۱۳۹۴/۰۹/۱۱

دەفتەری گەورەی ئاگۆتا کریستۆف هەستێکی سارد و دڕندانەی لە ناخمدا زیندووکردەوە


سلاڤۆی ژیژەک
لە ئینگلیزییەوە: سەیوان محەمەد

کتێبێک هەیە کە لە ڕێگەیەوە ئەوەم دۆزییەوە کە بە ڕاستی دەمەوێت چ جۆرە کەسێک بم: "دەفتەری گەورە"، یەکەم بەرگی تریلۆژییەکەی ئاگۆتا کریستۆف کە دواتر هەردوو بەرگەکەی تری "بەڵگە" و "سێهەم درۆ"ی بەدوادا هات. کاتێک گوێم لێ بوو کەسێک باسی ئاگۆتا کریستۆفی دەکرد وامزانی مەبەستی ئاگاتا کریستییە و بە هەڵە و بە شێوازی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی ناوەکەی دەڵێت، بەڵام هەر زوو بۆم دەرکەوت کە ئاگۆتا نەک هەر ئاگاتا نییە، بەڵکو دونیای ئاگۆتا زۆر ترسناکترە لە دونیای ئاگاتا.
دەفتەری گەورە چیرۆکی دوانەیەکە کە لەگەڵ داپیرەیاندا لە شارۆچکەیەکی بچووکی هەنگاریا دەژین، لە ماوەی دوایین ساڵەکانی جەنگی جیهانی دووەم و ساڵانی سەرەتای سەردەمی کۆمۆنیزمدا. دوانەکە بە تەواوی نائەخلاقین –درۆ دەکەن، باج وەردەگرن، دەکوژن– لەگەڵ ئەوەشدا نموونەی سادەیی ئەخلاقیی ڕەسەنن لە پاکترین دۆخیدا. ڕەنگە یەک دوو نموونە بەس بێت. ڕۆژێک لە دارستان چاویان بە ڕاکردوویەک دەکەوێت و هەندێک شتی بۆ دەهێنن کە داوای لێ کردبوون.
"کە بە خواردەمەنی و بە بەتانییەوە دەگەڕێینەوە، ئەو دەڵێ: ئێوە زۆر چاکن.
ئێمە دەڵێین: نامانەوێ چاک بین. ئێمە ئەو شتانەمان بۆ هێناون چونکە بە ڕاستی پێویستیتان پێیان هەیە. ئەوەندە و بەس."* 
ئەگەر تەنیا هەڵوێستێکی ئەخلاقی مەسیحی هەبووایە ئەوا ئەمە دەبوو: گرنگ نییە داواکارییەکانی دراوسێکەیان چەند نامۆ بێت، دوانەکە هەوڵدەدەن بۆی جێبەجێ بکەن. شەوێک خۆیان لە جێخەوی ئەفسەرێکی ئەڵمانیدا دەبیننەوە کە هاوڕەگەزبازێکی ماسۆشییە. بەیانی زوو کە بەئاگادێنەوە دەیانەوێت هەستن، بەڵام ئەفسەرەکە دەیانهێڵێتەوە:
"- مەبزوون. زیاتر بنوون.
- دەبێ میز بکەین. دەبێ بچینە دەرێ.
- مەچنە دەرێ. لێرە بمیزن.
دەپرسین: لە کوێ؟
دەڵێ: بەسەر مندا. ئا. مەترسن. بمیزن! بەسەر دەموچاومدا.
ئێمە میزی پێدا دەکەین، پاشان دەچینە نێو باخچەکەوە، چونکە جێگەکە تەڕ تەڕ بووە."
ئەگەر کارێکی ڕاستەقینەی خۆشەویستی هەبێت ئەوا ئەمەیە! نزیکترین هاوڕێی دوانەکە، خزمەتکاری ماڵی قەشەیەکە، ژنێکی گەنجی لەشولار گۆشتنی هەوەسباز، کە دەیانشوات گەمەی ئیرۆتیکییان لەگەڵدا دەکات. پاشان، ئەو کاتەی کاروانی جووە برسیکراوەکان، لە ڕێگەیاندا بۆ کامپی قڕکردن، بە شارۆچکەکەدا دەبرێن، شتێک ڕوودەدات:
"ڕێک لەبەردەم ئێمە، دەستێکی لەڕ و لاواز لە نێو ئاپۆڕاکە دێتە دەر، دەستێکی پیس و درێژ، دەنگێک دەڵێ: نان.
قەرەواش، دەم بە بزە، وا نیشان دەدا کە دەیەوێ پاشماوەی نان و کەرەکەی بداتێ؛ لە دەستە درێژکراوەکە نزیک دەبێتەوە، پاشان قاقا پێدەکەنێ، قەپاڵ لە لەتە نانەکەی دەداتەوە و بە تانەوە دەڵێ: ئەمنیش وەک تۆ برسیمە."
کوڕەکان بڕیار دەدەن سزای بدەن: هەندێک تەقەمەنی دەخەنە ناو سۆپای مەتبەخەکەیەوە بۆیە کە لە بەیانیدا ئاگری دەدات، دەتەقێتەوە و ڕوخساری دەشێوێنێت. لەگەڵ ئەم دێڕانەدا ئاسانە بۆم بیر لە دۆخێک بکەمەوە کە تێیدا ئامادەبم، بەبێ هیچ دڵەڕاوکێیەکی ئەخلاقی، کەسێک بکوژم، تەنانەت گەر ئەوەش بزانم کە ئەو کەسە ڕاستەوخۆ هیچ کەسێکی نەکوشتووە. کاتی خوێندنەوەی چەند ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەشکەنجە لە رژێمە سەربازییەکانی ئەمەریکای لاتیندا، ئەوەی بە تایبەتی بەلامەوە قێزەوەن بوو وێنەی پزیشکێک بوو کە یارمەتی ئەشکەنجەدەرەکانی داوە کارەکەیان بەوپەڕی لێزانییەوە ئەنجام بدەن: پزیشکەکە قوربانییەکەی دەپشکنی و چاودێری پرۆسەکەی دەکرد، بە ئەشکەنجەدەرەکانی دەگوت کە قوربانییەکە تا چ ڕادەیەک توانای بەرگەگرتنی هەیە، چ جۆرە ئەشکەنجەیەک گەورەترین ئازاری تەحەمولنەکراو دروست دەکات، هتد. دەبێت ددان بەوەدا بنێم کە ئەگەر من ڕووبەڕووی وەها کەسێک ببمەوە و بزانم کە ئەگەرێکی کەم هەیە تا بتوانم بە عەدالەتی بگەیێنم، هەلی ئەوەشم پێ بدرێت بە نهێنی بیکوژم، زۆر بە سانایی ئەوە دەکەم، بە کەمترین پەشیمانییەوە لەوەی کە عەدالەت بە دەستی خۆم وەردەگرم.
ئەوەی لەم دۆخانەدا گرنگە خۆلادانە لەو فریوەی شەڕانگێزی کە وامان لێدەکات ئەشکەنجەدەران تا ڕادەی سنووربەزێنە شەیتانییەکان بەرز بکەینەوە کە هێزی ئەوەیان هەیە بایەخە ئەخلاقییە بچووکەکانی ئێمە ببەزێنن و بە ئازادی ڕەفتار بکەن. ئەشکەنجەدەران لە سەروو چاکە و خراپەوە نین، بەڵکو لە خوارەوەیدان. ئەوان، پاڵەوانئاسا، کۆدە ئەخلاقییە هاوبەشەکانمان نابەزێنن، بەڵکو زۆر بە سادەیی لێی بێبەشن.
دوو براکە هەروەها باج لە قەشەکەش وەردەگرن: هەڕەشەی ئەوەی لێدەکەن بە هەموو کەسێک بڵێن کە چۆن دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر لێوکەتە، کچێک کە یارمەتیی دەوێت تا پێی بژی، داوای بڕە پارەیەکی هەفتانە لە قەشە دەکەن. قەشە شۆک بووەکە لێیان دەپرسێت:
"ئەوە کەڵەگاییە. ئاخۆ دەزانن ئێستا ئێوە خەریکی چین؟
- بەڵێ، بەڕێز. خەریکی باج وەرگرتنین.
- لە تەمەنی ئێوەدا... کارەساتە.
- بەڵێ، کارەساتە کە ئێمە ناچارین بێینەوە ئێرە. بەڵام لێوکەتە و دایکی تابڵێی پێویستیان بە پارەیە."
لەم باج وەرگرتنەدا هیچ شتێکی شەخسی نییە: تەنانەت دواتر دەبنە هاوڕێ نزیکی قەشەکە. کاتێک لێوکەتە و دایکی دەتوانن خۆیان بژیێنن، چیتر دوو براکەش پارەی قەشەکە وەرناگرن.
"هەڵیگرنەوە. ئێوە بەگوێرەی پێویست پارەتان دا. ئێمە ئەو کاتانە پارەمان لێ وەرگرتن کە بە ڕاستی پێویست بوو. ئێمە ئێستا بەو ڕادەیە پارەمان دەست دەکەوێ کە بیدەین بە لێوکەتەش. ئێمە هەروەها فێرمان کردووە کار بکا."
خزمەتکردنە بێمنەتەکانیان بۆ کەسانی تر تا ڕادەی کوشتنیش دەڕوات، ئەگەر داوایان لێ بکرێت: کاتێک داپیرەیان داوایان لێدەکات ژەهر بکەنە کوپە شیرەکەیەوە، ئەوان دەڵێن:
"چیتر مەگری دایەگەورە. هەروا دەکەین؛ ئەگەر بە ڕاستی پێتان خۆش بێ، ئەو کارە دەکەین."
هەڵوێستێکی وەها خودی، هەرچەندە سادەش بێت، بە هیچ جۆرێک ڕێگری ناکات لە خۆبەدوورگرتنێکی دڕندانەی خوێن سارد. ڕۆژێک دوانەکە جلی دڕاو لەبەر دەکەن و دەڕۆن بۆ سواڵکردن. ئەو ژنانەی تێدەپەڕن سێو و پسکیتیان پێدەدەن و یەکێکیان تەنانەت دەستی لاواندنەوەش بە سەریاندا دەهێنێت. ژنێکی تر بانگیان دەکات بۆ ماڵەکەی بۆ ئەوەی کاری بۆ بکەن و لە بەرامبەردا خواردنیان دەداتێ.
"ئێمە وەڵام دەدەینەوە: نامانەوێ کار بۆ ئێوە بکەین خانم. ئێمە پێمان خۆش نییە نە سوپی ئێوە بخۆین و نە نانەکەتان. ئێمە برسیمان نییە.
ئەو دەڵێ: ئەی بۆچی سواڵ دەکەن ئەگەر وابێ؟
- دەمانەوێ بزانین چ هەوڵ و کۆششێکی پێویستە و کاردانەوەی خەڵکی لە بەرامبەریدا چۆنە.
بەدەم ڕۆیشتنەوە هاوار دەکا: منداڵی چڵکن و سەرزل! هیچ و پووچینە بۆ خۆتان و بۆ کارتان!
لە گەڕانەوەدا، سێوەکان، غوڕابی، شۆکۆلات و پارەکە فڕێ دەدەینە نێو گژوگیای قەراخ جادە.
مەحاڵە لاواندنەوەی دەستی ئەو ژنە لەسەر قژمان فڕێ بدەین."
من لێرەدا دەوەستم، پێمخۆشە وەها بم: دڕندەیەکی ئەخلاقیی بێبەزەیی، هەر شتێکم ویست ئەنجامی بدەم بە ڕێکەوتێکی سەیری عەفەوییەتێکی کوێرانە و خۆبەدوورگرتنەوە، یارمەتی ئەوانی تر بدەم لە کاتێکدا خۆم لە نزیکییە قێزەونەکەیان بە دووربگرم. ئەگەر خەڵکی وەها زیاتر هەبووایەن، جیهان دەبوو بە شوێنێکی خۆش کە تێیدا هەستێکی ساردی دڕندانە جێی بەسۆزیی دەگرتەوە.

http://www.theguardian.com/commentisfree/2013/aug/12/agota-kristof-the-notebook-slavoj-zizek
________
*  ئەو نموونانەی دەقەکە لە وتارەکەدا هاتوون، لە وەرگێڕانی کوردییەکەوە وەرگیراون. (دەفتەری گەورە، ئاگۆتا کریستۆف، لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی. چاپەمەنی مانگ، بانە، ٢٠١٤)

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر