۱۳۹۵/۱۱/۰۸

چیرۆکێکی پڕ فراز و نشێو


پاتریس فرانچێسکی
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

"کە مەترسیی ڕوویان تێ کردین، ئیتر درەنگە بۆ ئەوەی ڕۆحمان ئامادە بکەین و بەرگەیان بگرین."
سێنێکا، دەربارەی ئاسوودەگی ڕۆح.

کوردەکان نەتەوەیەکی بێ بەختن. کە بەم ڕستەیە دەست پێ بکەین، دەتوانین بە چەند دێڕێک لە مێژووکەیان تێ بگەین. مێژوویەک کە بە دابەشکردنی کارتەکانی، خۆی لە یاریکەرێکی وەرەقی مۆنت هەڵخەڵەتێنەرتر نیشان داوە. لە سەردەمی مۆدێڕندا، ئەم مێژووە کوردەکانی بەسەر چوار دەوڵەتی جیاوازدا دابەش کردووە، لەبەردەم خۆبەڕێوەبردنیان بۆتە ئاستەنگ و ئەوانی خستۆتە ژێر چنگی بێگانە دەسپۆتەکانەوە. هەڵبەت "دەسپۆتیزمی ڕۆشنگەری" نا - کە دیارە زیاتر ڕۆشناییان بە خۆیان دەدا - بەڵکوو کۆنە دەسپۆتی سەردەمی زوو. سەددام حوسێن لە عێراق؟ ئاتیلایەک بە چەکی کیماوییەوە. حافز ئەسەد و بەشاری کوڕی لە سووریا؟ چەنگیزخانێک بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە. ڕەزا پەهلەوی و پاشان خومەینی لە ئێران؟ ساتراپە یەک لەدوای یەکەکانی ڕۆژهەڵات. بەڕێوەبەرانی تورک؟ زاڵمە قەمچی‌وەشێنەکانی گوند.
چل میلیۆن کوردی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بێجگە لەمانە کەسی تریان نەناسیوە. جا هەر وڵاتێک بێ، هەمان تاس و هەمان حەمام. ئەگەر وەک هەڵەبجەی ساڵی ١٩٨٨ گازیان دەرخوارد نەدابن، ئەوا بۆ شوێنی نەگونجاو دووریان خستوونەتەوە، شار و گوندەکانیان ڕاماڵیون، بگرە لێیان قەدەغە کردوون بە زمانی خۆیان بپەیڤن. لەوە بترازێ، چوار دەوڵەتی ئاماژەپێکراو بەردەوام کوردەکانی "خۆیان"یان بێ دوودڵی قۆرخ کردووە، وەک چەکێک بۆ ناسەقامگیریی جیرانەکانیان بەکاریان هێناون، ئەو جیرانانەی ئەگەر لە شەڕی ڕاگەیاندراودا نەبووبن، ململانێیەکی سەختیان پێکەوە هەبووە - بە ئێستاشەوە -. لە ڕابردوویەکی نزیکدا، کۆمەڵێک هاوپەیمانیی هاوبەش هاتوونەتە ئاراوە کە هێندەی کاریگەرییان، ئاڵۆز و شکێنەر بوون. بۆ نموونە، بە درێژایی ساڵانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵانی هەشتاکاندا، خەباتگێڕە سەربەخۆخوازە کوردەکانی ئێران کە پەنایان بردبووە بەر عێراق، لەلایەن ئەو وڵاتەوە هان دەدران بەرەنگاری هێزەکانی ئێران ببنەوە، هاوکات ئێرانیش هەمان مامەڵەی لەگەڵ خەباتگێڕە سەربەخۆخوازەکانی کوردی عێراقی دەکرد کە پەڕیوەی خاکەکەی ببوون. دەرئەنجامی ئەم ئاڵۆزییە، هەتڵەبوونێکی دەگمەن بوو: کوردەکانی دوو وڵات لە جەنگدا خۆیان ڕووبەڕووی یەکتر بینییەوە. هەمان تراژیدیای پاشایەتی "ئووبوو". مرۆڤ دەتوانێ خەون بە چارەنووسێکی باشترەوە ببینێ. ئەمە شوێنەواری خۆی دەبێ.
هەرچی بێ، سەدەکانی ڕابوردوو هێندە دڵخۆشکەر نەبوون. پشکی هەمیشەیی کوردەکان؟ بازنەی - وەک وەرزەکان ڕێک‌وپێک - چەوسانەوە، ڕاپەڕین، سەرکوت. ئەم خەڵکانە بۆ ئەوەی لەناو نەچن، پەیتا پەیتا ناچار بوون بە دوای هاوپەیمانی بەهێزتر لە خۆیاندا وێڵ بن - ئەو هاوپەیمانانەی بە گۆڕینی دۆخی ژیۆپۆلتیک، بەردەوام پشتیان تێ کردوون و هەندێکجار لێیان وەرسووڕاونەتەوە بۆ ئەوەی توونایان بکەن. جێگەی سەرسووڕمانە کە کوردەکان ڕقێکی نەرمیان لە فارس، عوسمانی و عەڕەبەکانە کە بە درێژایی چەندین سەدە چەپۆکی بیزانسییانەیان لەسەر هەڵنەگرتوون.
سەرەڕای ئەمانەش، کوردەکان سێ جار پێیان وا بووە بەخت ڕووی تێ کردوون. یەکەمجار ساڵی ١٩٢٠. ئەو ساڵە، دواجار پەیمانی سێڤر، وەک پاداش بۆ پشتیوانیان لە هاوپەیمانان لە ماوەی جەنگی دژ بە ئیمپراتۆریای عوسمانی و ئاڵمانیا، دواجار دانی بە مافی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ ئەوان دانا. ئەم مافە هەرگیز پیادە نابێ. هەر ساڵی ١٩٢٣، لە پەیمانی لۆزان بێدەنگی لێ دەکرێ. ئەم خیانەتە هەمیشە لە زاکیرەی جەمعی کوردەکاندا ئامادەیە.
دوو کەڕەتەکەی تر، هەر کە دێن خۆیان ڕزگار بکەن، خەونەکانیان دەبنە بڵقی سەر ئاو. ئەمەش چیرۆکی دوو کۆماری کورتخایەنە. یەکەمیان ساڵی ١٩٢٧ لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا لەدایک دەبێ و بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن بریتانیاوە پشتیوانیی لێ دەکرێ. ئەم کۆمارە چوار ساڵ دواتر بە زەبری عەسکەریی ئەنقەرە، لە کاتێکدا گۆڕانکاریی بەسەر سیاسەتەکانی بریتانیا داهاتبوو، لەناو برا. کۆماریی دووهەم کە لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە پشتیوانیی لێ دەکرا، لەوەی پێشوو کەم تەمەن تر بوو. کەمتر لە ساڵێکی خایاند و ساڵی ١٩٤٦، لە مەهاباد کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە، ڕاگەیەنرا و سەرۆککۆمارەکەی، قازی محەممەد هەر لەو شارە لەلایەن هێزەکانی تارانەوە لەسێدارە درا.
لێ مێژووی "کۆماریی مەهاباد" دەبێتە یەکێک لە بناغەکانی ڕۆمانتیزمی شۆڕشگێڕیی کورد. دەبێتە نموونەیەکی سەمبۆلێک بۆ ئەوەی چیتر دەرفەتەکان لە کیس نەدرێن. ئەفسانەی مەهاباد شایانی چەند وشەیەکە. هەموو شتێک بە شانسێکی کت‌وپڕ دەست پێدەکا. دەسپێکی جەنگی جیهانیی دووەم، بریتانیا دەکەوێتە ئێرانەوە تاکوو ناوچە نەوتاوییەکانی باشووری وڵات داگیر بکا، ئەوە لە کاتێک دایە کە سۆڤییەت لە باکوور خۆی سەقامگیر کردووە. سەربازە ئێرانییەکان دەست لە خۆیان بەردەدەن، بشێوی هەموو شوێنێ دادەگرێ. لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، کوردەکان لەناکاو خۆیان ئازاد دەبینن - بۆ یەکەمجار بێ ئەوەی بەدوایدا وێڵ بن. تەنزی مێژوو. ئەوان بۆ ئەم مەبەستە، چاوەڕوانی موعجیزە نابن. خاوەنی کۆمەڵێک سەرکردەی بەرچاو و حزبێکی ڕێکخراون، واتە کۆمەڵە [ی ژێ.کاف] کە دواتر دەبێتە حدکا، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سکرتێری ئەم حزبە، قاسملوو، ساڵی ١٩٨٩ لە ڤیەننا لەلایەن دارودەستەی ڕژێمی ئیسلامیی تارانەوە تیرۆر دەکرێ.
هاوکات، ساڵی ١٩٤٣، کوردەکانی کۆمەڵە دەست بەسەر شاری مەهاباد و ناوچەکانی دەوروبەریدا دەگرن. بە پەلەپەل خۆیان ڕێک دەخەن - بێ ئەزموونێکی ئەوتۆ بەڵام شارەزایانە. وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە سووریا ڕوو دەدا. هێزەکانی سۆڤییەت ورەیان بەرز دەکەنەوە و یارمەتییان دەدەن. وەک دواتر دەبینین دەبنە هاوپەیمانی هەل‌ومەرجەکە. دوو ساڵ دواتر، واتە ژانوییەی ١٩٤٦، کوردەکان بە گوێرەی پێویست متمانەیان بە چارەنووسی خۆیان و پشتیوانیی مۆسکۆ بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی لەسەر خاکەکەیان و بەناوکردنی وەکوو کۆمار هەیە. مەهاباد بە پایتەخت ڕادەگەیەنرێ، قازی محەممەد دەبێتە سەرۆککۆمار. قازی محەممەد کەسایەتییەکی نێو ڕۆمانەکانە، کاریزماتیک، پتەو و لە خۆبردووە و ڕواڵەتی فریشتەی ڕزگاریبەخشی هەیە. ژەنەڕاڵە گشتییەکەی مستەفا بارزانیی ناوە: سەربازێکی چوارشانە، بە هەیبەت و هێمای خەباتگێڕێکی چیاکان لە ڕوانگەی شەڕکەرەکانییەوە، یان بە واتا ناسراو و ئەدەبییەکەی پێشمەرگەکان: "ئەوانەی وە پێش مەرگ دەکەون". بارزانی، بەهۆی ئەو مێژوویەی پێشتر هەیبوو، لە ناو خەباتە چەکدارییە ئەفسانەییەکان و ڕێپیوانیی مێژوویی هاوشیوەی مائۆ تسێ توونگ، بوو بە سیمای هەرە ناسراوی شۆڕشیی هاوچەرخی کورد. لە شاری مەهاباد، بەر لەوەی کۆمار بڕووخێ، ژنەکەی کوڕێکی بە ناوی مەسعوود هێنایە دونیا کە ئێستا سەرۆکی کوردستانی ئۆتۆنۆمی عێراقە.
خەونی سەربەخۆیی، سێ مانگ پاش لەدایکبوونی ئەم میراتگرە، ڕێک ٢٧ی نۆڤەمبری ١٩٤٦ دامرکا. ئەو ڕۆژە، دارودەستەی شای نوێی ئێران هەڵیانکوتایە سەر مەهاباد. سۆڤییەت کەوتبووە نێو هاوپەیمانییەتییەکی سەیری پێچەوانەوە. بە لەبەرچاوگرتنی کەڵک وەرگرتن لە نەوتی ئێران، ڕێگەی خۆیان هەڵبژاردبوو: زێڕی ڕەشی پاشاکەی تاران لەبری چیا وشک و برینگەکانی دیموکراتەکەی مەهاباد. خیانەتێکی دیکە.
جەنگ کورتخایەن و دژوارە. پێشمەرگەکان ناتوانن بە تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر خۆ ڕابگرن. مستەفا بارزانی لەگەڵ پاشماوەی هێزەکەی بەرەو عێراق شۆڕ دەبێتەوە، پاشان، هاوکات لەلایەن تورکەکان، ئێرانییەکان و عێراقییەکانەوە گەمارۆ دەدرێ، لەتەک باقیی پیاوەکانی کە کەمتر لە هەزار کەس دەبوون، پەنا دەبەنە بەر تاکە وڵاتێک کە بە جوامێرییەکی هەڵخەڵەتێنەرانە وەریاندەگرێ: یەکێتیی سۆڤییەت کە تازە پشتی بەرداون… قازی محەممەد پابەندە بە ئیماژەکەی و ئامادە نییە شار جێ بێڵێ. ئێرانییەکان قۆڵبەست و دادگایی دەکەن و دواتر لە مەیدانیی ناوەندی شاری مەهاباد لەسێدارەی دەدەن. جەستەی دوو ڕۆژ بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە تاکوو ببێتە وانەیەک بۆ خەڵکی تر.
ئەمڕۆکە، مەهاباد بۆتە شارێکی تووک لێکراو. زەمەن تێپەڕیوە بەڵام هیچ شتێک ئارام نەبۆتەوە. دەستی پۆڵایینی سوپای ئێران، سفت و سۆڵ هەروا لە بان سەری شارە. سەمبۆلی پێشووی سەربەخۆیی کورد، بە هۆی ئەو جەسارەتەی پێشتر نواندوویەتی، شارێکی چەوساوە، زوڵملێکراو و بێزراوە.
ئەو بیرۆکەیەی کە چارەنووسێکی هاوشێوە ڕۆژێک لە ڕۆژان کوردستانی سووریای ئازاد بگرێتەوە، موچوورک بە لەشی ئاوار تامیادا دێنێ.  

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر