کاتێ ڕۆمانەکانی ئاگۆتا کریستۆفم خوێندەوە هەستم ئەکرد خەریکم بیرەوەرییەکانی خۆم ئەخوێنمەوە، یان باشترە بڵێم ڕووی ڕاستی و واقعەکانی ژیانی ڕابردوو و ئێستای کوردم ئەبینی. دەڵێی تایبەت بە کورد و کوردستان نووسراوە. دوو خاڵ ببووە هۆی ئەوە کە وەها هەستێکم لە لا دروست ببێت: یەکەم، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەیە کە باس لە دۆخێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی سەردەمی شەڕ دەکا و ئاماژەش بە هیچ جێگا وشوێنێک ناکا کە ئەو ڕووداوانە تێدا ڕوویان داوە. بەڵکوو زیاتر جەخت دەخاتە سەر کاریگەری و ئاسەوارەکانی شەڕ. ماڵ وێرانی و هەژاری، ئاوارەیی و دەربەدەری و بێ بەزەی مرۆڤ لەحاند یەکتر. ئەو زیاتر ئاماژە بە کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر دەروون و ناخی مرۆڤ دەکات. شەڕ چۆن مرۆڤێک بەرهم دێنێت؟ لەو ڕۆمانەدا بەگشتی باس لە بێ هۆڤییەتی مرۆڤ لە مرۆڤاییەتی دەکات. باس لە ئەڤین و نامۆ بوون لە ئەوین، ژیانی سەخت ودژوار و داهاتوویەکی نادیار ئەکات. نووسەر هەوڵ دەدا لایەنە جیاوازەکانی ژیان و شەڕ لێکبداتەوە و لە ئاکامدا سیمای ڕەش وتاریکی ژیانی مرۆڤەکان دەخاتە بەرچاو. هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە (دەفتەری گەورە تا بەڵگە و پاشان سێیەم درۆ) گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی دووانەیەکن کە لە کاتی منداڵییدا ولە سەردەمی شەڕدا لە ماڵبات و زێد و نیشتمانی خۆیان دادەبڕێن و لە وڵاتی دراوسێ و لە کن دایەگەورەیان جێگیر دەبن. سەرەتا دەیانهەوێت بە خوێندنەوە هەست ونەستی خۆیان بپارێزن، بەڵام کاریگەری دەوروبەر و تاڵی و سەخڵەتییەکانی ژیانی تووش ناچاریان دەکات هەستی خۆیان لە بیر بکەن، ناچار دەبن خۆیان بۆ ژیانێکی نامژمەڵ و نالەبار تەیار بکەن. دەست بەخۆڕاهێنان دەکەن تا لە هەمبەر بێ بەزەیی وبێ ڕەحمی دەوروبەرو هەروەها لە مەڕ ئەشکەنجە و گوشارە دەروونیەکاندا خۆڕاگر بن. دەبێ ئەوانیش وەک هەرمرۆڤکی تری ئەوکۆمەڵگایە بێ ڕەحم و دڕندە بن هەتا بکارن خۆ بپارێزن. ئەو دەخوازێ بڵێ سروشتی مرۆڤ خراپ نییە بەڵکوو ئەوە دۆخ و دەوروبەرە مرۆڤ بەرەو خراپی و دڕندەیی دەبات. وەها دۆخێک دەکارێ ئاوێنەی ژیانی هەزاران کورد و منداڵی کورد بێت. هەرچەند نووسەر ڕاڤەی ژیانی تێکڕای کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەکات کە زادەی شەڕە و ئاسوودەیی و ئارامیی لە ژیانی مرۆڤ سڕاوەتەوە وبێ هیوای بە مرۆڤاییەتی باڵی بەسەر ژیانی مرۆڤدا کێشاوە و بەرەو داهاتوویەکی نادیارمان دەبات. ئەو زنجیرە ڕۆمانە ئەگەر ئاوێتەی تەنز نەبا هێندە تاڵ و ژاناویە خوێندنەوەی ئەستەم بوو.
نووسەر لە شوێنێکدا دەڵێت ژیانی واقعی و ڕاستەقینە تاڵتر و پڕ ژانترە لە وەیکە لە کتێبەکان نووسراوە.
تێبینی: ڕاڤە و نرخاندنی ڕۆمانەکە دەبێتەبابەتێکی دوور ودرێژ کە مەبەستی من نییە.
(فرهاد پیرباڵ وتەنی: ئاخ جەنەگ، جەنگ بوو بە باوکمان و دایکی هەموومانی گا)
خاڵی دووهەم: ئەوەیکە من هەستم کرد ئەو زەنجیرە ڕۆمانە سەبارەت بە ژیانی کورد نووسراوە زمانی وەرگێڕ بوو. (سەلاحەدین بایەزیدی)
لەگەڵ ئەوەی سادەیی و ساکاریی زمانی نووسەری پاراستووە، رۆحێکی کوردانەی وەبەر وشە و ڕستەکاندا کردووە. کاتێ دوو منداڵەکە دێنە پەیڤین، خوێنەر هەست ناکا دوو منداڵی بیانین وا هەست ئەکەی دوو منداڵی هەژار و چەتوونی کوردن. کاتێ دایە گەورە دەئاخڤێ هەستەکەی پیرەژنێکی ڕەنجکێش و بە ئەزموون، چەنەباز و پڕ فێڵ وکەڵەکی کوردە.
دایەگەورە دەڵێ: ئێوە تێگەیشتن، دەبێ شایستەی نان و بن میچی ماڵێ بن.
وا نییە کار ناخۆشە، بەڵام ناخۆشتر ئەوەیە کەسێکی بە ساڵاچوو کار بکا و سەیری بکەی.
دایەگەورە بزەیەکی دێتێ و دەڵێ: کوڕی سەگینە دەتانەوێ بڵێن دڵتان بە من سووتاووە.
خاڵێکی تر ئەوەیە وەرگێڕ خۆی نابەستێتەوە تەنیا بە زاراوەی شوێنی لەدایک بوون و ناوچەیەک، پەل دەهاوێ بۆ زاراوەکانی ترو وشەکان لە جێگای خۆی بە کار دێنێت. لەگەڵ ئەوانەشدا لە ڕووی ستایل و جوانکاری وشە و ڕستەدا بێ کێشە نیە. بەڵام بە گشتی زمانێکی پوختە و پاراوە و زەوق و شەوق بە خوێنەر دەدا و خوێنەر بەرەو خوێندنەوەی زیاتر ڕاکێشدەکات.
سپاس بۆ زەحمەت و تێکۆشانت کە ڕۆمانەکانت چەندین شەو هاوڕێم بوون. لەم نووسینە تەنیا مەبەستم پێزانین و دەست خۆشییەک بووە. نەک نرخاندن و ڕاڤە کردنیان.
هەموو کەلێن و قوژبنێکی ئەم ژیانە تووی شەڕی تێدا چنراوە. شەڕ شڕمانی کرد.
هاوڕێت: نیزام زەکەریایی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر