۱۴۰۰/۱۱/۰۳

"دیکتاتۆرێک بە ناوی ئیسلام"



وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی

ئەم وتووێژەی خوارەوە لەگەڵ شێخ عیزەددین حوسێنی لە کاتی سەفەرێکی بۆ پاریس لە تشرینی یەکەمی ١٩٨٢دا کراوە. ئەمە یەکەم سەفەری دەرەوەی ئێرانی شێخ بوو و ناوبراو هەلی مانەوە لە پایتەختی فەرەنسای قۆستەوە بۆ ئەوەی بچێتە دەر و چاوێک بە شاردا بخشێنێ. "بە پێچەوانەی خومەینی، کاتێک کە لێرە بوو"، شێخ وای گوت. دواتر، ساڵی ١٩٨٢، لە کاتێکدا پێکدادانی قورس لە نێوان پێشمەرگەکانی کورد و هێزەکانی حکومەتدا درێژەیان هەبوو، شێخ عیزەددین حوسێنی گەڕایەوە کوردستانی ئێران. - فرێد هالیدەی


بۆچوونتان دەربارەی پەیوەندیی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندی دوای شۆڕش چۆنە؟
ویستی خودموختاری دەگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕش. کوردەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە شۆڕشدا گێڕا و بەشداریان تێدا کرد، چونکە پێیان وا بوو لە ڕژێمی نوێدا ڕێز لە مافەکانیان دەگیردرێ. ئەوان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە دانوستان دەتوانێ گرفتەکانی بەردەم چارەسەر بکا.
چەند ڕۆژ پاش [سەرکەوتنی] شۆڕش، یەکەمین لیژنەی دەوڵەت هاتە شاری کوردیی مەهاباد. ئێمە لەوێ بەرنامەیەکی هەشت خاڵیمان پێشنیار کرد، بەڵام زۆری نەبرد شەڕ لە سنە هەڵگیرسا. بۆیە لەسەر بانگهێشتی دەوڵەت، من ڕۆیشتمە تاران و قوم، لەوێ چاوم بە ئایەتوڵڵا خومەینی و ڕێبەرەکانی تر کەوت. ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دا تاکوو ئەم کێشەیە لە ڕێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکەین. لێ ڕژێم لەوە پاشڤەڕۆتر بوو کە گرفتەکان چارەسەر بکا. ئەوان دژی نەتەوە و ئایینی ئێمەن، ئەخر زۆرینەی کوردەکانی ئێران موسڵمانی سوننەن.

هێرشی ئێستای دەوڵەت بۆ سەر کوردستان چ خەسڵەتێکی هەیە؟
ئەم هێرشە لە گشت هێرشەکانی پێشوو سەختترە. ئەو دوو لەشکرەی بە شێوەیەکی ئاسایی لە کوردستان هەن، لەشکری ٦٤ی ورمی و ١٢٨ی سنە، لە لایەن دوو لەشکری تر لە قەزوێن و تەورێزەوە بەهێز کراون. پاسدارەکان و ئەندامانی بەسیجیش بە هەمان شێوە ڕەوانەی ناوچەکە کراون. ئەوان لەسەر ڕێگای پیرانشار - سەردەشت خەریکی پێشڕەوین تا ناوچە ئازادکراوەکان گەمارۆ بدەن، دەیانەوێ لە دنیای دەرەوەمان داببڕن و بە قازانجی خۆیان، ڕێگایەک بەرەو سنووری عێراق بکەنەوە.

ئایا هەوڵ دەدەن کوردەکان بێننە سەر مەزهەبی شیعە؟  
دەستووری بنەڕەتی لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعەیە و تێیدا شوێنێک بۆ سوننەکان بەدی ناکرێ. ئەوان کەس ناچار ناکەن دین بگۆڕێ، بەڵکە زیاتر هەوڵ دەدەن هەلومەرجێک بخوڵقێنن کە هەموو ئێرانییەکان ڕوو لە ئایینی شیعە بکەن. لەو ناوچانەی کوردستان کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان دان، مامۆستای قوتابخانەکانیان گۆڕیوە و ئەندامانی سوپای پاسدارانی شۆڕشیان لە جێ داناون، ئەوانەی ئێمە پێیان دەڵێین مامۆستا - پاسدار. هاوکات، بەرپرسیارێتیی کاروباری ئایینی لە کوردستان خراوەتە ئەستۆی ئاخوندە شیعەکان و قوتابخانەیەکیان بۆ ڕاهێنانی ئاخوندە شیعەکان لە ورمێ کردووەتەوە.

کاتێک چاوتان بە خومەینی کەوت، ئایا گوێی لە قسەکانی ئێوە گرت؟
من لە ژوورێکی گەورە چاوم بە خومەینی کەوت. ئەو هاتە ژوور، دەستی گوشیم و بەخێرهاتنی کردم. چەند پیاوێکی ئایینی تریشی لەگەڵ بوو. یەکەم، ئێمە دەبێ دەستوورێکی بنەڕەتیی ئیسلامیمان هەبێ، نەک دەستوورێکی تایبەت بە شیعە یان سوننە. دووهەم، داوای خودموختاری بۆ کوردستانم لێ کرد. وەڵامەکانی زۆر گشتگیر بوون. ئەو پێی گوتم لە ئێران زوڵم لە هەموویان کراوە و ئێستا ئیتر شتەکان بەرەو باشی دەڕۆن. لە کاتی ماڵاواییدا، لێواری عەباکەی گرتم و پێی گوتم: "ئاسایشی کوردستانم لە ئێوە دەوێ." ئەمنیش عەباکەی ئەوم گرت و گوتم: "منیش خودموختاری کوردستانم لە ئێوە دەوێ." دوای ئەم کۆبوونەوەیە لە نیسانی ١٩٧٩، تێگەیشتم کە نایەوێ هیچ شتێکمان پێ بدا.

وەک ڕێبەرێکی ئایینی، بۆچوونتان لەسەر بیرۆکەی دەوڵەتی ئیسلامیی خومەینی و چەمکی ولایەتی فەقیه‌ چییە؟
گەلەک دەوڵەت لە ڕابردوودا بانگەشەیان کردووە کە بە ناوی ئیسلامەوە دەجووڵێنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچکامیان ئیسلامی نەبوون. لەم ڕووەوە دەتوانین ئاماژە بە هەردووک دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی بکەین؛ لەم دواییانەشدا، نموونەی خومەینیمان لە ئێران هەیە. ئەمانە دەمارگرژن و ئیسلام و ڕۆحەکەیان لەناو بردووە. ئەوەی لێرەدا هەمانە، دەوڵەتێکی ئایینی نییە، بەڵکە دیکتاتۆرێکە بە ناوی ئیسلام. ئەوان ناوی ئایین بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ سەرکوت بکەن و خەڵکیش ئەمە دەزانن. لە ئیسلامی سوننەدا، وەک ڕێبەری سیاسی ئیمام و نایب ئیماممان نییە. ڕۆڵی پیاوانی ئایینی ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی خەڵکە بۆ ناسینی خودا. هەروەها بەشێک لە مەلاکانی شیعە، چەمکی وەلایەتی فەقیهی خومەینی ڕەت دەکەنەوە. ئەمە ڕژیمێکی ئیسلامی نییە.

پێتان خۆشە چ جۆرە حکومەتێک لە ئێراندا ببینن؟
پێش هەموو شتێک، هەر جۆرە حکومەتێک کە بێتە گۆڕێ، دەبێ لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێ. من لایەنگری کۆمارێکی دیموکراتیکم کە تێیدا هەموو ئێرانییەکان، بە هەموو نەتەوەکانەوە، لە دەستووری بنەڕەتیدا پێکەوە یەکسان بن؛ حکومەتێک کە تێیدا هەموو بڕوا ئایینییەکان و بیروبۆچوونەکان ئازاد بن و دان بە ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسیدا بنرێ. هەموو حکومەتە ئاینییەکان بە دیکتاتۆری کۆتاییان دێ و دین دەبێتە ئامرازێک بۆ زەبروزەنگ، کوشتار، بڕین و سێدارە بە ناوی خوداوە. حکومەتێک ئەگەر دیموکراتیک بێ، مافی نەتەوایەتی و خودموختاری بە کوردەکان دەدا.

لە کوردستان دوو هێزی سیاسیی سەرەکی هەن: حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە. دوای شۆڕش لەناو ئەم دوو هێزەدا دووبەرەکی دروست بووە. ئێوە خۆتان زیاتر لە کۆمەڵە نزیکن. چ هەڵوێستێکتان دەربارەی ئەوان هەیە؟
من وەک کەسایەتییەکی سیاسی، سەر بە هیچ کام لەو ڕێکخراوە سیاسییانە نیم کە لە کوردستان هەن. لەگەڵ هەردووک لادا پەیوەندیی گەرموگوڕم هەیە. ڕێژەی نزیکبوونەوەم لەوان، پەیوەندیی بە ئاستی خەباتی ئەوانەوە هەیە دژ بە رژێمی خومەینی. هەتا ئەوان لەسەر ئەو تێکۆشانە شێلگیرتر بن، من پتر لێیان نزیک دەبمەوە. حدکا و کۆمەڵە دوو هێزی سەرەکین لە کوردستان، ئەوان لەسەر دوو خاڵی هاوبەش پێکەوە کۆکن کە ئەمنیش لەگەڵیان هاوڕام: خەبات لە پێناو ڕووخانی ڕژێمی خومەینی و خودموختاری بۆ کوردستان. من بەردەوام پێشوازیم لە هاوکاریی نێوان ئەم دوو گرووپە کردووە و ئێستا، هاوئاهەنگیی نێوانیان لە چاو جاران زیاتر بووە. بۆ یەکەم جار، لە ناوچەی سەردەشت - پیرانشار، بارەگایەکی سەربازیی فەرماندەریی هاوبەشیان دامەزراندووە. من پەیوەندیی ڕاستەوخۆم لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کورد هەیە و پشتیوانی لەو ڕێکخراوانە دەکەم کە لە پێناو خەڵکدا تێدەکۆشن.

ئێوە هێشتا تێکەڵ بە شۆرای میللی بەرگری نەبوون، لە کاتێکدا حدکا ئەم کارەی کردووە. چ هەڵوێستێکتان بەرامبەر بە شۆرای میللی بەرگری هەیە؟
موجاهدین[ی خەلق] ڕێکخراوێکی ئایینییە و لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە خاڵی هاوبەشمان پێکەوە هەیە. دیارە ئەوان شیعەن، بەڵام ئێمە پشتیوانی لە خەباتەکەیان دژ بە ڕژێمی خومەینی دەکەین. من لەگەڵ موجاهدین و زۆر ئەندامی تری شۆرای میللی بەرگری پەیوەندیی دۆستانەم هەیە. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک ڕەخنەم لە بەرنامە و پێکهاتەی ئەوان هەیە.

یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئێران، پەیوەندیی نێوان سۆسیالیزم و ئیسلامە. ژمارەیەک - هەم موسڵمان و هەم سۆسیالیست - پێیان وایە ناکۆکییەکی لە ئاشتی نەهاتوویان لە نێواندا هەیە.

سۆسیالیزم لەگەڵ هەلومەرجی هەنووکەیی ئێراندا ناگونجێ. ئێمە ئێستا لە قۆناغی دیموکراسی داین. بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجەکانی گەیشتن بە سۆسیالیزم، پێویستیمان بە دیموکراسی هەیە. بە بۆچوونی کەسیی من، پەرگالی ئابووریی سۆسیالیستی لەگەڵ ئیسلام ناکۆکی نییە، بەڵام من بڕوام بە بنەما فەلسەفییەکانی سۆسیالیزم نییە. کەواتە، هەرچەند ڕۆحی ئیسلام و سۆسیالیزم پێکەوە ناکۆک نین، پێم وا نییە لە ئێران ئێستا سۆسیالیزم لە بەرنامەی کار دابێ.

دەربارەی سیاسەتەکانی زلهێزەکان لەمەڕ ئێران چۆن بیر دەکەنەوە؟
هێزە گەورەکان هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ خومەینی نییە و هێشتاش پێیان وایە کە خومەینی هەندێک کار دەکا.

چ تێڕوانینێکی تایبەتتان لەسەر هەڵسوکەوتی سۆڤییەت هەیە؟
ئێمە نەتەوەیەکی چەوساوەین و سپاسبژێری هەر کەسێک دەبین کە یارمەتیمان بدا. لێ ئێمە هیچ هیوایەکمان بە سیاسەتەکانی سۆڤییەت نییە. گەلەک جاران گوتوویانە دەیانەوێ داکۆکیمان لێ بکەن، بەڵام دوایی دەرکەتووە کە جددی نین. هەر کەس بڵێ پشتیوانیمان لێ دەکا، ئێمە خۆشحاڵ دەبین، بەڵام هاوکات زۆریش بەپارێزین.  

چلۆن وەک کەسایەتییەکی ئایینی تێکەڵ بە چالاکیی سیاسی بوون؟
من ساڵی ١٩٢١ لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە بانە لەدایک بووم. وەکوو سەرجەم فێرخواز و فەقێیەکانی تر، لە مزگەوتەکانی کوردستان، لە لای پیاوانی ئایینی و وانەبێژ وەبەر خوێندن نرام. بنەماڵەی خۆیشم تەواو خوێندەوار بوون. من سەرەتا "زانستە کۆنەکان"ی ئایینم تەواو کرد. بۆ بابەتە جڤاکی و سیاسییەکانیش ناچار بووم خۆم بە تەنیایی بیانخوێنم. ماوەی نزیکەی سی ساڵ، بە تایبەتیش لە مەهاباد وانەی ئایینیم گوتەوە و هەوڵم داوە سەرەدەر لە ڕاستینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران دەربکەم. لەبەر ئەمەش، لە ناو ئاخوندە دەمارگرژەکاندا دوژمنم بۆ خۆم دروست کرد، بەڵام توانیم خۆشەویستی خەڵک بەدەست بێنم. چالاکیی سیاسیم بە ئەندامێتی لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، ژێکاف کە ساڵی ١٩٤٢، پاش ڕووخانی ڕژێمی ڕەزا خان لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە دامەزرابوو، دەستی پێکرد. پاشان، دژ بە ڕژێمی شا چالاک بووم و پەیوەندیی گەرموگوڕم لەگەڵ بزووتنەوەی چەکدارانەی کوردەکان لە ساڵانی ١٩٦٧ و ١٩٦٨دا هەبوو. لە سەردەمی شادا، لە ماڵەکەم لە مەهاباد، لەگەڵ ڕۆشنبیران و لایەنە شۆڕشگێڕەکانی تری نەیاری شار کۆ دەبوومەوە.

ئێوە چ وانەیەکتان لە کۆماری مەهاباد کە ساڵی ١٩٤٦ بە پشتیوانیی سۆڤییەت لە کوردستان دامەزرا و هەروەها لە هەڵوەشانەوەکەی وەرگرت؟
بە گشتی، باش بوو. فەرهەنگی کوردەکان پەرشوبڵاو بوو و ئەمە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر دانا. کێمایەسیی سەرەکی ئەوە بوو کە حکومەت لە ڕیزە باڵاکانی کۆمەڵگە - چینی بوڕژوا، فیۆداڵ و پیاوانی باڵادەستیی ئایینی - پێک هاتبوو. کۆمەڵەی ژێکاف هەر لە سەرەتاوە خۆشەویستیی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵانی خەڵک بوو، بەڵام مەردم، لەبەر خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکەی فرە هومێدیان بە کۆمار نەبوو. جگە لەمە، خاکی کۆمار، ڕێژەیەکی زۆر بچووکی کوردستانی لە خۆوە دەگرت. جیاوازییەکی زۆر گەورە لە نێوان جووڵانەوەکەی مەهاباد و بزووتنەوەی نوێدا هەیە. بزووتنەوەی ئەمڕۆ زۆر زۆر قووڵتر و بەرفرەترە و هەموو شوێنێک لە خۆیەوە دەگرێ. هەروەها ئێستا ژنانیش ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە، لە کاتێکدا ساڵی ١٩٤٦ ئەو ڕۆڵەیان نەبوو.

ئەمە پرسێکی بنەڕەتی پەیوەندیی ئیسلام لەگەڵ کۆمەڵگە پێک دێنێ. چ تێڕوانینێکتان لەسەر پێگەی ژنان هەیە؟
من بڕوام بەو شتە هەیە کە شەریعەتی ئیسلام دەربارەی ژنان بڕیاری لەسەر داوە. ژن لەگەڵ پیاو یەکسانە، بەڵام مرۆڤ دوو دیوی هەیە. ئەگەر ژن پاشکەوتوو بهێڵرێنەوە، کۆمەڵگە بە گشتی هیچ پێشکەوتنێک بە خۆیەوە نابینێ. ژنان منداڵەکان پێدەگەیەنن و ئەگەر بێت و پاشکەوتوو بهێڵرێنەوە، ناتوانن منداڵان ڕابێنن. ژنان هەتا زیاتر پێشکەوتوو بن، ئەوەندە بۆ کۆمەڵگە باشترە.

تێڕوانینتان لەسەر پۆشاکی ئیسلامی حیجاب کە ئێستا لە ئێران زۆرەملێیە، چییە؟
من لەگەڵ ڕێگای ناوین دام. من پشتیوانی لە ئازادی و ڕزگاریی ژنان دەکەم و لە دژی فەرمانەکانی خومەینی بۆ داپۆشینی ژنانم. من پێم وایە پیاوان دەتوانن جەستەی ژنان ببینن. لێ من دژایەتیی ئانارشیزم بۆ ژنان دەکەم. ژنان هاوکات هەم دەبێ هێمای کەرامەت و هەم دەبێ ئازاد بن.  

سەرچاوە:
"“A Dictatorship Under the Name of Islam”," Middle East Report 113 (March/April 1983).

۱۴۰۰/۱۰/۲۴

"ئاخوندەکان دەستیان بەسەر شۆڕشدا گرتووە"




وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی

عەبدولڕەحمانی قاسملوو سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)ی ئێرانە. ئەو نووسەری کوردستان و کورد (١٩٦٥) و گرفتەکانی پەرەسەندنی ئابووری لە وڵاتانی ڕوولەگەشە (١٩٦٩)یە. لە ١٩٦٠ەوە تا ١٩٧٥ لە خوێندنگەی باڵای ئابووری لە پراگ وانەبێژ بووە. مانگی شوباتی ١٩٨١ بە مەبەستی ئەم چاوپێکەوتنە لە ئەوروپا چاوی بە فرێد هالیدەی کەوتووە.

کاربەدەستە ئیسلامییەکان کە ئێستا بەسەر ئێراندا زاڵن، پێ دەچەقێنن کە ئەوان بە تاقی تەنێ [ڕژێمی] شایان ڕووخاندووە. بە بۆچوونی ئێوە، گەلی کورد چ ڕۆڵێکی لە شۆڕشی ١٩٧٨ - ١٩٧٩دا گێڕاوە؟
شۆڕشی ئێران لە لایەن هەموو گەلان و گرۆ سیاسییەکانی وڵاتەوە کراوە. لە ماوەی ساڵانی شۆڕشدا، شاری مەهاباد شانۆی گەلەک پێکدادان بوو کە بە هۆیانەوە دەیان کەس کوژران. هەروەها کوردەکان تەنیا بەشداری خۆپیشاندانەکانی ناوچەکانی خۆیان نەبوون، بەڵکە بە هانای گەلی ئازەربایجانیشەوە چوون و لە خۆپیشاندانەکانی تاران و شوێنەکانی تر، ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا. ئەوەی ئەمڕۆ تووشی بووین، دۆخێکە کە ئاخوندە شیعەکان دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە و دەستیان بەسەر شۆڕشێکدا گرتووە کە هەموومان تێیدا بەشدار بووین.

شۆڕشەکە ئێستا تەمەنی دوو ساڵە. دەتوانن بە شێوەیەکی گشتی پێمان بڵێن کە چی بۆ گەلی کورد بە دیاری هێناوە؟

ئێمە تەنیا وەک کورد نا، بەڵکە وەک ئێرانیش قسە دەکەین. خەڵک چوار داواکارییان هەبوو. یەکەم، وڵاتێکی سەربەخۆ، بە ڕێڕەوێکی نوێی ئابووری و سیاسی و بێ هیچ پەیوەند یان بەستراوەییەکی تایبەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دووهەم، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکرات بۆ گەشت ئەو کەسانەی کە بە ڕاستی لە دژی شا شەڕیان کردبوو. سێهەم، داننان بە ڕۆڵی بەرچاوی چینی کرێکار و بەدیهێنانی داخوازییە سەرەکییەکانیان. چوارەم، بە هۆی ئەوەی لە سەدا ٦٠ی حەشیمەتی ئێران فارس نین، نەتەوە نافارسەکان دەبێ مافە نەتەوەییەکانی خۆیان بەدەست بێنن. لێبەلێ دوای چەند مانگان، مەلاکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت و زاڵبوونی خۆیان سەپاند. ئازادییە سیاسییەکان سەرکوت کران. زۆر لەسەر مستضعفین دوان، بەڵام بە کردەوە هیچیان نەکرد. نەتەوەکانیش هیچیان بەر نەکەوت. جووڵانەوەکانی تورکمەن سەحرا و ئازەربایجان خەڵتانی خوێن کران. ساڵێک لەمەوپێش، ئایەتوڵڵا خاقانی، ڕێبەریی ئایینی عارەبەکان قۆڵبەست کرا. تەنیا شوێنێک کە گەل توانی خۆڕاگری بکا، کوردستان بوو و لێرەش شەڕ ڕووی دا. لە مەسەلەی خەبات دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هیچ دەستکەوتێکمان نەبوو. تەنیا کارێک کە بە گرتنی بارمتەکان توانیمان بیکەین، ئەوە بوو کە هاوڕێیانێکی زیاترمان لە کیس خۆمان دا. ڕای گشتیی دنیا دژ بە ئێمە وەخۆ کەوتووە و خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پشتی حکومەتەکەی خۆیان دەگرن. لە بواری ئابوورییەوە نەمانتوانیوە پارەکانی شا وەربگرینەوە. لەو یانزە بیلیۆن دۆلارەی ئێران هەیبوو، تەنانەت سێ بیلیۆنیشمان وەرنەگرتەوە. حزبی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە بارمتەگرتنەکەی مەحکووم کرد. ئەوەی ئێمە دەمانویست بیبینین بنبڕبوونی ڕاستەقینەی باندۆڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەمان بوو.

ئێوە کتومت چ شتێکتان لە دەوڵەتی ناوەندی دەوێ؟  
ڕێگەم بدەن خاڵێکتان بۆ ڕوون بکەمەوە: هیچ کام لە هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران خوازیاریی دابڕان لە ئێران نین. داخوازییەکانمان لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێران دان. سەرەتا، ئێمە دەمانەوێ ئەو چوار پارێزگایەی کە کوردستان بەسەریاندا دابەش کراوە، ببنە یەک. پاشان ئێمە دەمانەوێ ئەم ناوچە خودموختارە یەکگرتووە کوردییە هەڵبژاردنی هەرێمی هەبێ و خاوەن دەسەڵاتێکی دیار بێ لە بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمیدا. دەوڵەتی ناوەندی دەبێ کۆنتڕۆڵی بەسەر پلاندانانی درێژمەودا، هێزە چەکدارییەکان، سیاسەتی دەرەکی و پەرگالی پارەدا هەبێ، بەڵام ئێمە جەخت دەکەینەوە کە کۆنتڕۆڵی کاروبارە ناوخۆییەکانمان بە دەستەوە بێ. زمانی کوردی، لە پاڵ زمانی فارسی، دەبێ لە قوتابخانەکان، دادگەکان و فەرمانگەکان زمانی فەرمی بێ. ئاسایشی ناوخۆش نابێ بە دەستی پاسدارەکان، بەڵکە دەبێ بە دەست پێشمەرگەکان واتە خەباتگێڕانی کوردەوە بێ. ئێمە لە دنیایەک دەژین کە گەلەک نەتەوەی خوار میلیۆنێک کیانی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئێمەی کورد لە ئێران ٦ میلیۆن کەسین و تەنانەت لە خودموختاریی ناوچەییش بێبەشین.

لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە تاران چ ئەزموونێکتان دەستەبەر کردووە؟
لە مانگی ئاب تا تشرینی دووەمی ١٩٧٩، ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە شەڕدا بووین. دوای ئەم قۆناغە، ناچارمان کردن وتووێژمان لەگەڵ بکەن. ئەم گفتوگۆیانە شەش مانگ درێژەیان خایاند. ژمارەیەک ئایەتوڵڵا هاتنە کوردستان و ڕەزامەندیی خۆیان لەگەڵ داواکارییەکانی ئێمە دەربڕی، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو. ئێمە نەماندەزانی سەروکارمان لەگەڵ کێدا هەیە. کێشەکەی تر ئەوەیە کە بیروباوەڕی شیعە دان بە چەمکی نەتەوەدا نانێ - ئێمە دەبێ هەموومان وەک موسڵمان یەکگرتوو بین. هەروا بێتەوە ئەوان تا بڵێی لاسارن: هەتا ناچار نەبن، شتێک ناپەژرێنن. ئیشراقی، زاواکەی خومەینی، ئایەتوڵڵا کرمانی و ئایەتوڵڵا یەحیا عەلامە نووری لەوە دەچوو داواکارییەکانی ئێمەیان پەسند کردبێ و ماوەیەکیش، لەگەڵ ڕێبەرێکی ئایینی لەسەر ئەوە وتووێژمان کرد کە لە جیاتی خودموختاری چ دەستەواژەیەک بەکار بێنین. ئەو وشە فارسییەکە واتە خودموختاری قەبووڵ نەبوو - ئەمنیش پێشنیاری وشە ئەوروپییەکە واتە ئۆتۆنۆمیم پێ دا، بەڵام ڕەتی کردەوە چونکە وشەیەکی دەرەکییە. من پێشنیاری دەستەواژەی حوکمی زاتی بە عارەبیم هێنایە گۆڕێ، بەڵام پێی باش نەبوو و لە کۆتاییدا پێشنیاری کرد ببێتە "خودموختاری ئیسلامی". بە خۆشحاڵییەوە پەسندم کرد. لێبەلێ کۆمەڵێک کەسی تر خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ هێرشێکی نوێ و دواجار توندڕەوەکان باڵادەست بوون. دەوڵەتی ناوەندی پێی دادەگرت کە کورد چەکەکانیان ڕادەست بکەن. ئەگەر وەها کارێکمان کردبا، کۆمەڵکوژیان دەکردین. داواکارییەک بوو کە نەماندەتوانی پەسندی بکەین. بەم جۆرە، ئاداری ١٩٨٠ دوژمنایەتییەکە پەرەی سەندەوە و ئێمە بە ویستی خۆمان لە شارە گەورەکان کشاینەوە بۆ ئەوەی پێش بە ڕووخانی ژیانی ئابووری خەڵک بگرین. گرووپی کۆمەڵە هاوپەیمانی ئێمەن، بەڵام هەوڵدانیان بۆ مانەوە لە شاری سنە هەڵە بوو. مانەوەیان بیانووی بە دەست حکومەتی ناوەندییەوە دا کە پەلاماری شارەکە بدات و خەساری زۆری پێ بگەیەنێ.

ئێوە لەگەڵ سوپای ئێران شەڕ دەکەن یان لەگەڵ پاسدارەکان؟
هەردووکیان، بەڵام فرەتر سوپای پاسداران، چونکە سەربازەکانی سوپای ئێران لە بەرەکانی شەڕی دژی عێراقن.

حزبی دیموکراتی کوردستان چ پەیوەندییەکی لەگەڵ شێخ عیزەددین حوسێنی، ڕێبەری مانەوی کوردەکان هەیە؟
دوای یەکەمین پێکدادانەکان، لە ساڵی ١٩٧٩، ئێمە لیژنەیەکمان بە مەبەستی دانوستان پێک هێنا. حزبی دیموکراتی کوردستان تێیدا بەشدار بوو، هەروەها فیداییەکان و کۆمەڵەش نوێنەرانی خۆیان هەبوو. حوسێنی سەرۆکی ئەم لیژنەیە بوو. ئەو ئێستا لە حزبەکەمان نزیکتر بووەتەوە، بەڵام ئەگەر فیداییەکان و کۆمەڵە بە چاوی ڕێبەرێک لێی دەڕوانن، ئێمە وا سەیری ناکەین. ئێمە لە دژی تاکپەرستین. لە لای خۆیەوە، حوسینی دانی بە ڕۆڵی پێشەنگی حزبەکەمان داناوە. دۆخەکە گۆڕدراوە و ئەو چیتر کاریگەریی جارانی نەماوەتەوە.

لەگەڵ هێزە چەپەکانی تری ئێران چ پەیوەندییەکتان هەیە؟
لەگەڵ فیداییەکان لە بەرەیەکی هاوبەش دابووین، هەتا حوزەیرانی ١٩٨٠، تا ئەو کاتەی ڕێکخراوەکە بەسەر دوو باڵی زۆرینە و کەمینەدا دابەش بوو. ئەوسا فیداییانی زۆرینە کە لە ڕاستیدا تەنیا حیساب لەسەر ئەوان دەکرێ، کوردستانیان بەجێ هێشت و چەکەکانیان دانا. لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە کە پشتیوانیان لێ کردبوون، ئیتر وازیان لەمە هێنا. ڕێبەرایەتیی فیداییان ئەمڕۆ لە ژێر کارتێکەریی حزبی تودە دان و لەبەر ئەم هۆکارەش، لە کوردستان ئیتر لایەنگریان نییە. کەمینەکان زۆر لاوازترن و لە داهاتوودا ڕەنگە بتوانن ڕۆڵێکی تایبەت ببینن. تەنیا هاوپەیمانیی ڕاستەقینەی چەپ لە کوردستان، کۆمەڵەیە. ئەوان لەپێناو دۆزی کوردستاندا خەبات دەکەن و هیچ تێکهەڵچوونێکمان لەگەڵیاندا نەبووە. دەتوانم بڵێم نزیکەی ٥ لە سەدی خەڵک[ی کوردستان] پشتیوانییان لێ دەکەن.  

ئاخۆ جیاوازییەکانی نێوان کوردە سوننە و شیعەکان فاکتەرێکی گرنگە؟
سەرەتا کۆمەڵێک جیاوازیی هەبوون. خۆڕاگری لە هەندێک شوێنی وەک کرماشان و بۆکان لەچاو ناوچەکانی باکووری کوردستان کە سوننە زیاترن، گەلەک لاوازتر بوو. بەڵام هەموو ئەمانە گۆڕدراون و ئێستا تەنانەت لە کرماشانیش خۆڕاگرییەکی بەرچاو هەیە.

لەوە دەچێ تاقە ڕێکخراوی ئێرانی کە پشتیوانیتان لێ دەکا، موجاهدینی خەلق بێ.
بەڵێ. ئێمە چەندان ساڵ دەبێ لەگەڵیان لە پەیوەندی داین و لە دوای شۆڕشەوە گەلەک چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەواندا هەبووە. کاتێک دەوڵەتی ناوەندی پەلاماری داین، نەیانتوانی ڕاستەوخۆ یارمەتیمان بدەن - ئەوان ڕێکخراوێکی شیعەن و خۆیشیان لە هەلومەرجێکی دژوار دان، ڕاست نییە ئەگەر بڵێین لەگەڵ ئەوان لە بەرەیەکی یەکگرتوو داین، بەڵام ئەوان پشتیوانی لە گەلی کورد دەکەن. ڕۆژنامەکەیان، موجاهید، هەرچەندەش بە نهێنی دەستاودەستی پێ دەکرێ، لەناو ڕۆژنامەکانی ئێراندا زۆرترین تیراژی هەیە، نزیکەی ٢٠٠ هەزار نوسخە. لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە کانوونی دووەمی ١٩٨٠، ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆکی موجاهدین، ڕەجەوی دەربڕی و پشتیوانی لە بەرنامە دوانزە ماددەییەکەی دەکەین کە ئەودەم پێشکەشی کردبوو. هیوادارین پەیوەندییەکانمان درێژە بخایەنن و لە داهاتوودا بتوانین بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بێنین. ئێمە لەسەر هەموو خاڵە سەرەکییەکان، وەک خەبات بۆ خودموختاری، ڕزگاریی ژنان و خەبات دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا هاوڕاین.

لەوە ناچێ کوردەکان و ئازەربایجانییەکان هاوکارییەکی ئەوتۆیان پێکەوە هەبێ. بە پێچەوانەوە، وا دیارە هێندەی دوژمنایەتی مێژووییان لەگەڵ فارسەکان، لە نێوان ئەم دوو نەتەوەیەدا دوژمنایەتی هەیە. بۆ نموونە، پێکدادانی قورس لە نەغدەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا کە دانیشتووانی تێکەڵاون، لە نێوان کوردەکان و ئازەربایجانییەکان ڕوویان داوە.
نەغەدە بابەتێکی تایبەتە. ناکۆکیی تایفەخوازانە لەوێ لە لایەن هەندێک مەلاوە وروژێنرا و کەتنی گەورەی لێ کەوتەوە. بەڵام بە گشتی ڕێزێکی تایبەتمان بۆ ئازەربایجانییەکان هەیە. ڕادیۆکەمان، دەنگی کوردستان، ڕۆژانە دوو سەعات بەرنامەی هەیە - ٤٥ خولەک بە کوردی، ٤٥ خولەک بە فارسی و سی خولەکیش بە ئازەربایجانی. لە ئازەربایجان و هەروەها سەرانسەری ئێرانیش بە گەرمی پێشوازی لێ دەکرێ. بارودۆخی ئازەربایجانی ڕۆژاوا بەو شێوەیەش خراپ نییە: ساڵی ١٩٧٩ کاتێک بۆ مەجلیسی خیبرەکان هەڵبژێردرام، لە مەڵبەندێکی هەڵبژاردنی ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەنگم هێنایەوە. ئەوە کەسانی سەرەوەن کە دەیانەوێ هەلەکە بقۆزنەوە.

دەوڵەتی ناوەندیی تاران حزبی دیموکراتی کوردستان بە وەرگرتنی یارمەتی لە عێراق تۆمەتبار دەکا.
لە هیچ دەوڵەتێکەوە هیچ هاوکارییەکی ماددیمان پێ ناگا. ئەوەی ڕاستی بێ کوردەکان لە ئێران لە لایەن سێ دەوڵەتی دوژمنەوە - ئێران، عێراق و تورکیا - گەمارۆ دراون. ئەم تۆمەتانە کە گۆیا ئێمە بۆ هێزێکی بێگانە کار دەکەین، نوێ نین. هەموو جارێ کە گەلی کورد هەوڵی داوە داخوازییەکانی بێنێتە گۆڕێ، تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە داردەستی دوژمنن. ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبێ، شەڕەکە مانگی ئاداری ١٩٨٠ هەڵگیرسا، کاتێک دەوڵەتی ناوەندی پەلاماری داین. مانگی ئەیلوول ئێمە گوتمان ئەگەر حکومەت پاشەکشە بە پاسدارەکانی بکا و دان بە داواکارییەکانمان دابنێ، لەگەڵ ئەوان دژ بە عێراق شەڕ دەکەین. لە بەرامبەردا، دەوڵەت دیسان پەلاماری داینەوە. ماوەی دوو مانگ هیچمان نەکرد و پاشان بینیمان کە سیاسەتەکەیان هەروەکوو پێشوو وایە. تەنانەت بەرامبەر بە ئێمە دڕندانەتر جووڵانەوە. جارێکیان، سەرپەلێکی پاسدارەکانمان قۆڵبەست کرد و لێمان پرسی: "بۆچی لە بری شەڕ لە دژی عێراقییەکان، لە دژی ئێمە شەڕ دەکەن؟" پێی گوتین لە تاران وا گۆش کراوە کە دەوڵەت زیاتر بە تەمای تەفروتوونا کردنی کوردەکانە تا شەڕ لەگەڵ عێراقییەکان. ئایەتوڵلا حەسەنی، حاکمی ئازەربایجانی ڕۆژاواش قسەیەکی هاوشێوەی هەیە: دەڵێ کوردەکان دوژمنێکی گەورەترن، چونکە ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ کوردەکان دەجەنگین و تەنیا دوو مانگە لەگەڵ عێراق دەکەین. با ئەوان خودموختاریمان پێ بدەن، ئەوجا ببینن ئاخۆ ئێمە ئامرازی دوژمنین یان نا. ئەگەر ئێمە مافەکانی خۆمان بەدەست بێنین، بە تەواوی ئامادە دەبین تێکەڵ بە ڕیزەکانی شەڕ لە دژی عێراقییەکان بین.

ساڵی ١٩٤٦، یەکێتیی سۆڤییەت لە دامەزراندنی کۆمارێکی ئۆتۆنۆم لە مەهاباد یارمەتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی دا، بەڵام لە پتەوبوونەکەیدا کارێکی ئەوتۆی نەکرد و زۆری نەبرد کۆمارەکەی بە چارەنووسی خۆی سپارد. لە یەکەم تێکهەڵچوونەکانی ساڵی ١٩٧٩، میدیای سۆڤییەت بە هاوسۆزییەوە ڕاپۆرتیان لەسەر خەباتەکەی ئێوە بڵاو کردەوە. بەڵام وێدەچێ ئەمە ئیدی شوێنەواری نەمابێ.
ڕاستە. وا دیارە یەکێتیی سۆڤییەت هەڵوێستێکی بێلایەنی گرتووەتە بەر و بۆ ئێمە جێگەی داخە. نە بە قازانجی ئێمە و نە دژ بە ئێمە هیچیان نەگوتووە. سەرەڕای ئەمەش، ئامادەین ئەم دۆخە پەسند بکەین. خەباتی ئێمە دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکایە. یەکێتیی سۆڤییەت، هێزێکی گەورەیە لە ناوچەکەدا و وڵاتێکی دۆستە.

ئەی دەربارەی ئەفغانستان؟ ساڵی ١٩٧٩ حکومەتەکەی حەفیزوڵڵا ئەمین لە کابوڵ پشتیوانی خۆی بۆ کوردەکان دەربڕی، بەڵام حکومەتی بەبرەک کارمال دەرگای وتووێژەکان لەگەڵ تارانی لەسەر گازەری پشت کردۆتەوە و دانی بە خەباتی ئێوەدا نەناوە.
ئەفغانستان لە ئێمە دوورە. ئێمە لە پرەنسیپدا دژی هەر چەشنە دەستێوەردانێکی دەرەکین لە کاروباری وڵاتانی تردا. وێڕای ئەمەش، لە لایەن چەند ڕێکخراوی سەرهەڵداوی ئەفغان لە ناوخۆی ئێرانەوە هێرشمان کرایە سەر و ئەمەش ڕەنگە پەیوەندیی بەو ئالیکارییانەوە هەبێ کە ڕێکخراوگەلی ئاماژەپێکراو لە خومەینییەوە پێیان دەگا. دەگوترێ زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن دۆلار یارمەتیی مادی داون. لە ڕۆژی ئەمڕۆدا هەلومەرجی ناوچەکەمان زۆر ئاڵۆزە. لە ماوەی شەڕی ڤیەتنامدا دۆخەکە ڕوون و لەبەرچاوان بوو: ڤیەتنام لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەڕی دەکرد. دیار بوو دۆستەکانت کێن.

ئێوە بە وەرگرتنی هاوکاری مادی لە ئیسرائیل تۆمەتبار کراون.
ئیسرائیل یارمەتیی حکومەتی ئێران دەکا! ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێمەوە نییە. ئەوەندە بەسە گوێ لە ڕادیۆ ئیسرائیل بگرن و بۆتان دەردەکەوێ پشتیوانی لە کێ دەکەن. دەوڵەتی تاران چەکوچۆڵی لە ئیسرائیل کڕیوە، جا یان لە ڕێگەی سەرهەنگ سەعد حەداد و یان لە ڕێگەی ڕێکخراوی شیعەی ئەمەل لە باشووری لوبنان.

ئایەتوڵڵا خومەینی و لایەنگرەکانی بانگەشە دەکەن کە ئیسلام ڕێگە بۆ وەرچەرخانی شۆڕشگێڕانە لە سیاسەتەکانی کۆمەڵگەی ئێران خۆش دەکا. چ توانایەک لەم بانگەشەیەدا دەبینن؟
زۆرینەی خەڵکی ئێمە موسڵمانن، ئێمەش حزبێکی دیندژ نین. بەڵام دەبێ ئایین لە سیاسەت جیا بکرێتەوە و پێویستە ڕێز لە ئازادییە ئایینییەکان بگیردرێ. ئایدیۆلۆژیای ئایەتوڵڵا خومەینی ناتوانێ شۆڕشگێڕانە یان ڕزگاریدەر بێ، چونکە دان بە ئازادییە سیاسییەکاندا نانێ. لە سەردەمی شایشدا ئازادی سیاسی نەبوو، بەڵام تەنانەت ئەو ئازادییە تاکەکەسییانەی لە سەردەمی ئەودا هەبوون، ئیتر لە گۆڕێ نەماون. ئەوەی خومەینی دایمەزراندووە، حکومەتێکی تایفەخوازە. هەڵاواردن دژ بە ژنان پەیڕەو دەکرێ و زانکۆکان داخراون. تەواوی قوتابخانەکانی کوردستانیش داخراون. بەڵام ئەگەر بە پێی لێکدانەوەی خومەینی نا، بەڵکە بە گوێرەی تێگەیشتنی موجاهدین[ی خەلق] لە ئیسلام بڕوانین، ئەوا شیاوی پەسندە و دەتوانێ قازانجی ڕاستەقینەی بۆ خەڵک هەبێ.

ئێوە پێتان وایە چ شتێک لە ئێران ڕوو دەدا؟
پێشبینی ناکرێ؛ گەلەک فاکتەر لە گۆڕێن. بەڵام فاکتەرێک کە ناکرێ پشتگوێ بخرێ خودی خومەینییە. لەوە دەچێ نەخۆش بێ و ئەگەر بڕوا، بۆی هەیە شتەکان زۆر بە خێرایی بگۆڕدرێن. یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە هێزە دیموکرات و پێشکەوتووەکان یەک بگرن و ڕژێمێکی پێشڤەڕۆ دابمەزرێنن. ئەگەر نەیانتوانی لەمەدا سەربکەون، شەڕێکی ناوخۆیی ڕوو دەدا کە ئاکامگەلی سامناکی دەبێ. ئەگەری سێهەم دەستێوەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەگەر بێت و دەستوبرد بکەن، دەتوانن هەندێک شت بکەن و لە ناوخۆی وڵاتدا کۆمەڵێک هاوپەیمانیان هەیە.

سەرچاوە:
"“The Clergy Have Confiscated the Revolution”," Middle East Report 98 (July/August 1981).


۱۴۰۰/۱۰/۲۳

ئێسکی ناو گەروو



بەختیار حەمەسوور

باوک مردووە، نوکتەیەک کە زۆر جار گێڕاویەتیەوە، گۆرانییەک کە زۆر حەزی پێی بووە، کەسێک کە زۆر خۆشی ویستووە، کەسێک کە قەت حەزی بە چارەی نەکردووە، شوێنێک کە بەردەوام بۆی چووە، شوێنێک کە لێی هەڵاتووە و... . لە دوای ئەوەی هەمووان دێن "فاتیحا" و "خوا لێی خۆش بێ"یی خۆیان دەڵێن و دەڕۆن و دەبێت بە شەو و تەنیا ئەندامانی خێزان دەمێننەوە و باس لە هەموو ئەو شتانە دەکەن کە باوکە بە ئیشتها و بێزەوە کردوونی و لەگەڵ گێڕانەوەیاندا، هەمووان دەدەنە قاقای پێکەنین، چما هەر پرسە و مردووش نەبێت، بەم پێکەنینە دەگوترێ «زەردەقاقا».

«زەردەقاقا» کۆمەڵەچیرۆکێکی «مراد ئۆزیاشار»ـە، مراد لەدایکبووی ١٩٧٩یە لە دیاربەکر. ئەم کتێبە لە لایەن سەلاحەدین بایەزیدی، وەرگێڕی دڵخوازی من، لە تورکی و بە پرسی نووسەر و وەشانخانەکەی، کردوویەتی بە کوردی و چاپەمەنی «مادیار» بڵاوی کردووەتەوە.

چەند چیرۆکی سەرەتای ئەم کتێبە، چیرۆکی پێکپەیوەستن، باقیی، لەو چیرۆکانەن کە دنیای سەربەخۆی خۆیان هەیە. لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەم کۆچیرۆکە: چڕی، وردبینی، دەقیقی، ڕوونی و شاعیرانەیە لە دەربڕین و وەسفدا، خودی هەریەک لەم خەسڵەتانە بەر و بەرهەمێکیان لێ کەوتووەتەوە بە ناوی «زەردەقاقا». من لێرەدا تەنیا لەسەر یەک لایەنی ئەم چیرۆکانە دەنووسم.

بە شێوەیەکی پاڵەکی و داشاردراو، ئەم چیرۆکانە دۆخی سیاسەت دەنوێنن، سیاسەتێک کە ڕیشەی هەیە و مێژووییەک لەقاو دەدات، ئەم گوتارە، گوتارێکی پانوپۆڕە و کەمتر لەگەڵ خەسڵەتگەلی چیرۆکگەلێکی لە چەشنی چیرۆکەکانی نێو «زەردەقاقا» دێتەوە، بەڵام وەک دەرەتان و هونەرێک لە ڕێی ڕایەڵ و هێڵێکی کاڵەوە، ئەم گوتارە بانگهێشت کراوە و بە شێوەیەکی پەراوێزنشین و لە دامێن و کەنارەوە، لە چیرۆکەکاندا بەرجەستە بووەتەوە. ئەم دۆخە سیاسییە، سیاسەتیی تورکیایە بەرانبەر بە کورد و شارە کوردییەکان. هەر لە یەکەم دێڕی یەکەم چیرۆکەوە ئەم گوتارە ڕەنگڕێژ دەبێت: «کە گوتت ئادەمیزاد یانی چیایەکی سەر بە تەم.» تا دەگات بە دواچیرۆک و دوادێڕ: «ئەمن ئێستا ئەمەت چۆن بۆ بکەمە تورکی: "ئەز نەمینم!"». بە دیاریکراوی نازانم بارودۆخی چاپ و بڵاوکردنەوە لە تورکیادا چۆنە، بەڵام لام سەیرە ئەم چیرۆکانە بەو گوتارەوە، بەژێر تیغی سانسۆردا تێپەڕیون و بڵاو کراونەتەوە؛ دەگەڕێمەوە سەر چیرۆکەکان و ئەو لاپەڕانەی دیاریم کردوون، دەبینم ئەم گوتارە سیاسییە ئەوەندە لەناو زمان و فۆرم و تەکنیکدا توێنراوەتەوە، گومانم لا نامێنێ کە خودی چیرۆکەکان خۆیان بوون بە فریادڕەسی خۆیان.

ئەم ململانێ و دوژمنکارییە، کە وەک دەزانرێت مێژووییەکی دووری هەیە، لە زەقترین ئاستیدا، سەرکوتکردنی زمانی کوردییە لە شارە کوردییەکان و قەدەغەکردنی هەر شتێک کە بەو زمانە بگوترێ و هەر شتێک کە بەو زمانە دەببڕدرێت. بێ هۆ نییە کە لەم چیرۆکانەدا چەندان جار ئەم باسە دێتەوە بەردەم خوێنەر و زەین و یادگەی بۆ ڕابردوو و ئەو مێژووە لە زمانخستن دەگەڕێتەوە: «ئەوان دەیانویست هەڵپەسێراو بن و لە هەر زمانێکدا ببنە بنێشت. پاشان تۆ دەتویست بە هەموو گوێچکەیەکەوە ببیتە زار.» «ئەو بە زمانێکی کۆن تۆی هێنایە دنیا، بە زمانێک کە دەیگوت: "خۆڵەمێش بۆ ڕووم، خاک بۆ سەرم."» «دایە گەورەم بە زازاکی جوانترین دوعای بۆ دەکردم و دەیناردمە قوتابخانە.» «دایە گەورەش چووەتە قوتابخانە، سروودیان پێ لەبەر کردووە و سوێندیان داوە، هەموو لاپەڕەکانی بە زمانێکی لەبەرکراو خەتم کردووە.» یان دێڕگەلی کورمانجی و گۆرانیی کوردی: «عەمرێ من جانێ تۆ...» ئاماژەدان بۆ دەرسیم و کوشتوبڕەکەی ١٩٣٧، تەماشای ئەم دوو دەربڕینە: «کە شاخەکانی ڕووبەڕوو دەڕووخان، ئێمە شەرم دایدەگرتین.» «پڕۆڤەی ژیان سەختە، وەکوو زستان و دەوڵەت.» یان لە چیرۆکی «شەش سیوپێنج»ـدا، باسی سەرحەدی برای شەش سیوپێنج دەکات کە لە شاخە و گەریلایە، شەش سیوپێنج بچووکترین جۆری چەکە، لە بەرانبەریدا سەرحەد وەک چواردەخۆرێک وێنا دەکات! سەرحەد مەترسیدارە و تیرۆریست، چونکە «ژمارەیەک لێدوانی هەبووە کە گەلی کوردیان دەگەیاندە ئازادی!»

یەکێکی تر لە جوانییەکانی ئەم کتێبە و چیرۆکەکانی، کۆڵان و شەقام و خەڵکان و کەشوهەوای دیاربەکرن، کوردبوونی ئەو شارە لە هەموو دێڕەکانەوە هەڵمشتە دەکەی، لەسەر دیواری ماڵەکان، کە قاڵیچەی شاماران و ئاسک و کەڵەکێوی داچەمیو بۆ جۆگە هەڵواسراون، لە پشت پەردە گوڵگوڵییەکانەوە قورئانەکان بە پارێزەوە دانراون، کۆبوونەوەی ژنان لە بەردەرگا و دنیایەک منداڵی چڵمن‌، بەفر و سەرما و هاڵاوی دەم و دانیشتنی پیاوانی پیری سمێڵسپی و شەرواڵـلەپێ لە بەردەم چایخانە و قاوەخانە، پەنجەرەی ماڵە هەژارەکان کە لە ئاسمانەوە نزیکن و... هەموو ئەمانە فەزایەکی کوردانەیان پێک هێناوە، کە ڕەنج و دەردی گەلێک، لە جێیەکی عاسی و سەختدا، بەچیرۆک دەکات، ئەم خەڵکانە و ئەم شەقامانە ئێسکی ناو گەروون بوون و دەبن بۆ سوڵتان، مۆتەکەن و لە هەر چرکەیەکدا، خەونی شیرین و ئارام لە چاوی ئەستەمووڵ دەزڕنێنن.

سەرچاوە: گەلاوێژ

۱۴۰۰/۱۰/۱۲


کتێب: زەردە قاقا
مژار: چیرۆک
نووسەر : مراد ئۆزیاشار
وەرگێر: سەلاحەدین بایەزیدی
وەشانخانە: مادیار
 

کۆمەڵە چیرۆکی زەردە قاقا (٢٠١٥، وەشانێن دۆغان کیتاب) دووهەم کتێبی نووسەری کورد مراد ئۆزیاشارە کە ساڵی ٢٠١٦ خەڵاتی نێونەتەوەیی باڵکانیکای پێ بەخشراوە و تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە پێنج زمان. ئۆزیاشار هەر بە یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی سرنجی ڕەخنەگرانی ئەدەبیات و خوێنەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بە وەرگرتنی خەڵاتە بەناوبانگەکانی هالدون تانەر و یوونس نادی چووەتە ڕیزی نووسەرە بەبڕشت و خاوەن بەهرەکان.
چیرۆکەکانی مراد ئۆزیاشار، ڕاکێشی نێو ژینگە و فەزایەکمان دەکەن کە ئەدەبیات بە گشتی تا ئێستا کەمتر پڕژاوەتە سەری. یەکە بە یەکەی ڕستەکانی دەمانبەنە دیاربەکر، زێدی نووسەر خۆی. دیاربەکری بریندار، ماندوو و پڕ لە تراژیدیا، دیاربەکرێک کە سەرەڕای ئەمانەش خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە و ژیان تێیدا جمەی دێ.

مراد ئۆزیاشار

مراد ئۆزیاشار ساڵی ١٩٧٩ لە دیاربەکر لەدایک بووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا کە وەبەر خوێندن نراوە، فێری زمانی تورکی بووە. لە زانکۆی دیجلە بەشی زمان و وێژەی تورکی خوێندووە. تا ئێستا سێ کۆمەڵە چیرۆکی بڵاو کردووەتەوە و سەلماندوویەتی کە یەکێکە لە نووسەرە هەرە تواناکانی وێژەی هاوچەرخیی تورکیا. چیرۆکەکانی لە گۆڤارە بەناوبانگەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، بە هەر دوو زمانی کوردی و تورکی بڵاو بوونەتەوە. یەکەم کتێبی بەناوی لێدانی ئاوێنە، ساڵی ٢٠٠٨ خەڵاتی چیرۆکیی هالدون تانەر و ساڵی ٢٠٠٩ خەڵاتی چیرۆکی یونس نادی وەرگرتووە. کۆمەڵە چیرۆکی زەردە قاقای ساڵی ٢٠١٦ خەڵاتی نێونەتەوەیی بالکانیکای بۆ ئەدەبیات پێ بەخشراوە.

۱۴۰۰/۰۸/۱۶

لالەنگیی پەرجووئاسا



لالەنگیی پەرجووئاسا
مژار: ڕۆمان
نووسەر : ئاسلی ئەردۆغان
وەرگێر: سەلاحەدین بایەزیدی
وەشانخانە: مادیار

لالەنگییەکی پیر و ناحەز دەڕواتە لای سۆزانییەکی شۆخ و دڵڕەق بۆ ئەوەی بە پێدانی پارە شەوێکی خۆش ڕابوێرێ.

بەرەبەری بەیانی، ژنە گەنجەکە کە دەبینێ پیرەمێردەکە لە خەوێکی قووڵ ڕۆچووە، هەلەکە دەقۆزێتەوە و دۆستە تاڵانکەرەکانی بانگ دەکا. لالەنگی بەرەنگاریان دەبێتەوە و دەست دەکاتەوە. ڕێگرەکان بە ئاسانی لە گۆشەیەکی دەپەستێون. بەڵام تیژترین چەقۆ و ببڕترین خەنجەرەکانیش هیچ شوێنەوارێک لەسەر لالەنگی دانانێن.

لالەنگیی پەرجووئاسا دووهەم کتێبی ژنە نووسەری تورک ئاسلی ئەردۆغانە کە ساڵی ١٩٩٦ بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە دەستبەجێ لە سوید دەنگی داوتەوە و لەگەڵ سێ کتێبی دیکەدا کەوتووەتە ڕیزی باشترین کتێبەکانی ساڵەوە. 

نووسەر لەم کتێبەدا بەسەرهاتی ژنە گەنجێکی تورک لە غەریبایەتی دەگێڕێتەوە کە لە کۆڵانە بەرتەسکەکانی ژنێڤ و لەو شوێنانەی ناوبانگیان بە خراو دەرچووە، وێڵ و عەوداڵ دەگەڕێ. لەوەتەی دڵدارەکەی ڕۆیشتووە، شەوانە لە قاوەخانەکان مل لە نووسین دەنێ و بیر لە ساڵانی لە کیسچووی لاوێتیی دەکاتەوە.

گفتوگۆی بن شووراکان شه‌ڕێک هه‌رگیز کۆتایی نایه‌ت



رەوەز جەبار

یه‌کێک له‌و نووسه‌رانه‌ی له‌ نێو ئه‌و بارە ناخۆشەی تورکیادا داوای تورکیایه‌ک ده‌کات کورد و تورک وه‌ک هاووڵاتی پله‌ یه‌ک سه‌یر بکرێن، ئۆیا بایداره‌. ئه‌و خانمه‌ رۆماننووسه‌ تورکه‌ له‌ رۆمانه‌کانیدا په‌نجه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر برینه‌کانی تورکیا. تازه‌ترین رۆمانی ئۆیا بایدار، رۆمانی گفتوگۆی بن شووراکانه‌. ئه‌م رۆمانه‌ سه‌ڵاحه‌دین بایه‌زیدی وه‌ریگێڕاوه‌ بۆ کوردی و له‌ بڵاوکراوه‌کانی وه‌شانخانه‌ی مادیاره‌ له‌ سنه‌. له‌ دوو توێی 183 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوبۆته‌وه‌. رۆمانه‌که‌ چیرۆکی تورکیایه‌کی پڕ له‌ خه‌م و مه‌راق و شه‌ڕ ده‌گێڕێته‌وه‌. تورکیایه‌ک که‌ هه‌میشه‌ پڕه‌ له‌ شه‌ڕ و ململانێ. شه‌ڕێک له‌ دوای روخانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆماره‌که‌ی ئه‌تاتورکه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.

ئه‌م رۆمانه‌ چیرۆکی چالاکوانێکی تورکه‌ له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی خه‌نده‌قدا ده‌چێته‌ شاری ئامه‌د. له‌وێ هه‌وڵ ده‌دات به‌ دروشمی گرنگ ژیانه‌ به‌ر به‌و شه‌ڕه‌ ماڵوێرانکه‌ره‌ بگرێت. که‌ بووه‌ته‌ هۆی جه‌رگ سووتانی دایکان و بێوه‌ژن بوونی چه‌ندین ژن… هه‌ر وه‌ک له‌ رۆمانه‌که‌دا ئه‌و دیمه‌نانه‌ ده‌بینین که‌ چۆن دایکانی جه‌رگ سووتاو داوای ته‌رمی کوڕه‌کانیان ده‌که‌ن. له‌ژێر شووراکان و به‌رامبه‌ر به‌ «سوور» که‌ ناوچه‌یه‌کی کوردنشینی ئامه‌ده‌ و زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی کوردی عه‌له‌وی و مه‌سیحین، ئه‌و چالاکوانه‌ له‌گه‌ڵ کوردێکدا ده‌که‌وێته‌ گفتوگۆی چه‌مکه‌کانی نه‌ته‌وه‌، ئازادی، شه‌ڕ، زمان، مه‌رگ، ویژدان… لێره‌وه‌ بابه‌تی سه‌ره‌کی ده‌بێت به‌ پرسی کوردستانی باکوور و مه‌سه‌له‌ی شوناس و مافی که‌مینه‌. شوێن له‌م رۆمانه‌دا ناوچه‌ی سووره‌ له‌ ئامه‌د. سوور، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی دڵی دیاربه‌کری کۆنه‌ و بناغه‌ی شاره‌که‌یه‌ و شوێنێکی که‌ونارایه‌. به‌ گشتی فه‌زای رۆمانه‌که‌ چیرۆکی تورکیایه‌کی پڕ کێشه‌ و شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌. نووسه‌ر له‌ رێگای دیالۆگی ئه‌و دوو که‌سایه‌تییه‌وه‌ باسی ژیانی سه‌ختی تورکیا ده‌کات. ره‌خنه‌ له‌ ده‌سته‌ڵات ده‌گرێت، که‌ بۆچی بارودۆخی کورد له‌ تورکیادا ئاوا سه‌خت و دژواره‌. چیرۆکی شوناس و مه‌سه‌له‌ی کورد بوون و تورک بوونه‌. چیرۆکی شه‌ڕی نیو خه‌نده‌قه‌کانه‌.

وه‌ختێ تورکه‌کان ئاماده‌ نین ماف بده‌ن به‌ کورد، کوردیش ناچاره‌ چه‌ک هه‌ڵبگرێ و داوای مافی خۆی بکات. وه‌ک له‌ رۆمانه‌که‌دا هاتووه‌ تورکه‌کان ده‌ڵێن کوردی باش کوردی مردووه‌. ئه‌م رسته‌یه‌ زیاتر له‌ هه‌شتا ساڵه‌ وای کردووه‌ ئه‌و وڵاته‌ نه‌حه‌سێته‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌ شه‌ڕدابێ. چون کوردیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک نایه‌وێت وه‌ک مردوو سه‌یر بکرێ و مافه‌کانی خۆی ده‌وێت. به‌شی زۆری ئه‌م رۆمانه‌ گفتوگۆی ئه‌و دوانه‌یه‌ و که‌متر په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر وێنه‌ و دیمه‌نی شوێن و که‌سه‌کان. زیاتر دیالۆگی ئه‌و دوو که‌سه‌یه‌. وه‌ک له‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ به‌ ژیانی که‌سایه‌تییه‌کاندا رۆبچێ. به‌ گشتی له‌ رێگای دیالۆگی ئه‌و دوو که‌سه‌وه‌ ده‌چێته‌ نێو مێژووی خوێناوی تورکیاوه‌ و باسی کوشتاری ئه‌رمه‌ن و دێرسیم ده‌کات. وه‌ک له‌ رۆمانه‌که‌دا هاتووه‌: ئێستا له‌ سوور، له‌ جیزره‌، له‌ سلۆپی، له‌ هه‌زه‌خ و گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژاره‌کانی نووسه‌یبین، له‌و دیو خه‌نده‌قه‌ و مه‌ته‌رێزه‌کان، منداڵه‌ به‌رد هاوێژه‌کان کۆمه‌ڵێک ئامانجیان هه‌یه‌ که‌ له‌ یاخیبوون ئه‌ولاتر ده‌چێ: ئه‌وان داوای مافه‌کانی خۆیان و ئه‌و خاکانه‌ ده‌که‌ن که‌ به‌ڵێنیان پێ درابوو. ئه‌وان بۆ که‌سانی تر شه‌ڕ ناکه‌ن، ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌یکه‌ن هی خۆیانه‌. یان وه‌کو ده‌ڵێ: ئه‌و کاته‌ی گه‌لی کورد وتی کێشه‌ی سه‌ره‌کی من ئه‌وه‌یه‌ ته‌نیا له‌به‌ر کورد بوون ده‌چه‌وسێمه‌وه‌، زوڵمم لێ ده‌کرێ و وه‌ک شارۆمه‌ندی پله‌ دوو سه‌یر ده‌کرێم، خه‌باتی ناسێنه‌ تین و گۆڕی هاته‌ به‌ر. هه‌ر ئه‌و کاتیش چه‌پی تورکی که‌م که‌م له‌و مه‌یدانه‌ هاوبه‌شه‌ پاشه‌کشه‌ی کرد. یان له‌ به‌شێکی تری رۆمانه‌که‌دا ده‌ڵێ: باوکم له‌ به‌ندیخانه‌ی دیاربه‌کر به‌ ئه‌شکه‌نجه‌ مرد. دایکم بێجگه‌ له‌ کوردی زمانێکی تری نه‌ده‌زانی. باوکم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی به‌ کوردی قسه‌ی کردبوو. ئه‌شکه‌نجه‌کرا. باوکم نه‌ په‌یوه‌ندی به‌ رێکخستنه‌وه‌ هه‌بوو. نه‌ به‌ چیا و نه‌ به‌ تیرۆره‌وه‌. ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد بوو، ئاماده‌ نه‌ببوو چه‌کی جاشایه‌تی بکاته‌ شان. خرابووه‌ گۆشه‌ی به‌ندیخانه‌وه‌…

به‌گشتی ئه‌و سێ نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ فه‌زای گێڕانه‌وه‌ی رۆمانه‌که‌ن، ته‌واوی رۆمانه‌که‌ به‌و نه‌فه‌سه‌ ده‌ڕوات، رۆمانێکی وشک و برینگه‌، جگه‌ له‌و چیرۆکانه‌ هیچی دیکه‌ی تێدا نییه‌. وه‌ک باسی خۆشه‌ویستی، سێکس، ژیانی ئاسایی کاره‌کته‌ره‌کان… ته‌نیا و ته‌نیا دیالۆگێکی پڕه‌ له‌ باسی شه‌ڕ، ململانێ، دانپێدانه‌نان، چه‌وسانه‌وه‌… ته‌نانه‌ت خوێنه‌ر نازانێ ئه‌و دوو کاره‌کته‌ره‌ باکگراوندیان چییه‌ و چۆن ژیاون و سه‌ر به‌ چ چینێکن. ته‌نیا مه‌به‌ستی نووسه‌ر ئه‌وه‌بووه‌ له‌ رێگای ئه‌و دیالۆگه‌وه‌ باس له‌ ململانێی نه‌ته‌وه‌ی تورک و کورد و مه‌سه‌له‌ی شوناس ده‌کات.

ئۆیا له‌و نووسه‌ره‌ به‌ هه‌ڵوێستانه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ر حه‌ق وتن زۆرجار تووشی کێشه‌ بووه‌ و رووبه‌ڕووی مه‌ترسی و زیندان بووه‌ته‌وه‌. به‌ هۆی نووسینی رۆمانی خودا منداڵانی فه‌رامۆش کردووه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردنی لێ کراوه‌ له‌ قوتابخانه‌که‌ی. هه‌روه‌ها به‌ هۆی ئه‌وه‌ی تێزی دکتۆراکه‌ی سه‌باره‌ت به‌ سه‌رهه‌ڵدانی چینی کرێکار له‌ تورکیا بوو له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی پڕۆفیسۆره‌کانی زانکۆوه‌ ره‌ت کراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی پشێوی و ئاژاوه‌ له‌ ناو زانکۆدا و له‌ ساڵی 1971 قۆڵبه‌ست کراوه‌ و له‌ زانکۆ دوورخراوه‌ته‌وه‌. له‌ دوای کوده‌تای 1980 تورکیای به‌جێهێشتووه‌ و له‌ ساڵی 1992 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

ئۆیا بایدار ساڵی 1940 له‌ ئه‌سته‌نبوڵ له‌ دایکبووه‌. به‌ده‌ر له‌ نووسینی رۆمان مامۆستای زانکۆیه‌ و ماوه‌یه‌کی زۆر به‌شداری له‌ سیاسه‌تدا کردووه‌ و وه‌ک نووسه‌رێکی چه‌پ رۆڵی گرنگی هه‌بووه‌ و به‌ سه‌لامه‌تیش لێی ده‌رنه‌چووه‌ و زۆرجار رووبه‌ڕووی ئازاردان بووه‌ته‌وه‌. له‌ ژیانی ئه‌ده‌بی خۆیدا کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌می نووسیوه‌. له‌وانه‌ رۆمانی ده‌رگای یه‌هودا، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ر جێگایه‌ک، سه‌رده‌می ئازادی و سه‌رده‌می هیوا، گوتاری پشیله‌، گفتوگۆی بن شوراکان و…

له‌ پای ئه‌و کارانه‌ی چه‌ند خه‌ڵاتێکی پێبه‌خشراوه‌. له‌وانه‌ خه‌ڵاتی یونس نادی ساڵی 1992 له‌سه‌ر رۆمانی گوتاری پشیله‌. خه‌ڵاتی ئۆرهان که‌مال، ساڵی 2001. خه‌ڵاتی جه‌وده‌ت قودره‌ت، ساڵی 2004. خه‌ڵاتی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست- رۆشنبیریی ساڵی 2011.

سەرچاوە: کوردستانی نوێ

۱۴۰۰/۰۸/۱۲

محەممەد مبوگار سار، لاوترین بەرەوەی خەڵاتی گۆنکور لە مێژوودا


ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ی نۆڤامبر، دەستەی دادوەرانی خەڵاتی وێژەیی گۆنکور، بە کۆی شەش لەسەر دە دەنگ، خەڵاتەکەی بە ڕۆمانی نهێنیترین یادەوەریی مرۆڤەکانی محەممەد مبوگار سار، نووسەری لاوی سێنێگالی بەخشی.

خەڵاتەکە لە چێشتخانەی دروان لە پاریس، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان، لە لایەن سکرتێری گشتیی گۆنکور، فیلیپ کلۆودێلەوە ڕاگەیەندرا.

ئەمە یەکەم جارە نووسەرێکی ئەفریقی ئەم خەڵاتە وێژەییە دەباتەوە و بێجگە لەمەش، محەممەد مبوگار سار لاوترین نووسەری بەرەوەی ئەم خەڵاتەیە لە مێژوودا.

ئەم نووسەرە سێنێگالییە گوتی: "من هەست بە خۆشحاڵییەکی زۆر دەکەم. ئەدەبیات تەمەن ناناسێ."
 
نهێنیترین یادەوەریی مرۆڤەکان چوارەمین ڕۆمانی محەممەد مبوگار سارە، تا ئێستا چەند جار لەسەر یەک لە لایەن دەزگای فیلیپ ڕەی-ەوە چاپ کراوەتەوە و بە گشتی سی هەزار نوسخەی لێ بڵاو کراوەتەوە و ٢٣ داواکاریی وەرگێڕانیشی بۆ چووە.  

محەممەد مبوگار سار ساڵی ١٩٩٠ لە داکار لەدایک بووە، بۆ درێژەدان بە خوێندن لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووی کردووەتە فەرەنسا و ساڵی ٢٠١٤ یەکەم ڕۆمانی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

بەرەوەکانی پێشوو کێ بوون؟

٢٠٢٠: ئێرڤێ لو تێلیێ
٢٠١٩: ژان – پۆل دووبوا
٢٠١٨: نیکۆلا ماتیۆ

۱۴۰۰/۰۵/۰۳

قەڵەمەکان


کتێب: قەڵەمەکان
مژار: چیرۆک بۆ گەنجان
نووسەر: یاشار کەمال
نیگارکێش: سەدات گیرگین
وەرگێر: سەلاحەدین بایەزیدی
وەشانخانە: مادیار «گەنجان»

نەریمان کۆڵێک قەڵەمی هەیە، قەڵەمەکان هەر بەڕاستی زۆرن؛ سوورن، سپین، ڕەشن، مۆرن؛ بچووک، گەورە و جۆرەوجۆرن. نەریمان ئەگەر قەڵەمەکانی لەسەر یەک کۆ بکاتەوە، دەبنە خەرمانێک. خەرمانێک لە ڕەنگی گەش و بریقەدار. نەریمان دەیەوێ ئەم قەڵەمانە بباتە قوتابخانە، بیانبا و نیشانی منداڵەکانی تریان بدا. خۆ بردنیان کێشە نییە، بێگومان دەتوانێ بیانبا، بەڵام ئەی ئەگەر لێیان پرسی ئەو قەڵەمانەت لە کوێ هێناوە؟  چۆنیان وەڵام بداتەوە؟   بشیکوژن، ناتوانێ لەناو ئەو هەمووە منداڵەدا بڵێ باوکم زبڵڕێژە و قەڵەمەکانی لەنێو زبڵوزاڵەکاندا کۆ کردووەتەوە…   لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێ ڕۆژێک قەڵەمەکان لەگەڵ خۆیدا ببا و نیشانی هاوپۆلەکانیی بدا....

قەڵەمەکان چیرۆکێکی یاشار کەمال، نووسەری بەناوبانگی بە ڕەچەڵەک کوردە، و سەدات گیرگین نیگاری بۆ کێشاوەتەوە.

۱۴۰۰/۰۵/۰۲

سانسۆڕی وشەی کوردستان لە ڕۆمانێکی سەلمان ڕوشدیدا

 


وەشانخانەی جان لە تورکیا وشەی کوردستانی لە ڕۆمانێکی سەلمان ڕوشدیدا سانسۆڕ کرد. 

 
ئەو ڕۆمانەی سەلمان ڕوشدی کە وەشانێن جان وشەی کوردستانی لێ سانسۆڕ کردووە ناوی ژنە سیحربازەکەی فلۆرانسە. ڕۆمانەکە بەگووم کۆڤولماز وەریگێڕاوە و پار لە تورکیا بۆ جاری دوانزەهەم چاپ کراوەتەوە و لە بری وشەی کوردستان کە لە دەقی سەرەکیدا هاتووە، لە وەرگێڕانی تورکیادا نووسراوە: "ئەو خاکانەی کوردەکان لێی دەژین."

 
ساڵی ٢٠٠٥، کاتێک کتێبەکە بۆ یەکەم جار چاپ بوو، گەلەک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیان لە سانسۆڕکردنی وشەی کوردستان لە ڕۆمانەکە گرت. ئێستا جان ئۆز، خاوەنی وەشانخانەی جان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتێردا ڕایگەیاند کە کتێبەکە کۆدەکرێتەوە و ڕستەکە یەکسەر چاک دەکرێتەوە. 

 
ئەمە لە کاتێک دایە کە وەشانخانەی ناوهێنراو پێشتریش وشەی کوردستانی لە ڕۆمانێکی پاولۆ کۆیلۆدا گۆڕیبوو. یانزە خولەک ئەو ڕۆمانەی کۆیلۆ بوو کە سەعادەت ئۆزەن وەریگێڕابوو و وەشانخانەی جان چاپی کردبوو. ڕستەی "ڕۆیشتە قاوەنێتێک و بۆی دەرکەوت کە کوردەکان لە کوردستانەوە هاتوون، لە وڵاتێک کە نییە و ئێستا بەسەر تورکیا و عێراقدا دابەش کراوە" بەم جۆرە کرابووە تورکی: "نووسرابوو کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەژین".

 
دوای لەقاودرانی ئەم سانسۆڕە، وەشانخانەی جان داوای لێبوردنی کرد و خاوەنەکەی ڕایگەیاند کە کتێبەکە لە بازاڕ کۆ دەکەنەوە و چاپێکی نوێی بۆ دەکەن.

سەرچاوە: گازەتە دووڤار

۱۳۹۹/۱۱/۰۸

وتووێژێک لەگەڵ مستەفا ئیلخانی زادە




 سەلاحەدین بایەزیدی

کەمتر ناوەندێکی چاپ و پەخش هەیە گرنگی بە ئەدەبیاتی منداڵان بدا، نەخاسمە وەشانخانە ئەهلییەکان کە بە هیچ شێوەیەک خۆی لە قەرە نادەن. ئەوان باس کاری فەرهەنگی و خزمەت بە ئەدەبیات دەکەن، بەڵام وەک ئەوەی ئەدەبێ منداڵان نەکەوێتە خانەی کاری فەرهەنگییەوە، ئەو ژانرە گرنگەیان پشتگوێ خستووە. هۆکارەکان یەک و دوو نین. وەک بڵێی هەموو خۆیان بەوە قایل کردبێ کە کتێب خوێندنەوە لە کوردستان دەبێ لە تەمەنی بیست ساڵی بۆ سەرەوە دەست پێ بکا. مستەفا ئیلخانی زادە لەگەڵ ئەو کەندوکۆسپانە ئاشنایە، بەڵام پێداگرە لەسەر ئەوەی لەمبارەوە درێژە بە کارکردن بدا.

پێگه‌ی منداڵان لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئاخۆ شتێکمان هه‌یه‌ پێی بگوترێ ئه‌ده‌بی منداڵان؟
هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ده‌بیاتێکى لاوازه‌ و کارێکی ئەوتۆی له‌سه‌ر نه‌کراوه‌، زۆر کتێبى منداڵان به‌م ساڵانه‌ى دوایى چاپ کراون، به‌ڵام ڕاژه‌ و خزمه‌تکردنى زیاترى ده‌وێ.

 وه‌ک که‌سێک که‌ له‌م بواره‌دا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان کارتان کردووە و هەروا بەردەوامن، بە ڕای ئێوە، منداڵانى ئه‌ودیو کتێبی کوردییان بۆ ده‌خوێندرێته‌وه‌، بەو پێیەی که‌ خوێندنى کوردى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان "قەدەغە"یە.
 به‌داخه‌وه‌ له‌و بواره‌وە گرفتى جدى هه‌یه‌ و کتێبى منداڵان بەو شێوەیە باوی نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ هه‌وڵى خۆمان چه‌ند ساڵێکه‌ فێرگه‌ى زمانی کوردیمان داناوه‌ که‌ ناوه‌ندێکى ئه‌هلییه‌ و بۆ نموونه‌ له‌ شارێکى وه‌ک بۆکان زیاتر له‌ سێ هه‌زار که‌س فێرى خوێندن و نووسینى زمانى کوردى کراون. له‌ شاره‌کانى دیکه‌ش وه‌ک دیوانده‌ره‌، زانکۆى هه‌مه‌دان و ته‌ورێز، شوعبه‌مان داناوه‌ .هه‌روه‌ها له‌ گونده‌کانى ده‌وروبه‌رى بۆکان، شاهیندژ و سه‌قز فێرگه‌ى زمانی کوردیمان کردۆتەوە، دەتوانم بڵێم ئه‌مه‌ش تا  ڕاده‌یه‌ک بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى منداڵه‌کان فێرى کوردى بن، هه‌ڵبه‌ت که‌م وا هه‌یه‌ منداڵان له‌ کۆرسه‌کاندا به‌شدارى بکه‌ن، به‌ڵام له‌ ڕێگه‌ى باوک و دایکیان و خوشک و براکانیانه‌وه‌ فێر ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باشترین چاره‌ ئەوەیە له‌ قوتابخانه‌کاندا بە کوردی بخوێنرێ، ئه‌وکات تیراژی کتێبى منداڵان زۆر ده‌بێ و منداڵى کورد له‌برى خوێندنه‌وه‌ى چیرۆکى فارسى، هى کوردى ده‌خوێننەوە.

هه‌روه‌ک ده‌زانین پڕۆژه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێرکارى پێویستى به‌ پشتگیرى و سەرمایەگوزاری گه‌وره‌ له‌ هه‌موو بوارێکه‌وه‌ هەیە، ئاخۆ که‌س هه‌یه‌ پشتیوانیتان بکا، بە تایبەت له‌ بوارى ئابوورییه‌؟
به‌و شێوەیە نا، ئێمه‌ به‌ پاره‌ى خۆمان ئه‌و کارانه‌ ده‌که‌ین، دیارە له‌ باشووری کوردستان، کۆمه‌ڵێک کتێبى منداڵانیان بۆ چاپ کردووم که‌ بۆ خۆى بۆته‌ یارمه‌تییه‌ک، ئه‌وانه‌ى به‌شدارى کۆرسه‌کانیشمان ده‌بن پاره‌یه‌کى زۆر که‌میان لێ وه‌رده‌گیرێ، بەڵام له‌ گونده‌کان ئێمە خۆبەخشانە ئیش ده‌که‌ین.

ئه‌ی بۆچى هه‌وڵتان نه‌داوه‌ له‌ قوتابخانه‌کاندا ئه‌م کاره‌ بکه‌ن؟      
من زۆر جار نووسیومه‌ کە ناوه‌ندێک هه‌یه‌ به‌ ناوى ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگ و بڵاوکردنه‌وه‌ى ئه‌ده‌بى کوردى، زۆر دوای که‌وتین، نوێنه‌رانى په‌رله‌مانیش دواى که‌وتوون، به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا له‌ قوتابخانەکان بە کوردی نه‌خوێندراوه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کى مه‌یدانى ڕێگه‌ی پێ دراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ زانکۆکانیش خوێندکاران بۆیان هه‌یه‌ کوردى بخوێنن، دیاره‌ ئه‌وه‌ به‌شێک نییه‌ له‌ ده‌رسه‌کانیان و شتێکى ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌.

بەڵام له‌ ئه‌سڵى پازده‌ى قانوونى بنچینەیی ئێراندا خوێندن به‌زمانى دایکی هه‌یه‌، ئایا ناتوانن گوشار بێنن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م یاسایه‌ پیاده‌ بێ؟
تاکوو ئێستا به‌ داخه‌وه‌ پراکتیزه‌ نه‌کراوه‌ و که‌ وه‌دوى که‌وتووین، بیانووى جۆراوجۆر هێنراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر کورده‌کان به‌ زمانى خۆیان بخوێنن، تورکه‌کان و بلووچه‌کانیش ئه‌و مافه‌یان ده‌وێ، یان ده‌ڵێن بوودجه‌ نییه‌، به‌ کورتى نایانه‌وێ پراکتیزه‌ى بکه‌ن، ده‌نا هه‌روه‌ک ئاماژه‌تان پێدا له‌ ئه‌سڵى پازده‌دا هاتووه‌ که‌ خوێندن و نووسینى زمانه‌ هەرێمییەکان له‌ ته‌نیشت زمانى فارسى له‌ قوتابخانه‌ و زانکۆکان ئازاده‌.

زۆربه‌ی هەرە زۆری ئەو کتێبانەی منداڵان که‌ ئێستا هه‌ن، له‌ زمانی فارسییه‌وه‌ کراون به‌ کوردی، بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى له‌ فارسییه‌وه‌ وەردەگێڕدرێن، مه‌ترسى ئه‌وه‌ نایه‌ته‌ گۆڕێ که‌ بیرکردنەوەی فارسییان بەسەردا زاڵ بێ؟
هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ى ئه‌و کتێبانه‌ی له‌ فارسییەوە وه‌رده‌گێڕدرێن بۆ خۆیان له‌ زمانه‌کانى دیکه‌وه‌ کراونه‌ته‌ فارسى، که‌م وا هه‌یه‌ که‌ ده‌قه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی فارسى بێ، وه‌رگێڕان له‌ هه‌موو زمانێکه‌وه‌ باشه‌، به‌ڵام من له‌ زمانی کوردیشه‌وه‌ به‌رهه‌مم کردۆته‌ فارسى، کتێبى "زه‌رده‌خه‌نه‌"ى فه‌رهاد شاکه‌لیم بۆ سەر زمانی فارسى وەرگێڕاوە، پێشوازییه‌کى باشى لێکرا و ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ى له‌ سه‌رده‌مى به‌عسدا له‌ منداڵێکى کورد کراوه‌، له‌ لایه‌ن فارسه‌کانیشه‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌.

ئاخۆ له‌ چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ى کتێبدا توشى گرفت نابن، چونکه‌ دەبینم کە زۆربه‌ى کتێبه‌کانتان له‌ شاری سلێمانی چاپ کردووه‌، ئایا ناتوانن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان چاپیان بکه‌ن؟
به‌ داخه‌وه‌ بڵاوکه‌ره‌وه‌ى حکومى وامان نییه‌ که‌ کتێبى کوردى چاپ بکا، جاران ئینتشاراتى سه‌لاحه‌دینی ئەیووبی تاک و تەرا کتێبی چاپى ده‌کرد، ئێستا ئه‌ویش نه‌ماوه‌، ئه‌هلییه‌کانیش به‌ ڕاستى زۆر که‌مته‌رخه‌مى ده‌که‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ بزانن کتێبه‌که‌ فرۆشى باشى ده‌بێ، ده‌نا ده‌بێ به‌ پاره‌ى خۆت چاپى بکه‌ى، ئه‌گه‌ر چاپیشى بکه‌ى له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یدا هاوکاریت ناکه‌ن و هه‌موو کتێبه‌کانت لەسەر ده‌ست ده‌مێنێته‌وه‌، بە واتایەک، مه‌سه‌له‌ى بڵاوکردنه‌وه‌ له‌ چاپکردنى ئه‌سته‌م تره‌.

بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ده‌ب کارتێكەری لەسەر منداڵان هەبێ، بە ڕای ئێوە چى بکرێ باشه‌؟
به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و کەسانه‌ى پێیان وایه‌ ئه‌ده‌بى منداڵان شتێکى ئاسانه‌، من بە کارێکی ئێجگار ئه‌سته‌می دەزانم، چونکە ده‌بێ زۆر شت له‌به‌ر چاو بگیرێ، له‌وانه‌ قۆناغه‌کانى ته‌مه‌نى منداڵ، واته‌ نووسه‌ر ده‌بێ بزانێ بۆ چ قۆناغێک له‌ قۆناغه‌کانى منداڵێتی ده‌نووسێ، ئینجا له‌ ئه‌ده‌بیاتى منداڵاندا ده‌بێ زمانى منداڵانه‌ و ده‌رکى منداڵانه‌ له‌به‌ر چاو بگیرێ، ناکرێ هه‌موو شتێک بۆ منداڵ بنووسى چونکه‌ لێی تێ ناگا، ده‌بێ له‌ ڕوانگه‌ى سایکۆلۆژیشه‌وه‌ ئاشناى ڕوحیه‌ى منداڵ بى و له‌ هه‌مووشى گرنگ تر، پێویستە مه‌سه‌له‌ى چێژ و حه‌زیش بگریته‌ به‌رچاو، پێویسته‌ شتێک بۆ منداڵ بنوسرێ که‌ دوابه‌دواى خوێندنه‌وه‌ى پرسیار له‌ مێشکى منداڵدا بوروژێنێ، لە زۆر شتدا، ئەوە بیرکردنه‌وه‌ى گه‌وره‌کانه‌ به‌سه‌رمنداڵدا ده‌سه‌پێ، بۆ نموونه‌ له‌ ساڵانى سه‌ره‌تاى شۆڕشی ئێراندا توندوتیژى و ململانێى چینایه‌تیان له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتى منداڵان تێکه‌ڵ ده‌کرد که‌ ئه‌مه‌ له‌بوارى ده‌رونناسییه‌وه‌ باش نییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ى ڕق و کینه‌، پێویسته‌ خۆشه‌ویستی و سۆز له‌ به‌رهه‌مى منداڵاندا ڕه‌نگ بداته‌وه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چاو بگیرێ کە منداڵ زۆر گه‌شبین نەکرێ. دیارە مەبەست ئەوە نییە هیچ ئاراسته‌یه‌کى نه‌بێ، به‌ڵام نه‌ک به‌ وێنه‌ى سى چل ساڵ له‌مه‌وپێش که‌ زیاتر له‌ ژێر کاریگه‌رى بیرى سۆسیالیستى و مارکسیستدا بوو.

ئه‌ى ئێستا هه‌ست ناکه‌ن مه‌زهه‌ب کاریگەری به‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ده‌به‌وه‌ هەبێ؟
بۆچی، ئه‌ده‌بى منداڵانى فارسى و بڕێکیش کوردى، کاریگه‌رى ئه‌ده‌بى مه‌زهه‌بى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌ده‌بى مه‌زهه‌بى له‌ هه‌ندێک ڕوانگه‌وه‌، بە ڕای من باشه‌، به‌ڵام کۆمەڵێک شت که‌ به‌ ناوى ئه‌ده‌بى منداڵانه‌وه‌ ده‌نوسرێ، مه‌ترسیداره‌. وه‌ک ئازارى به‌رزه‌خ و به‌هه‌شت و به‌کارهێنانى ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ مه‌زهه‌بییانه‌. لە دواى شۆڕشى کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، له‌نێو فارسه‌کاندا ئەمە زۆر باوه‌، بۆ نموونە چیرۆکى پێغه‌مبه‌ره‌کان و قه‌ومى لووت و شتی له‌و جۆره‌ بابەتە، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌نیسبه‌ت ئێمه‌وه‌ زۆر ڕه‌نگدانه‌وه‌ى نییه‌.

ئایا لە ئێران له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی منداڵانیش سانسۆڕ پەیڕەو دەکرێ؟
بەڵێ سانسۆر هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ندێک بواردا.

وەک چی؟ وەک مەسەلەی نیشتیمانپەروەری و شتی وا؟
بڕوانن، نابێ له‌ ڕوانگەی ئایدۆلۆژییەوە کار له‌سه‌ر ئەدەبی منداڵان بکه‌ین، جا هه‌ر جۆره‌ ئایدۆلۆژیایه‌ک بێ، گرنگ نییە. بۆ مه‌سه‌له‌ى نیشتیمانپه‌روه‌ریش هه‌روا. هەتا ته‌مه‌نى لاوه‌تى نابێ ئه‌م مژارانە ده‌رخواردی کەسێک بدرێن، چونکه‌ بیری منداڵ سنوردار ده‌کا و ئه‌گه‌ر خه‌تێکی بۆ دیاری بکه‌ی، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بیرو باوه‌ڕه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ، تووشى جۆرێک له‌ دۆگماتیزم ده‌بێ و له‌ نەشونوما ده‌که‌وێ.

ده‌وروبه‌ر و به‌ تایبه‌ت دایک و باوکى منداڵ تا چه‌ند ده‌توانن ڕۆڵ ببینن بۆ ئه‌وه‌ى منداڵان زیاتر ڕوو بکه‌نه‌ خوێندنه‌وه‌ى کتێبی تایبه‌ت به‌خۆیان؟
باوکان و دایکان، به‌ تابیه‌ت له‌لای ئێمه‌، پێیان وایه‌ خوێندنه‌وه‌ى کتێب و چیرۆکى منداڵان، منداڵه‌کانیان دوا ده‌خا و لە کاتیان دەگرێ، منداڵ ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌کى ڕێکوپێکى بۆ دابین بکرێ، خوێندنه‌وه‌ نەک ڕێگری لێ ناکا به‌ڵکوو بە باشترین شێوە یارمه‌تى ده‌دا، منداڵ پێویسته‌ له‌ ڕۆژێکدا لانیکەم سه‌عاتێک بخوێنێته‌وه‌، چونکه‌ جیا له‌ خوێندنى وشک و فەرمی، پێویستى به‌ فه‌نتازیا و چێژ هه‌یه‌.

به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بایه‌خنه‌دان و کەمتەرخەمییانه‌ى ئاماژەتان پێدا، دەبینین که‌ فۆلکلۆرى کوردى گرنگییه‌کى تایبه‌تى به‌ منداڵان داوە، واته‌ پێشینان لەمبارەوە زیاتر له‌ ئێمە کاریان کردووە، ئاخۆ ئێوەش لەسەر ئەو بڕوایە نین؟
به‌ڵێ، ئه‌مه‌ خاڵێکی زۆر گرنگه‌. ئێمه‌ بناغه‌یه‌کى زۆر پته‌ومان هه‌یه‌، تازه‌ چیرۆکى "سه‌ندرێلا"م وه‌رگێڕاوه‌ و ده‌بینم له‌گه‌ڵ چیرۆکێکى کۆنى کوردەوارى زۆر لێک ده‌چن، گەلەک چیرۆکى ڕیالیزمى جادوویش وه‌ک "هیرى پۆتێر" له‌ ئه‌ده‌بى کۆنى خۆماندا نمونه‌یان هەیە، شتى زۆر گرنگیان تێدایه‌، نووسه‌رى منداڵان، تەنیا پاڵپشت به‌م چیرۆکانه‌ ده‌توانێ بەرهەمی نوێ بخوڵقێنێ، ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى نوێ دایانڕێژیته‌وه‌.

بە کورتی:
ــ مسته‌فا ئیلخانی زاده‌، له‌ شاری بۆکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌دایک بووه‌.
ــ به‌ کوردی و فارسی، له‌ بواری وه‌رگێڕان و ئه‌ده‌بی منداڵاندا، کتێبی چاپکراوی هەیە .
ــ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نووسه‌رانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێرانه‌ که‌ ناوه‌نده‌که‌ی له‌ شاری تارانه‌.

۱۳۹۹/۱۰/۲۴

مەرگێکی زۆر نیان

 

مەرگێکی زۆر نیان
سیمۆن دو بۆڤوار
بەسەرهات
وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی
چاپ: یەکەم-٢٠٢١
تیراژ: ١٠٠٠ دانە
لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاوێر

 

۱۳۹۹/۰۹/۳۰

تسووباکی

 


ژیر دانا

(لەودیو دژەکانەو دژتر هەیە)
هەمیشە وا ڕاهاتووین و باوەڕمانکردووە کە هەموو شتێک پێویستە دژێکی هەبێت، واتە بۆ ئەوەی ڕەش هەبێت پێویستە سپیش هەبێت، بۆ ئەوەی پیاو هەبێت پێویستە ژنیش هەبێت، وە بۆ ئەوەی ئاشتی هەبێت پێویستە جەنگیش هەبێت، بەمە ئەڵێن دوالیزم، باوەڕبوون بە دوالیزم لە هەمان کاتدا زیان و سوودیشی هەیە، زیان بەو مانەیەی کە تەنها یەک ڕێگات پیشان ئەیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سوودیش بەو مانەیەی کە هەمیشە بوونی هیوایەکت بۆ دروست ئەکات بەرەو چارەسەر، بێگومان هەم زانست و هەم ئەزموونی مرۆڤایەتیش گەیشتوون بەوەی کە شتەکان تەنها لە ئاستێکی بینراو و ڕووکەشیدا بەو جۆرە دوالیزمیەن و لە ناوەڕۆکدا شتەکان هەر شتن بەبێ ئەوەی کە دژیشیان هەبێت، لەوانەیە بۆ کەسێکی ئاسایی باوەڕهێنان بەم نەبوونی دوالیزمییە قورس بێت بەڵام ڕێگا زۆرە تا بگەیت بەو ڕاستییە و یەکێکیش لە ڕێگاکان ئەوە بووە کە تۆ کەسێکی یابانی بیت، وە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا ژیابیت.
هەر ئەم پووچەڵکردنەوەی دوالیزمیەشە کە لە سەرەتاکانی چیرۆکەکەوە خوێنەر بەری ئەکەوێت، بە جۆرێک کە لە سەرەتادا شتەکان و دژەکانیان واتە جەنگ و ئاشتی، جوانی و ناشرینی، خێزان و پەیوەندی تاکەکەسی، خۆشەویستی و هاوسەرگیری، یۆکیۆ و یۆکیکۆ لە ململانێیەکی بەردەوامدان بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو بەڵام لە درێژ ماوەدا ئەم شتانە بە جۆرێک لەیەک دووردەکەونەوە کە ئەسڵەن بە دژ و هاوتای یەکتر دانانرێن و هەر یەکێکیان ڕووبەڕووی دژتر و دژتر و دژتر لە دژەکەی پێشووی ئەبێتەوە، ئەمەش ئەو ڕاستییە ناخۆشەمان بۆ دەردەخات کە هەموو شتێک بە بێ ئەنداز شتی ترەوە بەستراوەتەوە و بۆ گەیشتن بەو شتە لەجێی ئەوەی تەنها پشت بە دژەکەی یان هاوتاکەی ببەستی پێویستە پشت بە بێ ئەنداز شتی ترەوە ببەستی، بەو مانایەی کە بۆ ئەوەی یۆکیۆ بە یۆکیکۆ بگات جیا لەوەی کە پێویستە سنووری کلتوور و خێزان و مێژوو تێپەڕێنێت،  پێویستە لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ڕۆزڤێڵتی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری تەقاندنی بۆمبە ئەتۆمیەکەی نەدات.

(جەنگ و مرۆڤ وەکو مێتافۆری یەکتر)
یەکێک لەو نەگبەتییە گەورانەی کە مرۆڤ بە دەستیەوە ئەناڵێنێت ئەوەیە کە مەودای بیرکردنەوەی تەنها لە ٢ ڕەهەندی هەست پێکراودا خۆی ئەبینێتەوە لەجێی ئەوەی کە ٣ ڕەهەند بێت، واتە بیرکردنەوەی مرۆڤ هێڵییە و بۆ ئەوەی لە شتێک تێبگات تەنها بە جۆرێک تێی دەگات کە ئەو شتە سەرەتا و ناوەند و کۆتایی هەبێت، سەرەتاکەی ناودەنێت هۆکار و کۆتاییەکەش ئەنجام، بەڵام ئەگەر بیرکردنەوەی لە مەودایەکی سێ ڕەهەندیدا بوایە ئەوا ئەمانتوانی شتەکان بە جۆرێکی ناهێڵی ببینین بۆ نموونە بە بازنەیی، بۆ تێگەیشتن لەمە با ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە جەنگ چۆن دروست ئەبێت، ئەتوانین بڵێین کە مرۆڤێک ویستێکی خۆپەرستانەی هەیە و ئەیکات بە ئامانج بۆ خۆی، دواتر دێت و کەسانێکی تر کۆدەکەتەوە کە هەمان ویستییان هەبێت و پێکەوە هەنگاو بەرەو جێبەجێکردنی ئەنێن، دواتر ئەوەی ئەمێنێتەوە لە بەردەمییان تەنها زیان گەیاندنە بە مرۆڤایەتی و بەم جۆرە جەنگ دروست ئەبێت، ئێستاش ئەگەر پرسیار لە خۆمان بکەین کە خراپە چۆن دروست ئەبێت لەوانەیە هەڵە نەبیت ئەگەر هەمان شتی پێشوو پێچەوانە بکەینەوە، واتە جەنگ ڕوویداوە و مرۆڤەکانی بێهیوا کردووە لە ئاشتی، دواتر ڕێگایەک نامێنێتەوە بۆ درووستبوونی ویستی خۆنەویستانە و چاکەکارانە دواتریش تاکەکان ئەگەن بە خۆویستییەکی ڕەها و بەو هۆیەشەوە خراپە ئەکەن، کەواتە ئەتوانین بڵێین کە ئەکرێت خۆویستی تاک هۆکاری جەنگ بێت یان جەنگ هۆکاری خۆویستی تاک بێت، بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت کە هەموو شتێک ئەگەر هۆکارێکی هەبێت ئەوا هەر ئەو هۆکارە ئەکرێت ببێت بە شت و شتەکەش ببێت بە هۆکارەکەی، واتە لەجێی ئەوەی هێڵیک هەبێت کە سەرەتا و ناوەند و کۆتایی هەبێت ئەوا بازنەیەک هەیە کە هەموو شتەکان هەم سەرەتان و هەمیش کۆتایین بۆ یەکتر، ئەوەی وای لە یۆکیکۆ کرد کەسێک بکوژێت جەنگ بوو، بەڵام هەر ئەو کوشتنەش بوو کە جەنگەکەی دروست کرد، بۆیە لەم چیرۆکەدا تەنها کارەکتەرەکان و ڕووداوەکان مێتافۆری جەنگ نین بەڵکو جەنگیش لە هەمان کاتدا مێتافۆری کارەکتەر و ڕووداوەکانە، ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەم چیرۆکە خەیاڵی زانستی نیە تا دەستکاری کات و شوێن بکات بۆ ڕوودانی ئەو شتە بەڵکو خوودی ژیانی کردووە بە بازنەیەک کە کات و شوێن تیایدا لاوەکی ترین شتن نەک سەرەکیترین.

(ئەوەی ناوی چارەنووسە ئەگەر بوونیشی نەبێت هیشتا ئەبەدییە و بوونی هەیە)
ئەو شتانەی پێشتر باسمانکردن بۆی دەرخستین کە ئەگەر ئێمە شتێک بكەین یان شتێکمان بوێت ئەوا لە باشترین دۆخی خۆیدا ئەکرێت نەکرێت یان پووچەڵ بێتەوە بەوپێیەی کە بێ ئەنداز شتی تر هەن و کاریگەرییان لەسەرە یان لەناو بازنەیەکی داخراوی پڕ سەرەتا و کۆتایین کە شتەکەی ئێمە ناتوانێت هیچی لێ بگۆڕێت، کەواتە بۆ شت بکەین؟ بۆچی یۆکیکۆ کەسێکی خۆشبوێت کە لە دواییدا بەبێ ئەوەی بزانێت کەسێکی خۆش ئەوێت کەسێکی بۆ بکوژێت؟ کە دواییش کەسەکەی کوشت بژی بەبێ ئەوە بزانێت کە بۆ ئەژی و بە تەواوەتی خۆی دابێتە دەست چارەنووس کە چی بۆ داناوە بەوپەڕی ڕازیبوونەوە وەریبگرێت؟ هەر ئەمەیە کە وا ئەکات ئێمە بڕوامان بە چارەنووس هەبێت و خۆمان بە بکەری ئەو شتانە نەزانین کە ڕوودەدەن، وە تسووباکیش هەر ئەمەت پێ ئەڵێت کە چارەنووس بۆ تاک ئەکرێت بەبێ ئەوەی بوونێکی واقعی هەبێت لەناو مێشک و تەنانەت هەموو ژیانیشماندا بوونی هەبێت، بۆیە تاک چ ئاکتێک بکەن دواتر کاریگەری ئاکتی ئەوانی تری بەسەردا ئەسەپێت و ئاکتەکەی خۆی ون ئەبێت.
خۆشبەختانە من کتێبی دووەمیشم پێشتر خوێندووەتەوە و ئەزانم کە لەوێدا کاریگەری هەموو ئاکتەکانی یۆکیکۆ ئەبینم لەسەر ئەوانی تر، واتە ئاکت چەندێک بێ کاریگەر بێت بۆ خوودی ئاکتەرەکە و هەر زوو ون ببێت بەڵام لە ژیانی ئەوانی تردا خۆی ئەدۆزیتەوە، سەیر لەوەدایە ئاکتەکانی یۆکیکۆ پیش ئەوەی لە داهاتوودا کاریگەر بێت لە ڕابردوودا کاریگەر بووە! هەر ئەمەشە بۆمان دەردەخات کە لەم زنجیرەیەی قورسایی ڕازەکان کات و شوێن هیچ مانەیەکی لەو شێوەیەی نییە کە پێشتر تێیگەیشتووین و تەنها لەڕێی دوو کتێبی یەکەمەوە تۆ ئەتوانیت بیبینێت کە ئەکرێت ئاکتەکانی داهاتوو کاریگەرییان هەبێت لەسەر ڕابردوو، لێرەشەوە لە خۆت ئەپرسی ئەبێت لە کتێبەکانی تردا چەند شتی ترت لەلا بگۆڕێت و بە جۆرێکی جیاواز دەرکەون وەک لەوەی کە هەن!

(تسووباکی وەک نۆستاڵژیای ئازارەکان)
بیرمە لە یەکەم پەڕەکاندا بەر ئەوە کەوتم کە گووڵێکی جوانی وەکو کامیڵیا چۆن بووە بە هەڵگری قورسترین و سەخترین ڕازەکانی یوکیکۆ، لە درێژایی خوێندنەوەشدا بەردەوام بەر هەمان شت ئەکەوێتەوە کە چۆن جوانترین شتەکانی وەک گووڵی کامیڵیا کە ناوە یابانیەکەی تسووباکییە چۆن ئەکرێت ببن بە ناشرینی و هەڵگری ناشرینی، وە چۆن شتە ناشرینەکانی وەک کوشتن و درۆکردن و خۆدان بەدەست چارەنووسەوە ئەکرێت شتێکی جوانی وەک نامیکۆ و کوڕەکەی دروست بکەن، کەواتە لە تەنها ساتێکی ژیاندا ئەکرێت شتەکان هەبن و بە هاوتای خۆشیان دژیان هەبێت بەڵام خۆ ژیان تەنها ساتێک نییە و لە جووڵەی بەردەوامدایە، هەر بۆیە شتەکان بە هیچ جۆرێک مانایەکی جێگیریان نیە لە ژیاندا و تەنها لە فۆڕمدا جێگیرن، کامیلیا کە جوانترین شتی چیرۆکەکە بوو لە پەرەی ١٢٠ ـدا هەموو مانای جوانیەکەی خۆی لەدەست ئەیات، دووریش نییە هەمان بۆمبی ئەتۆمی کە ناشرینترین شتی چیرۆکەکە بوو هۆکاری دروستبوونی هەموو ئەو جوانیانە بێت کە ئێستا لە یاباندا هەیە.

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

۱۳۹۹/۰۹/۱۱

ئێرڤێ لو تێلیێ بەرەوەی خەڵاتی گۆنکووری ٢٠٢٠



دووشەممە (٣٠ی نۆڤامبر)، ئێرڤێ لو تێلیێ بە هەشتەمین ڕۆمانی خۆی، ناڕێکی (وەشانخانەی گالیمار)، خەڵاتی گۆنکووری ٢٠٢٠ی بردەوە.

بەنرخترین خەڵاتی وێژەیی فەڕەنسا دەبوایە ڕۆژی ١٠ی نۆڤامبر ڕابگەیەنرێ، بەڵام لەبەر داخرانی کتێبفرۆشییەکان بە هۆی کۆڕۆناوە، ئاکادیمیای گۆنکوور بڕیاری دا کاتی بەخشینی خەڵاتەکە دوا بخا. هەر لەبەر ئەم ڕەوشە ئاوارتەیەش خەڵاتەکەی ئەمساڵ بە ڤیدیۆکۆنفڕانس ڕاگەیەنرا.

نووسەر دوای بردنەوەی خەڵاتەکە لەو ڤیدیۆکۆنفڕانسەدا ڕایگەیاند: "هەرگیز چاوەڕوانیی ئەوە نیت خەڵاتێکی وەک گۆنکوور وەربگریت. پێشان، بۆ ئەوە نانووسیت کە ئەو خەڵاتە وەربگریت و پاشانیش، ناتوانی بردنەوەی لە خەیاڵدا بگونجێنی." 

شایانی باسە، ناڕێکی لە مانگی سێپتامبرەوە لە لیستی زۆرفرۆشراوەکان دایە و تا ئێستا نزیکەی سی هەزاری لێ فرۆشراوە. بیستودوو وڵات لە ئێستاوە مافی وەرگێڕانی کتێبەکەیان کڕیوەتەوە. 

ڕۆمانەکەی لو تێلیێ کە لە سێ بەش پێک هاتووە، چارەنووسی سێ کەسایەتی دەگێڕێتەوە کە فڕینی پاریس – نیویۆرک لە مارسی ٢٠٢١ پێکەوەیان دەبەستێتەوە. 

ئێرڤێ لو تێلیێ ٢١ی ئاوریلی ساڵی ١٩٥٧ لەدایک بووە. ناوبراو پێش ئەوەی ڕوو لە کاری ڕۆژنامەوانی بکا، بە بیرکارییەوە سەرقاڵ بووە. ئینجا، ساڵی ١٩٨٤، یەکەمین ڕۆمانی خۆی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. بە دوای ئەم یەکەمین ڕۆمانەیدا دەیان کتێبی دیکەی نووسیوە کە زۆربەیان کۆمەڵەوتار، سەفەرنامە، شیعر و کورتەچیرۆکن.


بەرەوەکانی پێشوو کێ بوون؟

٢٠١٩: ژان – پۆل دووبوا
٢٠١٨: نیکۆلا ماتیۆ