۱۳۸۸/۰۹/۰۶

نێگەتیڤ


سەلاحەدین بایەزیدی 

 
کەمتر پەنابەرێک هەیە ڕۆژانە سەیری سندوقی پۆستەکەی نەکات و هەموو جارێکیش بە بینینی نامەیەکی زەرد دڵی ڕانەچڵەکێ، بەتایبەت لەقۆناغی ئێستادا کە دۆخی پەنابەری لە وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی ئەستەم بووە، زۆربەی هەرە زۆری پەنابەرەکان چاوەڕوانی وەڵامی نێگەتیڤ دەکەن تا هیی پۆزەتیڤ.

سامان عەبدولخالق مستەفا ڕۆژی جەژنی قوربان وەک هەموو ڕۆژەکانی دی، سەردانی سندوقی پۆستەکەی دەکا، بە بینینی نامەیەک سەڕی سوڕ نامێنێ، چونکە وەک خۆی دەڵێ "چاوەڕوانی دەکرد نامەیەکی لەو جۆرەی بۆ بێت" و پێشتریش بە هاوڕێکانی گوتبوو کە من لەم ڕۆژانەدا نێگەتیڤم بۆ دێ. بەڵام ئەو پێی سەیرە ڕێک لەو ڕۆژەدا نێگەتیڤی بۆ هاتووە و بەپێکەنینەوە دەڵێ "ئەوە جێژنانەی سویسرایە بۆ من."

سامانی تەمەن (٢٥) ساڵ لەشاری هەولێر لەدایک بووە و سێ ساڵە لە شارۆچکەی مارتینی لە سویسرا دەژی. ئەوە دووهەمین نێگەتیڤە وەریدەگرێ و لەم ڕوەوە هەندێک غەمبارە. سامان کە لە ژورێکی بچوکدا بەتەنیا دەژی، دەیویست لە ڕۆژی جەژندا، تەلەفۆن بۆ ماڵەوەیان بکات و پیرۆزبایی جەژنیان لێ بکات، بەڵام بەوەرگرتنی وەڵامی نێگەتیڤ موڕاڵی دابەزیوە و جەژنەکەی لێ تاڵ بووە.

سویسرا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆر بە ئەستەم وەڵامی پەنابەران دەداتەوە و تا چەند ساڵ چاوەڕێیان دەهێڵێتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو پەنابەرانەی پەنجەمۆری وڵاتێکی دیکەیان هەیە، ڕوو لەم وڵاتە دەکەن. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ١٦ هەزار و ٦٠٦ پەنابەر لە ساڵی ٢٠٠٨دا وەرگیراون کە ئەو ڕێژەیە دوو هێندەی ساڵانی ڕابردوویە. وڵاتێکی وەک ئاڵمانیا کە ژمارەی دانیشتوانی یانزە قاتی سویسرایە، لەو ساڵەدا تەنها ٢٢ هەزار کەسی وەک پەنابەر وەرگرتووە. هەلومەرجی ئاماژەپێکراو چەندە گرفتی بۆ سویسرا دروست کردووە، بۆ پەنابەرێکی وەک سامانیش کە سێ ساڵە وەڵامێکی ڕونی نەدراوەتەوە، زۆر دژوارە. سامان لەکاتێکدا نامەکەی بەدەستەوەیە و چەند جار لەسەر یەک دەیخوێنێتەوە، دەڵێ "من لێرە کۆن بووم، بەم وڵاتە ڕاهاتوم و زمانەکەیان فێر بووم. تازە چۆن بچمە وڵاتێکی دیکە یان چۆن بگەڕێمەوە بۆ شاری خۆم؟"

پاش ئەوەی سویسرا پەیوەست بوو بە پەیمانی "شێنگێن"ەوە، هیوادارتر بوو لەپێناو ئەوەی ژمارەی پەنابەرەکانی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە. ئەم وڵاتە ئێستا دەتوانێ وەک یەکێک لە ئەندامانی پەیمانی ئاماژەپێکراو، ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتێکی دیکەوە هاتوون، مافی پەنابەرێتیان ڕەت بکاتەوە. کانتۆنی "ڤالێ" لەو کانتۆنە محافزەکارە کاتۆلیکانەیە کە بەر لەم ئاڵوگۆڕییانەش یاسای سنورداری دژ بەپەنابەران پەیڕەو دەکرد. لەساڵی ٢٠٠٨دا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باشووری کوردستان لەو کانتۆنە، وەڵامی نێگەتیڤیان درایەوە یا خود قۆڵبەست کران.

سامان ئێستا لە هەوڵی ئەوە دایە پەیوەندی بە یەکێک لە هاوڕێیەکانییەوە بکا کە مانگێک لەمەوپێش لەیەک ژوردا پێکەوە دەژیان و پاش ئەوەی هاوڕێکەی وەڵامی نێگەتیڤی وەرگرت و مۆڵەتێکی یەک مانگەی پێدرا، سویسرای بەجێهێشت و ڕووی کردە فینلاند. ئەوان پێیان وایە ئێستا فینلاند باشترین وڵاتە بۆ کوردەکانی باشور و زو وەڵامیان دەداتەوە. سامانیش بیر لەوە دەکاتەوە وەک هاوڕێیانی دیکەی ڕوو لەو وڵاتە بکات. ئەو مۆڵەتی پێدراوە تا کۆتاییەکانی مانگی ژانوییەی ٢٠١٠ سویسرا بەجێ بهێڵێ و دەبێ لەو ماوەیەدا فیکرێک بکاتەوە. لەکاتێکدا سەیری بەفری لوتکەی سەر چیاکان دەکا، دەڵێ "تاقەتی ئەوەم نییە جارێکی دی ئاوارە ببمەوە، ئەویش لەو زستانەدا."

شەقام و کۆڵانەکانی شار، بەگڵۆپ و داری کریسمەس ڕازێنراونەتەوە، هەرچەند کەش و هەوا زۆر ساردە، بەڵام خەڵکێکی زۆر دێت و دەچێ. سامانیش کە ئەو بەیانییەی مەنفا خۆی بۆ جەژن ئامادە کردبوو، مۆبایلەکەی دەکوژێنێتەوە. دەست لەناو گیرفان، خۆی دەکات بە فرۆشگایەک بۆ ئەوەی سێتێک بیرە بکرێت و لەم ڕۆژەدا بیانخواتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر