۱۳۹۵/۰۵/۱۳

شازادە چکۆلە؛ یەکەم کتێبی مناڵان بە زمانی هەمشینی



ڕۆژنامەی "ئاگۆس"
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

شازادە چکۆلە، سەرەتای مانگی ژوئەنی ٢٠١٦ هەم بە زمانی ئەرمەنی و هەمیش بە زمانی هەمشینی بڵاو کرایەوە. بیدزیگ پرەنس (شازادە چکۆلە) یەکەم کتێبی مناڵانە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی هەمشینی. ئەم ڕۆمانە لە لایەن ماهیر ئۆزکانەوە وەرگێردراوە.
ڕۆمانی شازادە چکۆلە لە نووسینی نووسەری فەرەنسی ئانتوان دۆ سانت ئێگزوپێری کە خۆشەویستترین بەرهەمی ئەدەبی مناڵان و مێرمناڵانە و گەورەکانیش گرنگیی پێ دەدەن، لە لایەن وەشانخانەی "ئاراس"وە بۆ سەر زمانەکانی ئەرمەنی و هەمشینی وەرگێڕدراوە. شازادە چکۆلە، پێشتر چەندین جار لە دەرەوەی تورکیا بە ئەرمەنی وەرگێڕدراوە، بەڵام دەست ڕاگەیشتن بەو نوسخانە مەحاڵ بووە.
لە سایەی پارێزەر "لوویز باکار" کە شازادە چکۆلەی لە فەرەنسییەوە کردۆتە ئەرمەنی ڕۆژئاوا، ئەم کتێبە بۆ یەکەمجار لە تورکیا بە زمانی ئەرمەنی بڵاو کرایەوە. بە ڕای باکار هەرچەند شازادە چکۆلە کتێبێک نییە تایبەت بە مناڵان، بەڵام هەر مناڵێک دەبێ بیخوێنێتەوە. ناوبراو جەخت دەکاتە سەر گرنگیی ئەم بەرهەمە کلاسیکە و دەڵێ "بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ ئەرمەنی ڕۆژئاوا، ئەرمەنییەکانی تورکیاش دەرفەتی خوێندنەوەی کتێبەکەیان بۆ دەڕەخسێ." هاوکات کتێبەکە لە لایەن ماهیر ئۆزکانەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی هەمشینی. شازادە چکۆلە بە ئەرمەنی دەبێتە 'پۆکریگ ئیشکهانی' (Փոքրիկ Իշխանը) و بە هەمشینی 'بیدزیگ پرەنس' و هەم وەرگێڕانە ئەرمەنی و هەم وەرگێڕانە هەمشینییەکەی سەرەتای مانگی ژوئەن لە یەک کاتدا چاپ و بڵاو کرانەوە. لەگەڵ ماهیر ئۆزکان وەرگێڕی 'بیدزیگ پرەنس' کە یەکەم کتێبی مناڵانە بۆ هەمشینی وەردەگێڕدرێ، قسەمان کرد.

بیرۆکەی وەرگێڕانی شازادە چکۆلە بە هەمشینی چۆن دروست بوو؟

 لەگەڵ دەرکردنی گۆڤاری "گۆر" لە پاییزی ٢٠١٤ەوە، بڵاوکردنەوەی کتێب بە هەمشینیمان خستە ڕۆژەڤەوە. دەستەی نووسەرانی "گۆر" هاوکات وەشانخانەیەکیان کردبووە ئامانج کە بە هەمشینی کتێب بڵاو بکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی لە چالاکییەکانی وەشانخانەیەکی ئەوتۆ، ئەوە بوو ئەدەبیی زارەکی بە شێوەی نووسین تۆمار بکا. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێویست بوو کار بکا بۆ وەرگێڕانی هەندێک بەرهەمی کلاسیک بۆ سەر زمانی هەمشینی. بەم شێوەیە لە لایەکەوە هەوڵم دا بەرهەمی چیرۆک، پەخشان و لای لایە بە هەمشینی کۆ بکەمەوە و لە لایەکی دیکەشەوە هەندێک وەرگێڕانم تاقی کردەوە. "ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە"ی سەمەدی بێهرەنگی و "شازادە چکۆلە" لەو یەکەم بەرهەمانە بوون بە مێشکم گەیشتن. چونکە هەم ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە و هەمیش شازادە چکۆلە قارەمانەکانی مناڵی و لاوەتیم بوون. کاتێ زانیم وەشانخانەی "ئاراس" شازادە چکۆلەی بە ئەرمەنی ڕۆژئاوا بۆ چاپ ئامادە کردووە، باسی کارەکەی خۆم بۆ کردن و بەمجۆرە پلان وا دارێژرا شازادە چکۆلە بە هەمشینی و ئەرمەنی ڕۆژئاوا لە یەک کاتدا بڵاو بکرێنەوە.

ئاخۆ هەمشینی ئاخێوەکان داوا دەکەن بە زمانی دایکی کتێب بخوێننەوە؟  

هەمشینی ئاخێوەکان ڕانەهاتوون کتێب بە زمانی دایکی بخوێننەوە. یەکەم کتێب بە زمانی هەمشینی بە ناوی "چیرۆکی هەمشینی" ساڵی ٢٠١٤ و هەمدیس لە لایەن وەشانخانەی "ئاراس"ەوە بڵاو کرایەوە. بۆیە دوابەدوای ئەو پێشوازییەی لە کتێبی "چیرۆکی هەمشینی" کرا و هەروەها پاش بڵاوبوونەوەی دەقەکانی گۆڤاری "گۆر"، ئیدی نووسین و خوێندنەوە بە زمانی هەمشینی، هەرچەند لە چوارچێوەی بازنەیەکی بەرتەسکیش دابێ، کەوتۆتە ڕۆژەڤەوە. سەرکەوتنی گەلانی جیران لە بواری وەشانەوە، بە تایبەتیش لازەکان، پەرەی بە ئۆگری هەمشینییەکان بۆ چالاکی وەشان بە زمانی دایکی داوە. ئەم یەکەمین بڵاوکراوانە هاوکات خزمەت بە تێکشکانی ئەو ئەقڵیەتە دەکەن کە پێی وایە هەمشینی زمانی نووسین نەبووە و نابێ. بەمجۆرە هەوڵدان بۆ خوێندنەوە و نووسین بە هەمشینی ڕۆژ بە ڕۆژ پتر پەرە دەستێنێ و وێدەچێ ئەم ڕەوتە بە خێرایی بەردەوام بێ.

بێجگە لە "شازادە چکۆلە" ئاخۆ کتێبێکی دیکەی مناڵان هەیە کە مناڵانی هەمشینی بتوانن بە زمانی خۆیان بیخوێننەوە؟ 

 نەخێر، بەداخەوە کتێبێکی ترمان بە زمانی هەمشینی نییە. بەڵام لە گۆڤاری ''گۆر"دا هەندێک هەقایەت بڵاو کراونەتەوە. بۆ داهاتوو، لە  بەرنامەم دایە هەڵبژاردەیەک لە چیرۆکی کلاسیکی دونیا بۆ هەمشینی وەربگێڕم. جگە لەمەش لە وەرگێڕانی نزیکەی هەفتا نوکتە لە نوکتەکانی مەلای مەشهوور بوومەتەوە. ئاواتەخوازم لە داهاتوویەکی نزیکدا هەم هەقایەتی خۆماڵی و هەمیش ئەدەبیاتی کلاسیکی دونیا بە زمانی هەمشینی چاپ و بڵاو بکرێنەوە.

زۆر کەس هەیە پشتیوانی لە 'بیدزیگ پرەنس' دەکا. بەڵام بە ڕای ئێوە ئەم کتێبە دەکڕدرێ بۆ ئەوەی بیخوێننەوە؟ 

ئەگەر ئەو پێشوازییە بدەینە بەر چاو وا لە ''چیرۆکی هەمشینی" کرا، بە ڕای من زیاتر لەوەی چاوەڕێمان دەکرد پێشوازی لە بیدزیگ پرەنس دەکرێ. بیدزیک پرەنس بەرهەمێکی تایبەتە و پاش بڵاوبوونەوەی بە زمانی هەمشینی، کاردانەوەی جوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتەوە. هیوادارم ئەم کاردانەوەیە کاریگەریی لەسەر فرۆشتنی کتێبەکە هەبێ.

هەمشینی زمانێکە پتر لە ڕێگەی بیستنەوە فێری دەبی. جیاوازییە سەرەکییەکانی لەگەڵ زمانێک کە لە قوتابخانە فێر دەکردرێ، چین؟ 

زمانی هەمشینی لە لایەن یۆنسکۆوە لە ڕیزی ئەو زمانانە دادەنرێ کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە. بەداخەوە پەیڕەوکردنی سیاسەتی توانەوە بە درێژایی گەلێک ساڵ، زیاتر کاریگەریی لەسەر زمانی هەمشینی داناوە. ناوچەی هەمشینی نشین و دواتر ژینگەی وەچەی نوێ، لەبەر هۆکارگەلی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەم تایبەتمەندییەیان لەدەست داوە. ناوچەکانی بەرهەمهێنان واتە دێهاتەکان و هەروەها بەرزاییەکان لەو شوێنانە بوون هاوکات لەگەڵ پاراستنی پێناس، زمان و فەرهەنگی هەمشینی، تیف تیفەیان پێ دەدا. ئەم بیست سی ساڵەی دوایی وەرچەرخانی گەورەی ئابووری وایکرد ئەم ناوچە ئاماژەپێکراوانە ئەم ئەرکە گرنگە بەجێ نەهێنن. بۆیە پێم وایە لەم قۆناغەدا زمانی هەمشینی خەسارێکی گەورەی بەرکەوت. بێگومان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم خەسارە گەورەیە ئەوەیە کە هەمشینی هێشتا زمانی نووسین و پەروەردە نییە. هەرچەند تۆمارکردنی هەموو وشەکان و پەروەردە بینین بەو زمانە بەس نین، بەڵام دەتوانن لە ئاستەنگ کردنی مەرگی زمانی هەمشینی یارمەتیدەر بن. مشتومڕ سەبارەت بە ستانداردەکانی بەکارهێنانی چاوگەکانی نووسین، بێگومان یەکێکە لە کێشەکانی زمانێک کە لە قوتابخانە پێی ناخوێنرێ. پتەوکردنی ئەو سامانە وشەیەی هەیە، ئەو وشانەی ئیتر ئەمڕۆکە بەکار نایەن و هەندێک دەستەواژە کە لە ژیانی مۆدێڕندا سوودیان لێ وەردەگیرێ، هاوتادۆزینەوە بۆ وشەکان بە زمانی هەمشینی پێداویستییەکی سەرەکییە لەبەر دەممان.

لە داهاتوودا کتێب بە زمانی هەمشینی بڵاو دەبنەوە؟
 

بەڵێ، هەم بە زمانی هەمشینی و هەم سەبارەت بە هەمشینی کتێب چاپ و بڵاو دەبنەوە. ئەم ساڵانەی دوایی، بەداخەوە لە نێوان لێکۆڵینەوەکان و مێژووی هەمشینییەکاندا مەودایەکی گەورە دروست بوو. بۆیە ئامادەکردنی مێژووی هەمشینی لە چوارچێوەی کتێبی تێروتەسەلدا بۆتە پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگر. لە لایەکی دیکەوە ئەوەندەی من بزانم لە چەند کەناڵەوە خەبات بۆ ئامادەکردنی وشەدانێک لە گۆڕێیە. پێم وایە ئەمانە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئامادەی چاپ دەبن. لەمانە بترازێ، گۆڤاری "گۆر" بۆ خوێندنەوە و نووسین بە زمانی هەمشینی بۆتە سەکۆیەک. بە هەڵەدا نەچووین گەر بڵێین کۆی ئەمانە دەبێتە هۆی هاتنە مەیدانی نووسەرانی نوێی هەمشینی.

سەرکوتی زمانی هەمشینی دەگەڕێتەوە بۆ کەی؟ زمانی هەمشینی ئەمڕۆکە لە چ دۆخێک دایە؟ 

ئەمڕۆکە بەشێک لەو هەمشینییانەی لە تورکیا دەژین، بە تورکییەک دەپەیڤن کە وشەگەلی هەمشینی تێدایە. یانی دەتوانین بڵێین زمانی دایکیان بە تەواوەتی لە بیر چووە. یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی لێکۆڵینەوە لەمەڕ مێژووی هەمشینی ئەوەیە بۆچی هەمشینییەکانی ڕۆژئاوا زمانەکەیان لە بیر چۆتەوە و هەمشینەکانی ڕۆژهەڵات نا. بە بۆچوون و مەزەندەی من، کاریگەریی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە ناوچەی هەمشینی "ریزە" (ڕۆژئاوا) دەبێ زووتر و بە شێوەیەکی سیستەماتیک تر هەستی پێ کرابێ. پێش ساڵانی ١٩٠٠ لە ناوچەکە قوتابخانە بوونی هەبوو. ئەو ناوچەیە لەسەر ڕێگەیەکی بازرگانیی گرنگ هەڵکەوتبوو. قەڵای گەورە گەورە هەبوون. سەرجەم ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی هەمشینە موسڵمان کراوەکان زوو زمانەکەیان لەدەست بدەن. بەڵام ئەو هەمشینییانەی بۆ هۆپا-بۆرچکا کۆچیان کردبوو، زۆر درەنگتر ئاشنای قوتابخانە بوون و تا ڕادەیەک دوور لە دەوڵەت، بە ئابوورییەکی داخراوی پاڵپشت بە مەڕ و ماڵات ژیانیان بەڕێ دەکرد. بۆیە سەرباری سیاسەتی یەکڕەنگ کردن و توانەوە، هەمشینەکانی ڕۆژهەڵات توانیان زمانی خۆیان بپارێزن. ئەمڕۆ بە گوێرەی ڕابردوو گوشارەکانی سەر زمان کەم بۆتەوە. لێ زیانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە زیانی گوشارەکان گەلێک گەورەترە. بە هۆی پەرەسەندنی شارنشینی لەم قۆناغەدا، ئیدی پێوانەکانی پێشوو چیتر بڕ ناکەن. ئیتر وازهێنان لە زمان و گوشارنەهێنان بۆی، لەبەردەم لەناوچوونی ئەو زمانە نابێتە ئاستەنگ. پێویستە تەگبیرگەلی وەک ڕێگەخۆشکردن بۆ بەکارهێنانی ئەم زمانانە لە شار و نێو ڕای گشتی، مسۆگەڕکردنی خوێندن پێی لە قوتابخانەی ئەو شوێنانەی زمانەکە لێی باڵادەستە، دامەزراندنی کۆرس لە زانکۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەم زمانانە و هتد وەربگیردرێن.

زمانی هەمشینی، هاوکات لەگەڵ ددانپێدانانی لە لایەن هەندێک دەستەوە لە دەریای ڕەش، لە لایەن هەندێک دەستەشەوە ڕەت دەکرێتەوە. ئەمڕۆکە ئەم زمانە لە چ دۆخێک دایە؟  

هەڵبەت سەبارەت بە هەمشینی هەڵوێستی جۆراوجۆر هەن. زۆربەی هەرە زۆری ئەو هەمشینانەی کەڵک لەم زمانە وەرناگرن بەڵام هێشتا شوێنەوارەکانیان هەڵگرتووە، کە بۆیان دەردەکەوێ وەها زمانێک هەیە سەریان سووڕ دەمێنێ. کاردانەوەکانیش بە گشتی بە پێی هەڵوێستە سیاسییەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێ. تەنانەت لە ناو ئەو هەمشینانەی زمانەکەیان دەزانن و بەکاری دێنن، سەبارەت بە چۆنیەتی پێناسەکردنی ئەم زمانە هەڵوێستی جۆراوجۆر هەن. تاقمێکی دیار نایانەوێ ددان بەوە دابنێن کە هەمشینی زاراوەیەکە لە زمانی ئەرمەنی. بەڵام ئەم پەسندنەکردنە لە بنەمایەکی زانستی زیاتر، هۆکاری سیاسیی و سۆزداری لە پشتە.

ئێوە چۆن زمانی دایکتان فێر بوون؟ چۆن بوو مەراقتان وروژا؟ 

من دوانزە ساڵی سەرەتای ژیانم لە دێ تێپەڕاند. بۆیە لە ماڵێ فێری زمانی دایکم بووم. لە ماڵێکی دوو زمانە گەورە بووم. پێش چوونە قوتابخانە، دەمتوانی بە هەر دوو زمانی تورکی و هەمشینی قسە بکەم. ساڵانی زانکۆ کە دەچوومە کوێستانان و لە پای قسە و باسی پیرەکان دادەنیشتم، بۆم دەردەکەوت زۆر وشەی هەمشینی هەن من هیچ بەکارم نەهێناون. بەرە بەرە لەناوچوونی ئەو زمانە، وایکرد بە شێوەیەکی شیلگیرانە بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم واقعەدا بکەم. بە هەستێکی ئاوێتەی پاراستن، هەر وشەیەکی نەمزانیبا دەمپرسی و یادداشتم دەکرد. دوای کۆکردنەوەی وشەکان دەستم کرد بە تۆمارکردنی بەیت، نزا، چیرۆک و هەقایەتی پەری و دێوزمە. بەڕێز "سارکیس سەرۆپیان" چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەمانەی مسۆگەڕ کردووە. "نزای ترسی دایکم" وەک نۆبەرەی ئەم هەوڵی کۆکردنەوەیە لە لایەن ئەوەوە لە ڕۆژنامەی "ئاگۆس" چاپ کرا. بە دوای ویدا کتێبی "چیرۆکی هەمشینی" هات.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر