۱۳۹۹/۰۳/۲۷

ژانی خوێندنەوەی "ژان"


سەلاحەدین بایەزیدی
 
ئەمن "ژان"ی مارگرێت دووراسم بۆ ئەوە بە کوردی نەخوێندەوە کە لەگەڵ دەقە فەڕەنسییەکەیدا بەراوردی بکەم یان باش و خراوی وەرگێڕانەکە هەڵبسەنگێنم. ئەمەیان کاری من نییە و بە پێویستیشی نازانم. بێجگە لەوەش وەرگێڕانەکە لە فەڕەنسییەوە نەکراوە تا بمەوێ پێکەوەیان بەراورد بکەم. بەڵکە پێم خۆش بوو بە کوردی بیخوێنمەوە، وەک هەموو کتێبەکانی دیکە. زۆر هۆکار هەن کە هانم دەدەن لە نێوان زمانی ماک و زمانی وەرگێڕاندا، دووهەمیان هەڵبژێرم؛ پێشان، چونکە بە کوردی کات و وزەیەکی کەمتری دەوێ و لەوەش گرنگتر، چونکە لەم غەریبییە، گوێم لە مۆسیقای زوانی دایکم دەبێ و یەک - دوو وشەی نوێ فێر دەبم. بۆ "ژان"یش هەروام کرد، بەڵام زۆر ڕستە بە لامەوە ئاڵۆز و نامۆ بوون و بۆ تێگەیشتن و دڵنیابوونەوە لێیان ناچار دەبووم سەیری فەڕەنسییەکەیان بکەم، هەتا زیاتریشم دەخوێندەوە، زیاتر گومانم لە لا دروست دەبوو و پتر پەنام بۆ دەقە فەڕەنسییەکە دەبرد. 

ژان لەو چەند کتێبە کەمەی مارگرێت دووراسە کە ڕەسووڵ سوڵتانی لە فارسییەوە وەریگێڕاوە و ساڵی ٢٠٠٦ لە هەولێر، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی چاپی کردووە.  

بەداخەوە، دووراسیش وەک زۆر نووسەری دیکە بە کوردی، ناوەکانی لە کتێبەکانی زۆرترە: مارگریت دووراس، مارگرێت دوراس، مارگرێت دووراس، مارگریت دوورا، مارگاریت دوراس… وەک بڵێی بمانەوێ ناوێکی لێ بنێین و نەتوانین. لە وەرگێڕانەکەی سوڵتانیدا، ناوەکەی بووەتە مارگاریت (ڕووبەرگ) و مارگرێت (ل. ٣٩).

ئەمن بۆم گرنگ نەبوو چاوێک بە وەرگێڕانە فارسییەکەیدا بخشێنم کە قاسم روبین ناوێک کردوویەتی. چونکە بە چاوبەستراوی دەزانم کە زۆربەی هەڵەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن. 

هەر لە یەکەم لاپەڕەکانەوە دەسکاریی دەقەکە کراوە، پێشکەشنامە و بڕگەکان لابراون و پێکهاتەی دەقەکە بە گشتی و هی ڕستەکان و پەرەگرافەکان بەتایبەتی گۆڕدراون یان شێوێنراون. کەمیش نین ئەو ڕستە و وشانەی وەرگێڕ زەحمەتیی وەرگێڕانیانی بە خۆی نەداوە.
 
شێواندنەکە لە یەکەم ڕستەی کتێبەکەوە دەست پێدەکا. دوو بووەتە سێ. دووراس دەڵێ ئەم یادداشتەم لە دوو دەفتەردا دۆزیوەتەوە و وەرگێڕانە کوردییەکەی بووەتە: "ئەوە یادداشتگەلێکی ڕۆژانەیە و سێ دەفتەری لە خۆوە گرتووە [...]" (ژان، ل. ٣)

لە لاپەڕە ٨ی کوردیدا دەخوێنینەوە کە "ژمارەی مردووەکان لە شەقامدا یەکجار زۆرن، حەز دەکەم لە دەشتێکی بەریندا پیاسە بکەم، بەتەنیایی." کەچی نووسەر دەڵێ شەقامەکان لە خەڵک جمەیان دەهات. ئاریستۆکراسی فەڕەنسی بووەتە خواپێدراوە فەڕەنسییەکان (ژان. ل ١٥). 

زۆر وێدەچێ وەرگێڕە فارسەکە کێشەی لەگەڵ ژمارەکاندا هەبووبێ یان کتێبەکەی بە سەرخۆشی وەرگێڕابێ چونکە هەر دووەکەی ڕستەی یەکەم نییە کە بووەتە سێ. سێپتامبری ١٩٤٤ بووەتە ڕەزبەری ١٩٤٣ (ژان. ل ١١) و ٢٠ی ئاوریلیش بووەتە ٣٠ی نیسان (ل. ١٦). 

دووراس بۆ "د." دەڵێ کە تەمەنی بیست ساڵ دەبوو. لە کوردییەکەیدا د. پانزە ساڵ گەورەتر بووە. بووەتە ٣٥ ساڵ. تەمەنی ٣٥ دەبێ. (ژان، ل. ٣٥) دەڵێن درۆزن شتی لە بیر دەچێتەوە، ئەمە لەو وەرگێڕە قەوماوە کە پانزە ساڵی بەسەر تەمەنی "د."وە ناوە. پەرەگرافێک ئەولاتر ڕستەکە و تەمەنەکە بە دروستی وەرگێڕدراون: "دەتگوت ویستوویەتی بیدا بە کەسێک. بیست ساڵ." (ژان، ل. ٣١) چەند دێڕ ئەولاتر ئەمشەویش بووەتە دوێنێ شەو. 

لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا، بێجگە لەو جیاوازییە گەورەیەی نێوان ڕێکەوتەکان، نایەکدەستییەکیش لە ناوی مانگەکاندا هەیە، جارێک بە کوردی نووسراون، وەک ڕەزبەر (ل. ١١)، جارێک بە عارەبی، وەک نیسان (ل. ١٦) و جارجارەش بە فەڕەنسی وەک ئاوریل (ل. ١١). 

ناوە تایبەتییەکانیش یان ئەوەتا گۆڕدراون، بۆ نموونە ستالینگراد بووەتە لنینگراد (ل. ٢٥) و ستالینییەکان بوونەتە لینییەکان (ل. ٥١) - دیسان وەک ئەوەی وەرگێڕ کێشەی لەگەڵ ناوی ستالیندا هەبێ - یان ئەوەتا لە ژێر کارتێکەریی فۆنەتیکی زوانی فارسیدا نووسراون، وەک: ئیستراسبۆرگ، ئیستالین، - ئەوەش یەکێکە لە گرفتەکانی زۆربەی کوردانی ڕۆژهەڵات - یان هەر لە بنەڕەتدا بوونەتە شتێکی دیکە، بۆ نموونە سوییس یان سویسرا بووەتە سوپس. بە دوور نییە ئەمەی دوایی هەڵەی تایپ بێ. لێ ئەگەر ئەو سویسرایەش نووسرابا، دیسان بە ئاسانی سەرەدەر لەم ڕستە ئاڵۆزە دەرناکەی: "یەکەم شەوی [فەڕەنسییەکەی یەکەم دووشەممەیە] مانگی ژوئیە سەعات ١١ و نیوی بەیانی دەبێ لەتەدارەکی پێوەندیی دوپونسۆ "نوێنەری ئەو کاتی ڕێکخراوی میللی بەندی و دیلەکانی شەڕ لە سوپس" دەگەڵ گودارت (بەرپرسی نووسینگەی هانری فرەنای ئەو وەزیرەی بەسەر دیلەکان ڕادەگەیشت". دابم." (ژان. ل. ٧٤) لەم ڕستەیەدا نازانی کە یەکەم شەو و سەعات یانزە و نیوی بەیانی چۆناوچۆن پێکەوە دەگونجێن؟

ئەمانە تەنها چەند تێبینییەکی سەرپێین و هیچی تر. ڕەنگە ئەگەر دێڕ بە دێڕی وەرگێڕانە فارسی یان کوردییەکە لەگەڵ فەڕەنسییەکەدا بەراورد بکەین، قازانج سەری مایە بخوا. 

بەپێچەوانەی ستایشیی ئێمەی کورد بۆ ڕەوتی وەرگێڕان لە زوانی فارسیدا، ئەگەر دۆخی وەرگێڕان لە لای ئەوان لە کوردی خراوتر نەبێ، باشتر نییە. لە هیچ ڕوویەوەکە ناکرێ ئەو پاشاگەردانییەی وەرگێڕانی فارسی بە نموونە بهێندرێتەوە و بکرێتە سەرمەشق. لە وەرگێڕە هەرە ناسراوەکانیان ڕا بگرە تا وەرگێڕە پلە دوو و سێیەکانیان. وەرگێڕانی فارسی پەیڕەویی لە هیچ پرەنسیپ و بنەمایەک ناکا. ئەمە تەنیا شتێک نییە کە پەیوەندیی بە سانسۆڕ و دەوڵەتیی ئێستای ئێرانەوە هەبێ، وەرگێڕانی فارسی ئاوا لەدایک بووە و گەشەی سەندووە. خۆ هەر بە تەنیا زەبیحوڵا مەنسووری وەرگێڕانی خەیاڵی نییە، نەجەف دەریابەندەریش هەیەتی کە بە یەکێک لە وەرگێڕە هەرە باشەکانی ئێران دێتە ئەژمار و ماوەیەک لەمەوپێش کۆچی دوایی کرد. دەریابەندەری کە بە وەرگێڕێکی شێلگیر و وردبین ناسراوە، دەربارەی وەرگێڕانی چیرۆکێکی فاکنەر، لە وتوێژێکدا دەڵێ: "[...] دەستەواژەیەک هەبوو کە شێوەزاری باشووری ئەمریکا بوو و من کردم و نەمکرد، لێی تێنەگەیشتم. بەناچاری شوێنەکەم بە بەتاڵی هێشتەوە بۆ ئەوەی پاشان پرسێک بەم و بەو بکەم، بەڵام لە بیرم چۆوە و چەند ساڵ دواتر چیرۆکەکە بەم شێوەیە چاپ بوو. ئێستاش کە ئێستایە ئەم کەلێنە هەیە." (یک گفتوگو، ل. ٣٢-٣٣) جا وەرگێڕێکی کورد ئەگەر بیەوێ فاکنەری دەریابەندەری وەربگێڕێ هەم هەڵەکانی ئەو وەردەگێڕێ و هەم خۆیشی هەندێک هەڵەی دیکەی پێوە زیاد دەکا. 

بە کورتی، مارگرێت دووراس نووسەرێکە کە ستایلی جوان و تایبەت بە خۆی هەیە. نووسەرێک نییە کە ئاڵۆز بنووسێ، ڕستەکانی کورت و سادەن. هیچ نەبێ لەم کتێبەیدا. ئیتر نازانم بۆ وەرگێڕە فارسەکە هێندە ڕواڵەتێکی ئاڵۆزی پێداوە! من بە خوێندنەوەی "ژان"، هەستم نەکرد کە کتێبێکی دیکەی دووراس دەخوێنمەوە، شوێن پێی ڕەسوڵ سوڵتانیشم نەبینی؛ من کتێبێکی قاسم روبینم خوێندەوە.

۲ نظر:

  1. سڵاو و ڕێز
    دەستت خۆش بێ بۆ وردبینیت. ڕۆمانی ژان یەكەم ئەزموونی من بوو، پێم وایە كێشەكانی ئەوكتێبە و كەموكووڕییەكانی زۆر زۆر لەوە زیاترن كە جەنابت باست كردوون. تەنانەت ئەگەر كەسێك ئەو كتێبەی خوێندبێتەوە بەڕاستی دەبێ زۆر بەتاقەت بووبێ، چونكە كاتێ من وەرمگێڕا و بردمە موكریانی پێم گوتن یەكەم ئەزموونمە دەبێ یەكێكی شارەزا پێیدا بچێتەوە و پێیدا نەچووبوونەوە كە وەك دەشبینی پڕاوپڕە لە هەڵەی تایپ، ئەوان تەنیا ناوی مانگەكانیان كردبووە كوردی و دیارە لەوەشدا بەهەڵە چوون، بەهەرحاڵ ئەوە یەكەم وەرگێڕانی منە و یەك دوو كاری دیكەشم هەن كە بەدڵ دەڵێم خۆزگە هەر نەبووبان. جا لە كوێیش كردمە كوردی، لە فێرگەی ڕاهێنانی پێشمەرگە، كە هاتبووم ببمە پێشمەرگەی حیزبی دیموكرات. دوانیوەڕۆیان پاش مەشق و ڕاهێنران سێ چوار سەعاتێك خۆمم پێوە خەریك دەكرد.

    پاسخحذف
    پاسخ‌ها
    1. سڵاو و ڕێز کاکی خۆم،
      هیوادارم باش بی. لەگەڵ هەموو کەموکوڕییەکاندا بوونی لە نەبوونی باشترە. بەداخەوە ڕێگەی وەرگێڕان بە هەڵەکردندا تێدەپەڕێ، ئەگەر ئەو کتێبەت وەرنەگێڕابا، ڕەنگە ئەوانەی ئەمڕۆشت وەرنەگیڕابا، هەڵەکردنیش بە ڕای من شتێکی ئاساییە و هەموو وەرگێڕێک و وەرگێڕانێک دەگرێتەوە، گرنگ ئەوەیە بە چاوێکی ڕەخنەگرانە و خۆڕەخنەگرانە لێیان بڕوانین و ئەو کەموکوڕییانە پێکەوە نەهێڵین. ئەمانە دەکرێ لە چاپی دووهەمدا سەرڕاست بکرێنەوە.
      هەروەک گوتیشت بەداخەوە لە دۆخێکی دژواردا کتێبەکەت وەرگێڕاوە، کە ئەمەش مخابن چارەنووسی هەموو قەڵەمبەدەستێکی کوردە.
      بە هیوای بەردەوامی

      حذف