۱۳۹۴/۰۷/۰۶

شۆرباوگۆشت












فیلیپ کلۆودێل
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

دەوروبەری سەعات دوانزە و نیوی شەو بوو کە دواجار پیاوەکە توانی لوویی بدۆزێتەوە کە لە پشت قەنەفە سەوزەکەی ژووری دایک و باوکی شارەزایانە خۆی حەشار دابوو. چەندین کاتژمێر هەموو کوون و کەلێنێکی ماڵێی بۆ گەڕابوو. لوویی بە هەموو هێزی خۆی قیژاندبووی، ڕایکردبوو، هەڵبەزیبوو، دابەزیبوو، دەرگاکانی پێک دادابوو و کەس وەڵامی نەدابۆوە، کەس بۆ چارەنووسی ئەو بە پەرۆش نەببوو، نە باوکی، نە دایکی و نە دادە ژۆزێفینی. ئەوە چەندین شەوە پیاوەکە هەوڵ دەدا بیگرێ. پیاوەکە زەبەلاح و دەستەکانی پان بوون. کەلـلەسەری هەندێک لە هی گا دەچوو. قەت قسەی نەدەکرد. تا ئەو ساتەوەختە، لوویی بەردەوام توانیبووی خۆی لە چنگی ڕزگار بکا، بەڵام ئەمجارەیان پیاوەکە لەو بەهێزتر بوو. هەڵیکوتابووە سەر قەنەفە سەوزەکە و توند پڕی دابووە ملی کوڕیژگەکە و بۆ دەرەوەی ژوورەکە بە دووی خۆیدا ڕایکێشابوو. لوویی تەنیا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسابوو باوک و دایکی ببینێ کە لەسەر قەرەوێڵەکەیان خرپ بۆی خەوتبوون. هەوڵی دا هاوار بکا و وە خەبەریان بێنێتەوە بەڵام هیچ دەنگێک لە زاری نەدەهاتە دەر. پیاوەکە بە قژ ڕایکێشا، بردیە دەرەوە، لە چاوترووکانێک بە قادرمەکاندا شۆڕی کردەوە و فڕێی دایە نێو مەتبەخەوە. لوویی بەسەر کاشییەکاندا کەوت. هەترەشی چووبوو. پیاوەکە وەک ئاژەڵێکی زل مشە مشی دەهات و تاو نا تاوێ هۆڕە هۆڕێکی لێ بەرز دەبۆوە. دەرکەی گشت دۆڵاب و چەکمەجەکانی کردبۆوە، لە شتێک دەگەڕا و بۆی نەدەدۆزرایەوە. ئەمە تووڕەی کردبوو. دەستێک دەوری هەڵگرت و ورد و خاشی کردن، پاشان چێشت گەرمکەرەوە، نان برژێن، ئاومیوەگر و مەکینەی قاوەکەشی فڕێ دایە سەر عەردی. مەتبەخ لە مەیدانێکی جەنگی ڕاستەقینە دەچوو. لوویی هەروا دەگریا. دواجار، پیاوەکە بە دیوارەوە ئەو شتەی بینی کە بە دوایدا وێڵ بوو. چەقۆیەکی گەورە! لەوانەی دمەکەیان سی سەنتیمەترێکە! لە خۆشیان هاواری لێ بەرز بۆوە، چەقۆکەی بە دەستێکەوە گرتبوو و بە دەستەکەی تریشی لوویی. کتوپڕ و بە وردی، قۆڵی ڕاستی کوڕیژگەکەی کردە چەند لەت. خوێن فیچقەی کرد و بەسەر پیاوەکەدا پژا کە ڕووخساری هەروا لە نێو تاریکیدا ون ببوو. ئینجا پیاوەکە قۆڵی چەپی، گوێچکەکانی، مەچەکی، ئەژنۆ و ڕانەکانی هەنجن هەنجن کرد. خوێن وەک ڕووبارێکی بەخوڕ دەخرۆشا. ئێش و ژان ئامانی لێ بڕیبوو. مەتبەخەکە سوور سوور دەچۆوە. لوویی توندتر لە پێشوو دەیقیژاند بەڵام بێ بەزەییانە پێش بە هاوارەکەی گیرا چونکە پیاوەکە زمانی بڕی، پاشانیش لێوەکانی، سەری و ملی لە لەشی جیا کردەوە. لوویییش بەر لەوەی پیاوەکە چاوەکانی دەربێنێ، تەنیا دەرفەتی ئەوەی بۆ لوا لەت و کوتەکانی جەستەی لە نێو مەنجەڵێکی پڕ لە ئاو، پیواز، توور، پەتاتە، مێخەک و گێزەردا ببینێ. دواتر ئیدی تەواو.  
چەند سەعاتێک دواتر، لوویی لە مەتبەخ نان و چای بەیانی خوارد. خوێنەکە هەمووی پاقژ کرابۆوە، کەلوپەلە شکاوەکان کۆ کرابوونەوە و پیاوەکە بێ سەروشوێن ببوو. وەک سەرجەم بەیانییەکانی تر، ژۆسێفین بە دەم پیاڵە شۆکۆڵاتەکەیەوە خەونووچکە بردبوویەوە. باوک ڕۆژنامەکەی دەخوێندەوە. دایک پەیتا پەیتا دەیگوت هەموویان وە درەنگی کەوتوون. لوویی ئازای ئەندامی دێشا. هەر بە ڕاستی وەزعی باش نەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبوایە بچێ بۆ قوتابخانە. لە کاتی ڕۆیشتنە دەرەوەدا، دایکی بە هێمنی ماچی کرد و بە گوێچکەیدا چرپاند: "ئەمشەو باشتر دەبی ئازیزە بچکۆلانەکەم: بۆ ئەوەی هێز و تینت بێتەوە بەر، دایکت خواردنە خۆشەکەت بۆ ساز دەکا، شۆرباوگۆشتێکی بەتام!"

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر