۱۳۹۲/۰۵/۰۵

ساڵح موسلیم: نە دەوڵەت، نە فیدراسیۆن


ئامبەرین زەمان - تەڕەف
وەرگێڕ لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بلێسەکانی شەڕی نێوان کوردەکانی سووریا و بەرەی ئەلنوسرە جارێکی تر نیگاکانی بۆ سەر پەیەدە، باڵی سووریای پەکەکە وەرسووڕاند. بانگەشەی ڕاگەیاندنی ''خۆسەری'' لە ڕۆژئاوای کوردستان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە لایەن پەیەدەوە کە بەڕێوەبەریی چەند شارێکی کوردی گرتۆتە دەست، ئەنقەرەی خستۆتە جموجۆڵەوە. یاڵچین ئاکدۆغان نوێنەرپەرلەمانی ئاکەپە و یەکێک لەو ناوانەی سەرۆک وەزیر ئەردۆغان متمانەیەکی زۆری پێیەتی، لە ستوونی ڕۆژنامەی ''ستار''دا پەیەدەی بەوە تاوانبار کرد کە ''یاری بە ئاگر دەکا'' و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێشهاتەکانی سەر سنووری سووریا تا دێ لە ڕوانگەی تورکیاوە ''بۆ پرسێکی ئاسایشی نەتەوەیی جیاوازتر لە جاران وەردەسووڕێن." تێکهەڵەنگوتنی هەواڵی گەیشتنی ئەمریکا بۆ خاڵی دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا لە لایەن سەرئەرکانی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا مارتین دێمپسەی لەگەڵ پەیامە توندەکانی ئەنقەرە، ئەو پرسیارە لە مێشکی هەموویاندا وروژاند کە گەلۆ تورکیا بە پشتیوانی واشنگتۆن خۆی بۆ دەست تێوەردان دژی پەیەدە حازر دەکا. بەڵام من ئەم ئەگەرە بە دوور دەزانم. سەرجەم ئەم پێشهاتە گەرموگوڕانەمان لەگەڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە تاوتوێ کرد کە ئێستاکە لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستانی عێراق نیشتەجێیە.

ئامبەرین زەمان: تورکیا لە هەڵوێستی پەیەدە زۆر بێزارە. دەگوترێ بەم نزیکانە خۆسەری ڕادەگەیەنن، لە ڕۆژئاوا چ ڕوو دەدا؟ 

ساڵح موسلیم: ڕووداوەکان زۆر گەورە دەکرێنەوە. ئامانجی ئێمە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتیی سڤیلە لەو ناوچانەی کورد لێی دەژین. لە نێو بارودۆخی پێکدادان و جەنگی سووریادا، مرۆڤەکان وێڵ و پەرێشان و چاو بە گریانن. ئاو نییە، نان نییە، گاز نییە. وەرزی چاندن هاتووە، بەڵام جووتیاران دانەوێڵەیان نییە. ئەگەر گەنم نەبێ، نانیش نابێ. بۆ بونیادنان و سەقامگیرکردنی سیستەمێک تا کۆتایی هاتنی شەڕ، ئێمە هەوڵی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی کاتیمان دا. دەگوترێ پەیەدە نایەوێ دەسەڵات بەش بکا. ئەمە ڕاست نییە. ئێمە لەگەڵ هەموو گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان بە عەرەب، ئێزدی و سووریانیەکانەوە ئامادەی ڕێککەوتن و سازشین. ئێستا لە هەولێر دەژیم. لێرە لەگەڵ گرووپە کوردە نەیارەکان خەریکی دانوستان و وتوێژین.
شتێک هاوشێوەی مەجلیس گەڵاڵە دەکەین. گرووپێکی سی چل کەسی. با بەڕێوەبەرایەتییەکی سڤیلی کاتی پێکهاتوو لە عەرەب و کوردە ژیرەکان پێک بێ. بۆ نموونە یەکێک خەریکی کاروباری نەوت بێ، یەکی تر ئابووری و یەکێک تەندروستی. چەند وەزارەتێک دابمەزرێن. شتێکی ئاوامان لە مێشک دایە.

ئەم بەڕێوەبەرایەتییە سڤیلە چۆن هەڵدەبژێردرێ؟ 

لە مانگێک لەمەوپێشەوە لەگەڵ گرووپەکانی تری کوردی سووریا لە هەولێر چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەم. لەسەر ئەم مژارە گفتوگۆ دەکەین. هەوڵ دەدەم قایلیان بکەم. ئەوان دادەنیشن بیری لێدەکەنەوە و بڕیاری لەسەر دەدەن. هەندێک لەوانەیە بڵێن نابێ و هەندێک بڵێن دەبێ. با بزانین چۆن دەبێ.

ئاخۆ مەسعود بارزانیش لە نێو ئەم پێڤاژۆیە دایە کە دەمێکی درێژە هەوڵی لێک نزیک کردنەوەی حزبە کوردەکانی سووریا دەدا؟

 ئێمە تەنیا ئەو زانیارییەمان پێ ڕاگەیاندوە و هیچی تر. بەڵام بێگومان بە بەشداری کردنیان دڵخۆش دەبین.

ئەو قەیرانە درێژەی هەیە کە دوای قۆڵبەستکردنی دەیان کەسی نزیک لە بارزانی لە لایەن ئێوەوە لە مانگی مەی هاتە ئاراوە. دەرگای سنوور هێشتا داخراوە... 

بەڵێ، هەوڵ دەدەین ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. هیوادارم چارەسەر بێ.

مانگی مەی لە قاهیرە لەگەڵ وەفدی تورک چاوتان پێک کەوت. بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی فەرمی چاوپێکەوتنتان لەگەڵ تورکیا پشت ڕاست کرایەوە. سەهۆلەکان خەریک بوو بتوێنەوە، بەڵام دوای دامەزراندنی ''مەجلیسی گەل'' و لێدوانەکانتان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی "خۆسەری دیموکراتیک" سەر لە نوێ گیروگرفت هاتنە ئاراوە... 

هەڵبەت لێرەدا خراپ تێگەیشتن هەیە. سیستەمی خۆسەری دیموکراتیک بە ڕاستی پڕۆژەی ئێمەیە. بەڵام ئێمە ئێستا هەمووی بە جارێک پیادە ناکەین و تەنیا بەشێکی جێبەجێ دەکەین. بۆ داهاتوو بیر لەم پڕۆژەیەمان دەکەینەوە. دوای ئەوەی شەڕ تەواو بوو و سەرجەم لایەنەکانی سووریا ددانیان پێدانا، ئەوا ئەودەم دەکرێ بەدی بێ، ئەگینا هیچ چەشنە هەوڵێکی داسەپاندنمان نەداوە و نایدەین. باسمان لە مەجلیسێکی دامەزرێنەر کردوە. ئەمانە لە ماوەی شەش مانگدا بەرەو هەڵبژاردن دەچن. کەم تا زۆر هەڵبژاردنێکی هەمەلایەنە دەبێ و لە ئەنجامدا بەڕێوەبەرایەتیەکی کاتی دادەمەزرێ. بەڵام کە شەڕ تەواو بوو، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئێستاکە ڕەوشێکی نائاسایی هەیە. لەپێناو ئاسانکردنی ژیانی هاووڵاتیان، هەوڵی دامەزراندنی ئیدارەیەکی سڤیلی کاتی دەدەین.

لەگەڵ کاربەدەستانی تورک باسی ئەم پڕۆژەیەتان کردووە؟

 نەخێر.

باشە ئەی لە قاهیرە باسی چیتان کردوە؟

 باسی نیەت چاکی دوولایەنە و شتی وا. هیچ بیرمان لەم پڕۆژەیە نەکردبۆوە. ئێستا ئامادەین لەگەڵ لایەنی تورک گفتوگۆی لە سەر بکەین. ئەگەر تورکەکان بیانەوێ. لەگەڵ وەفدەکەی قاهیرە، باسمان لە مەسەلەی ئاسایشی سنوور، چۆنیەتی هاتنی یارمەتیی مرۆیی و چۆنیەتی پەیوەندی بەستن لەگەڵ سوپای ئازادی سووریا کرد. وەک دەزانن تورکیا پشتیوانی لە سوپای ئازادی سووریا دەکا.

گفتوگۆکان بۆچی پچڕان؟ 

کێ گوتویەتی پچڕاون.

لە دوا چاوپێکەوتنماندا وات گوت.

 بە هەڵە دەرمبڕیوە. نەپچڕاوە و بەردەوامیش نەبووە. بەڵێنمان بە یەکتری نەداوە کەی جارێکی دی دادەنیشینەوە. ئەگەر پێشنیارێک لە لایەن ئەوانەوە بێ، سەرلەنوێ دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەینەوە. ئێستاکە پێکدادان لە ئارا دایە و گرووپە جیهادییەکان دەیانەوێ لە ناوچەکانی ئێمە ویلایەتی ئیسلامی دابمەزرێنن. دەیانەوێ سیستەمی شەریعەت بگەڕێننەوە. بە شێوەیەکی هۆڤانە سوریانییەکان دەکوژن. ڤیدیۆکان هەموو کەس بینیونی. ئێستاکەش ئەوە هێرش دەکەنە سەر مە.

ئەگەر ڕۆژئاوا و ئەمریکا یارمەتیتان بکەن، ئێوە ئامادەن دژ بەم هێزە سەلەفییانە بچنە نێو هاوپەیمانیەتیەکەوە؟ 

ئێمە هیچکات نەبووینەتە سەربازێکی بەکرێگیراو. ئێستاش لەگەڵ ئەو گرووپانە لە شەڕ داین. بۆ ئەوە نییە ئەمریکا دەیەوێ یان نا. بەڵکو چونکە کۆمەڵگاکەمان ئەوانی ناوێ. ئەمانە دەیانەوێ کۆمەڵگای ئێمە تێک بدەن. چونکە کۆمەڵگاکەمان، کۆمەڵگایەکی لاییکە و فرە دینی تێیدا زاڵە. بۆ نموونە ئێزدی هەن. بەڵام ئەگەر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، تورکیا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا خوازیاری سوریایەکی لاییک و دیموکراتن، پێویستە پشتیوانیمان لێ بکەن. بۆ نموونە ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکا چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین بەڵام قەبوڵی ناکەن.

ئێوە بانگەشەتان دەکرد کە تورکیا پشتیوانی لە بەرەی ئەلنوسرە دەکا. 

ئێستاکە ڕاشکاوانە شتێکی وا نابینرێ. بەڵام هێشتا چەند دەروازەیەکی سەر سنوور لە ژێر دەسەڵاتی ئەوان دایە. بۆ نموونە دەروازەی سەر سنووری ئاکچاکالا و قرقامیش. تورکیا بەمە دڵخۆشە. هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە پێکدادانی سەرێکانی (رەئسولعەین)دا، لایەنی تورک ناوچەکەی تۆپباران کرد، بۆچی؟ بە گوێرەی میدیاکانی تورک، پێنج هاووڵاتی تورک بریندار ببوون و کەسێکیش شەهید ببوو. گوللـە سەرلێشێواوەکان لە لایەن ئەوانەوە (نوسرەچیەکان) ڕەوانەی تورکیا کران، بەڵام تورکیا لە بری تۆپبارانی ئەوان، بنکەکانی یەپەگەی (باڵی چەکداری پەیەدە) بۆردومان کرد. ئەگەر بنکەکانی ئەلنوسرەی تۆپباران کردبا، ئەوا قسەیەکمان نەبوو.

بەڵام ئێوە دەڵێن تورکیا ئیتر ڕاشکاوانە پشتیوانی لە ئەلنوسرە ناکا. لێرەدا ناکۆکییەک بەدی ناکرێ؟

 ئێمە ئاگاداری ئەوە هەین بۆ نموونە لە پێکدادانەکانی پێشووتری سەرێکانیدا، لایەنی تورک ڕۆژانە بەشی ١٥ هەزار کەس خواردنی بۆ چێشتخانەیەکی ئەوێ دەنارد، ئامبۆڵانس و کەلوپەلی تری ڕەوانە دەکرد. بەڵام ئێستا وا نییە. ڕاشکاوانە یارمەتییان نادا.

سەبارەت بە ئەلنوسرە تۆ بڵێی تورکیا لە لایەن ئەمریکاوە هۆشداری پێ نەدرابێ؟ 

ئەمریکا ئەوانی بە تیرۆریست ڕاگەیاند. ئاخۆ ئێستا تورکیا تەگبیر وەردەگرێ یان نا. ئەوەیان نازانم. بەڵام لە دوا پێکدادانی سەرێکانیدا یەپەگە دەستی بە سەر بارەگای ئەوان داگرت و لەوێ ناسنامەی سێ تورکی دۆزیەوە. ئاخۆ ئەندامی ئەوان بوون؟ کوژراون یان ماونەتەوە، نازانم. ئەمانە بۆی هەیە بە دوو شێوە بەشداری ئەلنوسرە بووبن. یان ئەوەتا بە دزی کاربەدەستانی تورک کە لەو حاڵەتەدا یانی ئەلنوسرە لە نێوخۆی تورکیا چالاکی هەیە و چاوپۆشی لەو چالاکییانەی دەکرێ. یاخود بە ئاگاداریی تورکیا بەشدار بوون. ئەمەش کێشەیەکی ترە. ئەمانە دەبێ لە لایەن تورکیاوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێ. پێویستە ئەمەش زۆر باش فام بکرێ. دەروازەی سەرسنووری نێوان سەرێکانی و تورکیا بە دەست هێزە سڤیلەکانەوەیە. ئەوان بەڕێوەی دەبەن. لەوێ یەپەگە و پەیەدە بوونی نییە.

بە شێوەیەکی کۆنکرێت لەگەڵ تورکیا چۆن پەیوەندییەک پێشنیار دەکەن؟

 جا وەڵڵا ئەگەر بە شێوەیەکی دروست و حیسابی سڵاو لە یەکتری نەکەین، پەیوەندی چی؟ بێگومان نابێ پەیوەندییەکە لەو ئاستە دابێ. مانگی ڕابردوو لیژنەیەکمان ناردە لای پارێزگای گازی عەنتاب. لەپێناو کارێکی مرۆییدا. ئێمە ناوچەی کۆبانی و عەفرینمان هەیە. ئەو دوو ناوچەیە ئێستا لە گەمارۆی گرووپە جیهادییەکان دان. لێرەدا تورکیا دەتوانێ دەرگای سنوورەکان بکاتەوە. بەم شێوەیە خەڵکی سڤیل کە لە ناو هەزار زەحمەتی و لە هەلومەرجی شەڕدا دەژی، لەوانەیە ئاسوودە دەبێ. قسەمان لە سەر ئەمانە کرد، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ئەوەی خراپ لە ئێمە تێدەگەن، لەبەر ئەوەی هەواڵی وەک "سەیر کەن کوردەکان دەیانەوێ جیا ببنەوە" بڵاو دەبنەوە، لەگەڵ لایەنی تورک ناتوانین پرسی متمانە تێپەڕێنین. ئێمە نامانەوێ جیا ببینەوە. بێگومان وەها شتێک لە گۆڕێ نییە. بێگومان قەوارەیەکی فیدڕاڵی وەک باشووری کوردستانیشمان ناوێ. دەمانەوێ وەک بەشێک لە سووریا لە چوارچێوەی خۆسەرییەکی دیموکراتیکدا پێک بێین. دەمانەوێ خۆمان ناوچەکانی خۆمان بەڕێوە بەرین. گەڵاڵەی بەڕێوەبەریی کاتیش بۆ ئاسایشی زیاتری ژیانی خەڵکە لەو ئاڵۆزی و نائارامییەدا. سەیر کەن لە مانگی ڕەمەزاندا نرخی قالبە سەهۆڵ بەرز بۆتەوە. کەس لە توانایدا نییە بیکڕێ. بە میلیارد دۆلار یارمەتی دەڕژێتە نێو سووریاوە بەڵام هەمووی خەرجی چەک و چۆڵ دەکرێ. هیچکەس قوروشێک بە یارمەتی ناداتە کوردەکان. مرۆڤەکان بۆچی بۆ کوردستانی عێراق ڕادەکەن. زیاتر لە سەد هەزار کەس ڕایانکردووە. ئەگەر لێرە دەرفەتی ئیش بڕەخسێ، بۆچی ڕادەکەن.

بانگەشە دەکرێ کە لە تورکیاوە خەڵک بەشداری یەپەگە بووە. هێدی بوونەوەی پێڤاژۆی ئاشتی لە تورکیا بە سەر لەنوێ ساردبوونەوەی ئەنقەرە لە بەرامبەر پەیەدە پەیوەند دەدرێ... 

بێگومان شتێکی وا لە ئارادا نییە. نە لە پەکەکە و نە لە هیچ شوێنێکی ترەوە، کەس بەشداری یەپەگە نەبووە. ئێمەش لە ناخی دڵەوە دەمانەوێ پێڤاژۆی ئاشتی بەردەوام بێ. بەڵام تورکیا ئەگەر بە چاوی دوژمن سەیری کوردەکانی سووریا بکا، چۆناوچۆن لەگەڵ کوردەکانی تورکیا ئاشت دەبێتەوە؟ دواجار هەموومان یەک نەتەوەین. ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ تورکیا دۆست بین. دەمانەوێ پێکەوە لە نێو ئاشتی و سەقامگیرییدا بژین.

بەڕای ئێوە ئەسەد براوە دەبێ؟ 

نەخێر بەڕێزم. ئەمە پێچەوانەی زانستە. بەو هەموو تانک و تۆپەیەوە هێرشی خەڵکەکەی بکا و دواجار براوە بێتەوە سەر ڕێ و شوێنی خۆی. مەحاڵە. تاکە ڕێگەی چارەسەری دانوستانە. لەم دانوستانانەشدا دەبێ هەموو چین و توێژەکان نوێنەرایەتی بکرێن. هەم نەیاران و هەم کوردەکان، هەم ئێران و هەم حیزبوڵڵا، هەم لوبنان و هەم قەتەر، هەم عەرەبستانی سعودی و هەم تورکیا. ئەگەر لایەنێک لە دەرەوە بمێنێتەوە، چارەسەری بەدی نایە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر