ئەییووب کەریمی
ماوه‌یه‌کی زۆره وێژه‌ی کوردی نووسه‌ر و وه‌رگێڕی به‌توانای به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه. زۆربه‌ی نووسه‌ره کورده‌کان به زمانی داگیرکه‌ران ده‌نووسن و وه‌رده‌گێڕن. ئه‌وه‌ش جێگای داخ و که‌سه‌ره.
به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا چاوم به چه‌ند به‌رگ ڕۆمانی زۆر باش که‌وت که مزگێنی سه‌رهه‌ڵدانی نووسه‌رێکی به‌هێزمان پێده‌دا: "سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی". من له نیزیکه‌وه ئه‌و به‌ڕێزه ناناسم به‌ڵام به خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی "ده‌فته‌ری گه‌وره"ی ئاگۆتا کریستۆف ئاشقی شێوه‌ی نووسین و وه‌رگێڕانی بووم. کاری کاک سه‌لاح چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی باشی هه‌یه:
1. ڕۆمانه‌که‌ی له زمانی فه‌ڕانسییه‌وه وه‌رگێڕاوه، نه‌ک له زمانی دووهه‌مه‌وه.
2. تاقمێکی زۆر وشه‌ی زاراوه‌ی کرمانجی (وه‌ک دیرۆک، ڕامووسان، زارۆک و ...) به‌کارهێناوه که هه‌نگاوێکه به‌ره‌و زمانی یه‌کگرتووی کوردی.
3. ڕسته‌کانی ڕێک و پێک و کوردانه داڕژتووه به‌جۆرێک که ده‌ڵێی به کوردی نووسراوه.
هه‌ڵبه‌ت چه‌ند ڕه‌خنه‌شم له زمانی ئه‌و ڕۆمانه هه‌یه:
1. له هێندێک جێگادا کارتێکردنی زمانی فارسی پێوه دیاره، بۆ وێنه: له بن ته‌خته‌که‌ی "قایمیان ده‌کا" (لاپه‌ڕه‌ی 139) که ده‌یتوانی بنووسێ ده‌یانشارێته‌وه، "خۆشمان بۆ ده‌گوزه‌رێ" یان "خۆشمان پێ ده‌گوزه‌رێ" (لاپه‌ڕه‌ی 153) که ده‌یتوانی بنووسێ خۆشی ڕاده‌بوێرین.
2. تێل دڕوو به‌واتای "سیم خاردار"ه. "سیمی تێل دڕوو" (ل 168 و 186) هه‌ڵه‌یه.
3. له لاپه‌ڕه‌ی 135 باسی "ئامۆزاکه‌مان" ده‌کرێ له‌کاتێکدا "دایه گه‌وره ده‌ڵێ ئامۆزاکه‌مان کچی خوشکی باوکمانه"! که‌وابێ ئه‌وه ده‌بێ پوورزا (میمکزا) بێ. له زمانه ئوڕووپاییه‌کاندا به هه‌ردووکیان ده‌ڵێن cousin به‌ڵام له کوردی‌دا جیاوازی له‌نێوان ئه‌و دووانه‌دا داده‌نرێ.
4. هه‌رچه‌ند له ده‌قی سه‌ره‌کیدا کاتی ڕێزمانی (tense) ئێستایه به‌ڵام ئه‌گه وه‌رگێڕ هه‌موو کاته‌که‌ی کردبایه ڕابردوو بۆ خوێندنه‌وه له زاران خۆشتر ده‌بوو.
به‌گشتی پێم وایه ده‌رکه‌وتنی وه‌ها به‌رهه‌مێک به زمانی کوردی ڕووداوێکی گرینگه و ده‌بێ ده‌ستخۆشی له کاک سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی بکه‌ین که هه‌موو تواناکانی خۆی (به‌تایبه‌تی شاره‌زایی له چه‌ند زمانی وه‌ک فه‌ڕانسی، ئینگلیسی، تورکی و فارسی) خستۆته گه‌ڕ هه‌تا به‌رهه‌مێکی وا به‌هێز بخوڵقێنێ.
هه‌روه‌ها ده‌بێ ده‌ستخۆشی و ماندوونه‌بوونی له به‌رپرسانی چاپه‌مه‌نی مانگ بکه‌ین بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان به شێوازێکی جوان و سه‌رده‌مییانه.
- لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر