۱۳۹۲/۰۵/۰۴

رۆژئاوا - پەیەدە و هەستیاریی درێژخایەنی دەوڵەت بەرامبەر کورد


جەنگیز چاندار - ڕادیکاڵ
لە تورکییەوە:  سەلاحەدین بایەزیدی

 
گەلۆ چ کەسێک لە ئارام تیگران پتر خزمەتی مۆسیقای کوردی کردووە؟ ئەگەرچی ساڵی ١٩٣٤ لە قامیشلی، گەورەترین شاری کوردیی سووریا لە دایک بووە، بەڵام مناڵی بنەماڵەیەکی دیاربەکرییە کە دوابەدوای کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٩١٥ ڕایانکردوە و لەوێ گیرساونەتەوە. بە درێژایی ژیانی، ١٥ ئاڵبۆمی بڵاو کردەوە. ٢٣٠ گۆرانی کورمانجی، ١٥٠ گۆرانی عاڕەبی و ١٠ گۆرانی سوریانی (ئەرمەنی) چڕیوە. ڕۆڵەیەکی تایبەتیی میزۆپۆتامیایە. ڕەگێکی ئەرمەنیی دیاربەکری و کوردیی سوریای هەیە. ناوێکی نەمرە لە فەرهەنگی کوردی لە تورکیا.
ساڵی ٢٠٠٩ کە کۆچی دوایی کرد، دەوڵەت ڕێگەی نەدا تەرمەکەی لە دیاربەکر بە خاک بسپێردرێ و ئەمەش شیاوی تێگەیشتن نییە. ئەگەر لە دیاربەکر گڵکۆیەکی نییە ئەوا ئەمڕۆکە لە سیلڤان پەیکەرەی هەیە.
کاراپێتێ خاچۆ، دەسپێکی نەوەدەکان لە گوندێکی سەر بە شاری باتمان لەدایک بوو. ساڵی ١٩١٥، لە سایەی سەری کەسێکی ژین بەخشەوە، لە تەمەنی مێرمنداڵیدا خۆی لە قامیشلی بینیەوە. تا ساڵی ١٩٤٦ لە سووریا ژیا و پاشان تاکوو ساڵی ٢٠٠٥ کە کۆچی دوایی کرد، لە ئێریڤان نیشتەجێ بوو. لە ڕادیۆی کوردی خەبتی. دەنگێکی بەرچاوی بواری لاوکە. زۆربەی هەرە زۆری کوردەکان پێیان وایە کوردە.
جوان حاجۆ، زێدەتر بە کوردی سووریا ناسراوە. ساڵی ١٩٥٧ لە قامیشلی لەدایک بووە. دەنگێکی لەڕادەبەدەر خۆشەویستە لە مۆسیقای ڕاکی کوردیدا. زۆر جار هاتۆتە تورکیا، لە ناوچە کوردییەکان شارەو شار ئاهەنگی گێڕاوە. کوردێکی هاوڵاتیی سووریای لەدایکبووی قامیشلییە بەڵام بە ڕەچەڵەک ماردینییە. مناڵی بنەماڵەیەکی کوردە کە دوابەدوای سەرهەڵدانی شێخ سەعید ڕایانکردۆتە سووریا. بەڵام بۆ قامیشلی کوێیە؟ لە بنەپاڵەوەی شارۆچکەی 'نوسەیبین'ی سەر بە ماردینە. ڕێگەیەکی ئاسنی شەمەندەفەریان بە نێواندا دەڕوا کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە لایەن فەڕەنسییەکانەوە وەک هێڵی سنووری نێوان تورکیا - سوریا دروست کراوە.
هەمان ڕێگەی ئاسن، قارقامیش لە جەرابلۆس، دەرگای مورشت پناری سوروچ لە کۆبانی (عەین ئەلعەرەب)، ئاکچاکالا لە تەل ئەبیاد، جەیلان پنار لە سەرێکانی (رەئسولعەین) دادەبڕێ. عامودێ لە ماردینەوە دەبینرێ. مشتومڕە لەسەر ئەوەی دەربێسی لە کزڵ تەپە نزیکترە یان لە شەنیورت. چەند هەنگاوی جیزرە، شاری دێرکە.
سنوورێک لە هێڵی شەمەندەفەر، دوو ناوی جیاوازی بە دوو وڵات بەخشیوە بەڵام خەڵکی هەر دوو لایەنی سنوور، یەک نەتەوەن. بۆیەش ئەو کوردانەی لەو دیو سنوورەکانی تورکیاوە دەژین، بەولا ناڵێن سووریا و کوردەکانی سووریاش بەملا ناڵێن تورکیا. هەردوولا بە 'سەرخەت' و 'بن خەت' ناوی دێنن. خەت، هێڵی شەمەندەفەرە. ئەحمەد عارفی شاعیر لە کتێبی 'کەڵەبچەکانم لە تاسەی تۆدا ڕزاند' لە وەسفکردنی ئەم دۆخەدا دەڵێ 'ناخمان بۆ پەساپۆرت بە تین نەبووە'.
ئێستە هۆکاری ئەو پرینگانەوەیە چییە کە لە جەیلانپنارەوە، 'ئاڵایەکی کورد' لەسەر کارگەیەکی ماکارۆنی سەرێکانی دەبینرێ؟
بۆچی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیر (بە گشتیش بەشێکی بەرچاوی جموجوڵی سیاسی لێدوانی هەڕەشەئاسایە ڕوو لە کوردەکان)، نوێنەری ئانکارا یەکسەر پڕ دەداتە قەڵەم و خۆی ناچار دەبینێ لە لێدوانێکدا ڕابگەیەنێ کە ''پەیەدە یاری بە ئاگر دەکا''؟
بە پێی قسەکانی یاڵچین ئاکدۆغان، 'پێشهاتەکانی سەر سنووری سووریا، زیاتر و زیاتر بۆ تورکیا بۆتە کێشەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی جیاواز لە جاران' و تورکیا لە وەها بارودۆخێکدا 'دەست لەسەر دەست دانانیشێ'.
چ دەکا؟ باس لەمەیان ناکا. بەڵام زمانەکەی ڕاشکاوانە زمانی 'هەڕەشە و گوڕەشەیە'. هەڕەشە لە کێ؟ بێگومان لە کوردەکانی سووریا. ئەو کوردانەی سووریا کە ڕەگ و ڕیشەیان سەر بە تورکیایە. با کەس نەڵێ "نەخێر هەڕەشەکە ڕووی لەوان نییە و هەڕەشەیە لە پەیەدە." لە ناو پێکدادان و توندوتیژییەکانی سووریادا، گەلۆ جگە لە پەیەدە (یاخود دەستەی باڵای کورد کە بە بەشداری پەیەدە سەنگ و قورسایی پەیدا کردوە)، دەسەڵاتێکی 'نوێنەر' هەیە کوردەکانی پاراستبێ و لە شارە کوردییەکان 'بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی' سەقامگیر کردبێ؟
ناوبراو سیاسەتەکانی تورکیاش لەمەڕ سووریا بەمجۆرە دەخاتە ڕوو: "تورکیا، ماف و حقووقی سەرجەم گرووپەکانی سووریا بە کوردانیشەوە دەپارێزێ. ئەو بزووتنەوانەی هەوڵدەدەن نکۆڵی لە گرووپەکانی تر بکەن و خۆیان بە سەردا بسەپێنن، لە بەردەم دەستەبەربوونی ئەم مافانە دەبنە کۆسپ."
زۆر جوانە. باشەی ئەی کاتێک کە هێزگەلی سەلەفی - ئیسلامیی وەک ئەلنوسرەی ڕێڕەوی ئەلقاعیدە یان لیوای ئەلفاروق و احرار الشام، لە پارەوە هەر جارناجارێ هێرش دەکەنە سەر سەرێکانی، تەنیا بۆ جارێکیش یاڵچین ئاکدۆغان ئەو کەڵکەڵانەی هێنایە زمان و ئەو لێدوانانەی ڕاگەیاند؟
نەخێر. کێشەکە ڕوون و ئاشکرایە و پەیوەندی بە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی و دەسەڵاتی کوردەکانەوە هەیە لە ناوچە کوردییەکان.
گەلۆ هەر لەبەر ئەو هۆکارەش، پار ئەحمەد داودئۆغڵو وەزیری کاروباری دەرەوە، کاتێک پەیەدە ڕۆژی ١٩ی ژوییە لە کۆبانێ، دەسەڵاتی دامەزراند، هەفتەیەک دوای واژۆکردنی پەیماننامەی نێوان کوردەکانی سووریا لە ژێر چاودێریی مەسعود بارزانی لە هەولێر، هەڵتەک هەڵتەک خۆی گەیاندە ئەو شارە، لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی کوردی سووریا کۆبۆوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ساڵح موسلیم سەرۆکی پەیەدەی ڕەت کردەوە؟
بۆچی هەر ئەو ئەحمەد داودئۆغڵوویە لە یەکەمین ساڵڤەگەڕی 'شۆڕشی ڕۆژئاوا'دا، 'زەنگی هۆشداری' بۆ وەدەرنانی هێزەکانی ئەلنوسرە لە سەرێکانی (رەئسولعەین) لێدەدا و بە پێویستی دەزانێ ئەم قسانە بکا:
"لەمەوبەدوا هەر گرووپێک سەر بە چ لایەنێک و بە چ بیانوویەک دەبێ با ببێ، بە هەر شێوەیەک ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سنوورەکانمان، ئەوا تەگبیری چڕوپڕی لە بەرامبەر دەگرین و دەستوبرد وەڵامی دەدەینەوە... دیارە کەشوهەوای پێکدادانێکی تا دوا ڕادە دژوار و تێکدەر لە سووریا زاڵە. هەر چەشنە ئەمری واقعێکی نوێ یاخود هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دۆخێکی دوفاکتۆ ئالۆزییەکە ئەوەندی تر پەرە پێ دەدا و دەرئەنجامی گەلێ نێگاتیڤی لێدەکەوێتەوە..."
ئەو ڕستانە لەسەر کاغەز زۆر دروست دێنە بەرچاو. باشە بەڵام بۆچی هەمان هەستیاری ئەو کاتانەش نیشان نەدرا و نەهاتە سەر زمان کە لە باکووری سووریا ڕێکخراوگەلی ئیسلامیی چەکداری سەر بە ئەلقاعیدە وەک ئەلنوسرە چەند خاڵێکی سەر سنووریان خستە دەست؟
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە لە تازەترین وتوێژیدا لەگەڵ 'عەمبەرین زەمان' کە لە ڕۆژنامەی 'تەڕەف'دا بڵاو بۆوە، ئاماژەی بەوە کرد 'ئێستا وێناچێ تورکیا ڕاشکاوانە پشتیوانی ئەلنوسرە بکا'، بەڵام گوتیشی:
"لێ هەندێک خاڵی سنوور هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان دان. بۆ نموونە دەروازەی سنووری ئاکچاکالا و کارقامیش. تورکیا بەمە دڵخۆشە."
ئەگەر وایە و لەمبارەوە بە شێوەیەکی ڕەسمی لە زاری هیچ کەسێکەوە 'بەیانی ناڕەزایەتی' دەرنەبڕدراوە، بەڵام کە کوردەکانی سووریا لەسەر دەروازەیەکی سنووری سەر بە خۆیان، ئاڵاکەیان دەچەقێنن، هەموو تورکیا هەڵدەستێنێتە سەر پێ، نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا هەروا لە بەرامبەر کورد 'ئالێرژی' هەیە.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە، شاهین جیلۆ بە بۆنەی 'شۆڕشی ١٩ی ژوییە' وتوێژێکی لەگەڵ ئاژانسی فورات کردوە کە ئەم چەند دێڕە سەرنجی ڕاکێشام:
"... ماوەی ساڵێکە لە ڕۆژئاوا دروستبوونی قەوارەیەک لە ڕۆژەڤ دایە و دەتوانین وەک دەسەڵاتی هەرە دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوین لێکی بدەینەوە. ئەم سیستەم و بەڕێوەبەرایەتییە، توانی لە ناوچەکەدا ڕۆژئاوا بکاتە ناوچەی هەرە ئارام. لە کاتێکدا سووریا نوقمی وێرانییە، لێرە کەشوهەوایەکی ئەمن هەیە. ئەمە خۆی لە خۆیدا بۆ گەلانی سووریا دەبێتە میناک. کەچی لە بەرامبەردا هێزە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان سیاسەتی ڕەش کردن بەڕێوە دەبەن و لە هەمانکاتدا هێرشیشی دەکەنە سەر."
ئەم دۆخە، ڕێک ئەم پێڤاژۆیە، لە نۆ ساڵی سەرەتادا، دەسپێکی ساڵانی نەوەدەکان تا ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ 'باکوری عێراق' واتە 'باشوری کوردستان'یش لە گۆڕێ دابوو. ئێستا ئەو شتانەی ئەوکات دژ بە کوردەکانی عێراق نیشان دەدران لە بەرامبەر 'رۆژئاوا' دەنوێنرێن.
ئەوەی لەم قەدەرەدا غەریبە، ئەوەیە کە کوردەکانی عێراق لەم ڕۆژانەدا، دۆستی هەرە نزیکی ئەنقەرەن. کوردەکانی سووریاش - کە لە چاو کوردەکانی عێراق، زیاتر لەگەڵ کوردەکانی تورکیا تێکەڵاون - سبەی ڕۆژ وایان لێدێ.
با لە بیرمان نەچێ، پەیەدە لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە تورکیا (پەکەکە - بەدەپە) دوو ڕووی یەک دراون. ئەگەر ئاساییە سەرۆک شارەوانییەکانی بەشێکی دیاریکراو لە تورکیا، بەدەپەیی بن، نابێ شتێکی ئەوتۆ تورکیا بێزار بکا ئەگەر شارە کوردەکانی سووریا لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی پەیەدە دابن.
سەرباری ئەمە، پەیوەندی پتەو و دۆستانەی ئەنقەرە لەگەڵ پەیەدە، دەبێتە گەرەنتییەکی گەورە بۆ ئەوەی تورکیا لە ئامانجی 'پێڤاژۆی ئاشتی و چارەسەری'دا سەرکەوتوو بێ.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر