۱۳۹۱/۰۸/۲۶

جەلال تاڵەبانی: پەکەکە بە مەبەستی وازهێنان لە چەک هاتە لای من


وتوێژی ڕۆژنامەی میللیەت لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق

 حەسەن جەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
سلێمانی 

سلێمانی لە کوردستانی عێراق دراوسێی ئێرانە و بە پایتەختی سۆران لە قەڵەم دەدرێ. دوای هەولێر، دووهەم شاری گەورەیە. خەڵکی ئەم ناوچەیە بە زاراوەی سۆرانی قسە دەکەن. دوێنێ، دەمەونیوەڕۆ، بەرەو دەباشان سەرکەوتین کە دەڕوانێتە شاری سلێمانی. لە خاڵی لووتکە، بارەگای بە شکۆی جەلال تاڵەبانی لە ناو سەوزاییدا لە دوورەوە خۆ دەنوێنێ.

پەیکەری شێخ مەحموودی بەرزەنجیش کە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی دژ بە ئینگلیزەکان لە ناوچەکەدا شۆڕشی کوردی هەڵگیرساند و شەڕی کرد، لەو سەرەوە سەرنج ڕادەکێشێ…

کاتێک باس لە هەرێمی سۆران لە کوردستانی عێراق دەکرێ، یەکسەر جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی ی.ن.ک کورتکراوەی پارتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە مێشکی مرۆڤ دەگا.

ئەگەر سەرۆکی پدک واتە مەسعوود بارزانی سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کوردستانی عێراقە،  سەرۆکی ی.ن.ک جەلال تاڵەبانیش، سەرۆک کۆماری عێراقە.

یەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ مام جەلال دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢ لە شارۆچکەیەکی بچووکی کوردستانی عێراق بە ناوی شەقڵاوە. هەندێک لە سەر ئەو ڕۆژانە قسەمان کرد، باسی ئەوەمان کرد لەو بیست ساڵەدا چ ڕووی داوە. دیارە پرسیاری جەنگیز چانداری لێکردم، لە زاری منەوە هەواڵێ دوا کتێبەکەی بیست.

وتوێژەکەمان بە ئینگلیزی ئەنجام دا و لە بەشی هەرە زۆری چاوپێکەوتنەکەدا من و ئەو بە تەنیا بووین. نزیکەی سەعات و نیوێکی خایاند.

سەرەتا باسمان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرد.

گوتی ''ناوچەکە هەر بە تەنیا ناسووتێ، بەڵکوو قوڵت قوڵت دەکوڵێ.''

سەبارەت بە بۆردومانی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە بەمجۆرە دوا ''بەڵێ، ئەگەر بە یەک وشە باسی بکەین دەتوانین بڵێین سامناکە.''

''ئەم بەیانیە کۆمەڵێک بانگەشە بڵاو بوونەوە، گۆیا ئیسرائیل دەچێتە نێو غەززە و داگیری دەکا… ئینشاڵا کاری وا شێتانە ناکرێ.''

لە نێو قسەکانماندا پشوویەکی کورتمان دا؛ بە سەرنجەوە گوێی لە هەواڵێکی تەلەڤزیۆن گرت سەبارەت بە بەڕێوەبەرانی نوێی چین.

دەربارەی بۆردومانی ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی سووریاوە گوتی ''جموجوڵێکی زۆر مەترسیدارە.''

 ''هەواڵێکی زۆر ناخۆش''

کاتێک باس لەوە کرا پەیوەندییەکانی سەرۆک وەزیری عێراق نووری مالیکی و دەوڵەتی عێراق لەگەڵ تورکیا بە ئاڕاستەیەکی باشدا ناڕوا، بەمجۆرە کاردانەوەی نیشان دا:

''هەواڵێکی زۆر زۆر ناخۆشە.''

بە کورتی ئەمانەی هێنایە زمان:
''سەرۆک وەزیر نووری مالیکی هاتە سلێمانی، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ تورکیا… گوتم با ئێستا ئەو کێشانەی هەڵگری نێوەڕۆکێکی شەخسین لەگەڵ سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، بخرێنە سوچێکەوە. ئەوەشم ڕوون کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق بێگومان لە پەیوەندی تۆکمە لەگەڵ تورکیا دایە. گوتی باشە و ئامادەیی خۆی لەم پێناوە دەربڕی.. پاشان گوتیان لە ئەنقەرەوە وەزیرێک دێ کە لەوانەیە وەزیری وزە بێ، بەڵام ئەم سەردانە پێکنەهات. لە لایەکی ترەوە بڕیار بوو لێژنەیەک لە پارتی دەعوەی نووری مالیکی بەشداری کۆنگرەی ئاکەپە بێ، بەڵام کە زانرا تارق هاشمی لە کۆنگرەدا قسە دەکا، سەردانەکە پووچەڵ کرایەوە…''

لە وەڵامی پرسیاری چی بکرێ باشە، سەرۆک کۆماری عێراق گوتی:

''پەیوەندی نێوان ئەنقەرە – بەغدا گرنگە. سەرەتا پێویستە ناکۆکییەکان وە لا بنرێن و سەر لە نوێ دیالۆگ هەڵبگیرسێتەوە… دەکرێ وەفدێک لە ئەنقەرەوە بێتە بەغدا، دەکرێ وەزیرێک بێ. پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تورک پێش بخرێ… کەڵکەڵەی من ئەوەیە، پەیوەندییەکانی تورکیا – عێراق بکەوێتە نێو بازنەی پێکدادانەکانی سوننە – شیعەوە… هەن کەسانێک کە دەیانەوێ ئەو کارە بکەن. تورکیا وەک دەوڵەت نابێ بچێتە ناو بازنەی 'سوننە'وە…''

 هاوسەنگی لە ناوچەکە 

دوابەدوای ئەمانە تاڵەبانی سەبارەت بە هاوسەنگیەکانی ناوچەکە ڕایگەیاند:
''دەبێ واقعبین بین. مێژوومان و جوگرافیامان ناتوانین بگۆڕین. نوری مالیکی سەرۆک وەزیری عێراقە و ئەوە وڵات بەڕێوە دەبا. کێشەیەکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە. لە وەها دۆخێکدا، ڕاگرتنی هاوسەنگیەکان دەکەوێتە سەر شانی هەموومان. پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا دەست پێ بکەنەوە، پەیوەندییەکان سەر لە نوێ ڕێگاکانی دیالۆگ هەموار دەکەنەوە…''

لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە شاری سلێمانی، سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، بە مەبەستی بوژاندنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – بەغدا، داوای ناوبژیوانی لە ئێران کردوە و پێشوازیەکی ئەرێنی لێکراوە…

ئەوەی ئاشکرایە:
ڕەوتی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەردۆغان – مالیکی لەوانەیە زیاتر درێژە بخایەنێ، بەڵام لە بەرامبەردا، بۆی هەیە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی تورک – عێراق ئەو ماوەیەی گەرەک نەبێ. جەلال تاڵەبانی گوتی لەگەڵ ئەم بەدواداچوونانەی مندا کۆکە.

پەکەکە و سەردانی بەغدا 

یاداشتێک:
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە هەولێر و سلێمانی دەستم کەوتووە، ماوەیەک لەمەوپێش دوو نوێنەری پەکەکە سەردانی بەغدایان کردوە. ئامانجیان ئەوە بووە چاویان بە سەرۆک وەزیر مالیکی بکەوێ.

ئەم چاوپێکەوتنە پێکنەهاتووە.

بەڵام وەزیرێک پێشوازی لەو نوێنەرانەی پەکەکە کردوە…

وەک بیستوومە لە بەغدا مالیکی ئاگادار کراوەتەوە کە ''ئەگەر دەتەوێ پەیوەندییەکانی تورکیا – عێراق لاواز بکەی، دەتوانی لەگەڵ نوێنەرانی پەکەکە چاوپێکەوتن ئەنجام بدەی.''

کێ ئاگاداری کردۆتەوە؟
نازانم.

سەرۆک کۆمار تاڵەبانی، ئاماژەی بەوە کرد پەیوەندی دۆستانە لە نێوان عێراق و تورکیا، لە بەرژەوەندی هەر دوو وڵات دایە.

 دیالۆگی پەکەکە
بەشی هەرە زۆری قسەکانمان لەگەڵ تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ گفتوگۆ لە سەر تەیب ئەردۆغان، کێشەی پەکەکە و کورد تەرخان کرد. بەشێکی قسەکانمان، بەو مەرجە بوو کە یاداشتی نەکەین، لەو نێوانەدا تاڵەبانی ئەم زانیارییانەی درکاند:

''مانگی سێپتامبری ساڵی ڕابردوو، لە جەنگەی کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چاومان بە تەیب ئەردۆغان کەوت. پێم گوت:

پەکەکە هاتۆتە لای من. گوتویەتی ئامادەین واز لە چەک بێنین، (کە ئەم قسەیەی کرد، لە من نزیک بۆوە، گوتی باسی وازهێنان لە چەک دەکەم، نەک ئاگربەست). بۆ ئەم مەبەستە دوو مەرجیان هەبوو. یەکەم لێبوردنێکی گشتی و دووهەم سەر لە نوێ پێناسە کردنەوەی هاووڵاتی بوون لە دەستووری بنەڕەتی و دەرهاویشتنی دەستەواژەی تورک…

ئەردۆغان گوتی لێبوردنی گشتی ئاسان نییە، ڕای گشتی بۆ ئەم مەبەستە حازر نییە. هەروەها تەئکیدی لە سەر خاڵێک کردەوە. ئاماژەی بەوە کرد خۆی بە نەتەوەپەرست نازانێ و موسڵمانە. گوتیشی 'هەموو کەسێ برامە'.

منیش ئەو کات حەزرەتی محەممەدم بە نموونە هێنایەوە. باسی ئەوەم کرد چۆن پێغەمبەر ئەو سەردەمە کە مەککەی داگیر کردوە، هەموو کەسێکی ئازاد کردوە… ئەگەر لێبوردنی گشتی ڕانەگەیەنرێ، ئەوانەی لە شاخ دێنە خوار، بچنە کوێ، لێم پرسی ئایا دەبێ بچنە گرتووخانەکان و پێم گوت ئەمە واقعبینانە نییە.''

 ''مەگەر ئۆجەلان بتوانێ'' 

جەلال تاڵەبانی، هەروەک مەسعوود بارزانی هەمان بانگەوازی ئاڕاستەی پەکەکە کرد:
''قۆناغی خەباتی چەکداری بە سەر چووە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە لە چیاکان بێنە خوار. گیڤارا و هۆ شی مینەکان، لە مێژە بوونەتە دیرۆک.''

دوای ئەم قسانە، تاڵەبانی ڕستەیەکی تری هێنایە زمان:
''هەموو جارێ ئەمانە بە پەکەکە دەڵێم، بەڵام هێشتا قایل نەبوون.''

تاڵەبانی سەرنجی بۆ سەر ئەوە ڕاکێشا کە پێویستە سەر لە نوێ دەرگاکانی دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە بکرێنەوە و گوتی:
''تەنیا مرۆڤێک دەتوانێ دەرگای دیالۆگ بکاتەوە، ئۆجەلان… تەنیا ئەو پیاوەی ناو گرتووخانە، دەتوانێ کەسانی شاخ بێنێتە خوارەوە.''

نەخشە ڕێ…

جەلال تاڵەبانی، بۆ پێڤاژۆی دابەزین لە شاخ، بە کورتی نەخشەڕێیەکی بەمجۆرەی وێنا کرد:

(١) هەلومەرجی ژیانی ئۆجەلان لە زیندان باشتر بکرێ… (لەم چوارچێوەیەدا، دەڵێ هەنگاوی یەکەم باش کردنی ڕەوشی گرتووخانە، هەنگاوی دووهەم زیندانی لە ماڵەوە و سێهەمیش لێبوردن بێ.)
(٢) ئاگربەستێکی ڕاستەقینە..
(٣) دەرکەوتنی میلیتانەکانی پەکەکە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا..
(٤) سەر لە نوێ پێناسەکردنەوەی دەستەواژەی هاووڵاتی..
(٥) لێبوردنی گشتی…
بە کورتی ئەمەیە نەخشە ڕێی تاڵەبانی.

 ''پێویستە لە دەرگا بدرێ''

لە دوا بڕگەی قسەکانمان، جارێکی تر هاتینەوە سەر ناوچەکە و پەیوەندییەکانی تورکیا – کوردستانی عێراق.

''نامەوێ درێژەدادڕی بکەم. لەگەڵ بارزانی پرەنسیپێکمان هەیە. بێ ئەملاو ئەولا دەمانەوێ باشترین پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بەرقەرار بکەین.''

لەم نێوانەدا، بێ ئەوەی بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد 'هەندێک وڵات ئەم پەیوەندییانەیان بە دڵ نییە'، بەڵام نەیویست ئەمە ڕاشکاوانە بنووسرێ، بە تایبەتی داوای کرد ناوی ئەو وڵاتەی گەورەیەی وەک نموونە ئاماژەی پێ کردووە، شاراوە بمێنێتەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق سەبارەت بە سەقامگیری لە ناوچەکە، بە کورتی بەمجۆرە دوا:

''ئەگەر بێیتە سەر مەسەلەی ئاشتی و تەناهی لە ناوچەکە، چارەیەکمان نییە جگە لەوەی هەم دەرگای واشنگتۆن بکوتین و هەمیش دەرگای مۆسکۆ. بۆ نموونە تەنیا ئەمریکا دەتوانێ دەوڵەتی ئیسرائیل لە مەڕ ئێران، ئەهوەن بکاتەوە. ناچارین بچینە مۆسکۆ، چونکە ڕوسیاش لەگەڵ تاران، بەغدا و شام پەیوەندی دۆستانەی هەیە. ڕووسیا دەڵێ: نامانەوێ ئەسەد بپارێزین، بەڵام دژی ئەوەین ئەمریکا لە هەموو شوێنێ هێژمۆنی هەبێ. لەم نێوانەدا، ڕووسیا نیگەرانی جموجوڵی ئیسلامی ڕادیکاڵە لە ناوچەکە.''

 پەیام سەبارەت کێشەی کورد بۆ ئەردۆغان..
لە وتوێژەکەماندا، جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری ی.ن.ک، لە ڕێگەی ڕۆژنامەی میللیەتەوە ئەم پەیامەی ئاڕاستەی ئەردۆغان کرد:

''برام ئەردۆغان؛
پرسی کورد چارەسەر بکە و ئاشتی بۆ شاخەکان بەرە. سەردەم ئیتر هی شاخەکان نییە، کاتی هەڵبژێردران بە زۆرینەی دەنگی گەل و سیاسەت کردنە لە ژێر چەتری پەرلەمان.
برای هێژام؛
چارەسەری کێشەی کورد، ئاشتی و ئارامی بۆ تورکیا و ناوچەکە دەهێنێ و دەبێتە هۆی ئەوەی لە سەر سندووقەکان دەنگدان، دەنگێکی زۆرتر بە دەست بێنی.''

 ''تورکیا سووریای باش نەخوێندەوە''

سەرۆک کۆماری عێراق تاڵەبانی، بە گشتی سیاسەتەکانی تورکیا سەبارەت بە سووریای بەم شێوەیە هەڵسەنگاند:

''تورکیا بە باشی نەیتوانی ئاڵوگۆڕەکانی سووریا بخوێنێتەوە. سەرەتا پێی وابوو هەموو شتێک زۆر ئاسانە و بەشار ئەسەد یەکسەر دەڕوا. پاشان بینی بەمجۆرە نییە.

عەلەوییەکان نایانەوێ واز لە دەسەڵات بێنن، بە بەعسەوە قفڵ دراون.

مەسیحیەکانیش لە ئیخەوان موسلمین دەترسێن. سەبارەت بەمە لە سووریا ڕستەیەک بڵاو بۆتەوە، دەڵێن 'عەلەوییەکان بۆ تابووت و مەسیحیەکان بۆ بەیرووت'.

دورزییەکان بوونەتە دوو بەش…

هەرچی کوردەکانی سووریاشن.. هێشتا لێژنەی نیشتیمانی کورد نەچۆتە ناو ڕیزەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی سووریاوە. پەیەدە کە شوێنە بەرچاوەکانی کوردستانی سووریای خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، لە تورکیا دەترسێ.

عەرەبی سوننە، دەیانەوێ ئەسەد بڕوا، بەڵام بوڕژوای سوننە لە شام و حەلەب بە تەواوی بڕیاری خۆیان نەداوە.

لەم حاڵەتەدا، ڕژێمی ئەسەد هەم وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵ ناکا و هەم وێدەچێ وا سووک و ئاسانیش نەڕوا.''

تاڵەبانی ئەمەشی بە قسەکانیەوە زیاد کرد:

''دۆستانمان لە ئەنقەرە نەیانتوانی ئەم تابڵۆیە ببینن، هەموو لایەنەکانی وێنەکەیان نەبینی.''

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر