۱۳۹۱/۱۱/۲۶

ئیسماعیل بێشکچی: بەدەپە دەبێ دانوستانەکان بەڕێوە بەرێ نەک ئۆجالان


سازدانی: عیرفان ئاکتان / ڕۆژنامەی 'بیرگوین'
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
سەرۆک وەزیر ئەردۆغان کە چەند مانگ لەمەوپێش هەڕەشەی لەسێدارەدانی دژ بە ئۆجالانی دەهێنایە زمان، کتوپڕ 'پێڤاژۆی ئیمڕالی' هاتە سەر زار. بەدەپە کە لە یەکەم هەنگاوی ئەم پڕۆسەی 'کرانەوە'یەدا شێلگیرانە هەڵسوکەوتی کردووە، لەم ڕۆژانەی دواییدا پێداگری لە سەر گرنگیی قۆناغەکە کردۆتەوە. هەندێک سیناریۆ وەک کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە بۆ دەرەوەی سنوورەکان، ڕێک هاوشێوەی ساڵی ١٩٩٩ هاتنە ئاراوە و خشتەی زەمەنی دیاری کران. بەڵام لە پشت پەردە لەگەڵ ئۆجالان باسی چی کراوە و ئۆجالان چۆن نەخشە ڕێگەیەکی پێشکەش کردووە، هەروا وەک مەتەڵ ماوەتەوە. ئەنجام نەدانی دیدار لەگەڵ پارێزەران و هەوڵدان بۆ دەست نیشانکردنی لێژنەی بەدەپە بۆ چوونە ئیمرالی لە لایەن خودی ئەردۆغانەوە، 'پێڤاژۆی ئیمڕالی' زیاتر گوماناوی کردووە. میوانی وتوێژەکەشم، سۆسیۆلۆگ ئیسماعیل بێشکچی کە هەموو تەمەنی بۆ لەقاودانی گوشار و هەڵاواردنی سەر کوردان تەرخان کردووە، لەو کەسانەیە کە بە گومانەوە سەیری قۆناغەکە دەکا. هەم بزووتنەوەی کورد و هەم پارتی داد و گەشەپێدان، باسی ئاشتی دەکەن. باشە، تۆ بڵێی هەردوو لایەن یەک 'ئاشتی'یان بوێ؟ قۆناغی دانوستان دەبوایە چۆن بێ؟ چارەسەری گونجاو بۆ کوردەکان کام چارەسەرییە؟ لەوانە گرنگتر، سەدەی ٢١، لە ڕوانگەی کوردەکانەوە هەڵگری کام داهاتوویە؟ با گوێ لە ئیسماعیل بێشکچی بگرین...

سەرۆک وەزیر ئەردۆغان ئاشکرای کرد خۆی بڕیار دەدا کام نوێنەری بەدەپە بچێتە ئیمڕالی و ئیزن بەو ناوانە دەدا کە بە 'گونجاو'یان دەبینێ. ئەم هەڵوێستە زاڵەی ئەردۆغان بە چییەوە دەبەستنەوە؟
من بۆچوونێکی زۆر جیاوازم هەیە. پێویستە ئەم چاوپێکەوتنانە لە نێوان بەدەپە و حکومەتدا ئەنجام بدرێن. یانی بەڕێوەبردنی چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئیستیخبارات ڕێ و ڕێبازێکی ئەرێنی نییە.

یانی نابێ دیدارەکان لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێن؟
نەخێر، بەدەپە دەبێ لەگەڵ حکومەت چاوپێکەوتن ئەنجام بدا. دیارە بەدەپە هاوتەریب لەگەڵ ئەم قۆناغە، ئەگەر پێویست بکا، دەبێ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، باڵی ئەوروپا یاخود بەڕێوەبەرانی قەندیل لە پەیوەندی دابێ. بەڵام ئاکتۆری دیاریکەر لە چاوپێکەوتنەکاندا ئەشێ بەدەپە بێ.

بزووتنەوەی کوردی لە مەڕ دانوستانەکان بەردەوام سەرنجی بۆ سەر ئۆجالان ڕاکێشاوە.
دەی هەڵسوکەوتێکی چەوت بوو. سەرنج ڕاکێشانی بێ بڕانەوەی بەدەپە، بەڕێوەبەرانی قەندیل و باڵی ئەوروپا بۆ سەر ئۆجالان ڕاست نییە.

بۆچی؟
دەبێ پارتی بەڕێوەی ببا؛ دەزگای سیاسی دەبێ زۆر لە پێشتر بێ. دیارە ئەوە کێشەی چەند ساڵێک نییە، بەڵکوو دە ساڵی ڕەبەقە بەمجۆرە دەڕواتە پێش. من پێموایە ڕەوتی پێشڤەچوونی ئەم پێڤاژۆیە هەڵە بووە.
دەوڵەت، بە لێژنەیەکەوە بەشداری چاوپێکەوتنەکان دەبێ. بۆ نموونە وەک دەزانرێ ڕاوێژکاری میت هاکان فیدان لەگەڵ وەفدێک چاوپێکەوتنەکانی ئەنجام داوە. جگە لەمە، ئەگەر لە میانەی چاوپێکەوتنەکاندا پرسیارێکیان بۆ بێتە پێش، لەوانەیە پەیوەندی بە وەزیری ناوخۆ، وەزیری دەرەوە یان سەرئەرکانی گشتییانەوە بگرن. بۆی هەیە سەرۆک وەزیر ڕاستەوخۆ پەیوەندی بگرێ. بەڵام ئەگەر پرسیارێک بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان بێتە پێش... دەبێ لایەنی کوردیش بە وەفدێک بەشداری چاوپێکەوتنەکان بێ. چاوپێکەوتنەکان نابێ لەگەڵ میت ئەنجام بدرێن، بەڵکوو دەبێ لەگەڵ حکومەت بێ.

گرفتی بەڕێوەبردنی قۆناغەکە لەگەڵ ئۆجالان لە چی دایە؟
ئۆجالان کەسێکە لە نێو چنگی دەوڵەت دایە، لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت دایە. تۆ ئەگەر لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت دابی، چ دەتوانی بڵێی؟ دەوڵەت چاودێریت دەکا. لە نێو گرتووخانە دای؛ ئاخۆ دەتوانی ڕەخنەیەکی شیاو لە دەوڵەت بگری؟

بەڵام ئۆجالان ساڵانی پێشتریش، کاتێک هێشتا ڕادەستی تورکیا نەکرابۆوە، دەیگوت دەمانەوێ چارەسەرییەک پاڵپشت بە پێکەوە ژیانی گەلان بدۆزینەوە. ئەگەر هێڵی گشتی ئۆجالان ئەمە بێ، چ لە زیندان بێ یان نا، دەتوانێ تێڕوانینی خۆی دژ بە دەوڵەت دیاری بکا.
بێگومان. ئەگەر لە چنگی دەوڵەت دابی، ناتوانی لە دەرەوەی داخوازییەکانی دەوڵەت شتێک بڵێی. قسەکانت لەگەڵ بۆچوون و تێڕوانینەکانی دەوڵەتدا دەگونجێن. دەوڵەت پێت ناڵێ "ئەمانە و ئەمانە بڵێ"، بەڵام تۆ دەزانێ دەوڵەت چی گەرەکە و بە چی بێزار دەبێ و بە گوێرەی ئەمە هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانت دیاری دەکەی.

چ هۆکارێک دەتوانێ لە ئارا دابێ، بۆ ئەوەی سەرکردەیەکی وەک ئۆجالان بەو خاڵە بگا؟
من هەر لە دەسپێکەوە هەوڵی ئەوەم داوە بڵێم ئەم پەیوەندییە لە سەر بناغەیەکی هەڵە دامەزراوە. دەبوو گرنگی بە بەدەپە درابا.

بە ڕای ئێوە، ئەو پێڤاژۆیەی ئێستا، ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بێ، بە چ ئەنجامێک دەگا؟
دیارە من ئومێدم بەو چاوپێکەوتنانە نییە. پێموانییە ئەنجامێکی ئەرێنی لێ بکەوێتەوە. لە سەر ئەو بڕوایەم دەوڵەت نیازێکی ئەوتۆی نییە بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکا. سەرۆک وەزیر، دەڵێ کێشەی کورد بوونی نییە. ئەگەر وابێ لە سەر چ مژارێک چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەن؟ مژاری چاوپێکەوتن، وازهێنانی پەکەکەیە لە چەک. پێموانییە لە بەرامبەردا شتێک بدرێ. دواجار سەرۆک وەزیر دەڵێ، کێشەکە چارەسەر کرا.

ئەوەی ڕاستی بێ، ئۆجالان لە تێزی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیکدا، دەست لە سنوورەکانی دەوڵەت – نەتەوەی کوردستان وەرنادا کە بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش کراوە، بەڵام دەڵێ ئەم سنوورانە مایەپووچ دەکا و لە ڕێگەی تەگبیری سیاسی و سۆسیۆ – ئابوورییەوە سەر لە نوێ دایاندەڕێژێتەوە.
"با تورکیا پارچە نەبێ، ئێران، ئێراق و سووریا پارچە نەبن!"، باشە ئەی کوردستان پارچە بێ؟ یان باشترە بپرسین، کوردستانی پارچەکراو و دابەشکراو هەر بەمجۆرە بمێنێتەوە؟ دەبێ مەبەست ئەوە بێ؟ تێڕوانینێکی چەوتە. هۆکاری سەرەکی چارەسەرنەبوونی کێشەی کورد تا ڕۆژی ئەمڕۆ، ئەوەیە کە کوردستان پارچە بووە و دابەش کراوە. تۆ دەبێ باش لەم ڕاستییە تێبگەی. وەها کارەساتێک چلۆن بە سەر کوردان هاتووە؟ ئەم کارەساتە چۆن توانیویەتی تا ڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوام بێ؟ تۆ ئەمڕۆ بەجۆرێک هەڵسوکەوت دەکەی وەک بڵێی ئەم مژارە بوونی نییە، لێ فاکتەری سەرەکی و دیاریکەرە.

ئەگەر گەلان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە، کوردەکان ناتوانن جگە لە دەوڵەت – نەتەوە، فۆڕمۆڵێکی تر هەڵبژێرن و داوای بکەن؟
دەوروبەری مانگێک لەمەوپێش، فەلەستین ستاتۆی دەوڵەتی چاودێری لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرت. هەموو کەسێ چەپڵەی بۆ ئەم بڕیارە لێدا. لە تورکیاش ڕاستەکان، چەپەکان و لیبڕاڵەکان چەپڵەیان لێدا. فەلەستین بوو بە "٢٣هەمین دەوڵەتی عەرەب" یان "٢٠٩هەمین دەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان". بەڵام کە نۆرە دەگاتە کوردان، دەڵێن "دیارە دەوڵەت شتێکی باش نییە، دەوڵەت خراپە". ئەمە تێڕوانینەم پێ ئەخلاقی نییە.

بە ڕای ئێوە، ئۆجالان دەیەوێ چ بکا؟
عەبدوڵڵا ئۆجالان دەبێ بزانێ کە گیراوە. بەدەپە دەبێ بزانێ ئۆجالان دەست بە سەرە. باڵی ئەوروپای پەکەکە، بەڕێوەبەرانی لە قەندیل و کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبێ بزانن ئۆجالان گیراوە. سەرنج ڕاکێشانی بەردەوامی دامودەزگاکانی پەکەکە بۆ سەر ئۆجالان، جۆرێک لاوازییە. هەروەها ئەگەر ئۆجالان هەڵوێستێکی لەمجۆرە نیشان بدا کە "حەتمەن من دەبێ لە ڕیزی پێشەوە بم"، ئەوەش خۆی لاوازییە.

پێتان وایە پەکەکە، ئەگەری فەرمانی پاشەکشە بۆ دەرەوەی سنوورەکان لە لایەن ئۆجالانەوە پیادە دەکا؟
نابێ فەرمانێکی لەو چەشنە بدرێ ئەگەر هیچ دەسکەوتێکی نەبێ. هەموومان دەزانین کاتێک سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، باس لە فەلەستینیەکان، موسڵمانەکانی بۆسنی و کۆماری تورک نشینی باشوری قوبرس دەکا، داوای چ جۆرە ماف و ئازادییەکیان بۆ دەکا. دەبێ پرسیار بکرێ بۆچی ئەو ماف و ئازادییانە بۆ کوردان بە ڕەوا نابینێ. بەرزکردنەوەی هەندێک هەنگاوی حکومەتی ئاکەپە لەم ڕوەوە، بۆ نموونە کردنەوەی تەڕەتە شەش، هەنگاوێک نین کە بچووک نیشان بدرێن. بەڵام با لە بیرمان نەچێ کە تەنانەت لە ئێراقی سەدام حوسێندا ئەم جۆرە ماف و ئازادییانە پتر بوون.

بزووتنەوەی کورد داوای خۆسەری دیموکراتیک دەکا. ئەگەر ئەم خۆسەرییە پێک بێ، ئاخۆ کێشەی کوردەکان چارەسەر نابێ؟
نەخێر. تۆ ئەگەر بڵێی "دەوڵەتم ناوێ"، ناتوانی ببیتە خاوەنی. بەڵام ئەگەر داوای دەوڵەتت کرد، لە پێناو بەدیهاتنی تێکۆشان دەکەی. لە کاتێکدا کێشەی کورد بەو ڕادەیە قورسە، دابەزین لە ویستی دەوڵەت – نەتەوە تەنیا و تەنیا لە کوردایەتیت دادەبڕێ. بە هیچ کوێ ناگەی. لە لایەک بیر لە ڕێگە چارەیەک بۆ کێشەکانی دونیا دەکەیەوە، بەڵام هاواری هەموو بەیانییەکی مناڵانی کورد بەردەوامە کە دەڵێن "تورکم، هەقدارم... بوونم پێشکەش بە بوونی تورک بێ". سێ لە چواری ئەندامانی مەجلیسەکانی شارەوانی هی تۆیە بەڵام ناوی شاعیر، نووسەر و سیاسەتمەدارانی کورد لە سەر جادەکان نانێی. شتێکی جوانە مرۆڤ یۆتۆپیای هەبێ، بەڵام نابێ لە دۆخە کۆنکرێتەکانیش داببڕێ، نابێ بە جۆرێک هەڵسوکەوت بکرێ وەک ئەوەی بوونیان نییە.

پێتان وایە کوردەکان دەوڵەتی سەربەخۆیان گەرەکە؟
دەبێ بیانەوێ.

ساڵی ٢٠٠٩، ئۆجالان بەمجۆرە وەڵامی قسەکانی ئێوەی دابۆوە: "ئیسماعیل بێشکچی لە نووسینەکەیدا دەڵێ چل میلیۆن کورد هەیە و پێویستە کوردەکانیش دەوڵەتێکی خۆیان هەبێ. دەوڵەتگەرایانە نزیکی ڕووداوەکە دەبێتەوە. من لێی تێدەگەم، نیازپاک و دروستە. پەیامی ئەوە دەدا کە دەبێ داوای دەوڵەت بکەی، بەڵام بە تەواوی لە مەبەستی من تێناگا کە چیم دەوێ. دەوڵەت ئازادی بۆ گەلان ناهێنێ."
تێڕوانینێکی هەڵەیە. تۆ دەڵێی "دەوڵەت ئازادی بۆ گەلان ناهێنێ" بەڵام لە تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریاش دەوڵەت هەن. تۆ لە بەرامبەر ئەم دەوڵەتانە چۆن بەرگری لە ماف و حقووقەکانی خۆت دەکەی؟ ١٦ی مارسی ١٩٨٨، سەدام حوسێن لە هەڵەبجە کوردەکانی ژینۆساید کرد. ئەودەم ٥٣ ئەندامی کۆنفڕانسی ئیسلامی لە کوەیت کۆبوونەوە. لە بەلاغی کۆتاییدا، تەنانەت ئاماژەیەکی بچووکیش بە هەڵەبجە نەکرابوو. بەڵام بولغارستان مەحکووم کرابوو چونکە ناوی تورکەکان دەگۆڕێ، یۆنان مەحکووم کرابوو چونکە ڕێگە نادا تورکەکانی ڕۆژئاوای 'تراکیا'، ئەلفوبێی تورکیا بەکار بێنن. ئەمانەش خۆ دەوڵەتن! بە گازی ژاراوی هەزاران مرۆڤ دەکوژرێن، بەڵام دەنگێ لە هیچ کەس نابیسی. بە مەبەستی تێکۆشان لە پێناو ئەم ئاریشانە، تۆش پێویستت بە وەها قەوارەیەک هەیە. ئەگینا مەحکووم بە شکست دەبی.

بەڵام کوردەکان بە هۆی نەویستنی دەوڵەت، بێ دەوڵەت نەماونەتەوە. ئەو هێزەیان نییە...
منیش لەبەر ئەم هۆکارە باس لە پێویستی دەرک کردن بە کۆالیسیۆنی هێزە نێونەتەوەییەکان دەکەم کە ساڵانی ١٩٢٠ بەملاوە دامەزراون. دۆخی باو بچووکترین ستاتۆی بە کوردەکان نەداوە. ساڵانی ١٩٢٠ کوردستان بۆ جاری سێهەم لەت کرا و بە سەر وڵاتانی ناوچەکەدا دابەشکرا. یەکەمجار کوردستان لە سەدەی ١٦ و لە شەڕی نێوان شا ئیسماعیل و یاڤوز سوڵتان سەلیمدا لەت کرا. جاری دووهەم لە چارەگی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، چەند بەشێکی باکووری کوردستانی ئێران، لە ئەنجامی شەڕەکانی نێوان ئێران و ڕووس، کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیاوە. لە ئەنجامی ئەم سی ساڵ شەڕەی دواییشدا، عەشیرەتەکان و بنەماڵەکان لەت و پەت بوون. وەک دەبینین برایەک بوو بە جاش و ئەوی تر بە گەریلا. واتە نەتەوەیەک، ئەگەر لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی خۆیدا، ببێتە ئامانجی لەتبوون و دابەشین، ئەوا بێ ڕاوەستان ڕەوشێک دەخوڵقێنێ کە خۆی، خۆی بەرهەم دێنێ. ئەگەر تۆ بەردەوام ببیتە ئامانجی لەتبوون، پارچەکردن و دابەش بوون، بێگومان لاوازییەک لە تۆدا هەیە. هێزەکانی دوژمن کەڵک لەم لاوازییە وەردەگرن. کوردەکان دەبێ بەم ڕاستییە بزانن. کوردەکان دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە بۆچی ناویان تەنیا بە 'تیرۆر' دەناسرێتەوە.

باس لە جۆرێک ڕێککەوتن دەکرێ لە چاوپێکەوتنەکانی میت -  ئۆجالاندا...
بەڵام سەرۆک وەزیر دەڵێ لەم پێڤاژۆیەدا کێشەی کورد بوونی نییە. ئۆپەراسیۆنەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان درێژەیان هەیە. ئەگەر وابێ ئەم ڕێککەوتنە چییە؟ کە کێشەکە بەو ڕادەیە گەورەیە، سەرۆک وەزیر نابێ وا بە ئاسانی بڵێ "کێشەی کورد بوونی نییە".

دەگوترێ ئیتر سەردەمی ماڵئاوایی کردنە لە چەک. ئێوە تێکۆشانی چەکداری پەکەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
پەیوەندی بە هەڵوێستی دەوڵەتەوە هەیە. ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەوڵەت زۆر ڕوون و ئاشکرایە. ئایدیۆلۆژیای فەرمی ناگۆڕدرێ. ئێوە هێشتا ناتوانن ناوێک لە مناڵەکانتان بنێن کە پیتگەلی واو، خێ، قێی تێدا بە کار هاتبێ. دەوڵەت وەک نەتەوە دان بە گەلی کورد دانانێ بەڵام دان بە عەبدوڵڵا ئۆجالان دادەنێ. لەگەڵ ئۆجالان دەپەیڤێ. گەلۆ ناکۆکییەک لێرەدا بەدی ناکرێ؟ دەبێ خودی سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان، بەدەپە، باڵی ئەوروپای پەکەکە، بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە قەندیل، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کەجەکە و سەرجەم دامودەزگاکانی کورد ئەم ناکۆکییە ببینن. هەروەها میدیای تورک، نووسەران و لێکۆڵەرانی تورکیش.

بەڵام حکومەت دەڵێ، ئەگەر چەکەکان دابنرێن، ئەمجۆرە مەسەلە 'لاوەکی'یانە چارەسەر دەبن...
لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٤ گەریلا لە دەرەوەی سنوورەکان بوو. چەکەکان بێدەنگ ببوون. بەڵام ئەوکات دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی بەرز نەکردەوە و ئێستاش هیچ هەنگاوێک نانێ. دەیەوێ بڵێ "کێشەی کورد بوونی نییە، کێشە چەکەکانی نێو دەستی پەکەکەن." پاشان دەڵێ "ئێستا تەڕەتە شەش هەیە، بنەماڵەی گیراوان دەتوانن بە زمانی خۆیان بئاخفن. ئەم ئاستەنگییە بچووکانە هەبوون، ئەوانیشمان هەموار کرد. چ کێشەیەکمان نەماوە."... لە کاتێکدا کێشەکە هەیە و زۆر قورسیشە.

بە بۆچوونی ئێوە، سیاسەتی درێژمەودای دەوڵەت لە مەڕ کورد چۆنە؟
سیاسەتی سەرەکیی دەوڵەت ئاسمیلەی کوردەکان و بە تورک کردنیانە، وازیشی لەو سیاسەتە نەهێناوە. هۆکاری سەرەکی ئاستەنگی نانەوە لە بەردەم پەروەردە بە زمانی زگماکی هەر ئەوەیە. دژ بە ئاسیمیلاسیۆن، کوردەکان پێویستە بە تەگبیر بن.

ئۆجالان بەردەوام دامەزرێنەرانی ئانارشیست وەک باکونین، کرۆپۆتکین یان پروودۆن وەک چاوگە دێنێتەوە و مرۆڤایەتی بەرەو دامەزراندنی دونیایەکی بێ دەوڵەت و بێ دەسەڵات هان دەدا. کوردەکان ئەزموونی دەوڵەتیان نییە، بەڵام بۆ نموونە دەسەڵاتداری کوردستانی عێراق، بە تایبەت لە لایەن کوتلە هەژارەکانی کوردەوە ڕەخنەی لێدەگیرێ. دانی مافە فەرهەنگییەکان بە گەلێک، نایەتە واتای چارەسەرکردنی کێشە چینایەتیەکانیان. جا لەبەر ئەمە ئایا ئۆجالان بە وێناکردنی ڕزگارییەکی بێ دەوڵەت، شۆڕشگێڕتر نییە؟
نەخێر. بۆچوونێکی ئاوا، لەم کەشوهەوایەدا تەنیا خزمەت بە ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەوڵەت دەکا. دابەش نەکردنی داهاتی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یەکسان، لە بەردەم تێکۆشانی خودی کوردەکان دەبێتە ئاستەنگ. بەڵام کوردەکان بەر لە هەرشتێ پێویستە کێشەکانیان لەگەڵ عەرەب، تورک و فارس یەکلا بکەنەوە.

هەم پەکەکە و هەم دەوڵەت دەڵێن ''ئیتر با ئاشتی بە دی بێ". بە ڕای ئێوە هەر دوو لا باسی یەک ئاشتی دەکەن؟
دەوڵەت دەڵێ "با پەکەکە واز لە چەکەکانی بێنێ و پاشەکشە بکا"، هەروەها پێی وایە جگە لەمە کێشەیەکی دی لە ئارادا نییە. مەبەستی دەوڵەت لە ئاشتی ئەمەیە. پەکەکەش پێداگرە لە سەر مافە میللی و دیموکراتیکەکان. مەبەستی هەر دوو لا سەبارەت بە ئاشتی جیاوازە. کە باس لە دانوستان دەکرێ، ئەوا هەوڵ دەدرێ ئەم دوو بۆچوونە جیاوازە بسەپێنرێ.

بە ڕای ئێوە دەسەپێنرێ؟
زۆر ئەستەمە. پێموانییە لە کورتخایەندا ئەنجام بە دەست بێنێ. دەوڵەت وەها نیازێکی نییە.

ئەگەر لە ئاوێنەی قۆناغی مێژووییەوە سەیری بکەین، بە ڕای ئێوە ڕۆژێک کوردستان دادەمەزرێ؟
بەڵێ، گرنگ تێگەیشتنە. کاتێک تێگەیشتن و وشیاری پێش بکەوێ، ئەوا هەرگیز ناڵێی ''نامەوێ"، دەتەوێ. ئەگەر بێت و بشتهەوێ، بە دەستی دێنی. لە ڕاستیدا کوردەکان دەبوایە لانیکەم داکۆکییان لە قەوارەیەکی سیاسیی وەک فیدراسیۆن کردبا. دەبێ گەریلا هێزی ئەمنی و ئاسایشی ئەم فیدراسیۆنە بێ.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر