وتوێژی ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵ لەگەڵ جوان حاجۆ
له تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
جوان حاجۆ، له ژێر سێبه‌ری بیره‌وه‌رییه‌کانی مناڵی و له داوێنی شێعره‌کانی شاعیری کورد جگه‌رخوین، پاش پێنج ساڵ به ئاڵبۆمی ''ڤه‌گه‌ڕ" گه‌ڕایه‌وه. ئه‌و موزیسیه‌نه کورده‌ی سووریا ده‌ڵێ ''رۆژێک بێگومان ئه‌و شه‌ڕه کۆتایی دێ..''
پێم‌خۆش بوو ئه‌م وتوێژه به کوردی ئه‌نجام بده‌م، لێ به‌لێ به ئینگلیزی قسه‌مان کرد. له به‌ر ئه‌مه‌ش، زۆر قسه‌ی باشتر که ده‌بوو کردبامان، نه‌کران.
ئه‌وکات تۆ بچۆ بۆ کۆرسی زمانی کوردی و منیش فێری تورکی ده‌بم. به‌مجۆره کێشه‌مان نامێنێ...
ئه‌گه‌ر کێشه‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چاره‌سه‌ر کرابان، له‌وانه بوو پێویست به کۆرسی زمان نه‌کا..
به‌ڵێ...
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌ڵبۆمه نوێیه‌که‌تان، هه‌ندێک باسی "ڤه‌گه‌ڕ"مان بۆ بکه..
ئه‌و گۆرانیانه‌ی له‌و ئه‌ڵبۆمه‌دا گونجێنراون، ئه‌و ئاواز و گۆرانیانه‌ن فڕچکم پێ گرتوون و لەگەڵیان گه‌وره بووم، له سه‌رده‌می مناڵیما، له ته‌مه‌نی ١٤، ١٥، ١٦ ساڵیدا... ئه‌و گۆرانییانه‌ی ئه‌وکات له ڕادیۆ گوێم لێ ده‌بوون.. ئه‌وده‌م دڵخۆش بووم، ئێستاش که به بیریان دێنمه‌وه، هه‌ست به دڵخۆشی ده‌که‌م.
له ئاڵبۆمه‌که‌تاندا نووسراوه ئه‌و کات گوێتان له ڕادیۆی ''تی ئاڕ تی'' ڕاگرتوه، به‌ڵام بۆ خۆتان ده‌ڵێن ڕادیۆی دیاربه‌کر بووه.
نازانم کامیان بوو. ئێمه پێمانده‌گوت ڕادیۆی دیاربه‌کر. بنه‌ماڵه‌که‌م لەگەڵ سه‌رهه‌ڵدانی شێخ سه‌عید، له ''میدیات''ه‌وه ناچاری کۆچی زۆره‌ملێ کران بۆ سووریا. مامه‌کانم به تورکی قسه‌یان ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌من لێیان تێنه‌ده‌گه‌یشتم. کاتێک گوێم له ڕادیۆش ده‌گرت، له گۆرانییه‌کان تێنه‌ده‌گه‌یشتم به‌ڵام حه‌زم له مۆسێقاکه‌ی بوو.
ئه‌وکات له ماڵی ئێوه‌دا باسی سه‌رهه‌ڵدانی شێخ سه‌عید ده‌کرا؟
به‌ڵێ، به‌ڵام شتێکی ئه‌وتۆم له بیر نه‌ماوه‌ته‌وه. ئه‌و شوێنه‌ی لێی نیشته‌جێ کراین، هیچ ئاوه‌دانییه‌کی لێ نه‌بوو. هاوکات لەگەڵ ئێمه، سوریانی و ئێزدیه‌کانیش کۆچبه‌ر کرابوون و ئێمه‌ش هه‌ر وه‌ک گونده‌که‌ی تورکیا، له سووریاش گوندێکمان دروست کرد (به پێکه‌نینه‌وه). له‌و قۆناغه‌دا، هاموشۆی سه‌ربازه فه‌ره‌نسییه‌کانم له بیره.
مناڵیتان ته‌واو بوو و ڕۆیشتنه به‌رلین. پاش ١٥ ساڵ گه‌ڕانه‌وه گونده‌که‌تان، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان عه‌ره‌به‌کان له‌وێ ده‌ژیان...
سه‌ره‌تا تورکه‌کان ئێمه‌یان له سه‌ر خاکه‌که‌مان وه‌ده‌رنا و پاشان عه‌ره‌به‌کان. تورکه‌کان ده‌ڵێن "خاکه‌که‌تان مه‌ده‌ن به‌وان". ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه و له گوندیش هیچکه‌س نه‌ماوه. سه‌ر له‌نوێ ناچاری کۆچی زۆره‌ملێ بووین. بێگومان کۆچی دووهه‌م له هی یه‌که‌م قورس‌تر و ناخۆشتره. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر چی خاکه لێت زه‌وت بکه‌ن، ئه‌وه واته ''ئێره جێ بهێڵن''. دیاره هه‌موو ئه‌مانه مایه‌ی خه‌فه‌تن.
وه‌ک خۆت ده‌ڵێی ئه‌م ئازارانه هه‌سته‌کانتی پیر کرد. ئایا ئه‌م ئازارانه سارێژ ده‌کرێن؟
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ژانانه کۆتای‌یان بێ ده‌بێ هه‌ندێک شت ئیدی بگۆڕدرێن. پێویسته خێرا بگۆڕدرێن.
ساڵی ٢٠٠٣، له کاتی پێشکه‌شکردنی کۆنسێرتی "باتمان"دا، مه‌سه‌له‌ی "کرانه‌وه به ڕووی کورد" له ڕۆژه‌ڤ دابوو. ئه‌و ئاسته ده‌بینی که پێی گه‌یشتووین.
که‌شوهه‌وای کۆنسێرتی "باتمان"م له بیر ناچێ، نائاسایی بوو. هه‌مووان له ئاشتیدا ده‌ژیان، ده‌تگوت هه‌رچی کێشه‌یه چاره‌سه‌ر کراوه. گوتم "خوایه گیان شوکرت. دواجار ته‌واو بوو!" به‌ڵام پاشان کۆمه‌ڵێک شت ڕوویاندا و ئه‌و که‌شوهه‌وایه گۆڕدرا.
بۆیه گۆڕدرا چونکه هیچ ڕووی نه‌ده‌دا..
با وای دابنێین به‌ڵام چونکه من سیاسه‌تمه‌دار نیم باسی هۆکاره‌کان ناکه‌م. هیوادارم ڕۆژێ دابێ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بن و له ناو فه‌زای ئاشتیدا بژین. ته‌نیا شتێک که له ده‌ستم دێ ئه‌وه‌یه هیوادار بم ڕۆژێک ئه‌مه ڕوو بدا.
ساڵی ١٩٨٩، له گۆرانی "گرتیێن ئازادیێ"دا، به‌سه‌رهاتی ئه‌و به‌ندکراوانه‌ت گێڕایه‌وه که له گرتووخانه‌کان به دژوارترین شێوه ئه‌شکه‌نجه کراون. ئه‌مڕۆکه‌ش زۆر کورد و تورکی نه‌یار له گرتووخانه‌کان دان. له‌وانه‌یه وه‌کوو جاران ئه‌شکه‌نجه په‌یڕه‌و نه‌کرێ، به‌ڵام... به‌ڕای ئێوه چی گۆڕدراوه؟
هه‌ر دووکیان یه‌ک شتن. گرتووخانه، گرتووخانه‌یه. زۆر جێگه‌ی داخه. به‌رده‌وام پێم وابووه مرۆڤه‌کانی تورکیا، خه‌ڵکانێکی به‌هێزن. تورکیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر گرنگه. ئه‌گه‌ر کورد و تورک، وزه‌کانیان یه‌ک بخه‌ن، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن. جا له‌وانه‌یه له ماوه‌ی ساڵێک، یان دوو ساڵ یاخود پێنج ساڵ.. تورکیا ده‌یه‌وێ ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بێ. بوونی ئه‌و هه‌موو مرۆڤه له گرتووخانه، له تورکیا ناوه‌شێته‌وه. ڕۆژنامه‌گه‌لی وه‌ک نیۆیۆرک تایمز و تێلێگرافیش هه‌ر وا ده‌ڵێن. چاره‌سه‌رنه‌کردنی ئه‌مانه به ڕاستی جێگه‌ی داخه.
سوریاش لێی ناوه‌شێته‌وه وڵاتێک بێ ئازادی نه‌وێ.
به داخه‌وه. ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی، ناچاره به‌م گۆڕانکارییه‌دا تێپه‌ڕێ. پێموایه هه‌موو شتێک به‌ره‌و باشی ده‌ڕوا.
شیعری "ئه‌سمه‌ر"تان له ته‌مه‌نی ١٤ ساڵیدا نووسیوه. پێموابێ گۆرانییه‌کی عاشقانه‌یه.
ئه‌و کات عاشقی زۆر کچان بووم. مانگێک عاشقی کچێکی عه‌ره‌ب ده‌بووم و مانگی دوایی عاشقی کچێکی دیکه..
ئێستاش خێرا خێرا عاشق ده‌بی؟
نه‌خێر. ئێتر ژیانی هاوسه‌ریم پێک هێناوه. دوو مناڵم هه‌یه. ئیتر کاتی ئه‌وه هاتووه مناڵه‌کان عاشق بن...
له ڕاستیدا ده‌تتوانی لەگەڵ "یڵدز تیلبه"ش کارێکی هاوبه‌شی هونه‌ری بکه‌ی. پێموایه ده‌نگی "تیلبه" زۆر له هی "ماچه‌ک" دێته‌وه.
بۆچی نا. ده‌نگێکی زۆر خۆشی هه‌یه. چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له نۆروێژ، لەگەڵ هاوڕێیه‌کم له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه گوێمان له ده‌نگی یڵدز تیلبه ده‌گرت. ئه‌وکات ناسراو نه‌بوو. هاوڕێیه‌کم گوتی "ئه‌م کچه زۆر به‌ناوبانگ ده‌بێ". هه‌ر واش بوو.
ئه‌ڵبۆمه نوێیه‌که‌تان شیعری شاعیرانی وه‌ک سه‌یدایێ گه‌رۆک و جگه‌رخوینی تێدا گونجێنراوه. وه‌ک خۆت ده‌ڵێی له گۆرانی "هه‌ست"ی ئه‌ڵبۆمی "ڤه‌گه‌ڕ"دا، له حزووری جگه‌رخوینی شاعیر داین. ڕێبازی ئه‌و شاعیره چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
ئه‌گه‌ر باسی ده‌قێکی زۆر کۆنی جگه‌رخوین بکه‌م، ده‌بێ بڵێم به‌رده‌وام گوتویه‌تی "ئێمه ئاشتیخوازین، ئێمه ئازادیخوازین. من ده‌مه‌وێ لەگەڵ تۆدا بژیم، به‌ڵام تۆ قه‌بوڵی ناکه‌ی."
ئه‌ی ئه‌و کاته‌ی له قوتابخانه به عه‌ره‌بی ده‌رست خوێند..
زۆر زۆر قورس بوو. له ماڵه‌وه زمانێکی جیاواز، له قوتابخانه زمانێکی دیکه. ئه‌مه ناکۆکه لەگەڵ پره‌نسیپه‌کانی مرۆڤایه‌تی. تێناگه‌م بۆچی ده‌بێ له ته‌مه‌نی پێنج – شه‌ش ساڵاندا مناڵان ناچاری ئه‌و شێوازه بکرێن، ده‌ره‌وه‌ی پێوانه‌کانی مرۆڤایه‌تییه.
چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وپێش، ماری بوان بۆ سازدانی کۆنسێرتێک هاته ئه‌سته‌نبوڵ و وتوێژێکم لەگەڵ ئه‌نجام دا. گوتی هاوڕێیه‌کی نزیکی تۆیه و پشتیوانی له جووڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورد ده‌کا. بوان، به ڕه‌چه‌ڵه‌ک سامییه. ئه‌وانیش له سکاندیناوی، هاوشێوه‌ی کورده‌کان، شه‌ڕێکی ڕزگاریخوازانه‌یان به‌ڕێوه بردووه. گوتی پاش ٧٢ ساڵ توانیویانه به زمانی خۆیان قسه بکه‌ن. له‌م خاکانه‌دا، کورده‌کان ده‌بێ چه‌ند ساڵی دیکه چاوه‌ڕوان بن؟
سامییه‌کان له سوید په‌رله‌مانی خۆیان هه‌یه. مناڵان له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییدا، به زمانی خۆیان وانه ده‌خوێنن. دوایی زمانی سویدیش فێر ده‌بن. هیوادارم ئێمه‌ش به‌م مافانه بگه‌ین. ته‌نانه‌ت به‌وه‌نده‌ش زۆر دڵخۆش ده‌بم. ئه‌وان خاکی خۆیان هه‌یه، په‌رله‌مانته‌ری خۆیان هه‌یه و به ئاشتی و له ئازادی‌دا ده‌ژین. به دوو زمان ده‌په‌یڤن و زه‌خت و زۆری سویدیان له سه‌ر نییه. دڵنیام ئێره‌ش وای لێ دێ. به‌ڵام که‌ی؟ وەڵامی ئه‌م پرسیاره ناده‌مه‌وه. مرۆڤه‌کانی ئه‌م وڵاته ژیر و تێگه‌یشتوون. به‌ڵام که باسی ئازادی ده‌که‌ی، به جۆرێک قسه‌که‌ت وه‌رده‌گرن وه‌ک ئه‌وه‌ی پلانێکی ترت به ده‌سته‌وه بێ. پێویسته چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ ئه‌مه بدۆزرێته‌وه. من مرۆڤێکی گه‌شبینم. ڕاسته شتی دڵخۆشکه‌ر ڕوو نادا، به‌ڵام له داهاتوودا ئاوا نامێنێته‌وه.
له یه‌که‌م ئه‌ڵبۆمی یاساییتان له تورکیا به ناوی "سی و سه گولـله"، شیعری به‌ناوبانگی سی و سه گولـله‌تان خوێندووه. ئایا به نیازن به‌رهه‌مێکیش تایبه‌ت به کوژراوانی ڕۆبۆسکی ئاماده بکه‌ن؟
بیستنی هه‌واڵێکی له‌و چه‌شنه کاریگه‌رییه‌کی زۆر له سه‌ر مرۆڤ داده‌نێ، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و قوربانییانه مناڵ بن. به‌ڵام پێموانییه ئێستا گۆرانییه‌ک ئاماده بکه‌ن. بۆ ده‌ربڕینی ئه‌و هه‌ستانه، قۆناغێک پێویسته. ئه‌گه‌ر پرسیار بکه‌ی چ هه‌ستێکم هه‌یه، ئێستا منیش وه‌ک تۆ به‌داخه‌وه‌م. به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که هه‌موو که‌سێک پێویسته خه‌مبار بێ... هیودارم ئه‌م ڕووداوانه کۆتای‌یان بێ. مرۆڤه‌کان له ئاشتی و ئازادی‌دا بژین..
ده‌ڵێن "من سیاسه‌تمه‌دار نیم" به‌ڵام له مۆسیقاکه‌تاندا هه‌یه...
به‌ڵێ، به‌ڵام به درێژایی ژیانم ئه‌ندامی هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی نه‌بووم. مرۆڤیش ده‌گۆڕدرێ. ئه‌و کاتانه‌ی گه‌نج بووم، گۆرانی زۆر ڕادیکاڵم ده‌چڕی. ئێستاش گۆرانی سیاسی ده‌ڵێم، به‌ڵام کێشه‌ساز نین، زیاتر ئه‌و گۆرانیانه‌ن که مرۆڤه‌کان بۆ دیالۆگ هان ده‌ده‌ن و له خۆگری به‌هاکانی مرۆڤایه‌تین. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئاخۆ په‌یامێکیان هه‌یه، ده‌بێ بڵێم هه‌ڵبه‌ت. من لایه‌نگری ئاشتی و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانم. ئه‌وه‌نده و به‌س. من ناتوانم کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکەم، به‌ڵکو ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و به‌ده‌په ده‌توانن چاره‌سه‌ری بکه‌ن.
نازانم تا چه‌ند ئاگادارن، به‌ڵام پارێزه‌ره‌کانیان له گرتووخانه دان، سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانیان گیراون...
به کوردی ده‌یانشۆپێنم، تا ئه‌و ئاسته‌ی بتوانم. به‌ده‌په واقعێکی ئه‌م وڵاته‌یه. زۆر جێگه‌ی داخه، نوێنه‌رانیان له گرتووخانه دابن.
له ئه‌ڵبۆمه‌که‌تاندا جێگه به‌وانه‌ی شاخیش دراوه که بۆ هه‌ندێکیان ئه‌وان ته‌نیا تیرۆریستن و هیچی تر...
هه‌موویان مرۆڤی ئه‌م ئاو و خاکانه‌ن. ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کی تورکیایه. له ڕوانگه‌ی منه‌وه، هه‌ر دوو لا وه‌ک یه‌کن. هه‌م بۆ گیان له‌ده‌ست دانی عه‌سکه‌ره‌کان و هه‌م بۆ گیان له‌ده‌ست دانی گه‌ریلاکان خه‌م دامده‌گرێ. خۆم به هاوبه‌شی ئازار و ژانی هه‌ر دوو لا ده‌زانم. چونکه هه‌ر دوو لایه‌نیش، مرۆڤن.
هه‌ندێک له لایه‌نگرانت ڕه‌خنه‌یان لێ‌گرتی به هۆی ئه‌وه‌ی کاری هاوبه‌شت لەگەڵ هولیا ئه‌فشار ئه‌نجام داوه.
هه‌ر چی پێیان خۆش بێ ده‌توانن بیڵێن. دۆستایه‌تیه‌کی پته‌وم لەگەڵ هولیا هه‌یه. کاتێک هاتمه تورکیا، منی بۆ به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن بانگهێشت کرد. گۆرانیمان گوت و هه‌موو که‌س پێی خۆش بوو. هه‌روه‌ها که‌یفیان به‌وه هات هولیا ئه‌فشار به کوردی گۆرانی ده‌ڵێ. هیچ شتێکم له‌ده‌ست نایه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی به دڵیان نه‌بوو. دواجار به‌رهه‌مێکی هونه‌ریه. به‌ڵام به گشتی په‌یامی پیرۆزباییم به ده‌ست ده‌گه‌ن. له دیاربه‌کر و ئه‌سته‌نبوڵه‌وه بگره تا ئه‌نقه‌ره و ئانتالیا و مێرسین.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر