۱۳۹۷/۰۲/۲۳

دوو چەتر


سەلاحەدین بایەزیدی 

 
شەقام؛ چۆڵ و هۆڵ. لە پەنجەرەڕا تەنیا دوو چەتر دەبینران؛ چەترێکی خۆڵەمێشی گەورە کە ماڕکەی ئیکیا فامیلی بە سەرەوە بوو و چەترێکی گوڵ گوڵینی پەمەیی چکۆڵەتر. چەترە گەورەکە لە سەرتر بوو و جارجارە دڵۆپەکانی دەکەوتنە سەر چەترە بچووکە گوڵ گوڵینەکە. شان بە شانی یەک دەڕۆیشتن بەڵام کە بە شوێنێکی بەرتەسکدا ڕەت دەبوون، چەترە بچووکەکە وەپێش دەکەوت. لە کۆتایی جادەکەدا ڕاوەستان. باران هەروا بە لێزمە دەباری. چەترەکان ماوەیەک پێکەوە وەستان، بێ جموجوڵ. وەک ئۆتۆمبێلە ڕاگیراوەکانی قەراغ شۆستە. پاشان بێ ئەوەی لێک نزیک ببنەوە، لێک دابڕان؛ چەترە پەمەییەکە بە نێو کۆچەباغێکدا بەلەز لەبەر چاوان ون بوو، چەترە خۆڵەمێشییەکە بەو ڕێگەیەدا گەڕایەوە کە پێیدا هاتبوو. کەمێک ڕۆیشت و ڕاوەستا. ئینجا دردۆنگانە ملی ڕێگەی گرتەوە.
باران بێ بەزەییانەتر لە پێشوو دەباری.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر