۱۳۹۰/۱۲/۱۷

"دایه‌ گیان ئێمه‌ کوردین، به‌ڵام له‌ قوتابخانه‌ به‌ تورکی قسه‌ ده‌که‌ن"


وتوێژی ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵ لەگەڵ ڕه‌یحان یاڵچین داغ هاوسه‌ری عوسمان بایده‌میر
له‌ تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
ره‌یحان یاڵچین داغ، پارێزه‌ر، چالاکوانی مافه‌کانی مرۆڤ و هاوسه‌ری سه‌رۆکی شاره‌وانی دیاربه‌کر عوسمان بایده‌میر ده‌ڵێ "پاش ئه‌وه‌ی دوو مناڵه‌که‌م چوونه‌ باغچه‌ی ساوایان، ته‌نانه‌ت وشه‌یه‌ک به‌ کوردی قسه‌م لەگەڵ ناکه‌ن."  له‌م وتوێژه‌دا لەگەڵ ڕیحان یاڵچین داغ بایده‌میر، قسه‌مان له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ کرد: بنه‌ماڵه‌یه‌ک له‌ نێو جه‌غزی خه‌باتی سیاسیدا به‌ چ شێوه‌یه‌ک ده‌ژی، کوڕه‌که‌یان میر زانیار و کچه‌که‌یان ڕانیا که‌ تورکیان نه‌زانیوه‌، کاتێک چوونه‌ته‌ باغچه‌ی ساوایان، چ گۆڕانێکیان به‌ سه‌ردا هاتووه‌. نه‌سڵی نوێ چ خولیایه‌ک لای مناڵانی کورد دروست ده‌کا.

ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دابوون بۆرسی خوێندن بۆ کوڕی ئه‌و ژنه‌ دابین بکه‌ن که‌ ئێسک و پروسکی براکانی له‌ گۆڕێکی به‌کۆمه‌ڵدا دۆزراوه‌ته‌وه‌. له‌و به‌ری شاریش، هاوسه‌ره‌که‌تان لەگەڵ چه‌ند سه‌رۆک شاره‌وانیه‌کی تر، ده‌ستیان به‌ مانگرتن کرد. ئێوه‌ چۆن بنه‌ماڵه‌یه‌کن؟
به‌ر له‌وه‌ی لەگەڵ عوسمان زه‌ماوه‌ند بکه‌م، دوو به‌ڕێوه‌به‌ر بووین که‌ له‌ یه‌ک بواردا کارمان ده‌کرد. په‌یوه‌ندی سۆزداری دواتر دروست بوو. له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، هیچکاممان ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵه‌ نه‌بووینه‌وه‌. لێره‌، ڕه‌وتی ژیان زۆر جیاوازه‌. که‌ ژیانی هاوسه‌ریشمان پێکهێنا، له‌ سه‌ر هه‌مان ئه‌و بابه‌تانه‌ قسه‌مان کرده‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش وه‌ک بنه‌ماڵه‌یه‌کمان لێ نایه‌. بڕوا ده‌که‌ی وێنه‌یه‌کی چوار که‌سی و ڕێک و پێکمان نییه‌... هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بزانن کاتێک سکم پڕ بوو، چیم به‌ سه‌ر هات‌...

چ ڕووی دا؟
ئه‌و ڕۆژانه‌ی ده‌ که‌سی سڤیل و له‌ ناویاندا حه‌وت مناڵ له‌ دیاربه‌کر ژیانیان له‌ده‌ست دا، من جێگری سه‌رۆکی گشتی ده‌زگای مافی مرۆڤ بووم. هه‌شت مانگ و نیو بوو سکم به‌ میر زانیار پڕ بوو.. من چووم ته‌رمی ئه‌و حه‌وت مناڵه‌م بینی. عوسمانیش تا کازیوه‌ی به‌یانی له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دابوو که‌شه‌که‌ ئارام بکاته‌وه‌. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌مانتوانی یه‌کتری ببینین.

چۆن فێر بوون بۆ یه‌کتری نیگه‌ران نه‌بن؟
ئه‌وه‌نێ پێتان ده‌ڵێم هیچ شتێکمان ئاسایی نییه‌. ئه‌وکات هه‌واڵی کوشتنی عوسمانمان ڕۆژانه‌ به‌ ده‌ست ده‌گه‌یشت. سێ ڕۆژ دوای له‌ دایکبوونی میر زانیار، هاوڕێیه‌کی ئه‌وروپام، ڕووداوێکی بۆ گێڕامه‌وه‌ و وایزانی من پێشتر ئاگاداری بووم. دوای بیستی ئه‌م قسانه‌، شیری مه‌مکانم وشک بوو. میر زانیاریش مناڵێک بوو به‌رده‌وام ده‌گریا. دکتۆره‌که‌مان گوتی مناڵه‌که‌تان تووشی خه‌مۆکی بووه‌ و نه‌ده‌بوایه‌ شیری خۆت پێ دابا. ئه‌و په‌رێشانییه‌م له‌ شیره‌وه‌ بۆ کوڕه‌که‌م گواسته‌وه‌. ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ لەگەڵ ڕووداوه‌کان، هه‌روه‌ها هێزێکی جیاوازمان پێ ده‌به‌خشێ. ئێمه‌ فێربووین هیچکات نه‌پرینگێینه‌وه‌، به‌رده‌وام سه‌رمان به‌رز بێ و له‌ هه‌موو بارودۆخێکدا پشتیوانی له‌ خه‌ڵکانی تر بکه‌ین...

باشه‌ که‌ ژیانێکی وا سه‌ختتان هه‌یه‌، بۆچی دوو مناڵتان هێنایه‌ دونیا؟
له‌ ڕاستیدا پلانمان بۆ دانه‌ڕشتووه‌. به‌ڵام عوسمانیش بڕوایه‌کی قووڵی به‌وه‌ هه‌یه‌: ئێمه‌ ئه‌مڕۆکه‌ هه‌ین و له‌وانه‌یه‌ سبه‌ی نه‌بین. جگه‌ له‌مه‌ براکان لێره‌ پشتیوانیه‌کی زۆر له‌ یه‌کتری ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ خه‌سڵه‌تێکی کۆمه‌ڵگەی کوردییه‌ و ئێمه‌ش له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌وه‌ پشتگیرییه‌کی به‌هێزمان لێ ده‌کرێ. چه‌ندین ساڵه‌ دایکم و باوکم لەگەڵ ئێمه‌ ده‌ژین. خێرانی برای مێرده‌که‌م دوو ساڵ ئاگای له‌ مناڵه‌کانمان بوو. له‌ سایه‌ی سه‌ری ئه‌وه‌وه‌، مناڵه‌کانم کورمانجیه‌کی باش ده‌زانن. نه‌ریتی بنه‌ماڵه‌ی ژن برای مێرده‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌ ماڵه‌وه‌دا ته‌نانه‌ت وشه‌یه‌ک به‌ تورکی قسه‌ ناکه‌ن.

به‌ر له‌وه‌ی میر زانیار بچێته‌ باغچه‌ی ساوایان، تورکی ده‌زانی؟
نه‌خێر، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک. چونکه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ تورکی قسه‌مان نه‌ده‌کرد. زمان شتێکه‌ ده‌بێ ڕۆژانه‌ لەگەڵیدا بژی. زیندوومانه‌وه‌شی په‌یوه‌ندیی به‌ خۆته‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئاگات لێی نه‌بێ، ڕووت لێ وه‌رده‌گێڕێ و هێدی هێدی له‌ ناو ده‌چێ. خه‌ریکی تێکۆشان و خه‌باتین. نه‌سڵی من له‌ به‌ر ده‌رگای گرتووخانه‌کان گه‌وره‌ بوو، بۆیه‌ هه‌موومان سه‌باره‌ت به‌ زمان به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌یر بریندارین. ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵ بوو، مامم له‌ گرتووخانه‌ دابوو. نه‌نکم تورکی نه‌ده‌زانی، کاتێک ده‌چووه‌ سه‌ردانی، هیچ له‌ تورکی تێنه‌ده‌گه‌یشت و ده‌گریا. دڵ پڕی ئه‌و ڕۆژانه‌ین. باوکم کارمه‌ند بوو و له‌ نێوه‌ندی شار ده‌ژیاین. سه‌روبه‌ندی ١٢ی سێپتامبر، به‌رده‌وام عه‌سکه‌ره‌کان هه‌ڵیانده‌کوتایه‌ سه‌رمان و ماڵی ئێمه‌یان ده‌پشکنی. باوکم له‌ ترسان نه‌یده‌هێشت ئێمه‌ به‌ کوردی قسه‌ بکه‌ین. ڕۆژێک له‌ زمانم ده‌رچوو و لایه‌ لایه‌ی کوردیم چڕی، زۆر توڕه‌ بوو.

ئاخۆ لەگەڵ کاک عوسمان بڕیارێکی تایبه‌تتان داوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ ته‌نیا به‌ زمانی کوردی قسه‌ بکه‌ن؟
مناڵه‌کانی ئێمه‌ نابێ کوردیان له‌ بیر بچێ، ئه‌وه‌ زمانی ئێمه‌یه‌. بڕوانن، ده‌بێ فێری تورکیش بن. ئێمه‌ دژایه‌تی خۆمان ده‌رنه‌بڕیوه‌. ته‌نانه‌ت ئێستا له‌ هه‌مانکاتدا ئینگلیزیش فێر ده‌بن.

به‌ر له‌ مه‌کته‌ب، لەگەڵ مامۆستاکانیاندا قسه‌تان کردووه‌؟
بێگومان. پێمگوتن "ئه‌م مناڵانه‌ فێری تورکی ده‌بن به‌ڵام تکایه‌ ئه‌گه‌ر ئاسته‌نگ بوون و به‌ کوردی پرسیاریان لێکردن، وەڵامیان بده‌نه‌وه‌". چونکه‌ مامۆستاکان، هه‌موویان کوردی ده‌زانن. دیاره‌ یارمه‌تیده‌ریش بوون، به‌ڵام ڕۆژانی سه‌ره‌تا میر زانیار گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و گوتی "دایه‌ که‌س لێم تێناگا."

ئێوه‌ چیتان پێ گوت؟
پێمگوت "دایه‌ گیان، ئێمه‌ کوردین. زمانی ئێمه‌ کوردیه‌ به‌ڵام له‌ تورکیا ده‌ژین و له‌ مه‌کته‌ب به‌ تورکی قسه‌ ده‌کرێ." تێگه‌یشت و گوتی باشه‌. له‌ ماڵه‌وه‌ به‌رده‌وام بووین له‌ سه‌ر قسه‌کردن به‌ زمانی کوردی، به‌ڵام له‌و کاته‌وه‌ی لەگەڵ هاوڕێکانی سه‌یری کارتۆن ده‌کا و به‌ تورکی قسه‌ ده‌کا، له‌و کاته‌وه‌ی کتێبه‌ تورکییه‌کانی مه‌کته‌ب جێگه‌ی کتێبه‌ کوردییه‌کانی ماڵه‌وه‌یان گرتۆته‌وه‌، گۆڕدراوه‌.

چۆن؟
یانی ته‌واو بوو و ئه‌مه‌ کاریگه‌ری خراپی ده‌بێ له‌ سه‌ر کچه‌ بچووکه‌که‌م ڕانیا. چونکه‌ ئیتر میر زانیار له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ تورکی قسه‌ ده‌کا. میر زانیار هه‌تا ته‌مه‌نی پێنج ساڵیش تورکی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام بۆ ڕانیا وا نابێ. ئێستا میرزانیار زۆر باش کوردی ده‌زانێ و تێده‌گا، به‌ڵام به‌ تورکی وەڵام ده‌داته‌وه‌. چونکه‌ باوکیش لێره‌دا سازش ناکا، جۆرێک له‌ ئاڵۆزی دروست بووه‌.

به‌ چ شێوه‌یه‌ک؟
عوسمان به‌رده‌وام به‌ کوردی قسه‌یان لەگەڵ ده‌کا. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک به‌ تورکی نادوێ. بۆیه‌ش مامۆستاکان گۆرانکارییه‌کانی مه‌کته‌ب له‌ باوکیان زیاتر بۆ من ده‌گێڕنه‌وه‌. دوێنێ لەگەڵ باوکیان یاری شه‌تڕه‌نجیان ده‌کرد. له‌ شوێنێکدا ئاسته‌نگی دروست بوو. به‌ هۆی ئه‌وه‌ی زانیار ده‌یزانی ئه‌گه‌ر پرسیار له‌ باوکی بکا، به‌ کوردی وەڵامه‌که‌ی وه‌رده‌گرێته‌وه‌، هات له‌ منی پرسی.

به‌ڕێز بایده‌میر له‌وه‌ ده‌ترسێ به‌و هه‌ڵوێسته‌ی مناڵه‌کانی لێی دوور بکه‌ونه‌وه‌، ڕای ئێوه‌ چییه‌؟
بڕوانن، چیمان به‌ سه‌ر هات. ساڵانه‌ دایک و باوکی خوێندکار سه‌باره‌ت به‌ پیشه‌که‌یان ئاگاداری ده‌ده‌ن. سێ ساڵ بوو به‌رده‌وام من ئه‌و کاره‌م ده‌کرد، به‌ڵام دواجار عوسمان کاره‌کانی لێک جیا کرده‌وه‌ و له‌ مه‌کته‌ب، باسی کاروباری شاره‌وانی ده‌کا. ئه‌مه‌ یه‌که‌م پرسیار بوو که‌ به‌ لای میر زانیاره‌وه‌ دروست بوو: به‌ڵام دایه‌ گیان، هیچ هاوڕێیه‌کم کورمانجی نازانێ، چۆن تێده‌گه‌ن؟ هیچکات نه‌یبینیوه‌ باوکی به‌ تورکی قسه‌ بکا. ئه‌مه‌ به‌ لای عوسمانیشه‌وه‌ دڵته‌زێن بوو. ده‌یگوت "من ئێستا به‌ تورکی بۆ خوێندکاران قسه‌ ده‌که‌م، پاشان لەگەڵ کوڕ و کچه‌که‌م به‌ کورمانجی. ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێ..."

دواجار چ قه‌وما؟
رۆیشت و به‌ تورکی باسی ئه‌رکه‌کانی شاره‌وانی کرد. چیتر کاریگه‌ری نه‌ماوه‌، لەگەڵ میر زانیار و ڕانیا دیسان به‌ کوردی قسه‌ ده‌کا. ئه‌وه‌یه‌ ژینی مه‌. له‌مباره‌وه‌ لەگەڵ چه‌ند پسپۆڕێکدا ڕاوێژ‌مان کردوه‌. بڕیارمان دا، عوسمان به‌ کوردی قسه‌ بکا و من به‌ تورکی. ئێستا ئینگلیزیشی پێوه‌ زیاد بووه‌. دوێنێ مامۆستای ئینگلیزی ته‌له‌فۆنی بۆ کردم و گوتی "خاتوو ڕه‌یحان، ئه‌مڕۆ له‌ مه‌کته‌ب میر زانیار قسه‌یه‌کی کرد، تێر و پڕی پێ پێکه‌نین. له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌ ئینگلیزی قسه‌ بکا، پێم ده‌ڵێ چه‌وانی، باشی؟" مناڵه‌کانم به‌مجۆره‌ گه‌وره‌ ده‌بن، له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ زازاکی و کورمانجی، له‌ مه‌کته‌بیش به‌ تورکی و ئینگلیزی.

نێوانی لەگەڵ هاوڕێیانی چۆنه‌؟
میر زانیار له‌ قوتابخانه‌ هاوڕێیه‌کی هه‌یه‌ به‌ ناوی میرئالان. زارۆکی بنه‌ماڵه‌یه‌کی کورده‌ به‌ڵام ده‌ ساڵ له‌ بریتانیا ژیاون. ئه‌ویش ته‌نیا ئینگلیزی و کورمانجی ده‌زانی، تورکییه‌که‌ی دووکه‌ڵی لێ هه‌ڵده‌ستا. بۆیه‌ش بوو به‌ هاوڕێی هه‌ره‌ خۆشه‌ویستی. به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌گه‌ڕێن، وه‌ک دوو غه‌درلێکراوی زمان.

وه‌زعی ڕانیا چۆنه‌؟
دایه‌گه‌وره‌ به‌ زازاکی قسه‌ی لەگەڵ ده‌کرد.. بۆیه‌ هه‌م له‌ کورمانجی و هه‌م له‌ زازاکی تێده‌گا. ئێستا فێری تورکی و ئینگلیزیش بووه‌. به‌ڵام ئێستا هه‌ردووکیان به‌ تورکی وەڵام ده‌ده‌نه‌وه‌. نیگه‌رانی ئه‌وه‌ین له‌ کوردی داببڕێن. له‌ چی ده‌چێ ناویان کوردی بێ و نه‌توانن به‌و زمانه‌ قسه‌ بکه‌ن؟ ئێستا له‌م بێنه‌ و به‌ره‌یه‌ تێناگه‌ن و که‌ گه‌وره‌ بوون هه‌رگیز ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ له‌ بیر ناکه‌ن و له‌و که‌سانه‌ش نابوورن که‌ خوڵقێنه‌ری ئه‌و دۆخه‌ بوون.

ئێوه‌ توانیوتانه‌ زمانی خۆتان بپارێزن، میر زانیار و ڕانیا بۆ ده‌بێ له‌ بیریان بچێته‌وه‌؟
گه‌لۆ له‌ یه‌ک قۆناغی مێژووییدا ده‌ژین؟ ئێمه‌ نه‌نک و باپیرمان به‌ ده‌وروبه‌رمانه‌وه‌ بوو. ده‌ڕۆیشتینه‌ گوند، هه‌موو به‌ کوردی قسه‌یان ده‌کرد... تۆ بڵێی ئێستاش وابێ؟ په‌یوه‌ندییه‌کان که‌متر به‌ زمانی کوردین، به‌ڵام حه‌سره‌ت و مه‌راق هه‌ر وا له‌ جێی خۆیه‌تی.

چۆن؟
وه‌ک چۆن من ئه‌و سه‌ردانه‌ی گرتووخانه‌ی دیاربه‌کرم له‌ بیر ناچێته‌وه‌ که‌ لەگەڵ نه‌نکم ڕۆیشتم، مناڵانی ئه‌مڕۆکه‌ش ئه‌و خزمانه‌یان له‌ بیر ناچێته‌وه‌ که‌ له‌ زیندان ئاخنراون. زۆر مناڵی هاوته‌مه‌نی زانیار هه‌ن، باوکیان ئێستا له‌ گرتووخانه‌یه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕق و کینه‌ له‌ کوڕ و کچه‌که‌تاندا گه‌وره‌ نه‌بێ، چ ته‌گبیرێکتان وه‌رگرتووه‌؟
تا ڕاده‌یه‌ک ده‌توانی ته‌گبیر وه‌ربگری، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن و بوغز و کین نه‌یانگرێ، به‌ڵام خۆیان هه‌موو شتێک ده‌بینن. ڕانیا ڕووخساری باوکی له‌ ته‌له‌ڤزیۆندا بینیبوو ئه‌و کاته‌ی گازی بیباری لێ درابوو. چه‌ند ڕۆژ له‌ سه‌ر یه‌ک بۆی گریا. سه‌باره‌ت به‌ هه‌ست و سۆزی میر زانیار، زۆر نیگه‌رانم. بۆ نموونه‌، کاتێک عوسمان چالاکی مانگرتن ئه‌نجام ده‌دا، پێویسته‌ ته‌له‌ڤزیۆن هه‌ڵبکه‌م. بمه‌وێ و نه‌مه‌وێ، له‌ شوێنێک ده‌یبینێ، ده‌یبیسێ و له‌ کاتی خواردنی شه‌ودا ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر باوکم برسی بێ، منیش نان ناخۆم. کێ ئه‌م برینه‌ سارێژ ده‌کا؟ کێیه‌ حیساب بدا؟ ئێمه‌ وه‌ک دایک و باوکی ڕانیا و میر زانیار نامانه‌وێ ئه‌و شتانه‌ی به‌ سه‌ر خۆمان هات، به‌ سه‌ر ئه‌وانیش بێ و پێمان خۆشه‌ ئه‌م نه‌سڵه‌ ئه‌و کێشانه‌ نه‌بینێ. نازانم زاکیره‌ی ئه‌م مناڵانه‌، چۆن لەگەڵ ده‌وڵه‌تدا ئاشت ده‌بێته‌وه‌؟

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر