۱۳۹۱/۰۸/۱۷

ژیان لە بۆسەی مەرگدا


میدیا دێرسیم / ANF
وەرگێڕانی؛ سەلاحەدین بایەزیدی

 
شۆڕش، ئەو کاسبکارەی لە تەمەنی ١١ ساڵیەوە کاروانچێتی دەکا، پێی گوتین 'هەڤدە ساڵم تەمەنە و شەش ساڵە خەریکی کاروانچێتیم. خەڵکی پیرانشارم و لە ماڵی ئێمەدا سێ کەس بەو کارەوە خەریکن. بەڵام بەداخەوە کارێکی تا بڵێی دژوارە. زۆر جار کەوتومەتە بۆسەوە و تا ئێستا هیچم لێ نەهاتووە. لە بەرامبەر ئەم هەموو دژواریەدا، قازانجێکی کەممان دەست دەکەوێ، چونکە بەردەوام پاسدار و عەجەم سەر ڕێگەمان لێدەگرن و پارەیەکی زۆرمان وەک بەرتیل لێ وەردەگرن.'

هەندێک بە 'قاچاغچی' بە ناویان دەکەن و هەندێک کەسیش بە 'کاروانچی'، بەڵام کاتێ سنوورەکان دەرباز دەکەن، مردن دەدەنە بەر چاو. ساڵانە دەیان کاسبکاری سەر سنوور دەکوژرێن و بریندار دەکرێن. نموونەی هەرە دڵتەزێن 'رۆبۆسکی'یە. وەک بڵێی سەرجەم سنوورەکانی باکوور – ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بوونەتە گۆڕستانێکی گەورە. بە پێی زانیارییەکانی ANF لە دەسپێکی ٢٠١٢وە تا ئێستا (نێوەڕاستی ئۆکتۆبر) لانیکەم سی کەس لە سەر ئەو سنوورانە کوژراون.

هەموو سامانی ئەو کاسبکارانە ئەسپ یان هێسترێکە، بێجگە لەمە هیچ شتێک نییە بژیوی ژیانیان دابین بکا. سەرباری ئەمە، ئەسبەکانیشیان دەکەونە بۆسە و دەدرێنە بەر دەسڕێژی گولـلە. ئەو کاسبکارانە هیچ دەرفەتێکی کاریان لە ناوچەکە نییە، ئەگەر کاروانچێتیش بکەن، ئەوا یان لە لایەن چەکدارانی ئێرانەوە دەکوژرێن یان دەخرێنە گرتووخانەکانەوە. بەڵام لە هەمووی سەرنج ڕاکێشتر ئەوەیە کاتێک هێزەکانی ئێران کاسبکارێک دەکوژن یان برینداری دەکەن، پاشان پارەی فیشەکەکان لە بنەماڵەکەی دەستێننەوە. لە باشترین حاڵەتدا، ئەگەر کاسبکارەکان شانسیان هێنا و هیچیان بە سەر نەهات، دەبێ بە بۆسە و گومرکەکاندا تێپەڕبن و ئەو بڕە پارەیەی بەدەستیان هێناوە، بیدەن بە بەرتیل.

'تەنانەت لە خەویشدا دەترسێین'

عومەر ساڵانێکی زۆرە کاروانچێتی دەکا، سەبارەت بە هەڵبژاردنی کاروانچێتی گوتی 'چونکە کار دەست ناکەوێ. لە ڕووی ناچارییەوە کاروانچێتی دەکەم. هەرچەند دەزانین کارێکی مەترسیدارە، بەڵام بە هۆی هەژاری و تەنگدەستیەوە ئەو ڕێگە دژوارەمان گرتۆتە بەر. کاروانەکەمان زۆر جار دەکەوێتە بۆسەی هێزەکانی ئێران، برادەرمان لێ دەکوژرێ، وڵاغەکانمان دەکوژرێن. ڕۆژانە مردن بە چاوی خۆمان دەبینین.'

ئەو لە تەمەنێکی بچووکەوە کاروانچێتی دەکا و کارێکی دیکەی پێ شک نایە تاکوو واز لە کاروانچێتی بێنێ. یەک دوو جار بە سووکی بریندار بووە. دەڵێ 'کاتێک لە ماڵ دوور دەکەوینەوە ترسی ئەوەمان هەیە جارێکی تر نەیەینەوە. ماڵەوەش ترسیان لێ دەنیشێ و تا دەگەڕێینەوە چاوەڕێ دەمێننەوە. تەنانەت لە خەویشدا دەترسێین. بە هاتن و چوونەوە سێ ڕۆژمان پێدەچێ، بەڵام ئەگەر بکەوینە بۆسەوە، ناچارین بگەڕێینە دواوە و زۆرترمان پێدەچێ. جاری وایە یەک دوو هەفتە چاومان بە ماڵەوە ناکەوێتەوە.'

'ژیانمان هیچ گەرەنتیەکی نییە'

کاروانچییەک بە ناوی ڕەحمان کە ڕەشمەی سێ ئەسپی بە دەستەوە بوو، سەبارەت بە ژیانی خۆیان بەمجۆرە دوا 'ژیانمان زۆر سەختە، مناڵەکانم نەخۆشن و پارەی نەخۆشخانەم بۆ دابین ناکرێ. هیچ کارێکی دیکەم دەست ناکەوێ و ناچارم کاروانچێتی بکەم.'

وەک ڕەحمان دەگێڕێتەوە، لە ماوەی دوو مانگدا دەست بە سەر دوو ئەسپیدا گیراوە و براکەشی بریندار بووە. زیاتر گوتی 'ئەگەر ئەسپەکانمان بریندار بن، پەکمان دەکەوێ. دوو سێ مانگ دەبێ چاوەڕێ بین هەتا چاک دەبێتەوە. ئەگەر برینەکەشیان سەخت بێ، ئیدی ناتوانی کار بەو ئەسپە بکەی. ئەگەر دەوڵەتی ئێران بزانێ کاروانچێتی دەکەین، دەمانگرێ و ئەسپەکانیشمان دەکوژێ. بە هۆی کوردبوونمانەوە ژیانمان لە ئێران دوو قات سەختر بووە. کارمان پێنادەن، خوێندەواریمان کەمە و هەموو جموجوڵێکمان لە ژێر چاودێری ئیتلاعات دایە، بۆیەش ژیانمان هیچ گەرەنتیەکی نییە.'

کاروانچییەکی دیکە بە ناوی موستەفا عەبدولڕەحمان کە لە باشووری کوردستانەوە بار دێنێتە سەر سنوور، گوتی 'ئێمە هەمیشە دووری کەس و کارمانین. ژیانمان لەو شاخ و داخە تێپەڕ دەبێ. سەرەڕای ئەوەی کارەکەمان سەختە، بە هۆی ئەو شەڕو نائارامیەی لەو ناوچانە هەیە، سنوورەکان هێندەی تر ترسیان هەیە. لە لایەک تۆپخانەکانی ئێران و لە لایەکی دیکەشەوە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا. هەروەها لەو دیوی سنوور، چەندین پایەگای نوێ دروست کراون، بۆیەش وەک جاران ناتوانین لەو لاوە بار بێنین و لەوێوە بەدەستی بەتاڵ دەگەڕێینەوە.'

لە ساڵی ٢٠١١ دا لانیکەم ١١٤ کەس کوژراون

بە گوێرەی ئامارەکانی ANF لە دەسپێکی ساڵی ٢٠١٢وە لانیکەم سی کەس لە لایەن هیزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون. لە لایەکی دیکەوە، لە نۆ مانگی دوایی ساڵی ٢٠١١-دا زیاتر لە ٨٠ کاسپکارو کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان بە تەقەی هێزە ئەمنیەکانی ئێران و تورکیا کوژراون. هێزەکانی ئێران لە سێ مانگی دوایی ساڵی ٢٠١١-دا ٢٨ کەسی سڤیلیان لە سەر سنوورەکان کوشتووە. ئەوە بێجگە لەو ٣٤ کەسەی ڕۆژی ٢٨ی دێسامبر لە گوندی ڕۆبۆسکی لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیاوە کوژران. بەو ٣٤ کەسەوە، ژمارەی کوژراوەکان دەبێتە ١١٤ کەس.

ساڵی ٢٠١٠، ٦٨ کەس کوژراون

هەر بە پێی ئەو ئامارانەی لە ANF تۆمار کراون، لە ساڵی ٢٠١٠-دا لانیکەم ٦٨ کەس لە سەر سنووری ئێران و تورکیا کوژراون، بە دەیان کەس بریندار بوون و سەدان سەر ئاژەڵ و وڵاغ لە ناوچوون. وێدەچێ ئامارەکە زۆر لەوە زیاتر بێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە ساڵی ٢٠٠٩ لانیکەم ٩٠ کاسبکار و کاروانچی کورد لە سەر ئەو سنوورانە کوژرابوون.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر