عوسمان ئۆجەلان و هاوسەرەکەی - وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی |
سەلاحەدین بایەزیدی - کۆیە
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش هه‌واڵی نه‌خۆشی ئێوه بڵاو بۆوه، ئێسته دۆخی ته‌ندروستیتان چۆنه؟
عوسمان ئۆجالان: مانگی ڕابردوو تووشی نه‌خۆشی دڵ بووم، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌کی زۆر قورس نه‌بوو. سه‌ردانی دکتۆرم کرد و ئێستا باشترم. بارودۆخی ته‌ندروستیم تا ڕاده‌یه‌کیش په‌یوه‌ندی به ڕه‌وشی سیاسییه‌وه هه‌یه. به‌تایبه‌ت له کوردستانی تورکیا بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو ئاڵۆزییه‌ک دایه و منیش که ماوه‌یه‌ک سه‌رکردایه‌تی شۆڕشم کردووه، ئه‌م ئاڵۆزییانه کاریگه‌رییان له‌سه‌ر داناوم و ته‌ندروستیان خستومه‌ته ژێر باندۆڕه‌وه. به‌ڵام ئێستا باشترم. ده‌رمان ده‌خۆم و دکتۆره‌کان پێیان گوتوم پێویست به نه‌شته‌رگه‌ری ناکات.
وا هه‌ست ده‌کرێ عوسمان ئۆجالان ئه‌و ده‌نگه‌ی جارانی نه‌ماوه و گۆشه‌گیر بووه، ئایا وازتان له سیاسه‌ت هێناوه؟
پێویسته بزانین چ کاتێک ده‌شێ واز له سیاسه‌ت بێنین. وه‌ختێک گه‌لی کورد به ئازادی گه‌یشت، سیاسه‌تمه‌دارێکی کورد ده‌کارێ واز له سیاسه‌ت بێنێ، به‌ڵام ئێستاکه گه‌لی کورد به ئازادییه‌کانی نه‌گه‌یشتووه، له کوردستانی عێراق ئه‌م ئازادییه ده‌سته‌به‌ر بووه، به‌ڵام له‌کوردستانی تورکیا و پارچه‌کانی تر گه‌له‌که‌مان هه‌ر وا ژێرده‌سته. هه‌تا ئازادی ده‌سته‌به‌ر نه‌بێت، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێکی به‌ئه‌زمون بڵێ سیاسه‌ت ناکه‌م و وازی لێ دێنم، ئه‌وا شتێکی خراپه. من ناتوانم ئه‌م خراپییه بکه‌م. پێم وایه پێویستی به خزمه‌تی من هه‌یه. تێگه‌یشتن و ئه‌زموونی تایبه‌تم هه‌یه و نزیکه‌ی سی ساڵه خزمه‌ت ده‌که‌م و به‌گوێره‌ی پێوانه سیاسییه‌کان ته‌مه‌نێکی واشم ڕانه‌بواردوه و هێشتا گه‌نجم، بۆیه پێویسته باشتر له جاران سیاسه‌ت بکه‌م، نه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری بم. کەچی هه‌ندێک که‌س که ئیستخباراتی تورکیایان له پشته و پێیان ناخۆشه ئۆجالان کاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌تی کوردی هه‌بێ و گه‌ره‌کیانه باندۆڕی نه‌هێڵن، جا ئه‌مه عه‌بدوڵڵا ئۆجالان ده‌بێت یان عوسمان ئۆجالان، بانگه‌شه‌یه‌کی به‌مجۆره‌یان له‌سه‌ر من کرد و ئامانجیان ئه‌وه بوو له‌ناو گه‌لی کورددا بێ ئومێدی دروست بکه‌ن. بۆ وێنه پارتی وڵاتپارێزی دیموکراتیک (pwd) که سه‌ره‌تا پێکه‌وه بووین و ئێستا هاوده‌ستن له‌گه‌ڵ ئیستخباراتی تورکیا، بانگه‌شه‌یان کرد که عوسمان ئۆجالان وازی له سیاسه‌ت هێناوه، ئه‌مه دووره له ڕاستی و له هه‌میشه زیاتر له مه‌یدانه‌که دام و به‌رده‌وامم له‌سه‌ر خه‌باتی سیاسییم و پێم وایه له ئاینده‌دا ده‌توانم خه‌باتێکی زیاتریش بکه‌م و سه‌رکه‌وتوو بم.
وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێکی سه‌ربه‌خۆ؟
دیاره من سی ساڵ له‌ناو په‌که‌که دابووم، له شه‌ڕی چه‌کدارییه‌وه بگره هه‌تا خه‌باتی سیاسی و دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ بووم. به‌ڵام له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٠٠ به دواوه سیاسه‌تی په‌که‌که نه‌یتوانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی تێکۆشانی ئازادی بێت. له ماوه‌ی ئه‌م سی ساڵه‌دا خه‌باتێکی شیلگێرانه کرا و زۆر ده‌ستکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی دروست بوون. لایه‌نه ئیجابییه‌کانی په‌که‌که زۆرن و دیاره هه‌ڵه و که‌م و کورتیشی هه‌یه. پێویسته خاوه‌ندارێتی بکرێ له‌و ده‌ستکه‌وته نه‌ته‌وه‌ییانه و هاوکات که‌م و کورتییه‌کانیش ڕه‌خنه بکرێن. ئه‌ز په‌شیمان نیم که سی ساڵ له ناو په‌که‌که‌دا خزمه‌تی گه‌لی کوردم کردووه و شانازی پێوه ده‌که‌م. به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌تایبه‌ت دوای ده‌ست تێوه‌ردانی زلهێزه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، قۆناخێکی تازه هاته ئاراوه، پێویست بوو په‌که‌که‌ش ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌ته کۆنه‌کان بێت و گۆڕانکاری بکردایه و شان به‌شانی هێزه جیهانییه‌کان له‌پێناو چاره‌سه‌ریی دۆزی کورددا هه‌نگاوی نابایه. به پێچه‌وانه‌وە، پێداگری له‌سه‌ر سیاسه‌ته کۆنه‌کانی کرد. من گۆڕانکارییم به پێویست ده‌بینی.
گۆڕانکاری لە چ بوارێکەوە؟
دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ هێزه جیهانییه‌کان و لایه‌نه کوردییه‌کان، به‌تایبه‌ت دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی کوردستانی عێراق، چونکه ئه‌و ئازادییه‌ی له‌کوردستانی عێراق ده‌سته‌به‌ر بووه، هی گه‌لی کورده به‌گشتی و که‌سێک که دژایه‌تی بکات ئه‌وا مه‌ترسیداره، په‌که‌که له‌م بواره هه‌ڵه بوو. له‌لایه‌کی دیکه‌وه پێویست بوو له‌ناوخۆدا په‌ره به دیموکراسی بدا. مافی تاکه‌که‌س هه‌بێ و هه‌ر که‌س بتوانێت ژیانی شه‌خسی خۆی بژیت. ئه‌گه‌ر ژیانی تایبه‌تی نه‌بێت، مافی مرۆڤیش مانای نییه. په‌که‌که ئه‌م خاڵانه‌ی له‌به‌ر چاو نه‌گرت و هۆکاری سه‌ره‌کیی جیابوونه‌وه‌ی منیش هه‌ر ئه‌مانه بوون. پێم وایه هه‌تا په‌که‌که گۆڕانکاری له سیاسه‌ته‌کانیدا به‌دی نه‌هێنێ، ناتوانێ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی قۆناخ بێت، بۆیه ناتوانم له‌ناو په‌که‌که‌دا سیاسه‌ت بکه‌م و هاوکات دوژمنایه‌تیشی ناکه‌م. سه‌رۆک ئاپۆ و په‌که‌که خزمه‌تێکی زۆری گه‌لی کوردیان کردووه و ئه‌گه‌ر که‌م و کورتیشیان هه‌بێ پێویسته ڕه‌خنه بکرێن نه‌ک دوژمنایه‌تی. ڕه‌خنه مافێکی ئاساییه به‌ڵام دوژمنایه‌تی ماف نییه. ده‌مه‌وێ وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی سه‌ربه‌خۆ کار بکه‌م و له هه‌وڵی دروستکردنی ڕێکخراویشدا نیم. به ڕێگه‌ی سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆوه زه‌مینه بۆ بزاڤی دیموکراسی خۆش ده‌که‌م. ئاماده‌م بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌کان له په‌که‌که‌وه بگره هه‌تا پارتی سۆسیالیست و یه‌کێتی و پارتی و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی باشوور و په‌ره به دۆستایه‌تی نێوانیان بده‌م. هه‌ڵبه‌ت جیاوازی ناخه‌مه ناو حزبه‌کانی هیچ کام له پارچه‌کانی کوردستان.
ساڵی پار باکووری کوردستان و تورکیا گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری کورده‌کان بوو، ئایا ده‌کرێ ناوی ڕاپه‌ڕینێکی سه‌رتاسه‌ری لێ بنێین، به بڕوای ئێوه هانده‌ری ئه‌م جوڵانه‌وانه کێیه؟
پێم وایه ئه‌مانه سه‌رهه‌ڵدانێکی سیاسی گرنگ بوون، سه‌ره‌تا و کۆتایی پار خۆپیشاندانی گه‌وره دروست بوون، نه‌ورۆزی پار له دیاربه‌کر و کۆتاییه‌کانی ساڵیش له گه‌ڤه‌ر و شه‌مزینان. گه‌لی کورد به‌م خۆپیشاندانانه په‌یامێکی گرنگی دا بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد و گوتی ئه‌م چاره‌سه‌رییه به تێکۆشانی سیاسی ده‌کرێ. نه‌ورۆزی ٢٠٠٥ هه‌تا ئێستا نموونه‌ی نه‌بووه. گه‌لی کورد تێکۆشانی چه‌کداری ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و له دژی ئۆپه‌راسیۆنی تورکیا و شه‌ڕی گه‌ریلایه. له کوردستانی تورکیا که‌س پشتگیری له ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ئه‌رته‌شی تورکیا ناکات، ته‌نانه‌ت تورکه‌کانیش، به‌هه‌مان شێوه که‌سیش باوه‌ڕ ناکات به شه‌ڕی چه‌کداری کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن، ئه‌وه په‌یامی گه‌لی کورد بوو له پێرۆزباییه‌کانی نه‌ورۆز و هه‌ر دوو ڕووداوی گه‌ڤه‌ر و شه‌مزینان، ئینتیفازه‌ی ١٩٨٧ی فه‌له‌ستین دێنێته‌وه بیر. من سه‌ره‌تای هه‌شتاکان له‌فه‌له‌ستین بووم، ٥ی حویزه‌رانی ٨٢ ئیسرائیل هێرشێکی به‌ربڵاوی کرد و گه‌ریلای فه‌له‌ستینی پاکتاو کرد. له به‌یرووت ئابلۆقه دران و پاشان ڕێگه له‌به‌رده‌م ڕاکردنیان کرایه‌وه، به‌و مه‌رجه‌ی جارێکی تر نه‌گه‌ڕێنه‌وه خاکی لوبنان. ساڵانی ١٩٨٣ و ٨٤ بزاڤی گه‌ریلای فه‌له‌ستین له دژوارترین هه‌ل و مه‌رج دابوو. شه‌ڕی ناوخۆ ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندبوو. واته له ماوه‌ی سێ ساڵدا بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی فه‌له‌ستین زۆر لاواز بوو. ساڵی ١٩٨٧ گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌ستیان به ڕاپه‌ڕین کرد و دوای یه‌ک ـ دوو ساڵ ئیسرائیل ناچار ما دانوستانیان له‌گه‌ڵ بکات. دواجار په‌یمانی ئۆسلۆ به‌سترا و ئه‌نجامی باش ده‌سته‌به‌ر بوون. لێره‌دا هێزه چه‌کداره‌کان هاتنه مه‌یدان و کێشه دروست بوو و نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه. ده‌مه‌وێ بڵێم وه‌ک چۆن ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی فه‌له‌ستین ڕێخۆشکه‌ر بوو له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ری، هی گه‌لی کوردیش به‌مجۆره‌یه. واته گه‌لی کورد به گه‌ریلا ده‌ڵێت تۆ دانیشه، من بۆ خۆم ده‌توانم وه‌ڵامی ئه‌رته‌ش و کۆماری تورکیا بده‌مه‌وه و ملکه‌چی چاره‌سه‌رییان بکه‌م. ئه‌م ڕووداوانه نیشانه‌ی خورت بوونی په‌که‌که نییه، به‌ڵکو نیشانه‌ی به‌هێزبوونی بزاڤی ئازادی نه‌ته‌وه‌ییه. پێم وایه گه‌لی کورد له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا ئه‌م په‌یامه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاوتریش دا.
هه‌ندێک چاودێری سیاسی له‌وانه ڕۆژنامه‌ڤانێکی به‌ناوبانگی وه‌ک محه‌ممه‌د عه‌لی بیراند پێیان وایه له پشت ئه‌م جم و جوڵانه هه‌وڵێکی ئاژاوه‌گێڕی و پڕاڤاکاسیۆن هه‌یه.
من به‌پێچه‌وانه بیر ده‌که‌مه‌وه. ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی مه‌شرووعییه‌ت به ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌کانی بدات، ته‌قه‌یان له‌خه‌ڵک کرد. شه‌ڕی تایبه‌تی له دژی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی کورد به‌ڕێوه برد. ئیستخباراتی ژانده‌رمه jitem له‌مێژه ئه‌م کارانه ده‌کات. پێش تر پێیان ده‌گوت کوشتنی بکه‌ری نادیار. ئه‌وه سیاسه‌تێکی کۆنه. کاتێک که له کوردستان تێکۆشان په‌ره ده‌ستێنێ، ئه‌رته‌شی تورکیا به‌ڕێگه‌ی ئیستیخبارات شه‌ڕی تایبه‌تی ده‌خاته ڕۆژه‌ڤه‌وه. ئیستیخباراتی ژانده‌رمه له زۆر جێگه ته‌قه‌ی له خه‌ڵک کرد و به‌رپرسیارێتیه‌که‌ی وه ئه‌ستۆ نه‌گرت. بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن ئه‌مه له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه کراوه. مه‌به‌ستیان ئه‌وه بوو کاتێک ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجام دا، خه‌ڵک بێ هه‌ڵویست بێت و ده‌نگ نه‌کات. که‌چی خه‌ڵک وه‌ڵامی دانه‌وه. خه‌ڵک ئه‌و که‌سانه‌یان گرت که ته‌قه‌یان کردبوو. به‌ڕای گشتیان سه‌لماند که کێ ئه‌م کارانه ده‌کات. ناڕه‌زایی خۆیان له دژی ئه‌رته‌ش و ده‌وڵه‌ت نیشان دا و بانگه‌وازییان ئاڕاسته‌ی جیهان کرد. بۆیه‌ش ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانانه هه‌ڵوێستی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌لی کورده و چه‌وته ئه‌گه‌ر وه‌ک ئاژاوه‌گێڕی له‌قه‌ڵه‌م بدرێ. پێم وایه گه‌لی کورد له باکوور ئه‌وه‌نده وشیار و تێگه‌یشتووه که ده‌زانێ به‌چ ڕێگه‌یه‌ک کێشه‌کانی چاره‌سه‌ر بکات. ئه‌گه‌ر شه‌ڕی گه‌ریلا ڕابوه‌ستێنرێ و ڕێگه به گه‌ل بدرێ، پێم وایه له‌ماوه‌ی یه‌ک ــ دوو ساڵدا کۆماری تورکیا زۆر ته‌نگاو ده‌کرێ و ناچار ده‌بێ مل بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که دانه‌وێنێ.
چۆن ده‌ڕواننه ئه‌و به‌ره‌یه‌ی که به به‌شداری چه‌ند حیزب و لایه‌نێکی باکووری کوردستان دروست بووە؟
دیاره به‌ره‌یه‌کی وه‌ها یه‌کگرتوو نییه. له نێوان پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا و هه‌ندێک گرووپی تردا گفتوگۆ و دانوستان هه‌یه. ئه‌و بلۆکه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد دروست نه‌بووه، به‌ڵکو یه‌کگرتنێکه له دژی په‌که‌که. له ڕابردووش‌دا هاوپه‌یمانێتی به‌مجۆره پێکهاتووه که ئه‌و کاتیش له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ڕاست نه‌بوو. پێویسته خه‌باتێکی هاوبه‌ش له دژی کۆماری تورکیا بکرێ نه‌ک له دژی په‌که‌که، جا هه‌ڵه و که‌م و کوڕییه‌کانی په‌که‌که چ ده‌بن گرنگ نییه. من له زۆر بواره‌وه ڕه‌خنه‌م له په‌که‌که هه‌یه، بۆ نمونه ده‌یه‌وێ خه‌باتێکی یه‌کده‌ست له باکووری کوردستان هه‌بێ، یه‌کده‌ستی دیکتاتۆرییه، له‌دژی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی په‌که‌که‌م. هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی په‌که‌که بۆ سه‌رجه‌م بزاڤه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی تر جوان نییه و دۆستانه هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ ناکات. جگه له‌مانه په‌که‌که سیاسه‌تی کوشتن به‌ڕێوه ده‌بات، کوشتنیش هیچ کات ڕه‌وا نییه. تۆ نابێ له‌دژی که‌سێک چه‌ک به‌کار بێنێ که له دژت چه‌ک به‌کار ناهێنێ. له‌لایه‌کی تره‌وه، په‌که‌که له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا کوردایه‌تی لاواز کردووه و له بری کێشه‌ی چینایه‌تی پێش ده‌خات. ئێستا کاتی ئه‌وه نییه شه‌ڕی چینایه‌تی بکرێ، پێویست به خه‌باتێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کات. ئه‌مڕۆ ڕۆژی نیشتمانپه‌روه‌ری و دیموکراسییه. له‌ناو په‌که‌که‌دا له‌م پێنج ساڵه‌ی دواییدا به‌تایبه‌ت نیشتمانپه‌روه‌ری و دیموکراسی لاواز بوون. له‌م خاڵانه‌دا به‌توندی ڕه‌خنه‌م له په‌که‌که هه‌یه. که‌س به‌قه‌ت من ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ر په‌که‌که نییه، به‌ڵام ئه‌مه پاساوێک نییه بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تیی بکه‌م. به‌داخه‌وه ناوه‌ڕۆکی به‌ره‌ی هاوبه‌شی گرووپه‌کانی باکووری کوردستان دژایه‌تی په‌که‌که‌یه. ئه‌و به‌ره‌یه له‌م ماوه‌یه‌دا له‌کوردستان و ده‌ره‌وه چه‌ند خۆپیشاندانی ئه‌نجام داوه؟ چه‌ند به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی ئیمزا کردووه؟ به‌ره‌یه‌کی بێ پراتیک هیچ مانایه‌کی نییه و پێم وایه هیچ ئه‌نجامێکیشی نابێ. جگه له‌مانه زۆر لاوازه و پێویسته هه‌وڵ بدات هه‌موو لایه‌نه‌کان به په‌که‌که‌شه‌وه ڕاکێشی ناو دیالۆگ بکات. چونکه په‌که‌که گه‌وره‌ترین هێزی باکووری کوردستانه.
له ڕاگه‌یاندنێکیتدا بۆ سایته‌کان سه‌باره‌ت به تیرۆری کانی یه‌ڵماز گوتبووتان که ئه‌مه کاری په‌که‌که نییه، به‌بڕوای ئێوە کێ ئه‌م کاره‌ی کردووە؟
من نه‌مگوتووه کاری په‌که‌که نییه. گومان زۆرن. په‌که‌که‌ش کانی یه‌ڵمازی خۆش نه‌ده‌ویست. کانی یه‌ڵمازی به‌دوژمنایه‌تی ئاپۆ تاوانبار ده‌کرد و به خیانه‌تکار له‌قه‌ڵه‌می ده‌دا. په‌که‌که پێی وابوو کانی له گیرانی ئاپۆدا ده‌ستی هه‌یه. له‌مباره‌وه گومان له‌سه‌ر کانی یه‌ڵماز زۆر بوو که هه‌وڵی داوه تاکوو ئاپۆ له ئه‌وروپا سه‌قامگیر نه‌بێت. ئه‌مانه چه‌نده ڕاستن، ئه‌وا به جێگه‌ی خۆی و شیاوی لێکۆڵینه‌وه‌یه. ناڵێم کانی یه‌ڵماز پیر و پاکه و ناشڵێم له‌گیرانی ئاپۆدا ڕۆڵی هه‌بووه. پێویستە ڵێکۆلینه‌وه بکرێ، چونکه ئه‌وکات کانی به‌رپرسی ڕێکخستنی ئه‌وروپا بوو. ئه‌مانه به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی کانی یه‌ڵماز له لایه‌ن په‌که‌که‌وه ببێته ئامانج. واته سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر گومان له‌سه‌ر په‌که‌که هه‌بێت. به‌ڵام ئاپۆ له‌زیندانه‌وه لێدوانی داوه که کاری تیرۆر و کوشتن ئه‌نجام مه‌ده‌ن. ئه‌مه تێڕوانینی به‌ڕێز ئۆجالانه. به‌کوشتنی کانی یه‌ڵمازیش خه‌فه‌تباره. له‌کاتی دیدار له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌دا گوتویه‌تی با ئه‌م کارانه ڕابوه‌ستێنرێن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌و که‌سه‌ی کانی کوشتووه، ساڵێک له‌گه‌ڵی ژیاوه، گه‌نجێگه به‌ناوی نومان. ساڵێک له‌مه‌وپێش له په‌که‌که دابڕا و هاته ناو ڕیزه‌کانی پارتی وڵاتپارێز و له‌گه‌ڵ کانی یه‌ڵمازیش په‌یوه‌ندییه‌کی گه‌رم و گوڕی هه‌بوو. له‌وانه‌یه گرفتێکی تاکه‌که‌سیش بێت. هه‌ندێک شتم بیستووه ده‌ڵێن کێشه‌که ئه‌خلاقییه. دیاره منیش بیستوومه و نه‌سه‌لمێنراوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نومان پیاوی په‌که‌که بوایه، ده‌بوو له‌ماوه‌ی ئه‌م یه‌ک ساڵه‌دا هه‌ستیان پێ کردبا. ناتوانم له‌م کاته‌دا بڵێم کاری په‌که‌که بووه یان به‌پێچه‌وانه، مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی بووه یان ئه‌خلاقی. من خۆم که‌سایه‌تی کانی یه‌ڵمازم خۆش نه‌ده‌ویست، که‌سیش خۆشی نه‌ده‌ویست. که‌سایه‌تییه‌ک بوو که ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ڕه‌چاو ده‌کرد، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دژی تیرۆری کانی یه‌ڵمازم.
له‌م قۆناخه‌دا په‌که‌که و به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان چۆن ده‌ڕواننه ئێوه؟
له‌ناو په‌که‌که‌دا، دوو بۆچوون هه‌یه. گروپێکیان له‌گه‌ڵ گۆڕانکاری دان که زۆربه‌ی کادیرانی په‌که‌که و ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌سه‌رکردایه‌تیش ده‌گرێته‌وه. ئه‌مانه به‌ڕه‌سمیش نه‌بێت بۆچوونیان له‌سه‌ر من باشه و هیوایان به من زۆره. به‌شێکی تریش هه‌ن که ئه‌وانه موحافزه‌کارن و زێده‌تریان کورد نین و دژی کوردن. ئه‌وانه به بێ هیوایی له من ده‌ڕوانن. بۆ وێنه که‌سایه‌تیه‌کی وه‌ک دوران کاڵکان که تورکه و سی ساڵه له ناو په‌که‌که دایه، نوێنه‌رایه‌تی باڵی موحافزه‌کاره‌کان ده‌کات. بۆچی به‌مجۆره پێداگری له‌سه‌ر موحافزه‌کاری ده‌کات، پرسیارێکه که پێویسته هه‌موو لایه‌ک له خۆیانی بکه‌ن. که‌سانی موحافزه‌کار منیان خۆش ناوێت. سه‌رۆکی په‌که‌که‌ش پێی وایه که ده‌کرێ له‌گه‌ڵ من دیالۆگ بکه‌ن. پێشتر من بانگه‌وازی دیالۆگم کردبوو و نامه‌یه‌کم بۆ ڕه‌وانه کردبوو. وه‌ڵامی بانگه‌وازه‌که‌م ئه‌رێنی بوو، واته په‌یامی به په‌که‌که دابوو که ئێوه ده‌توانن له‌گه‌ڵ عوسمان له دیالۆگ دابن. ئاپۆ له‌گه‌ڵ من دیالۆگ په‌سند ده‌کات و ده‌ڵێ ده‌توانن له‌گه‌ڵ په‌که‌که خه‌باتێکی هاوبه‌ش بکه‌ن، با په‌که‌که سۆسیالیست بێ و عوسمان ئۆجالانیش ده‌توانێ دیموکرات بێ، به‌ڵام باڵی موحافزه‌کاری په‌که‌که ده‌بێته کۆسپ. به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر ئه‌م موحافزه‌کارانه له‌ناو په‌که‌که‌دا نه‌بن، گۆڕانکاری بنچینه‌یی دروست ده‌بن و هه‌نگاوی نوێ به‌رز ده‌کرێنه‌وه، په‌که‌که‌ش باشتر ده‌توانێ خزمه‌ت به‌چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد بکات.
داهاتووی عه‌بدوڵڵا ئۆجالان چۆن ده‌بینن، ئایا به بۆچوونی ئێوە بەم زووانە ئازاد ده‌کرێ؟
کێشه‌یه‌کی زۆر ئاڵۆزه. هه‌ر وه‌ک ده‌زانین له دژی کۆماریی تورکیا تێکۆشانێکی دوور و درێژی هه‌بووه و تورکه‌کان زۆر ڕقیان لێیه‌تی. تورک که ناوی ئۆجالان ده‌بیستن بە یەکجاری شێت دەبن. ئه‌گه‌ر به ده‌ستی تورکه‌کان بوایه ئێستا ده جار ئیعدامیان کردبوو. به‌ڵام ڕۆژگار به داخوازیی تورکه‌کان نییه. جیهان دژ به ئیعدامه و گه‌لی کوردیش خاوه‌ندارێتی ده‌کات له ئۆجالان. بۆیه‌ش کۆماری تورکیا ناتوانێ عه‌بدوڵڵا ئۆجالان ئیعدام بکات. کاتێک ئه‌مه‌ریکا هاوکاری کرد بۆ ده‌ستگیرکردنی ئۆجالان له کینیا و ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی بۆ تورکیا، چه‌ند مه‌رجی له‌به‌رده‌م تورکیا دانابوو که یه‌ک له‌وان ئیعدام نه‌کردنی بوو. هه‌روه‌ها داوای له‌تورکیا کردبوو که ئه‌شکه‌نجه‌ی نه‌دات و کێشه‌ی کوردیش به شێوه‌یه‌کی گونجاو چاره‌سه‌ر بکات. بۆ ئه‌وه‌ی دیالۆگ له‌گه‌ڵ کورد دروست بێت، ئۆجالان له کینیا گیرا و ڕاده‌ستی تورکیا کرایه‌وه. به‌ڵام تورکیا ئه‌و مه‌رجانه‌ی پێک نه‌هێنا و به‌پێچه‌وانه جوڵایه‌وه. له‌م قۆناخه‌دا هه‌ر دوو شێواز به‌دی ده‌کرێت، شێوازێک که خوازیاری له‌ناو بردنێتی و شێوازه‌که‌ی تریش به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی تێکۆشانی گه‌لی کورده بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه‌ی باکووری کوردستان. هه‌ر دوو شێواز له ململانێ دان و به بڕوای من پێویسته گه‌لی کورد هه‌ستیار بێ، چونکه ئۆجالانیش وه‌ک به‌ڕێز تاڵه‌بانی و بارزانی سه‌رۆکێکی کورده، هه‌موو شته‌کان به‌جێگه‌ی خۆی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌رکرده‌یه‌کی کورده، ئه‌شێ له‌پێناو ئازادبوونیدا هه‌وڵ بدرێ.
وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێک که له باشووری کوردستان ده‌ژین، ئاڕاسته‌ی گۆڕانکارییه‌کان له عێراق و کوردستاندا چۆن ده‌بینن؟
هه‌ر چه‌ند ئاڵۆزییه‌کان له لووتکه دان به‌ڵام ئیتر عێراق به‌ره‌و دواوه ناگه‌ڕێته‌وه، عێراق هه‌رگیز نابێته عێراقی سێ ساڵ له‌مه‌وپێش. پڕۆژه‌ی عێراقی دیموکرات و فیدراڵ ئه‌گه‌ر زۆریش بخایه‌نێ هه‌ر سه‌قامگیر ده‌بێ. نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌ب و ئیسلام خۆڕاگری ده‌که‌ن وه‌ک چۆن سێ ساڵه به به‌رده‌وامی چالاکی ده‌که‌ن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه خه‌ڵکی عێراق فێری دیموکراسی بووه. چه‌ند جار هه‌ڵبژاردن کراوه و حکومه‌ت دروست بووه. به‌هێزیش نه‌بێت ئه‌زموونێکی دیموکراسی بینیوه. له‌وانه‌ش گرنگ تر له کوردستانه‌که‌ی سه‌قامگیری و ئارامی هه‌یه. ئه‌م سه‌قامگیرییه‌ی ئێره، به‌ردی بناخه‌یه بۆ سه‌قامگیربوونی دیموکراسی و هێمنایه‌تی له عێراقیشدا. نه‌ته‌وه‌په‌رستی ئیسلام و عه‌ره‌بی توندڕه‌و سێ ساڵ خۆڕاگری کرد و توانی له‌سه‌ر پێ بمێنێته‌وه و به‌رده‌وام چالاکی هه‌بوو، به‌ڵام ئیتر له پێ ده‌که‌وێت. پێم وابێ ئه‌مساڵیش ئه‌م ڕه‌وته هه‌ر جم و جوڵ‌ی ده‌بێ، هاوکات دوا په‌له‌قاژه‌کانیشی ده‌بێت. له‌م ڕوانگه‌وه ده‌توانم بڵێم ساڵی ٢٠٠٧ ساڵی سه‌قامگیری عێراقه. کرده‌وه تیرۆریستیه‌کان و شه‌ری تایفی ــ مه‌زهه‌بی ڕوو له کاڵ بوونه‌وه‌یه و دیموکراسی ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر زاڵ ده‌بێت.
ئه‌ی به نیسبه‌ت پارچه‌کانی تری کوردستانه‌وه؟
له پێنج ساڵی داهاتوودا له سه‌رجه‌م پارچه‌کانی کوردستان پێشڤه‌چوون دێته ئاراوه. له چوارچێوه‌ی سیسته‌مێکی دیموکرات‌دا، ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌لی کورد له عێراقدا به‌هێزتر ده‌بن و په‌ل ده‌هاوێته پارچه‌کانی تریش. پێویسته گه‌لی کورد به هه‌موو چین و توێژه‌کانیه‌وه له‌م پێنج ساڵه‌دا بێ وچان هه‌وڵ بده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م ببێته سه‌ده‌ی کورد. سه‌ده‌ی ڕابردوو له دژی کورد بوو، ئاڕاسته‌کان هه‌مووی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که ئه‌م سه‌ده‌یه به‌قازانجی ئێمه ده‌بێت.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر