۱۳۹۱/۰۸/۲۵

مەسعوود بارزانی؛ کوردستانی سووریا ڕاستیە


حەسەن جەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
هەولێر

سەر لە نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە سەرێ ڕەش هەڵکەوتوو لە سەلاحەدین،  لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کوردستانی عێراق قسەمان کرد.

بابەت، باکووری سووریایە.
یان بە واتایەکی دروست تر:
کوردستانی سووریا.
وەک هەندێک کەسیش دەڵێن:
ڕۆژئاوای کوردستان.
وەک چۆن سەردەمانێک ڕای گشتی تورک پێی وابوو تەنیا باکووری عێراق هەیە..
وەک چۆن سەردەمانێک ڕای گشتی تورک نەیدەزانی بە ڕاستی لە باکووری عێراق چ ڕوودەدا…
ئێستاش، دوای ٤٠٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەش  لەگەڵ عێراق، ئەمجارەشیان لە سنوری تورکیا ٩٠٠ کیلۆمەتر بووینە هاوسێ، سەبارەت بەوەی کە لە ڕوداوە گەرماوگەرماکانی باکووری سووریا تێناگەین، دەست پێدەکەم.
بارزانی پێدەکەنێ.
ئاماژە بە هەندێک لە لێدوانەکانی سەرۆک وەزیر ئەردۆغان دەکەم کە گوتبووی لە سووریا ڕێگە بە باکووری عێراقی نوێ نادەین و ناهێڵین قەندیلێکی نوێ دروست بێ.
نێوچەوانی تێک نانێ.
سەرۆکی دیوانی هەرێم فوئاد حوسێنیش کە چەندین ساڵە وەک باڵی ڕاستی بارزانی کار دەکا، هێڵەکانی دەموچاوی ناگۆڕدرێن.
نیگاکان لە سەر منن.
دەڵێم لە کوردستانی سووریا، پەیەدە زیاتر زاڵە، واتە باڵی پەکەکە لەو وڵاتە.
کەمێک دەجوڵێنەوە.
دەربارەی بۆچوون و پێش بینیان سەبارەت بەوەی پەیەدە لە کوردستانی سووریا دەتوانێ هێزێکی وای هەبێ یان نا، پرسیار دەکەم:
"پەیەدە لە کوردستانی سووریا گرنگە. ئایا بوونی پەیەدە، هەم بۆ ئێوە و هەم بۆ ئەردۆغان فاکتەرێکی نەرێنییە؟ هەروەها دەگووترێ، لە دوا کۆبوونەوەی دوحە لە هەفتەی ڕابردوودا، تورکیا و کوردستانی عێراق  لەگەڵ ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا لە دژی پەیەدە یەکتریان گرتووە… لە مەڕ کوردستانی سووریا و پەیەدە چۆن بیر دەکەنەوە؟"

 کوردەکان تەعریب نەبوون!

مەسعوود بارزانی بەمجۆرە وەڵامی دایەوە:
"لە کوردستانی سووریا، کێشەیەکی کوردی هەیە، واقعێکی کوردی هەیە. تێناگەین بۆچی دەوڵەتانی ناوچەکە دان بە واقعی کورد لە سووریا دانانێن. هەر پارچەیەکی کوردستان، تایبەتمەندی خۆی هەیە و تایبەتمەندییەکان جیاوازن. کێشەکە لە کوردستانی سووریا بە چ شێوەیەک چارەسەر دەبێ؟ قسە لە سەر ئەمە دەکەین. لایەنی عەرەب، لە ساڵی ١٩٦٢ بە دواوە سیاسەتی تەعریب لە کوردستانی سووریا پەیڕەو دەکا، بەڵام لەم سیاسەتەیاندا سەرنەکەوتن. ئێستا ئیتر دەبێ ڕاستی کورد ببینرێ."

دیسان قسەکانم دەبەمەوە سەر پەیەدە.

بارزانی لە وەڵامدا دەڵێ:
"نکۆڵی لە پەیەدە ناکرێ. پەیەدە لە کوردستانی سووریا بوونی هەیە. بەڵام لە دەرەوەی سووریا، ئەمە زۆر گەورە دەکرێتەوە. لە سووریا کورد هەن! کوردەکانی ئەوێ، کوردەکانی سووریان. کوردەکانی ئەوێ لەوانەیە سۆزیان بۆ پەیەدە و بۆ پەکەکە هەبێ، بەڵام مومکینە سەمپاتیان بۆ گرووپەکانی دیکەش هەبێ."

بارزانی سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کوردستانی عێراق، پاش ئەوەی ئاماژەی بەوە کرد کە بە تەنیا پەیەدە لەوێ نییە، مەسەلەکە زۆر گەورە دەکرێتەوە، ناڕاستەوخۆ گوتی جگە لە پەیەدە، کوردەکانی سووریا سەمپاتی پدک واتە حزبەکەی ئەوانیشن، گوتی:

"ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە، ئەوەیە کوردەکانی سووریا شەڕی یەکتری نەکەن. بۆ ئێمە ئەو خاڵە زۆر گرنگە. لە لایەکی ترەوە، بێگومان گرنگە کوردەکان و عەڕەبەکانیش شەڕی یەکتری نەکەن."

 بارزانی ڕایگەیاند ئەگەر دیموکراسی هەبێ دەزانین لە کوردستانی سووریا کام هێز سەرکەوتووە، دەتگووت بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ پەیەدە وشیار دەکاتەوە. لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی:

"بڕوام بەوە هەیە کە کوردەکان لە نێو خۆیاندا، کوردەکان  لەگەڵ عەرەبەکان و عەرەبەکان لە نێو خۆیاندا، واتە گەلانی سووریا کێشەکانیان لە چوارچێوەی دیموکراسیدا چارەسەر دەکەن. ئەگەر پەیەدە لەم پێڤاژۆیەدا، تێکدەر بێ و ببێتە لایەنی گوشار، ئەوا قەبووڵ ناکرێ. هێشتا زوویە. بەڵام ئەگەر پەیەدە پابەندی دیموکراسی بێ، ئەوا هیچکەس کاری بە سەریەوە نییە. بەڵام ئەگەر دژی دیموکراسی دەربکەوێ، بە ئاڕاستەی بەرنامەگەلی جیاوازدا بڕوا ، نە کوردەکانی سووریا، نە لایەنەکانی دیکە و نە ئێمەش ئەمە قەبووڵ ناکەین."

دەپرسم:
"دوای عێراق، ئێستا دیکتاتۆڕی بەعس لە سووریا خەریکە هەڵدەوەشێتەوە. وێدەچێ دوای عێراق، کوردەکانی سووریاش بەڕێوەبەرایەتی خۆیان هەبێ. گەڕانەوە بۆ دواوە زەحمەتە. لەم چوارچێوەیە دا  چۆن سووریایەک لە خەیاڵتان دایە؟"

وەڵامی بارزانی:
"تا ڕۆژی ئەمڕۆ دان بە ناسنامەی کوردەکانی سووریا دانەنراوە. بگرە تۆماری نیشتەجێ بوونیان نییە. بەر لە هەر شتێ پێویستە واقعی کورد لە سووریا لەبەر چاو بگیرێ. نزیکەی دوو میلیۆن و نیو تا سێ میلیۆن کورد هەیە. بوونی ئەم ژمارەیە لە سووریا بۆ ئێمە گرنگە. بۆ ئێمەی کوردی عێراق زۆر گرنگە، ئەوان بە مافەکانی خۆیان بگەن. ئێمە قەبووڵ ناکەین مافەکانی ئەوان ڕەت بکرێتەوە. بەڵام سەبارەت بەوەی چۆن سیستەمێک بێتە سووریاوە، ئەوا بابەتێکە خۆیان بڕیاری لە سەر دەدەن."

پرسیارێکی تر ئاڕاستە دەکەم:
"پێشبینیتان دەکرد پەیەدە لە کوردستانی سووریا ئەو هێزەی هەبێ؟"

بارزانی زۆر بە پارێزەوە وەڵامی ئەم پرسیارەم دەداتەوە. بە زمانێکی نەرمی دیپلۆماسیانە، سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندی نێوان پەیەدە و ڕژێمی ئەسەد دەڵێ:

"ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە لە کوردستانی سووریا دەرگای بەخت بۆ پەیەدە کراوەتەوە یاخود ئەو ئاستەی پێی گەیشتووە، بەرهەمی باندۆڕی خودی پەیەدەیە؟ هێشتا نازانین. هەڵیدەسەنگێنین. منیش هێشتا وەڵامێکم دەست نەکەوتووە… هێمای پرسیار هێشتا لە سەرمدا ماوەتەوە."

دەپرسم:
"ئەسەد ئەم دەرگایەی کردۆتەوە؟"

بارزانی:
"وەک پرسیار لای ئێمەش ماوەتەوە. هێشتا وەڵاممان بۆ نەدراوەتەوە. پرسیارە بە لامانەوە، ئەسەدە یا کەسێکی تر؟ بڕیار نادەم. بەڵام ئەمە ڕاستیەکە: پەیەدە لەو ئاستەدا نییە خوێ بتوانێ کوردستانی سووریا کۆنتڕۆڵ بکا. هێز و لایەنی دیکەش هەن. بە تایبەت هێشتا لەوە تێناگەین چۆن شوێنەکانی ئاسایش و ئیستیخبارات ڕادەستی پەیەدە کران و چۆن  لەگەڵ کاربەدەستانی سووریا شان بە شانی یەکترین. هێشتا ئاشکرا نەبووە. هێشتا ئەم وەڵامەمان وەرنەگرتوە کە ئاخۆ ئەمە ڕێککەوتنێکە یان لە لاوازبوونی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە سەرچاوە دەگرێ؟ ئێمە هەڵوەستەی لە سەر دەکەین. دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە لە ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەین کوردەکان لە کوردستانی سووریا لە نێو خۆیاندا بە شەڕ نەیەن."

 دەچمە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. ئەو پرسیارەمی بە بیر دێنمەوە کە ساڵی ١٩٩٣ لە یەکەم چاوپێکەوتنم  لەگەڵ ئەو لە دهۆک ئاراستەم کردبوو، سەبارەت بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی.

ئەویش لێم دەپرسێ:
"بێگومان وەڵامەکەی منتان لە بیرە. باسم لە ئیدەئالی دەوڵەتی سەربەخۆ کردبوو."

بەمجۆرە بەردەوام دەبێ:
"بەر لە هەموو شتێ، ئەمە مافی سرووشتی ئێمەیە. کێشەی هەرە گەورە لێرەدا ئەوەیە کوردەکان بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش بوون. لێرەدا مەسەلەکە زەحمەت دەبێ. ئەگەر وا نەبوایە و کوردەکان بە سەر دوو وڵاتدا دابەش بوایەن یان هەر هەموویان بە سەر وڵاتێکدا، دەوڵەتی کوردی زۆر ڕاحت تر دادەمەزرا. ئێمە لایەنگری گەیشتنی هەموو کوردەکان بە مافەکانی خۆیانین. ئەمە مافی هەرە سرووشتی ئەوانە."

مەسعوود بارزانی ڕایگەیاند:
"ئیتر لە دونیادا هیچ شتێک مەحاڵ نییە. لەپێناو دۆزێکی گەورەدا خوێنیش دەڕژێ و باجی گەورەش دەدرێن. بەڵام دواجار گومان لەوە دانییە کە چارەسەری دێتە دی. بە هەڵە لێک تێگەیشتن لە ئارادا نامێنێ، ئێمە لەمڕووەوە دڵنیاین. نموونەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئاڵمانیا لە بەر چاوە. نموونەی چێک و سلۆڤاکی هەیە. یەکگرتن و جیابونەوە بە زۆر نییە… گەل خۆی بڕیار دەدا. لایەنی تر، مافی ئەوەیان نییە بڕیار لە سەر مافەکانی ئەو گەلە بدەن."

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ:
"بڕوانن، لەم چوارچێوەیەدا، دونیا لەم دە – پانزە ساڵەی دواییدا گۆڕانێکی گەورەی بە سەر هاتووە."

کاتێک باس دێتە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بارزانی بەمجۆرە دێتە ئاخافتن:

"لەوانەیە ئاڵۆزیەکی زۆر لە ناوچەکەدا هەبێ، بەڵام لێرەدا ئەوەی بە لای منەوە گرنگە، دۆزی کوردە، من بڕوام بەمە هەیە. ئێمە نامانەوێ لە سەر حیسابی ئەوانی تر کێشە یاخود دۆزی کورد چارەسەر بکرێ. ئێمە دەمانەوێ  لەگەڵ هەموو گەلانی ناوچەکە بە تورک، فارس و عەرەبەوە پەیوەندی تۆکمەمان هەبێ.  لەگەڵ ئەوەش داین کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییە باشانەدا چارەسەر بکرێ. نامانەوێ لە سەر حیسابی گەلانی تر ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. لە هەمانکاتدا نامانەوێ ببینە هۆکاری هەڕەشە بۆ هیچ کەس و لایەنێک. بێگومان لەپێناو بەرژەوەندی لایەن و دەوڵەتانی تر، لە دۆزی کورددا پاشەکشە ناکەین. وەک کورد خۆمان لە هیچ شوێن و بەرەیەکدا نابینینەوە. ئێمە تەنیا بڕوامان بە دۆزی کورد هەیە."

کە پرسیارەی بەرەی لێدەکەم، بەمجۆرە بابەتەکەم بۆ ڕوون دەکاتەوە:

"ئێمە هیچ بەرەیەکمان نییە. نە ئەمریکا و نە تورکیا تا ئێستا پێشنیاریان پێنەکردووین 'ببنە ئەم یا خود ئەو بەرەیە'. ئامانجی ئێمە دۆزی کوردە. بۆ ئەمە تێدەکۆشین."

دەپرسم:
"ئەگەر تورکیا کێشەی کوردەکانی خۆی بە ڕێگایەکی ئاشتیانە چارەسەر بکا، بێگومان کاریگەری ئەرێنی بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا دەبێ، ئێوە دەڵێن چی؟"

بارزانی وەڵام دەداتەوە "بێ گومان وایە."

باس لەوە دەکەم کوردستانی عێراق،  لەگەڵ بەغدای سەرۆک وەزیری شیعەی عێراق نووری مالیکی، هاوینێکی گەرم و ئاڵۆزی تێپەڕاند، بە تایبەت لە شەنگال کە شوێنی نیشتەجێی کوردە ئێزدییەکانە، لە ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین، هەر دوو لایەن قامکیان لە سەر ماشەی چەک بوو.

بارزانی لەمبارەوە ڕایگەیاند:
"کێشە هەن و نکۆڵی لەمە ناکرێ. بەڵام ئێمە لایەنگری ئەوەین کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری بنەڕەتیدا چارەسەر بکرێن. ئێمە هیچ شتێک لە دەرەوەی دەستووری بنەڕەتی قەبووڵ ناکەین."

دەپرسم:
"وێدەچێ سەبارەت بە پەیوەندیی  لەگەڵ تورکیا و ئێران، لە نێوان ئێوە و سەرۆک کۆمار جەلال تاڵەبانیدا بۆچوونی جیاواز هەبێ…"

هەست دەکەم لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا هەندێک ئاستەنگی بینی و ویستی ڕەهەندەکانی مەسەلەکە بچووکتر نیشان بدا.

بارزانی گوتی:
"لە ڕاستیدا ئێمە یەک بۆچوونمان هەیە. هەر دووکمان،  لەگەڵ بەردەوامیی پەیوەندی تۆکمە  لەگەڵ ئێران و تورکیا داین. مام جەلال سەرۆک کۆمار و من سەرۆکی هەرێمی کوردستانم. ئەگەر ئەمە لە بەر چاو بگرین، بۆی هەیە جار جارە بیروڕای جیاواز هەبێ، بەڵام بابەتی بچووکن. لە سەر بابەتە پێویست و سەرەکییەکان، یەک بۆچوونمان هەیە. خۆی ئەمەش گرنگە…"

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر