وتووێژ له‌گه‌ڵ قه‌ره‌نی قادری
سازدانی: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
کاربه‌ده‌ستانی کۆمار‌ی ئیسلامی ئێران به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی ئه‌تۆمی به مافێکی به‌رهه‌قی خۆیان ده‌زانن و له کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه نێوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کاندا ڕاشکاوانه جه‌خت له‌سه‌ر پیتاندن و په‌ره‌پێدانی ده‌که‌ن، به بڕوای ئێوه ئه‌م دۆسیه‌یه به‌کوێ ده‌گات؟
به گوێره‌ی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی، کۆمار‌ی ئیسلامی بۆ ماوه‌ی نزیک به ٢٠ ساڵان چالاکییه ئه‌تۆمییه‌کانی خۆی له‌م ڕێکخراوه‌یه شاردبۆوه. به پێی تاقیکردنه‌وه‌کانی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه، به‌شێک له‌و که‌ره‌سانه‌ی که بۆ چالاکییه ئه‌تۆمییه‌کان له هه‌ندێک له بنکه ناوکییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌دا به‌کار هێندرابوون، شوێنی ئۆرانیۆمی پیتێندراویان پێوه دیار بووه. کۆمار‌ی ئیسلامی هاوکات که پێ له‌سه‌ر مافی خۆی بۆ "چالاکیی ئاشتیخوازانه" داده‌گرێت، به ناڕوونی و له نهێنیدا هه‌وڵی بۆ پیتاندنی ئۆران‌یۆم داوه. ئیددعای "ئاشتیخوازانه" له‌گه‌ڵ شاردنه‌وه، له نهێنیدا کارکردن و ناڕوونی له ڕاپۆرتدا، که ئه‌مانه کارنامه‌ی کۆمار‌ی ئیسلامین، یه‌کتر ناگرنه‌وه. ئه‌م کرده‌وانه ئه‌و شک و گومانه به‌هێز ده‌که‌ن، که چالاکییه ئه‌تۆمییه‌کانی کۆمار‌ی ئیسلامی به‌ره‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌کی نیزامی هه‌نگاو ده‌نێن. ئه‌م کۆده‌نگه جهانییه و دۆخه دیپلۆماسییه‌ی که هه‌ر ئێستا ئاسمانی کۆمار‌ی ئیسلامی داگرتووه، "مه‌لا ئه‌تۆمییه‌کانی تاران" لێی به‌رپرسن.
زۆرترین هه‌وڵی ئه‌مریکا له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا فشار هێنانه بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له‌پێناو ده‌رچواندنی بڕێارێک ده‌رباره‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی، تا چه‌نده سه‌رکه‌وتوو بووه و ئایا ناکۆکییه ئه‌تۆمییه‌کانی ئێران کاری کردۆته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌و وڵاته و وڵاتی تر؟
ته‌واوی هه‌وڵی ئه‌مریکا له‌م ماویه‌دا ئه‌وه بوو، که دۆسیه‌ی ئه‌تۆمیی کۆمار‌ی ئیسلامی ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بکات. ئه‌مریکا له‌م کاره‌یدا سه‌رکه‌وت. ئێستا ئه‌م دامه‌زراوه جهانییه، له‌گه‌ڵ سێناریۆیه‌کی تردا ده‌سته‌ویه‌خه‌یه، ئه‌ویش کێشه‌ی ئه‌تۆمیی تارانه. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌شدا، ئه‌مریکا هه‌روا خه‌رێکی پێکهێنانی "به‌ره‌یه‌ک"ی جیهانی به دژی تارانه. له‌م بواره‌دا دراوسێکانی کۆمار‌ی ئیسلامیش که‌توونه‌ته ناو پلان و به‌ر سێره‌ی کۆشکی سپییه‌وه. وڵاتانی عه‌ره‌بیی که‌نداوی فارسیش سه‌رجه‌م له چالاکییه ئه‌تۆمییه‌کانی تاران ترسیان ڕێنیشتووه. تورکیه‌ی به ده‌وڵه‌ت موسڵمان و ئه‌ندامی ناتۆش به‌توندی له ژێر کارتێکه‌ریی هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکا دایه. وڵاته ئورووپایییه‌کانیشی له‌گه‌ڵه. له‌سه‌ریه‌ک کۆمار‌ی ئیسلامی ته‌نانه‌ت له بواری جوغرافیاییشه‌وه له‌لایه‌ن وڵاتانی دۆست و نزیک له ئه‌مریکاوه گه‌مارۆ دراوه. ڕه‌وتی ته‌نگتربوونه‌وه‌ی گه‌مارۆکان هه‌ر وا درێژه‌یان هه‌یه.
ئه‌گه‌ری ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه بۆ سه‌ر ئێران هەیه؟
گه‌رچی ئه‌مریکا په‌تیا په‌تیا باس له به‌دیلی دیپلۆماسی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ئه‌تۆمیی تاران ده‌کات، به‌ڵام به‌دیلی سه‌ربازیش یه‌کێک له ڕێگاکانیانه. کۆشکی سپی ئه‌وه‌شی نه‌شاردۆته‌وه. "هێرشی ئاسمانی" بۆ سه‌ر بنکه ئه‌تۆمییه‌کانی ئێران، یه‌کێک له‌و به‌دیلانه‌یه. له‌به‌رامبه‌ردا، کۆمار‌ی ئیسلامیش ڕایگه‌یاندووه، که واز له پیتاندنی ئۆران‌یۆم ناهێنێت. ته‌واوی هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌که‌ی ئه‌مریکاش ئه‌وه‌یه، که به ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆران‌یۆم، چۆک به کۆمار‌ی ئیسلامی دابێنێت. ئه‌مه‌ش یه‌کێک له‌و ئاڵقه ئاڵۆزانه‌یه، که قه‌یرانی بۆ دیپلۆماسیی جهانی ناوه‌ته‌وه. دیاره له کۆشکی سپی و ده‌ره‌وه‌ی کۆشکی سپی‌دا ئه‌و لایه‌نانه‌ی، که مه‌یلی خه‌ست و خێرایان بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی توندتر به دژی کۆمار‌ی ئیسلامی هه‌یه، به‌دی ده‌کرێن و له هه‌وڵی ئه‌وه‌شدان، که چه‌قووی کۆشکی سپی بۆ ملی "مه‌لا ئه‌تۆمییه‌کان" تیژتر بکه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌و مه‌یله‌ش هه‌یه، که هانی جۆرج بووش بده‌ن هه‌ر له ده‌وره‌ی سه‌رکۆماری خۆیدا، "کۆتایی" به دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی یان کۆمار‌ی ئیسلامیش بێنیت. له ڕاستیدا کێشه‌ی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کۆمار‌ی ئیسلامی دوای یازده‌ی سێپتا‌مبر، هه‌روه‌ها دوای ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامیی تالیبان و دیکتاتۆری سه‌ددام، ته‌نیا دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی نییه. له گه‌ڵاڵه‌ی "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره"ی ئه‌مریکادا باس له "ئاڵوگۆڕ و لادانی ده‌وڵه‌تانی سه‌رکێش" له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌کرێت. له حه‌وتووی ڕابردوودا بوو، که سه‌رکۆماری ئه‌مریکا تێڕوانی کۆشکی سپی سه‌باره‌ت به کۆمار‌ی ئیسلامی له پێنج خاڵدا گه‌ڵاڵه کرد و گوتی: "كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكا و جهان له‌وه نیگه‌رانن، كه كۆماری ئیسلامی خه‌ڵکی ئێران سه‌ركوت ده‌كات، پشتیوانی له تیرۆریسم ده‌كات، ناوچه‌كه ناسه‌قامگیر ده‌كات، هه‌ڕه‌شه له ئیسرائیل ده‌كات و ده‌خوازێت ده‌ستی به چه‌كی ئه‌تۆم ڕابگات." وێناچێت کۆمه‌ڵه کێشه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه به چه‌ند دانیشتن و چه‌ند هاتووچۆ چاره‌سه‌ر بکرێن. ئه‌گه‌ری به‌دیلی سه‌ربازی گه‌لێک به‌هێزه.
دوابه‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق چ گۆڕانکارییه‌ک به‌سه‌ر پارته کوردییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتدا هاتووه که به گشتی له‌و وڵاته سه‌قامگیرن و ناوه‌ندی بڕیاردانیشیان هه‌ر له‌و شوێنه‌یه؟
له دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام به‌ولاوه، دۆسیه‌ی دیارده و دروشمی "خودموختاری" به یه‌کجاری داخرا و دروشمی فیدرالیسم له به‌رنامه‌ی هه‌ندێک پارت و ڕێکخراودا بڕه‌وی په‌یداکردووه. خودموختاری له‌و به‌شه‌ی کوردستان به ئه‌رشیوی مێژوو سپێردرا. دیار دروشم و داخوازیی سه‌ربه‌خۆیی، شوێن و لایه‌نگری خۆیشی هه‌یه و له قۆناغی هه‌ڵدانی خۆی دایه. دیاره بوونی بنکه و باره‌گاکانی پارت و ڕێکخراوه‌کان له‌و به‌شه‌ی کوردستان، گه‌لێک سنوورداری کردوون. ته‌واوی پارت و ڕێکخراوه‌کان، که کاتی خۆی خه‌باتی چه‌کدارییان ده‌کرد، ئه‌وه نزیک به ١٥ ساڵ له‌م شێوه خه‌باته دابڕاون، به‌ڵام ڕه‌تیشیان نه‌کردۆته‌وه، هه‌ر وه‌کوو به‌ڕێوه‌شی نابه‌ن! ئێستا له دۆخێکی چه‌تووندا ده‌ژین. ئه‌گه‌ر ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی له کۆمار‌ی ئیسلامی‌دا پێک نه‌یه‌ت، بێ‌شک گرفتی جددیتریان بۆ دروست ده‌بێت. جیا له چالاکی و به‌رنامه‌یان، له چاوه‌ڕوانی ئه‌گه‌ری سێناریۆیه‌کی تری ئه‌مریکاش دان ئه‌گه‌ر بێتوو له ئێرانیشدا ڕووبدات. ئاشکرایه له سیاسه‌تیشدا شوێن بۆ ئه‌گه‌ره‌کان هه‌میشه هه‌یه و کارێکی عه‌قڵانیشه، که حێزێکی سیاسی خۆی بۆ هه‌ر چه‌شنه ئه‌گه‌رێک، که له ده‌ورووبه‌ریدا ڕووده‌دات ئاماده بکات.
ئه‌ی ئۆپۆزۆسیۆنی کوردی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چه‌نده جێگه‌ی هیوا و ئومێدی خه‌ڵکه و له‌نێو دڵی کۆمه‌ڵگە دایه؟
هه‌ر پارت و ڕێکخراوێک به گوێره‌ی ته‌مه‌ن و چالاکیی خۆی، کێشی سیاسی له کۆمه‌ڵگەی کوردستاندا ماوه و هه‌یه. ئه‌م کێشه‌ش چونکه په‌یوه‌ندی به سه‌رکه‌وتن و شکستی سیاسییه‌وه هه‌یه، پارت و ڕێکخراوه‌کان تووشی گه‌رمێن و کوێستان ده‌کات. ڕاده‌ی جێگای ئه‌وان له ناو کۆمه‌ڵگای کوردستاندا ڕێژه‌یییه‌وه و جێگۆڕکێ له پله و پایه‌ی پارت و ڕێکخراوه‌کانی کوردستانی ئێران‌دا ده‌بێ به دیارده‌یه‌کی ئاسایی وه‌ربگیرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌یکه‌ی ئه‌م دیاردانه له زانستی سیاسه‌تدا ڕه‌ها نین. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، هاووڵاتیانی کوردستانی ئێران وه‌کوو هاوکێشه‌یه‌کی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام گه‌نج هاتنه مه‌یدانی یاری سیاسییه‌وه. ئه‌وان به‌پێچه‌وانه‌ی بایکۆتی سه‌رجه‌می پارت و ڕێکخراوه‌کانی کوردستانی ئێران، له چه‌ندین کرده‌وه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردندا به ڕێژه‌ی نزیک به ٥٥% به‌شدارییان تێدا کرد. ڕاده‌ی هیوا و ئۆمێدی هاووڵاتیانی کوردستان به پارت و ڕێکخراوه‌کان چه‌نده، هیچ ئامارێکی باوه‌ڕپێکراو نییه. ئه‌و هه‌لوێست و "ئامار"انه‌ی که لێره‌وله‌وێش ده‌گوترێن، ته‌نیا هه‌ڵوێستێکی حیزبییانه‌یه. به‌هه‌رحاڵ ده‌بێ له که‌شوهه‌وایه‌کی تردا له وڵامه‌که بگه‌ڕێین. ئاڵوگۆڕه‌کانی ناوه‌وه، هه‌روه‌ها ڕووداوه تیژڕه‌وه‌کانی ناوچه، به‌تایبه‌تی گوشاری ده‌ره‌کی له‌سه‌ر کۆمار‌ی ئیسلامی، ئه‌گه‌ر بێتوو شتێکی لێبکه‌وێته‌وه و پارت و ڕێکخراوه‌کانیش بتوانن یاریکه‌رێکی چالاک بن و ده‌رفه‌ت بکه‌ن به سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی، بێ‌شک جێگۆڕکێی به‌دوادا دێت.
به‌ره‌ی کوردستانی که چه‌ندین ساڵه رووبه‌رێکی زۆری ئه‌ده‌بیاتی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی داگیر کردووه، به بڕوای ئێوه ئاسته‌نگییه‌کانی به‌رده‌می چین و کام هێزو لایه‌ن یاخود فاکته‌ری سه‌ره‌کیی رێگه له‌پێکهێنانی ده‌گرن؟
کوردستانی ئێران، پێشینه‌یه‌کی که‌مته‌مه‌نی له شێوازه‌کانی کاری هاوبه‌ش (ئیئتیلاف، یه‌کێتیی کرده‌وه، به‌ره‌ی کوردستانی و ...)دا هه‌یه. ئه‌مه یه‌کێک له کۆسپه‌کانی سه‌ر ڕێگای شێوازه‌کانی کاری هاوبه‌شه. له بۆچوونه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو و ئێستاشدا، تۆکمه‌ترین و هه‌راوترین شێوه‌ی کاری هاوبه‌ش، "به‌ره" بووه. یه‌کێک له پێشمه‌رجه هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی پێکهێنانی به‌ره، ڕاده‌ی نزیکی و به‌ڕیوه‌بردنی هه‌ندێک له شێوازه‌کانی کاری هاوبه‌شه، که ڕێگا بۆ پێکهێنانی "به‌ره" خۆشده‌کات. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه که له‌و ماوه‌یه‌دا پارت و ڕێکخراوه‌کانی کوردستانی ئێران تا ئێستا نه‌یاتوانیوه زمانێکی هاوبه‌ش بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌کی چه‌ند قۆڵی له کوردستاندا بدۆزنه‌وه، چۆن ده‌توانن "به‌ره" پێک بێنن! له‌م چه‌ند ساڵه‌شدا به هه‌ڵه "به‌ره‌ی کوردستانی" موتڵه‌قکرا و له کرده‌وه‌دا، شێواز و وێستگه‌کانی تر کاری هاوبه‌ش خرانه په‌راوێزی تێڕوانینی ناسیاسی و ناعه‌قڵانییه‌وه! به‌ره‌ی کوردستانی له‌مێژه شکستی خواردووه، به‌ڵام هیستریای حیزبایه‌تی به سه‌ر عه‌قڵ و تێگه‌ییشتندا زاڵه و ناخوازێت ئه‌مه قبووڵ بکات!
ماوه‌یه‌که تورکیا و ئێران به بیانووی ڕاونانی په‌که‌که جارناجار سنووره‌کانی عێراق ده‌به‌زێنن و تۆپبارانی ناوچه‌کانی باشووری کوردستان ده‌که‌ن، ئایا ئامانجیان لێدانی په‌که‌که‌یه یان مه‌به‌ستی تریان هه‌یه؟
پێکهێنانی حکومه‌تی عێراق و سه‌قامگیریی که‌شوهه‌وای سیاسی له کوردستانی پارچه‌ی عێراقدا، هه‌روه‌ها گوشاری قورسی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر کۆمار‌ی ئیسلامی، تورکیه‌ی ناچارکردووه جارێکی تر ده‌ست بداته‌وه یارییه‌کی سیاسی، که وێناچێت تێیدا گه‌لێک چالاک بێت. هاوکێشه‌ی ئه‌مریکا له ناوچه‌دا، به تایبه‌تی هه‌وڵی ئه‌و وڵاته بۆ به‌شداریکردنی تورکیه له پلانه‌کانی ئێستا و سێناریۆکانی داهاتووی به دژی ئێران، جارێکی تر ئه‌و فکره‌ی له پیاوانی ده‌سه‌ڵات له تورکیه‌دا زیندووکردۆته‌وه، که به که‌ڵکوه‌رگرتن له دۆخی ئاڵۆزی ناوچه‌که، بیر له "دانوستان" له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا بکه‌نه‌وه. واته تورکیه سه‌باره‌ت به کۆمار‌ی ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا بکه‌وێته دانوستان، به‌ڵام ئه‌مریکاش بۆ لێدانی په‌کەکه، یارمه‌تییان بدات. دیاره ئانکارا له‌م چه‌ند ساڵه‌دا ئه‌مه‌ی نه‌شاردۆته‌وه و به ئه‌مریکایییه‌کانیشی راگه‌یاندووه، به‌ڵام وه‌ڵامه‌که‌یان "نا" بووه. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی تورکیه له‌م هه‌ڕه‌شه و تۆپبارانانه، لێدانی (پەکەکه)یه. وێده‌چێت ئامانجی تر، دروستکردنی گرفت له نێوان ده‌وڵه‌تی به‌غدا و ده‌وڵه‌تی هه‌ولێردا بێت، ئه‌ویش به بوونی کۆمه‌ڵێک پارت و ڕێکخراوی چه‌کداری پارچه‌ی کوردستانی تورکیه و ئێران، که چه‌ند ساڵێکه له ژێر ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا گیرساونه‌ته‌وه. له‌وانه‌یه له داهاتوودا، بوونی ئه‌م پارت و ڕێکخراوانه له کوردستانی عێراق، ببێته که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ تورکیه، به مه‌به‌ستی نانه‌وه‌ی ئاژاوه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا. باردۆخی ناوچه‌که ئیزن به تورکیه نادا کوردستانی عێراق داگیر بکات یان پیلانی گه‌وره‌ی بۆ دابڕێژێت. له‌م بواره‌دا زه‌مان له قازانجی تورکیه‌دا نییه. وێناچێت (پەکەکه)ش به‌م هێڵه چه‌کدارییه و سیاسه‌ته که هه‌یتی، هیچ چه‌شنه سه‌رکه‌وتنێک وه‌ده‌ست بێنێت.
له به‌شێکی قسه‌کانتدا باسی ئه‌وه‌تان کرد، که خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌کوو هاوکێشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ هاتوونه‌ته مه‌یدان، ئه‌ی ئایا گوتارێکی سیاسی له ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یه، به چ شێوه‌یه‌که و له چ ئاستێک دایه؟
شکڵ‌گرتنی کۆڕوکۆمه‌ڵی ئه‌ده‌بی، سیاسی و مه‌ده‌نی له ماوه‌ی ئه‌م ده ساڵه‌دا، چالاکبوونی هاووڵاتیانی کوردستان وه‌کوو هێزێکی ماددیی سه‌ربه‌خۆ له یارییه سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوورییه‌کاندا، گوتارێکی سیاسی و مه‌ده‌نییانه‌ی پێیه، که به گشت نوێی و که‌موکۆڕییه‌کانییه‌وه ناوئاخنێکی تری به که‌شوهه‌وای سیاسیی کوردستانی ئێران داوه. هاتنه‌کایه‌ی چه‌مکی هاووڵاتێتی، مافی مرۆڤ، دێموکراسی، کێشه‌ی ژنان، پێکهێنانی کۆڕوکۆمه‌ڵی ناحکوومه‌تی (NGO)، هه‌روه‌ها شێوازی سیاسی و مه‌ده‌نییانه‌ی تێکۆشان، ده‌رگه‌یه‌کی تریان به‌ره‌وڕووی کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا کردۆته‌وه. ئه‌م دۆخه سیاسییه و فه‌رهه‌نگییه، خه‌ریکه وه‌کوو په‌یامێکی سیاسی و مه‌ده‌نی، خۆی گه‌ڵاڵه ده‌کات. له پاڵ پارت و ڕێکخراوه‌کاندا، ده‌نگێکی تریش به‌رزبۆته‌وه. به‌هه‌رحاڵ بزوێنه‌ر و هۆکاری سه‌ره‌كیی بۆ ئه‌م هه‌وڵانه، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییه كه هانده‌ریانه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر