۱۳۹۵/۱۱/۰۳

وتوێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ


 (سه‌ڵاح بایه‌زیدی) یه‌كێكه‌ له‌ وه‌رگێره‌ ناسراو و دیاره‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ناو دونیای وه‌رگێڕانی كوردی و خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی وه‌رگێڕدراوه‌ له‌ زمانی فەرەنسییەوە بۆ كوردی، تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.

سازدانی: شاخەوان سەدیق
 
بارگاس یۆسا دەڵێت "وەرگێڕەکان شکست خواردووەکانی ناو دونیای ئەدەبن" واتە ئەوانەی نەیان توانیوە ببنە ئەدیبی باش ڕوویان کردۆتە وەرگێڕان و بونەتە وەرگێڕی باش، ئەم بۆچوونە بە بڕوای تۆ تا چەند ڕاستە؟ تۆ بۆ دەستتکرد بە وەرگێڕان؟

بە ڕای من وەرگێڕان تا ڕادەیەک کۆسپە لە بەر دەم ئەوەی ببیتە ئەدیبێکی باش، چونکە ئیتر ناتوانی وەکوو پێویست کات بۆ نووسینی خۆت تەرخان بکەی. لە نووسیندا تووشی وەسوەسەت دەکا، چونکە ئیدی بە هەر دەقێک ڕازی نابی. یان دەنا ڕێگر دەبێ لە بەردەم ئەوەی ستایلێکی نووسینی تایبەت بە خۆت بدۆزیتەوە. ئەگەر وەرگێڕان بوو بە خولیا، بەردەوام هەست دەکەی کاری وەرگێڕانت زۆرە و دەکرێ بیرۆکەکانی خۆت وە لاوە بنێی و دواتر کاریان لە سەر بکەی. هەتا لە وەرگێڕاندا پڕکارتر بی، لە نووسیندا تەوەزەلتر دەبی. ئەو کاتەی کە بۆ وەرگێڕانی تەرخان دەکرێ، ئەگەر بێت و بۆ دەقێکی خۆت تەرخان بکرێ، بێگومان چەندەش لە سەرەتادا لاواز بێ، بە پێی ئەزموون دەگۆڕدرێ و شتێکی پوختی لێ دەردەچێ. محەممەدی قازی و ئیبراهیمی یۆنسی لەو دوو وەرگێڕە پڕکارە بە ڕەچەڵەک کوردانەن کە خزمەتی ئەدەبیی فارسییان کردووە و سەلماندوویانە کە دەکرا ئەدیبی باش بن. محەممەدی قازی بە ڕۆمانی "زارا" و "بیرەوەرییەکانی وەرگێڕێک" و ئیبراهیم یۆنسیش بە چەند ڕۆمانێک وەک "دادا شیرین" و "نزا بۆ ئارمێن". لە لایەکی ترەوە، وەک چۆن کاری وەرگێڕان ڕەنگە زەبر لە نووسین و داهێنان بدا، ئەوەندەش ئەدیب بوون بۆی هەیە زیانی بۆ وەرگێڕان هەبێ. لەوانەیە ئەدیبێکی باش وەرگێڕێکی باش نەبێ. ستایل و سەلیقەی خۆی بە سەر دەقە وەرگێڕدراوەکەدا بسەپێنێ. بوودلێر شاعیر و نووسەرێکی بەناوبانگی فەرەنسییە، هاوکات لە ئینگلیزیشەوە کاری وەرگێڕانی کردووە، لەوانە "قەلەڕەش"ەکەی ئێدگار ئالێن پۆی کردۆتە فەرەنسی، بەڵام بە ڕای زۆربەی ڕەخنەگران وەرگێڕانێکی بوودلێریانەیە، ئەوەندەی لە دەقەکەدا بوودلیر دەبینرێ، ئێدگار ئالێن پۆ نابینرێ. لە کوردیشدا نموونەی وامان هەیە، وەرگێڕانی شیعرەکانی خەییام لە لایەن مامۆستا هەژارەوە، وەرگێڕانێکی هەژارانەیە. ئەوەندەی هەژار دەبینرێ خەییام نابینرێ.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەشت دەبێ بڵێم ئەو حەزە گەورەیەی بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان و ئەدەبی جیهانی هەمبوو خولیای وەرگێڕانی لە مندا بەدی هێنا. یەکەم بەرهەمی چاپکراوم وەرگێڕانی کورتە چیرۆکێکی تەنز بوو لە زمانی فارسییەوە کە کاتی خۆی لە گۆڤاری "سروە"دا بڵاو بۆوە. دواتر بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەم بە کاری وەرگێڕان دا و لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابردوو، لە هیچ هەلومەرجێکدا وازم لێ نەهێناوە و لێی پاشگەز نەبوومەتەوە.

هەمیشە دەوترێت وەرگێڕان نووسینەوەی دەقێکی نوێیە لە لایەن کەسی وەرگێڕەوە، ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟ پێتان وایە وەرگێڕان دەتوانێت ڕۆحی زیندووی تێکستەکان بگوازێتەوە؟  

وەرگێڕان نووسینەوەی دەقێکی نوێ نییە بەڵام هیچی لە نووسین کەمتر نییە، بۆیەش وەرگێڕ دەبێ لە هەمانکاتدا نووسەر بێ. بەڵام قەڵەمی وەرگێڕ وەک هی نووسەر قەڵەمێکی ئازاد و ڕەها نییە، کۆمەڵێک سنوور و چوارچێوەی دیاریکراوی هەیە. لێرەدا، وەرگێڕ دەتوانێ بەرگێکی نوێ بە باڵای دەقدا ببڕێ. بۆ نموونە ئەگەر ڕۆمانێکی وەرگێڕدراوت خوێندەوە و هەستت کرد کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە جلی کوردیان لەبەر دایە یان فەزای گوند و شوێنێکی نیشتیمانی خۆت لە مێشکتدا وێنا بوو یان دەنا هەست بکەی کەسەکان بە کوردی قسە دەکەن، ئەوە بزانە ڕۆحی زیندووی تێکستەکە گوازراوەتەوە.

ئێستا لە کوردستان پڕۆسەی وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمە دەکرێت، پێتان وایە ئەم جۆرە وەرگێڕانە، وەرگێڕانی زیندوو بێت، ئایا تا چەند دەقەکە جوانیی خۆی دەپارێزێت لەم جۆرە وەرگێڕانانەدا. 

 پەیوەندیی بەوەوە هەیە ئەو زمانە دووەم و سێیەمە کام زمانن. ئەگەر ئەم زمانە دووهەمە زمانێکی ئەوروپی بێت، بە ڕای من گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە ڕوو نادا، زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانی پشت بە وەرگێڕانێکی ئینگلیزی ببەستی کە لە هەنگاری یان یۆنانییەوە کراوە، یان وەرگێڕانێکی فەرەنسی کە لە پورتوگالی و ئیسپانییەوە کراوە، چونکە گۆڕانکاریی بە سەر وشەکاندا نایە، ستروکتوری دەق ناگۆڕدرێ. هەڵبەت دیسان ئەگەر لە زمانی یەکەمەوە بێ باشترە، بەڵام هەندێک زمان هەن، لەوانەیە لە هەموو نەتەوەی کورددا یەک دوو ئەدیب ئاشنای نەبێ، بۆیە بە ناچاری لە زمانی دووەمەوە دەبێ وەربگێڕدرێن. ئەو پاشاگەردانییەی لەمەڕ وەرگێڕان لە لای خۆمان و جیرانەکانمان هەیە، لێرە نییە یان کێشەکان لەو ڕووەوە بە ڕادەیەک چارەسەر کراون کە ئیتر نابینی باسی لێوە بکرێ. بەڵام بۆ زمانی فارسی وا نییە کە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ وەرگێڕە کوردەکان. ناتوانی متمانە بە هەر وەرگێڕێکی فارس بکەیت. فەوزایەکی گەورە لە وەرگێڕانی فارسیدا هەیە. ئیتر وای لێ هاتووە هیچ سنوورێکی ئەخلاقی ناناسێ. من ڕۆمانێکی وەرگێڕدراوی فارسیم خوێندەوە وەرگێڕەکەی وشەی ''بەراز"ی لە نێو کتێبەکەدا کردبوو بە ئاژەڵ، ئاژەڵەکان. لە زۆر جێدا، پێش ئەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئێران کارەکانیان سانسۆڕ بکا، بۆ خۆیان سانسۆڕی دەکەن بۆ ئەوەی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانیان بڵاو ببێتەوە. ئەمە تەنیا نموونەیەکی بچووکە لە سانسۆڕێک کە وەرگێڕ بە سەریدا سەپاوە یان دڵخوازانە کردوویەتی و زۆریش بێمانایە. ئیتر بمێنێتەوە ئەوەی دەقەکان دەفارسێندرێن، ئیدیۆم و دەستەواژەکان دەگۆڕدرێن. هەست دەکەم لە نێوان زمانی فارسی و عەڕەبیدا پتر دەتوانی پشت بە زمانی عەڕەبی ببەستی و ڕەنگە ئەگەر هەر ناچار بی وەرگێڕانێکی دەستی دوو و سێ بکەی، لە عەڕەبییەوە بێت کەموکوڕی کەمتر بێ.

ئەو بنەما سەرەکییانە چین کە دەبێت لە کەسی وەرگێڕدا هەبن، ئایا زانینی زمانێک بەتەنها دەتوانێ وا لە مرۆڤ بکات توانای وەرگێڕانی تێکستەکانی هەبێت، وەرگێڕان پیشەیە یان زانستە یان هونەرە؟  

وەرگێڕان لە کوردستان هێشتا نەبۆتە پیشە یان زانست و زیاتر هونەر یان خولیا و حەزێکی تاکەکەسییە. پیشە نییە چونکە دەتوانم بڵێم هەموو وەرگێڕێکی کورد لە پەراوێزی ژیانی ڕۆژانەدا کاری وەرگێڕان دەکا، بۆ بژیوی ژیان ناچارە پەنا بۆ کاری تر ببات و وەختی پشوو و حەسانەوەی بۆ وەرگێڕان دابنێ، وەرگێڕانی کوردی لە پەراوێز و بە ماندوویی دەکرێ و لەوانەیە ئەوەش بە نۆرەی خۆی کاریگەریی لە سەر کوالیتی وەرگێڕان هەبێ. نەبۆتە زانستیش چونکە کۆڕ و ناوەندی تایبەت بە وەرگێڕان دروست نەبوون و وەرگێڕی کورد بە هەوڵی خۆی، خۆی پێدەگەیەنێ و دەرچووی زانکۆ یان ناوەندێکی تایبەت بە وەرگێڕان نییە. دواتر بەرهەمی وەرگێڕدراویش، نە بە باش نە بە خراپ قسەی لەسەر ناکرێ و هەڵناسەنگێنرێ. 
سەبارەت بە وەرگێڕانێکی باش و سەرکەوتوویش، بە بۆچوونی من  زانین و شارەزابوون بەسەر زمانی دەسپێک و زمانی مەبەستدا مەرجە، بەڵام بە تەنیا بەس نییە. وەرگێڕ دەبێ لەو بوارەدا ئاگادار بێ کە کاری لە سەر دەکا. دیارە ئەمڕۆکە ئەنتەرنێت لەچاو ڕابردوو دەرفەتێکی زیاتری بۆ وەرگێڕەکان ڕەخساندووە و لە هەندێک ڕووەوە ئاسانکاری بۆ کردوون. بۆ نموونە وەرگێڕێک زۆر بە سانایی دەتوانێ سەبارەت بە فەرهەنگ و نەریتی ناوچەیەک  یان سەبارەت بە ناو، شوێن، کەسەکان و زۆر شتی تر زانیاری بەدەست بێنێ. هەڵبەت ئەمە لە پێشخستنی توانا و دەسەڵاتی وەرگێڕدا بەو شێوەیە دەور نابینێ و تەنیا دەتوانێ کێشە تەکنیکییەکانی چارەسەر بکا.

وەرگێڕان دەتوانێت چ ڕۆڵێک لە بەرەوپێشەوەبردنی کتێبخانەی کوردیدا بگێڕێت؟ بۆ هەوڵ نەدراوە وەرگێڕانی پێچەوانە بکەن، واتە بەرهەمە کوردییەکان وەربگێڕنە سەر زمانە بیانییەکان، پێتان وا نییە لە ئێستادا ئەوە پێداویستییەکی گەورەیە؟

 وەرگێڕان ڕەفە بەتاڵەکانی کتێبخانەی کوردی دادەگرێ و ڕەفەی نوێی پێوە زیاد دەکا، نەتەوەیەک چەندەش خاوەنی کتێب و نووسەر بێ، دیسان پێویستی بە وەرگێڕانە. خاڵی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە ئەو نەتەوانەی خاوەنی زۆرترین کتێب و دەوڵەمەندترین زمانن، زیاتر لەوانی دیکە گرنگی بە وەرگێڕان دەدەن و لەو بوارەوە چالاکترن. کتێبی وەرگێڕدراویان لە هی نووسراو پترە. وەرگێڕان، دەتوانێ بە هانای کتێبخانەی کوردییەوە بێ، دەوڵەمەندی بکا و ڕەنگ و بۆی پێ ببەخشێ. دەتوانێ لە داهێنان و نوێگەریدا ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێ.
لە وەرگێڕانی پێچەوانەدا، بە پێچەوانەی وەرگێڕان بە زمانی کوردی هەوڵ و خولیای وەرگێڕ بە تەنیا بەس نییە، هەندێک فاکتەری دیکە دێنە گۆڕێ: هەڵبژاردنی دەق، دۆزینەوەی وەشانخانە، تیڕاژ و ڕێژەی خوێنەران. زۆر شت کە ڕەنگە لە وەرگێڕانی دەقێکدا بە کوردی بیری لێ نەکرێتەوە. ئەوەی ڕاستی بێ من خۆم تاقیم نەکردۆتەوە تا بزانم کەند و کۆسپەکانی بەردەمی چین.

ئەو دۆخەی ئێستا وەرگێڕانی پیادا تێپەڕ دەبێت لە هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن، پێتان وایە زۆر و بۆریی لە وەرگێڕاندا هەیە، کێ بەرپرسیارە لەو دۆخە و چی بکرێت بۆ باشتربوونی؟ 

 وەرگێڕان هەتا زۆر بێ باشترە، ئەوەی لە کوردستان دەکرێ، زۆر نییە، هێشتا بە سەدان شاکاری کلاسیک هەن بۆ سەر زمانی کوردی وەرنەگێڕدراون، ڕەنگە بۆ خۆمان پێمان وابێ زۆرە چونکە درەنگ دەستمان پێ کردووە. بەڵام بۆربوون لە وەرگێڕاندا بەدی دەکرێ، پاشاگەردانییەک هەیە و بە پلەی یەکەم دەزگاکانی چاپ و پەخش لێی بەرپرسیارن. ئەو دەزگایانە دەبێ هەموو وەرگێڕانێک بڵاو نەکەنەوە و لیژنەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو کتێبانە پێک بێنن کە بە نیازن بڵاویان بکەنەوە و لە بڕیارداندا هەستیارتر بن. بە تایبەت گرنگی بە زمانی کوردی بدەن کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی وەرگێڕانی کوردی.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر