۱۳۹۱/۱۰/۲۷

'چارەڕەشی' کوردان: لە دێرسیمەوە تا پاریس


جەنگیز چاندار
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

سەرەتا وێنەکەیم لە ئینتێرنێت بینی. پاشان لە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و ڕۆژی دواتر لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکان. ئەوم دەناسی. جگە لەمە، پێشتر بۆ ماوەیەکی کورت چاوم پێی کەوتبوو. بەڵام کە ناوی فیدان دۆغانم خوێندەوە، کەسێکم بەو ناوە نەهاتەوە یاد؛ بە بینینی وێنەکەشی مەحاڵ بوو شتێ بە زەینم بگا.
بیرم کردەوە تۆ بڵێی لە گەڵ کەسێکی دیکە لێم تێک نەچووبێ.
کاتێک لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکان لە بەرامبەر ناوی فیدان دۆغان لە پەڕانتێزدا نازناوی ڕۆژبینم بینی، بە خۆمم گوت "خۆیەتی، دیارە ڕۆژبینە…"
ڕۆژبینم لە نزیکەوە نەدەناسی، بەڵام دەوروبەری مانگێک لەمەوپێش تا سنووری گاڵتە و جەفەنگ کردن، لە گەڵیدا ئاشنا بووم. لە نۆهەمین – ئەگەر هەڵە نەبم – 'کۆنفرانسی کورد' لە پەرلەمانی ئەوروپا لە بروکسێل، یەکێک لەو ئەرکدارانە بوو کە وەک خدری زیندوو بە فریای هەموو کەسەوە دەهات. چەشنی 'سەربازێکی ون' کاروباری جێبەجێکردنی ئۆتێل، دابینکردنی تاکسی یاخود ئۆتۆمبێل، هاتن و چوون بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، گواستنەوە بۆ فڕۆکەخانە و ئاسانکاری بۆ چوونە سەر خواردن و هەموو چەشنە ڕێکخستنێکی دیکەی ئەنجام دەدا.
رۆژبین (یانی فیدان دۆغان) وەک چۆن لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، وەک کچە گەنجێکی کورد کە بزەی بەردەوامی سەر لێوی، ددانە سپییەکانی دەردەخست، بە نیگای گەرمی ژێر قژی لوولی تینی بە ناخی مرۆڤ دەبەخشی، خاکەڕا، پڕ جموجوڵ، خۆشەویست و ڕووڕاست لە بیرو زەینمدا زیندوو بۆوە. کچە کوردێکی عەلەوی و خەڵکی ئەلبیستان بوو. ڕۆڵەیەک بوو لە غوربەت ژیا.
لە تورکیا ئەگەر ناوی ئەندامانی پەکەکە بێ، بە هۆی ئەوەی تا دوا ڕادە شەیتانیزە کراون، لە مێشکی زۆر کەسی ئەم وڵاتەدا بە شێوەیەکی ئاسایی کۆمەڵێ جانەوەر وێنا دەبن کە چەکیان بە دەستەوەیە. ئەو جانەوەرانەی ئامانجیان کوشتنی سەربازەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها هەوڵدان بۆ گوشار خستنە سەر گەلی کوردە، چاویان لە ژێڵا هاتووە، خیانەتکارن، چەکیان پێیە و خوێن ڕشتن چێژیان پێ دەبەخشێ.
لە کاتێکدا بەشێکی زۆر گرنگی ئەوانەی پێیان دەگوترێ پەکەکەیی، جڕو جانەوەری خائین نین، بەڵکوو خەڵکی ئاشنای ئەم وڵاتەن، بە تایبەت ئەگەر قەبوڵ بکەین 'مرۆڤ'ن؛ یانی دایک و باوکیان، خوشک و براکانیان، خزم و کەسوکاریان بە خەڵکی 'خۆمان' بزانین؛ تێکۆشانمان لە پێناو 'ئاشتی'، 'رێککەوتن' و 'ژیانێکی هاوبەشی برایانە و بێ چەک' دەچێتە دۆخێکی واتادارترەوە.
هەروەها ئەوانەی لە نێو پەکەکەدا چەکیان هەڵگرتووە، بەشێکی کەم لەوان پێک دێنن. زۆربەیان، وەک ڕۆژبینن. بۆیەش بەر لە ناسینی ڕۆژبین لە ڕێگەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، منیش هیچ بە خەیاڵمدا نەدەهات ئەو پەکەکەیی بێ. تەنانەت بە پێویستم نەدەبینی پرسیاری ئەوە بکەم هەوە یان نا. پەکەکە، لە مێشکی منیشدا وەک هەموو کەسی تر، وەک 'کوردە چەک بەدەستەکانی شاخ' شێوەی گرتبوو.
ڕۆژبین کێ بوو؟ پەکەکەییەک بوو بە نێوی فیدان دۆغان. ڕۆژبین، بۆ من ڕۆژبین بوو. کچە کوردێکی عەلەویی خەڵکی ئەلبیستان. ڕۆڵەی غوربەت. بۆیە، ئەو، لە پێناو ئاسودەیی من و کەسانی تری وەک من دێت و دەچێ؛ بۆیە من لە گەڵیدا هەست بە غەریبی ناکەم و جەفەنگی لەگەڵ دەکەم.
رۆژێک دوای ئەو تیرۆرەی پاریس، لە کتێب فرۆشییەکی ئەستەنبوڵ چاوم بە کتێباندا دەخشاند کە موشتەرییەک خۆی بە دووکانەکە داکرد. وەک خۆی باسی دەکرد لەگەڵ کابرای کتێبفرۆش نزیک بە یەک کاریان دەکرد و ڕاهاتبوو زوو زوو سەردانی بکا. بە ناوی خۆم بانگی کردم و گوتی "دەزانی فیدان دۆغان کچە ئامۆزام بوو…" سەبارەت بە تاوانی پاریس و بوونی هەواڵێکی نوێ لەو بارەوە پرسیاری لێکردم.
لە دابڕاندا سەرەخۆشی خۆمم ئاراستە کرد. جارێکی تر هەستم بەوە کرد مەرگی ڕۆژبین چەندە بە پەرۆشی کردووم و لە ناخەوە کاریگەری لە سەر داناوم.
هەندێک کەس، باس لەوە دەکەن کە سەکینە جانسز ئامانج بووە و هەر دوو کچی گەنج فیدان دۆغان و هولیا سویلەمەز (لەیلا شایلمەز – و)، 'شوێن و کاتەکەیان هەڵە بووە'. نازانم ڕاستە یان نا. سەبارەت بە تاوانی پاریس، گومانم هەیە لە سەرجەم ئەو شتانەی دەیانخوێنمەوە و دەیانبیسم و ناڕەزایەتیەکی لۆژیکیم هەیە؛ دان بەوەش دادەنێم هیچ شتێکی ئەوتۆ نازانم کە پشتی پێ ببەسترێ.
نە 'پاکتاوی نێوخۆیی حزب' نە 'دەوڵەتی پشت پەردە' و نە 'ئیستیخباراتی وڵاتی سێهەم'… بۆی هەیە هەر سێ لەمانە پێکەوە بن. هیچکامیان، ئەویتر نەخاتە دەرەوە. لەوانەیە هیچ کامیان نەبن.
باشە، دەبێ سەبارەت بەوە چ بڵێین کە ئامانجی تاوانی پاریس تێکدانی 'قۆناغی ئیمڕالی' و 'ئاریشەی ڕێککەوتنی تورک – کورد'ە؟
ئەم قسەیە لەوانەیە بە گوێ خۆش و بۆ ئەقڵ گونجاو بێ، بەڵام بە دیویکی تردا پاساوێکی جیناییە. لەوانەیە 'قۆناغ' نەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم ڕووداوەوە – دیارە سەرۆک وەزیر ئەردۆغان هەڵوێستێکی بە پێزو ئەوتۆی نیشان دا کە زەبر لە قۆناغەکە نەدا – ئاخۆ دەبێ تاوانی پاریس وەک 'واکسێنی دڵنیایی' کە لە پێناو 'قۆناغ'دا ئەنجام دراوە، سەیری بکرێ؟
لەوانەشە وابێ. نازانم. تاوانی پاریس لە ڕووی ڕەهەندە مرۆییەکەیەوە زیاتر سەرنجی من ڕادەکێشێ و دەمخاتە ژێر باندۆڕەوە.
فیدان دۆغانم بە 'رۆژبین' دەناسی. هولیا سویلەمەزم بە هیچ شێوەیەک نەدەناسی. سەکینە جانسزیشم نەدەناسی، بەڵام بە ساڵانە زۆر چاک دەزانم کێیە.
دەمزانی سەکینە جانسز کێیە و ئەمەش پەژارە و داخی  ئەو تاوانە کە بە هۆی ناسینی ڕۆژبین دروست ببوو، دوو قات زیاتر کرد.
سەلیم چوروک کایا، یەکێک لە کادیرانی دامەزرێنەری پەکەکە کە دوای هەشت ساڵ مانەوە لە گرتووخانەی دیاربەکر لە پەکەکە دابڕا و دژایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد، ئەم دێڕانەی بۆ هاوبەندییەکەی نوسیبوو:
"ساڵی ١٩٧٩ لە ئەلازغ قۆڵبەست کرا. سەکینە بێدەنگی هەڵبژارد ئەگەرچی زۆربەی ئەوانەی لەگەڵ ئەو گیرابوون، یەکلا کرانەوە. ساڵی ١٩٨٢ بە تەنیایی توانی لە گرتووخانەی مالاتیا ڕابکا. بە هۆی ئەوەی کەسێ نەبوو لە دەرەوە یارمەتی بدا، سەرلەنوێ قۆڵبەست کرایەوە و دواجار بۆ گرتووخانەی دیاربەکر بەڕێکرا. بەشداری سەرجەم خۆڕاگرییەکانی گرتووخانەی دیاربەکر بوو. بە پارێزنامە ٣٠٠ لاپەڕەییەکەی، نموونەیەکی ژنی کوردە لە دیرۆکدا. سەکینە هاوشێوەی ڕۆزا لوگزامبورگ و ژان دارک ژنە قارەمانی میللی فەرەنسییەکانە."
سەکینە جانسز بیست ساڵ دوای نووسینی ئەم دێڕانەی سەرەوەش ژیا تا ئەو ساتەی لە پاریس بە گوللـە جەستەی سارد کرایەوە. خوێندنەوەم لە سەر بەشێک لە چۆنیەتی ژیانی لەو ساڵانەدا هەبووە. دەزانم ژنێک بووە چەرمەسەرییەکی زۆری چێشتووە. هەرچی بێ، سەکینە جانسز لە سەر یەک دوانزە ساڵ لە گرتووخانە مایەوە و لە زیندانی دیاربەکر کە بە ئەشکەنجەی سەخت و سامناک ناسرابوو، هەرگیز سەری شۆڕ نەکرد، یانی خاوەنی کەسایەتییەکی زۆر 'تایبەت' بوو. یەکەم پارێزنامەش لە مێژووی سیاسیی کوردیدا ئەو نوسیویەتی.
ژیانێک کە لە دێرسیم دەستی پێکردوە، چۆن ژنێکی زراڤ و ناسکی وا لێکردووە، سەرباری ئەشکەنجەی قورس، بەردەوام سەری بەرز ڕابگرێ، دوای دوانزە ساڵ مانەوە لە گرتووخانە، لە لوبنان، کوردستانی عێراق و ئاڵمانیا بمێنێتەوە و دواجار لە پاریس لە ئەنجامی تاوانێکی ڕەشدا گیانی لە دەست بدا؟
بیرم لەوانە کردەوە. لە هەر ڕوانگەیەکەوە سەیری سەکینە جانسزتان بکردایە، سەر بەم خاکانە و ژنە کوردێکی عەلەویی خەڵکی دێرسیم بوو.
نازانم بکەرانی تاوانی پاریس کێین. ئاخۆ دەناسرێنەوە؛ ئەوەش نازانم. بەڵام دەزانم: بەتاڵکردنی سێ چوار گوللـە لە سەری سێ ژن، سێ کورد، سێ عەلەوی (یەکێکیان ئێزدی بوو – و)، دوانیان گەنج، زۆر گەنج لە نێوەڕاستی پاریس، 'چارەڕەش'ی دڵتەزێنی کوردەکان نیشان دەدا.
هەروەها 'قورسایی باوەرپێنەکراوی' کورد بوون، عەلەوی بوون و ژن بوون لە تورکیا…
یەکێک لە ئامانجە پێویست و سەرەکییەکانی ئەم 'قۆناغ'ە، کۆتایی هێنان بە 'چارەڕەش'ی کوردەکان و سەقامگیرکردنی کەشێکی 'برایانە'ی ڕاستەقینەیە لە گەڵیاندا.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر