۱۳۹۹/۰۳/۱۲

کاولێزا



 ئەحمەد ئاڵتان
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ئەم وشە سەختە ناوی سترانێکی "میریام ماکبا"یە.
ئەم ژنە گۆرانیبێژەی باشووری ئەفریقا کە بە "ماما ئەفریقا"ش ناسراوە، لە کۆنسێرتێکیدا بەم جۆرە "کاولێزا"ی شی کردبۆوە:
"لە قەراغ شارەکانی ئەفریقای باشوور، لەو گەڕەکانەی ڕەشپێستەکان دەژین، منداڵە بچووکەکان کاتێک ئۆتۆمبێلی پۆلیسەکانیان دەبینی کە بە پاساوی جۆراوجۆر بۆ سەرکوتی خەڵکی دەهاتن، هاواریان دەکرد ''کاولێزا ماما''، یانی ''خێرا کە دایە''. ''خێرا کە دایە، توخوا با نەتگرن''. ئەم گۆرانییە، گۆرانیی ئەو منداڵانەیە."
ئەو گۆرانییەی پەنجا ساڵ لەمەوپێش گوێمان لێ دەگرت، دیسان دێتە چڕین.
ئەو هاوارەی ڕەشپێستە چەوساوەکانی ژێر سەرکوت و زەبروزەنگی پڕ لە قین و نەفرەتی سپیپێستەکان کە ببووە گۆرانی، ئەم جارە بە کوردی دەگوترێتەوە.
لەسەر ئەو خاکانەی تەنانەت لەمەڕ ناوەکەیشی ڕێک نەکەوتووین و تورکەکان پێی دەڵێن باشووری ڕۆژهەڵات و کوردەکان پێی ئێژن کوردستان، ''لە گەڕەکە کوردنشینەکان''، منداڵەکان کاتێک چاویان بە تانک و تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەکەوێ، دەقیڕێنن "خێرا کە دایە"، "ڕاکە، دەتپێکن".
هاواری دایکانیش جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ناڵە و قیڕەی منداڵاندا نییە، ئەوانیش هاوار دەکەن "ڕاکە ڕۆڵەم"، "دەتکوژن هەڵێ."
تۆپچییەکان، قەناسە هاوێژەکانی سەربانەکان، هێزەکانی تایبەت بە ڕەشاش و دەمانچە لە پشتەوە منداڵان دەپێکن…
داپیرە و باپیرەکان کە هەوڵ دەدەن نەوەکانیان بگەیەننە نەخۆشخانە بە گولـلە ڕێخۆڵەیان دێتە دەرێ، تەرمی ژنانی دووگیان لە کۆڵانەکان بەجێ ماوە، لەبەر ئەوەی ساردخانەکان پڕاوپڕن لە مردوو، منداڵە کوژراوەکان لە بەفرگرەکاندا دەشاردێنەوە.
میدیای تورکیش لە سەلاحەدین دەمیرتاشی هەڵپێچاوە کە بۆ نابیتە تورکیایی؟
باشە بۆچی بۆخۆتان نابنە تورکیایی؟
ئاخۆ تورکیایی بوون تەنیا ئەرکیی کوردەکانە؟
تورکەکان نابنە تورکیایی؟
ئەوێ خاکی تورکیا نییە؟
بۆچی کوشتنی کۆرپەی پێنج مانگە، منداڵی سێ ساڵە، لاوی خوێنگەرم، ژنی دووگیان و دایک و باوکانی بەساڵاچوو سرنجی ئێوەوانان ڕاناکێشێ؟
بۆچی لەپێناو پاراستنیاندا بچووکترین کاردانەوە نیشان نادەن؟
بۆچی کوشتنی کورد بە دەستی تورکەکان هێندە بە لاتانەوە ئاساییە؟
چما کە منداڵی کورد دەمرن بە ڕادەیەک بێویژدان و کوێرن کە گازندەنەکردن بە مافی خۆتان دەزانن؟
بۆچی هەم لە ڕوانگەی ئێوەوە تورکیا تەنها بریتییە لە "ڕۆژئاوا" و هەم بانگەواز ئاڕاستەی کوردەکان دەکەن "تورکیایی" بن؟
سەرەتا خۆتان تورکیایی بن.
خاوەندارێتی لەو مرۆڤانە بکەن کە لەسەر ئەم خاکانە دەمرن.
هەست بە ئازاری ئەو منداڵانە بکەن کە لە پێش چاوان دەپێکرێن.
تەنانەت بە خەیاڵیشتاندا نایە، وا نییە؟ چونکە ئەوان کوردن… مەرگی ئەو منداڵەی سێ مانگ لەمەوپێش لەدایک بووە، لەبەر ئەوەی لە نێوچاوانی نووسراوە "کورد"، هیچ بە لاتانەوە گرنگ نییە، گرنگ نییە کە ئەو منداڵە دەبێتە ئامانجی نیشانەشکێنێکی تورکێک، ئەو هەر لە ئان و ساتی لەدایکبووندا، لەسەر سینگی دەنووسرێ "دەکرێ بکوژرێ"، وا نییە؟
بپێکن، بکوژن، لە لایەکی دیکەشەوە گازندە بکەن، بەو کەسەی لەسەر ئەم منداڵانە وەدەنگ دێ بڵێن "خیانەتکار".
بە سڕینەوەی هەدەپە لە مەیدانی سیاسەت، بە پاساوی ئەوەی گۆیا نابێتە حزبێکی "تورکیایی"، گرنگترین دەرفەتی ئاشتی دەفەوتێنن… هەدەپە، گرنگترین و تاکە ئاکتەر بوو کە دەیتوانی بە سیاسەت ڕێگەی ئاشتی بۆ سەرانسەریی ئەم وڵاتە بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئاکەپە لە "هەڵبژاردنی خولی دووەم" بیباتەوە، پەلاماری هەدەپەتان دا، هێزی هەدەپەتان تێکشکاند، بەڵام لەڕاستیدا، ئەوەی تێکتان شکاند، ئەگەری ئاشتی بوو.
هەدەپە تاکە حزب بوو کە دەیتوانی تورک و کورد لە ژینگەیەکی ئاشتییانە و دیموکراتییانەدا لێک کۆبکاتەوە… ئێوە نەتانویست ببێتە تورکیایی، ویستتان ببێتە تورک… چارەسەری ئەوە نییە ئەو حزبە ببێتە تورک، چارەسەری لەوە دایە ناسنامەی کوردبوونی لەدەست نەدا و داکۆکیی لە دیموکراسی و ئاشتیی هاوبەش بکا.
ئێوە لەبەر تورکبوون ڕێگەتان بە تورکیایی بوون نەدا، نەتانویست هەمووان لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆببنەوە، بە هۆی ئەوەی بەرژەوەندیتان لە دوژمنایەتی کردندا بوو، دەرفەتی "تورکیایی بوونتان" بۆ سەرانسەری وڵات لە کیس دا.
کێ نابێتە تورکیایی؟
ئەوەی نابێتە تورکیایی، ئێوەن.
ئێوەن پشتیوانی لە مەرگ و توندوتیژی و شەڕ دەکەن.
گۆیا منداڵانی کورد لە گەڕەکەکان "خەندەق" لێ دەدەن.
ئێ، دە باشە، کەواتە با بچین منداڵان بدەینە بەر دەسڕێژ.
دووهەم گەورە سوپای ناتۆ لە گەڕەکە کوردنشینەکان، لەگەڵ منداڵانی تەمەن چواردە و پانزە و شانزە ساڵدا "شەڕ" دەکا، گەلۆ زۆرتان پێ "ئاسایی"یە سوپایەک بچێتە جەنگی منداڵانەوە؟
ئایا پێتان خۆش نییە بزانن ئەو "شەڕکەر"انەی ئەوێ کێن و تەمەنیان چەند ساڵە؟
ئەوان منداڵن.
خەندەق لێ دەدەن، ڕێکخراو دادەمەزرێنن، شەڕ دەکەن بەڵام منداڵن.
قەت پێتان خۆش نییە لەو هۆکارانە بگەن کە بۆچی کۆمەڵگەیەک خەندەق بە منداڵانی خۆی لێدەدا و هەندێک لەوان چەک هەڵدەگرن و دەبنە شەڕکەر؟
ئاخۆ ڕێگەچارەی کێشەیەکی ئاوا ئەوەیە دەوڵەت بە تانکەوە بکەوێتە نێو ئەو گەڕەکانەوە، بیناکان بداتە بەر تۆپ و یەکە یەکە بیانڕووخێنێ، خەڵک لە کۆڵانەکان بداتە بەر دەسڕێژ و بیانکوژێ، تینوو و برسی، بنەماڵەکان لە ژێرزەمینە ساردوسڕەکاندا بپەستێوێ؟
هیچ دەوڵەتێک شەڕێکی ئاوا ناباتەوە.
شەڕکردن لەگەڵ ئەو منداڵانە و چوونە ناو گەڕەکەکانیان بە تانک و تۆپەوە بەو مانایە دێ کە ئێوە ئەو شەڕەتان دۆڕاندووە، ئەگەر تەنانەت دوایین کەسی ئەوێ سەرکوت بکەن، منداڵ، بەساڵاچوو و ژنانیش بکوژن، دیسان لەو شەڕەدا سەرناکەون.
دونیا هەمووی، گشت مرۆڤەکان و مێژوو گوێ لە گۆرانیی و هاواری ئەو منداڵانە دەگرێ.
هەر بوونەوەرێک لە دونیادا تۆسقاڵێک ویژدانی هەبێ، لایەنی ئەوە ناگرێ منداڵەکان بە تانک بکوژرێن.
تانک و تۆپت هەیە، گۆرانیت نییە.
گۆرانییەکان، منداڵە کوژراوەکان دەیانچڕن.
ئێوە کە شاییتان بە زۆروزەوەندبوون و بەهێزتربوونی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتە، نەفرەت لە کوردەکان چاوتانی کوێر کردووە.
دەڵێن هۆکاری هەڵگیرسانی ئەم جەنگە "منداڵانی خەندەقلێدەر"ن، لێ تەنانەت بۆ جارێک ناتانەوێ ببینن کە سەرجەم ئەم هۆڤێتییە سەرمایەیەکی خوێناوییە بۆ ڕاپرسیی "سەرۆکایەتی".
بە هۆی ئەوەی داکۆکیتان لە خاک، مرۆڤەکان و وڵاتی خۆتان نەکرد و نەبوونە "تورکیایی"، ئەم وڵاتە لەبەر یەک هەڵدەوەشێننەوە.
تورکیا پارچە پارچە دەبێ، تەنانەت ئەمەش نابینن.
پێتان وایە بە "ئۆپەڕاسیۆنی ئاوەز" هەموو شتێکتان چارەسەر کردووە.
ئۆپەڕاسیۆنی ئاوەز، یانی بۆ کەسێک کە لە نهۆمی بیستەمەوە بە سەر فڕێ دراوەتە خوارێ، بانگەشە بکەی کە "هەڵفڕیوە".
ئەگەر کەسەکە بە دەمدا کەوتبێ، جەرگ و ڕیخۆڵە و پەنکریاسی تەقیبن، ئێسکەکانی وردوخاش بووبن و ئێوە هەتا دەمرێ بڵێن "ئەوەنێ دەفڕێ"، دەتوانن درێژە بە "ئۆپەڕاسیۆنی ئاوەز" بدەن، بەڵام ئەم ئۆپەڕاسیۆنانە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە کەسەکە سەرەوژێر بەسەر عەرزەکەدا کەوتووە.
دەسەڵات پێی وایە بە دوژمنایەتی، شەڕ، کوشتن، توندوتیژی، کۆکردنەوەی "نەتەوەپەرستانی تورک" لە دەوروبەری خۆی، لە ڕیفڕاندۆمدا سەردەکەوێ بەڵام ئەگەر بەم جۆرە بڕواتە پێش، لە کاتی بەڕێوەبردنی وەها ڕیفراندۆمێکدا شتێک بە ناوی تورکیا نامێنێتەوە.
بە هاویشتنی هەر فیشەکێک، بە کوشتنی هەر منداڵێک، زیاتر کوردەکان لەم وڵاتە دادەبڕن.
باشە بە شەڕکردن لەگەڵ منداڵان یەکێتیی کام "میللەت" سەقامگیر دەکەن؟
ئاخۆ نازانن تایبەتمەندیی بوونە "میللەت"ێکمان لەدەست داوە؛ تەنها بە "ڕێبازێکی هاوبەش" دەتوانن بە میلیۆنان مرۆڤ کە لە ڕەگەز، ئایین، مەزهەب، بیروڕا و چینی جیاواز پێک هاتوون، بکەنە میللەت؟
لە تورکیا "ڕێبازێکی هاوبەش" ماوەتەوە؟
ڕێبازیی کورد و تورک هاوبەشە؟
ڕێبازیی ئەوانەی ئاکەپەیین و ئەوانەی ئاکەپەیی نین، هاوبەشە؟
جەماوەرێکی هەشتا میلیۆنی چۆناوچۆن بە پارچەکردن، لێکدابڕان، گرتن و کوشتن دەهێنیتە دۆخی "میللەت"ێکەوە؟
لە بری ڕێبازێکی هاوبەشی ونبوو، "توندوتیژی" دەسەپێنن، پێتان وایە دەتوانن مرۆڤەکان بە تۆبزی لێک کۆ بکەنەوە.
میللەت بەم ئاریشەیە چێ نابێ، بەم ئاریشەیە جەنگ هەڵدەگیرسێ.
بە خۆتان دەڵێن "با سیستەمی سەرۆکایەتی بێتە دی، پاشان کوردەکان بە داری زۆر دەهێنینە سەر ڕێ"، بەڵام ئەوە پەکەکە لە سووریا، بە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیا، ڕووباری فرات تێدەپەڕێنێ، دەبێتە هێزێکی نێونەتەوەیی و فاکتەرێکی گرنگ لە گۆڕەپانی جیهانیدا.
ئەگەر تورکیا کە بە هیچ شێوەیەک دەستی بە سووریا ڕاناگا و لە شوێنی خۆی فڕۆکەی ڕووسیا دەپێکێ، لەگەڵ سیاسەتەکانی پەکەکە بەراورد بکەن کە هەم لەگەڵ ڕووسیا و هەم لەگەڵ ئەمریکا پەیمانی بەستووە و بۆتە یەکێک لە گرنگترین هێزەکانی سووریا، کامیان سەرکەوتووتر دێنە بەرچاو؟
بۆ ئەم پێشهاتانە سیاسەتگەلی گونجاو دەگرنە بەر یان سیاسەتی تەواو ناکۆک و دژ بە یەک؟
ئاخۆ بە ڕەتکردنەوەی ڕاستییەکان و قەتیسمان لە نێو خەیاڵی "سەرۆکایەتی"دا و بۆ ئەم مەبەستەش کوشتنی منداڵان، ژیانی هێمنانە و ئاشتییانە لە تورکیا دێتە دی؟
ئەم دەسەڵاتە، ئێسک و گۆشتی تورکیا لێک جیا دەکاتەوە.
هەنجن هەنجنی دەکا.
ئەم دەسەڵاتە نابێتە "سەرانسەری و تورکیایی".
نابێتە دەسەڵاتی تورکیا.
هەتا نەبیتە تورکیایی، هەتا نەبیتە خاوەنی کۆرپەکەی شاری "سوور"، دەتوانی ئەم وڵاتە بەڕێوە ببەی؟
بە ناردنی تانکەکان بۆ ناو گەڕەکەکان، ئاخنینی گرتووخانەکان بە ڕۆژنامەنووسان و تەخشان و پەخشان کردنی بێ ئینسافانەی بوودجەی دەوڵەت، لە پشتەوە چەقۆ لەم وڵاتە دەدەن.
ئێوە پێتان وایە تەنها منداڵەکان دەکوژرێن، بەڵام نابینن کە لە ڕاستیدا تورکیا دەکوژرێ.
هەتا ئەم دەسەڵاتە لەسەر کار بێ، تورکیا ڕزگاری نابێ.
ئەوەی لە پاش ئەم دەسەڵاتە بەجێ دەمێنێ، وڵاتێکی پەرشوبڵاو، مرۆڤگەلی کوژراو، توندوتیژییەکی هۆڤانە و گۆرانییە دڵتەزێنەکانی منداڵانی کورد دەبێ:
"ڕاکە دایە، دێن بتکوژن."

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر