۱۳۸۸/۰۹/۰۵

"خەرجی رۆژانەم ناگاتە دۆلارێکیش"


وتوێژی ڕۆژنامەی (تورکیا) لەگەڵ موراد قەرەیڵان

سازدانی: عوسمان ساغرلی
وەرگێڕانی لەتورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


٢٤ کاتژمێر پاسەوانی لەخاڵی پشکنین

بەساڵانە، بارەگاو شوێنی حەوانەوەی پەکەکە واتە قەندیل، لە ڕووی جوگرافی و سروشتەکەیەوە، بە "هەکاری" دەشوبهێندرێ. ئەوانەی بیانەوێ بچنە قەندیل، بەو ژمارە زۆری دێهاتیەکانیشەوە، پێویستە خاڵی پشکنینی "کۆرتەک" دەرباز بکەن کە بیست و چوار کاتژمێر لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە پارێزگاری لێدەکرێ. ئەو کەسانەی گومانیان لێ بکرێ، لەلایەن هەپەگە (باڵی سەربازی پەکەکە) ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێ.

قەندیل، وەک بەرمۆدایەکی شەیتانی سێگۆشە

قەندیل لەنێوان تورکیا، عێراق و ئێراندا هەڵکەوتوە و خاوەنی پانتاییەکی تا بڵێی بەرینە. چیاکانی قەندیل بەرزاییان دەگاتە سێ هەزار مەتر و دەیان گوندیش دەگرنە خۆ. داوێنەکانی قەندیل ڕێگەی قیرتاویان هەیە و هەر چی بەرزاییەکانیشە بەتەواوەتی لەلایەن پەکەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، ناوە ناوە بەجلی سڤیلەوە دێنە ناو ئەو دێهاتانە و هەندێکجاریش دەچنە شارەکان و شتومەک دەکڕن.

یاساکانی قەندیل

* پێویستە هەمو ڕۆژێک پیاوەکان ڕدێنیان بتاشن.
* داربڕینەوە و ڕاوکردن قەدەغەیە.
* نابێ لەنێوان یەکتریدا گرژی دروست بکەن.
* بە پێچەوانەوە چەک دەکرێن (ئەمە لە شاخ قورسترین سزایە.)

هەر ئەندامێک دەبێ بڕیارەکانی ڕێکخراوەکە جێبەجێ بکا

لەناو قسەکانماندا لە دۆڵێکی قەندیل، موراد قەرەیڵان کە باسی هەڵوێستی پەکەکەی دەکرد سەبارەت بە قۆناغی کرانەوە، پشتگیری خۆیانی بۆ چارەسەری دیموکراسییانە دەربڕی، بەڵام گوتیشی پێویستە بەشێوەیەکی هەمەلایەنە کاری لەسەر بکرێ. قەرەیڵان وێڕای ئاماژە بەوەی لەناو ڕێکخراوەکەیاندا هەندێک کەس و لایەن هەن لایەنگری لە پێکدادان دەکەن، گوتی "کاتێک بڕیارێکمان پەسەند کرد، دەبێ هەمو کەسێ جێبەجێی بکات، جا چ پۆزۆسیۆنێک لەگۆڕێ بێ، گرنگ نییه."

پێشگوتن

کرانەوەی ناو تورکیا لەقەندیلەوە

یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٧ لە کەرکوک ڕوبەروی پەکەکە بومەوە. دەزگای هەواڵگری سەر بە تاڵەبانی پاش ئەوەی زانیبویان من لەتورکیاوە هاتوم، خستیانمە ژێر چاودێری و نزیکەی حەوت کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردم.
دو ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێدەپەڕێ و لەو ناوەدا گۆڕانکارییەکی زۆر بەدی هاتوە، کرانەوە بەروی کورددا، ڕۆژەڤی تورکیای داگیر کردووە. دیسان لەباکوری عێراق و ئەمجارەیان لە ناوەندی پەکەکە واتە لە قەندیلم. بەرپرسی پەیوەندیە میدیایەکانی پەکەکە ئەحمەد دەنیز سەرەتا داوای منی بۆ وتوێژ لەگەڵ قەرەیڵان ڕەت کردەوە و گوتی "ئێمە نامانەوێ لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین. چونکە قسەکانی ئێمە دەگۆڕن و چی بەمێشکیان داهات دەینوسن. ئێوە دەتوانن بۆچونی خۆتان لەسەر ئێمە بنوسن، بەڵام ناکرێ قسەکانی ئێمە وەک خۆی بڵاو نەکەنەوە." بەڵام لەئەنجامی پێداگری مندا، پێی ڕاگەیاندم بەتەلەفۆن ئاگادارم دەکاتەوە و بەڕێی کردم.
پاش هەفتەیەک ئەحمەد دەنیز گوتی "هەڤاڵ (قەرەیڵان) بەتایبەت لەگەڵ تۆدا وتوێژ دەکا. بەڵام دڵنیا بن لەمەو دوا، نایبینن لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین، ئێستا چاوەڕوانی ئێوەیە." و بەمجۆره بانگهێشتی قەندیلی کردم.
٢٣٥ کیلۆمەتری نێوان هەولێر ــ‌ قەندیلمان بەچوار کاتژمێر بڕی، ڕوبەڕوی چەندین خاڵی پشکنین بوینەوە. جار جارە بە تولەرێیەکاندا دەڕۆیشتین و ئەمەش دەیهێنا، چونکە پەکەکە بەڵێنی ڕێپۆرتاژی بە من دابوو و بەگوێرەی خۆیان کرانەوەیەکیان ئەنجام دابوو. دوای تێپەڕاندنی خاڵی پشکنینی پەکەکە، لەشوێنێکی نزیک تەلەفۆنەکانم ڕادەست کردن. سەرەتا چاییمان خواردەوە و دوایی لەگەڵ دەستەیەکی پانزە کەسی لە پارێزەرەکانی، وتەبێژی پەکەکە موراد قەرەیڵان گەیشتە لامان.
دوابەدوای خۆناساندنێکی کورت، بێ متمانەیی خۆی لەمەڕ میدیاکانی تورکیا هێنایە زمان. لە وەڵامی مندا کە داوام کرد "لەو قسانە کە ئامانجیان زیاتر پڕوپاگەندەیە، دەمەوێ وەڵامی پرسیارەکانم بدەیەوە"، گوتی "هەر چی پێت خۆش بێ، بیپرسە، من بۆ پڕوپاگەندە نەهاتوم. ڕێگایەکی دورو درێژ هاتوم تەنیا بۆ ئەوەی متمانە بە ڕاستگۆیتان بکەم. نوسین و نەنووسینی، لەسەر ئێوە دەمێنێتەوە."
لەمیانەی وتوێژەکەماندا، ڕاشکاوانە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. بەبەرزکردنەوەی تۆنی دەنگی و جموجوڵی هەوڵیدەدا کاریگەریی هەبێ. جارجارەش بزەیەکی دەهاتە سەر لێو. وتوێژەکەمان نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند و بەگشتی پێنج کاتژمێر لەگەڵ قەرەیڵان ماینەوە. بەڵام قسەکانی قەرەیڵان لەسەر نانخواردن لەوانی دیکەی گرنگتر بوون.

ئەوەش نمونەیەک لە قسەکانی: 

سەرۆک وەزیر ئەردۆگانیش، کۆمەڵیک تایبەتمەندی سەرکردایەتی هەیە. چونکە قۆناغێکی لەمجۆرە تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەوە ڕەچاو دەکرێ کە سیفەتی سەرکردەیان هەبێ. وەک کەسێکی بوێریش هاتە بەرچاوم، لێبەلێ هەندێک گومانم هەیە. لەوە دەفکرم ئەنجامێکی وەک ئۆزالی بەسەر دێ.

ئەو سیاسەتەی لەسەر شارەوانیەکانی دەتەپە پەیڕەو دەکرێ، سیاسەتی تۆقاندنە. هیچکەسێ ناتوانێ پەڵەی ڕەش بەناسنامەی کوردایەتیمانەوە بلکێنێ. بەر لە هەموو کەسێک ئێمە دژی ئەو سیاسەتە دەردەکەوین.

- هەنگاوەکانی کرانەوە لە پەرلەماندا قسەیان لەسەر کرا. ڕاتان چییە لەسەر ئەو ئاستەی کە پرسەکە پێی گەیشتوە و ئیتر لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێ؟
سەرەتا پێویستە بڵێم گفتوگۆکردنی پرسی کورد لەچوارچێوەی پەرلەمان و بۆ یەکەمجار، خۆی لەخۆیدا بەلای ئێمەوە دەرئەنجامێکە. دیارە تورکیا بە پشت بەستن بە چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کورد، دەیتوانی لەپێناو داهاتوی خۆیدا، پێڤاژۆیەکی نوێ دەست پێ بکا. بەداخەوە ئەمە ڕوی نەدا. هەنگاوی پراتیکی بەرز نەکردەوە. سەرەتا هیوایەکی زۆرترمان هەبوو. حاڵی حازر، هیچ چارەسەرییەک بەدیناکرێ.

ـ ئێوە چاوەڕوانی دەسپێکێکی چۆن بوون؟

پرسی کورد، کێشەیەکه بەڕەگدا چووە. بەکرانەوەی بچوک مەحاڵە چارەسەر ببێ. نەخۆشیەکی قورسی گورچیلە بە ئاسپرین دەرمان ناکرێ. کێشەی کورد، بەگۆڕینی ناوی هەندێک شوێن بۆ ناوە کۆنەکەی یان بەدامەزراندنی تەلەڤزیۆن چارەسەر نابێ. کورد ئەمڕۆ خۆی زیاتر لە پانزە کەناڵی تەلەڤزیۆنی هەیە. لەزانکۆیەک ئەنیستیتۆی کوردۆلۆژی دادەمەزرێنن. ئەمە چ شتێکی گرنگی تێدا دەبینرێ؟ ئەگەر مەسەلە ئەوە بێ، کوردەکانی دەرەوە چەندین ئەنیستیتۆیان دامەزراندووە. تەنانەت ئەگەر زمانی کوردی وەک زمانێکی هەڵبژاردەش پێی بخوێندرێ، چارەسەری دەگەڵ خۆیدا ناهێنێ.
لێرەدا کۆمەڵگەیەک هەیە. داننان بەناسنامەی ئەم کۆمەڵگەیە گرنگە. ئێمە باسی کێشەیەک دەکەین کە بەدرێژایی ٨٥ ساڵ تراژیدیای گەورە ژیاوە.
حکومەتی (وشەکە دەگۆڕێ) دەوڵەتی کۆماری تورکیا، لە ڕابردوەوە تا ئێستا ناسنامەو ڕاستینەی گەلی کوردی خستۆتە ژێر پێ. ئەمە هەڵە بوو. ئەوان دەبوایە گوتبایان "ئێمە ئێستا ئەو هەڵەیە ڕاست دەکەینەوە. کورد هەیە و ناسنامەیشی هەیە. دان بەهەر چەشنە ماف و ناسنامەیەکیاندا دەنێین. پێکەوە برایانە دەژین. مێژویەکی هەزاران ساڵەی هاوبەشمان هەیە. لەڕێگەی پێکەوە ژیانەوە، پڕۆژەی نوێی دەخەینە ڕۆژەڤەوە."

ـ بەڕێز سەرۆک وەزیرانیش هەندێک لێدوانی ڕاگەیاند کە مانایەکی هاوشێوەیان هەبوو. لە هەمویان گرنگتر، ڕوی کردە ئەوانەی داکۆکیان لە ڕوداوەکانی دێرسیم دەکرد و بەو کەسانە لەقەڵەمی دان کە فڕیان بەسەر مرۆڤایەتیەوە نییه. گوتی چیاکان بەهیچ و خۆڕایی بۆردومان کراون، گوندەکان سوتێنران، ڕوخێنران و هەروەها ئەو ڕۆڵانەی لەو جوگرافیایەدا دەژیان، بێ سەرو شوێن کران. ئەوە لەڕوانگەی ئێوەوە، پەیامێکی گرنگ نییه؟

بێگومان لێداونەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران مانای خۆی هەیە. بەڵام هێشتا کەمە. ئەگەر دەوڵەت لەم سیاسەتەیدا، هۆکاری ئازارەکانیش بخاتە ڕو، جێگەی متمانەیە.
ئەگەر سەرۆک وەزیر کردەوەی کەسانی نزیک لەخۆی ڕیسوا بکا، لەراستیدا هەڵسوکەوتێکی جیاواز دەبێ. ئەوانەی دەیانەوێ درێژە بەو کردەوانە بدەن، دەڵێن "کردەوەکانی ئێوە هاوچەرخ نین. پێویستە بەمیتۆدی نوێ نزیکی کوردەکان ببینەوە و بیانخەینە ژێر چاودێرییەوە."
باس لەیەکپارچەیی خاکی تورکیا دەکرێ. ئێمەش داکۆکی لەهەمان شت دەکەین. دەوڵەت بەهۆی مامەڵەی توندوتیژی لەگەڵ کوردەکان ڕەخنەی لێگیراوە. ئێستا دەیانەوێ بەمامەڵەیەکی نەرمتر کوردەکان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. پارتی دادو گەشەپێدان دەڵێ "ئەم کێشەیە تەنیا بەشێوازی سەربازی و ئەمنی چارەسەر نابێ". خوێندنەوەی من بۆ قسەکانی ئەردۆگان ئاوایە "پێویستە پەکەکە پاکتاو بکرێ. ئەوان بە شێوازی سەربازی تەواو نابن. دەبێ ڕێ و ڕێبازی دی بەتاقی بکەینەوە." پاش ئەم قسانە من چۆن دەتوانم هیوادار بم.
سەرباری هەمو ئەمانەش، حکومەتی ئێستا بەگوێرەی ئەوانی ڕابردوو باشترە. پارتی دادو پارتی کۆماری گەل پێکەوە بەراورد ناکرێن. لێ نوکە لەبەرامبەرماندا حکومەتێک هەیە کە بانگەشەی چارەسەری دەکات. پێموایە ئەم حکومەتە بەو سیاسەتانەی ئێستای ناتوانێ چارەسەری بەدوای خۆیدا بێنێ. دیارە کێشەی لەمجۆرە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەهەموو گۆشەو قوژبنێکی جیهان ڕویانداوە. واتە کێشەیەک نیە یەکەمجار دەستەویەخەی تورکیا بوبێ. ئەگەر ئامانج چارەسەری بێ، ئەوا لەڕێگەی گفتوگۆ و وەک بەردەنگ پەسەند کردنی لایەنی بەرامبەر، کێشەکان چارەسەر دەبن. ئێستا حکومەت دەڵێ کێشەکە بەبێ لایەنی کوردی چارەسەر دەکەم. دەڵی "بەردەنگ گەلە"، بەڵام لەڕاستیدا وا نییه. ئەم کێشەیە لایەنی بەرامبەریشی هەیە.

ـ ئەو شوێنەی کێشەکان تیایدا گەیشتونەتە بنبەست، هەر ئەم خاڵەیە. خوێندنەوەکان جیاوازن. ئایا ئەوە ڕاستە تەنیا حکومەتێک باجی قۆناغێکی ٨٦ ساڵە بداتەوە؟

سەرۆک وەزیر هەندێک شتی نوێ دێنێتە زمان. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا دەڵێ "با پەکەکەش ئالیکاری بکات." دواجار بەم چەشنە دەسپێشخەریانەی سەرۆک وەزیر، چارەسەری بەدی نایە. ساڵی ١٩٨٨، تورگوت ئۆزال هاتە مەیدان و وەک ئەردۆگان قسەی نەدەکرد. چونکە کێشەکە ئەو پێگە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەی ئێستای نەبوو. ئیتر دەرکەوتوە ئەم کێشەیە بەڕێگەی سەربازی چارەسەر نابێ. ئەمڕۆکە هەموو بەرپرسانی تورکیا بەگشتی و سەرۆک وەزیران بەتایبەتی، ناچارن کێشەکە چارەسەر بکەن.

ـ سەبارەت بەچۆنیەتی دەسپێکردن، تەنها ڕستەیەکتان هێنایە زمان، ئەویش داننان بەناسنامەی کورد... جگە لەمە پێشنیاری دیکەتان هەیە؟

من هەموو جارێ ناچار نیم یەکە یەکە ئەمانە بژمێرم. بۆ نمونە دەتوانم ئاماژە بکەم بە داننان بەزمانی زگماکی، داننان بەخوێندن بەزمانی زگماکی، دەرفەتدان بەرێکخستنی سیاسی، بەهێزکردنی دەسەڵاتە خۆجێیەکان و واژۆکردنی پرۆژەی پێکەوەسازانی کۆمەڵایەتی لەپێناو چارەسەری و زۆر بابەتی دیکە. بەناردنەوەی گروپەکانی ئاشتی، هەوڵماندا پەیامی خۆمان ڕابگەیەنین.

ـ پێشوازیکردنەکان ئۆرگانیزه کرابوون. دەتەپە بە هەموو توانایەوە، لەسلۆپیەوە هەتا دیاربەکر مرۆڤەکانی هەستاندە سەر پێ.

لەوانەیە دەتەپە هاوکاری کردبێ. بەڵام، نیشاندانی ئەم خۆشەویستیە قوڵە لەلایەن گەلەوە گرنگە. ئەگەر لێرەدا پڕوپاگەندە یان شەڕی سایکۆلۆژی کرابێ، ئەوا دەکرێ لێکۆڵینەوەیەکی جیای بۆ بکرێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێ کێشەکە بخەینە سەر مێزی دیالۆگ و لەڕێگەی ئەقڵەوە چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، پێویستە قسە لەسەر ڕاستیەکان بکەین. ڕاستی ئەمەیە؛ ئەگەر پەکەکە لەبەر چاو نەگیرێ، ناکرێ باس لەلایەنی کوردی بکەین. ٣٠ ساڵە ئێمە لێرە بە سیاسەتەوە سەرقاڵین. بەرپرسانی ئێستای کۆماری تورکیاش سیاسەت دەکەن. یانی ئەگەر ڕۆژانە جنێو بە پەکەکە بدەن، کێشەکە چارەسەر دەبێ؟ ئێوە دەتانەوێ کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام ئاوا نابێ.

ـ ئەی چۆن هەنگاوێک پێویستە؟

بۆچی باسی ڕێ و ڕێبازە سیاسیەکان ناکا؟ ڕستەی "با فرمێسکی دایکان ڕابوەستێ" و ڕستەگەلی دیکەی لەو بابەتە کە سەرۆک وەزیر ڕیزی کردن، هەمویان جوان بوون. بەوتنی هەندێک شتی باش، کێشەکە چارەسەر نابێ. ئەگەر حکومەت هەنگاوی بەهەند بەرز نەکاتەوە، ئەوا کۆمەڵێ هێز سەرهەڵدەدەن و هەوڵدەدەن قۆناغەکە بشێوێنن.

ـ ئەو هێزانە کێن کە هەوڵی شێواندنی قۆناغەکە دەدەن؟

ئەو دەوروبەر و لایانانەن کە چارەسەرییان ناوێ... ئەو لایەنانەی لەشەڕی تورکیا سودی ئابوری و سیاسی دەستەبەر دەکەن..

کێشەی کورد و گەمەی بەریتانیا
ـ ئەوانە کوردن یان تورکن؟

بەر لەوەی کورد یان تورک بن، ئەو کەسانەن لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێکخراون. ئایا لە نمونەی ئەرگەنەکۆندا نەبینرا؟ بەر لە هەموو شتێک، خۆ هەموو کردەوەکانی ئەرگەنەکۆن لێپرسینەوەیان لەسەر نەکرا. پێموایه بەشێکی بەرچاویان، لەناو خودی دەوڵەتدا درێژە بەمانەوەی خۆیان دەدەن. دەربڕینەکانی مەهەپە و جەهەپە نمونەی ئەم ڕاستیەیە. ئەرگەنەکۆن لەم خاڵەدا، قسەکانی ڕاستن. لەو قسەیەدا کە دەڵێ "دەتانەوێ تەرمی شەهیدەکان بگەڕێتەوە" و مەبەستی ئۆپۆزۆسیۆنە، ڕاست دەکا. هەن ئەو لایەنانەی لەناو بیرۆکراسی دەوڵەتدا لایەنگری لەبەردەوامیی شەڕ دەکەن. یەکێک لەو هۆکارانەی کە تا ئێستا وایکردوە کێشەکە لەسەر پێ بمێنێتەوە و ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەری، هەر ئەو هەڵسوکەوتەیە.

ئاڵمانیا دژی چارەسەری کێشەکانە
ـ گەلۆ بەهەڵوێستتان سەبارەت بەڕاگرتنی شەڕ، ئالیکار نابن بۆ چەسپاندنی ئەم کەشوهەوایە؟

لەناو هێزەکانی خۆماندا، هەوڵدەدەین ژیانێکی هاوسەنگ و سادەمان هەبێ. لەوانەیە خەرجی ڕۆژانەم نەگاتە دۆلارێکیش. ئەوانەی بازرگانی بەم شەڕەوە دەکەن، تەنیا لە ناوخۆی تورکیا ناژین. لەدەرەوەی تورکیاش هەن. ئەوانەی تا ئێستاش نەیانویستوە کێشەی کورد چارەسەر بێ، هێزە دەرەکییەکان بون. ئەوان پێیان خۆشە ئەم کێشەیە بەردەوام هەبێت و وەک کارتێک دژی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بەکاری دێنن. ئینگلیزەکان لەو کۆنفرانسەی لە ساڵی ١٩٢١ لە قاهیره بەستیان، ئامانجیان چارەسەرکردنی پرسی کورد نەبوو، بەپێچەوانەوە هەوڵی چارەسەرنەکردنیان دا. هەروەها ئاڵمانیا، فەرەنسا و ئەمریکا دەیانەوێ ئەم کێشەیە بەوڵاتانی ناوچەکەوە بلکێنن. ئەمریکا لەرۆژی ئەمڕۆدا، هەوڵی بچوک کردنەوەی کێشەکە دەدات و نایەوێ کێشەکە بەشێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر ببێ. ئامانجیان لەهەڵپەساردنی ئەم کێشەیە ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بهێڵنەوە. لەبەر ئەم هۆکارانە ئێمە هاوار دەکەین؛ "وەرن با ئەم کێشەیە پێکەوە چارەسەر بکەین." ڕون و ئاشکرایە کە دەیانەوێ بەشەڕمان بدەن.

ـ ئایا ئەم هێزە دەرەکیانە لە گەڵ ئێوە پەیوەندییان بەست؟

ناوه ناوە بەڵێ. بەڵام نەک بۆ یارمەتیدان و پشتگیریکردن. بۆ نمونە، دژی ئێمە هەڵوێست دەنوێنن و بەوەش ئەو لایەنانە بەهێز دەکەن کە لە تورکیا دژی چارەسەری دەوەستنەوە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە ئاڵمانیا بکەین. ئاڵمانیا نایەوێ پرسەکە چارەسەر بێ. چونکە ئاڵمانیا زۆر باش دەزانێ ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بێ، ئەوا تورکیا پێش دەکەوێ و دیموکراتیزه دەبێ. لەئەنجامدا، تورکیا لەیەکێتی ئەوروپا وەردەگیرێ. تەنانەت لەوانەشە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێشەنگایەتی یەکێتیەکی دیکە بکات. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێ، تورکیا هیچکات دیموکراتیزه نابێ. پێموانییه هێزه نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ چارەسەریی ڕیشەیی کێشەکەدا بن.

ــ ئایا بە پێداگریتان لەسەر خەباتی چەکداری، ئەو لایەن و کەسانە بەهێز ناکەن کە دژی چارەسەریین؟

ئێمە پێداگری ناکەین لە سەر خەباتی چەکداری. ئێمە بەشێکین لە ئیرادەی گەلی کورد. شانبەشانی هێزە چەکدارییەکانمان، هێزی سیاسیمان هەیە. ستراتیژی ئێمە بۆ چارەسەری کێشەکان دیالۆگ و شێوازی سیاسیە. لەساڵی (١٩٩٣)وە دەمانەوێ کێشەکان بەمیتۆدی سیاسییانە چارەسەر بکەین. لە ساڵی (١٩٩٩)یشەوە، ڕێبازی پاراستنی ڕەوامان بەکار هێناوه. ڕێبازەکەشمان ئاوایه؛ ئەگەر هێرشم بکەیتە سەر، ئەوا منیش خۆم دەپارێزم. چارەسەریمان دەوێ و تەسلیم نابین. ئەگەر پێکهاتن و دیالۆگێکی دولایەنە دروست ببێ، ئەوا بۆ ئاشتیەکی بەرومەت ئامادەین. لەپێناو دیموکراتیزەبوونی تورکیا و چارەسەر کردنی کێشەی کورد لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمی ئامادەین هەر چەشنە ئاسانکارییەک ئەنجام بدەین.

وتوێژ لەناو کتێبخانەی چیا

لەناو ئەو کتێبخانەیەی سێ کاتژمێر وتوێژمان لەگەڵ موراد قەرەیڵان کرد، مێزێکی تێنیس، تەلەڤزیۆنێک و ژمارەیەکی زۆر کتێب بەزمانی جوراوجۆر هەبوون.

چەند تێبینیەکی سەرنج ڕاکێش لەسەر ئەو وتوێژە

* بەکارهێنانی سیفەتی "بەڕێز" بۆ (رەجەب تەیپ ئەردۆغان) سەرنج ڕاكێش بوو.
* لەو شوێنانەی وشەی "حکومەت"ی بەکار دەهێنا، بەردەوام ڕستەکەی دەگۆڕی و وشەی "دەوڵەت"ی لەجێگە دادەنا.
* لەکاتی وێنەکێشاندا، وەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵسوکەوتی دەکرد.
* بۆ ئەوەی جارجارە کامێراکانی خۆشیان وێنە بگرن، لەناو وتوێژەکەدا ڕوو لەکامێرا تۆنی دەنگی بەرزتر دەکرد و هەوڵی دەدا پەیامەکەی بەهاوڕێیانی بفامێنێ.
* دوای تەواوبونی وتوێژەکە، لە ئێمە دابڕا و بۆ ئەوەی بەدوای ئەودا لەکتێبخانەکە نەڕۆینە دەر، وشیارانە دەیڕوانی.
* ڕەوان دەئاخفی و هەوڵیدەدا ژێست و هەڵسوکەوتەکانی کارتێکەر بن. بەگشتی دەیویست وێنەیەکی دڵسۆزانە نیشان بدا.
* لەپشت ئەو کورسیەی لەسەری دانیشتبوو، جانتایەکی دیپلۆماسی دانابوو. ئەو جانتایەی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا.
* سەبارەت بەروداوەکانی ناوخۆی تورکیا، کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستە کردین و هە‌وڵی دا بیرو ڕا ئاڵوگۆڕ بکرێ (بۆ نمونە سەبارەت بە ئەرگەنەکۆن).

مردنی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بوو
ـ لەم سی ساڵەی ڕابردودا کام دوڵەت پەیوەندی لەگەڵ ئێوەدا هەبووە و یارمەتی ئێوەی داوە؟ ئەمڕۆکە ئەو دەوڵەتانەی لەگەڵ ئێوە ڕوراست نین، کامانەن؟

ئێستا کێ هەیە یارمەتی پەکەکە بدات؟ لەساڵی ١٩٨٥ بەدواوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەبەردەوامی ئالیکاری تورکیای کردوە دژ بە پەکەکە. بەڵام ئەمەشی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی کردووە. دڵنیام ئەگەر ئەمریکا و دەوڵەتەکانی هاوشێوەی نەبوایەن، پرسی کورد لەمێژ بوو چارەسەر کرابوو. ئۆزال بۆچی کوژرا؟ مەرگی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بوو. دەیویست هەموو کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکات بەڵام زلهێزەکانی جیهان بەهۆی ئەوەی چاویان بڕیبوه تورکیا، مۆڵەتیان پێنەدا.

ئێمە پانکاردمان بەرز نەکردۆتەوە
ـ لەدەروازەی خاپور دنەدان هەبوو. ئایا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و بەرزکردنەوەی پانکارد دنەدان نیه؟

ئەگەر ئەمە کرابێ هەڵەیە. بەڵام بۆ پانکاردەکان لێکۆڵینەوەمان کرد، ئەوە ئیشی ئێمە نەبوو. دیارە هێزه ئەمنیەکانیش خەریکی لێکۆڵینەوەن و تا ئێستا ڕون نەبۆتەوە کێ بەرپرسیارە.

ـ گروپی دیکەش لەڕێدان بۆ گەڕانەوە؟

ئیتر گەلی کورد بە وادە و بەڵێنی فریو نادرێ. بینیمان بەهەزاران کەس لەپاسەکان نزیک دەبونەوە و دەیانویست دەستیان لێ بدەن و ماچیان بکەن. ئەمە تاسەی متمانەیە بە ئاشتی.

ـ باشە لەمیانەی ناردنەوەی ئەو گروپانەدا، ئەنجامدانی میتینگی پێشوازی بەبەشداری دەیان هەزار کەس، پەیامێک نەبوو بۆ ئێوە؟ ئایا مەراسیمی پێشوازی لەدیاربەکر، ناکرێ وەک پەیامێک وەربگێرێ کە چیتر پێویست نییە ئێوە لەچیاکان بمێننەوە؟

بێگومان بۆ ئێمەش هەڵگری پەیام بوو... بەڵام ئاشتی هەوڵێکی دوو لایەنەیە. بەڵگەنەویستە گەلەکەمان ئاشتیەکی بەشەڕەفی دەوێ.

تایبەتمەندیە هاوبەشەکانی چیانشینان
* زمانی قسەکردن (بەزمانە بیانیەکانیشەوە) تورکی و کوردییه.
* جاران لایەنگری یانەی "گالاتا سەرای" بوون، ئێستاش یانەی "دیاربەکر سپۆر"یان خۆش دەوێ.
* بۆ بانگکردنی یەکتری وشەی "هەڤاڵ" بەکار دەهێنن.
* سەرمەشقیان عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.
* دوژمنیان عوسمان ئۆجەلانە.
* جلوبەرگیان لەپانتۆڵێک و کەوایەک پێکدێ و پێڵاوی "مەکاپ"یان لە پێیە.
* پێیان وایه "ئونور ئۆیمەن" کەسێکی دڵسۆزه. (لەسەر ئەو بڕوایەن، چی لەدڵ دابێ، دەیهێنێته زمان.)
* لەهەرە گەورەکەیانەوە تا هەرە بچوکەکەیان، ڕستەگەلی هاوبەش بەکار دێنن و لاسایی ئۆجەلان دەکەنەوە.

بۆ ئەوەی لێت تێنەگەن، بەتورکی قسە بکە
ئەو پەکەکەییانەی لەخالی پشکنینی کۆرتەک کە دەروازەی ڕۆیشتنە بۆ قەندیل، کێشک گرن، لە کن بیانییەکان بەتورکی قسە دەکەن بۆ ئەوەی کەس لێیان تێ نەگا.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر