سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
پێناسه: فرات جه‌وه‌ری یه‌کێکه له‌و نووسه‌ره کوردانه‌ی که به زاراوه‌ی کورمانجی ژوورین و به کوردییه‌کی په‌تی و ڕه‌وان ده‌نووسێ. له بواری چیرۆک نووسیندا شان به‌شانی ئه‌و که‌سانه دێت که به‌رده‌وام به‌ره‌و پێشه‌وه چوونه‌و کوڵیان نه‌داوه. هه‌ر له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه ده‌نووسێ و ئێستاش له‌ناو نووسه‌رانی تاراوگه‌دا چالاکییه‌کی ئه‌ده‌بی زۆری هه‌یه و چیرۆکه‌کانی له ئه‌نتۆلۆژیا ئه‌ڵمانی، عه‌ره‌بی و تورکییه‌کاندا وه‌ک نموونه‌ی چیرۆکی کوردی هێنراونه‌ته‌وه. فرات جه‌وه‌ری ئه‌ندامی یه‌کێتیی نووسه‌رانی سوێد و په‌نی ئه‌و وڵاته‌یه. هه‌ر له سوێد ده‌روونناسی منداڵان و له‌زانکۆکانی ستۆکهۆڵمیش "ژیان و که‌لتووری ئه‌تنیکه‌کان" و "دیرۆکی ئه‌ده‌بیاتی ڕووسیا"ی خوێندووه. له په‌راوێزی کاری ئه‌ده‌بیدا وه‌ک مامۆستا، وه‌رگێڕو لێوه‌کۆڵ له کۆنسه‌ی کولتووری ده‌وڵه‌تیشدا وه‌ک شاره‌زا له بواری ئه‌ده‌بیاتی که‌مینه‌کاندا کاری کردووه.
له میانه‌ی سه‌ردانێکیدا بۆ کوردستان، له‌سه‌ر هه‌ندێک ته‌وه‌ری وه‌ک ڕه‌وشی ئێستا و ڕابردووی ئه‌ده‌بیاتی کوردی، کاریگه‌ری غوربه‌ت له‌سه‌ر نووسه‌رانی کورد، چۆنیه‌تی لێک نزیک کردنه‌وه‌ی زاراوه‌کان و ئه‌زموونی نووسه‌رایه‌تی و … تاد دواندمان، که ئه‌مه‌ی خواره‌وه ئه‌نجامه‌که‌یه‌تی.
هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه پرسیارکردن سه‌باره‌ت به ژیانی شه‌خسی شتێکی کلاسێک بێ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێنه‌رانی زاراوه‌ی کورمانجی ناوین هیچ شاره‌زاییه‌کیان له‌سه‌ر تۆ نییه، خراپ نییه له‌م بابه‌ته‌وه بکه‌وینه ناو.
فرات جه‌وه‌ری: له‌دایکبووی نوسه‌یبینم و گه‌نجێتیم له‌و شاره تێپه‌ڕیوه. ساڵی 1980 په‌ڕیوه‌ی سویید بووم و ئه‌وا 25 ساڵه له سویید ده‌ژیم. له سویید به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌کتیڤ ده‌ستم به‌خه‌باتی ئه‌ده‌بی کرد. یه‌که‌م کتێبم ساڵی 1980 ده‌رکه‌وت و هه‌تا ئێستا 19 به‌رهه‌می نوسراوم هه‌یه و 14 کتێبیشم له زمانی بیانییه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر کوردی. له نه‌وه‌ده‌کان گۆڤارێکم ده‌رخست به ناوی "نووده‌م" که گۆڤارێکی وه‌رزانه بوو و ده ساڵ له‌سه‌ر یه‌ک بڵاو بۆوه. هه‌روه‌ها چاپخانه‌یه‌کیشم دامه‌زراند به‌ناوی نوده‌م که هه‌تا ئه‌مڕۆ نزیکه‌ی سه‌د کتێبی پێشکه‌ش به کتێبخانه‌ی کوردی کردووه.
ئه‌و کتێبانه چین؟
فرات جه‌وه‌ری: هه‌م کتێبی نوسه‌رانی کورده و هه‌م به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراوه له زمانه بیانییه‌کانه‌وه. چه‌ند نموونه‌یه‌کی کورمانجی خواروشی تێدایه.
ئه‌و کاته‌ی له تورکیا بووی، شتێک به ناوی ئه‌ده‌بیاتی کوردی هه‌بوو؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ، چۆن و له چ ئاستێک‌دا بوو؟
فرات جه‌وه‌ری: له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆماری تورکیاوه هه‌تا ساڵی 1980 واته له‌ساڵی 1920 هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی له تورکیا ده‌رکه‌وتم، ته‌نانه‌ت ده کتێبی کوردی ده‌رنه‌که‌وتبوون. وه‌ک ئه‌ده‌بیات ته‌نیا ده‌توانم ئاماژه به دوو نموونه بکه‌م ئه‌ویش کتێبی محه‌ممه‌د ئه‌مین بۆزئه‌رسه‌لان که کۆمه‌ڵه چیرۆک بوو و ساڵی 1970 بڵاو ببۆوه. ئه‌وی تریش کۆمه‌ڵه شێعرێکی رۆژان به‌رناس بوو که ساڵی 1979 چاپ و بڵاو ببۆوه. دیاره کۆماری تورکیا به دروشمی تاک نه‌ته‌وه، تاک ئاڵا و تاک زمان دامه‌زرا و له چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌شدا زمانی کوردی له بنه‌ڕه‌تدا قه‌ده‌خه کرا. قەت بە شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی کورد نه‌یده‌توانی به‌زمانی خۆی په‌روه‌رده ببینێ و کاتێک که زمانێکیش قه‌ده‌خه کرا و تۆ نه‌دتوانی به‌م زمانه خۆت ئیفاده بکه‌ی، ئه‌وا نا‌توانیت به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بیشی پێ بخوڵقێنی. ئه‌و کاتانه‌ی منیش تازه ده‌ستم به نووسین کرد واته ساڵی 1978، وشه‌ی کورد له هیرۆئینیش قاچاغ تر بوو، بۆیه ناتوانم باس له ئه‌ده‌بیاتی کوردی له‌م قۆناغه‌دا بکه‌م.
ئه‌ی دوای هه‌شتاکان؟
فرات جه‌وه‌ری: وه‌ک ده‌زانین ئه‌یلوونی 1980 کوده‌تایه‌کی عه‌سکه‌ری ڕووی دا‌و له ئه‌نجامدا حکوومه‌تی سوپا هاته سه‌ر کار. بۆیه‌ش گه‌لێک سیاسه‌تمه‌دار و چالاکی گه‌نجی کورد ڕوویان له ئه‌وروپا کرد و زۆربه‌شیان له سویید نیشته‌جێ بوون. له لایه‌که‌وه کوده‌تای سه‌ربازی ماڵوێرانی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا و له‌لایه‌کی تریشه‌وه بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی کورد له تاراوگه به‌تایبه‌ت به خۆی دابێته‌وه و گرنگی به زمان و مه‌وجوودییه‌تی خۆی بدات.
له‌و کاتانه‌دا، له‌گه‌رمه‌ی زوڵم و زۆری دوژمن و ڕاوه‌دونان و کۆچ و ئاژاوه‌دا، زۆربه‌ی لاوانی کوردستان چ له ده‌ره‌وه و چ له‌ناوخۆ، وه دوای سیاسه‌ت ده‌که‌وتن و به‌شداری ریزه‌کانی چه‌پی تورک یاخود بزاڤی سیاسی ــ چه‌کداری کورد ده‌بوون، تۆ چۆن ئه‌ده‌بیاتت هه‌ڵبژارد، له‌ناو سیاسه‌تدا نه‌خنکای و له‌وانه گرنگتر به کوردی نووسیت؟
فرات جه‌وه‌ری: منیش که‌وتمه ناو سیاسه‌ته‌وه و له‌م چوارچێوه‌یه به‌ده‌ر نه‌بووم. چه‌ند ساڵێک ئه‌ندامی رێکخراوی (DDKD) بووم. به‌ڵام ئه‌و کاته‌ی چوومه سویید، به‌ته‌واوه‌تی له رێکخستن دابڕام و بۆم ده‌رکه‌وت که ناتوانم له چوارچێوه‌یه‌کی سیاسی‌دا خۆم حه‌پس بکه‌م. هه‌روه‌ها ته‌ڤگه‌ری سیاسی گه‌نجان له باکووری کوردستان که ئامانجی ئه‌وه بوو سیسته‌می ده‌ره‌به‌گی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و کۆمه‌ڵگەیه‌کی نوێ بنیات بنێ، فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیسزم ــ لینینیزممان به بنه‌ما ده‌گرت. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا نه‌ته‌وه و زمان و که‌لتووری نه‌ته‌وه‌یه‌ک وه‌ک دیارده‌یه‌کی کۆنه‌په‌رستانه چاوی لێده‌کرا. ئه‌گه‌ر داوای په‌روه‌رده و قسه‌کردن به زمانی کوردیت کردبا، وه‌ک ناسیۆنالیست له‌قه‌ڵه‌م ده‌درای. ململانێیه‌ک له مندا دروست بوو. ئێمه ده‌مانگوت پێویسته نه‌ته‌وه‌یه‌ک ڕزگار بکه‌ین، به‌ڵام به‌م زمانه قسه‌مان نه‌ده‌کرد. دانوستان و گفتوگۆی نێوانمان به تورکی بوو. چونکه به‌ئه‌ده‌بیاتی مارکسیستی ــ لینینیستی گۆش کرابووین و به‌رهه‌می ئه‌و ئایدیۆلۆژیانه‌ش ته‌نیا تورکی بوون. پاش ماوه‌یه‌ک هه‌ستم کرد که شتێکی هه‌ڵه‌یه. ئه‌و کاتانه به‌ڕێکه‌وت کتێبێکی جگه‌رخوین له کوردستانی سوریاوه گه‌یشته ده‌ستم، یه‌که‌مجار بوو به‌رهه‌مێکی کوردیم ده‌بینی. سه‌ره‌تا زۆر سه‌یر هاته پێش چاوم، به‌ڵام پاش چه‌ند جار خوێندنه‌وه تێگه‌یشتم که خوێندنه‌وه‌ی کوردی چه‌نده سانایه. واته که‌سێک که ئه‌لفبێ بناسێ و بتوانێ به کوردی قسه بکات، له‌ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا فێری زمانی خۆی ده‌بێ. کتێبه‌که‌ی جگه‌رخوین بروسکه‌یه‌کی له‌ناخمدا چاند. چونکه حه‌زیشم له ئه‌ده‌بیات بوو، ده‌ستم به نووسینی کوردی کرد. له‌مه‌ودوا ئیتر ده‌مارگیری ئایدیۆلۆژی و سیاسه‌تی حیزبایه‌تی سه‌رنجی ڕانه‌کێشام و به‌یه‌کجاری وازم لێ هێنا. یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌رکه‌وتنیشم بۆ سویید ئه‌وه بوو به‌ڕاحه‌تی بتوانم به زمانی خۆم بخوێنم و بنووسم.
مامۆستا ئه‌و کتێبه‌ی جگه‌رخوین که له‌سووریاوه به‌ده‌ستت گه‌یشت، ناوی چ بوو؟
فرات جه‌وه‌ری: ناوه‌که‌یم له‌بیر نه‌ماوه.
به شیعر ده‌ستت به نووسین کرد یان به چیرۆک؟ له ژێر کاریگه‌ری کێدا؟
فرات جه‌وه‌ری: به شیعر ده‌ستم پێ‌کرد. له سه‌ره‌تادا که هێشتا له فه‌لسه‌فه‌ی چه‌پ ڕزگار نه‌ببووم، ئه‌و شتانه‌ی موتاڵاشمان ده‌کرد له‌و چوارچێوه‌یه دابوو. شێعره‌کانی پابلۆ نێرۆدا، مایکۆفسکی، مه‌حموود ده‌روێشمان ده‌خوێنده‌وه‌و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر داده‌نام. هه‌تا ساڵی 1982ش شیعرم نووسی و پاشان به یه‌کجاری ماڵئاواییم لێکرد و ڕووم له چیرۆک و په‌خشان کرد.
یانی جیهانبینی سیاسی باندۆڕی له‌سه‌ر جیهانبینی ئه‌ده‌بیش دانابوو؟
فرات جه‌وه‌ری: به‌ڵێ. به‌ڵێ. ساڵی 1980 کۆمه‌ڵه شێعرێکم چاپ کرد به‌ناوی "هه‌ڵمه‌ت ده‌به‌ین". واته ده‌مه‌وێ بڵێم جیهانبینی سیاسی و چینایه‌تی باندۆڕی هه‌بوو. هه‌روه‌ک چۆن ئامانج پرۆلیتاریای دیکتاتۆری بوو، هه‌موو شته‌کانی دیکه‌ش له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولانه‌وه. پاش ده‌رکه‌وتنم بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بگره له‌ناوخۆش، زیاتر کورته چیرۆک سه‌رنجی ڕاده‌کێشام. هه‌تا له‌په‌ڕگیری ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌تی رۆژانه زیاتر دووره‌په‌رێز ده‌بووم، به‌و ئه‌ندازه‌یه نزیکی ئه‌ده‌بیات ده‌بووم. ئیتر ده‌متوانی وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بکه‌ومه ناو جیهان و ژیانی ئه‌ده‌بییه‌وه.
بێگومان ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌کی درێژ له شوێنێک بژی، زۆر شت له‌ده‌ست ده‌ده‌ی و هه‌ندێک شتی نوێ وه‌رده‌گری. سویید چی پێ به‌خشی و تۆ چیت لێ وه‌رگرت؟
فرات جه‌وه‌ری: کاتێک چوومه سویید، وه‌ک هه‌موو بیانییه‌کی تر به‌ڕێ کرام بۆ کۆرسی فێربوونی زمان. به‌ر له هه‌شتاکان ته‌نیا به تورکی ده‌مخوێنده‌وه و له سویید ڕه‌وتی موتاڵاکردنم گۆڕدرا. له هه‌ر گه‌ڕه‌کێکی سویید کتێبخانه‌یه‌کی گه‌وره هه‌یه که به‌هه‌موو زمانه‌کانی دنیا کتێبت ده‌ست ده‌که‌وێ. ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ی منیش لێی ده‌ژیام، کتێبخانه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی لێ بوو، له‌وێ کۆمه‌ڵێ کتێبی تورکیش هه‌بوون، سه‌ره‌تا ده‌ستم کرد به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی پێویست بوو له تورکیا خوێندبامایا و سیاسه‌ت نه‌یده‌هێشت، پاشان که فێری زمانی سوییدی بووم، ده‌روازه‌ی ئه‌ده‌بیاتی سوییدیشم کرده‌وه. سویید وڵاتێکی بچووکه و نه ته‌نیا له‌بواری ته‌کنۆلۆژیاوه به‌ڵکو له ڕوانگه‌ی ئه‌ده‌بیشه‌وه رۆڵێکی گه‌وره ده‌بینێ. وه‌ک ده‌زانین ناوه‌ندی خه‌ڵاتی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی له‌و وڵاته‌یه که ئه‌ویش خه‌ڵاتی نوبڵه. مانه‌وه له‌و وڵاته‌دا ده‌رفه‌ت و شانسێکی گه‌وره بوو بۆ من و ده‌روازه‌ی گه‌وره‌م له‌به‌رده‌م کرایه‌وه. به‌ڕێگه‌ی زمان و ئه‌ده‌بیاتی سوییدی، ئه‌ده‌بیاتی گه‌لانی تریشم ناسی.
باسی خه‌ڵاتت کرد، ئایا هیچ خه‌ڵاتێکی کوردستانی یان جیهانیت وه‌رگرتوه؟
فرات جه‌وه‌ری: ئه‌نیستیتۆی کوردی به‌رلین جارێک به‌بۆنه‌ی چاپخانه‌ی نوده‌مه‌وه، خه‌ڵاتێکی پێشکه‌ش کردم، دیاره هێشتا گه‌نجم و رێگه‌یه‌کی درێژم له‌به‌ر ده‌مه.
باسی خۆت و یه‌کێتی نوسه‌رانی سویید بکه.
فرات جه‌وه‌ری: له ساڵی 1987ه‌وه ئه‌ندامی یه‌کێتیی نووسه‌رانی سوییدم. له‌و یه‌که‌مین که‌سانه‌م که بوومه ئه‌ندام. له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌که‌وه بۆرس پێشکه‌ش به ئه‌ندامانی ده‌کرێت. بۆ نمونه، ئه‌گه‌ر رۆمانێک بنووسم، ده‌توانم پێِشنیار بکه‌م جێگه‌یه‌کم بده‌نێ یان داوا بکه‌م به‌ڕێم بکه‌نه وڵاتێکی تر و له‌وێ رۆمانه‌که‌م ته‌واو بکه‌م. دوا به‌شه‌کانی رۆمانی دواییم به‌ناوی "پاییزێکی دره‌نگ" له یۆنان ته‌واو کرد که به‌ڕێگه‌ی یه‌کێتیی نووسه‌رانی سوویید چووبووم.
ئایا هیچ کتێبێکت وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانه‌کانی تر؟
فرات جه‌وه‌ری: به‌ڵێ هه‌ندێک به‌رهه‌مم بۆ زمانی ئه‌ڵمانی، سوییدی و تورکی وه‌رگێڕدراون. هه‌روه‌ها سێ کتێبم کراونه‌ته عه‌ره‌بی و وا خه‌ریکه ده‌کرێنه زاراوه‌ی کورمانجی ناوینیش.
با بچینه‌وه سه‌ر هه‌ندێک بابەتی گشتی، ڕه‌وشی ئێستای ئه‌ده‌بیاتی کوردی (کورمانجی ژوورین) چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
فرات جه‌وه‌ری: هه‌موو که‌س ده‌زانێ که ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکی کورمانجی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، وه‌ک به‌رهه‌مه‌کانی مه‌لای جه‌زیری و خانی. به‌ڵام کاتێک که دێینه سه‌ر باسی ئه‌ده‌بیاتی نۆژه‌ن، هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌م پێدا، دوای دامه‌زراندنی کۆماری تورکیا، له ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته، ئه‌ده‌بیاتی کلاسیک که ترادسیۆنێکی به‌خۆوه گرتبوو، به‌جارێک دابڕا. چونکه یه‌کێک له‌هه‌نگاوه‌کانی شۆڕشی که‌مالیزم، گۆڕینی پیتی عه‌ره‌بی بوو بۆ لاتینی.
هۆکاره‌که‌ی ته‌نیا گۆڕینی پیتی عه‌ره‌بی بوو یان .. ؟
فرات جه‌وه‌ری: نه‌خێر. ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بیاتی کۆن ده‌ربازی پیتی لاتینی ببوایه و زمانی کوردی قه‌ده‌غه نه‌کرابایه، ئه‌وا ئه‌ده‌بیاتێکی مودێرن سه‌ری هه‌ڵده‌دا. بۆ وێنه ئه‌ده‌بیاتی تورک دوای کۆمار ده‌گه‌شێته‌وه. ئه‌وان زمانی خۆیان قه‌ده‌غه نه‌کرد. به‌رهه‌می ئه‌وانیش به پیتی عه‌ره‌بی بوو. به‌ڵام چونکه ئه‌وان ئه‌ده‌بیاتی عوسمانییان ده‌ربازی لاتینی کرد و ده‌ستیان کرد به وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بیاتی بیانی، به‌مجۆره زمانی خۆیان پوخته تر کرد. به‌ڵام له سییه‌کاندا له‌شام جه‌لاده‌ت ئالی به‌درخان، گۆڤاری هاواری ده‌رخست و ئه‌وه خاڵی ده‌ستپێکی ئه‌ده‌بیاتی نۆژه‌نی کوردی بوو.
له تاراوگه و به‌پێشه‌نگی گۆڤاری هاوار؟
فرات جه‌وه‌ری: هه‌تا ساڵه‌کانی 1940 و 1943 گۆڤاری هاوار، رۆناهی، رۆژا نۆ، ستێر له‌لایه‌ن هه‌ردووک برا واته کامه‌ران و جه‌لاده‌ت به‌درخان له شام و به‌یرووت ده‌رده‌که‌وتن، به‌ڵام ئێمه له‌و ئه‌ده‌بیاته بێ به‌ش بووین. واته ئه‌م ئه‌ده‌بیاته به ده‌رفه‌تێکی زۆر سنووردار‌و به کادیرێکی که‌مه‌وه، نه‌ده‌گه‌یشته لای ئێمه. هه‌روه‌ها پاش شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری روسیا و دامه‌زراندنی سۆسیالیزمی سۆڤییه‌ت، کورده‌کانی سۆڤییه‌تی پێشووش ده‌رفه‌تیان بۆ ڕه‌خسا. گه‌لێک به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی بڵاو بوونه‌وه، به‌ڵام به پیتی کریلی بوون و نه‌مانده‌توانی که‌ڵکیان لێ وه‌ربگرین، ئه‌گه‌ر به لاتینیش بوایه، دیسان له‌به‌ر سنووره قایمه‌کان نه‌ده‌گه‌یشته ده‌ست ئێمه و له‌وانیش دابڕابووین و له‌لایه‌کی تره‌وه جم و جۆڵی ئه‌ده‌بی کورده‌کانی تورکیا له‌هه‌فتاکاندا به زمانی تورکی بوو. له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه ئه‌ده‌بیاتی مۆدێرنی کوردی له خه‌وێکی قووڵ دابوو. پاش هه‌شتاکان هێدی هێدی وه خۆ که‌وت و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو بۆ پێشه‌وه هه‌نگاوی نا. لە سوییدیش، که وڵاتێکی دیموکراته و رێز له که‌لتووره‌کانی دیکه ده‌گرێ و دووری ڕاسیزم و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه، ده‌رفه‌تێک بۆ کورد ڕه‌خسا که وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک خۆی بقه‌بڵێنێ. کورده‌کانی باکوور به‌تایبه‌تی هه‌ندێک له سایکۆلۆژیای خۆ بچووک دیتن ڕزگاریان بوو. له‌تورکیای که‌مالیدا که کورد وه‌ک نه‌خوێنده‌وار و پاشکه‌وتوو و کێوی چاوی لێده‌کرا، له ئه‌وروپا رێزی له تورک زیاتر بوو. هه‌روه‌ها مناڵه کورده‌کان توانییان له‌سویید به‌زمانی خۆیان په‌روه‌رده ببینن و له هه‌موو گرنگتر ئه‌و که‌سانه‌ی به‌کاری ئه‌ده‌بییه‌وه خه‌ریکن، ده‌رفه‌تی ماددییان بۆ دابین کرا. بۆ نمونه من له‌یاداشته‌کانی جه‌لاده‌ت ئالی به‌درخاندا خوێندومه‌ته‌وه که کاتێک له مونیخ ده‌یخوێند، پێش شه‌ڕی جیهانی دووه‌م، وای لێدێ که چاکه‌ته‌که‌ی بفرۆشێ بۆ ئه‌وه‌ی بژی. لێره نووسه‌ر ناکه‌وێته ناو قه‌یرانێکی به‌مجۆره‌وه. ده‌زگایه‌کی که‌لتووری هه‌یه که یارمه‌تی ماددی و مه‌عنه‌وی نووسه‌ر ده‌کات. ئێمه‌ی کوردیش له‌و یارمه‌تییه بێبه‌ش نه‌بووین. بۆیه هێدی هێدی ئه‌و سیاسییانه‌ی به دوای کوده‌تا په‌ڕیوه بوون و نه‌گه‌ڕانه‌وه وڵاتی خۆیان و وازیان له سیاسه‌تیش هێنا، ڕوویان له ئه‌ده‌بیات کرد. ده‌توانم بڵێم هه‌م له بواری چیرۆک و هه‌م له بواری رۆمانه‌وه (له‌وانه‌یه سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبه‌ست وا نه‌بێ) هه‌نگاوێکی گه‌وره به‌رز کرایه‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ی دیسان سنوورداره، به‌ڵام ده‌کرێ باس له ئه‌ده‌بیاتێکی نۆژه‌نی کوردی بکه‌ین که ته‌نانه‌ت وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانه بیانییه‌کان و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه گه‌ردونی ده‌بێت و سنووره‌کان تێده‌په‌ڕێنێ که مایه‌ی خۆشحاڵییه.
ئه‌و شته‌ی سه‌رنجی ڕاکێشاوم ئه‌وه‌یه که له زاراوه‌ی کورمانجیدا زیاتر گرنگی به رۆمان ده‌درێ هه‌تا ژانره‌کانی تری ئه‌ده‌ب، ئه‌ویش به‌پێشه‌نگی که‌سانی وه‌ک محه‌ممه‌د ئوزون و به‌ڕێزتان و هه‌ندێک که‌سایه‌تی تر. هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چی؟
فرات جه‌وه‌ری: له وڵاته پاشکه‌وتووه‌کان شیعر پێگه‌یه‌کی به‌هێزی هه‌یه. ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ک له وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتین وه‌ک پێغه‌مبه‌رێک چاو له شاعیر ده‌کرا و شاعیره‌کان بێ پاره سواری پاس ده‌بوون. ئه‌مڕۆش له وڵاتانی جیهانی سێهه‌م هه‌ر به‌مجۆره‌یه. له‌وانه‌یه له کوردستانیش وا بێ. به‌ڵام له ئه‌وروپا به‌پێچه‌وانه‌یه. له ئه‌وروپا و به‌تایبه‌تی سویید که‌م چاپخانه کتێبی شیعر بڵاو ده‌که‌نه‌وه. ئه‌و شاعیرانه‌ی خه‌ڵاتی نوبڵیان وه‌رگرتووه، به‌زه‌حمه‌ت پێنجسه‌د کتێبی شیعریان ده‌فرۆشرێ. کتێبخانه‌کانیش کتێبی شیعر ناکڕن. نه‌ک بڵێی بێ نرخه، به‌ڵکو خوێنه‌ری که‌مه. منیش له گۆڤاری نوده‌م هه‌تا بۆم کرا گرنگیم به لایه‌نه‌کانی تری ئه‌ده‌ب دا. وه‌ک چیرۆک و په‌خشان. دیاره کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاوی هه‌بوو. چونکه ئه‌و شیعرانه‌ی ده‌نووسران و به‌ڕێ ده‌کران، سێبه‌ری ئایدیۆلۆژییان پێوه دیار بوو و له دژی زوڵم و زۆرداری هۆنرابوونه‌وه. ڕه‌ساڵه‌تێکی سیاسی‌یان هه‌بوو. پاش ئه‌م ژیانه سیاسییه، به دوای ئه‌ده‌بیاتێکی گه‌ردوونیدا وێڵ بووین که بتوانین هه‌ست، خه‌ون، ئازار و فه‌نتازییه‌کانمانی پێ ده‌رببڕین. چیرۆک و رۆمان جێگه‌ی شیعریان گرته‌وه، چونکه زمانێکی جیهانی تریان هه‌بوو.
له ئه‌ده‌بیاتی کورمانجی ژووریندا، دابڕانێک هه‌یه هه‌ر له مه‌لای جه‌زیری و ئه‌وانه‌وه هه‌تا جگه‌رخوین. ئه‌م دابڕان و بێده‌نگییه به‌سه‌ر رۆژنامه‌وانیشدا هاتووه. دوای هه‌وڵه رۆژنامه‌وانییه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان دابڕانێک هه‌یه هه‌تا ده‌رچوونی گۆڤاری نوده‌میش. له‌هه‌ندێک بواردا هاوار و نوده‌م لێک ده‌چوێنم. به‌شی خۆی باسی هاوارت کرد، ئه‌ی نوده‌م چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
فرات جه‌وه‌ری: ڕاسته. هاوار به‌ده‌ستپێشخه‌ری که‌سێک بڵاو ده‌بۆوه، بێ ئه‌وه‌ی هێز و لایه‌نێکی سیاسی له پشت بێ یان ببێته بلینگۆی هه‌ندێکیان. ئامانجی پێشخستنی ئه‌ده‌بیاتێکی نۆژه‌ن بوو، پلۆڕال ده‌هزری، بێ ئه‌وه‌ی جیاوازییه‌ک له‌نێوان به‌رهه‌مه‌کاندا بنێ. هه‌ر چه‌ند شاعیر و نووسه‌ری وه‌ک قه‌دری جان، نورده‌ین زازا و عوسمان سه‌بری له ده‌وروبه‌ری هاوار بوون، به‌ڵام گوشاره‌که زیاتر له‌سه‌ر پشتی جه‌لاده‌ت ئالی به‌درخان بوو. دوابه‌دوای ڕاوه‌ستانی هاوار، ئیدی ئه‌م گۆڤاره له‌بیر ده‌کرێ. ئه‌من بۆ خۆم کاتێک ده‌رکه‌وتمه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆ یه‌که‌مجار ناوم بیست. دیاره له‌م مه‌ودایه‌دا، زۆر گۆڤار و رۆژنامه‌ی کوردی ده‌رکه‌وتن، به‌ڵام هه‌موویان سیاسی و ئایدیۆلۆژی بوون و ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی بڵاو کرابایه‌وه، ده‌بوو له چوارچێوه‌ی رێکخستن و حیزب دابێت. کاتێک له‌ساڵی 1983دا چاوم به‌هاوار که‌وت، وه‌ک ون بوویه‌کی خۆم دۆزیبێته‌وه، وا بوو. بوه مایه‌ی سه‌رنجی من. هه‌ستم کرد کوردایه‌تییه‌کی پاک و دڵسۆزی تێدایه و هه‌تا نه‌وه‌ده‌کان سه‌رجه‌م ژماره‌کانی گۆڤاری هاوارم سه‌ر له‌نوێ چاپ و بڵاو کرده‌وه. نوده‌م له فکر و تێڕوانیندا وه‌ک هاوار، لیبڕاڵ بوو. بێگومان هه‌وڵم دا شتێکی نوێ بێت، چونکه هه‌ل و مه‌رجی هاوار و نوده‌م زۆر لێک جیاواز بوو. بۆ ده‌رکردنی نوده‌م زۆرم زه‌حمه‌تی و ئاسته‌نگی بینی.
وه‌ک چی؟
فرات جه‌وه‌ری: یه‌که‌مجار بوو گۆڤارێک له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه ده‌رده‌چوو. ده‌وروبه‌ر باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد که‌سێک به ته‌نیا بتوانێ شتێک بکات. به‌ڵام جارجاره هه‌ندێک که‌س گۆڕانکاری بنچینه‌یی له وڵات و ته‌نانه‌ت جیهاندا ده‌که‌ن. کاتێک ده‌ستم به چاپ و په‌خشی نوده‌م کرد، هه‌ندێک ده‌یانگوت فڵان ڕێکخراوی له پشته و هه‌ندێکی تر ده‌یانگوت فیساره رێکخراو. لێره‌دا با ئاماژه به نموونه‌یه‌ک بکه‌م. به‌ر له‌وه‌ی نوده‌م ده‌ربکه‌وێت، چونکه پێشبینی ئه‌م شته‌م کردبوو، بۆئه‌وه‌ی باڵانسێک دروست بکه‌م و به هه‌ر که‌س بسه‌لمێنم که گۆڤاره‌که سه‌ربه‌خۆ و ئه‌ده‌بییه، دوو ریکلامم بۆ دوو رۆژنامه‌ی کوردی نارد که یه‌کیان رۆژنامه‌ی وڵات و سه‌ر به pkk بوو و ئه‌وی تریش گۆڤاری ئامانج و دژ به pkk بوو. پاره‌یه‌کیشم بۆ ڕه‌وانه کردن تاکوو ریکلامه‌که‌م بڵاو بکه‌نه‌وه. رۆژنامه‌ی وڵات پاره‌ی نه‌ویست و له‌بری پاره، ریکلامی رۆژنامه‌ی خۆیان بۆ به‌ڕێ کردم. کاتێک ریکلامه‌که‌ی من له وڵات‌دا بڵاو بۆوه و منیش له ژماره یه‌کی گۆڤاره‌که‌مدا ریکلامی وڵاتم بڵاو کرده‌وه، مه‌حمود باکسی که ئه‌و کات دژ به pkk بوو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کرد که نوده‌م سه‌ر به pkk ه‌یه. ئینجا له ژماره‌ی دووه‌مدا وت و وێژێکم له‌گه‌ڵ مه‌حمود باکسی کرد و بڵاوم کرده‌وه، دۆست و لایه‌نگرانی pkk گوتیان گۆڤارێکی باش بوو، به‌ڵام پێویسته که‌سایه‌تی به‌مجۆره‌ی تێدا نه‌بێ. پاش یه‌ک ــ دوو ساڵ له ده‌رچوونی، ئینجا باوه‌ڕیان پێ هێنا.
نوده‌م تاکه‌ی به‌رده‌وام بوو؟
فرات جه‌وه‌ری: دامنابوو پێنج ساڵ ده‌ربچێ. زۆر که‌س باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد ته‌نانه‌ت دوو ــ سێ ژماره زیاتری لێ ده‌ربچێ. خۆیان ئابوونه نه‌ده‌کرد چونکه پێیان وابوو ئه‌و گۆڤاره‌ش به ده‌ردی گۆڤاره‌کانی تر ده‌چێت. ئه‌و پێنج ساڵه‌ی که بۆ نوده‌م پێشبینیم کردبوو، به‌ڕێک و پێکی ده‌رکه‌وت. له ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌دا هیچ جیاوازییه‌کم نه‌خسته نێوان بیروباوه‌ڕ و مه‌کته‌به ئه‌ده‌بییه‌کان. نوده‌م هیچ جۆره سنوور‌و به‌ربه‌ستێکی نه‌بوو. گۆڤارێکی فره ڕه‌نگ و فره ده‌نگ بوو. له پێنجه‌مین ساڵیادی ده‌رچوونی نوده‌مدا، جه‌ژنێکمان له‌ستۆکهۆڵم به‌ڕێوه برد، زۆربه‌ی رۆشنبیرانی کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به‌شداری ئاهه‌نگه‌که بوون، له‌و ئاهه‌نگه‌دا ده‌بوو ماڵئاواییم کردبا.
ماڵئاواییت کرد؟
فرات جه‌وه‌ری: نه‌خێر، بڕیارم دا بۆ پێنج ساڵی تریش گۆڤاره‌که ده‌ربکه‌م. واته به‌گشتی ده‌ساڵ به‌رده‌وام بوو. نیازم وابوو دوای پێنج ساڵ نوده‌م له دیاربه‌کر ده‌ربکه‌م. وه‌ک ده‌زانن نه‌وه‌ده‌کان بارودۆخ ئارام نه‌بوو. دۆست و براده‌ر پێیان گوتم چۆن شتی وا ده‌که‌ی، ئه‌گه‌ر بچیته دیاربه‌کر، پاش چه‌ند مانگێک هه‌واڵی مه‌رگت ده‌بیسین. قسه‌که‌یان ڕاست بوو. له‌م بڕیاره‌م پاشگه‌ز بوومه‌وه. بۆیه بڕیارم دا پێنج ساڵی تریش به‌رده‌وام بم له‌سه‌ر ده‌رکردنی گۆڤاره‌که. ده ساڵی ڕه‌به‌ق نوده‌م ده‌رکه‌وت. بێ ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی دره‌نگ بکه‌وێته ژێر چاپ. ئه‌وه‌ش دیارده‌یه‌کی نوێ بوو له رۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌دا.
هه‌ر له‌پاشکۆی ئه‌م گۆڤاره‌دا، گۆڤارێکی تریشت ده‌رده‌خست که تایبه‌ت بوو به وه‌رگێڕان.
فرات جه‌وه‌ری: به‌ڵێ، ده‌مویست هه‌ر ساڵه‌ی ژماره‌یه‌ک یاخود دوو ژماره‌ی ده‌ربکه‌م. هه‌ر وه‌ک ده‌زانی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانی دونیا زۆر زوو ده‌کرێنه تورکی. وه‌رگێڕان له ناو تورکه‌کاندا زۆر به‌هێزه. فارسه‌کانیش هه‌ر وان. کتبێبی بیره‌وه‌ری مارکیز به‌ر له‌وه‌ی به‌سوییدی بڵاو بکرێته‌وه، ده‌کرێته تورکی، رۆمانه‌کانی پاولۆ کۆئیلۆش هه‌روا. ئه‌وه‌ش وا ده‌کات کورده‌کان ئه‌م ئه‌ده‌بیاته بخوێننه‌وه و یه‌کێک که به تورکی موتاڵا بکات، زۆرتر سوودمه‌ند ده‌بێ و ئاسانکاری زیاتر بۆ ده‌کرێت. منیش به‌ڕێگه‌ی ئه‌م گۆڤاره‌وه ده‌مه‌ویست زمانی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ندتر بێ. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموون له‌ته‌کنیک و شێوازی نووسه‌رانی جیهان وه‌ربگرین. هه‌تا توانا‌مان هه‌بوایه هه‌وڵمان ده‌دا وه‌رگێڕدراوه‌کان له‌زمانی ئۆرژیناڵه‌وه بکرێن. مخابن ته‌نیا ژماره‌یه‌کی ده‌رکه‌وت.
بۆچی ته‌نیا ژماره‌یه‌ک؟
فرات جه‌وه‌ری: نه‌یتوانی جێگه‌ی خۆی بکاته‌وه. له بواری ماددیشه‌وه ئاسته‌نگی گه‌وره‌م ده‌هاته به‌رده‌م. ده‌توانم بڵێم وێڕای هه‌ندێک ئاسته‌نگی تر، هۆکاره‌که ته‌نیا مادی بوو. چونکه ده‌مه‌ویست گرنگی به جۆری چاپه‌که‌شی بده‌م و ئه‌وه‌ش پاره‌یه‌کی زۆری ده‌ویست.
تیراژی نوده‌م چه‌ند بوو؟
فرات جه‌وه‌ری: هه‌زار نوسخه.
نوده‌م هه‌ر له وڵاتانی ئه‌وروپا بڵاو ده‌بۆوه یان ده‌هاته تورکیا و وڵاتانی ئاسیاش؟
فرات جه‌وه‌ری: به‌شی هه‌ره زۆری له ئه‌وروپا بڵاو ده‌بۆوه. چونکه ئه‌و کات ڕه‌وشی سیاسی تورکیا ناله‌بار بوو و به‌ڕێگه‌ی پۆست نه‌ده‌گه‌یشت. که‌سیش نه‌یده‌توانی له‌گه‌ڵ خۆی بیگێڕێ. هه‌ر چه‌ند گۆڤارێکی سیاسی نه‌بوو، به‌ڵام قاچاغ بوو. شتی سه‌رنج ڕاکێش ئه‌وه‌یه که هه‌ر چه‌ند تیراژی نوده‌م زۆر که‌م بوو، به‌ڵام باش بڵاو ده‌بۆوه. به‌تایبه‌ت له زیندانه‌کانی تورکیادا ده‌ستاوده‌ست ده‌گه‌ڕا. زۆر نامه‌م له زیندانه‌وه به‌ده‌ست گه‌یشت که نوسیبوویان به‌رێگه‌ی نوده‌م فێری زمانی کوردی بوون. هه‌روه‌ها نزیکه‌ی 15 نوسخه‌یه‌کی له‌کوردستانی سووریادا بڵاو ده‌بۆوه و له‌وێش له‌ناو رۆشنبیران و هۆگرانی ئه‌ده‌بدا ماڵه‌وماڵ ده‌گه‌ڕا. به‌و پێشوازییه هه‌ستم ده‌کرد کورد شتێکی به‌مجۆره‌ی گه‌ره‌که. شتێک که تایبه‌ت بێ به بواری خۆی.
ئایا له نوده‌مدا هه‌ر به‌ته‌نیا نووسینی نووسه‌رانی باکووری کوردستان بڵاو ده‌کرایه‌وه؟
فرات جه‌وه‌ری: نه‌خێر. به‌رهه‌می کورده‌کانی باشووری کوردستان و رۆژهه‌ڵات، کوردستانی سووریا و نوسه‌رانی تاراوگه‌ش بڵاو ده‌بۆوه.
به‌رهه‌می نووسه‌رانی سۆران چۆن بڵاو ده‌بۆوه، وه‌رده‌گێڕدرایه سه‌ر زاراوه‌ی کورمانجی یان هه‌ر وه‌ک خۆی بڵاو ده‌بۆوه.
فرات جه‌وه‌ری: وه‌ک خۆیان و به پیتی لاتینی بڵاو ده‌بوونه‌وه. هه‌ندێک به‌رهه‌میش ده‌کرانه کورمانجی، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بناسرێن. زۆر جار به‌رهه‌می که‌سانی وه‌ک عه‌بدوڵڵا په‌شێو، شێرکۆ بێکه‌س، ئه‌نوه‌ر قادر جاف، حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن و فه‌رهاد شاکه‌لیمان وه‌رده‌گێڕاوه. فه‌رهاد پیرباڵیش یه‌کێک بوو له نووسه‌ره به‌رده‌وامه‌کانمان که به تێکه‌ڵییه‌ک له سۆرانی و کورمانجی ده‌ینووسی. ئه‌و کاته‌ی که له پاریس بوو.
نووسه‌رانی باکووری کوردستان به‌گشتی خه‌باتێکی نه‌ته‌وه‌ییان ده‌ست پێکردوه به‌ڕێگه‌ی وه‌ڕگێڕانی به‌رهه‌می نووسه‌رانی باشووری کوردستان، به‌ڵام لێره که‌س، نووسه‌رانی باکوور یان رۆژئاوای کوردستان ناناسێ. ئه‌تۆ تا چه‌ند شاره‌زای ئه‌ده‌بیات و وێژه‌ی زاراوه‌کانی دیکه‌ی کوردی و ئه‌مه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
فرات جه‌وه‌ری: کاتێک ئێمه ده‌ڵێین کوردستان، پێویسته باس له هه‌مووی بکه‌ین. منیش هه‌ست به‌م که‌مایه‌سیه ده‌که‌م. ئه‌گه‌ر مێژوویه‌کی ئه‌ده‌بی چاپ بکرێ و تێیدا به‌رهه‌می کورده‌کانی سۆڤییه‌ت یان شوێنێکی تر نه‌بێ، ئه‌وا نابێته وێژه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی، به‌ڵکو ده‌بێته هی پارچه‌یه‌ک. نووسین به زاراوه‌گه‌لی جیا جیا گرنگ نییه، به‌ڵکو پێویسته له‌شوێنێکدا بگه‌نه یه‌ک. بۆیه من له نوده‌مدا ئه‌م کاره‌م کرد. هه‌روه‌ها ئه‌نتۆلۆژیایه‌کی چیرۆکی کوردیم ئاماده کرد که تێیدا هه‌مان سیاسه‌تی نوده‌مم په‌یڕه‌و کردووه. ئه‌نتۆلۆژیاکه دوو به‌رگه و نزیکه‌ی دوو هه‌زار لاپه‌ڕه‌یه. له‌و ئه‌نتۆلۆژیایه‌دا نموونه‌ی گشت چیرۆک نووسه کورده‌کانم هێناوه‌ته‌وه. ته‌نیا باسی نووسه‌رانی پارچه‌یه‌کم نه‌کردووه. بیۆگرافی و نموونه به‌رهه‌می نووسه‌رانی کورمانجی ناوینیشم کردۆته لاتینی.
ئه‌نتۆلۆژیاکه‌ت به ته‌نیا ئاماده کرد؟
فرات جه‌وه‌ری: به‌ڵێ. به‌ڵام له‌گه‌ڵ که‌سانی شاره‌زا له ئه‌ده‌بیاتی کورده‌کانی سۆڤییه‌ت و باشووری کوردستان راوێژم کردووه.
کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌نتۆلۆژیا یا خود پرۆسه‌یه‌کی وه‌ک نوده‌م ئیشی تاکه که‌سێک نییه‌و پێویسته ده‌زگایه‌کی گه‌وره‌ی له‌پشت بێ.. ئێوه چۆن خۆتان له قه‌ره‌ی ئه‌م کاره دا؟ ئایا ماندووبوونێکی زۆری نه‌ده‌ویست؟
فرات جه‌وه‌ری: ئێمه وا ڕاهاتووین و واده‌زانین که کاری گه‌وره پێویسته ده‌زگایه‌کی مه‌زنی له‌پشت بێ. ڕاسته دام و ده‌زگاکان ده‌رفه‌ت و کادیری زۆریان له‌به‌ر ده‌ست دایه، به‌ڵام وه‌ک ده‌زانی دام و ده‌زگای لای خۆمان ئامانجیان ته‌نیا ڕه‌زامه‌ندی حیزبه‌که‌یانه، یان له‌به‌ر مووچه کاره‌کانیان ڕاده‌په‌ڕێنن و دیاره ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی ده‌ریده‌خه‌ن، چۆنه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌زگاکه ئامانجی خه‌باتێکی سه‌ربه‌خۆ بێ و پاڵپشت بێ به خه‌باتێکی پرۆفشنه‌ڵ و بازرگانی سه‌ربه‌خۆ، سه‌رکه‌وتووتر ده‌بێ و له ڕه‌وشی ئێستای کوردستانیشدا، دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌کی به‌مجۆره ده‌ست نادا. ئه‌مه بۆ باکووری کوردستان دوو ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ته. کاتێک که نوده‌مم ده‌رخست، خوێنه‌ر و نووسه‌ری به‌ده‌گمه‌ن بوو. به‌ڵام چونکه من ئاشقی ئه‌م خه‌باته بووم، هه‌موو هێز و توانای خۆم خسته گه‌ڕ. ڕاسته تا ڕاده‌یه‌ک خه‌باتێکی شه‌خسی بوو، به‌ڵام په‌یوه‌ندییم له‌گه‌ڵ هه‌موو نووسه‌رانی کورد و نووسه‌رانی غه‌یره به‌ست و به‌مجۆره ئامانجم ئه‌وه بوو بناخه‌ی ئه‌ده‌بیاتێکی نۆژه‌ن سه‌قامگیر بکه‌م. وه‌ک ده‌زانی غه‌ریبی، تێکشکانه. بۆ ئه‌وه‌ی له غه‌ریبیدا تێک نه‌شکێم، په‌نام بۆ ئه‌ده‌بیات برد. ئه‌ده‌بیات هیوای ئایینده‌م بوو. بۆیه به دڵه‌وه ئه‌م کاره‌م ئه‌نجام دا. که‌سێک که به‌دڵ کار بکات، له‌و سه‌د که‌سه باشتره که بێ دڵ کارێک ده‌که‌ن. له‌لایه‌کی تره‌وه، له پرۆسه‌ی ده‌رکردنی گۆڤاری نوده‌مدا، گرنگیم نه‌دا به‌وه‌ی که نووسه‌ر سه‌ر به کام ئایدیۆلۆژیا و پارته. وه‌ک گۆڤاره سوییدییه ئه‌ده‌بییه‌کان ویستم ببێته گۆڤارێکی تایبه‌ت. ده‌بوو نوده‌م ببوایه پردێک له نێوان نووسه‌ران. بێگومان ئه‌م داخوازی و بانگه‌شانه گه‌وره بوون. سه‌ره‌تا جێبه‌جێ کردنیان هه‌ندێک زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵام له ئه‌نجامی شه‌ونخوونی و هه‌وڵدانی بێ وچان ڕێگه هه‌موار بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته دان به‌وه دابنێم که ئه‌و ده ساڵه بۆ من وه‌ک بیست ساڵ تێپه‌ڕین.
له کورمانجیدا کێشه‌ی خوێنه‌ریش هه‌یه چونکه هه‌ر نووسه‌ره‌ی به شێوه زاراوه‌یه‌ک ده‌نووسێ. واته کێشه‌که زمانه. ئه‌و کێشه‌یه له به‌رده‌م ئێوه‌ش نه‌بۆته ئاسته‌نگ؟ په‌یوه‌ندی نێوان تۆ و خوێنه‌ران چۆنه؟
فرات جه‌وه‌ری: ئه‌و کێشه‌یه تا ڕاده‌یه‌ک نه‌ماوه‌ته‌وه. سه‌ره‌تای هه‌شتاکان ئه‌م شته باو بوو. نه ته‌نیا هه‌ر شاره و زاراوه‌یه‌کی هه‌بوو، بگره هه‌ر رێکخستنێکیش زمانێکی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بوو و به‌گوێره‌ی خۆیان قاڵبیان بۆ دروست ده‌کرد. دوابه‌دوای ده‌رکردنی گۆڤاری نوده‌م و هه‌روه‌ها سه‌ر له‌نوێ چاپکردنه‌وه‌ی گۆڤاری هاوار، ئێستا که‌م نووسه‌ر هه‌یه که به‌شێوه‌یه‌کی هه‌رێمی بنووسێ. بۆ نمونه من هه‌ر چه‌ند له زارگوتنی هه‌رێمی زۆر دوور نه‌که‌وتومه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ش نانووسم. ده‌توانم بڵێم 80% شێوه‌یه‌کی ستانداری به‌خۆوه گرتووه و دیسان هه‌ندێک نووسه‌ری تۆری و سه‌رحه‌دی به زار گوتنی خۆیان ده‌نووسن، به‌ڵام ئه‌وانیش هێدی هێدی هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان بگه‌یه‌ننه ئه‌و ستاندارده‌ی له زمانی کوردی‌دا زاڵه. هی کورمانجی بادینان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه‌یه ده‌مێنێته‌وه. نه سۆرانییه و نه کورمانجییه. دیاره به‌هدینان ناوی هه‌رێمێکه و ئه‌ویش هه‌ر کورمانجییه و زاراوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نییه. پێویسته خۆیان نزیکی ئه‌و ستاندارده بکه‌ن که ئێمه پێی ده‌نووسین.
بۆچی له کورمانجیدا زیاتر کتێبی وێژه‌یی چاپ ده‌کرێن و گرنگی به بواره‌کانی تری وه‌ک فه‌لسه‌فه و زانست و .. هتد نادرێ؟
فرات جه‌وه‌ری: ڕاسته، زیاتر به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی چاپ و بڵاو ده‌کرێته‌وه. به‌ڵام نمونه‌ی فه‌لسه‌فیشمان هه‌یه. وه‌ک مسته‌فا دوزگون که چه‌ند کتێبێکی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه هه‌یه. به‌م دواییانه‌ش وه‌شانخانه‌ی ئا‌ڤێستا هه‌ندێک کتێبی سیاسی بڵاو کرده‌وه، له‌وانه کتێبی د. قاسملو و کتێبێک سه‌باره‌ت به مه‌لا مسته‌فا بارزانی. به‌گشتی وه‌ک جه‌نابتان ئاماژه‌تان پێ دا، نموونه‌یان که‌مه. چونکه پێداویستییه‌کی وه‌ها نه‌هاتۆته گۆڕێ و به‌زمانی تر موتاڵای ده‌که‌ن. چونکه قورسیشه ناتوانن به زمانی کوردی لێی تێ بگه‌ن.
ئاینده‌ی ئه‌ده‌بیاتی کوردی له تاراوگه چۆن ده‌بینی؟
فرات جه‌وه‌ری: گه‌شبین نیم پێی. چونکه ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له‌وێ پێده‌گات، ناتوانێ نوێنه‌ری هه‌ست و نه‌ستی کورده‌کان بێت له وڵاتی خۆیان و ته‌نیا گوزاره له به‌شێکی که‌م ده‌کات. ئیتر به مێشکی ئه‌و وڵاتانه ده‌فکرن که لێی ده‌ژین. ئێستاکه ڕه‌وشی کوردستان ده‌گۆڕێ، پێویسته وێژه‌وانه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه و له‌ناو خه‌ڵکی خۆیاندا بژین.
واته زه‌مینه‌که له‌بار ده‌بینی؟
فرات جه‌وه‌ری: ده‌مه‌وێ بڵێم تا ڕاده‌یه‌ک په‌یوه‌ندی به ئاینده‌ی سیاسییه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌ی زمانی کوردی له باکوور ئازاد بێ، له‌ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا، ئه‌ده‌بیات ده‌گاته لوتکه‌ی خۆی و په‌ره‌گر ده‌بێ. چونکه کوردستانی تورکیا پردێکه له‌نێوان ئاسیا و ئه‌وروپادا. پێویسته ئیتر زمان فاکتۆرێکی وڵاتپارێزی نه‌بێ، به‌ڵکو بواره‌کانی مه‌عریفه و زانست بگرێتەوە. ئه‌ده‌بیات پێویسته ته‌عبیر له ئێش، ژان و برک و خۆشییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بکات.
له دوا رۆمانتدا به نیسبه‌ت به‌رهه‌مه‌کانی ترت پشوو درێژی، ئایا هه‌نگاوێکی نوێت له نووسیندا به‌رز کردۆته‌وه؟
فرات جه‌وه‌ری: ناتوانم بڵێم هه‌نگاوێکم به‌رز کردۆته‌وه یاخود به‌رهه‌مه‌کانی پێشووم به‌کار نایه‌ن. به‌ڵام زۆری پێوه ماندوو بووم. ئه‌زموونێکی بیست و پێنج ساڵه‌م هه‌یه له نووسینی چیرۆکدا. بیرۆکه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ش له‌مێژه له سه‌رمدایه. چوار ــ پێنج ساڵه کاری له‌سه‌ر ده‌که‌م. ویستومه شێوازێکی نوێ به‌کار بێنم. وه‌ک سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌م له‌سه‌ر تاکێک چڕ بوومه‌ته‌وه. چونکه پێم وایه ئه‌گه‌ر که‌سێکی باش بناسێنم، ئه‌وا زۆر که‌سم باش ناساندوه. هه‌ر چه‌نده که‌سێکه، به‌ڵام ژیانێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی سێ ده‌یه‌ی دوایی ئاواره‌یه‌که که به نیازه بگه‌ڕێته‌وه وڵاته‌که‌ی. بیری گه‌ڕانه‌وه له‌و که‌سه‌دا ده‌بێته نه‌خۆشی نۆستالێژی.
به‌رهه‌مه چاپکراوه‌کانی فرات جه‌وه‌ری بریتین له:
1ــ هه‌ڵمه‌ت ده‌به‌ین، (شیعر ــ 1980)
2ــ گه‌وره ده‌بم، (شیعر ــ 1981)
3ــ دایک شیرینه، (شیعری مناڵان ــ 1983)
4ــ به‌ندکراو، (چیرۆک ــ 1968)
5ــ کۆتری سپی، (چیرۆک ــ 1992)
6ــ کولتور، هونه‌رو ئه‌ده‌بیات، (کۆمه‌ڵه وتار و هه‌ڤپه‌یڤین ــ 1996)
7ــ وته‌ی ناوداران، (1995)
8ــ چیرۆکی بنه‌ماڵه‌ی عه‌بدۆ، (چیرۆک ــ 1999)
9ــ له‌ماڵی جه‌لاده‌ت ئالی به‌درخاندا، (دیالۆگ ــ 1998)
10ــ شه‌پۆله‌کانی ده‌ریای ره‌ش، (سه‌فه‌رنامه ــ 1997)
11ــ رۆمانسێکی ژاکاو، (کۆمه‌ڵه چیرۆک ــ 2002)
12ــ ئه‌نتۆلۆژیای چیرۆکی کوردی، (2003)
13ــ پاییزێکی دره‌نگ، (ڕۆمان ــ 2005)
هه‌ندێک له‌به‌رهه‌مه وه‌رگێڕدراوه‌کانی بریتین له:
1ــ شه‌وه سپییه‌کان، ده‌سته‌یڤسکی، 1993
2ــ مشک و مرۆڤ، جۆن ئنشتاین به‌ک، 1993
3ــ باخچه‌ی ڤینیسیا، ئه‌نتۆان چیخه‌ف، 1995
4ــ له چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا، سامۆئیل بیکیت، 1995
5ــ داری هه‌نار، یه‌شار که‌ماڵ، 1998
6ــ دیوار، سارتر، 1998
7ــ چیرۆکی مامه وردیله، باربرۆ لیندگرێن، 2000
8ــ ئه‌مێل، ئاسترید لیندگرێن، 2002
ئه‌م چاوپێکه‌وتنه له ژماره (108)ی گۆڤاری "رامان"دا بڵاو بۆته‌وه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر