۱۳۹۵/۰۶/۳۱

"گورگ و سەگ"، ئەفسانەکەی ئەمڕۆ

پاتریس فرانچێسکی
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 

"بەها تینووی مەترسییە."
سێنێکا، دەربارەی ویست.

بەرەی تەلمەعرووف، باشووری ڕۆژهەڵاتی قامیشلی، ئۆکتۆبری ٢٠١٤.
هەمدیس گەڕاومەتەوە بۆ ڕۆژئاوا. ژێرار شالیانم لەگەڵ دایە. ساڵی ٢٠١٢، ئەم هاوڕێ قەدیمییەم - لە سەرەتاکانی شەڕی ئەفغانستانەوە یەکتری دەناسین - ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ستراتژیی لە زانکۆی هەولێر دامەزراند. لەوێ چەند مانگ لە ساڵدا وانە دەڵێتەوە. ئەو و کوشنێر لەو دەگمەن کەسە کاریگەرانەن کە داشداری کوردەکانن - دەمەوێ بڵێم: پابەند و چالاک هەر لە یەکەمین ساتەکانەوە - و وەک باندێکی چاکمان لێهاتووە. بیرەوەریی هەندێک دانیشتنی شەوانەی باڵەخانە گەورەکەی شالیان کە حکومەتی بارزانی پێشکەشی کردووە، هەرگیز لە یاد ناکەم، جارجارە ئەحمەد بامەڕنیش کە لە بەغداوە دەهات بەشداری کۆڕەکانمان دەبوو. گفتوگۆی سیاسی و ستراتیژی لە دەوری بوتڵە شەراب و ئارەقی چاک تێکەڵ بە تێبینییەکانمان سەبارەت بە ژیان و مرۆڤەکان دەبوو و دواجار درەنگانی شەو بە خوێندنەوەی شیعری لەبەرکراو یان هەندێ جار پێداچوونەوەی دەقێکی جەنجاڵی ڕۆژنامەی لۆمۆند کۆتایی دەهات.
کار و خەباتی سەربەخۆ چێژبەخشە…
دۆخی ئەمنی لە کوردستانی عێراق لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و دەسپێکی شەڕی کۆبانێ ئەوەندە لاواز بووە کە حکومەتەکەی بارزانی دوو لیمۆزینی زرێپۆش و پێنج حیمایەی پێ داین تاکوو بگەینە سنووری جەزیرەی سووریا و بە دڵنیاییەوە لە دیجلە - و پردە تووک لێکراوە هەڵپەسێردراوەکەی - بپەڕینەوە. سەفەرەکەمان بە تەکسی یان بە ئۆتۆمبێلی شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوا درێژە پێ دا تاکوو لە وڵاتێکەوە دەربازی وڵاتێکی دیکە بین، لە ناز و نیعمەت و باق و بریقی کوردستانی عێراقەوە بۆ دەستکورتی و سادەیی کوردستانی سووریا.
لە سەر ئەم مژارە، من و شالیان بە جیاوازیی جەستەیی نێوان حیمایەکانمان، ئەوانەی سەر بە بارزانی و هاوتاکانی ئاسایشیان لە ڕۆژئاوا ڕادەبوێرین. دەستەی یەکەم: قەڵەو و ورگن. دەستەی دووەم: کز و زراڤ. لە ڕوانگەی ئێمەوە هێمایەکی سەمبۆلیک بۆ ئەفسانەی گورگ و سەگەکەی لافۆنتێن -  نووسەرێک بۆ گەورەکان، هەڵبەت بێ پێداگری کردن - کە کاکڵە سەرەکییەکەی سەبارەت بە ئازادی و ڕەهەندەکانییەتی. لێرەدا ئەگەر بمانەوێ بە تەواوی چاوگەی ئەو کەسایەتییانە دەرک بکەین کە لەم چیرۆکەدا خراونەتە ڕوو، بیرهێنانەوەی خووی دوو کارەکتەرەکەی ئەم ئەفسانەیە بێ سوود نییە: لە هەمبەر گورگی لەر و لاواز کە هەموو مەترسییەک دەداتە بەر چاو تاکوو ئازادانە بە نێو لێڕەواردا بێت و بچێ، سەگێکی قەڵەوی قەڵادە لە مل ئەو حەسارە ئارامە هەڵدەبژێرێ وا لە ژێر چاودێری و پاراستنی خاوەنەکەی دایە. لە ماوەی بیست ساڵ ئاشتی و پێشکەوتنی ئابووری، هاوڕێیانی کوردی عێراقمان، کە جاران کز و زەعیف  بوون، بێشەرمانە قەڵەو بوون - بە تەواوی مانای وشە. وەک هەمیشە لەو هەلومەرجانەدا، لە ئازادی خۆیان غافڵ مان وەک ئەوەی چیتر ئەو سەرکەوتنە نەبێ باوکەکانیان باجی گەورەیان بۆ دابێ، بەڵكوو جۆرێک دیاریی خۆڕایی بێ کە نرخە ڕاستەقینەکەی لەناو چووبێ. ئەوان یاساکانی مێژوو، وزەی گەلان و هێزی ئایدیۆلۆژیاکانیان لە بیر چۆوە. ناوەندگەلی بازرگانی، پارکی سەرنجڕاکێش و هۆتێلی لووکس و سەرجەم ئەو شتانەیان بونیاد نا ڕۆژێک ئەوان لە دووبەی بچوێنێ، لە کاتێکدا هەروا بەو دوژمنانە دەور درابوون کە ئاواتیان دۆڕانی ئەمان بوو. بوونە بەکارهێنەر و تا ئاستێک چوونە پێش کە مناڵانی گرفتاربوویان بە یاری ڤیدیۆ و مۆبایلی هۆشمەند لە سەرجەم خزمەتگوزارییە سەربازییەکان دوورەپەرێز بگرن. لەم ڕووەوە کەمێک گەندەڵی، برسێتی مادە و کۆڵێک سات و سەودا و هەموو شتێک ئامادە بوو بۆ ئەوەی تراژیدیاکە ڕوو بدا. کاتێک هاوینی ٢٠١٤ ئیسلامییە تەیارەکانی داعش هێرشیان هێنا، پێشمەرگەکان کە لە چوارچێوەی سوپایەکی فەرمیدا ڕاهاتبوون، بە هەمان شێوازی سەربازەکانی عێراق لە موسڵ پاشەکشەیان کرد. چییان لێ هات ئەو جەنگاوەرانەی تا مەرگ شەڕیان دەکرد؟ ئیتر کەسێک نەبوو بەرگری لەو ئازادییە بکا کە وەچەی پێشتر بە هەزار حاڵ دەستەبەریان کردبوو.
لەمەوبەدوا، "سەندرۆمی هەولێر" بۆ من نیشانەی وەسوەسەی وازهێنانی ئازادییەکان دەبێ بۆ ئارامیی گوێلکی زێڕینی بەکارهێنان.
شالیان بە گاڵتەوە سەبارەت بە هاوڕێ پێشمەرگەکانمان دەیگوت: "کە دە بیست کیلۆ زیاد بکەی، تەنانەت ڕاکردنیش ئەستەم دەبێ."
لەو ساتە تاریکانەدا، شڵەژان بەسەر هەولێردا زاڵ ببوو، تا ئاستێک کە خەڵک خۆی حازر کردبوو پەنا بۆ شاخ و داخ بەرێ، وەک ڕۆژە هەرە سامناکەکانی سەردەمی ڕژێمی سەددام حسێن. کوردەکانی عێراق لەپێناو پاراستنی پێتەختەکەیان ناچار بوون دەستەوداوێنی ڕۆژئاوا بن کە سەرەتا فڕۆکە و پاشان ڕاوێژکار و دواجار چەک و تەقەمەنیان بۆ ناردن. بەڵام لەم بەینەدا، لە مەیدانەکە، ئەوە گورگە لاوازەکانی یەپەگە بوون بە هانای برا عێراقییەکانیانەوە چوون - بە یارمەتیی برایانی تریان لە پەکەکە کە دەستوبرد لە چیاکانی تورکیاوە شۆڕ ببوونەوە. ئاڵدار خەلیل، "بەتریقەکە"، چاودێری ئۆپەراسیۆنەکانی کردبوو. وەک دواتر پێی گوتم شەڕێکی سامناک بوو. گەرما تاقەتپڕووکێن و بای لم هەموو شتێکی گەسک دابوو، ئیسلامییەکان خۆیان شەڕکەر نیشان دابوو، گورگە لاوازەکانیش بە هەمان شێوە.
داعش دەیویست هەولێر بگرێ، وەک چۆن موسڵی گرتبوو، وەک چۆن چەندین شاری تری عێراقی گرتبوو. هاوکات هەوڵی دەدا ئێزدییەکان و ئاینی باب و کاڵیان لەناو ببا. یەپەگە پاشەکشەی بە ئیسلامییەکان کردبوو و کۆریدۆرێکی مرۆیی بەرەو خاکی خۆیان چێ کردبوو و ئەم بێبەختانەی لە قڕبوون پاراستبوو. بۆ یەکەمجار ڕای گشتی نێونەتەوەیی ددانی بە بوێری کوردەکان دانا.

ئێستا لە قامیشلین، لە پێتەختی ڕۆژئاوا. ئەو هەواڵانەی لە کۆبانێوە دێن، بە هیچ شێوەیەک دڵخۆشکەر نین. سەربازگە هەروا خۆڕاگری دەکا، بەڵام هەروا مەحاڵە خۆت بگەیەنیتە شاری ئابڵۆقەدراو. ئێمە دەمانتوانی لە ڕێگەی تورکیاوە هەوڵ بدەین، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی لەقاودانی سیاسەتی دژەکوردی حکومەتی ئەردۆغان بۆ ڕای گشتی لەلایەن ئێمەوە، ئەم ڕێگەیە جێی متمانە نەبوو. لە باشترین حاڵەتدا دەردەکراین. چوون بۆ کۆبانێ لە ڕێگەی جیزرەوە دە قات خراپترە. مەترسیی چوون بە نێو بەرەی ئیسلامییەکانی باکووری سووریا بە ڕادەیەک زۆرە کە ڕێدوور خەلیل، "ئوکرانییەکە"، ئامادە نییە ڕیسکێکی وەها گەورە بۆ ئامانجێکی سنووردار بگرێتە بەر چاو. پێم دەڵێ:
"نیوەی ئەو هێز و کۆمەک و تەقەمەنییەی هەوڵ دەدەین لەم ڕێگەیەوە بیگەیەنین، هەرگیز ناگاتە شوێنی خۆی. نابێ لە خورت و خۆڕایی خۆتان بە کوشت بدەن…"
عەبدولکەریم عومەر، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، بە پێی توانا ئەهوەنم دەکاتەوە: "گەلەک شت هەن لە بەرەکانی دیکە ئەنجام بدرێن، هێشتا تەواو نەکراون…"
عەبدولکەریم پیاوێکی کورتەباڵای خڕ و قەڵەو و پانە. هەمیشە قاتێکی تەنگ تەنگ لەبەر دەکا و دەڵێی ئێستا نا ئێستا دەتەقێتەوە. لە ژیانی مەدەنیدا دەرمانساز بووە و ماوەیەک لەگەڵ خالید عیسا لە دیمەشق خوێندوویەتی و لەپێناو داننان بە وڵاتەکەی تێدەکۆشێ: "لەگەڵ شالیانی هاوڕێت، دەتنێرمە بەرەی تەلمەعرووف کە ئێستاکە بەرەی هەرە ستراتژییە. چل کیلۆمەتر لە قامیشلی دوورە. ئەگەر ئیسلامییەکان بڕیاریان دا دەست بەسەر پێتەختەکەمان دابگرن، ئەوا لەم دەڤەرەوە هێرش دێنن. چل کیلۆمەتر هیچ نییە. لەوێ، هەموو ڕۆژێ شەڕ دەکەین بۆ ئەوەی ڕێگەیان نەدەین مەترێک چییە پێشڕەوی بکەن."
تەلەمەعرووف، چەند ڕۆژ دواتر. دیسان دڕکەڵانێکی شۆرەکات ئاسا. دیمەنێکی بێ کۆتایی، چۆل و هۆل، لێرە و لەوێ گوند و ئاوەدانی. چەند تەپۆڵکەیەکی پرژ و بڵاو بەسەر ناوچەی شپڕێوی محەڕەمەدا دەڕوانن و بەرەکانی جەنگ لێک جیا دەکەنەوە. یەکینەیەکی گەنجی سەر بە یەپەژە تەپۆڵکەی سەرەکیی بە دەستەوەیە. هەفتەی ڕابردوو، جیهادییەکان پاش شەوێک ململانێی دژوار توانیان ئاڵوگۆڕی بەسەر پێگەکەیاندا بێنن. دوو ڕۆژ دواتر، ئەندامانی یەپەگە و یەپەژە هێزێکیان ناردە نشێوەکان و دەستوبرد گردەکەیان لە چنگ دەرهێنانەوە. کوردەکان ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئیسلامییەکان بدەن تۆپخانەکانیان لەسەر ئەو تەپۆڵکانە سەقامگیر بکەن و لەوێوە گوندەکانیان بدەنە بەر تۆپ. دە کەسێک لە هێرشەکەدا مردوون و سێ ئەوەندەش بریندار بوون. شێوازێک لە جەنگی دیێن بیێن پوو لە چۆلەوانی و دەشتدا.
ئیسلامییەکان بۆ دزەکردنە نێو هێڵەکانی کورد و بەدەست خستنی گردەکە ئۆتۆمبێلێکی خۆکوژیان بەکار هێنابوو. تەکنیک و میتۆدی باوی خۆیان. ئۆتۆمبێلێک بە ماددەی تەقەمەنی دەئاخنن و شۆفیرە خۆکوژەکەی لە باشترین شوێن کە بتوانێ درز بخاتە نێو سیستەمی بەرگریی لایەنی بەرامبەرەوە خۆی دەتەقێنێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن پاشان لەوێوە هەڵمەتی هێرشبەرانە دەست پێ بکەن. لەو ئۆتۆمبێلەی لێرە سوودی لێ وەرگیراوە، بە گشتی پارچەیەکی ئەوتۆ نەماوەتەوە. لە دەربەندی خوار تەپۆڵکەکەوە ئۆتۆمبێلەکە لەت و پەت بووە. ناخ و هەناوی هەڵدڕاوە و بۆتە خەڵووز، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ شوێنەواری گەلێک گولـلە ببینی کە هەوڵ دراوە بەر لەوەی ئۆتۆمبێلەکە بە ئامانج بگا، بیتەقێننەوە.
ئەندامێکی یەپەژە ڕادەگەیەنێ: "لە کۆبانێ، دۆخەکە دە قات خراپترە. لە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان، جیهادییەکان بارهەڵگری خۆکوژ دەنێرنە نێو هاوڕێکانمان و چونکە سپەریان هەیە، ناتوانین پێشیان پێ بگرین. ئەم ئۆتۆمبێلانە باڵاخانەکان بە تەواوی لەناو دەبەن. سەرباری ئەمەش، ئیسلامییەکان ناتوانن پاشەکشەمان پێ بکەن. بۆیە خۆکوژەکانیشیان دەنێرن کە پشتێنی پڕ لە تەقینەوەیان بەستووە. ئەوان شێتن…"
شەڕی ئەم چەکدارانەی داعش سەیروسەمەرەیە. ئەوان شێوازی بەدەوی و میتۆدگەلی جەنگی مۆدێڕن، کەلوپەلی ئاڵۆز و کەرەستەی سادە، وەک ئەو بۆمبە کوشندە دەستکردانەی بە بوتڵە گاز دروستاین دەکەن، تێکەڵ بە یەک دەکەن.
فڕۆکەیەک بە نێو چەقی ئاسماندا تێپەڕ دەبێ، وەک خووشینی ڕووناکاییەکی تیژ، لە دوورەوە چەند ئامانجێکی نادیاری دەرەوەی خاکی کورد بۆردومان دەکا. هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانەکانە. ئەندامانی یەپەژە پێدەکەنن. ئەوە پشتیوانی ئاسمانییانە کە خۆ لە شەڕەکە هەڵدەقورتێنێ، هەرچەند ئەمڕۆ بە قازانجی سوپای ئازادی سووریایە کە لە پێداگرترین گرووپەکانن هاوکاریی کوردەکان دەکەن. ئەگەر ئەم هێرشە هەواییانە نەبوایەن، بێگومان بەرهەمی چەکە قورسەکانی داعش جیاواز دەبوو.
ڕۆژێکی ئارامە. لە بن سێبەری دارێکی تەنیشت تۆپخانەیەک لەگەڵ ئەو یەکینەیەی یەپەژە کە ئەرکی پاراستنی تەپۆڵکەکەی بە ئەستۆوەیە، چای دەخۆینەوە. ژمارەی کچەکان لەو پێگەیە تەنانەت ناگاتە بیست کەس، هەر یەکە و کڵاشینکۆفی خۆی بە دەستەوەیە. وەک هەمیشە، هێزەکانی کورد بەسەر گرووپی بچووک بچووکی سەربەخۆدا دابەش بوون، پڕ جموجوڵن و بە گوێرەی پێداویستییەکان هاموشۆ دەکەن و هەروەها ئەگەر پێویست بکا تاقمی گەورە گەورەش پێک دێنن. دیارە بێ ئەوەی سەرم سووڕ بمێنێ تێکەڵییەک لە نەزمی پرووسی و هەڵسوکەوتی مناڵێکی چاکی بە ڕەوشت شێوەگرتوو لە شەڕڤانانی ڕۆژئاوادا دەبینم.
ژنێکی تەمەن سی ساڵ فەرماندەی ئەم دەستەیەی یەپەژەیە. پێشتر نەمبینیبوو. کادیرێکی پەکەکەیە و سێ مانگ پێش ئێستا لە نێو هێزەکانی کوردستانی تورکیا ڕا هاتووە. گەلەک جوان و دەم بە بزەیە، قژی کورتە، چاوەکانی دەبریقێنەوە، لە جلە سەربازییە خاکییەکانیدا خۆی تەڕپۆش و زەریف ڕاگرتووە. ئەم ئامازۆنەی ئاگر پتر لە دە ساڵە لە گشت بەرە کوردییەکاندا دەجەنگێ. خۆشحاڵە لەگەڵ هاوڕێیانی بێگانە دەدوێ و باسی شەڕەکانی خۆیان، ئەو بڕوایەی دەیانخاتە جووڵە و ئەو هومێدەیان بۆ دەکا کە هەیانە.
زەمەن لە نێوان دوو بەرەی جەنگدا مەیوە. سەعاتەکان دێن و دەچن وەک ئەوەی جەنگ شوێنەواری نەمابێ.
پاش نیوەڕۆ بەم زوانە کۆتایی دێ. ئێمە لەگەڵ حیمایەکەمان دەڕۆینەوە. بۆ دواجار ئاوڕ دەدەمەوە و وێنەی ئەو ئەندامە دەم بە بزانەی یەپەژە کە پیاڵە چایەکانیان کۆ دەکەنەوە و ئەو فەڕشەی لەسەر عەرزی ڕایانخستبوو، قەد دەکەن و یەکە یەکە دەخزێنە نێو پەناگەکەیان و ون دەبن، لە یادەوەریمدا هەڵدەگرم.
تا ئەو کاتەی هەمدیس جەنگ دەست پێدەکاتەوە.


لە پشت بەرەی تەلمەعرووفەوە، من و شالیان ئێستا وێرانەکانی خودی شارەکە لێک دەدەینەوە. سەفەرێک کە خەم و خەفەت مۆرکی خۆی لێ داوە. جاران ئەوێ دوو مزگەوتی سەر بە دەستەی سۆفییەکان، بە منارەی ڕازاوە بە ڕەنگێکی ناسکی موزاییکی شینی لێ بوو. منارەکان ئێستا بە ئەندازەی قەبارەی خۆیان کەوتوونەتە نێو کۆگایەک بەردەوە. بوونەتە تۆپەڵە بەردێک، ئەوان بە بێدەنگی بوونەتە شاهیدی بناژۆخوازیی نەسازاویی ئیسلامییەکان لە نێوخۆی ئایینەکەیاندا. موسڵمانەکانی تەلمەعرووف سەلەفیزمی شۆڕشگێڕیی داعشیان نەدەویست، لە ویست و مەیلی ئەوان بۆ ڕاکێشکردنی هەموو شتێکی ژیانی ڕۆژانە بەرەو توندڕەویی سامیان ڕێ نیشتبوو. پاشان سزا پەرەی سەند، سفت و سۆڵ و بەردەوام بوو - بە توندوتیژییەکی باوی وەکوو جاران. دەستەیەک لە جیهادییەکان لە جەنگەی هەڵمەتێکی شەوانەدا منارەکانیان دینامێت ڕێژ کرد، بێ ڕێزییان بە گۆڕی پیاوچاکان کرد، میز و پیساییان لە هەر دوو مزگەوتەکە کردووە، کورسییەکانیان بەملا و بەولادا پەرش و بڵاو کردووە، لەسەر دیوار نووسیویانە "داعش" تاکوو بەرهەمەکەیان واژۆ بکەن. ماوەیەک دواتر، دەستەکە وەک هەمیشە لەگەڵ دەستکەوتی جەنگی واتە ژن بە مەبەستی دەستدرێژیکردنی بەردەوام گەڕاوەتەوە.
خەڵک کە تۆقاون، ڕایانکردووە، شاریان جێ هێشتووە و ڕۆیشتوون. ئێستا یەپەگە یەکینەیەکی نەگۆڕی بۆ پاراستنی خۆی لەو شارە جێگیر کردووە بەڵام تەلمەعرووف ئیتر هیچ نییە سێبەرێک نەبێ لە نێو دەشتی کوردەوارییدا.
لە کاتی گەڕانەوە بۆ قامیشلی، سەرێک لە شێخ محەممەد ئەلقادری دەدەین، ئەو کەسەی لەگەڵ هەر سەفەرێکدا حەز دەکەم لە تەکیا دابنیشم. ئەم خواجە عەڕەبە بە خەفەتەوە پێی گوتین:
"ئەم ئیسلامییانە پەتایەکی هێندە گەورەن قەت نموونەیان نەبینراوە. چ کارەساتێکە!"
شێخ محەممەد سەر بە تەریقەتی سۆفیگەری قادریە، وەزیری کاروباری ئەوقافی حکومەتی جەزیرەیە. سیمایەکی دیارە. بەردەوام جلی خۆماڵی دەپۆشێ، ڕووخساری خۆشخوڵقییەکی بێگەردی پێوە دیارە، هێشتا گەنجە، بە پارێزەوە جموجوڵ دەکا، هەر دەڵێی لە یەکێک لە چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەوەوە هاتۆتە دەرێ.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: "لە ڕوانگەی ئەم ئیسلامییانەوە، ئێمە هەموومان کافرین. ئێمە عەڕەبە سوننەکانی ڕۆژئاوا چارەی ئەوانمان ناوێ، هەروەها گەلانی تری ئەم وڵاتەش، وەک ئەرمەنییەکان، چەرکەزەکان، ئاسوورییەکان، کوردەکان… دیارە نابێ شیعەکان، مەسیحییەکان و ئیزدییەکانیشمان لە بیر بچێ. تەنانەت برایانی موسڵمان و ئیسلامییەکانی حەماسیش لە ڕوانگەی ئەوانەوە بە پێی پێویست "ڕەسەن" نین. بە جۆرێک لە جۆرەکان، دەتوانین بڵێین شانسێکە ئەوان دژ بە هەموو جیهان شەڕیان ڕاگەیاندووە. ڕق و کین لەم ئیسلامییانە، ئێمەی پتر هان داوە. لەم جەنگەدا یان ئەوان یان ئێمە. وەک دەبینن، ڕێگەی تریان لەبەردەما نەهێشتووینەتەوە."

ڕۆژی ٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤، شەڕی کۆبانێ پێچەوانە دەبێتەوە. جیهادییەکان جارێکی تر لە بەدەستەوەگرتنی بازگەیەکی سنووری شار بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ یەپەگە شکست دێنن. لەو ڕۆژەوە، بەردەوام پاشەکشێ دەکەن. ورەیان دەڕووخێ. سەرەتای مانگی ژانوییە، یەپەگە بە هەموو ئەو هێزەی بۆی ماوەتەوە دوا دژە هێرشی ئەنجام دەدا. جیهادییەکان خۆ ڕادەگرن بەڵام کوردەکان دڕیان پێ دەدەن و تەپۆڵکە ستراتژییەکانی دەوروبەری شار دەخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. ئیتر هاوئاهەنگیی پەلامارەکانیان لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکان قسەی تێدا نییە.
لەگەڵ ئەمەشدا پێکدادان چەندین هەفتە درێژە دەخایەنێ. تا ئەو کاتەی جیهادییەکان بە یەکجاری سەنگ و قورساییان لەدەست دەدەن. ڕۆژی ٢٦ی ژانوییەی ٢٠١٥، وەک دوا تەقەڵا، یەپەگە ئیسلامییەکان بۆ دەرەوەی دیوارەکانی کۆبانێ ڕادەدا. ئەم دوا تێکهەڵچوونانە ئاوێتەی توندوتیژییەکی لە ڕادەبەدەرن، خەسارە مرۆییەکان لە ژماردن نایەن. لە ماوەی چوار مانگدا چەندین هەزار کوژراو و بریندار هەن. سەربازگەی کورد خوێنێکی زۆری لێ چۆڕاوە.
میدیا و جیهانی سیاسیی ڕۆژئاوا سڵاوی ئەم سەرکەوتنە چاوەڕواننەکراوە دەستێننەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ بوێریی پارێزڤانانی کۆبانێ دادەنوێنن. شار بە گشتی تەواو ڕاماڵراوە، ڕۆشنبیرەکانی ڕاگەیاندنەکان دەستە دەستە دەچنە ڕۆژئاوا، سیاسەتمەدارە هەلپەرستەکان بە نۆرەی خۆیان ڕووی تێ دەکەن.
ئاوار بزەیەکی نەرمی لەسەر لێوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر