لەگەڵ خۆمدا بڕیارم دابوو ئەگەر شتێکم بۆ ڕۆژی لەدایکبوونت نووسی، ئاماژەیەک بەم بابەتە نەکەم، بەڵام نازانم بۆچی نەمتوانی و دیسان هەردووکیان پێکەوە ختووکەی مێشکیان دام.

ژیلا، ئێستا کە خەریکم ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم، تۆ لە کوێی؟ بیر لە چ دەکەیتەوە؟ بە چییەوە سەرقاڵی؟ بیستوومە دامودەزگا قەزاییەکان داوایان لێکردووی خۆت بە گرتووخانەی "ئێوین" بناسێنی تاکوو ساڵێک زیندانیەکەت لەوێ تێپەڕێنی. لەوانەیە ئێستا خەریک بی کەلوپەلەکەت بۆ ڕۆیشتن ئامادە بکەی. لە دڵی خۆمدا گوتم، ڕەنگە ئیتر کاتم نەبێ بە ئارامی قسەت لەگەڵ بکەم و دەردی دڵمت بۆ بەیان کەم. هەندێ جار، ژیان لەسەر هەر پێچێکی، وەها مرۆڤ دەگۆڕێ کە ئەگەر بێت و مرۆڤ خۆیشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا ئامادە کردبێ، هەمدیس وەک بڵێی خافڵابی، سەرت سووڕ دەمێنێ کە دەبێ ئێستا چی بکەی؟ ڕێک وەک ئەو وەزعەی ئێستاکە من هەمە.

لە سێ ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام چاوەڕێ بووم بگەڕێمەوە بۆ گرتووخانەی ئێوین. بە خۆمم دەگوت وەکوو سەرجەم ئەو گیراوانەی دوو هەفتە جارێک، چاویان بە هاوسەر، دایک یاخود خوشکیان کە لە گرتووخانەی ژنانن، دەکەوێ، منیش تۆ لەو دیو میلەکانی هەمان ئەو بەندیخانەیە دەبینم کە خۆم تێیدا حەپسم. بۆ ئەمەش بە ڕواڵەت خۆم بۆ ئەو ساتە ئامادە کردبوو. لەم ماوەیەدا، تۆ چەند خاولی و چەند مەلافەت بەڕێ کردبوو و منیش یەک دوو دانەم لە گۆشەیەک دانابوو بۆ ئەوەی هەر کاتێک هاتی، بەجۆرێک بۆت بەڕێ بکەم.  ئەو ڕۆژانە نەدەکرا بە سانایی کەلوپەلەکانت لەگەڵ خۆتدا ببەی بۆ زیندانی ژنان. منیش لەم ماوەیەدا، بۆ ئەوەی نەکا تۆ بێیت و کەلوپەلی ڕۆژانە و پێویستت پێ نەبێ، هەندێک شتم بۆ حازر کردبووی، یەک – دوو قوتووی حەبی وزەبەخش و ویتامین لەگەڵ باڵەنجیکی بچکۆلانە. بەڵام ئێستا کە من و ئەو کەلوپەلانە لە گرتووخانەی گەوهەردەشتی کەرەج، بە دەیان کیلۆمیتر لە تۆ دوورین، بڕیارە تۆ لە گرتووخانەی ئێوین بی.

سەرم لەم هەموو قومارانەی ڕۆژگار سووڕماوە، بە درێژایی ئەو ماوەیە نەڕۆیشتیە گرتووخانەی ئێوین و ئێستا کە منیان بۆ زیندانی ڕەجایی شار گواستۆتەوە، دەچیتە ئەوێ. نازانم بڵێم چی؟ لە دڵی خۆمدا دەڵێم بە سەرنجدان بە هەلومەرجی باو، وێدەچێ لانیکەم تا چەند مانگی داهاتوو یەکتری نەبینین. دەمەوێ دڵم بە خۆم و تۆ بسووتێ، بەڵام زۆر زوو تەریق دەبمەوە. لێرە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ڕەجایی شار کەسانێک هەن کە چەندین ساڵە هیچ چاوپێکەوتنێکیان نەبووە، کەسانی بە ئیعدام حوکمدراو، کە دوای پێنج شەش ساڵ حوکمەکەیان شکاوە و بۆ حەپسی ئەبەد گۆڕاوە، ئەمێستا لە ساڵانی پانزە، دوانزە، چواردە و بیستی زیندانی بوونیاندا، هیوایان بەوەیە ڕۆژێک حەپسی ئەبەدیان هێندەش هەتا هەتایی نەبێ. ئەو زیندانیانەی لاوەتی و پیریی ناوەختیان لە پشت ئەم میلانەی گرتووخانە و لە فەرامۆشیدا تێپەڕاندوە.

محەمەد نەزەری، بیست و دوو ساڵی تەمەن بوو کە گیرا و ئێستا بیست ساڵە لە زیندانە بەڵام دەڵێی شەست ساڵی تەمەنە. عومەر و ئیبراهیم و خالید ئەندامانی حزبی دیموکراتی کوردستانن و پێیان ناوەتە مانگەکانی دەسپێکی چواردەهەمین ساڵی زیندانەوە، لە دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵە، چەندین ساڵ تێدەپەڕێ. لە خۆم دەپرسم ئەگەر حزبی دیموکرات ئێستاش بوونی هەبێ، ئاخۆ دەزانێ کەسانێک هەن بە نێوی ئەندامێتی لەو حزبە ساڵەهای ساڵە لە گرتووخانە دان. هەندێک جار بە خۆم دەڵێم لەوانەیە تەنانەت سیستەمی دادوەری ئێرانیش لە لیستی زیندانیەکانی خۆیدا، ناوی ئەوانی نەبێت.

چەند ڕۆژ لەمەوپێش کە هەواڵی لێبوردن و دابەزینی حوکمی ژمارەیەک لە گیراوانی سیاسی و ئەمنیەتیم خوێندەوە کە ڕۆژنامەکان ترش و خوێیەکی زۆریان پێوە کردبوو، یەکەم شت کە بە مێشکم گەیشت ئەوە بوو کە چ باش دەبێ ئەگەر لە ناویاندا یەکێک لەو گیراوانە هەبێ. بەڵام نا، دەڵێی خوداش ئەوانی لە بیر چۆتەوە.

مۆڵەتی چاوپێکەوتن، لێبوردن و کەمکردنەوەی سزایان بەو کەسانە داوە کە حوکمی هەندێکیان دوو ڕۆژی دیکە، دوانزە ڕۆژ یان دوو مانگی دیکە تەواو دەبوو. ژمارەیەکی تریش، سزای زیندانی یەک ساڵە و دوو ساڵە و سێ ساڵەیان نیوە ببوو یان لە نیوەی تێپەڕاندنی حوکمەکەیاندا بەخشرابوون. جگە لەوەی تاوانی هەندێکیان بەراستیش سیخوڕی و خیانەت بە وڵات بوو. تۆ بڵێی هیچکام لە کۆنە گیراوانی ئێرە، پاش تێپەڕاندنی ئەم هەموو ساڵەی زیندان، نەیاندەتوانی و نەدەبوایە چاوەنواری مۆڵەت، کەمکردنەوەی حوکم یان تەنانەت لێبوردن بن؟

کەرەمی خەیرئابادی، یەکێکە لەو کەسانەی شانزە ساڵە حوکمی لەسێدارەدانی بە سەردا سەپاوە، ئەو یەکشەممە و سێشەممانەی ئەگەری بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدان هەیە، بە تێپەڕینی هەفتە و مانگ و ساڵانێکی زۆر، ئێستا ئیتر هیچ هەستێکیان بۆ نەهێشتۆتەوە. کاتێک لێی دەپرسم چ هەستێکی هەیە ئەگەر بێت و یەکێک لەو یەکشەممە یاخود سێشەممانە نێوەکەی بخوێننەوە، بە زەردەخەنەیەکی تاڵ وەڵامم دەداتەوە و بە زاراوە تۆخە خوزستانیەکەی دەڵێ: "خوا گەورەیە"

ئینجا بە جۆش و خرۆشێکی بێ وێنە، زۆربەی ڕووداوەکانی شانزە ساڵی ڕابردوو، وەک بڵێی دوێنێ ڕوویان دابێ، لەگەڵ ڕێکەوت و ناوی ئەو مرۆڤانەی لەو ماوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ کردوون، یەکە یەکە دەگێڕێتەوە. دواییش ئامۆژگاریم دەکا کە لە گرتووخانە، تەنانەت بزمارێکیش بە کەڵکت دێ، بەڵام زۆر کەس ئەمە نازانن.

بۆ خۆی پێی نەگوتووم بەڵام گیراوانی تر بۆیان گێڕاومەتەوە کە نانی پێویستی هەفتەیەکی بەردەوام بە وشکی هەڵدەگرێ، چونکە بە تاقی کردۆتەوە زۆر جار تەنانەت نانیش لە گرتووخانە دەست ناکەوێ.
دوای ئەمانە، چوار کەسی سەر بە حزبی پەکەکە هەن کە هەشت ساڵ و پێنج ساڵە چاوەڕوانی حوکمن، ئەو گەنجانەی لە نیوەی دووهەمی دەیەی بیستی ژیانیان دان.

زانیار و لوقمان مورادی ئامۆزان کە ماوەی چوار ساڵە لە ژێر حوکمی ئیعدام دان و بە فەرمانی قازی سەلەواتی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ماڵەوەیان بێبەشن. ئەوانیش دەمێکە چاویان بە بنەماڵەی خۆیان نەکەوتووە. هەندێک جار، ڕۆژانی چاوپێکەوتن شەرم دامدەگرێ لەوەی ڕاستەوخۆ سەیری چاوەکانیان بکەم.

ئەمجۆرە مرۆڤانە، لە هەموو کەس زیاتر پێویستیان بەوە هەیە ببینرێن و سەرنجیان بدرێتێ، ئەو شتەی هەم بەر لە زیندان و هەم لە نێو زیندان لێیان زەوت کراوە. تۆ چەند کەسێکیان دەناسی، چونکە پێشتر باسی ئەوانم بۆ تۆ کردووە. کەسایەتییان شیاوی ڕێزلێگرتنە، بە هەر شێوەیەک بێ خۆیان بژیوی ژیانیان دابین دەکەن، لە ڕێگەی درووتنی شاڵ و لەچکە، بووکەشووشە و کاری دەستی تر و فرۆشتنیان بە گیراوانی تر.

ئێستە ڕۆژی لەدایکبوونتە و بڕیارە بۆت بنووسم ئێرە چۆنە و من چ دەکەم؟ چونکە بەردەوام لە چاوپێکەوتنەکان لێم دەپرسی لێرە چ دەکەین و بارودۆخی ئەم گرتووخانەیە بە چ شێوەیەکە. منیش لە وەڵامی تۆدا دەڵێم باشە، هەموو شتێ ڕێکوپێکە و ئێمە – گیراوانی ئێرە – لەگەڵ یەکتری باشین.

بە خۆم دەڵێم ئێستا کە بڕیارە تۆش ڕێت بکەوێتە گرتووخانە و ڕۆژانی تر، لەوانەیە هەمان پرسیارم لە تۆ هەبێ، بۆ ئەوەی لەم بابەتەوە خۆم خاترجەم کردبێ، زۆر بە کورتی هەوڵ دەدەم سەبارەت بە خۆمان بۆت بنووسم و بەم شێوەیە دیاریی لەدایکبوونت پێ بدەم: گرتەیەک لە شوێنی ژیانی ٥٤ گیراوی سیاسیی ڕەجایی شاری کەرەج. ئەمانەت بۆ دەنووسم تاکوو لەگەڵ بەشێک لە حاڵ و هەوا و هەلومەرجی ئێرە ئاشنا بی و بە خەیاڵێکی ئاسوودە بڕۆیتە گرتووخانە و حوکمی ساڵێک زیندانیەکەت تێپەڕێنی.

ساڵۆنێکی پەنجا میتری و داڵانێکی سێ میتری کە فەڕش و مۆکێتی لێ ڕاخراوە، تیایدا سی و سێ ژووری دوو میتر و هەفتا سانتی لە دوو میتردا، دوو کۆلێری گەورە لە سەرەتا و کۆتایی ساڵۆنەکە کە بایەکی فێنک ئاڕاستەی یەکتری دەکەن، لەگەڵ دەرگایەکی ئاسنین کە زیاتر ققڵ دراوە و ئێمەی لە تەنیشت یەکتر لەو ساڵۆنە ڕاگرتوە. تاکە ڕێگەی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ جیهانی پشت ئەم دەرگا ئاسنینە، تەلەفۆنێکە بە ئەفسەری پاسەوانەوە وەسڵە.

تۆ کە بچیتە گرتووخانەی ئێوین، دەبینە پێنج کەسێک کە خوشک یان هاوسەرمان لە گرتووخانەی ئێوینن و خۆمان لێرە. ساڵۆنی ١٢، خانەی ئامۆژگاری چوار، گرتووخانەی ڕەجایی شار.

ئەوان تا ئێستا هەر چەند نامەیان نووسیوە بۆ ئەوەی بەرپرسان، هەلی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئازیزانیان بۆ برەخسێنن، سەرنەکەوتوون. دەشێ منیش بەم زووانە لە نووسینی ئەم نامە بێ وەڵامانەدا پەیوەست بەوان بم.

لێرە هەموو چەشنە گرووپ و مەیلێکی سیاسیمان هەیە. بە دەردی برادەرێک، داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئێران، لە نێوان یەکێک لەم گرووپانەدا سەرهەڵدەدا. ڕاستی لە ساڵۆنی سەرووی ئێمە، سەدو هەفتا کەس، لە گیراوانی ئەلقاعیدە هەن.

لە نێوانماندا، بەهاییەکان زۆرینەن، بە گاڵتە پێیان دەڵێین: دواجار ئێوە لە شوێنێک چیتر کەمینە نین، ئەوانی تر کەسانی سەر بە پەکەکە، پەژاک، حزبی دیموکراتی کوردستان، گیراوانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، گیراوانی بزووتنەوەی سەوز، نیشتمانپەروەرەکان (کە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە ئارکائیزم ناوزەد کراون)، لایەنگرانی حکومەتی پاشایی و هەڵبەت ئەو کەسانەی خۆیان پێ سەربەخۆیە و کەسانێکن کە تەنیا بە شێوەی تاک کار دەکەن و بە قسەی یەكێک لە هاوڕێیان: بە تەنیایی دەیانەوێ بە گژ کۆماری ئیسلامیدا بچنەوە.

لە دەرگای ئاسنینەوە کە دێیتە ناو ساڵۆنەکەوە، یەکەمین ژووری لای چەپ کە لە هەموویان گەورەتر و هەراوترە، چێشتخانەیە، تەباخێکی دەست سازی هەشت شوعلەی تێدایە. لە کۆتایی ساڵۆنەکەش، ڕیزێک توالێت و حەمام و دەستشۆر هەن.

ئەم ڕۆژانە کە مانگی ڕەمەزانە، بە گشتی کاتی بەربانگ دوو سوفرەی بچووک بە مەودای بیست میتر لێک دوور لە ساڵۆن ڕادەخرێن و شەش – حەوت کەس لە دەوروبەری دادەنیشن: یەکێک سوفرەی موجاهدینی خەلقە کە لە هیی ئەوانی تر قەرەباڵغ ترە و بەردەوام چەند میوانیشیان هەیە، سوفرەکەی دیش، سوفرەی ئەوانی تر... چەند کەسێکیش لە ژوورەکانیان خواردن دەخۆن و لە دەوری سوفرەکان کۆ نابنەوە.

لە یەک – دوو هەفتەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک بوویەری سەیر و سەمەرە ڕوویان دا و مرۆڤ تا بە چاوی خۆی نەیبینێ، بڕوایان پێ ناکا. وەک چۆن لەوانەیە ئێستاکە تۆش بڕوا نەکەی: ڕۆنی هەشت سەد گرامی کە لە فرۆشگای گرتووخانە بە ٣٤٠٠ تمەن دەفرۆشرێ، ئیتر دەست ناکەوێ و لە هەندێک لە ساڵۆنەکان بە پانزە هەزار تمەن دەکڕدرێ و دەفرۆشرێ، هۆکاری کەمبوونی ڕۆنەکەش دیار نییە. ئەوە دوو مانگیشە قەدەغە کراوە چەغماغی پێنج سەد تمەنی بێننە گرتووخانە و ئێستا نرخی کڕین و فرۆشتنی بۆ سی هەزار تمەن بەرز بۆتەوە. ئاوی لیمۆش لەو کەرەستانەیە کە لێرە دەست ناکەوێ. چەند ڕۆژ لەمەوپێش، ٢١ بوتڵی نیو لیتری ئاو لێمویان هێنا و گوتیان ئەمە لە نێوان ٥٤ کەسی خۆتاندا دابەش بکەن. بەختەوەرانە یەكێک لە بەهاییەکان کە ئەندازیارە و سەری لە حیسێب و کتێب و ئەوانە دەردەچێ، زەحمەتی دابەشکردنەکەی وە ئەستۆ گرت: هەر پێنج کەسە و دوو بوتڵ. باقی کێشەکەی خستە ملی خۆمانەوە، گوتی ئیتر خۆتان دوو بوتڵەکە لە نێوان پێنج کەسدا دابەش بکەن.

بە گشتی هێنانی کەلوپەلی وەرزشی بۆ ئێرە قەدەغەیە و لە حاڵەتێکی تایبەت و بە ئەستەم ڕێگە بە هێنانی ئەو کەلوپەلانە دەدرێ. هێنانی پێڵاوی وەرزشی هەر بە تەواوی قەدەغەیە.

"وەرزش دەبێ من شکێن بێ نە من ساز" و "من وەرزشکار نیم بەڵام وەرزشکارانم خۆش دەوێ"، لە قسەکانی ئایەتوڵڵا خومەینین کە بە درشتی لە سەر دەرو دیواری حەوشە نووسراون.

کوڕەکان لە کاتێکدا سەرپاییەکانیان بە بەن و کێش بە قاچیانەوە بەستۆتەوە، شەق لە تۆپی جیر هەڵدەدەن، هەندێک پێڵاویان لە پێیە، پێڵاوێک کە لەوانەیە چەند ساڵ لەمەوپێش لە کاتی گیرانیاندا پێیان بووبێ و بە هۆی ئەوەی هاتنی هەر چەشنە پێڵاوێک بۆ گرتووخانە قەدەغەیە، ئێستا بنەکەیان لێ بۆتەوە و زۆربەیان بە موکێت و کارتۆن بنە پێڵاویان دروست کردوە.

لەگەڵ هەر شەقێکدا کە لە تۆپەکەی دەدەن، بەشێک لە پێڵاوەکەیان دەدڕێ ولەگەڵ تۆپەکەدا دەڕوا. لەگەڵ ئەمەشدا، کوڕەکان چێژ لەو دوو سەعات هەوا گۆڕینە دەبینن.

پێم خۆشە لەم بارەوە تێروتەسەل تر بۆت بنووسم بەڵام پێموایە ئێستا ئەوەندە بەسە و ئێستا ئیتر خەیاڵت ئاسوودەیە کە دەزانی لە چ هەلومەرجێکدا دەژیم.

بە ڕاست دواجار ئەو کتێبانەی، هەفتەی پێشوو بۆت ناردبووم، بە دەستم گەیشتن، ئەویش بە چ چەرمەسەرییەک. سەرەتا ناوی کتێب، وەشانخانە و نووسەری کتێبەکانم لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی زیندان نووسی تا سەرەئەنجام نامەکە دوای دوو هەفتە ئیمزا کرا و ڕەوانەی بەشی پاراستن – ئیتلاعاتی گرتووخانە کرا.

ئەو ڕۆژەی ڕۆیشتمە بەشی پاراستنی زیندان، تاکوو کتێبەکانم وەرگرم، فەرەجی نژاد بە بێزاریەوە پێی گوتم: تۆ بۆ وەرگرتنی کتێبەکانت چەند جار نامە دەنووسی؟ جگە لەمەش بە قەڵەمی سەوز ناوی تۆیان لە بەرگی پشتەوەی کتێبەکان نووسیوە، پێت وایە چ دەبێ؟ من لەو کەسانە نیم بەو کارانە هەڵبەزمەوە. دەتوانم کتێبەکانت فڕێ بدەمە ناو کووچە و کۆڵانەکان، ئینجا هەر چی پێت خۆش بوو بیکە.. ساتێک بێدەنگ بوو و گوتی: بەڵام ئەمجارەیان کتێبەکانت دەدەمێ. من لەبەر خۆمەوە گوتم ئیتر ئەمجارەشیان کتێبەکانم پێ دەدەی و ئەمە دەسکەوتە. پاشان خوا گەورەیە.

بە ڕاست ئاخۆ دەبینی ڕەنگی سەوز پاش سێ ساڵ، هەروا بەکاریگەر و وروژێنەرە؟ سەرنج ڕاکێشە. نا؟

ژیلا، ئەوە لە کاتێک دایە کە مادە بێ هۆشکەرەکان، لەم زیندانەش وەک سەرجەم زیندانەکانی تر بە بەربڵاوی دەبینرێن و بەرپرسانی زیندان ناچارن بۆ دۆزینەوەیان، گیراوێک هان بدەن سیخوری بکا و خەڵاتی پێ بدەن. لە یەکێک لەو پەیامانەدا کە بە دیواری گرتوخانەوە هەڵواسراوە، لە زاری سەرۆکی زیندانەوە، گیراوان سەبارەت بە هەڵگرتنی شتگەلی وەک کێرد، قەمە، کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، تێکدانی نەزمی زیندان، هێنانە ژوور یا خود هەڵگرتنی مۆبایل، سیمکارت و مێمۆری، کڕین، فرۆشتن و بەکارهێنانی حەبی وەهم زێ، ئیهانە، سووکایەتی و جنێو، بە توندی ئاگادار کراونەتەوە.

چەند ڕۆژێکە لە دڵی خۆمدا بیر لەوە دەکەمەوە کاتێک هێنانی کتێب و کەلوپەلی وەرزشی هێندە سەخت و تەنانەت مەحاڵ بێ، چۆنە بە پێی ئەم ئاگادارینامەیە، ئەو هەموو مادە بێهۆشکەرە دێتە ناوەوە؟ گەلۆ گیراوێک لە نەبوون یاخود کەمبوونی ئیمکانات ڕوو لە وەها کارێک ناکا؟

ژیلای ئازیز، ئێمە باشین و بە ڕواڵەت تەندروست. ئەم ڕۆژانەش سەرقاڵی باغەوانین، کۆمەڵێک چوار لیتری پلاستیکیمان کردۆتە ئینجانە و بە یارمەتی و ڕێنوێنی "ساڵحی کۆهەندێل"، ڕیحانە، سەوزی، توور و تەرە تیزەمان تێدا چاندوون. هەموو ڕۆژێ لە دوو سەعات هەواگۆڕیندا، ئەوانیش لەگەڵ خۆمان دەبەین تاکوو خۆریان بەر بکەوێ و وەک ئێمە هەوایەک نوێ بکەنەوە. ئەگەر هەموو شتێک باش بڕواتە پێش، تا مانگی داهاتوو هەر کاممان چەند دەسک سەوزە، ڕێحان و توورمان بۆ خواردن دەبێ.

ڕەمەزان سەعیدی، گیراوی سیاسی و خەڵکی کوردستانە، قوتووی بەتاڵی ماست و ڕەنگی پڕ کردوە لە چیمەنتۆ و دەسکە گسکێکی ئاسنینی بە نێوانیاندا ڕەت کردوە و چەند دەمبڵێکی بۆ وەرزش پێ دروست کردوون. بەم شێوەیە وەرزشیش دەکەین و لە دوو سەعاتی هەوا گۆڕیندا، چەند دەقەیەک ڕادەکەین.

لە حەوشەی گەورەکەی بەندی گرتووخانەوە، کە ڕووی لە باکووری ڕۆژهەڵاتە، چیایەک لە دووردەست دەبینین کە زۆربەی ڕۆژەکان لە ناو کۆمەڵێک هەوری سپی و خۆڵەمێشیدا خۆی دەنوێنێ. گیراوە لەمێژینەکان دەڵێن زستانان دیمەنێکی جوانی هەیە. بەفر دایدەپۆشێ و سەیرکردنی لەم مەودایەوە، چێژێکی تایبەتی هەیە. ئەمە شتێکە ڕەنگ بێ ئێوە لە "ئێوین" لێی بێ بەش بن و ئێرەیی پێ بەرن. هەموو هەلومەرجێکی ئەستەم، هەندێک شتی باشی هەیە کە لە شوێنەکانی تر ناتوانی هاوتایەکی بۆ بدۆزیەوە. لەمەو بەدوا بە سەیر کردنی ئەم دیمەنە، بە خۆم دەڵێم لە بری ژیلاش، سەیری ئەم جوانیە دەکەم، کتێب دەخوێنمەوە تا لەگەڵ من بی، گوێ لە گۆرانی دەگرم تا لەگەڵ من بی و کە سەیری چیاش دەکەم لەگەڵ من دەبی.

ئاگات لە خۆت بێ
ڕۆژی لەدایکبوونت پیرۆز بێ
ئەی بوونی بەردەوام بۆ من

بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی
گرتووخانەی ڕەجایی شار – ساڵۆنی ١٢
 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر