۱۳۹۷/۰۲/۱۹

ماڵئاوایی

لەگەڵ ئۆیا بایدار - Photo: R. Demirkaya

بەشێک لە کتێبی گفتوگۆی بن شووراکان
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

بە بیرت دێ، ڕۆژی بەفر و کڕێوەکە، لە کاتێکدا بەرەو دەروازەکانی سوور دەڕۆیشتین، گازی فرمێسک‌ڕێژیان ڕشاند. هەوڵمان دەدا خۆمان لە کۆڵانە تەنگەبەرەکان بپەستێوین. هەروا کە بە بەردەم دووکانێکی پەنیرفرۆشیدا تێپەڕ دەبووین کە دەڕابەکەی نیوە دادرابۆوە، خاوەن دووکانەکە ئێمەی بردە ژوورەوە.

بێگومان بە بیرم دێ. لەو هەڵپەوپەلەکردنەدا کە هاتمە دەرێ، چاکەتەکەم لە بیر چوو. دووکانەکان دەڕابەکانیان دادابۆوە، دوو ڕۆژی پێ چوو هەتا توانیم وەریبگرمەوە.

دووکانەکە نیوە تاریک بوو، بۆنی پەنیری برشاو دەهات. کوڕێکی لەرولاوازی دە سیانزە ساڵەش خۆی لە دووکانەکە خزاندبوو.

بە بیرم دێ، بۆ خۆپاراستن لە گاز پەڕۆیەکی سپیی لە دەمولووتی بەستبوو و لەتە لیمۆیەکی بە دەستەوە بوو.

سەیری کردم و پێی گوتم "تۆ چ کارت بە ئێرەیە، پوورێ، بگەڕێوە ماڵێ." ئەوەشت بە بیر دێ؟

بەڵێ. هەستم کرد ئەم قسانە برینداریان کردی و بە خۆمدا شکامەوە.

غەریبی لە ڕەنگ و ڕووم دەباری، وا نییە؟

ڕەنگە لە چاوی ئەوەوە تۆ هەندێک بەتەمەن دیار بووبی و لەوە ترسابێ ڕووداوێکت لێ بقەومێ. کاتێک ئێوەی هونەرمەندان، نووسەران و ڕۆشنبیران بە جادە و کۆڵانەکاندا بەرەو دەروازەکانی "سوور" ڕێتان دەپێوا، خەڵکی سەرشەقام چەپڵەیان لێ دەدا، ئەمەشت لە بیر نەچێ. دوای ڕۆژانێکی زۆر ئەوە یەکەمجار بوو مۆڵەت بە خۆپیشاندانێک دەدرا. خەڵکیش تێکەڵ بە ئێوە ببوون. تەنانەت ئەمە هەستێکی خۆشی پێ دەدان، هەناسەیەکی ئاسوودەیان هەڵکێشا.

ئێمە کۆمەڵێک بێگانەی خێرخواز بووین کە لە ڕۆژئاوایەکی کەڕ و لاڵەوە هاتبووین. بۆ خەڵکانی بێچارە، ئێمە دەربڕی هیوا بووین، با ئەو هیوایە کزیش بێ. دیارە هەر ئەمەش بوو لە ناخەوە سوکنایی پێ دەبەخشیم؛ پەی بردن بەوەی ئێمە چارەسەر نین… هەندێک چەپڵەیان لێ دەدا، ڕاستە؛ بەڵام ئەو کوڕەی ناو پەنیرفرۆشییەکەش هەبوو. بۆ ئەوانەی لەودیوی خەندەقەکانەوە شەڕیان دەکرد، بۆ ئەوانەی چەکیان دەدانە دەست، گڕی سەربەستی و سەربەخۆییان لە دڵیاندا هەڵدەگیرساندن و ڕەوانەی نێو خەندەق و مەتەرێزەکانیان دەکردن، ئێمە کۆمەڵێک کۆسپی جاڕزکەر بووین. یان تۆ بڵێی هەق بەوان بێ، نازانم.

هەمووی لە خۆڕا بوو؟

ئێستا ڕۆڵەکانمان گۆڕیوەتەوە؟ ڕەنگە لەخۆڕا نەبووبێ بەڵام کە سەیری ئاکامەکەی دەکەی، دەبینین سەرنەکەوتووین. نەمانتوانی بەرامبەر بە ئاغاکانی شەڕمان قسەی خۆمان بەرینە سەر؛ گوتمان "نابینە هاودەستی ئەم تاوانە!" بەڵام نەمانگوت "نابینە هاودەستی هیچ تاوانێک."

هەمدیس یەکسانکردنی بەشەتاوانی هەر دوو لایەن… ڕێک لێرە، لە دەرەوەی دەروازەکانی سوور کە نەمانتوانی پێیاندا تێپەڕ بین، ڕێک لە تەنیشت ئەم گوڵەباغە گفتوگۆکەمان دەست پێکرد. گفتوگۆیەکی بێدەنگ، دوور و درێژ و خەفەتهێن. دیسان گەڕاینەوە بۆ خاڵی دەسپێک.

بەفر دەباری، گوڵپەڕەکانی دوایین گوڵەباغە سوورە ناوادەکە لە نێو دەستمدا ژاکان و بڵاو بوونەوە. گوتبووت بەهارێ گوڵی جوانتر و گەشتر دەپشکوێن. ئەوە بەهارە. ئەمساڵ، هەموو شتێک پێشوەختە هات. هەق بە تۆ بوو، گوڵەباغەکە دەیان غونچەی کەسک و گەشی دەرکردووە. سەرباری بەفر و بووران، هیواکەت بەم گوڵەباغە هاتە دی.

هیوای هاوبەشمان بوو، هەوڵمان دا پێکەوە پەرە بەم هیوایە بدەین.

من لەوە پیرترم پەنا بۆ هیوایەک بەرم، باری دونیا گرانە، بەرگەی ناگرم. بۆ لێستنەوە و سارێژی زامەکان - وات گوتبوو، وا نییە؟ -، وەک شازادە چکۆلە دەگەڕێمەوە بۆ هەسارەکەی خۆم.

هەتا ئەم ڤایرۆسی ویژدانە لە نێو تۆدا هەبێ، لە هەسارەکەی خۆیشت لە چنگ ئێرە ڕزگارت نابی. ماڵەکەت پڕ دەبێ لە ئازار و زیانەکانی مە.

کاتێ هەستت کرد لە ژێر قورسایی کۆڵەبارێکدا شانت دادەکەوێ، هەوڵ دەدەی لە ژێر بارەکە خۆت ڕزگار بکەی. ڕەنگە چارەسەری، ماڵئاوایی لە هەموو شتێک بێ. من پێویستیم بە ماڵئاواییەکی ڕاستەقینەیە.

ئەگەر بڵێم بمێنەوە، مەڕۆ، گەر بپرسم ئەو هەمووە قسەمان کرد، چ سوودێکی بۆمان هەبوو، بە کوێ گەیشتین…

نازانم دەبوایە بگەیشتینایە کوێ، بەڵام من بردمەوە.
کاتێک شازادە چکۆلە دەیەوێ ماڵئاوایی بکا، ڕێوی دەڵێ "دەگریم". شازادە چکۆلە دەڵێ "خەتای خۆتە، تۆ خۆت ویستت ماڵیت بکەم." ڕێوی دەڵێ "بەڵێ، دەزانم". شازادە چکۆلە دەپرسێ "بەڵام تۆ دەگری. چیت دەست کەوت؟" ڕێوی دەڵێ "ڕەنگی گەنمەجاڕم دەست کەوت. من نان ناخۆم. گەنم بۆ من بێ کەڵکە. گەنمەجاڕ هیچ واتایەکی بۆ من نەبوو. بەڵام تۆ پرچیکی زێڕینت هەیە، گەنمی زێڕین تۆم بەبیر دێنێتەوە. هەروەها حەزم لە هاژەی بای نێو گەنمەکان دەبێ. ئەمە شتێکی کەمە؟" 

هەق بە ڕێوییە، بەڵێ، ئێمە دەگرین، بەڵام هەردووکمان بردمانەوە. ئێمە توانیمان پێکەوە خەون بە جیهانێکی نوێوە ببینین، لەوانەیە خۆمان بە چاو نەیبینین، بەڵام نەوە و نەتیجەکانمان شان بە شانی یەک بونیادی دەنێن.

ئەمنیش دونیایەکی مەزنم دەست کەوت. بەهاران، گوڵە چاوێشەی زەرد و مێلاقە ئاڵەکانی نێو مێرگوزارە کەسکەکان بەردەوام تۆم بە بیر دێننەوە. لە گشت چیایەکی سەر بە تەمدا دەتبینم. هەر کە گوێم لێ بێ بە زمانەکەی تۆ قسە دەکەن، دڵم وە ترپە ترپ دەکەوێ.
غونچەیەکی سوور لە گوڵەباغەکەی بەردەم سوور بقرتێنە و پێم بدە. بۆ ئەوەی هەرگیز گەڕانەوەی بەهار، دڵی خوێناوی سوور و تۆم لە بیر نەچێ کە لێرەکانە لە شوێنێک پەلەقاژەتە بۆ ئەوەی گڕوتین بە ژیان ببەخشی؛ بۆ ئەوەی لە بوونی تۆ هیوا هەڵێنجم، بۆ ئەوەی لە نێو دڵمدا هەست بە تۆ بکەم.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر