۱۳۹۲/۰۴/۳۰

پیاوێکی ئاوس


حەلیم یوسف
وەرگێڕان لە کورمانجی ژوورینەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

کەنگێ ڕووی دا؟ کەس نازانێ. کتوپڕ بنێشتۆک سۆراغی نەما. دەتگوت ئاسمان زاری کردۆتەوە و قووتی داوە. هەزاران قسەی لە پاش هەڵبەسترا. یەکێک لەم گوندە نزیکانە دەیگوت:
بە چاوی خۆم بینیم. لە ئۆتۆمبێلێکی خۆڵەمێشیدا پاڵی دابۆوە. خێرا بە بەر دەممدا تێپەڕی.
یەکێکی تر دەیگوت گەلەگورگ پەیدا بوون. گورگەکانیش ئیتر مەڕ و کەر ناخۆن، بەڵکو تەماحیان لە مرۆڤەکان کردووە و لەوانەیە بنێشتۆک یەکەمین قوربانی بێ. 
هەندێکی دیکەش پێیان وابوو لەبەر ئەم وشکە ساڵییە سەری خۆی هەڵگرتووە و چۆتە شوێنێک، خودا نەبێ کەس نازانێ.
یەکێکی تریش دەیگوت خۆی گەیاندۆتە ئەو شۆڕشگێڕانەی لەسەر چیاکان دەجەنگن. 
یەکێکی دی سوێند و قورئانی دەخوارد هاوڕێیەکی ڕۆژێک لەمەوبەر بنێشتۆکی لە کونجی بەندیخانەدا بینیوە، زۆر درەنگ کاتێک بردبوویانە ئاودەستی بەندیخانە، ناسیبووی.
یەکێک دەیگوت کوژراوە و لە چۆلەوانی نێژراوە. خۆی کوشتووە یان بە زیندوویی چۆتە ناو گۆڕ تاکوو لە تەشقەڵە و ئەو هەموو بوویەرە بێ سەروبەرە ڕزگاریی بێ. 
شەپۆلی قسە و باس خۆیان بە یەکتر دادەدا. بەڵام گەڕانەوەی کتوپڕی بنێشتۆک ئاگری ئەم قسانەی خامۆش کرد. 
بنێشتۆک هاتەوە گوندەکەمان. خەڵکی لە دەوروبەری نیگا بێ تین و ساردەکەی کۆبوونەوە. لە زۆربەی هەرە زۆریان سەری سووڕمابوو. ڕێگەی خستە ماڵی مامی، هەر شەش مناڵەکەی ڕامووسی و لە باوەشی کردن. وەک چیایەک لە بێدەنگی گێژی دەخوارد. بە توڕەییەوە ڕووی کردە مامۆژنەکەی:
پێم مەڵێ لە کوێ بووم. پاشان خۆم هەموو شتێکت موو بە موو بۆ دەگێڕمەوە. ئەی مامم کوانێ؟ 
لە مەلا بانگ دانەوە جووت دەکا.
لە سەر خاکی کێ؟
خاکی ئەوان.
هااااا؟
هەر کەس دەیزانی بنێشتۆک ڕازەکانی نادرکێنێ. هیچ شتێک بە کەس ناڵێ. مناڵەکانی بەڕێ کردەوە ماڵی خۆیان. ئەوە نۆ مانگ و پێنج ڕۆژە ماڵەکەی چۆل و هۆلە. پاش گەڕانەوەی تەنیاییەکی زیاتر ئابلۆقەی دا.
دانیشتوانی ''کەرمانوو" گشتیان پەی بەم ڕاستییە دەبەن. بنێشتۆک گۆڕابوو. ببووە کەسێکی تر. بە تایبەت پاش کۆچی دوایی ''نۆفا"ی خێزانی کە لەسەر خەرمانی نزیک ماڵەکەیان بە پێوە مرد، دوای ئەوەی خەرمانەکەیان لە لایەن بیانییەکانەوە زەوت کرا، ئەو بیانیانەی ماوەیەک لەمەوبەر دەستیان بەسەر خاکەکانی دەوروبەری گوند داگرتبوو کەچی هێشتا چاویان تێر نەببوو. بێ پرس و ڕا دەستیان بەسەر شتەکان دادەگرت. پاڵپشت بە کەسێکی خورت، خاک و ئاسمان و چاندن و پشیلە و باڵندە و با بوو بە موڵکی ئەوان. 
ئەو ڕۆژە ژاوەژاو کەوتبووە گوند. خەڵک لە موڵکەکانیان دەترسان. پاڵیان بە دیوارە قوڕینەکانەوە دابوو و خۆیان بێدەنگ و مت کردبوو. قەت بنێشتۆک بە خەیاڵیدا نەهاتبوو بیانییەکان دەست بەسەر خەرمانەکەی دابگرن. بەخۆی دەگوت: دوێنێ خاکەکەیان برد، ئیمڕۆ خەرمان، سبەینێش نۆرەی ماڵەکەمە. دەستی دایە تەورەکەی و ویستی شاڵاویان بۆ بەرێ، کەچی کاتێک خۆی بە تەنیا دی، گەڕایەوە. تەنیا بوو لە بەرامبەر تەراکتۆر و ئاژەڵە ئاسنینە گەورە و گچکەکان. لەگەڵ دەرکەوتنیدا، ''دوگۆل''ی جیرانیان بەسەریدا قیژاندبووی:
لەسەر گونی خۆت دانیشی باشترە بنێشتۆک. 
وەک ژیرێکی بە ئەزموون دەیگوت:
کورت و کورمانجی، کێ لینگی دایکمان بەرز بکاتەوە، ئەو باوکمانە.
بنێشتۆک پشتی لە پرتەو بۆڵەی دوگۆل کرد. 
بە دڵناسکی و خۆشەویستی لە ژنەکەی ڕوانیبوو. فەقیرە ژنەکەی شەو و ڕۆژ ئیشی دەکرد و منداڵ وەکوو گوڵی ژاکاو بە دەوروبەریدا هاتوچۆیان بوو. لە پڕڕا جەستەی وشک هەڵگەڕا. تەنیا با بوو خۆی لە داوێنەکەی دەدا و دەیلەراندەوە. لەو مەیدانەدا نۆفا وەک دارێکی بەرز بێدەنگ مابوو. بنێشتۆک حەپەسابوو. لێی نزیک دەبۆوە، دەستی لە قاچی دەدا: "نۆفا... نۆفا...."
چاوەکانی لە دوور ڕادەمان. ئاو لە قوڕگیدا وشک ببوو و زمانی لە لای ڕاستی زاریدا ڕەق هەڵاتبوو. هەر دووک دەستی شۆڕ ببۆوە، دەتگوت لە بەردەم سەرلەشکەرێک ڕاوەستاوە. دەستی لەسەر مەمکی چەپی دانا: "نۆفا... نۆفا"، وەڵام نەبوو، منداڵ لێی کۆ ببوونەوە. زریکەیەک لە بنێشتۆک بەرز بۆوە. ئاسمان خەریک بوو بدڕێ و گوللـەی مەرگی لێ ببارێ... نۆفااااا... خەڵک لە دەوری جەستە بەردینەکەی ئاپۆرایان بەست. لەسەر عەرز درێژیان کرد. ویستیان چاوەکانی ببەستن. نەیانتوانی. پیرەژنەکان نەیانتوانی جلەکانی لە بەر داکەنن و بیشۆرن. نەیانتوانی چۆکەکانی بنوشتێننەوە. هەر بەمجۆرە بە خاکیان سپارد. 
شێخ تەناف، شێخی بەناوبانگی کەرمانوو، کە نەخۆش لە هەموو لایەکەوە دێنە کنی، فتوای دابوو.
دەرو دراوسێ بە گاڵتە دەیانگوت:
شوکور بۆ خوا کە شێخ لە خۆمانە.
لەو ڕۆژەوە بنیشتۆک وەزعی گۆڕا. ڕوخساری ڕەنگی جارانی نەما. خەڵکی گوند هەموو دەیانزانی کە خێزانی دڵی ڕاوەستاوە و بە فەرمانی خودا مردووە. بنێشتۆک ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەیوەندی لەگەڵ خەڵک دەپچڕا و نەیدەتوانی وەک جاران بەردەوام بێ. نەیدەتوانی بەشداری کۆڕوکۆبوونەوەی شەوانی زستان بێ، وەک جاران تا دەنگی کەڵەشێری بەیانی یاری وەرق بکا یان هەندێ جار تا نوێژی نیوەڕۆ. زۆر بە کەمی دەچووە میوانی، خەڵکیش خۆیان لێ دوور دەگرت. زۆر جار میوانی نەناسراو دەهاتنە سەردانی. قسە، قسەی دێنا. دوگۆل مەراقی دەکرد بزانێ ئاخۆ چ شتێک دەگوترێ. جارێک پێیانی گوت:
ئەرێ بە خوا. بەڵکوو پێغەمبەریش سەری سووڕمابێ.
باشە بۆ... ئاقڵینە!
ئەوەنێ دەڵێن "ماڵی جیران بەر لە ماڵی مرۆڤ دێ"، ئەوەش جیرانی من بنێشتۆک...
ئێستاش پاش گەڕانەوەی، دوگۆڵ بەر لە هەر کەس ئاوسانی زگی جیرانەکەیانی هەست پێ کردبوو. زگی بنێشتۆک ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زێدەتر هەڵدەمسا. 
ویستی پرسیاری لێ بکات:
چ بووە جیران؟
هیچ... هیچ ڕووی نەداوە. 
بەڵام وا دیارە تۆ نەخۆشی.
نا... لەوانەیە قەڵەو بووبێتم یا خود...
رووی کردبۆوە ئەو چۆمەی بە ناو گونددا تێدەپەڕێ. زیخ و بەردی بۆ بژیوی مناڵەکان کۆ کردبۆوە. ئەو مناڵە سەرخڕ و بچووکانەی برسێتی شوێنەواری لە سەر ورگ و ڕوخساریان بە جێهێشتبوو. قەرتاڵە ڕەشەکەی پڕ کرد لە بەرد. بە کۆڵی دادا. سەراپای جەستەی خوێناوی ببوو. دەتگوت خوێن لە پێستی دەبارێ. زگە هەڵمساوەکەی ترسێکی گەورەی خستبووە دڵی. سەری قامکی لەسەر زگی دەسوڕاند. دەتگوت شتێک لە ژێر ناوکی جوڵە جوڵێتی... دەڵێی ئاوسم.. ئەوە چییە؟ ئەگەر خەڵک هەستی پێ بکا چی... بەڕاستی هەرگیز بیرم لە شتێکی وەها نەکردبۆوە... قەرتاڵەکەی لە دەستی کەوتبوو، بەردەکان پەرش و بڵاو ببوون. دەستی بەدەم و چاوی داهێنا، نەوەکوو چاوەکانی بیخاپێنن. بێ ئەوەی هەست بکا، خۆی لە ژوورەکەی خۆیدا بینی. دەرگەی لەسەر خۆی پێوە دا.
یەکە یەکە جلەکانی داکەند. سەری پەنجە لەرزۆکەکانی لە پێستی زگە ڕووت و ‌هەڵمساوەکەی خشاند. گوشاری دا:
ئاخ خودایە... ئێستە چ بکەم؟
دەتگوت قالۆنچەیەکی مردوو بەر قوڕقورۆسکەی گرتووە... بە دەنگێکی بەرز گریا.. بنێشتۆک لە نێو دەریای ترس و مەرگدا مەلەی دەکرد. 
(.. لە ناخی دڵێکی ڕەشەوە، شیشی تیژ تیژ دەردەکەون، بریسکەیان دێ. لە ئاسمانەوە کێری ئەستوور، قاوەیی، ڕەش و لەت و پەت کراو دادەبارێن. بە لووتیدا ڕۆدەچن، بە زاریدا. ئەم لێیان هەڵدێ، تف بارانیان دەکا. هەناسەی سوار دەبێ. دەڕشێتەوە، خوێن لە چاوەکانیەوە فیچقەی دێ. دڕوی ئاسنین لە گەرووی ڕۆدەچێ. بە دەستی ژنێک، پیاوێک سەر دەبڕدرێ. قوڕگی ژنێکی مردوو بە چڕنووکی پیاوێک هەڵدەپچڕدرێ. زمانی دەجوێ. پیاوێکی قەڵەوی کەوڵ خاکیی بەم دیمەنە سەرسام دەمێنێ. نێوکی پیاوێکی باریکەڵە و ڕووت دەدڕینرێ. خوێن دێتە دەر. دەنگی گریان لە منداڵدان بەرز دەێتەوە. ژنەکان هەلهەلە لێدەدەن. پیاوەکە زا. بۆقێکی گەورەی بوو. بۆقەکە زاری دەکاتەوە. خانوو و گوند و زەوییەکان هەڵدەلووشێ. ڕەشی و تاریکی باڵ بەسەر هەموو شتێک دادەکێشێ...)
بنێشتۆک وەک گایەکی نێر، خەوێکی قووڵ و گران بردبوویەوە. دەتگوت هەتا هەتایە دەخەوت ئەگەر مامی هەڵینەستاندبا:
بنێشتۆک.. بنێشتە!
بنێشتۆک بەلادا سووڕا. تف لە گەرووی مامیدا وشک بوو.
خودایە، ئەوە بۆ وا هەڵمساوی؟
مامی لێی دەڕوانی. مێشەکان لە دەوروبەری چاوە داهێزاوەکانیدا مەلەیان دەکرد. مامی لە ژێر لێوەکانیەوە گوتی:
با بچینە شار. یەکێک لەو دوو گوێدرێژانە دەفرۆشم. با بچینە لای دکتۆر. 
مامی دەیویست بزانێ چی بە سەر هاتووە، کەچی لە پڕ بنێشتۆک ڕێگەی مەراقی لێ گرت.
ئەز نازانم... نا... زا... نم چییان لێکردووم. کێ وای لێکردووم. ئەز... نا.. زا... نم.
دکتۆرەکان بە مامیان گوتبوو لە سەرەخۆ و خوێنسارد بێ. دکتۆرێک لەو شارەدا نەما سەری لە چارەسەرکردنی هەڵنەقورتاندبێ. بەم وەزعە ڕاهاتبوون. هەر کە ڕێگەیان دەکەوتە نەخۆشخانەیەکی نەناس، هەموو لە دەوری کۆ دەبوونەوە. وا نابێ، زگی دەتەقێ، ئەگەر ئەو شتە زیادییەی لە زگی دەرنەهێنن، دەتەقێ، چونکە بواری بۆ هاتوچۆی خوێنی ناو ڕەگەکان نەهێشتۆتەوە. یەکێک لەوان دەیگوت پاش ماوەیەکی تر مناڵێکی سێ چوار لاقی دەبێ.
پاش چەند ڕۆژی تر دەزێ.
ئەوی تر هەندێکی ترش و خوێ پێوە دەکرد.
چۆن منداڵی دەبێ؟ خۆ پیاو منداڵدانی نییە.
یەکێکی دیکە لە دوورەوە هەڵیدەدایە:
زارۆکێکی ئاسایی نابێ برا.
دوای ڕاوێژو دانوستان دەرمانیان دابوو بە بنێشتۆک. یەکێکیان دەیگوت:
ئەو دەرمانە بۆ مناڵەکەی باش نییە.
بەڵام کەس گوێی نەدابوویە.
بنێشتۆک لەگەڵ مامە قەرزدارەکەی گەڕایەوە گوند. کیسەیەک پڕ لە شووشە و قوتوو دەرمانی لەگەڵ خۆیان هێنایەوە. بنێشتە بە دزی دەرمانە تاڵەکانی دەنۆشی. بەڵام هەر کەوچکە شەربەتێ یاخود حەبێکی لە زاری نزیک دەکردەوە، خەریک بوو بڕشێتەوە. جار جارەش لە خەو ڕادەچەنی. 
ژانێکی قورس لە زگی یان لە پشتی دەپێچرا و ئامانی لێ دەبڕی. ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبوو. هەتا ناچار مان لەسەر دۆشەک بیخەوێنن. خەڵکی گوند دیسان ئاپۆرایان بەست. قەرەباڵغی بەرز بۆوە. دوگۆل لە هەر کەس زیاتر خۆی لەم ئاڵۆزییە وەردەدا:
هەر ئێستا دکتۆرەیەک دێنم.
ئەمەی گوت و دەرکەوت.
پڕوپیرەژنان هەر یەکە و تەشقەڵەیەکیان بەکار دێنا. یەکیان هەڵم و یەکی دیکە دووکەڵی بە ڕێگەچارە دەزانی، یەکی دی قسەی وا هاتەران پاتەرانی لە زار دەهاتە دەر، خۆیشی نەیدەزانی دەڵێ چێ. دایکی دوانەیەک بەسەر زگە هەڵمساوەکەیدا بازی دەدا. یەکێک ئاوی گەرم دەکردەوە و ڕووی دەکردە ماڵی شێخ تەناف تاکوو بەمجۆرە شێخ داڵدەی بدات و کێشەکەی چارەسەر بکا. پیرەژنێکیش دەیگوت نەخۆشەکەتان بەرنە ماڵی شێخی گەورە لە تەلمەعرووف و سەر گۆڕی پیاوچاکانی خوا. 
بنێشتۆکی زگ هەڵمساو خەڵتانی ئارەق ببوو. بە هەردووک دەستی سەری گرتبوو و لە عەرزی دەکوتا. لەسەر زگ دەخەوت، بە مەست وەردەگەڕایە دەرو دیوار. پیاوانی گوند دەست و قۆڵیان دەگرت، دەیانەویست ئەهوەنی بکەنەوە. ئەم زمانی خۆی دەگەست، گۆشەیەکی بەتانییەکەی لە زاری دەنا. دەستی پیاوێکی دەگرت و بە تەواوی هێز گازی دەگرت. وەها دەیقیژاند دەتگوت هەر ئێستا قوڕگی دەپچڕێ. دوگۆلیش هێشتا نەگەڕابۆوە.
سرتە و چپەی پڕو پیرەژنان، زیاتر پەستیان دەکرد. دایکی مناڵە دوانەکان لە ترسان زەندەقی چووبوو و لە ژوورەکە ڕایکرد. شێخ تەناف نەیدەوێرا نزیکی بێتەوە. تەنیا دەیگوت:
هاوار... خودایە هاوار... 
پاشان بەرەو ماڵی خۆیان ڕۆیشتبوو و بێزاری پیاوان و ناڵەی پیرەژنان و مناڵانی لە پاش خۆی بەجێ هێشتبوو. 
بنێشتۆک بە حاڵەحاڵ هەستا و خۆی بە دەرگا دادا. بەڕاکردن دوور کەوتەوە. هەندێکیان ویستیان بیگرن، نەیانتوانی.
خۆی گەیاندە ئەو شوێنەی ژنەکەی مردبوو. بە هاوار خۆی گەیاندبۆوە خەرمانەکە. لەسەر قاچە پێخواسەکانی ڕاست بۆوە. بە پەلەقاژە خۆی بەسەر خاکی خەرمانەکە دادابوو. بە هەر بیست قامکەکانی عەرزی دەکۆڵا و .... لە نێو هەردووک دەستیدا سێڵاوی کرم و مار هەستابوو...
چیرۆکی ناوەکان:
١. بنیشتۆک:
ناوی خۆیەتی یان لەوانەیە پێیانەوە لکاندبێ. لەگەڵ ئەوەی کەسێکی خەڵکی گوند نەیدیتوە ڕۆژێ لە ڕۆژان بنێشتی لە زار دابێت. بەڵام سەبارەت بەم ناوە زۆر شت دەگوترێ:
پێوە دەنووسێ... وەک بنێشت بە ژنانەوە دەنووسێ.
باریک و پشت قیتە وەک بنێشتی "چکلیس".
بۆیە ئەو ناوەیان لێناوە، گۆیا لە باوکی خۆی نییە. پێاوێکی نەناس چەند مانگ لەگەڵ دایکی خەوتووە. دواجار کە بنێشتۆک لەدایک بووە، ئەو پیاوە دایکی بەجێ هێشتووە و ڕۆیشتۆتە لای ژنێکی تر.
ئەو ناوەی لە خۆی ناوە چونکە دەیزانی هەتا بمێنێ دەبێتە بنێشتەخۆشکەی سەر زاری خەڵک.
لە شەقامەکانی قامیشلۆ جارێک بنێشتێک بە پانتۆڵەکەیەوە نووسابوو. خەڵک بانگیان کرد "بنیشت.... بنێشت..." ئیتر لەمەوبەدوا بە بنێشتۆک ناسییان. زۆر جار لەسەر ئەم قسانە بارگرژی ڕووی دەدا. لەوانەیە یەکێک لەبەر ئەم قسە و باسانە ددانی بکەوتایە ناو دەستی، یان یەکێک دەمی بە مست هەڵمسابا یاخود یەکێک قامکی شکابا، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر قسەکەی سوور دەبوو و وەک بنێشت پێوەی دەنووسا.
٢. کەرمانوو
هەموو دەڵێن کەر لەم شوێنە، نەک لە شوێنێکی تر ماندوو بووە، کێشەی گەورەتریش لە هوندوری ئەم پرسیارە دایە:
تۆ بڵێی کەر لە کوێوە هاتبێ؟
جارێک زیاتر دوگۆل هەڕەشەی لەو کۆڵبەرانە کردبوو کە دانیان بە قسەکانی دانەدەنا. بۆچوونەکانی دوگۆلیش لە سەرچاوەیەکی بەهێزەوە دەهات. یەکێک دەیگوت:
کەر لە عاموودێ دەرکەوتووە.
ئەوەی دی سوێندی بە شیری دایکی دەخوارد کە کەر لە حەسەکەوە هاتووە. 
سێهەمینیان سوێندی بە ئێسک و پرووسکی شێخ دەخوارد کە کەر لە دەربێسپی هاتووە. بە دوای ئەویشدا کۆڵبەرەکانیی دێرک و گوندەکانی دەوروبەر بۆچوونی خۆیان دەردەبڕی.
٣. نۆفا
لە بنەماڵەیەکە کە زۆر پابەندی خاکن. چەند ساڵ لەمەوبەر کاتێک بیانییەکان هاتن و پارچە زەوییەکەی باوکیان داگیر کرد، سەرەتا خۆڕاگری کرد. سەری شکا. کەوتە بەندیخانە. پاش ئازادبوونی دوای چەند ڕۆژێک مرد. ئێستەش، پاش مەرگی نۆفا و بردنی خەرمانەکەیان هەندێ دەڵێن مەرگێکی وا سەرسوڕهێنەر، تایبەتمەندیی ئەم بنەماڵەیەیە. هەندێکیش چاوەڕێی مردنی کەسانی زیندووی  ئەم بنەماڵەیەن!
٤. دوگۆل:
هاوڕێی گشت فەرمانگەکانە، لەگەڵ فەرمانگەی فەرەنسییەکانیش ماوەتەوە کە ماوەیەک لێرە بوون. ئەشێ هەر بۆ ئەمەش ئەم ناوەیان لێ نابێ. هەر کە دەچێتە شار، بەشداری سەرجەم شایی و میهرەجانەکان دەبێ. پشتگیری گشت ئەو کەسانەی دەکرد لە کۆڵانەکان بوون. دژی کێ یان لایەنگری کێ بوایەن بۆ ئەو گرنگ نەبوو. لە داوەتدا سەرچۆپی کێش بوو، دەتگوت زاوا خاڵێتی. لە پرسەکانیشدا، دەنگی گریانی بەسەر دەنگی پیرەژنەکان دەکەوت. دەتگوت مردووەکە دایکێتی. کاتی بەروبووم کۆکردنەوە دەبوو بە کۆڵکێش. جارجارە شۆفیر یان کرێکاری چێشتخانەیەک بوو. عاشق دەبوو، دەبوو بە پەیامنێر و شوان. دەبوو بە وەزیری بەرەڤانی و بەرگریی لە گوند و ناوچەکانی دەوروبەری دەکرد.
٥. شێخ تەناف
شێخ محەمەد، دەرپێیەکی ژنانەی بە تەنافی جلە شۆردراوەکانەوە هەڵواسیبوو، هەر کە ژنێک هاتبایە لای بۆ دروستکردنی نوشتە یاخود بۆ دەرمانکردن یان چارەسەریی نەخۆشی قۆرسی منداڵە بچکۆلانەکەی، شێخ مرخی خۆی لێ خۆش دەکرد. بە ئاماژەی سەر پێی دەگوت:
ئەو دەرپێیە بێنە خوار.
ئەگەر ژنەکە دەرپێیەکەی خۆی داکەندبا، کە زۆرتریش دایدەکەند، کەف لە زاری شێخ دادەچۆڕا. بەڵام ئەگەر ژنەکە ویستبای جنێوی پێ بدا، بە خوێن ساردی تف و نەفرینی لە شەیتانی گەمار دەکرد.
مەبەستم ئەو دەرپێیەیە، ئەو دەرپێیەی لە  پشت سەرت بە تەنافەکەوە هەڵواسراوە، ئەرێ دایکم. خودایە لە گومانی گوناهە بمانپارێزی. 
بە بێزارییەوە درێژەی بە سرتە و چپە دەدا:
ئەو ژنانە چەند دڵ پیسن. خودایە تاکوو مەرگ لە گوناهە بمانپارێزی.
ژنەکەش سەری دادەخست و دەڕۆی. دەڕۆیی و نەدەگەڕایەوە. بەڵام کاتێ ئەو فێڵەی شێخ ئاشکرا بوو، خەڵک لە بیریان چوو ناوێکی تری هەیە جگە لە شێخ تەناف.

- ئەم چیرۆکە لە گۆڤاری 'ئایندە' چاپی سلێمانیدا بڵاو بۆتەوە. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر