۱۳۹۴/۰۹/۱۴

رۆز



ئانی سۆومۆن
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

بەڵێ، ناوی ڕۆزە. بەردەوام کراسێکی پەمەیی لە بەرە. کە کراسەکەی پیس دەبێ، پانتۆڵی جین لە پێ دەکا. من هەم بە پانتۆڵی جین و هەم بە کراسی پەمەییەوە خۆشم گەرەکە.
ڕۆزا ڕۆزا ڕۆزام، من لە لاتینیدا خورت نیم و کە وشەکان دێنمە سەر زمان وە هەناسەبڕكێ دەکەوم، نەخۆشی ئاسمم هەیە. ڕۆز و من دەمێکە یەکتری دەناسین. هەمیشە یەکترمان ناسیووە. هەر لە با‌غچەی مناڵانەوە خۆشم ویستووە. لە خۆم دەپرسم بۆچی خۆشم دەوێ و هیچم پێ ناکرێ. ئەو هێندە جوان نییە، لووتی قوڵە و تیژە و چاوەکانی وەک خەڵکی تر قاوەیین. جار جارە هەڵدەچێ. جاران ئەو کاتانەی قامکی خۆی دەمژی، منی تووڕە دەکرد. ئێستا چیتر قامکی نامژێ. مەگەر تەنیا ئەو کاتانەی خەریکی جەدوەلی زەربە. دیارە من یارمەتی دەدەم.
من بۆ هەموو شتێک یارمەتی دەدەم. لە بازاڕ قەڕتاڵەکەی دایکی هەڵدەگرم. گۆشەی پارچەکان دەگرم و ڕایاندەکێشم. کارتەکانی ساڵی نوێی بۆ دەنووسم. هەموو پسوولە و نامە ناخۆشەکانی واژۆ دەکەم. لەگەڵی دەچمە پێشانگا و لەسەر حیسابی خۆم، پاکەتێک فریتی بۆ دەکڕم. ئەو بەردەوام سوپاسم دەکا.
دەمەوێ ڕایمووسم. ساڵیادەکان دەهێڵی ماچی بکەم. هەروەها جەژنی نۆئێل. بەڵام دەڵێ ئەمە هیچ ناگەیەنێ چونکە ئەو ڕۆژێک لەگەڵ ژۆرژیۆ زەماوەند دەکا. برا گەورەکەی.
پێی دەڵێم کەس لەگەڵ براکەی زەماوەند ناکا، قەدەغەیە و لە یاسادا نووسراوە، ئەو شانەکانی هەڵدەتەکێنێ. پێی دەڵێم قەی ناکا، ڕۆژێ دێ بۆچوونەکەت دەگۆڕی. ئەو دەڵێ تۆ پێت وایە، بە ڕاستی تۆ بڕوا بەمە دەکەی؟ لەوە زیاتر پێداگری ناکەم و لەوە زیاتر لە سەری ناڕوا. ژۆرژیۆ لەنێو کۆڕی هاوڕێکانیدا، بە ئاماژەی دەستە گەورە گریساوییەکەی سەرنج بۆ من و ئەو ڕادەکێشێ، ئەوەش ڕۆز و خۆشەویستەکەی. ژۆرژیۆ دەزانێ. دەزانێ کە ئەو خۆشەویستیی نییە. دەزانێ ناتوانێ ئاشقانە ڕۆزی خۆش بوێ. دەزانێ من ئاشقی ڕۆزم. 
چوارشەممانە جێی ناهێڵم. سەر بە دارستاندا دەکەین. بێجگە لەو کاتانەی تەنگەنەفەس دەبم و پێویستیم بە بۆری و ئۆکسیژێن دەبێ. کە دەگەمێ، پێم دەڵێ ساغ و سڵامەتی؟ ئێمە دوو بە دوو شەیتانۆکەکانی نێو قووڵکە کۆ دەکەینەوە و ڕیزیان دەکەین، کارگ دەچنین و دەیانخەینە نێو ساکێکەوە و کە لە نێو ئاویشدا دەکوڵێن، بابم دەڵێ، توخوا ئەوەش کارە، ئەی ئەگەر ژاراوی بن؟ بۆی هەیە بمری ئەگەر قامکەکانت لێستبێتەوە. ڕۆز دەستەکانی بە ئاوی کانی دەشوا. من دەستی دەگرم کە دەیەوێ قامکی بەرەو زاری بەرێ و دەقیژێنم، ڕاوەستە، دەقەیەک، ‌هێشتا چڵک لە ژێر نینۆکەکانتدا ماوە. بەڵام نینۆکی بەو شێوەیە نەهاتووە و خوراون. 
رۆژێکی ترە و ئێمە لەنێو گژوگیای لەوەڕگە داین، ڕۆز، داوێنی کراسە پەمەییەکەی تا سەر چۆک هەڵدەداتەوە، چونکە پێی وایە مێروولەیەک بەرەو زگی هەڵکشاوە و قەنەقدیلکەی دەدا. سەیری دەکەم، هیچ نابینم. تەنیا ڕانە پەمەییەکەی دەبینم لە گەڵ نیشانەیەکی قاوەیی، خاڵە. ئەو دەڵێ، خێلی چی، دەڵێ زۆر باش هەست دەکا کە دەجوڵێتەوە. دەڵێ ژۆرژیۆ دەتوانێ بیگرێ.
ژۆرژیۆ پیاوێکی بە تەواو مانایە، لە گەراج کار دەکا. سەراپای گیانی ڕۆناوییە. ئەمە هێندەی کارگ(ی ژاراوی) مەترسیدار نییە، بەڵام ئەو نایەوێ کراسەکە پیس بکا. کاتێک دەست و پەلی دەشوا و کە ڕۆز دوورە، ئەم وە جم و جوڵ دەکەوێ و حەجمینی نامێنێ، شەیتان کەوتۆتە پێستی ئەم کچەوە. مێروولەکەی سەر زگی، خۆی پێوە دەنووسێنێ، پاشان لاواز دەبێ، ورەی نامێنێ، دەکەوێتە سەر عەرزی و ڕا دەکا، مێروولەیەک ئەگەر لە بەرزاییەکی سەد قات لە خۆی زیاتر ڕا بکەوێ، پشتی ناشکێ. ئەگەر هەزار قات لە خۆیشی بەرزتر بێ، هەروا. مێروولەیەک ئەگەر بە زۆر خۆی بخزێنێتە ژێر جیری شۆرتی تەنکی کچانەوە و دواجار خۆی تێ ئاخنیبێ، بە بیرەوەرییەکی خۆش لەو سەفەرە دەگەڕێتەوە شارە مێروولەکەی. 
ڕۆزم خۆش دەوێ. لەگەڵ گەورەبوونا، تا دێ ئەستەمتر دەبێ. دایکم دەڵێ تۆ ناتوانی پشووی هاوینت بە پاڵ لێدانەوە تێپەڕێنی، بە مامۆستاکەشت بڵێ بزانە وایە یان نا. لانیکەم چاو بە قامووسەکەتدا بگێڕە، وشەکان بە کەڵکت دێن. ڕۆز، ڕۆزۆ، ڕۆزێلێ، خوێندنەوە باشترە، ڕۆزێت، ڕۆزیێ، ڕۆزیر، لە ئیشی قۆڕ. 
ئێمە ئیشی قۆڕ ناکەین، بۆ خۆمان دەگەڕێین. من و ڕۆز بە نێو لەوەڕگەکاندا. جار جارە هەوڵ دەدەم دەستی بگرم. سەرەتا دەهێڵی دەستی بگرم، پاشان لە ناکاو دەڵێ، مەکە، دەستم زۆر توند دەگوشی، قامکەکانم ورد دەکەی. ئەو باس لەوە دەکا، کاتێک ژۆرژیۆ داوا بکا دەستمی پێ بدەم، ڕووخساری بێنە بەر چاو، ئەگەر بێت و یەک دوو قامکم کەم بێ. 

چیرۆکەکەمان بۆی هەیە بە چەندین شێوە کۆتایی بێ. دەکرێ پەمەیی بێ یاخود ڕەش.
پەمەیی: ئەوروپا و یۆرۆ، تێ دەچەقن، وڵاتەکان چیتر پێکەوە هەڵناکەن، شەڕە، ژۆرژیۆ دەچێ بۆ بەرەکانی جەنگ. لەوێ، چ برا بێ یان نا، چ فیتەرێکی باش بێ یان خراپ، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕدرێ، دەکوژرێ. من ڕزگارم بووە. لەبەر نەخۆشی ئاسم. دڵی ڕۆز دەدەمەوە. ژۆرژیۆ، گۆڕێکی جوانی بۆ هەڵدەکەنین. چەپکێک گوڵی نێرگیز لەسەر گڵکۆکەی دادەنێین، ئەمە دەبێ بێ وێنە بێ.
دەنا ڕەش. وەک جاران چۆن چیرۆکەکان کۆتاییان پێ دەهات. لە دێهاتەکان ئاشتی سەقامگیرە. بۆمان دەردەکەوێ ژۆرژیۆ بە مناڵی دۆزراوەتەوە. کوڕە پاشایەک. پەری کۆرپەکەی دەبا. جا شا شەق لە تاج و تەختی خۆی هەڵدەدا و بە هانای کوڕە خۆشەویستەکەیەوە دەچێ. ئەو پەرییە خراپەی مناڵەکەی لێ دزیوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەر کاروبارەکانی خۆی. کوڕەکە بڕیار دەدا لەگەڵ کچە شوانکارەیەک زەماوەند بکا، ڕۆزی بچکۆلانە. شا ڕاوێژکارەکانی کۆ دەکاتەوە و ڕۆز دەکا بە کچە نەجیب زادەیەک و ناوی لێ دەنێ بانوو ڕۆز. ڕۆز و ژۆرژیۆ پێکەوە زەماوەند دەکەن، مناڵیان دەبێ و بەڕێیان دەکەن بۆ مەکتەب بۆ ئەوەی ژیانێکی سادەیان هەبێ. ئەوان تا کۆتایی بەختەوەرانە پێکەوە دەژین. 
نەخێر. بۆ هەمیشە نا. ماوەیەکی زۆر ناخایەنێ. من گەورە دەبم. تفەنگێک دەکڕم. 

ئانی سۆومۆن، ژنەنووسەر و وەرگێڕی فەرەنسی ساڵێ ١٩٢٧، لە شاری شێربوورگ لەدایک بووە و ئێستا لە پاریس دەژی. چەندین ڕۆمان و زیاتر لە بیست کۆمەڵە چیرۆکی چاپ و بڵاو کردۆتەوە. ناوبراو، چەندین خەڵاتی ناسراوی فەڕەنسای پێ بەخشراوە. بۆ نموونە، ساڵی ١٩٨١، خەڵاتی گۆنکوور بۆ کورتە چیرۆکی وەرگرتووە. بەرهەمەکانی بە زۆر زمان وەرگێڕدراون.

ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٢٢٣)ی گۆڤاری ڕاماندا بڵاو بۆتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر