۱۳۹۴/۰۹/۱۵

دوایین وتوێژی عەبدوڵڵا ئۆجەلان


کریس کۆچێرا
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
سەرەتاکانی مانگی ژانوییە، کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم وتوێژە تایبەتییەی لە ڕۆما دەدایەوە، هێشتا نەیدەزانی دەبێ چ بکا: ئەو دەیگوت لە ئیتالیا دەمێنێتەوە، بەڵام دوای ئەم قسەیە یەکسەر باسی ئەوەی کرد کە لە وڵاتێکی تر دەگەڕێ بۆ ئەوەی میوانداری بکا… ڕاست وای لێهات: وتوێژە دوور و درێژەکەی بۆ ماوەی نیو سەعاتێک ڕاگرت، ڕۆیشتە ژوورێکی تەنیشت و لەگەڵ هاوکارە نزیکەکانی خەریکی ئامادەکردنی بەیاننامەیەک بوو کە تیایدا نیازی خۆی بۆ مانەوە لە ئیتالیا دەربڕیبوو. دەمەوئێوارە، تەلەفۆنی بۆ یەکێک لەو کەسانە کرد کە بەیانی ئەو ڕۆژە سەردانی کردبوو و پێی ڕاگەیاند کە بە نیازە لە ڕۆما بمێنێتەوە، ئەو کەسە دکتۆر مەحموود عوسمان، "وەزیری پێشووتری کاروباری دەرەوەی" ژەنەڕاڵ بارزانی بوو کە ئەمڕۆکە یەكێکە لەو سیاسەتمەدارە دەگمەنە سەربەخۆیانەی کوردە کە هەموو لایەک ڕێزی لێدەگرن. بەیانی ڕۆژی دواتر، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشی بە بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکەی دوێنێی گرت… ئەو داوای لە هاوکارانی کرد بە پەلە وڵاتێکی تر بدۆزنەوە کە ئامادە بێ وەریبگرێ. ڕۆژی ١١ی ژانوییە، ئولتیماتۆمێکی ٤٨ سەعاتەی دا بە هاوڕێیانی تاکوو ڕێگەچارەیەکی گونجاو بدۆزنەوە.

پەنابردنە بەر "دۆزەخی بچووک"

چ ڕووی دا؟ ئەو هەلومەرجەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تیایدا دەژیا، تا دوا ڕادە ئەستەم و دژوار بوو: ئەو پیاوەی لە ساڵی ١٩٨٤ەوە خەباتی چەکداری کوردانی لە تورکیا ڕێبەرایەتی کردبوو، ئەو پیاوەی تورکیا هەموو کون و کەلەبەرێکی بە دوودا دەگەڕا، لە شارۆچکەیەکی بچووک بە نێوی ئینفێرێنتۆ - دۆزەخی بچووک - لە دەوروبەری ئۆستی لە نزیک ڕۆم پەنابەر بوو. ئەو گەڕەکەی تیایدا دەژیا لە لایەن پیاوانی کۆماندۆی DICOS، دەزگای هەواڵگری ئیتالییەوە چاودێری دەکرا. ئەم مەئموورە سڤیلانە، ڕەشاش بە دەست، دەمانچە لە نێو قەددا، چەقۆ بە ڕانەوە، بە بڵووز و چاویلکەی ڕەشەوە، نزیک لە ماڵی ئەو سەرکردە کوردە، شوێنەکەیان دەپاراست. ئەو مەئموورانە کە لە ڕامبۆ دەچوون، ڕامبۆگەلی زۆر تایبەت و هەموویان ئیتالیایی، لە باغچەی ڤیلا پاسەوانیان دەدا، لە نێو ماڵەکەدا و لە هەموو شوێنێ بەدی دەکران.
ئەوان بە کردەوە نهۆمی خوارەوەیان بە تەواوی داگیر کردبوو، بە کامپیۆتێرەکانیانەوە، بە فاکس، باتری تەلەفۆن و هاموشۆی بەردەوامیان. ئەو پلیکانە بچووکە پێچاوپێچانەی، لە داڵانەکە دوو نهۆمی ماڵەکەیان پێکەوە دەبەستەوە، بێ پسانەوە لە ژێر دەنگی چەکەکاندا دەجوڵانەوە. ئەوان لە بەردەم دەرگای ئەو ژوورەی، ئۆجەلان پێشوازی لە میوانەکانی دەکرد، بە وردی چاودێری هەموو شتێکیان دەکرد، تەنانەت کاتێک دەچوو بۆ ئاودەست، وە دووی دەکەوتن…

وەک بەندکراوێک لە ژێر چاودێری چڕوپڕدا

دادگای ئیتالیا دەستووری ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی دابوو تا ئەو کاتەی کۆمیسیۆنێک بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر داواکاری ئەو بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری دەدا؛ بەڵام ئەو پیاوەی ئێمە بینیمان زیاتر وەک بەندکراوێک دەژیا کە لە ژێر چاودێری ئەمنی توند دابێ تاکوو پیاوێکی ئازاد. ڕوون و ئاشکرایە ئیتالییەکان کە نەیانتوانی بە شێوەیەکی یاسایی ئۆجەلان دەربکەن، بەو هیوایەی ئەو سەرکردە کوردە خۆی بڕیاری جێهێشتن بدا و لە شوێنێکی تر لە مافی پەنابەری بگەڕێ، گۆشارێکی دەروونی زۆریان لەسەر پەیڕەو کرد…
بەردەنگە ئیتالییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان - سەرۆکی کابینەی سەرۆک وەزیر ماسیمۆ دالێما و پارێزەرەکانی - لە مەترسیی گرتن و ئەگەری پڕۆسەی دادگایی کردنی ئاگاداریان کردبۆوە، هەروەها گوتبوشیان بۆی هەیە ئەم پڕۆسەیە درێژە بخایەنێ… بۆ نموونە شەش ساڵ! بیروبۆچوونی جیاواز لە نێو هاوڕێیانی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا هاتە ئاراوە:  بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووسیای پەکەکە، پێشنیاریان پێکرد بڕوا و سەرنجی ئەویان بۆ سەر مەترسییەکانی مانەوەیەکی درێژخایەن لە زیندان ڕاکێشا. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی بەشی ئەوروپای پەکەکە پێشنیاریان پێکرد لە ئیتالیا بمێنێتەوە، ئەوان جەختیان لە سەر ئەمە کردەوە کە دەرفەتێکی زێڕین بۆ بە نێونەتەوەیی کردنی پرسی کورد هەڵکەوتووە… هەموو دۆستانی کورد لە ئەوروپاش پەیامی هاوشێوەیان ئاڕاستە دەکرد. خاتوو میتەران، سەرۆکی ڕێکخراوی فرانس لیبێرتێ، پەیامێکی پڕ لە وزەی ئاڕاستە کرد، پێی گوت کە "ئەگەر ئەو شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینەیە، دەبێ لەو شوێنە بمێنێتەوە کە لێیەتی… ئەو نابێ لە گرتووخانە بترسێ، هەر وەک چۆن نیلسۆن ماندێلا، ٢٥ ساڵی ڕەبەقی لە گرتووخانەدا تێپەڕاند"! بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان دواجار بڕیارێکی تری دا.
لە ماوەی چەند ڕۆژدا، نزیکانی ئۆجەلان و سیاسەتمەدارانی ئەوروپا لە کەمپینی دۆزینەوەی چارەسەرییەکی سیاسییانە بۆ خەباتی کورد لە تورکیا وەردران، ئەوان هەوڵیان دا "دیپلۆماسی پینگ - پۆنگ" پیادە بکەن کە بووە هۆکاری هاتوچۆی سەرکردەی پەکەکە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تری ئەوروپای ڕۆژئاوا. چەندین وڵات وەکوو ئەگەر خرانە ڕوو: هولەند، سوید، ئوتریش. ئۆجەلان دەبوایە بۆ ماوەیەکی کورت، دوو تا سێ مانگ، لە هەر کام لەو وڵاتانە مابایەوە، دیارە ئەمە کێشەی سەرکردەکانی ئەو وڵاتانەی لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا و تورکیا ئاسانتر دەکردەوە. بەڵام گەورەترین گرفت، دۆزینەوەی یەکەم وڵات بوو کە پاش ڕۆیشتنی لە ئیتالیا وەریبگرێ. گەڵاڵە داڕێژەرانی "دیپلۆماسی پینگ - پۆنگ" شکستیان خوارد. بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکا و هەروەها لەبەر سیاسەتی نێوخۆیی…
بە دابڕان لە ئیتالیا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ئەستەم دەیتوانی بە تەنیایی لە بەرامبەر هەڕەشە و گوڕەشەکانی تورکیا و گوشاری ئەمریکییەکاندا خۆ ڕابگرێ، ئەوروپا بە ڕێگە پێنەدانی لەسەر خاکەکەی، شانسێکی دەگمەنی بۆ تاقیکردنەوەی کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی سەرکردەی کورد و پەکەکە لە کیس دا. لە ناوبردنی لە لایەن تورکەکانەوە نایەتە واتای ئەوەی شەڕ لە کوردستان کۆتایی هاتووە، بە پێچەوانەوە، ڕێک نیشانەی ئەوەیە بەرەو شەپۆلێکی نوێی پەرەسەندنی ململانێیەکی خوێناوی هەنگاو دەنێین… مەترسی ئەوەش هەیە ئەو سەرخۆشییەی ئانکاراش کورتخایەن بێ: بە ئەگەرێکی زۆر ڕاگرتنی ئۆجەلان لە نێو گرتووخانە ئەستەم تر دەبێ تا لە دەرەوە.

پ: ئێستا لە چ بارودۆخێکدا دەژین؟ ئاخۆ بە ڕاستی ئازادن یان نا؟
عەبدوڵڵا ئۆجەلان:
ئێستا بارودۆخێکی زۆر سەیر و سەمەرە دەژین، تا ڕادەیەک بێ وێنە. من نە ئازادم و نە بە بارمتەگیراو. دەتوانم بڵێم تاکە کەسێکم کە لە دونیادا دۆزینەوەی شوێنێک بۆی ئەستەمە. زۆر سەیرە. پیلانگێڕییەک بە سەرکێشی تورکیا لە ئارا دایە و ئێمە ئێستا لە نێو بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆز داین. تورکەکان دەڵێن دەبێ من تەمبێ بکەن، جا لە کوێ بێ گرنگ نییە؛ مەترسییەکە زۆر جددییە. لەوانەیە نەتوانن ئەم هەڕەشەیە لە ئەوروپا جێبەجێ بکەن، بەڵام لە دەرەوەی ئەوروپا، بە هاوکاری ئیسرائیل لە دەستیان دێ. ئێمە هەوڵماندا دەرگاکانی ئەوروپا بکەینەوە، بەڵام لە ئیتالیا ئەستەمە. شوێنێکی وەک ئەفریقاش بۆ ئێمە مەترسیدارە….

پ: دەتانەوێ لە ئیتالیا بمێننەوە؟

هەرچەندە ترسیشی هەیە، بەڵام دەمەوێ لێرە بمێنمەوە. لێ حکومەت لەگەڵ ئەمەدا کێشەی هەیە. بەجێهێشتنی ئیتالیا لەم هەلومەرجەدا، جۆرێک خۆکوشتنە - یاخود بە خاک سپاردنێکی زیندوو، بەڵێ. ڕۆیشتن بۆ شوێنێکیش کە پەیوەندیت لەگەڵ کوردستانەوە نەبێ، لە مردن زۆر خراپترە. مەترسی لێرە دایە ئەگەر لە سەر ئەمە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیادا هەبێ.

پ: ئاخۆ ئیتالیا دەتوانێ دەرت بکا؟

ئەستەمە… هەندێک ڕێوشوێنی قانوونی هەن. وەڵامدانەوە بە ویستی پەنابەریم، بڕیارێکی سیاسییە. بەڵام هیچ شتێک بە شێوەیەکی ئاسایی ناڕواتە پێش.

پ: ئەگەر هەڵبژاردن بە دەست ئێوە بێ، چ دەکەن؟

لە ڕوانگەی منەوە بەڕێوەبردنی چالاکی سیاسی لە ئەوروپا گرنگە.

پ: ئێوە پیاوێکی زۆر چالاکن… گومانی ئەوە هەیە نەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بەمجۆرە لە نێو قەفەزدا خۆ ڕابگرن. ئایا پێتان وایە هەوڵی پاشەکشە پێکردنتان دەدرێ؟

ئێتالییەکان هەوڵیان دا ئەمەم تێ بگەیەنن، پاشەکشەم پێ بکەن… سەرەتا ئیتالیا هەڵسوکەوتێکی زۆر ئەرێنی هەبوو؛ پاشان، لەبەر هەڕەشەکانی تورکیا، ئێمە ڕووبەڕووی گرفت بووینەوە. هەڵبەت، ئێمە لە هەوڵی ئەوە داین وڵاتێکی دیکە بدۆزینەوە، بەڵام کێشەی هەڵبژاردنمان هەیە: پێویستە ئەو وڵاتەی هەڵیدەبژێرین، وڵاتێکی بەهێز بێ، بتوانی ئاسایشی من گەرەنتی بکا و بە شێوەیەکی یاسایی بتوانم بچم. پەلەپەلێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ڕۆیشتنی من پێش بخەن.. گرنگ خۆڕاگری و بەرخۆدانە.
ساڵی ١٩٧٥، بارزانی نەیتوانی ٢٤ سەعات خۆ ڕابگرێ. شۆڕشی کوردستان تووشی نسکۆ بوو. ساڵی ١٩٩٦ تاڵەبانی لە هەولێر هەمان شتی دووپات کردەوە. هەموو شۆڕشەکانی کورد بەمجۆرە تێک شکێنراون. من ٢٥ ساڵە درێژەی پێ دەدەم. ئیتالیا من ناناسێ. هەوڵ نادا لێم تێبگا. من پێشنیارم پێکردن بەر لەوەی بڕیار بدەن، لێم تێبگەن، بەڵام ئەوان پەلە دەکەن.
هەندێک سات و سەودای بازرگانی لەم نێوانەدا ڕۆڵ دەبینێ.

پ: بۆچی لە سووریا ڕۆیشتن؟

مانەوە لەوێ، جەنگێکی ناوچەیی هەڵدەگیرساند. چارەنووسی ڕژێمی ئەو وڵاتەی تووشی مەترسی دەکرد. تورکیا بڕیاری دابوو ئۆپەڕاسیۆنێکی سامناک بەڕێوە ببا. ئەوان دەیانویست لە ڕێگەی منەوە دەست پێ بکەن، پاشان لەگەڵ سووریا و ئینجا عێراق درێژەی پێ بدەن بۆ ئەوەی بە سەر هەموو ناوچەکەدا زاڵ بن. من خۆم بڕیاری ڕۆیشتنم دا، کەمێکیش لەسەر داواکاری هاوڕێیانی یۆنانیم. بەڵام ئەو بانگهێشتەی یۆنانییەکان بڕی نەکرد. من نەمتوانی بچمە یۆنان، نەمتوانی لە فڕۆکەخانەی ئاتێن بچمە دەرەوە، نەمتوانی داوای مافی پەنابەرێتی بکەم. بۆیە لە سەر بانگهێشتێکی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی دوما، ڕۆیشتمە ڕووسیا.

پ: بۆچی نەتانتوانی لەوێ بمێننەوە؟

من مانگێک زیاتر لە ڕووسیا مامەوە. بەڵام سەرۆک وەزیر داوای کرد ئەو وڵاتە بەجێ بێڵم، سەرەڕای زۆرینەی دەنگی دوما؛ زۆر سەرنج ڕاکێش و ئاڵۆزە.

پ: ئەمە چۆن لێک دەدەنەوە؟

تورکیا ئیمتیازی دا، ئەو بەڵێنی هەندێک شتی بە ڕووسیا دا، بە تایبەت سەبارەت بە چێچێن و موسڵمانەکانی ڕووسیا. جگە لەمە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بێ کاریگەر نەبوو.

پ: ئاخۆ دەتوانین چارەنووسی ئێوە لەگەڵ هی ژەنەڕاڵ بارزانی بەراورد بکەین؟ گەلۆ ئێوە لە لایەن سووریاوە، پاش ئەوەی لەگەڵ تورکیا بە ڕێککەوتن گەیشت، "راو" نران، وەک چۆن شای ئێران، ٦ی مارسی ١٩٧٥ لەگەڵ سەدام حوسێن لە ئەلجەزایر ئەو کارەی کرد و پشتی کوردەکانی عێراقی بەردا؟

لێکچوون هەیە. بارزانی توانی بچێتە ئێران، بەڵام هێزی پێشمەرگەکانی کە زۆر بەهێز بوون، پەرتەوازە بوون. دۆخی من زۆر لە هی ئەو دژوارترە، بەڵام من چالاکییەکانم هەڵنەپەسارد؛ بە پێچەوانەوە، زێدەتر پەرەم پێ دان. من پێویستیم بە پێشتیوانی دەرەکی نییە. بارزانی پشتی بە دەرەوە بەستبوو، من نا. هەروەها ئێمە، بەرخۆدان دەکەین.

پ: بەڵام ئایا ئێوە نەدەبوو "دەرکردن"ێکی وەهاتان لە لایەن سووریاوە لە بەرچاو گرتبا؟ هەروەها گەڕان بە دووی وڵاتێک کە وەرتانبگرێ؟

ڕاستە، شکستێک هاتە ئاراوە… ئەمنیش دەبوایە پێشتر بیرم کردبایەوە، بەڵام کێشە بەجێهێشتنی ئەو ناوچەیە نییە کە لێی بووم: ڕۆیشتن لە سووریا هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندین کێشەکە لە ڕوانگەی سیاسییەوە زیاتر بخەینە ڕۆژەڤەوە….

پ: دەتانەوێ بە چ شێوەیەک درێژە بە خەبات بدەن؟ لە سەر بنەمای سیاسی؟ یاخود مەبەستتانە درێژە بە خەباتی چەکداری بدەن؟

ئەگەر بناغەیەکی سیاسی نەبێ، هەڵبەت چەک ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ. بەڵام ئەمڕۆکە ئێمە دەمانەوێ قورسایی بە خەباتی سیاسی بدەین. ئەگەر بێت و پڕۆسەیەکی بە سیاسی کردن لە ئەوروپا دەست پێ بکا - ئەگەر چارەسەرییەکی سیاسی بە سەر تورکیادا بسەپێنرێ… پێویستە ئەوروپا بڵێ: شەڕێک لە ئارا دایە، ئەو شەڕە ڕابگرن، چارەسەرییەکی سیاسی بدۆزنەوە. شتێک بە ناوی تیرۆریزم لە گۆڕێ نییە. ئەوروپا بەرپرسیارە لە پەیماننامەی لۆزان (١٩٢٣)، دەبێ ئەوروپا قەربوو بە کوردەکان بداتەوە. بەو پەیماننامەیە چوار گەل لە سەر نەخشە لە ناو بران، یۆنانییەکان، ئەرمەنییەکان، ئاشورییەکان و ئەمڕۆکەش دەخوازرێ گەلی کورد لە ناو ببرێ.

پ: پێتان وا نییە پەیماننامەی لۆزان بەشێکە لە هاوسەنگی مێژوو؟

ئەی ئەمڕۆکە سڕینەوەی گەلی کورد، هاوسەنگی مێژووە؟ ئاخۆ مێژوو دەبێ دووبارە بێتەوە؟ سامناکە.. ئەمە مێژوویەکە پڕاوپڕ لە خیانەت و ژینۆساید. هەموو خیانەتیان کرد، هەموو کارەسات و کوشت و بڕیان ئەنجام دا.
ئەوروپا نابێ وەک وشترمریشک سەری بخاتە ژێر لمەوە. من لە ئەوروپام بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیەکانی بە بیر بێنمەوە. بەڵام ئەوروپا خۆی حەشار دەدا، وەک بڵێی من لێرە نیم. لەبەر ئەوەش چاوپۆشیی لە پڕۆسەی دادگایی کردن کرد. من دەمەوێ دادگایی بکرێم، ئەگەر بێت و پڕۆسەکە دادپەروەرانە بێ. مەسەلەی ئیدەئال، پڕۆسەیەکی ئەوروپییە کە هەر دوو لایەن دادگایی بکا.

پ: ئێستا چ ستاتویەکتان هەیە؟ هێشتا سەرۆکی پەکەکەن؟

ئێمە خەریکی نۆێکردنەوەی پەکەکە و ئارگەکەین (AGRK). کێشەکانی ئێمە، لە لایەکەوە لەو بارودۆخەوە سەرچاوە دەگرن کە حزب، کومیتەی ناوەندی و بەڕێوەبەرایەتی تێی دایە. ئاڵوگۆڕێک، زەمینە بۆ پێشکەوتن خۆش دەکا. ئێمە نامانەوێ خۆمان هەڵبخەڵەتێنین، کەم و کوڕی و هەڵەمان هەیە و دەبێ ڕاستیان بکەینەوە. چالاکییەکانمان لە پانزە ساڵ لەمەوپێشەوە، دەبوایە ئەنجامی دی بە دەست خستبا. تورکەکان نەدەبوایە لەگەڵ ئێمە ئەوەندە دەستیان ئاوەڵا بوایە. ئێمە تووشی شکستی تاکتیکی بووین. ڕێبەرایەتی سیاسیی ئێمە ڕۆڵی خۆی پێک نەهێنا. ئەم شکستانە دەگەڕێنەوە بۆ کەسایەتیی کورد کە پڕە لە کەموکوڕی: تاکڕەوێتی، پێشبینیی بۆ ئایندە، ڕانەهاتنی بە چالاکی هەرەوەزی و تێڕوانینی بەرتەسکی لە ئاسۆیەکی تەنانەت زۆر نزیک. لەبەر ئەوە من دەمویست بۆ هەمیشە ئاڵوگۆڕ بە سەر ئەو کەسایەتییەدا بێنم. ئێمە لە سەر ئەم بنەمایە خۆمان بۆ کۆنگرەی شەشەم ئامادە دەکەین.

پ: ئێوەش هەر سەرۆک دەبن؟

هەر شتێک گەل بیەوێ. هەر شتێک مێژوو گەرەکی بێ. تەنانەت من ئەگەر لە گۆڕیشدا بم، شتێک دەبێ لە گەڕ دابێ.

پ: ڕێبەرایەتی سەربازی لە کوێیە؟

هەموویان لە وڵاتن، لە کوردستان. کێشە ئەوەیە دەبێ وە گەڕ بخرێن.

پ: ئایا جەمیل بایک هێشتا پیاوی ژمارە دووی پەکەکەیە؟

ئێمە ژمارەمان نییە… ئەوەی ئەنجام و دەسکەوت بە دەست بێنی، دەبێتە ژمارە… مخابن، ڕەخنەکانی من بێ جێ نەبوون. بۆ نموونە، جەمیل بایک، ناتوانێ ئەزموونەکانی لە سیاسەتدا پیادە بکا. من تەنانەت هەندێک لە هەڵەکانیم ئاڕاستەی ڕای گشتی کرد. ئەو دوو جار لە ساڵانی ١٩٩٥ و ١٩٩٧ بە تەنیایی بڕیاریدا واز لە بارەگای سەربازیمان بێنێ. دیارە زۆر جددی بوو. لە نێوەڕاستی کوردستان، لە نێو دۆڵی زاب، ئێمە پێنج هەزار گەریلامان هەبوو، دەمانتوانی ڕووبەڕووی پەنجا هەزار [عەسکەری] تورک ببینەوە. ئەو نەیکرد. ئەو کەسێکی زۆر دڵسۆزە، بەڵام لە هەمانکاتدا تاکڕەوە. ئەو هەروەها چەند بەرپرسێکی سەربازی بە مەرگ مەحکووم کرد. ئێمە ئەوەمان قەبوڵ نەکردووە. تەنانەت ئەگەر ئەوان تاوانێکیان ئەنجام دابێ، دەکرێ میتۆدی پێداچوونەوە و سەر لە نوێ چالاک کردنەوەیان ڕەچاو بکرێ. لە لایەکی دیکەوە، ئەو گوتبووی دەکرێ برینداربووەکان بکوژرێن، بۆ ئەوەی بە زیندوویی نەکەونە دەست دوژمن: ئێمە ئەوەشمان قەبوڵ نەکرد. ئەم نەخۆشییە لە کۆمیتەی ناوەندیدا هەیە: ئەوان تا بڵێی گرێدراوی منن، بەڵام کردەوەیان تەواو بە پێچەوانەیە. دەبێ ئەو شتانە سەرەراست بکەمەوە.

پ: ئەو شتانەی ئێوە باستان کرد، بە ڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە ئێمە تێڕوانینێکی پێچەوانەمان لە لا دروست بووە و پێمان وایە دیسپلینێکی زۆر پتەو لە نێو پەکەکەدا هەیە و ئێوە کۆنتڕۆڵی هەموو شتێکتان بە دەستەوەیە.

بەڵێ، جۆرێک دیسپیلینی زۆر بە‌هێز هەیە. بەڵام مژاری باس، کێشەیەکی دیکەیە… هەموویان تا بڵێی پابەندی منن: ئەگەر داوایان لێ بکەم بمرن، ئەوا دەمرن. بەڵام ئەوان داهێنانی تاکەکەسییان نییە. با نموونەیەک بێنمەوە: جارێک تورکەکان دەستیان بە سەر پێنج هەزار تەلیسی ئارد داگرت: ئەوان [گەریلاکان] بە درێژایی زستان بێ خواردەمەنی مانەوە! ئەگەر تەلیسە ئاردەکانیان نەدابایە دەست دوژمن، وایان بە سەر نەدەهات.

پ: سەبارەت بە ڕاکردنی سەرکردەیەکی گەورەی وەک شەمدین ساکیک دەڵێن چی؟

دیارە ناتوانین بڵێین سەرکردەیەکی گەورە بوو، بەڵام سەرۆکی باندێکی گوندی بوو. خەباتێکی مەیدانی دە ساڵەی هەبوو. ئەوە ئێمە نەبووین خستمانە پێشەوە: لە ساڵی ١٩٩٣وە، تورکەکان پلانی ئەوەیان داڕشتبوو وە پێشی بدەن. تەنانەت دەزگا هەواڵگرییەکانی فەڕەنسا هۆشداریان پێ دابووین کە بڕە پارەیەکی زۆر ڕەوانەی ئەو کراوە…

پ: بۆچی سەرباری ئەمانە ڕاتانگرت؟

من هەوڵێکی زۆرم دا بۆ ئەوەی ڕایبگرم، بۆ ئەوەی سەر لە نوێ بونیادی بنێمەوە، چاکی بکەمەوە، بەڵام ئەو هەڵە و کەموکوڕی زۆر گەورەی هەبوو. ئێمە نەماندەتوانی دووری بخەینەوە، ئێمە لەپێناو دوورخستنەوەی ئەو کەسەی بی بی سی وەک پیاوی ژمارە دوو ناوی بردبوو، ڕەخنەمان دەهاتە سەر…

پ: دەمێکە ڕاتانگەیاندوە کە خەباتی چەکداری دەگوازنەوە بۆ شارەکان، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە. بۆچی؟

بەردەوام هیوام بە چارەسەرییەکی سیاسیانە هەیە. ئێمە بەردەوام ئامادەین، بەڵام لە سەر ئەم بڕیارە دوودڵین. ئەگەر بێت و لە داهاتوودا چارەسەرییەکی سیاسی بۆ پرسی کورد، جا لەگەڵ من بێ یان بە بێ من، نەدۆزرێتەوە، بۆی هەیە شاهیدی ئاڵۆزییەکی گەورە بین. دەتوانم پێش بە گەریلاکانی پەکەکە بەربدەم ئازادانە بجووڵێنەوە. ئەو کات دۆخێکی وەک فەلەستینمان بەسەر دێ، هێرشی بێ ئامان دەکرێن. ئێمە تا ئێستا پێشمان پێ گرتوون. زۆر کەس هەیە دەیەوێ خۆی فیدا بکا. ئەمە دەتوانێ ئاکامی زۆر جدی بە دواوە بێ.

پ: بەردەوام لەگەڵ ئێوەدا ئەو کێشەیە دروست دەبێ، ئێوە لە یەک کاتدا هەم باسی توندوتیژی دەکەن و هەم باسی ئاشتی…

ئاخۆ ئەمە لە ناو سرووشتیشدا بەدی ناکرێ؟

پ: بەڵام سیاسەت خۆ سرووشت نییە!

ئەگەر سیاسەت ئاستەنگ کرا، چەکدارەکان ڕۆڵ دەبینن. سیاسەت، خەڵک خاپاندن و درۆ  و دەلەسە نییە… من پەلەم نییە، بەڵام لە هەمانکاتدا مناڵیش نیم. لەوانەیە ئەوروپا پێی وابێ زۆر ژیرە و کورد گەمژەن. بەڵام من گەمژە نیم، من لەو دۆخەدا نیم.

پ: ئاشکرایە کە تورکیا نایەوێ لەگەڵ ئێوە قسە بکا.

بەڵام ئێمە قسە دەکەین.

پ: بەر لە ڕاگەیاندنی دوایین ئاگربەستتان، پەیوەندیتان لەگەڵ ژەنەڕاڵەکانی تورک هەبوو؟

ماوەی دوو ساڵە، پەیوەندی ناڕاستەوخۆ و بێ ئیمزامان هەیە. بەڵام ئەوە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمە پەیوەندی بە سەرئەرکانی گشتییەوە هەیە. ڕەنگە نزیکبوونێکی تاکتیکی و پیلانگێڕی بێ، بۆشی هەیە لێگەڕینێکی دڵسۆزانە بێ. لەوانەیە وا بیر بکەنەوە دەتوانن ئەو شتەی لە ڕابردوودا بە سەر سەرکردەکانی کوردیان هێنا، بە سەر منیشی بێنن: "وەرە!" و پاشان لە ناوم بەرن. من لەو داوە نەکەوتم. حەوت خاڵەکەی من (لە پێناو چارەسەری سیاسییانەی کێشەی کورد لە تورکیا)، تەنانەت بە زێدەترەوە، پێشنیاری سەربازەکانیشە. بەڵام لە پراکتیکدا… ئەم قەیرانە هاتە گۆڕێ! لەوانەیە ناکۆکی نێوخۆیی سوپا یاخود یارییەک بێ. ڕەنگە بەستنی ئەم پەیوەندییە ڕەوتێک بێ کە لە لایەن ژەنەڕاڵ چەڤیک بیرەوە دەستی پێکردبێ.

پ: چۆن لەم بن بەستە دێنە دەر؟ چۆن دەکرێ ژەنەڕاڵەکان بۆ دیالۆگ بەهێز بکرێن؟

تاکە ڕێگە، شەڕە!

پ: بە چ ئامانجێک؟ ئۆتۆنۆمی؟ سیستەمێكی فیدڕاڵ؟ سەربەخۆیی؟

لەپێناو ئەو شتەی بۆ مرۆڤێکی ئەمڕۆیی پێویستە! لەپێناو ئەو شتەی بۆ هەموو گەلان ڕاستە و هەروەها بۆ ئێمەش گونجاوە. سیستەمێک وەک ئەوانەی لە ئەوروپا دەیبینین، سیستەمێکی فیدڕاڵ دیموکراتیک. لێرەدا فۆڕم نابێتە کێشە، ئەگەر ویست و داخوازی لە گۆڕێ دابێ… خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە ددان بە ناسنامەی کورددا بنرێ.

پ: پەکەکە ناوبانگێکی باشی دەرنەکردووە… بۆ ئەوەی ئەم ئیماژە بگۆڕدرێ، دەتوانن چ بکەن؟

لە ڕوانگەی کوردەکانیشەوە، هەر لە پەیماننامەی لۆزانەوە، ئەوروپا ناوبانگێکی باشی نییە. ئێمە لە سەر خەرەندی لە نێوچوون داین…

پ: سەبارەت بە ناوبانگە خراپەکەی پەکەکە دەڵێن چی؟

دێماگۆژییە…

پ: بەڵام پانزە کوردێک لە فەڕەنسا لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی دادوەریدا، تۆمەتی تیرۆریستیان دراوەتە پاڵ.

ئەمە جۆرێک ئەشکەنجەیە! فەڕەنسا لەپێناو بەرژەوەندییەکانیدا، ئیمتیازی زۆر بە تورکیا دەدا. سیاسەت بە گشتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ماددییەکان بەڕێوە دەبرێ. ئێمەی کورد هیچ شتێکمان نییە بیدەین…

پ: دەتوانن زانیاری زیاترمان سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەو تیرۆرە پێ بدەن کە لە شام دژی ئێوە بەڕێوە برا؟

بە درێژایی ئەو قەیرانەی لەگەڵ سووریا لە ئارا دابوو، تورکەکان لە هەوڵی ئامادەکاری ئەوەدا بوون لە ڕێگەی مووشەکەوە تیرۆرم بکەن، وەک چۆن ئەمریکییەکان لە عێراق ئەو کارەیان ئەنجام دا. تورکیا هەموو بەرنامەیەکی داڕشتبوو…

پ: لەپێناو باش بوونی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئەمریکا، ئێوە دەتوانن چ بکەن؟

ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە بێ، هەر شتێکی لە توانامان دابێ ئەنجاممان داوە؛ ئەوە ئەمریکییەکانن دەبێ بە تێڕوانینی خۆیاندا بچنەوە. ئێمە لەپێناو هەموو شتێکدا ئامادەین کە چارەسەرییەکی سیاسییانەی بە دواوە بێ، لەوانە ئاگربەستێکی یەکلایەنە. تەنیا ئەوەندە بەسە ئەمریکییەکان، هەمان ئەو شتە بکەن کە لە باشووری کوردستان (کوردستانی عێراق) ئەنجامیان دا - حکومەتێکی فیدڕاڵ یاخود بەڕێوەبەرایەتییەکی لۆکاڵ.

پ: دەتوانن هەندێک سەبارەت بە خۆتان و بنەماڵەکەتان قسەمان بۆ بکەن؟

من لە بنەماڵەیەکی وەرزێڕی هەژار لەدایک بووم؛ بنەماڵەی مە پەرش و بڵاو ببوون و سەر بە هیچ هۆز و عەشیرەیەک نەبوون. من لە گوندی عومەرلی لەدایک بووم، گوندەکە ئەو دەم شەست ماڵێک دەبوو. باوکم ناوی عومەر و دایکم ناوی عوەیشە، ئێمە سێ کوڕ و سێ کچ بووین. لە گوندێکی تەنیشت عومەرلی، خوێندنی سەرەتاییم تەواو کردووە؛ هەموو ڕۆژێ، بەیانیان و ئێواران سەعاتێک بەڕێوە دەبووم تا دەگەیشتمێ. لە شارێکی نزیک عەنتاب چوومە کۆلێژ و دواناوەندیی نەخشەهەڵگری موڵکم لە ئەنقەرە تەواو کردوە. بۆ ماوەی دوو ساڵ کارمەندی دەوڵەت بووم و پاشان لە ئەنقەرە، هەتا ساڵی ١٩٧٤ لە بواری زانستە سیاسییەکاندا درێژەم بە خوێندن دا.
من کوردێکی ئاسیمیلەکراو بووم، بەڵام هەمیشە هێمایەکی پرسیارم لە مێشک دابوو. بەردەوام هەستم بەوە دەکرد کوردم، بەڵام لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا کۆتاییەکانی دواناوەندی لە ژێر کاریگەری بیری ئیسلامی دابووم. دیارە لە ژێر کاریگەری گوند و بنەماڵەکەم. پێشنوێژی مزگەوتی گوند بە منی دەگوت: "ئەگەر تۆ بەمجۆرە بەردەوام بێ، ڕۆژێک بە شێوەی فریشتەکان هەڵدەفڕی". ئەمڕۆکە لە نێو سیاسەتدا هەڵدەفڕم!..
ساڵی ١٩٦٩، لە جووڵانەوەیەکی لاواندا بە ناوی دەڤ-گەنج دەستم بە خەبات کرد؛ پاشان ساڵی ١٩٧٠، لە ئەستەنبوڵ بوومە ئەندامی DDKO (کۆمەڵەی ناسیۆنالیستی کورد). دواجار بڕیارم دا ببمە سۆسیالیست. ساڵی ١٩٧٥ لە ئەنقەرە، بوومە سەرۆک و دامەزرێنەری لقی سەرەکی AYOD (کۆمەڵەی فرە چەپڕەوی تورک). ساڵی ١٩٧٢، بوومە "رزگاریدەر"ی کوردستان؛ بەهاری ساڵی ١٩٧٣ بە تیزی کوردستان بن دەستە، دەستمان بە ئامادەکردنی بناغەکانی ئەو خەباتە کرد. جووڵانەوەیەک بوو لەپێناو هەڤاڵبەندی و لێکۆڵینەوەدا. مانگی نۆڤامبری ١٩٧٨، ئێمە ٢٣ کەس لە لیجە پەکەکەمان دامەزراند. بەر لەو ڕێکەوتە، جووڵانەوەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بوونی هەبوو و بە گرووپی "ئاپۆچییەکان" یاخودی گرووپی "ئایدیۆلۆژیا" ناوی دەرکردبوو.. لەو کاتەوە بەدوا ئیتر دەزانرێ.


(لۆ پوان، ١٦ی ژانوییەی ١٩٩٩؛ ئەلوەسەت، ٢٥ی ژانوییەی ١٩٩٩؛ لێڤێنمۆن، ١٤ی مەی ١٩٩٩؛ لۆ تۆن، ١٧ی فێوریەی ١٩٩٩، دێ میدڵ ئێست ماگازین، ئاوریلی ١٩٩٩)

۱ نظر:

  1. سڵاو هاوڕێی و هەڤاڵی بەڕێزم. ئەم بابەتە وەڕگێڕانەی بەڕێزتان لە لایەن "توانا عوسمان"ـەوە بەشێکی کوردتی لێبرابو لە پەیجەکەی خۆیدا بڵاویکردبوویەوە، بۆ مەبەستی تایبەت. بەهەرحاڵ بەڕاستی زۆر بە پێزبو وەڕگێڕانەکەی. بەهیوای سەرکەوتن.

    پاسخحذف