نه‌بوونی تاڵه‌بانی، زه‌مینه‌یه‌ک بۆ سه‌رۆکایه‌تی گشتی بارزانی
مراد وه‌یسی
له فارسییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
باسکردن له قۆناغی پاش تاڵه‌بانی له‌ناو کورده‌کانی عێراقدا ده‌ستی پێکردووه. له ماوه‌ی چه‌ند کاتژمێری ڕابردوودا هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بانگه‌شه‌یان کرد که جه‌لاڵ تاڵه‌بانی له سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیی نیشتمانیدا نامێنێته‌وه. هه‌واڵێک که خێرا له لایه‌ن وته‌بێژی یه‌کێتیی نیشتمانی و نازم ده‌باغی نوێنه‌ری ئه‌و حزبه له تاران به توندی ڕه‌ت کرایه‌وه.
ئه‌م هه‌واڵه به شێوه‌یه‌کی لۆژیکی ناکرێ ڕاست بێت چونکه تاڵه‌بانی له ڕاستیدا هێشتا له‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حزبی و خۆشه‌ویستن دایه. له‌ناو یه‌کێتی نیشتمانیشدا هێشتا قسه‌ی یه‌که‌م و دوایی تاڵه‌بانی ده‌یکات و ڕه‌خنه‌گره ناوخۆییه‌کانی هێشتا له هه‌لومه‌رجێکدا نین که بتوانن زیانی ئه‌وتۆ به سکرتێریی ئه‌و بگه‌یه‌نن. ته‌نانه‌ت به‌گرتنه‌جڵه‌و و دورئه‌ندێشی تاڵه‌بانی له‌پێناو دامه‌زراندنی یه‌کده‌نگی و هاوڕایی له‌ناو عێراقییه‌کان له میانه‌ی واژۆکردنی ڕێککه‌وتننامه له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا، له‌لای سیاسه‌تمه‌داره عێراقییه‌کانیش ڕێزی زیاتر بووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ئه‌گه‌ر له سۆنگه‌ی ڕێزگرتن له تاڵه‌بانی وه‌ک یه‌کێک له دۆسته خوێنگه‌رم و له‌مێژینه‌کانی ئێران و ئێرانیه‌کان ئه‌ولاتر بڕۆین و له ڕوانگه‌یه‌کی واقعگه‌رایی سیاسیه‌وه بڕوانینه بانگه‌شه‌کانی ئه‌مدواییه ده‌رباره‌ی ته‌ندروستی و سکرتاریه‌تی یه‌کێتیی نیشتمانی، به‌سه‌رنجدان به نه‌خۆشی دڵ و زێده‌بونی ته‌مه‌نی، مه‌سه‌له‌ی جێگری تاڵه‌بانی مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆر گرنگ و ستراتیژییه. بوون و نه‌بوونی تاڵه‌بانی بۆ سه‌رجه‌م کوردانی عێراق له ڕوانگه‌ی پاراستنی سه‌نگی کورد له هاوکێشه‌کانی داهاتووی عێراق و پێش‌گرتن له که‌مبوونه‌وه‌ی ڕوڵ و پێگه‌ی کورد له پڕۆسه‌ی ڕاوێژ و مشتومڕو بڕیاردانه گشتیه‌کانی وڵات‌دا گرنگه، هه‌روه‌ها بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و پارتی دیموکرات له ڕوانگه‌ی داهاتووی سه‌رکردایه‌تی کورده‌کانی عێراقه‌وه، بۆ ئه‌ندامان و کادیره باڵاکانی یه‌کێتی نیشتمانیی له دیدی ده‌ستنیشانکردنی سه‌رۆکێکی نوێ له غیابی سه‌رکرده‌یه‌کی کاریزماتیک و باڵاده‌ست نه‌بوونی ڕه‌های کاندیده‌کانی جێگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌سه‌ر یه‌کتری، بۆ هه‌موو عێراقییه‌کان له ڕوانگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی سه‌رۆک کۆمارێکی نوێ وه‌ک جێگری سه‌رۆک کۆمارێکی به‌ئه‌زمون و خودان ته‌گبیری وه‌ک جه‌لاڵ تاڵه‌بانی و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ژێر باندۆڕی هاوکێشه‌کانی عێراق دان له ڕوانگه‌ی ڕێکخستنی په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی نیشتمانی، کورده‌کان و ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تی عێراق گرنگه.
ئێستا تاڵه‌بانی یه‌کێکه له‌و دوو کۆچکه‌ی سه‌رکردایه‌تی کورده‌کانی عێراق. له‌ئه‌نجامی دابه‌شکردنی کارێکی ڕێکخراودا، بارزانی له‌پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌وه هه‌ڵوێستی تایبه‌ت و ساف و بێ سانسۆڕ و بێ چه‌ند و چوونی کورده‌کان ده‌خاته ڕو و تاڵه‌بانی وه‌ک سه‌رۆککۆماری عێراق ڕۆڵی به‌شداری کورده‌کان له‌ئاستی باڵا و ستراتیژی حکومه‌تی عێراقدا ده‌بینێت. هێڵی ده‌رچوونی ئه‌م کاردابه‌شکردنه، شه‌فافیه‌تی قسه‌کانی بارزانی له ده‌ربڕینی بۆچوون و ڕوانگه‌کانی کورد له‌لایه‌ک و ئه‌ده‌بیاتی به‌رژه‌وه‌ندیخواز و هێمن تری تاڵه‌بانی له‌لایه‌کی تر دایه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕۆژێک تاڵه‌بانی نه‌مێنێ، مه‌سه‌له‌ی یه‌که‌م، ده‌ستنیشانکردنی سکرتێرێکی نوێ بۆ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و ته‌نانه‌ت داهاتووی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه له غیابی تاڵه‌بانیدا ده‌بێت. ویستی تایبه‌تی تاڵه‌بانی، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکێکی ئه‌مڕۆیی تر، جێ که‌وتووتر له‌ناو کۆڕ و کۆمه‌ڵه سیاسیه‌کانی عێراق و ناسراوتره له ناوه‌نده ناونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا. دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح جێگری ئێستای سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی و جێگری ئابوری سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق که‌سی متمانه‌پێکراو و دڵخوازی تاڵه‌بانییه چونکه دکتۆر به‌رهه‌م له‌ساڵانی خه‌بات دژی سه‌دام حسێن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات خه‌ریکی خوێندن بوو و له‌ساڵانی پاش ڕوخانی حکومه‌تی به‌عس و به‌پشتیوانی تاڵه‌بانی به‌رده‌وام یه‌کێک له‌به‌شه گرنگه‌کانی کورده‌کانی له‌ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی به‌ده‌سته‌وه بووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ڕه‌وتێکی تر که له‌ناو خۆی یه‌کێتیدا له قۆناغه‌کانی خه‌بات دژی سه‌دام له‌ناوخۆدا ئاماده‌گی هه‌بوه و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له‌خه‌باتی چه‌کداری و خۆڕاگرتن له‌به‌رامبه‌ر شه‌ڕ و ئاواره‌ییدا ئاماده بووه، له‌گه‌ڵ بوونه سکرتێری دکتۆر به‌رهه‌مدا هاوڕا نییه. کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ جێگره‌که‌ی تری سکرتێر و نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌ندامی باڵای ده‌فته‌ری سیاسی (له‌وه ده‌چێ نووسه‌ر ئاگای له هه‌ندێک ڕووداوی سیاسی مه‌یدانه‌که نه‌بێت، چونکه نه‌وشیروان مسته‌فا له‌مێژه له‌ناو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا نه‌ماوه ـ وه‌ڕگێڕ) دوو که‌سایه‌تی به‌رچاون که نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م بۆچوونه ده‌که‌ن له‌ناوخۆی حزبدا. کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ئێستا گرنگترین نوێنه‌ری یه‌کێتی نیشتمانییه له‌حکومه‌تی ئیتیلافی هه‌رێمی له‌گه‌ڵ بارزانیدا له هه‌ولێر و پۆستی جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم (مه‌سعود بارزانی) هه‌یه. به‌ڵام نه‌وشیروان مسته‌فا چه‌ندین ساڵه که ئیتر له‌په‌راوێز دایه.
ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه که ناوبراو چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆکایه‌تی کوده‌تایه‌کی ناو حزبی له‌ناو ده‌فته‌ری سیاسی یه‌کێتیدا به‌ده‌سته‌وه بووه. هه‌روه‌ک له ناوه‌نده کوردییه‌کانی باکوری عێراقدا باوه، ئه‌م شێوه کوده‌تایه به‌ده‌رکردنی به‌یانێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی کۆمه‌ڵێک له‌ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی یه‌کێتی دژی تاڵه‌بانی ده‌ستی پێ‌کرد به‌ڵام له ئه‌نجامی پشتگیریی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکرات له‌هاوتا کۆنه‌که‌ی (تاڵه‌بانی) ناکام مایه‌وه. به‌هه‌ر حاڵ نه‌وشیروان مسته‌فا ئێستا ڕۆڵێکی که‌مڕه‌نگی له‌گۆڕانکارییه‌کانی کوردستان و عێراقدا هه‌یه به‌ڵام ناتوانین بڵێین کاریگه‌ریی له‌سه‌ر کادیره حزییه‌کان نییه. ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی له‌ماوه‌ی ژیانی خۆیدا سکرتێرێکی نوێ هه‌ڵبژێرێت شانسی به‌رهه‌م ساڵح له‌هه‌مویان زیاتره و ئه‌گه‌ر سکرتێری نوێ پاش مه‌رگی تاڵه‌بانی هه‌ڵبژێردرێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه کادیره ئۆپه‌راسیۆنییه‌کان له که‌ین و به‌ین دابن دژی به‌رهه‌م ساڵح و پێش‌گرتن له‌ده‌ستنیشانکردنی وه‌ک سکرتێری نوێ.
له‌وانه گرنگتر، جیاواز له‌وه‌ی چ که‌سێک ده‌بێته جێگری تاڵه‌بانی له یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا، گریمانه‌ی تۆکمه‌تر، لاوازیی پێگه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی ده‌بێت به نیسبه‌ت پارتی دیمۆکراتی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود بارزانی له ئاستی سه‌رۆکی گشت کورده‌کانی عێراق. کاریزمای که‌سایه‌تی و پێشینه‌ی دورودرێژی خه‌بات و چالاکی سیاسی تاڵه‌بانی ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌م تاڵه‌بانی کردبۆوه تا له‌ژێر سێبه‌ری سه‌رۆکایه‌تی ڕه‌وته ڕۆشنبیر و نوێ بیره‌کان، ڕێبه‌رایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی سه‌رۆکی پێشوی کورده‌کانی عێراق بخاته ژێر پرسیاره‌وه و پاش نسکۆی کورده‌کان له‌خه‌باتی چه‌کداری ١٩٧٥، یه‌کێتی نیشتمانی له‌چوارچێوه‌ی ڕه‌خنه له ڕێبازی سه‌رۆکایه‌تی و خه‌باتی مه‌لا مسته‌فا دابمه‌زرێنێ و تا سنوری ململانێی تا ڕاده‌یه‌ک یه‌کسان له‌گه‌ڵ پارتی دیموکرات به‌رێته پێش.
مه‌سعود بارزانیش سه‌ره‌ڕای ناکۆکیی له‌مێژینه‌ی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی و ته‌نانه‌ت شه‌ڕی ناوخۆی پێنج ساڵه‌ی کورده‌کان (١٩٩٣ ـ ١٩٩٨) نه‌یتوانی پاشه‌کشه به ڕۆڵ و پێگه‌ی تاڵه‌بانی بکات و له سه‌روبه‌ندی ڕوخانی سه‌دام، به سڕینه‌وه‌ی ناکۆکییه کۆنه‌کان ملی بۆ یه‌کێتیه‌کی ستراتیژ نا له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و خودی جه‌لاڵ تاڵه‌بانیدا که تا ئێستاش ئه‌م یه‌کگرتنه به‌رده‌وامه. هه‌ڵبه‌ت له غیابی تاڵه‌بانیدا له‌وانه‌یه هه‌لومه‌رج بۆ داقورتاندنی به‌ره‌به‌ره‌ی یه‌کێتی نیشتمانی له‌ناو پارتی دیموکرات یاخود نوشوستی به‌ره به‌ره‌ی بره‌خسێت و زه‌مینه بۆ سه‌رۆکایه‌تی گشتی مه‌سعود بارزانی له پێکهاته‌ی سه‌رکردایه‌تی کورده‌کانی عێراقدا بێته ئاراوه. بێگومان له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌م گۆڕانکارییانه بۆ هه‌ندێک وڵاتی وه‌ک ئێران که ساڵانێکی دورودرێژه و له سێ ده‌یه‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تی هاوته‌ریبی تاڵه‌بانی ـ بارزانی هه‌ڵسوکه‌وتیان هه‌بووه، شیاوی تێڕامانه و پێداچونه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئێران له‌به‌رامبه‌ر باکوری عێراق ده‌کاته شتێکی پێویست. بابه‌تێک که هه‌ر له ئێستاوه ده‌توانێت لایه‌نێکی جدی له داهاتووبینی ئێران له‌به‌رامبه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی عێراق و کورده‌کانی عێراق بۆ خۆی ته‌رخان بکات.
سه‌رچاوه: دیپلوماسی ایرانی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر