۱۳۹۲/۰۸/۱۶

"تەنیا هەشت ڕۆژ لە ماڵی خۆماندا ژیاین"


یۆرۆ نیوز
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
"ڕۆژدا"ی تەمەن یانزە ساڵ، لە نێو تاوڵی بنەماڵە لە کەمپی پەنابەرانی سووری لە دۆمیزی کوردستانی عێراق دانیشتووە. دوایین نەقاشییەکەی دێنێ: پۆرترەیەکی کێشاوەتەوە کە فرمێسک لە سەر گۆنای کچۆڵەیەک لووزەوەیان بەستووە.

ئەم کیژۆڵەیە بەختەوەر نییە. هیچ شتێکی لە ژیاندا نەماوەتەوە"، ڕۆژدا وای بە ڕێپۆرتەرەکەمان، مۆنیکا پینا گوت.

هەندێک ئەولاوەتر، عومەری چواردە ساڵە گوتی: "ئەوەی من بینیم، هیچکەس نەیبینی. من فڕۆکەی جەنگیم بینی، بۆمب، چەک و چۆڵ و تانکم بینی. ترسێکی سامناکم بینی."

ڕۆژدا و عومەر مناڵانی جەنگن، ئەو جەنگەی ماوەی دوو ساڵە بینەقاقای سووریای گرتووە. ئەوان سەر بە کەمینەی کوردن، نزیکەی حەوت مانگ لەمەوپێش لەگەڵ بنەماڵە ناچار بوون سووریا بەجێ بهێڵن و لە کوردستانی عێراق بارگە و بنە هەڵبدەن. بەڵام شارەکان چارەی ئەم پەنابەرانەی سووریایان نەویست و بۆیەش کەمپی دۆمیز لە شوێنێکی کاکی بە کاکی و دوور لە شارستانییەت ئاوا کرا.

دۆمیز گەورەترین کەمپی پەنابەرانی سوورییە لە کوردستانی عێراق. شەست هەزار کەس لێرە دەژین کە نیوەیان مناڵن. عومەر و ڕۆژدا، وەکوو سەرجەم مناڵانی دی، زامداری جەنگێکن کە ژیانیانی گۆڕیوە. ئەوان ئاواتەخوازی ژیانێکی ئاسایین.

ڕۆژدا دەگێڕێتەوە: "من لە قوتابخانە بووم کاتێک بیناکەیان بۆردومان کرد. دایکم بەدوومدا هات بۆ ئەوەی لە چنگ سوپای سووری ڕزگارم بکا و حەشارم بدا."

"ئێمە بە جەنگ ڕاهاتبووین. ئێمە تەنانەت دەمانتوانی لە ژێر بۆردومانی تەیارەکاندا بخەوین''، عومەر وای گوت.

لە ڕوانگەی ڕۆژداوە، غوربەت سەرەتا دەهاتە واتای دابڕان لە خۆیان. دەگێڕێتەوە: "من شامم بەجێ هێشت، بەڵام کەس و کار و بنەماڵەکەم لەوێ مانەوە. لە ناخەوە، هەستم بە غەمگینیەکی یەکجار زۆر دەکرد چونکە ئەوان لەوێ بوون و من نا. لە خۆمم دەپرسی بۆچی بە دوومدا نایەن. ئەوان دەبێ پاساوێکی گونجاویان هەبێ. ئەوان لە ماڵی خۆمان بوون، ئەو ماڵەی ساڵانێکی زۆر خەریکی دروستکردنی بووین."

دایکی، هادیە ئیبراهیم حەمکۆ، دەڵێ: "ئێمە بۆ ماوەی نۆ ساڵ پارەمان کۆ کردەوە بۆ ئەوەی خانوویەک لە شام بکڕین". ئەو کە تەمەنی ٤٣ ساڵە، ئازار و کوێرەوەرییەکی زۆر لە ڕووخساریدا بەدی دەکرێ و ناتوانێ پێش بە شۆڕبوونەوەی فرمێسکەکانی بگرێ. "ئێمە تەنیا هەشت ڕۆژ لە ماڵی خۆماندا ژیاین. پاشان فڕۆکەکان، ئەوێیان بۆردومان کرد و ئێمەش ڕۆیشتین."

ڕۆژدا، عومەر و بنەماڵەکانیان نەیاندەویست سووریا بەجێ بێڵن. بەڵام توندوتیژی، ترس و برسییەتی پاڵیان پێوە نان بۆ ئەوەی ڕێگەی سنوور بەرەو کوردستانی عێراق بگرنە بەر. ڕۆژدا و عومەر، ساڵێک لە قوتابخانە دوا کەوتوون، ئەوان نەیانتوانی ئەو ساڵ بچنەوە سەر وانەکانیان، چونکە سێ قوتابخانەکەی گوند پڕ ببوونەوە و چیتر جێگەیان نەدەبۆوە. بەڵام دواجار لە لایەن بنکەیەکی تایبەتیی مناڵان و لاوان بە ناوی ئاکتێد (ئاژانسی ئالیکاری و تەکنیکی گەشەپێدان) کە ڕێخکراوێکی مەدەنیی فەڕەنسییە و مانگی ئاوریل کراوەتەوە، وەرگیران.

ئیبراهیم خەلیلیش پەنابەرە. ئەو لە حومس خوێندکاری زمان بووە. ئەو سووریای بەجێ هێشتووە بۆ ئەوەی ناچار نەکرێ بچێتە ناو سوپای سووریا یان ڕیزەکانی ئۆپۆزۆسیۆنەوە. پاش هاتنی بۆ دۆمیز، ویستویەتی مانایەک بە ژیانی لە کەمپ ببەخشێ. ئەو تەڤلی ئاکتێد بووە تاکوو لەپێناو پاراستنی مناڵان کار بکا.

ئەو گوتی: "ئێمە ستراتیژی جۆراوجۆرمان بۆ مناڵانی زیان لێکەوتوو هەیە. خاڵی سەرەکیی، گرنگیدانە بەو تایبەتمەندیی و خووخدە ئەرێنیانەی مناڵێک هەیەتی، بە زەقکردنەوە و کارکردن لە سەر ئەو لایەنانە، مناڵ توانای ئەوەی دەبێ بەرگەی ژیانی ئێرە بگرێ و بڕواتە پێش."

عومەر وەک سەرجەم مناڵانی ئێرە، چەندین تاقیکردنەوەی بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی زیانە دەروونییەکانی تێپەڕاندووە. ئەو بنکەیە چالاکی فەرهەنگی، چاودێری و دەرمانی پێشکەش بەو کەسانە دەکا کە پێویستیان پێی هەبێ. عومەر زۆر سەرقاڵە: "ئێمە زمانی کوردی دەخوێنین. ئەوە زۆر گرینگە بۆ من، چونکە زمانی زگماکیمە و لە سووریا قەدەغە بوو."

ڕۆژداش، بایەخی ئەو ساتانە دەزانێ کە لە بنکەکەیە: "ئێمە یاری دەکەین، ئێمە فێری شانۆگەری دەبین، چیرۆکمان بۆ دەگێڕنەوە. زۆر باشە چونکە دەتوانین شەڕ فەرامۆش بکەین و زۆر بیری لێ نەکەینەوە."

هەر دوو ناوەندی لاوان و مناڵان، بە بودجەی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتیی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوە دەچن. بودجەکە بە دەسپێشخەری "مناڵانی ئاشتی" کە هاریکاریی مناڵانی جەنگ دەدا، تەرخان کراوە. سەرەتا بۆ ٢٥٠ گەنج و لاو بونیاد نرابوو، بەڵام هەفتانە هەزار مناڵ وەردەگرێ. لەوانەیە ئەو ژمارەیە لە چاو سی هەزار مناڵی دانیشتووی کەمپ زیاتر بکا.

ئیبراهیم خەلیل نیگەرانیی خۆی لەم بارودۆخە دەردەبڕێ، ئەو دەڵێ: "پێموایە ئەگەر ئەم دۆخە درێژە بخایەنێ، مناڵانی کەمپ چیتر ناتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین. هەرچەند ئەوان زۆریش خۆڕاگر بن، بەڵام ئەگەر بێت و لەو کەمپە بژین خۆڕاگرییەکەیان لە دەست دەدەن."

هەزاران مناڵ لە سەر سنوورەکانی سووریا چاوەڕێن ئاسایشێکی زیاتریان هەبێ بۆ ئەوەی ژینگەیەکیان بۆ یاری کردن هەبێ. بەڵام لە دۆمیز، هەموویان دەزانن ڕاکردن لە جەنگ یانی دوورکەوتنەوە لە ماڵ و حاڵیان.

۱۳۹۲/۰۸/۰۶

ئاخۆ سەرۆک وەزیر ئەردۆغان لە کوشتوبڕی شێرنەخ ناپرسێتەوە؟


حەسەن جەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

لە شێرنەخ کوشتوبڕێکی سامناک ئەنجام درا، بەڵام بە داخەوە نۆزدە ساڵ و نیوە لە لایەن دەوڵەتەوە نکۆڵی لێدەکرێ. دەسەڵاتداری پارتی داد و گەشەپێدانیش، لە دۆزی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، پاڵپشت بە نکۆڵی کردن لە 'کوشتوبڕی شێرنەخ' هەروا داکۆکی لە دەوڵەت دەکا. چەندین ساڵ دواتریش، سەرئەرکانی گشتی لە لێدوانێکی نووسراوی چاوەڕواننەکراودا، 'نکۆڵی دەوڵەت' دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دان بە فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لە ٢٣ی مارسی ١٩٩٤ لە شێرنەخ دادەنێ.
ئێستا چ ڕوودەدا؟ ئاخۆ حیساب لەو کەسانە ناخواسترێ کە بە درێژایی نۆزدە ساڵ و نیو، بەرپرسیارانی ئەم قەتڵوعامەیان شاردەوە، لەوانەی فەرمانی بۆردومانیان دەرکرد، لەو دۆزگەرانەی لێپرسینەوەکانیان هەڵپەسارد یان خستیانە ئەستۆی پەکەکە، لەو فەرماندانەی نکۆڵیان لە فڕینی فڕۆکەکان کرد، لە سەرۆک وەزیرانی ساڵانی نەوەدەکان و لە سەرۆکەکانی سەرئەرکانی گشتی؟ پرسیارەکان ڕووبەڕووی ئاکەپەش دەبنەوە…
رێکەوتی قەتڵوعام، ٢٦ی مارسی ١٩٩٤.
رێک نۆزدە ساڵ و نیو لەمەوپێش.
بەڵام لە لایەن دەوڵەتەوە سەرپۆشی لەسەر دانرا.
چەند فڕۆکەیەکی جەنگی سەر بە هێزی ئاسمانی فڕین و دوو گوندی شێرنەخیان بۆمباران کرد.
٣٨ کەس کوژران!
قەتڵوعامێکی سامناکە.
بەڵام بە داخەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ لە لایەن دەوڵەتەوە نکۆڵی لێدەکرێ.
دۆزگەران دەڵێن کاری پەکەکەیە.
دۆزگەرانی سوپاش دەیشارنەوە.
دادگا ئەمنییەکانی دەوڵەت، لێپرسینەوەکان هەڵدەپەسێرن.
بارەگاکانی فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکان لە دیاربەکر و مالاتیا، بە بەیاننامەی فەرمی ڕایانگەیاندوە کە ڕۆژی ٢٦ی مارسی ١٩٩٤، فڕۆکەکانیان لەسەر شێرنەخ نەفڕیون.
خۆ ئەگەر هەندێک دۆزگەری بوێریش ناوە ناوە دەیانەوێ 'دۆسیەی قەتڵوعام' ببوژێننەوە، پاش ماوەیەکی کورت سارد دەبنەوە.
ئەو پارێزەرانەی دەیانەوێ پەردە لەسەر قەتڵوعامەکە هەڵبدرێتەوە و داکۆکی لە قوربانیان بکرێ، لە کەناڵی جۆراوجۆر و لەوانە لە لایەن ژاندەرمەرییەوە هەڕەشە و گوڕەشەیان لێدەکرێ.
لە پێناو حەشاردانی ڕاستییەکان، نموونەیەکی زۆر سەیر لە پێکەوە سازانی سوپا و دادوەر لە گۆڕێ دایە کە نیشان دەدا لەم وڵاتە کاروباری 'بیرۆکراسی ئۆلیگارشی' چۆن بەرێوە دەبرێ. 
هەڵبەت دەسەڵاتە سیاسییەکان، هەروا پشتی 'سوپا' دەگرن.
وەک هەمیشە، میدیا باس لەم ڕووداوە ناکا.
ساڵانی ١٩٩٠ بەمجۆرە تێدەپەڕێ.
ساڵانی ٢٠٠٠ بەشێوەیەکی جیاواز دەست پێناکەن.
پارتی ئاک بە ئەردۆغان دێتە سەر دەسەڵات.
بەڵام سەبارەت بە قەتڵوعامی شێرنەخ، شتێکی جیاواز نەهاتە ئاراوە.
دەوڵەت لە نکۆڵی کردن بەردەوامە.
ساڵانی ٢٠٠٥، ٢٠٠٦ و ٢٠٠٨یش، بنکە پەیوەندیدارەکانی هێزی ئاسمانی، هەروا بە لێدوانی نووسراو بانگەشە دەکەن کە ٢٦ مارسی ١٩٩٤ فڕۆکە جەنگییەکانیان لە شێرنەخ نەفڕیون.
دۆزگەرەکانیش متەقیان لێوە نایە.
دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان، لە دۆزی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، پاڵپشت بە نکۆڵی کردن لە بەرپرسیارێتیەکانی لەمەڕ 'کوشتوبڕی شێرنەخ'، هەروا داکۆکی لە دەوڵەت دەکا.
بەڵام پارێزەری قوربانییەکان تاهیر ئەلچی کوڵ نادا.
دواجار ڕۆژی ٣١ی ژانوییەی ٢٠١٢، ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو دێتە ئاراوە. ناوەندی کۆمیتەی کۆنتڕۆڵی سەرئەرکانی گشتی، لقی هێزە ئاسمانییەکان، بە لێدوانێکی نووسراو، هێمایەکی پرسیاری گەورە دەخاتە سەر 'نکۆڵییەکانی دەوڵەت': 
بەڵێ، ڕۆژی ٢٦ی مارسی ١٩٩٤، فڕۆکە جەنگییەکان بە سەر شێرنەخدا فڕین!
راستییەک کە هەژدە ساڵی ڕەبەق نکۆڵی لێکرا، بەمجۆرە لەقاو درا. 
تاهیر ئەلچی، پارێزەری قوربانییەکان، ئەم نووسراوەیەی سەرئەرکانی گشتی لە دۆسیەی دۆزی دیاربەکر هەڵدەگرێ و ئاراستەی دۆزی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای دەکا.
رۆژ: ١٢ی نۆڤامبری ٢٠١٣.
واتە ٢١ ڕۆژ لەمەوپێش، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، لە قەتڵوعامی شێرنەخدا، تورکیای بە پێشێلکردنی مافی ژیان مەحکوم کرد.
ئێستا چ ڕوو دەدا؟
ئاخۆ لێپرسینەوە لەو کەسانە ناکرێ کە بە درێژایی نۆزدە ساڵ بەرپرسیارانی قەتڵوعامەکەیان حەشار داوە، نکۆڵیان لە ڕووداوەکە کردوە و سەرپۆشیان لەسەر داناوە؟
ئەوانەی ڕۆژی ٢٦ی مارسی ١٩٩٤، فەرمانی بۆمبارانیان دا و ئەوانەی فەرمانەکەیان جێبەجێ کرد، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکرێ؟
ئەو دۆزگەرانەی قەتڵوعامەکەیان خستە ئەستۆی پەکەکە، ڕووبەڕووی حیساب لێپرسینەوە نابنەوە؟
ئەی ئەو دۆزگەرانەی بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە دۆسیەکەیان هەڵپەسارد؟
ئەی ئەو فەرماندانەی هێزی ئاسمانی چەندین جار بە لێدوانی نووسراو، نکۆڵیان لە فڕین بەسەر ئاسمانی شێرنەخدا کردبوو؟
ئاخۆ لێپرسینەوە لەو دۆزگەرانەی سوپا ناکرێ کە ئەرکی سەرشانیان بە تەواوەتی ڕانەپەڕاند؟
سەرۆک وەزیرەکان، سەرۆکەکانی سەرئەرکانی گشتی، وەزیرەکانی بەرگری، وەزیرەکانی داد و فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی لە ساڵانی ١٩٩٠ ڕووبەڕووی لێپرسینەوە نابنەوە؟
هەروەها پرسیارێکی تریش:
ئاخۆ دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان کە لە ساڵانی ٢٠٠٠ هەتا ساڵی ٢٠١٣ش، لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا پشت ئەستوور بووە بە پارێزنامەکانی نکۆڵی کردن لەو قەتڵوعامە، نابێ وڵامدەرەوە بێ؟
گەلۆ حیسابی ڕابردوو ناداتەوە؟
تۆ بڵێی بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکا وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێ؟
لەو ٣٨ هاوڵاتییە ناپرسێتەوە کە لە ئەنجامی بۆردومانی دوو گوندی شێرنەخ لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە، گیانیان لە دەست دا؟
ئاخۆ هەڵسوکەوتێکی وەک ئەوەی "رۆبۆسکی" دەبێ کە دوو ساڵ لەمەوبەر، ٣٤ کوردی خەڵکی ئەو دێهاتە، هەمدیس لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکاندا، لە نێوە شەوێکدا گیانیان لە دەست دا؟ تەنانەت بڵێی داوای لێبۆردنێکیش نەکا، بۆ نموونە بڵێی لێپرسینەوەکانیش حەواڵەی دۆزگەری سوپا بکا؟
نازانم.

۱۳۹۲/۰۷/۲۵

با خه‌ون نه‌بینین، په‌که‌که‌ به‌مجۆره‌ پاکتاو نابێ


محه‌ممه‌د عه‌لی بیراند
له‌تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
یان ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتداران چه‌ندین ساڵه‌ ئێمه‌یان کردۆته‌ گاڵته‌جاڕ، یاخود به‌ڕاستی نه‌زانن. هێشتا پێیان وایه‌ له‌ڕێگه‌ی گوشارهێنان بۆ سه‌ر ئه‌م و ئه‌و، په‌که‌که‌ پاکتاو ده‌بێ. هێشتا پێیان وایه‌ له‌ڕێگه‌ی گوشار بۆ سه‌ر بارزانی و په‌ره‌پێدانی ئۆپه‌راسیۆنە سه‌ربازییه‌کان، ده‌توانن به‌ ئه‌نجامێک بگه‌ن. ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته‌، گاڵته‌کردنه‌ به‌ ئه‌قڵیه‌تی کۆمه‌ڵگە. په‌که‌که‌ پاکتاو ده‌کرێ، به‌ڵام به‌شێوازێکی جیاوازتر.

ماوه‌یه‌که‌ هه‌واڵی پاکتاوکردنی په‌که‌که‌ بۆته‌ بنێشته‌خۆشکه‌ی زمانه‌کان و لاپه‌ڕه‌ی میدیاکان.

به‌شێک له‌و هه‌واڵانه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێ.

که‌به‌شداری لێدوانه‌ تایبه‌تییه‌کانی بیرۆکراته‌کان، قسه‌ تایبه‌تیه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیر ده‌بین و سه‌ردانی وه‌زیره‌کان ده‌که‌ین، سیناریۆیه‌ک ده‌نووسین که‌ به‌شێکی ڕاسته‌ و به‌شێکی دیکه‌ی به‌رهه‌می خه‌یاڵه‌کانی خۆمانه‌، هه‌رچه‌ند ده‌زانین ئه‌م سیناریۆ دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ قه‌ناعه‌تی پێ ده‌هێنین. پاش ماوه‌یه‌ک، چه‌ندین هه‌نگاو زیاتر ده‌چینه‌ پێش و سیناریۆکانی خۆمان ده‌سه‌پێنین و ده‌ست ده‌که‌ین به‌ شرۆڤه‌کردنیان.

لایه‌نی هه‌ره‌ گرنگ و دراماتیکی ئه‌م کاره‌، ئه‌وه‌یه‌ سیاسه‌تمه‌داره‌کانمان، پۆلیسه‌کانمان و ته‌نانه‌ت سه‌ربازه‌کانمان بڕوایان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ په‌که‌که‌ به‌مجۆره‌ پاکتاو نابێت.

به‌ساڵانه‌ ئه‌و شێوازانه‌ به‌کار ده‌برێن، سه‌رکه‌وتوو نابن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێداگری ده‌کرێ له‌ سه‌ریان.

ڕای گشتی تورک، پێی وایه‌ بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر بارزانی بیه‌وێ زۆر به‌ ئاسانی په‌که‌که‌ له‌ چیاکان ده‌کشێنێته‌ خواره‌وه‌.

هیچکه‌س به‌دی ناکرێ بڵێ “نه‌خێر، بارزانی شتێکی وه‌ها ناکا. بێهوده‌ دڵتان خۆش مه‌که‌ن.؛

ڕای گشتی تورکیا پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌ چه‌کداره‌کانی تورک پێیان خۆش بێ، ده‌توانن قه‌ندیل له‌گه‌ڵ زه‌وی یه‌کسان بکه‌ن، سنوره‌کانی تورکیا و عێراق دابخه‌ن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن ته‌نانه‌ت چۆله‌که‌یش سنوور ده‌رباز بکات.

هیچکه‌س نییه‌ ده‌نگ به‌رز بکاته‌وه‌ و بڵێ: په‌که‌که‌ به‌ جموجوڵی سه‌ربازی، به‌ بۆردومانکردنی باکووری عێراق و له‌شکرکێشی کۆتایی پێ نایه‌ت.

ڕای گشتی تورک پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و ڕێکخستنه‌ ببرێنه‌ سوید یان وڵاتێکی دیکه‌ و بخرێنه‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ سوریا و به‌غدا بکرێ و سازش له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌نجام بدرێ، کۆتایی به‌ هه‌موو شتێک دێ.

که‌سێ نییه‌، بڵێ: نه‌خێر، ئه‌مه‌ش به‌س نییه‌.

تکایه‌ با ئیتر ڕاستیه‌کان ببینین و دانیان پێدا بنێین.

ده‌توانین بڵێین ئیدی په‌که‌که‌ ڕێکخراوێکه‌، سه‌رچاوه‌ مادییه‌کانی باش له‌ گه‌ڕ دان، له‌ ئه‌وروپا زۆر به‌ چاکی خۆی ڕێکخستووه‌، هێدی هێدی له‌ تیرۆر! دوور ده‌که‌وێته‌وه‌ و خۆی بۆ سیاسه‌ت ئاماده‌ ده‌کا، له‌م نێوانه‌دا له‌ به‌ر چه‌ند هۆکاری تاکتیکی ناوه‌ ناوه‌ تیرۆر به‌کار دێنێ، بۆته‌ کۆمپانیا یاخود دامه‌زراوه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت بۆته‌ حزبێکی سیاسی نێونه‌ته‌وه‌یی.

نابێ په‌که‌که‌ بچووک بکرێته‌وه‌.

له‌زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری وڵاتانی ئه‌وروپا، نوێنه‌رایه‌تی هه‌یه‌. میدیایه‌کی تا بڵێی چالاکی هه‌یه‌، گرنگی به‌ هه‌موو شتێک ده‌دات، به‌ میلیۆنان لایه‌نگری هه‌یه‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک واز له‌ پشتیوانی کردنی ناهێنن.

په‌که‌که‌، له‌ماوه‌یه‌کی کورتخایه‌ن و له‌ڕێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه‌ پاکتاو ناکرێ.

له‌به‌رامبه‌ردا، ده‌کرێ بچووک بکرێته‌وه‌، چه‌کی له‌ده‌ست ده‌ربهێنرێ، به‌شێکی هه‌ره‌ گرنگ له‌ کادیره‌کانی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیانی ئاسایی ده‌ست پێ بکه‌نه‌وه‌.

له‌پێناو ئه‌مه‌شدا ده‌بێ مه‌رجێکی سه‌ره‌کی و گرنگ له‌به‌رچاو بگیرێ...

بۆ ئه‌وه‌ی شته‌کان به‌ هه‌ڵه‌ فام نه‌کرێ، دووپاتی ده‌که‌مه‌وه‌....

ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی هاوشێوه‌ی په‌که‌که‌ن، هیچکات له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ده‌رناهێنرێن.

لاواز ده‌کرێن، ژماره‌یان که‌م ده‌کرێته‌وه‌، چه‌کیان له‌ده‌ست ده‌رده‌هێنرێ و له‌ توندوتیژی دوور ده‌کرێنه‌وه‌.

پێویسته‌ ئیتر ئه‌مه‌ بزانین که‌ به‌ گرتنه‌ به‌ری ڕێوشوێنی سه‌ربازی زیاتر و کوشتنی زیاتر ئه‌ندامانی په‌که‌که‌، ناتوانین پاشه‌کشه‌ به‌و ڕێکخراوه‌ بکه‌ین.

شاڕه‌گی مانه‌وه‌ی په‌که‌که‌، په‌یوه‌ندی به‌و خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ ناوچه‌که‌ پشتگیری لێده‌که‌ن.

گرێ پووچکه‌، ئه‌و گه‌نجانه‌ن که‌ به‌رده‌وام ڕوو له‌چیاکان ده‌که‌ن، ئه‌و هه‌زاران مرۆڤانه‌ن که‌ چاوه‌ڕێی ئاماژه‌یه‌کن بۆ ئه‌وه‌ی بڕژێنه‌ کۆڵانه‌کانه‌وه‌. که‌ی ئه‌و شاڕه‌گه‌ بڕدرا، گرێکه‌ش ده‌کرێته‌وه‌.

ڕێگه‌ی ئه‌مه‌ش، به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌نگاوی بوێرانه‌یه‌ له‌ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورددا.

ده‌وڵه‌تی کۆماری تورکیا، به‌گشتی گرنگی به‌ تێکۆشان دژی تیرۆر داوه‌. به‌رده‌وام له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و لۆژیکه‌دا جوڵاوه‌ته‌وه‌ که‌ “با په‌که‌که‌ له‌ناو ببرێ، ئینجا سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد هه‌نگاو ده‌نێین. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ملکه‌چ ده‌بین.' جگه‌ له‌مه‌، تێکۆشانی چه‌کداری، زۆر ئاسانتره‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ت. چونکه‌ ده‌نگه‌کان له‌ده‌ست نادا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی گه‌ش ده‌کا، جه‌ماوه‌ری ده‌بێ. شێوازێکه‌ له‌ تێکۆشان که‌ تیایدا ڕیسک که‌مه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌رکه‌وتۆته‌ مه‌یدان که‌ ئه‌م شێوازه‌ ئه‌نجامی چاوه‌ڕوانکراوی نابێت.

ئێستا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئیتر ڕێبازی ئه‌سته‌م تر و سیاسیانه‌ بگیرێته‌ به‌ر، ئه‌و ڕێبازانه‌ی لایه‌نی ڕیسک تێیاندا زۆرتره‌، ته‌نیا لایه‌نی ئه‌منی نه‌گرینه‌ به‌رچاو و ده‌بێ هه‌نگاوی بوێرانه‌ له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد به‌رز بکرێنه‌وه‌.

کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ ژیانی ئه‌و مرۆڤانه‌ بگۆڕدرێ که‌ پشتیوانی له‌ په‌که‌که‌ ده‌که‌ن.

کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ که‌شوهه‌وایه‌ک بخوڵقێ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجه‌کان ڕوو له‌ چیا نه‌که‌ن و له‌بری ئه‌مه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بمێننه‌وه‌ و بخوێنن و بچنه‌ سه‌ر ئیش و نیشان بدرێ که‌ ئه‌مه‌ باشتره‌.

کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ پێشوازی له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و میلیۆن مرۆڤانه‌ بکرێ که‌ پشتگیری له‌ په‌که‌که‌ ده‌که‌ن و هێنده‌ی تورکه‌کان، هه‌ست به‌وه‌ بکه‌ن که‌ ئه‌وانیش له‌ ڕیزی خاوه‌نانی ئه‌م وڵاته‌ دان.

کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ سه‌رجه‌م ده‌رگاکانی سیاسه‌ت له‌ سه‌ر هاووڵاتیانی به‌ڕه‌گه‌ز کوردمان بکرێنه‌وه‌، وه‌ک مرۆڤ حسابیان بۆ بکرێ و به‌ به‌رده‌نگ وه‌ربگیرێن.

کاتی ئه‌وه‌یه‌ چاوپۆشی نه‌که‌ین له‌ کاریگه‌ریی ئۆجه‌لان.

پرسی کوردیش، له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا چاره‌سه‌ر نابێ.

مه‌حاڵیشه‌ پشێوازی له‌سه‌رجه‌م داخوازییه‌کان بکرێ.

به‌ڵام، هه‌نگاوی وا ده‌نرێن که‌ هاووڵاتیانی به‌ڕه‌گه‌ز کوردمان، به‌و قه‌ناعه‌ته‌ ده‌گه‌ن هه‌ندێک گۆڕانکاری ده‌ستیان پێکردوه‌ و ئیتر تیرۆری په‌که‌که‌ پێویست ناکات.

توانه‌وه‌ی په‌که‌که‌ ته‌نیا به‌و شێوه‌یه‌ ده‌لوێ.

دیاره‌ ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌و گۆڕانکارییانه‌ بکه‌ن، چه‌که‌کان وازیان لێ ده‌هێنرێ و له‌بری تیرۆر، ده‌ست به‌ سیاسه‌ت ده‌کرێ.

ئه‌مه‌یه‌ ڕێگه‌ چاره‌.

ئیتر کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ واز له‌ خاپاندنی خۆمان بێنین.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی 'پۆستا'

لە سەر پیتی /î/ ناسنامە بە مناڵێکی کورد نادرێ

سیتاڤ و ورچەکەی

بنەماڵەیەکی کوردی دانیشتووی زوریخ، ویستوویانە لەگەڵ مناڵێکی تازە لەدایکبوو بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، بەڵام باڵوێزخانەی تورکیا ئامادە نەبووە پێناس و بەڵگەی سەفەر بە مناڵەکەیان بدات. هۆکارەکەشی بوونی چوکڵەیەک لە سەر پیتێکی ناوەکەی بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٧ی ئۆکتۆبر)، میدیاکانی سوییس بە سەرسوڕمانەوە ئەو هەواڵەیان گواستەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە نەدانی پێناس بۆ مناڵەکە لە کاتێکدایە کە حکومەتی تورکیا چەند هەفتە لەوە پێش ڕایگەیاندبوو کە قەدەغەی سەر پیتەکانی کوردی هەڵدەگرێ.

رۆژنامەی (Tages-Anzeiger) بڵاوی کردەوە: چەند هەفتە لەمەوبەر کوڕێک بە ناوی "Sîtav" (سێبەر و تاو) لە بنەماڵەیەکی کورد چاوی بە ژیان هەڵێناوە. دایک و باوکی ویستویانە بیبەنەوە بۆ تورکیا و نیشانی کەس و کاری خۆیانی بدەن، بەڵام کاربەدەستە دیپلۆماسییەکانی تورک پاسپۆرتیان بەو مناڵە ساوایە نەداوە. تەنیا بە هۆی ئەوەی پیتی "î" لە ناوەکەیدا بەکار هاتووە.

باڵوێزخانەی تورکیا بە دایک و بابی سیتاڤی ڕاگەیاندوە "بە پێی یاسا ئێوە دەبێ ناوێکی تورکی لە مناڵەکەتان بنێن، نەک ناوێکی کوردی."

رۆژنامەی ئاماژەپێکراو دەنووسێ: پیتەکانی و، خ، ق لە یاسای تورکیادا ڕێگە پێنەدراون، هەروەها هەندێک هێمای تایبەت کە لە ئەلفوبێی فەڕەنسییەوە وەرگیراون و لە ڕێنووسی کوردیدا بەکار دێن.

دایکی ئەو مناڵە دەڵێ ناوی کوڕەکەیان بە کوردی بەمجۆرە دەنووسرێ و ئەگەر بێت و بە تورکی و بێ شەپقە بنووسرێ، ئەوا ماناکەی لە دەست دەدا. بەڵام کاربەدەستانی باڵوێزخانەی تورکیا بەمە قایل نەبوون و گوتویانە "ئێوە دەبێ ناوێکی تورکی لە سەر مناڵەکەتان بنێن. ئەلفوبێی کوردی قەدەغەیە. ئەگەر ڕێز لە یاسا نەگرن، پاسپۆرتتان پێ نادرێ."

دایک و بابی مناڵەکە کە لە ناوچەیەکی نزیک زوریخ دەژین، ڕازی نەبوون ناوی کۆرپەکەیان بگۆڕن و تەنانەت هەوڵیان داوە پەیوەندی بە وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە بگرن، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

باڵوێزی تورکیا لە زوریخ بەو ڕۆژنامە ئاڵمانی زمانەی چاپی سوییسی گوتوە لە تورکیدا پیتی "î" بوونی نییە، تەنیا "â" و "û" هەن کە ئەوانیش لە عەرەبی و فارسی وەرگیراون. هەروەها گوتویەتی "ئێستا ناوی ئەو مناڵە ناکرێ بەو شێوەیە بێ کە دایک و باوکی دەیانەوێ. ئێمە لەو ڕوەوە هیچمان لەدەست نایە. لە باشترین حاڵەتدا دەکرێ مەسەلەکە بدرێ بە دادگا."

نیگەرانی دایک و باوکی سیتاڤ هەر بەوە کۆتایی نایە. مەسەلە تەنیا سەفەری تورکیا نییە. بۆ ئەوەی وەزارەتی کۆچبەرانی سوییس مافی نیشتەجێ بوون بدا بە مناڵەکەیان، پێویستیان بە پاسپۆرتی خۆیانە. شتێک کە ئێستا نیانە و بە بۆچوونی باوکی سیتاڤ ئەمەش هەڵاواردنێکی تری تورکیایە دژ بە کوردەکان. ئەو ئێستا بە نیازە پارێزەرێک بگرێ.

شایانی باسە کۆتایی مانگی سێپتامبری ڕابردوو، سەرۆک وەزیری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ڕاگەیاندنی "پاکەتی دیموکراسی"، مزگێنی هەندێک ڕیفۆرمی سیاسی دابوو. بەم پێیە، کەمینەکانی تورکیا، بە کوردیشەوە، مافی زیاتریان دەبێ و دەتوانن بە زمانی خۆیان بنووسن و بخوێننەوە. ئەردۆغان گوتبووی لە ناوچە کوردنشینەکاندا دەکرێ ناوی کوردی بەکار بهێنرێن و زمانی کوردی لە قوتابخانە تایبەتەکاندا بخوێنرێ.

ئەردۆغان ئەوەشی ڕاگەیاندبوو کە یاسای ساڵی ١٩٢٨ سەبارەت بە قەدەغەکردنی پیتەکانی ق، و و خ هەڵدەوەشێتەوە و کوردەکان دەتوانن بەکارێ بێنن. کۆمەڵگەی کورد لە تورکیا پێی وایە ئەو هەنگاوانەی ئەردۆغان بەس نین و دەیانەوێ زمانی کوردی لە سەرجەم خوێندگاکان بخوێنرێ. ئەوان هەروەها دەیانەوێ دەوڵەتی تورکیا دان بە پێناس و سەرجەم مافەکانیان دابنێ.

۱۳۹۲/۰۶/۲۱

کوردەکان، سووریا و تورکیا لە وتوێژێکدا لەگەڵ عەبباس وەلی



ئەجە کۆچاک - بیانەت
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر عەبباس وەلی، مامۆستا لە بەشی سۆسیۆلۆژی زانکۆی بۆغازیچی، سەبارەت بە پرسی سووریا کە لە ڕۆژەڤی سیاسەتی دونیا دایە، قسەمان کرد. دکتۆر وەلی ئاماژەی بە گەلێک بابەتی وەک ڕەوشی ڕۆژئاوا، بڕیاری دواخستنی دەستێوەردانی سەربازیی ئۆباما و بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە لایەن سووریاوە دا و پێی وایە تورکیا لە سیاسەتی دەرەکیدا لە مەڕ سووریا سەرکەوتوو نەبووە.
عەبباس وەلی پێی وایە پێشگرتن لە دەستێوەردانێکی سەربازی هەمەلایەنە، پەیوەندیی بە دانوستانی کاریگەر لەگەڵ ڕووسیا و ئێرانەوە هەیە. ئەگەر هەموو لایەنەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیان و بەر لە بڕیاری یەکلایی کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگەنە ئەنجامێک، ئەوا دەستێوەردانی سەربازی برەوی نامێنێ و کێشەکە چارەسەر دەبێ.

کام بەشی کێشەکانی سووریا لە بەر چاوی میدیای نێونەتەوەیی یاخود میدیای تورک ونە؟ دەبێ چ شتێک سەبارەت بە سووریا بزانین کە لە میدیادا ڕەنگ ناداتەوە و نابینرێ؟

چەند هەفتە لەمەوپێش لە لەندەن بووم و بە سەرنجێکی زیاترەوە ئەو سەرچاوانەم شۆپاند کە دەتوانین وەک میدیای نێونەتەوەیی باسیان لێوە بکەین. خاڵی هەرە سەرنج ڕاکێش بەلامەوە ئەوە بوو کە گرنگییەکی کەم بە کێشەی کورد لە سووریا دەدەن. کێشەی سووریا لە لایەن میدیای نێونەتەوەییەوە، وەک ململانێی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن و حکومەتی ئەسەد، سەیر کراوە. لە کاتێکدا ئۆپۆزۆسیۆن لە نێو خۆیدا، هەڵگری ناکۆکیی گەورەی سیاسی و ئایدیۆلۆژییە.
سەبارەت بە ویست و ڕێبازە گشتییەکانیش جیاوازی هەیە. هیچ مشتومڕێک لە سەر وردەکارییەکانی پەیوەندیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچە کوردییەکان لە ئارادا نییە. تەنانەت دوابەدوای یەکەمین شەپۆلی توندوتیژییەکانی [بەرەی] نوسرە دژ بە گەلی کورد، سەیری هەندێک ڕۆژنامەی وەک "گاردیەن"م کرد و ئەم ڕووداوە، ڕەنگدانەوەیەکی کەمی هەبوو. هەڵاواردنی ئەتنیکی لە سووریا پشتگوێ دەخرێ؛ تەنیا داخوازی و کردەوەی سەلەفەییەکان، ئیخەوان موسلیمن و سوپای ئازادی سووریا سەرنج ڕادەکێشن. ئەوەندەی تا ئێستا سەرنجم دابێ کوردەکان لە بازنە دانین.
ئەگەر ئاوڕ لە میدیای تورکیش بدەینەوە، مخابن دەبینین کە لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە، کێشەی کورد لە سووریا شی دەکاتەوە. سنوورەکان و پارامێتری کێشەی کورد لە سووریا، بە گوێرەی کێشەی کورد لە تورکیا وێنا دەکا. پێموایە ئەوە درێژەی ئەو سیاسەتەیە کە حکومەتی تورکیا بەم دواییانە گرتویەتیە بەر.
ئەگەڕ بڕواننە هەژدە مانگی دوایی، دەبینن سیاسەتی حکومەتی تورکیا، نەخاسمە لە کۆبوونەوەی جۆراوجۆر لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو، پشتی بە دەرهاویشتنی ئۆپۆزۆسیۆنی کورد یاخود ماڕژیناڵیزە کردنی بەستووە. هەوڵێک هەبووە بۆ پێشگرتن لە دەستەبەرکردنی ستراتژی یاخود جێبەجێکردنی خۆسەریی لە لایەن کوردەکانەوە. ئەمە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بووە و پێموایە قازانجێکی ئەوتۆی نەبووە. تەنانەت بەم هۆیەش، پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، ڕێگەی خۆی گرتە بەر و لە هەوڵدان بۆ ئاواکردنی ناوچەیەکی بەرینی مانۆڕدان سەرکەوتنی بەدەست هێنا. کاتێک حکومەتی تورکیا هەستی بەوە کرد سیاسەتەکانی دەرئەنجامی بەراوەژووی هەیە، سەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلمیان بە مەبەستی دانوستان بۆ تورکیا بانگهێشت کرد، بەڵام بە ڕای من، ئێستا ساڵح موسلیم لە چاو هەژدە مانگ لەوە پێش لە دۆخێکی زۆر بەهێزتر دایە.
سەرباری ئەزموونی سیاسیی بەرفراونی حکومەتی تورکیا لە مەڕ پەیوەندی لەگەڵ کوردستانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم، سیاسەتەکانی دەوڵەت سەبارەت بە دانوستانی نێوان کوردستانی عێراق و تورکیا، بەردەوام لە چوارچێوەی پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ پەکەکەدا پێشکەوتوون. ئەم هەڵەیە لە سووریاش ڕووی دایەوە و پێموایە ئەحمەد داودئۆغڵو هەستی بەوە کرد کە هەڵەیەکی گەورەیە. وەک دەرئەنجام ئێستا حکومەت تاسەباری مەسەلەی دەستێوەردانی سەربازییە. دەتوانم بڵێم میدیای تورکیش تا ئێستە، لەسەر ئەم ڕێبازە هەواڵی داڕشتووە. زۆر لە سەر پەیوەندیی نێوان پەیەدە و پەکەکە ڕۆیشتن. لە پاڵ ئەمەدا، بایەخێکی کەمیان بە پێکهاتەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی عەڕەبی دژ بە سووریا دا. بۆی هەیە ئیخەوان ئەلموسلمین ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشبینییە سیاسییەکانی تورک و ڕوانگەیان بۆ سووریا هەبووبێ و لەم ڕوەوە کاریگەریی دانابێ. میدیا گرنگی بە چی دابێ یان هەوڵی پەراوێزخستن و مارژیناڵ کردنی هەر شتێکی دابێ، پەیوەندیەکی چڕی بەو داهاتووەوە هەبوو کە بۆ سووریا وێنا کرابوو. بە ڕای من ئیتر ئەو وێناکردنە دەبێ بگۆڕدرێ، بگرە لەوانەیە گۆڕدرابێ. هێز و ڕەوشی نوێ دێنە ئاراوە کە بمانەوێ و نەمانەوێ سەرنجمان ڕادەکێشن.
وەک دوا خاڵ پێویستە ئەوەش بڵێم کە بە ئیرادەی دەوڵەت، تا ئێستا کێشەی سووریا، بەردەوام بە پرسگەلی مرۆڤدۆستانە بەستراوەتەوە و نیشان دراوە. ئەگەر لە پشت ئەم کێشەیە، بە پەیوەندیی هێزە سیاسیەکانیشەوە، گفتوگۆی ژیرانە، هاوسەنگ و پێواندار بەڕێوە چووبان، هەرگیز کوڕەو و قەتڵوعامی هۆڤانە نەدەبوونە سەرباسی میدیاکان. 

لە وەڵامەکەتاندا باسی ئەوەتان کرد کە کێشەی کورد لە بەر چاو نەگیراوە. ئەم پرسیارەم لەم چوارچێوەیەدا، پەیوەندی بە کوردستانی سووریا واتە ڕۆژئاواوە هەیە. لە سەرچاوەکانی میدیای ئاڵتەرناتیڤی تورکیا، هەواڵی ئەنجامدانی قەتڵوعامی سامناک لە ڕۆژئاوا بڵاو بۆوە. ڕۆژئاوا چۆن هاتە ئەو قۆناغەی ئێستا؟ بایەخی مێژوویی ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی سووریادا بە چ شێوەیەکە و چۆن دەڕواننە پەیوەندی ڕۆژئاوا لەگەڵ ناوچەکانی تری سووریا؟ لە هەمووی گرنگتر، چۆن ئایندەیەک بۆ ڕۆژئاوا دێننە بەرچاو؟ ئاخۆ هەلومەرجی ئێستا ئیزن دەدا ڕۆژئاوا ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، چۆن ستاتوسێکی دەبێ و چارەنووسی ڕۆژئاوا، چ کاریگەرییەکی لە سەر دانیشتوانی کوردی تورکیا دەبێ؟

ئەگەر بمانەوێ بە زمانێکی سیاسی بدوێین، بە ڕای من ڕۆژئاوا شانسی دەستەبەرکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ و دەسەڵاتداری نییە. ئەو شانسەی نییە و هەروەها بە ڕای من مەبەستیشی ئەوە نییە ئەو ڕێگەیە بگرێتە بەر؛ ئەگەر سەیری سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکەین کە پەیەدەش پارچەیەکە لەو، دەبینین باسێک لە چوارچێوەی سەربەخۆییدا نەهاتۆتە ئاراوە. بەڵام ئەگەرێکی زۆر بە هێزە لە ڕۆژئاواش ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی وەک کوردستانی عێراق دابمەزرێ.
فاکتۆرگەلی سیاسیی گرنگ هەن کە پێویستە لە بەر چاو بگیرێن. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لە ئەنجامی قەیرانی سووریادا، ڕژێمی ئەسەد چی بە سەر دێ و ئەم ئەنجامانە بە گشتی بۆ سووریا چ واتایەکی دەبێ؟ ئاخۆ سووریا بە سەر ناوچەی جیا جیادا دابەش دەبێ؟ ئەگەر هێزەکانی حزبوڵڵا، ئێران، برایانی موسڵمان و سعودیە ناوچەی گرێدراوی خۆیان ڕابگەیەنن، لەوانەیە کوردیش شنەی ئەم ئاڵوگۆڕانەی بەر کەوێ.
ئەگەر بڕوانینە ئەو کێشانەی لە چاوەڕوانی پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی کورد لە ناوچەکە دان، دەبینین گرنگترینیان دەوڵەتی تورکە کە بە سوپایەکی گەورەوە لە سەر سنوور چاوەڕێ دەکا و بیر لە ڕووداوەکانی مارسی ٢٠٠٣ی عێراق دەکاتەوە. ئەگەر بێت و ڕەوشێکی هاوشێوە بێتە ئاراوە، تورکیا نایەوێ هەڵەی دەستێوەرنەدانی ئەودیو سنوور دووبارە بکاتەوە. پێموایە هەڵەی ٢٠٠٣ زۆر قورس لە سەریان کەوت. هەرچەند بڕیارێک بە دڵی چالاکانی دژی شەڕ و مرۆڤە ئاشتیخوازەکانیش بووبێ، بەڵام لە ڕوانگەی واقعی سیاسییەوە بە زیانی تورکیا تەواو بوو و نایەوێ ئەمە دووپات بێتەوە.
ئەگەر تورکیا بکەوێتە سووریاوە، یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی، ئاستەنگ نانەوە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی خۆسەر لە ڕۆژئاوا دەبێ. هەڵبەت دیارە تورکیا لە پێناو نەهێشتنی ئەم ئەگەرە، ڕێگەی جۆراوجۆر تاقی دەکاتەوە. تورکیا لەگەڵ بەڕیوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی هەیە و لە هەمووی گرنگتر، تورکیا، هەرێمی کوردستان لە سووریا وەک هێزی وەکیل بەکار دێنێ. بە بۆچوونی من، بەکارهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک هێزی وەکیل، بەر لە دەستێوەردانێکی سەربازی، مەیدان بۆ چالاکیی سیاسی خۆش دەکا و لەو مەیدانەدا پەیەدە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەونە ململانێیەوە. تاکوو ئێستا پەیەدە زاڵە و ڕێگەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەداوە ببێتە هێزێکی ململانێ.
لەم ڕووەوە، ئیتر زۆر شت پەیوەندیی بە وێناکردن و نەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە وەک هێزی وەکیل. لە مەڕ ناوچەی کورد لە سووریا، فاکتۆرێکی سیاسی تر دێتە گۆڕێ کە کارتێکەری گرنگی دەبێ. پێشهاتی نوێ کە لە سیاسەتی کوردیدا زۆریش شاراوە نییە و تا دێ بەرچاوتر دەبێ، ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکەیە. ئەم ململانێیە، ئەنجامی زۆر گرنگی بۆ ناوچەکە دەبێ. ئێستا تورکیا هەموو شتێک لەپێناو پاوانخوازی خۆیدا بەکار دێنێ، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆیە وەک هێزی وەکیل بە کار دێنێ تاکوو پێش بەوە بگرێ پەیەدە بەڕێوەبەرایەتی هەموو ناوچەکە بگرێتە دەست و هەروەها لە داهاتووی سووریادا باندۆڕی هەبێ.
کێشەکە لایەنێکی ئابووریشی هەیە. ئەگەر لە کێشەی نێوان [بەرەی] نوسرا و پەیەدە ورد بینەوە، دەبینین کە ئەم کێشەیە لە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە نەوتییەکان چڕ بۆتەوە. پەیەدە بە شێوەیەکی جدیتر هەوڵی دەست بە سەر داگرتن و بەڕێوەبردنی کانە نەوتییەکان دەدا؛ ئەگەر ئەمە بێتە دێ، بۆ ستراتژییەکانی لایەنی تورک دەبێتە مۆتەکە. ئەو ناوچانەی چاوگەی ئابووری پێویستیان بۆ دامەزراندنی خۆسەری هەبێ، دەبنە خاوەنی پۆزۆسیۆنێکی زۆر پتەو. ئەگەر هێزی پێویستی ئابووریت نەبێ، ئەوا وابەستەی لایەنەکانی دەوروبەر دەبی. پێموایە پەیەدە تا ئێستا ئەگەر هەموو ئەو مەیدانانەشی نەگرتبێتە دەست، توانیویەتی بەشێکی زۆریان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
ئەگەر جەنگ دەست پێ بکا و ئەمریکییەکان، نموونەی باڵکان دووبارە بکەنەوە و بە مەبەستی لاوازکردن ئەسەد 'بکوتن'، ئەوا هێزی سەربازی ئەسەد زەبری وێ دەکەوێ و بۆی هەیە ڕژێم بڕووخێ. لەم دۆخەدا، پەیەدە هێزەکانی خورت تر و سەقامگیرتر دەکا. حکومەتی ئاکەپە لە بەر ئەم هۆکارە مەیلێکی زۆری بۆ دەستێوەردانی سەربازی هەیە.
لەم ڕوانگەوە، لەوانەیە زۆربەی قسەکانم سپۆکۆلاتیڤ بن، چونکە تا ئەم ساتەش نازانین ستراتژییە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بە چ شێوەیەک دەبێ.

کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عێراقی داگیر کرد، پەکەکە زۆر قازانجی لەم داگیرکردنە بینی. چونکە وەک دەڵێن لە ژێر سایەی داگیرکردنی عێراقدا، لە سەر سنووری تورکیا - عێراق، ئاسانتر دەستی بە چەک و هێزی مرۆیی و ئاڵوگۆڕپێکردنیان ڕاگەیشت. ئەوەندەی من تێگەیشتنم، ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا بکرێ، پێتان وایە بە هۆی ڕۆژئاواوە هەمان ئاکام دێنە دی. ئایسەل توغڵوک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک و نوێنەر پەرلەمانی وان-یش، لە وتاری ڕۆژی یەکی سێپتامبریدا، ئاماژەی بەوە کرد سەرۆک وەزیر ئەردۆغان دەیەوێ ڕۆژئاوا داگیر بکا و بەم هۆیە، پشتیوانیی لە دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا دەکا. ئێوە لەگەڵ ئەم نەرینەدا هاوڕان؟

مەسەلە هاوڕا بوون یان هاوڕا نەبوون نییە؛ بە بۆچوونی من، لە ڕوانگەی تورکیاوە ئەمە وەک ستراتژی زۆر ژیرانەیە. سیاسەتمەدار و ستراتژیستەکانی تورک ئەمە بە مەترسییەکی گەورە دەزانن. گومان لەوەدا نییە کە تورکیا دەیەوێ لەوێ کاریگەری هەبێ.

دەستێوەردانی سەربازی تورکیا لە سووریا، دەتوانێ چ بەرژەوەندی تری بۆ کێشەی کورد هەبێ؟

من پێموایە سیاسەتەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - هەر بە تەنیا من وا ناڵێم، بەڵکوو ئەمە بۆچوونی ڕۆژنامەکانیشتانە - بە جۆرێک لە جۆرەکان زۆر ناسەرکەوتوو بووە. نموونەی ئەم سەرنەکەوتنەمان لە میسر و فەلەستین بینی. بینیمان دانوستانەکانی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل ڕادیکاڵ تر بوون و ڕووبەڕووی نسکۆیەکی مەزن بوونەوە. ئیسرائیلییەکان ناسازشکارانە هەڵسوکەوتیان کرد؛ حەماس و گرووپە ڕادیکاڵەکانی دی وە جموجوڵ کەوتن. لە هەلومەرجی ئێستادا، ئەم گرووپانە مەیلەو ئێرانن. یانی ڕووکردنی ئەم گرووپانە لە ئێران، دێتە ئەو واتایەی کە هیواکانی تورکیا لە مەڕ فەلەستین بە هەڵپەسێردراوی مانەوە. ئیسرائیل هیچ هاوکارییەکی نەکرد، بیناسازی لە فەلەستین ڕانەگرت و ئەمەش بوو بە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم ئاشتی.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر تەنانەت چاوپۆشی لە کێشەی کوردیش بکەین، تورکیا دەیەوێ لە سەر شێوازی حکومەتی داهاتووی سووریا خاوەن قسە بێ. پێشبینی کردنی ئەوەی تورکیا چی گەرەکە، زۆر ئەستەم نییە؛ ڕژێمێک کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان و سوپا و برایانی موسڵمان بەڕێوەی بەرن و لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیش پێک بێ بۆ ئەوەی عەلەوییەکانی سووریا مارژیناڵ بکا.
ئێستا فیکری هاوبەشی تورکیا و عەرەبستانی سعوودی ئەوەیە کە سوریا نەبێتە عێراقی دووهەم. فاکتۆرێکی تر کە تورکیا و عەرەبستانی سعودی لێک گرێداوە، ئەوەیە هەر دوو لا خوازیاری پێکهاتنن لە سەر ڕێککەوتنێک کە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا لاواز و کەمڕەنگ بکاتەوە. تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و ئۆردۆن، ئاواتەخوازی ئەوەن ئێران کاریگەریی کەم ببێتەوە. لە وەها ڕەوشێکدا، دیاردەی سووریا سەر لە نوێ شانسێکی تر بە وە گەڕ کەوتنەوەی سیاسەتەکانی تورکیا دەدا. ئەمڕۆکە بۆ وڵاتانی وەک تورکیا، عەرەبستانی سعوودی، میسر و ئۆردۆن هەلی بەرژوەندییەکی مەزن لە ئارا دایە بۆ ئەوەی لە سەر خاڵێکی دیاریکراو یەک بگرن. ئەم هەلومەرجە لەوانەیە سیاسەتە لاوازە دەرەکییەکانی تورکیا ببوژێنێتەوە.
پێموایە لە هیچ کەس شاراوە نییە کە لاساری تورکیا لە مەڕ پێشهاتەکانی میسر و داننەنان بە ئاکامەکانی ئەم پێشهاتانە، هەرچەند وەک هەڵوێستێکی ئەخلاقی جێگەی پەسند سەیر کرابێ، بە لە بەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی ناوچەکە، سیاسەتێکی خراپ بوو. ئەوەندەی من بزانم ڕۆژنامەنووسە ناسراوەکانتان، پێشنیاریان بە حکومەتی تورک کرد سنوورێک بۆ شێوازی شەڕەنگێزانە و ڕەخنە قورسەکانی بەرامبەر بە سووپا دابنێ. بەمجۆرە ئەگەر تورکیا بە هەندێک لەو ئامانجانە بگا کە بۆ سووریا دایناون ئەگەرچی ئەوە شتێک نییە لە چاوتروکانێکدا بێتە دی، بە مەبەستی گۆڕینی هەڵوێستی سیاسی خۆی، هەلێکی لەباری ڕەخساندووە.
بە گشتی دەگوترێ سیاسەتی دەرەکی، بە شێوەیەک لە شێوەکان درێژەدەری ناوەڕۆک و چییەتی سیاسەتی نێوخۆییە، ئەمە تا ڕادەیەک ڕاستە. لە تورکیادا ئەمە دەبینین. بە ڕای من هۆکاری چەقبەستوویی و ناسەرکەوتوویی سیاسەتی دەرەکیی حکومەتی تورکیا لە ڕۆژی ئەمڕۆدا، ئۆپۆزۆسیۆنی لاوازی نێوخۆیە. ئۆپۆزۆسیۆنی نێو مەجلیس و سەرجەم پارتەکانی تری دەرەوەی ئاکەپە، بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بێ کاریگەر ماونەتەوە. حکومەتیان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بانگهێشت نەکرد، گوشاریان بۆ نەهێنا، لە سیاسەتەکانیاندا نەیانتوانی سەر لە نوێ هاوسەنگی و پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوخۆی وڵات دابڕێژنەوە. لە پێڤاژۆی سیاسی - دیموکراتیکدا، ئۆپۆزۆسیۆنی لاواز بۆ سیاسەتی دەرەکی باش نییە.

ئەگەر ڕژێمی ئەسەد بڕووخێ، جا چ بە دەستێوەردانی سەربازی بێ یان بە شێوەی تر، لە سووریا شاهیدی چۆن ڕژێمێک دەبین؟ چۆن کەشوهەوایەکی سیاسی دەبێ؟ ئاخۆ سووریا وەکوو میسر لە ناو ناسەقامگیرییەکی سیاسیدا دەچەقێ؟

بێگومان دواخستنی بڕیاری دەستێوەردانی سیاسیی لە لایەن ئۆباما و چاوەڕێکردنی بڕیاری کۆنگرە، بۆ سیاسەتی نێوخۆیی ئەمریکاش گرنگ بوو، بەڵام شکی تێدا نییە کە هۆکارگەلی تریش هەن.
پێموایە ئەم بڕیارەی ئۆباما دەرفەتێکی زەمەنی بۆ دانوستانی هەستیاریی نێوان حکومەتەکان و ئەو هێزانەی نەیار ڕەخساند کە سەبارەت بە داهاتووی سووریا قسەیان پێیە. پێش بینی دەکەم ئێستا وتوێژی گرنگ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدرێن. لەوانەیە فەڕەنسییەکان لایەنێک و هەندێک دامودەزگای یەکێتی ئەوروپا لایەنی تر بن. گومان لەوەدا نییە کە ئەمریکییەکان لایەنێکی ئەم مەسەلەیەن. بیرۆکەی سەرەکی ئەوەیە بەر لە هەر چەشنە موداخلەیەکی سەربازی ڕووسەکان و ئێرانییەکان بەوە قایل بکرێن کە ئەسەد دەبێ بڕوا. ئامانجی ئەم دیپلۆماسییە شاراوەیە بێگومان هەر ئەمەیە. فەڕەنسییەکان زۆر ڕاشکاوانە باسی دەکەن، کەچی هەڵوێستی ئەمریکییەکان هەندێک جیاوازە. بەڵام ئاخۆ پێویست بە دەستێوەردان و زەبری سەربازی دەکا ئەگەر بێت و تەنانەت ئەسەدیش بڕوا؟ دواجار گۆیا دەزگای هەواڵگری ئاڵمانیا تۆمارێکی دەنگی باڵوێزێکی ئێرانی و ئەندامێکی حزبوڵڵای دەست کەوتووە. لەم گفتوگۆیەدا، باس لەوە دەکرێ کە ئەسەد ئەقڵی لە دەست داوە، بۆیە فەرمانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی داوە و ئەم فەرمانە هەڵەیەکی گەورە بوو. ئەمڕۆ لە هەواڵەکاندا ئەوەم خوێندەوە. ئەگەر ئەمە ڕاست بێ و ئەگەر ڕەفسەنجانی یەکێک لە کارەکتەرە گرنگەکانی ڕژێمی ئێران ڕاشکاوانە باسی ئەوەی بکا ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، ئەوا نیشان دەدا ئێران سەبارەت بە سووریا، تێڕوانینێکی یەکدەست و تایبەتی نییە.
کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ١٠-١١ی سێپتامبر گفتوگۆ لە سەر ئەم مژارە دەکا. تا ئەوکات هەفتەیەکمان لە بەر دەمە و بە پێی سیاسەت بێ، هەفتەیەک ماوەیەکی زۆرە. ئەگەر لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، ڕووسەکان و ئیرانییەکان لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا قایل بکرێن، بۆی هەیە دەستێوەردانی سەربازی ئاڕاستەکەی بگۆڕدرێ و ئەم بژاردەیە وە لاوە بنرێ. لەوانەیە بێ بوونی ئەسەد، ڕژێمێکی ئەڵتەرناتیف بە بەڕێوەبەرایەتی ئەو بەشە لە سوپا و هێزە ئەمنییەکان دابمەزرێ کە 'پاکژ ماونەتەوە'.
هەڵبەت لەوانەیە ئەم ڕێگەچارەیە دوابەدوای دەستێوەردانی سەربازیش بێتە گۆڕێ. پێموایە سەرکەوتنی چالاکییە سیاسییەکانی حەماس، بەر لە بڕیاری کۆنگرە، دەتوانێ هۆکارێکی گرنگ بێ. لە داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە. بە ڕای من تورکیا ئێستا نایەوێ وەها پێشهاتێک بێتە ئاراوە، چونکە تورکیا دەیەوێ دەستێوەردانێکی سەربازی بکرێ.

ئاماژەتان بە تۆمارێکی دەنگی کرد کە گۆیا گوتراوە ئەسەد ئەقڵی لە دەست داوە ئەگینا فەرمانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەدەدا. دەمەوێ بیروبۆچوونی ئێوە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بزانم. ئاخۆ بڕواتان وایە ڕژێمی ئەسەد چەکی کۆمەڵکوژی کیمیایی دژ بە خەڵکی سڤیل بەکار هێنابێ؟ ئاخۆ کەشوهەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای سووریا لە ڕەوشێکی وا دایە وەها بڕیارێک بدا؟

بڕوانن، بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان بابەتێکە کە لە نێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا لە مێژە بە توندی شەرمەزار کراوە. بەکارهێنانی پێشێلکردنی یاسایە. بەکارهێنانی بەرچاوی ئەم چەکانە تەنانەت لە کاتی شەڕدا، ئەنجامی حیسابی هەڵەی جددیە. لەگەڵ ئەمەشدا، بۆی هەیە سیاسەتمەدارن لە هەلومەرجی سامناکدا بڕیارگەلی سامناک بدەن.
سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کێمیایی، نموونەی هەرە بەرچاو عێراقە. بۆ یەکەمجار هاوکات لەگەڵ پێشڤەچوونی سوپای ئێران و پاشەکشەی سوپای عێراق بۆ ناو سنووری عێراق، ئەم چەکەی دژ بە سوپای ئیران بەکار هێنا. من پێموایە ڕۆژئاوا دەیزانی حکومەتی سەددام لە هەندێک ناوچەی دیاریکراو، چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، بەڵام پشتگوێیان دەخست. ئەمجارەیان دۆخەکە زۆر جیاوازە؛ گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی شام لەگەڵ مەیدانی جەنگی خاکی ئێران یان عێراق جیاوازی هەیە.
من لەو ڕوانگەوە سەیری ئەم بابەتە ناکەم کە "ئەسەد دەتوانێ یاخود ناتوانێ ئەم کارە بکا". سەیری لایەنی مرۆیی ئەسەدیش ناکەم. بەڵکو وەک ڕووخسارێکی سیاسی لێی دەڕوانم کە بە شێوەیەکی زۆر جدی تەنگاو بووە و بۆ ڕزگارکردنی ڕژێمی ئەسەد پێداگرە و بۆ ئەم مەبەستە، تاقیکردنەوەی هەموو ڕێگایەک ڕەوایە. بە بۆچوونی من، چەکی کیمیاییش دەکرێ یەکێک لەم ڕێگایانە بووبێ.
من ناڵێم حەتمەن وایە، بێگومان بەڵگەی سەلمێنراوم نییە. وەک بەڵگە تەنیا دەتوانم متمانە بەو نووسراوانە بکەم کە لە میدیاکاندا دەیانخوێنمەوە. پسپۆڕە ئاڵمانییەکان دەڵێن ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا، تەکنیکی پێویستیان بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نییە، ئەمە شتێکە دەکرێ لەبەر چاو بگیردرێ. فەڕەنسییەکانیش دەڵێن بەڵگەی سەلمێنراویان لە بەر دەست دایە کە ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە.
بۆ یەکەمجار دەبینین لە ئێرانیش جیاوازی بیروڕا هەیە. سەرۆککۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێران بەکارهێنانی چەکی کیمیایی مەحکووم دەکا، بەڵام لێدوانێکی ڕوون نادا سەبارەت بەوەی کێ ئەنجامی داوە. کارەکتەرێکی گرنگی وەک ڕەفسەنجانیش - لە دامەزرێنەرانی ڕژێمی ئیسلامی، هەڵبژێردراوی دوو خولی سەرۆککۆماری، کەسێکی کارتێکەر کە هەر لە کۆنەوە تا ئێستا پۆستی گرنگی هەبووە- ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنێ ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە. دواتر کە ئەم لێدوانە ڕەت کرایەوە، تازە کاریگەری سیاسیی خۆی دانابوو.
ئەگەر سەتاسەت دڵنیاش نەبین کە ڕژێمی ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، ئەوا هۆکار و بەڵگەی پێویست هەن. گرنگ نییە ئەم زانیارییانە ڕاستن یان نا، گرنگ ئەوەیە ئامانجی سیاسی ئەم زانیارییانە چ دەبێ و ئەم ئامانجانە خزمەت بە کێ دەکەن. ئەوەی ڕاستی بێ، ئێستا ڕۆژئاوا، سەبارەت بە چەکی کیمیایی لە سووریا، خاوەن بناغەیەکی ئەمن ترە لە چاو ئەوەی لە عێراق ڕووی دا. بەڵگەکانی عێراق، زۆر لاواز بوون، بەڵام ئەمریکا و بریتانیا لەمێژ بوو بڕیاری شەڕیان دابوو، تەنیا بە دووی پاساوێکدا دەگەڕان. ئێستا وەزعەکە زۆر جیاوازە.
تەنیا دەتوانم بڵێم هۆکار گەلێک زیاترە بۆ ئەوەی بڵێی ڕژێم چەکی کیمیایی بەکار هێناوە تا ئەوەی بانگەشە بکەی بە کاری نەهێناوە. نابێ تەنیا لە ڕوانگەی مرۆییەوە سەیری کەسانی وەک ئەسەد بکرێ. باسی سیاسەت و بەکارهێنانی هێزە لە پێناو بەرژەوەندی سیاسیدا.

ئێستاکە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە سووریا ڕادەکەن و پەنا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبەن. زۆربەیان بۆ تورکیا، لوبنان و ئوردۆن ڕادەکەن. جموجوڵی حەشیمەتی سووریا، لە درێژخایەندا چ ئەنجامێکی دەبێ؟ ناسنامەی ئەتنیکی و ئایینی پەنابەران، تا چەند کاریگەریی لە سەر ئەم کۆچانە دەبێ؟ بۆ نموونە هەواڵێک بڵاو بۆوە گۆیا بە هۆی ئەوەی نەیانویستووە کۆچبەرە عەلەوییەکان لە کەمپەکانی تورکیا بمێننەوە، ئەوان ناچار بوون لە دەرەوە بخەون.

پێموایە حەشیمەتی پەنابەران بە پێکهاتەی ئەتنیکی و ئایینیەوە، دوای ئەوەی بڕیاری دا بچێتە کوێ، کاریگەری وەردەگرێ. کوردەکان دەیانەوێ بچنە کوردستانی عێراق، عەلەوییەکان دێنە تورکیا، لەوانەشە هەندێک دەستە و گرووپ بچنە لوبنان یان ئۆردۆن. بە کورتی، دیارە ئەمە گرنگە، بەڵام من هیوادارم ئەم جێگوڕکێ کردنە کاتی بێ، چونکە هیچکام لەم وڵاتانە، نە تورکیا، نە کوردستانی عێراق، مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی نادەن بەو پەنابەرانە و ئەو هەستە بەوان نابەخشن کە لە ماڵی خۆیانن. ژیانیان هەرگیز وەک هی مەملەکەتی خۆیان نابێ.
ئەگەر سەبارەت بە سووریا ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە، بێگومان پەنابەران دەگەڕێنەوە. ماڵ و حاڵی خۆیان لە چ دۆخێکدا دەبیننەوە، ئەوەیان مژارێکی ترە. ئەگەرچی سەبارەت بە پەنابەرانی کورد زۆر دڵنیا نیم. دوای ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی لە لایەن تورکیاوە، دیار نییە لە ڕۆژئاوا چ ڕوو دەدا و لە درێژخایەندا ڕەوشی ئەوان بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە.

هەرکات توندوتیژییەکی هەمەلایەنە بێتە ڕۆژەڤەوە، چاوەڕوانی ئەوە دروست دەبێ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کاردانەوەی هەبێ و شەرمەزاری بکا. ئەم شەڕ و پێکدادانە، بە بێ دەستێوەردانی سەربازی چۆن چارەسەر دەکرێ؟ نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بەوە تاوانبار دەکرێ کە خۆی دوورەپەرێز دەگرێ. بەڕای ئێوە جموجوڵی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەبێ بە چ شێوەیەک بێ؟

کە دەڵێین نەتەوە یەکگرتووکان، لە ڕاستیدا باسی پێنج زلهێز دەکەین. لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، چین و ڕووسیا لە ڕاستای حیساب و بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەجووڵێنەوە. لە هەلومەرجی دیپلۆماتیکی ئێستادا، پێموایە سەر لە نوێ چاو بەم بەرژەوەندییانەدا دەخشێنرێتەوە. ڕووسەکان دوودڵن لەوەی چۆن کاردانەوەیەک نیشان بدەن؛ بەڵام پێموایە قایلکردنی چینەکان ئاسانترە.
ئەگەرچی بۆچوونی ڕووسەکان سەبارەت بە سووریا، وشک و توند دێنە بەر چاو، بەڵام ناکرێ باس لە بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی سەربازی یاخود ستراتژی بۆ ڕووسەکان بکرێ. زۆر کەس دەڵێن سووریا بنکەیەکی سەربازییە بۆ ڕووسەکان، لە کاتێکدا ئەم بنکە دەریاییە، مردوو و بێ بایەخە. بە ڕای من، ڕووسیا وەک کارتێک سووریا بەکار دێنێ. لە لایەکی ترەوە تا ئێستا ڕوون نییە ئەم کارتە بە چ ئامانجێک بەکار دێنێ. ئاخۆ داخوازییەکانی، قازانجێکی مادی زیاترە لەوەی سعودییەکان قەبوڵیان کردوە بیدەن یاخود شتی ترە؟
من ئاوا بیر دەکەمەوە؛ ئەگەر ڕووسەکان سەبارەت بە سووریا ڕێککەوتنێکیان پێکهێنابێ، ئەمە بۆ ئەو دانوستانە ناوکییانەی لەگەڵ ئێرانیش بەڕێوە دەچن، هەلێکی نوێ دەرەخسێنێ. بۆی هەیە ڕووسەکان بڵێن شتێکی ئاوایان گەرەکە، بەڵام دیار نییە ئەمریکییەکان ئامادەی ڕۆیشتن تا ئەو خاڵە هەن یان نا. سەبارەت بە ئێرانیش، هەڵوێستی ئەمریکا یان لە واتا گشتییەکەیدا ڕۆژئاوا و بە تایبەتی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بە ئێران دەگۆڕێ و نەرمتری دەکا. کۆدەنگییەک لە سەر مەسەلەی نزیکایەتییەکی نوێ لە هەمبەر پرسی ناوەکیی ئێران، شتێکە کە ئێران ئارەزووی دەکا. پێموایە ڕووسیاش ئەمەی گەرەکە. ئەم بابەتە لەوانەیە بەشێک لە دانوستانەکان و ڕۆژەڤی سیاسیی ئێستا پێک بێنێ و لەوانەشە نا. ڕووسیا، سووریا لە بەرژەوەندیی ستراتژییەکی درێژخایەن زیاتر، وەک کارتێک بۆ سات و سەودای گەورەکردنی هێزی خۆی بەکاری دێنێ. بەڵام نازانم بۆچی دەیەوێ سات و سەودا بکا.
هەروەک گوتم، کاتێک دەڵێین نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاستیدا باس لە دەستەی ئاسایش دەکەین. سات و سەودا لەوێش بەردەوام دەبێ بەڵام پێموانییە ئەمریکییەکان چاوەڕێی ئەو ساتەوەختە بکەن. ئەگەر مۆڵەت لە کۆنگرە وەربگرن -هەڵبەت نابێ لە بڕیارێکی ئەرێنیدا سەرمان سووڕ بمێنێ - لەم حاڵەتەدا، پێویستە بە دوو شێوە لە دەستێوەردانی سەربازی بڕوانین؛ ئەم دەستێوەردانە یان سزادان دەبێ یان ئیفلیجکەر. ئەگەر لە پشت پەردە سیاسەتێکی کاریگەر نەبێ، دەستێوەردانی سەربازی تا هیچ کوێ بڕ ناکا، هەروەک چۆن لە شەڕی کەنداودا بینیمان.
من گومانێکی ئەوتۆم نییە سەبارەت بە وەرگرتنی بڕیارێک لە کۆنگرە چونکە کۆماریخوازانی ئەمریکا لەمێژ بوو داخوازییەکی وەهایان لەم کۆنگرەیەدا هەبوو. سێناتۆر مەککین دوێنێ شەو لە سەر ئەم بابەتە قسەی کرد و لە سەر ئەوە نەدوا تا چەند لە دەستێوەردانی سەربازی ڕازییە یان بە پێچەوانەوە بەڵکو گرنگیی ئەوەی هێنایە گۆڕێ دەبێ گورزی گەورە لە سووریا بوەشێنرێ.
ئەگەر دەستێوەردان لە سووریا، پشتیوانێکی سەربازی نەبێ و زیاتر و زیاتر یارمەتی چەک و چۆڵ پێشکەش بە نەیارەکانی سووریا بکرێ، ئەمە کاریگەرییەکی بەو شێوەیەی نابێ. ئەگەر سەرنج لە قسەی سیاسەتمەدارانی ئەمریکا بۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە پاش دیداری دوێنێ شەویان لەگەڵ ئۆباما بدەین، هەموویان ئاشکرایان کرد کە دەستێوەردان دەکرێ و ئۆپۆزۆسیۆنیش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر یارمەتیی دەدرێ.
کێشەی سووریا لەمێژە ڕواڵەتی کێشەیەکی نێونەتەوەیی بە خۆوە گرتووە. هێزەکانی ناوچەکە نەیانتوانی کێشەکە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و سنوورە نەتەوەیی و ناوچەییەکانی تێپەڕاندوە. هێزە نێونەتەوەییەکانیش نەیانویست ڕاستەوخۆ ببن بە پارچەیەک لەو کێشەیە، بەڵام پێموایە هێرشی کیمیایی لەپێناو کاردانەوەیەکی بەرینی نێونەتەوەیی، بناغەیەکی پتەو دروست دەکا.

ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی بکرێ، ئەنجامەکانی ئەم دەستێوەردانە چی دەبن؟ گەلۆ دەستێوەردان شتێک چارەسەر دەکا یاخود چاکی دەکاتەوە؟

دەستێوەردانی سەربازی تەنیا ئامرازێکە. ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی پشت ئەستوور نەبێ بە سیاسەتێکی کارا، هەرگیز بە ئامانجی خۆی ناگا. ئەمە خاڵی سەرەکییە.
بە پێچەوانەوە، بەڵێ، حاشا هەڵنەگرە ئەمریکییەکان خاوەن هێزێکی سەربازیی ئەوتۆن کە زەبری گەورە لە سوپای سووریا بوەشێنن. دەگوترێ دەستێوەردانێکی سەربازی، تەنیا پۆزۆسیۆنی ئەسەد بەهێزتر دەکا. من بڕوا بەوە ناکەم؛ ئێستا پۆزۆسیۆنی ئەسەد بە هیچ شێوەیەک قایم نییە. بە ڕای من، دەستێوەردانێکی سەربازی گەورە و هەمەلایەنە، دەتوانێ ئەسەد بەرەو سیاچاڵ شۆڕ بکاتەوە، بەڵام لەوانەیە ڕژێمی ئەسەد لە شوێنی خۆیشی بمێنێتەوە. لەوانەیە وەک چۆن سەدام لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ خۆی ڕاگرت، ئەویش بەرگە بگرێ. ئەگەر سیاسەتێکی کارا لە پشت دەستێوەردانی سەربازی پەیڕەو نەکرێ، بۆی هەیە ئەم ڕەوشە بەدی بێ.
دیارە ڕەوشی سووریا جیاوازترە؛ ئەو ڕۆژانەی سەدام لە ساڵی ١٩٩١دا هێرشی کرایە سەر، زۆر ئاشکرا بوو کە هێزەکانی ناوچە وەک عەرەبستانی سعوودی، تورکیا، ئۆردۆن و میسر نایانەوێ ئەو ڕژێمە بگۆڕدرێ. عەرەبستانی سعوودی وڵاتێکی تری شیعەی نەدەویست، تورکیاش تەنانەت نەیدەتوانی عێراقێکی نامەرکەزی بێنێتە بەرچاو و ترسی کێشەی کورد، ئەم وڵاتەیان لە ڕووی بیرکردنەوە ئیفلیج کردبوو.
رووداوی سووریا زیاتر بەرچاو و شیاوی تێگەیشتنە؛ ئیتر ئەو ترس و خۆفانە لە گۆڕێ نین کە بۆ عێراق لە ئارا دابوون. ئەگەر سیاسەتێکی کارا، دەستێوەردانی سەربازی بشۆپێنێ، بۆی هەیە بە گوێرەی ویستی ئەو هێزانەی خوازیاری دەستێوەردانن، بە ئەنجام بگا. بەڵام ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی لە لایەن سیاسەتێکی کاراوە نەشۆپێنرێ، ئەوا دەستێوەردان باردودۆخەکە بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپتر پاڵ پێوە دەنێ.

ئاخۆ پێتان وایە دوابەدوای ئەگەری دەستێوەردانێکی سەربازی، سیاسەتی چالاک و کاریگەر بەڕێوە ببرێ؟

ناوچەکە بە گشتی لە دۆخێکی ئاڵۆز دایە. ڕەوشی میسر، لیبیا و تونێس ئەوە لە بر چاوە. ئۆردۆن و لوبنانیش ناسەقامگیر بوون. ئەو ڕووداوانەی لە میسر دەقەومن، بە ڕاستی جێگەی نیگەرانین؛ لەوێ دیکتاتۆرییەکی نوێ سەر هەڵدەدا. عێراق بە تەواوی مانای وشە ئاڵۆزە. بە ڕای من، عەرەبستانی سعوودی، ئۆردۆن و هێزەکانی تری ناوچەکە، گوشار بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دێنن بۆ ئەوەی بکەوێتە گەڕ. ناوچەکە لە ڕەوشێکی زۆر مەترسیدار دایە و ئەمەش ڕوون و ئاشکرایە.

پرسیارەکانی من تەواو بوون. ئەگەر دەتانەوێ شتێکی تر سەبارەت بە سیاسەتی تورکیا یاخود پێکدادانەکانی سووریا بە باسەکەوە زیاد بکەن، تکایە فەرموون.

بە شێوەیەکی گشتی باسی مەسەلەکەمان کرد، لە ڕاستیدا ئەگەر سەیر بکەن دەبینین هەتا زیاتر لەمبارەوە قسە بکەین، کەمە. شتێک کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە حیسابی هەڵەی سیاسەتی دەرەکیی تورکیا، لە سیاسەتی ناوخۆییدا کاریگەریی لە سەر پێشهاتە سیاسییە گرنگەکان دادەنێ. بە ڕای من خوێندنەوەی هەڵە و هەڵسوکەوتی ناڕاستی تورکیا لە مەڕ ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاوا، لە سیاسەتی ناوخۆدا کاری لە سەر ئەو قۆناغە ئاشتییە دانا کە لەگەڵ پەکەکە بەڕێوە دەچێ. حکومەتی تورکیا کارەکەی نیوەچڵ هێشتەوە؛ هەرچەند دانیشی پێدا نەنێن بەڵام دەکرێ تێبگەی کە لە سەر بەردەوامبوونی قۆناغی ئاشتی سوور نین.
ئەم هەڵپەساردنە، لە خوێندنەوەی هەڵەی حکومەت بۆ داهاتووی سووریا سەرچاوە دەگرێ. هەڵبەت گومان لەوەدا نییە ڕووداوەکانی سووریا لە سەر داهاتووی پەیەدە، پەکەکە و کوردستانی عێراق، میسر و تورکیا و سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم ئاکتۆرانە کاریگەری دادەنێ.
ئەگەر حکومەتی تورک سیاسەتێکی دەرەکیی خوڵقێنەرانە و شەفافی لە مەڕ پێشهاتە درێژخایەنەکانی سووریا بەڕێوە بردبا، بۆی هەبوو ڕەوشی ئێستا بە قازانجی وی تەواو ببوایە. ئێستا بارودۆخەکە تەنیا بۆتە بارێک بە سەر سیاسەتی نێوخۆوە. بە ڕای من دوو فاکتۆری سەرەکیی هەیە کە پێڤاژۆی ئاشتی حکومەتی تورک لەگەڵ پەکەکەی خستۆتە ژێر باندۆڕەوە.
یەکەم، قۆناغی خۆڕاگرییەکانی پارکی گەزی، حکومەتی ئاکەپەی خستە پۆزۆسیۆنی خۆپاراستنەوە. دەبوایە بەر لە هەڵبژاردنەکان سەر لە نوێ متمانەی خۆیان بە دەست بێننەوە. ئاکەپە بەمجۆرە ویستی بیانوو نەداتە دەست ئۆپۆزۆسیۆن و بەوە تۆمەتبار نەکرێ کە نیشتیمانپەروەر و نەتەوەپەرست نییە و وڵاتی بە کوردەکان و 'تیرۆریست'ەکان فرۆشتووە. فاکتۆری دووهەمیش پەیوەندیی بە دەرئەنجامەکانی سیاسەتی سووریاوە هەیە. تورکیا بە شێوەیەک دانیشت و جگە لە هێزی وەکیلی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکی گرنگی نەبوو. هێزی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش زۆر سنووردارە.

عەبباس وەلی کێیە؟

عەبباس وەلی ساڵی ١٩٤٩ لە شاری مەهابادی کوردستانی ئێران لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە تەورێز تەواو کردوە. ساڵی ١٩٧٣، چۆتە زانکۆی میللی ئێران و زانستی سیاسی خوێندوە. پاشان ڕووی کردۆتەوە بریتانیا و ساڵی ١٩٧٦ لە زانکۆی (Keele) ماستەری لە بواری سیاسەتدا وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٣ لە زانکۆی لەندەن دکتۆڕای سۆسیۆلۆژی وەرگرتووە.
ساڵی ١٩٨٦، وانە گوتنەوەی ئاکادیمی لە زانکۆی (Wales) دەست پێکردوە. ساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دامەزراندنی زانکۆی ئەربیل بانگهێشت کرا. ساڵی ٢٠٠٨ لە زانکۆی هەولێر دابڕا و لەو کاتەوە، لە بەشی سیۆسیۆلۆژی زانکۆی بۆغازیچی وەک مامۆستا کار دەکا.

۱۳۹۲/۰۶/۰۶

"جووما" لە چاوی "جەمیل بایک"ەوە


مەحموود هامسیجی - بی بی سی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە ناوچەیەکی بژوێن و سەرسەوزی قەندیل، بۆ ئەنجامدانی دیمانەیەک، چاومان بە جەمیل بایک کەوت. لە سەر کورسییەکی پلاستیک دانیشتین، هێشتا پرسیارەکانمان ئاڕاستە نەکردبوو، گوتی: "دەیانەوێ وەک دێوزمە بمانناسێنن، خۆ ئێمە دێو و درنج نین."
جلەکانی وەک جلی هەموو ئەندامانی پەکەکە وابوو، لە سەر گیرفانی کەواکەشی ڕۆزێتی ئاڵای پەکەکە و پۆرترەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەدی دەکرا.
ئەگەر سەرنج بدەینە قسەکانی سەرەتای، دەبینین پاش ئەوەی بایک بوو بە هاوسەرۆکی کەجەکە، بانگەشەی میدیاکانی تورک، ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لە قەندیل هەبووە.
بایک، سیمایەکە زۆرترین مەراقی ڕای گشتیی تورکیای وروژاندوە. لە یەکەمین دامەزرێنەرانی پەکەکەیە کە بانگەشە دەکرێ دوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆرترین کاریگەریی لە سەر ڕێکخراوەکە هەیە و دەڵێن ئۆجەلان سەبارەت بەو گوتویەتی "ئەگەر من ٥٠% ئەو ڕێکخراوەم دامەزراندبێ، جەمیل ٢٥% و هەڤاڵانی دی ٢٥%یان دروست کردووە."
هەتا ئەمدواییانە زۆر بۆ میدیاکان قسەی نەدەکرد و ئەمەش هێنابوویە دۆخێک کە مەراق هێنەر بێ.

دەگوترێ سەرکردەی باڵی شاهینە

دوای گۆڕانکارییەکانی ئاستی سەرکردایەتی کەجەکە، هەواڵی میدیاکانی تورک وەک 'سەرکردەی باڵی شاهینی ڕێکخراوەکە'، 'لایەنگری ئێران' و 'دوژمنی قۆناغی چارەسەری' باسی جەمیل بایکیان کرد. بەڵام بە پێی قسەکانی خۆی ئەم بانگەشانە نەک هەر درۆن، بەڵکوو بەشێک لە 'شەڕێکی پلان بۆ دارێژراوی سایکۆلۆژی'ن.
بایک کە لە ناو حزبەکەیدا بە نازناوی 'جووما' دەناسرێ، دەڵێ ئامانج لە هێنانە گۆڕی مژاری شاهینەکان و کۆترەکان لە پێکهاتەی پەکەکەدا ئەوەیە کە بڵێن 'لە دژی ئەم قۆناغە شاهینەکانی پەکەکە ئەرکدار کراون' و دەیانەوێ بناغە بۆ داڕمان خۆش بکەن.
"یانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە نێو کەجەکەدا، هیچ مانایەکی تایبەتیی نییە؟" جەمیل بایک دەڵێ نا.
جەمیل بایک سەرنج بۆ سەر ئەوە ڕادەکێشێ کە ئەم گۆڕانکارییانە پێشتر بەرنامەیان بۆ دارێژراوە، بەڵام بە هۆی نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢١ی مارسدا، دوا خراون.
دەڵێ تەنانەت زۆر پێشتر، سەرۆکی پێشووتری کەجەکە، موراد قەرەیڵان گوتویەتی "ئیتر بەسە، من با بگۆڕدرێم، با من ئەرکی تر بەڕێوە بەرم"، بەڵام وەک تەڤگەر نەیانتوانیوە ئەو کات ئەم داواکارییە قەبوڵ بکەن.

لایەنگری ئێرانە؟

سەبارەت بەو بانگەشانەی کە گۆیا لایەنگری ئێرانە، پێدەکەنی و دەڵێ "بگرە مناڵێکیش بڕوا بەمە ناکا. مایەی پێکەنینە."
بایک دەڵێ لە ڕوانگەی ئەوەوە، هەڵسوکەوتی تورکیا و ئێران لە مەڕ پرسی کورد جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە و هیچکامیان لەوی دی بە باشتر نازانێ.
ئاماژە بەوە دەکا شان بە شانی ئەو بانگەشەیە، دەگوترێ گۆیا من عەلەویم و دەڵێ "من سەر بە بنەماڵەیەکی سوننە مەزهەبم. لە ناو سوننەکانیشدا، حەنەفی بووین. دایک و باوکم، بەردەوام خەریکی نوێژ و ڕۆژوو بوون و چوونەتە حەجیش. لە کاتێکدا عەلەوی نیم، وەک عەلەوی نیشان دەدرێم. دەکرێ عەلەویش بم. بۆچی دەیانەوێ دوژمنایەتی لەگەڵ عەلەوییەکان پەرە پێ بدەن؟"
کە لێی دەپرسین گۆیا یەکێکە لەو ناوە بەرچاوانەی هێڵی ئایدیۆلۆژی - سیاسیی پەکەکە دیاری دەکا، یەکسەر و پێداگرانە دەڵێ "نەخێر" و بەمجۆرە بەردەوام دەبێ "رێبەر ئاپۆ، هێڵی ئایدیۆلۆژی ئێمە دیاری دەکا. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو ئایدیۆلۆژیە وەربگرین و لە کردەوەدا پێکی بێنین."
دوای ئەوەی لە دیمانەکەماندا کۆتایی بە 'پرسیارگەلی سیاسی' دێنین، سەبارەت بە ئۆگرییەکانی جەمیل بایک لە دەرەوەی دونیای سیاسەت قسە دەکەین.

'ئێستا لایەنگری هیچ تاقمێ نیم"

دەڵێ "هەموو ژیان و کاتی من بە سەر لە نوێ ئافراندنەوەی مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگەیە تێدەپەڕێ. کاتم بە دەستەوە نامێنێ. بۆیە دەرفەتی ئەوەم بۆ ناڕەخسێ بە شتێکی ترەوە سەرقاڵ ببم. ئەگەر دەرفەت هەبێ، بۆچی نا."
چی بۆ نموونە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا باسی تەمەنی خوێندکاری و 'ئۆگری بە مۆسێقا، نیگارکێشی، باسکێتباڵ و والیباڵ' دەکا.
وەک دەگێڕێتەوە بە هۆی ئەوەی ئیتر حەزی لە تۆپی پێ نییە، لایەنگری لە هیچ یانەیەکیش ناکا، بەڵام پێشتر لایەنگری "بێشیکتاش'' بووە. کاتی خۆی ئەو بڕیارەی بۆیە داوە، چونکە پێی وابووە بێشیکتاش تاقمی هەژارەکانە.
حەزی لە مۆسیقای ڕەسەنە. دەڵێین "بۆ نموونە کێ؟"، ناوی ئارام تیگران، ئایشێ شان و مەریەم خان دێنێ.
سەبارەت بە کتێب دەڵێ لە هەموو بوارێکدا خوێندنەوەی هەیە و دوایین کتێب کە خوێندویەتیەوە، لێکۆڵینەوەی ئاڕکۆلۆژێکی ئاڵمانی لە سەر "گۆبەکلیتەپە" بووە.
لە کۆتایی دیمانەیەکی دوور و درێژ، لە قەندیل ڕۆژ خەریکە ئاوا دەبێ و کە تۆمارکردنەکەمان تەواو دەبێ، قسەکانی یەکەم ڕووبەڕووبوونەوە دووپات دەکاتەوە: "یانی ئێمە دێوزمە نین. با بێنە لامان و گوێمان لێ بگرن."
لە کاتی ماڵئاواییدا تەوقە دەکا و دوایین ڕستەی دێنێتە زمان: "ئینشاڵا بۆ دیمانەی داهاتوو، لە تورکیا یەک ببینین!"

۱۳۹۲/۰۵/۰۵

ساڵح موسلیم: نە دەوڵەت، نە فیدراسیۆن


ئامبەرین زەمان - تەڕەف
وەرگێڕ لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بلێسەکانی شەڕی نێوان کوردەکانی سووریا و بەرەی ئەلنوسرە جارێکی تر نیگاکانی بۆ سەر پەیەدە، باڵی سووریای پەکەکە وەرسووڕاند. بانگەشەی ڕاگەیاندنی ''خۆسەری'' لە ڕۆژئاوای کوردستان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە لایەن پەیەدەوە کە بەڕێوەبەریی چەند شارێکی کوردی گرتۆتە دەست، ئەنقەرەی خستۆتە جموجۆڵەوە. یاڵچین ئاکدۆغان نوێنەرپەرلەمانی ئاکەپە و یەکێک لەو ناوانەی سەرۆک وەزیر ئەردۆغان متمانەیەکی زۆری پێیەتی، لە ستوونی ڕۆژنامەی ''ستار''دا پەیەدەی بەوە تاوانبار کرد کە ''یاری بە ئاگر دەکا'' و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێشهاتەکانی سەر سنووری سووریا تا دێ لە ڕوانگەی تورکیاوە ''بۆ پرسێکی ئاسایشی نەتەوەیی جیاوازتر لە جاران وەردەسووڕێن." تێکهەڵەنگوتنی هەواڵی گەیشتنی ئەمریکا بۆ خاڵی دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا لە لایەن سەرئەرکانی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا مارتین دێمپسەی لەگەڵ پەیامە توندەکانی ئەنقەرە، ئەو پرسیارە لە مێشکی هەموویاندا وروژاند کە گەلۆ تورکیا بە پشتیوانی واشنگتۆن خۆی بۆ دەست تێوەردان دژی پەیەدە حازر دەکا. بەڵام من ئەم ئەگەرە بە دوور دەزانم. سەرجەم ئەم پێشهاتە گەرموگوڕانەمان لەگەڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە تاوتوێ کرد کە ئێستاکە لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستانی عێراق نیشتەجێیە.

ئامبەرین زەمان: تورکیا لە هەڵوێستی پەیەدە زۆر بێزارە. دەگوترێ بەم نزیکانە خۆسەری ڕادەگەیەنن، لە ڕۆژئاوا چ ڕوو دەدا؟ 

ساڵح موسلیم: ڕووداوەکان زۆر گەورە دەکرێنەوە. ئامانجی ئێمە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتیی سڤیلە لەو ناوچانەی کورد لێی دەژین. لە نێو بارودۆخی پێکدادان و جەنگی سووریادا، مرۆڤەکان وێڵ و پەرێشان و چاو بە گریانن. ئاو نییە، نان نییە، گاز نییە. وەرزی چاندن هاتووە، بەڵام جووتیاران دانەوێڵەیان نییە. ئەگەر گەنم نەبێ، نانیش نابێ. بۆ بونیادنان و سەقامگیرکردنی سیستەمێک تا کۆتایی هاتنی شەڕ، ئێمە هەوڵی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی کاتیمان دا. دەگوترێ پەیەدە نایەوێ دەسەڵات بەش بکا. ئەمە ڕاست نییە. ئێمە لەگەڵ هەموو گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان بە عەرەب، ئێزدی و سووریانیەکانەوە ئامادەی ڕێککەوتن و سازشین. ئێستا لە هەولێر دەژیم. لێرە لەگەڵ گرووپە کوردە نەیارەکان خەریکی دانوستان و وتوێژین.
شتێک هاوشێوەی مەجلیس گەڵاڵە دەکەین. گرووپێکی سی چل کەسی. با بەڕێوەبەرایەتییەکی سڤیلی کاتی پێکهاتوو لە عەرەب و کوردە ژیرەکان پێک بێ. بۆ نموونە یەکێک خەریکی کاروباری نەوت بێ، یەکی تر ئابووری و یەکێک تەندروستی. چەند وەزارەتێک دابمەزرێن. شتێکی ئاوامان لە مێشک دایە.

ئەم بەڕێوەبەرایەتییە سڤیلە چۆن هەڵدەبژێردرێ؟ 

لە مانگێک لەمەوپێشەوە لەگەڵ گرووپەکانی تری کوردی سووریا لە هەولێر چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەم. لەسەر ئەم مژارە گفتوگۆ دەکەین. هەوڵ دەدەم قایلیان بکەم. ئەوان دادەنیشن بیری لێدەکەنەوە و بڕیاری لەسەر دەدەن. هەندێک لەوانەیە بڵێن نابێ و هەندێک بڵێن دەبێ. با بزانین چۆن دەبێ.

ئاخۆ مەسعود بارزانیش لە نێو ئەم پێڤاژۆیە دایە کە دەمێکی درێژە هەوڵی لێک نزیک کردنەوەی حزبە کوردەکانی سووریا دەدا؟

 ئێمە تەنیا ئەو زانیارییەمان پێ ڕاگەیاندوە و هیچی تر. بەڵام بێگومان بە بەشداری کردنیان دڵخۆش دەبین.

ئەو قەیرانە درێژەی هەیە کە دوای قۆڵبەستکردنی دەیان کەسی نزیک لە بارزانی لە لایەن ئێوەوە لە مانگی مەی هاتە ئاراوە. دەرگای سنوور هێشتا داخراوە... 

بەڵێ، هەوڵ دەدەین ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. هیوادارم چارەسەر بێ.

مانگی مەی لە قاهیرە لەگەڵ وەفدی تورک چاوتان پێک کەوت. بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی فەرمی چاوپێکەوتنتان لەگەڵ تورکیا پشت ڕاست کرایەوە. سەهۆلەکان خەریک بوو بتوێنەوە، بەڵام دوای دامەزراندنی ''مەجلیسی گەل'' و لێدوانەکانتان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی "خۆسەری دیموکراتیک" سەر لە نوێ گیروگرفت هاتنە ئاراوە... 

هەڵبەت لێرەدا خراپ تێگەیشتن هەیە. سیستەمی خۆسەری دیموکراتیک بە ڕاستی پڕۆژەی ئێمەیە. بەڵام ئێمە ئێستا هەمووی بە جارێک پیادە ناکەین و تەنیا بەشێکی جێبەجێ دەکەین. بۆ داهاتوو بیر لەم پڕۆژەیەمان دەکەینەوە. دوای ئەوەی شەڕ تەواو بوو و سەرجەم لایەنەکانی سووریا ددانیان پێدانا، ئەوا ئەودەم دەکرێ بەدی بێ، ئەگینا هیچ چەشنە هەوڵێکی داسەپاندنمان نەداوە و نایدەین. باسمان لە مەجلیسێکی دامەزرێنەر کردوە. ئەمانە لە ماوەی شەش مانگدا بەرەو هەڵبژاردن دەچن. کەم تا زۆر هەڵبژاردنێکی هەمەلایەنە دەبێ و لە ئەنجامدا بەڕێوەبەرایەتیەکی کاتی دادەمەزرێ. بەڵام کە شەڕ تەواو بوو، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئێستاکە ڕەوشێکی نائاسایی هەیە. لەپێناو ئاسانکردنی ژیانی هاووڵاتیان، هەوڵی دامەزراندنی ئیدارەیەکی سڤیلی کاتی دەدەین.

لەگەڵ کاربەدەستانی تورک باسی ئەم پڕۆژەیەتان کردووە؟

 نەخێر.

باشە ئەی لە قاهیرە باسی چیتان کردوە؟

 باسی نیەت چاکی دوولایەنە و شتی وا. هیچ بیرمان لەم پڕۆژەیە نەکردبۆوە. ئێستا ئامادەین لەگەڵ لایەنی تورک گفتوگۆی لە سەر بکەین. ئەگەر تورکەکان بیانەوێ. لەگەڵ وەفدەکەی قاهیرە، باسمان لە مەسەلەی ئاسایشی سنوور، چۆنیەتی هاتنی یارمەتیی مرۆیی و چۆنیەتی پەیوەندی بەستن لەگەڵ سوپای ئازادی سووریا کرد. وەک دەزانن تورکیا پشتیوانی لە سوپای ئازادی سووریا دەکا.

گفتوگۆکان بۆچی پچڕان؟ 

کێ گوتویەتی پچڕاون.

لە دوا چاوپێکەوتنماندا وات گوت.

 بە هەڵە دەرمبڕیوە. نەپچڕاوە و بەردەوامیش نەبووە. بەڵێنمان بە یەکتری نەداوە کەی جارێکی دی دادەنیشینەوە. ئەگەر پێشنیارێک لە لایەن ئەوانەوە بێ، سەرلەنوێ دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەینەوە. ئێستاکە پێکدادان لە ئارا دایە و گرووپە جیهادییەکان دەیانەوێ لە ناوچەکانی ئێمە ویلایەتی ئیسلامی دابمەزرێنن. دەیانەوێ سیستەمی شەریعەت بگەڕێننەوە. بە شێوەیەکی هۆڤانە سوریانییەکان دەکوژن. ڤیدیۆکان هەموو کەس بینیونی. ئێستاکەش ئەوە هێرش دەکەنە سەر مە.

ئەگەر ڕۆژئاوا و ئەمریکا یارمەتیتان بکەن، ئێوە ئامادەن دژ بەم هێزە سەلەفییانە بچنە نێو هاوپەیمانیەتیەکەوە؟ 

ئێمە هیچکات نەبووینەتە سەربازێکی بەکرێگیراو. ئێستاش لەگەڵ ئەو گرووپانە لە شەڕ داین. بۆ ئەوە نییە ئەمریکا دەیەوێ یان نا. بەڵکو چونکە کۆمەڵگاکەمان ئەوانی ناوێ. ئەمانە دەیانەوێ کۆمەڵگای ئێمە تێک بدەن. چونکە کۆمەڵگاکەمان، کۆمەڵگایەکی لاییکە و فرە دینی تێیدا زاڵە. بۆ نموونە ئێزدی هەن. بەڵام ئەگەر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، تورکیا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا خوازیاری سوریایەکی لاییک و دیموکراتن، پێویستە پشتیوانیمان لێ بکەن. بۆ نموونە ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکا چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین بەڵام قەبوڵی ناکەن.

ئێوە بانگەشەتان دەکرد کە تورکیا پشتیوانی لە بەرەی ئەلنوسرە دەکا. 

ئێستاکە ڕاشکاوانە شتێکی وا نابینرێ. بەڵام هێشتا چەند دەروازەیەکی سەر سنوور لە ژێر دەسەڵاتی ئەوان دایە. بۆ نموونە دەروازەی سەر سنووری ئاکچاکالا و قرقامیش. تورکیا بەمە دڵخۆشە. هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە پێکدادانی سەرێکانی (رەئسولعەین)دا، لایەنی تورک ناوچەکەی تۆپباران کرد، بۆچی؟ بە گوێرەی میدیاکانی تورک، پێنج هاووڵاتی تورک بریندار ببوون و کەسێکیش شەهید ببوو. گوللـە سەرلێشێواوەکان لە لایەن ئەوانەوە (نوسرەچیەکان) ڕەوانەی تورکیا کران، بەڵام تورکیا لە بری تۆپبارانی ئەوان، بنکەکانی یەپەگەی (باڵی چەکداری پەیەدە) بۆردومان کرد. ئەگەر بنکەکانی ئەلنوسرەی تۆپباران کردبا، ئەوا قسەیەکمان نەبوو.

بەڵام ئێوە دەڵێن تورکیا ئیتر ڕاشکاوانە پشتیوانی لە ئەلنوسرە ناکا. لێرەدا ناکۆکییەک بەدی ناکرێ؟

 ئێمە ئاگاداری ئەوە هەین بۆ نموونە لە پێکدادانەکانی پێشووتری سەرێکانیدا، لایەنی تورک ڕۆژانە بەشی ١٥ هەزار کەس خواردنی بۆ چێشتخانەیەکی ئەوێ دەنارد، ئامبۆڵانس و کەلوپەلی تری ڕەوانە دەکرد. بەڵام ئێستا وا نییە. ڕاشکاوانە یارمەتییان نادا.

سەبارەت بە ئەلنوسرە تۆ بڵێی تورکیا لە لایەن ئەمریکاوە هۆشداری پێ نەدرابێ؟ 

ئەمریکا ئەوانی بە تیرۆریست ڕاگەیاند. ئاخۆ ئێستا تورکیا تەگبیر وەردەگرێ یان نا. ئەوەیان نازانم. بەڵام لە دوا پێکدادانی سەرێکانیدا یەپەگە دەستی بە سەر بارەگای ئەوان داگرت و لەوێ ناسنامەی سێ تورکی دۆزیەوە. ئاخۆ ئەندامی ئەوان بوون؟ کوژراون یان ماونەتەوە، نازانم. ئەمانە بۆی هەیە بە دوو شێوە بەشداری ئەلنوسرە بووبن. یان ئەوەتا بە دزی کاربەدەستانی تورک کە لەو حاڵەتەدا یانی ئەلنوسرە لە نێوخۆی تورکیا چالاکی هەیە و چاوپۆشی لەو چالاکییانەی دەکرێ. یاخود بە ئاگاداریی تورکیا بەشدار بوون. ئەمەش کێشەیەکی ترە. ئەمانە دەبێ لە لایەن تورکیاوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێ. پێویستە ئەمەش زۆر باش فام بکرێ. دەروازەی سەرسنووری نێوان سەرێکانی و تورکیا بە دەست هێزە سڤیلەکانەوەیە. ئەوان بەڕێوەی دەبەن. لەوێ یەپەگە و پەیەدە بوونی نییە.

بە شێوەیەکی کۆنکرێت لەگەڵ تورکیا چۆن پەیوەندییەک پێشنیار دەکەن؟

 جا وەڵڵا ئەگەر بە شێوەیەکی دروست و حیسابی سڵاو لە یەکتری نەکەین، پەیوەندی چی؟ بێگومان نابێ پەیوەندییەکە لەو ئاستە دابێ. مانگی ڕابردوو لیژنەیەکمان ناردە لای پارێزگای گازی عەنتاب. لەپێناو کارێکی مرۆییدا. ئێمە ناوچەی کۆبانی و عەفرینمان هەیە. ئەو دوو ناوچەیە ئێستا لە گەمارۆی گرووپە جیهادییەکان دان. لێرەدا تورکیا دەتوانێ دەرگای سنوورەکان بکاتەوە. بەم شێوەیە خەڵکی سڤیل کە لە ناو هەزار زەحمەتی و لە هەلومەرجی شەڕدا دەژی، لەوانەیە ئاسوودە دەبێ. قسەمان لە سەر ئەمانە کرد، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ئەوەی خراپ لە ئێمە تێدەگەن، لەبەر ئەوەی هەواڵی وەک "سەیر کەن کوردەکان دەیانەوێ جیا ببنەوە" بڵاو دەبنەوە، لەگەڵ لایەنی تورک ناتوانین پرسی متمانە تێپەڕێنین. ئێمە نامانەوێ جیا ببینەوە. بێگومان وەها شتێک لە گۆڕێ نییە. بێگومان قەوارەیەکی فیدڕاڵی وەک باشووری کوردستانیشمان ناوێ. دەمانەوێ وەک بەشێک لە سووریا لە چوارچێوەی خۆسەرییەکی دیموکراتیکدا پێک بێین. دەمانەوێ خۆمان ناوچەکانی خۆمان بەڕێوە بەرین. گەڵاڵەی بەڕێوەبەریی کاتیش بۆ ئاسایشی زیاتری ژیانی خەڵکە لەو ئاڵۆزی و نائارامییەدا. سەیر کەن لە مانگی ڕەمەزاندا نرخی قالبە سەهۆڵ بەرز بۆتەوە. کەس لە توانایدا نییە بیکڕێ. بە میلیارد دۆلار یارمەتی دەڕژێتە نێو سووریاوە بەڵام هەمووی خەرجی چەک و چۆڵ دەکرێ. هیچکەس قوروشێک بە یارمەتی ناداتە کوردەکان. مرۆڤەکان بۆچی بۆ کوردستانی عێراق ڕادەکەن. زیاتر لە سەد هەزار کەس ڕایانکردووە. ئەگەر لێرە دەرفەتی ئیش بڕەخسێ، بۆچی ڕادەکەن.

بانگەشە دەکرێ کە لە تورکیاوە خەڵک بەشداری یەپەگە بووە. هێدی بوونەوەی پێڤاژۆی ئاشتی لە تورکیا بە سەر لەنوێ ساردبوونەوەی ئەنقەرە لە بەرامبەر پەیەدە پەیوەند دەدرێ... 

بێگومان شتێکی وا لە ئارادا نییە. نە لە پەکەکە و نە لە هیچ شوێنێکی ترەوە، کەس بەشداری یەپەگە نەبووە. ئێمەش لە ناخی دڵەوە دەمانەوێ پێڤاژۆی ئاشتی بەردەوام بێ. بەڵام تورکیا ئەگەر بە چاوی دوژمن سەیری کوردەکانی سووریا بکا، چۆناوچۆن لەگەڵ کوردەکانی تورکیا ئاشت دەبێتەوە؟ دواجار هەموومان یەک نەتەوەین. ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ تورکیا دۆست بین. دەمانەوێ پێکەوە لە نێو ئاشتی و سەقامگیرییدا بژین.

بەڕای ئێوە ئەسەد براوە دەبێ؟ 

نەخێر بەڕێزم. ئەمە پێچەوانەی زانستە. بەو هەموو تانک و تۆپەیەوە هێرشی خەڵکەکەی بکا و دواجار براوە بێتەوە سەر ڕێ و شوێنی خۆی. مەحاڵە. تاکە ڕێگەی چارەسەری دانوستانە. لەم دانوستانانەشدا دەبێ هەموو چین و توێژەکان نوێنەرایەتی بکرێن. هەم نەیاران و هەم کوردەکان، هەم ئێران و هەم حیزبوڵڵا، هەم لوبنان و هەم قەتەر، هەم عەرەبستانی سعودی و هەم تورکیا. ئەگەر لایەنێک لە دەرەوە بمێنێتەوە، چارەسەری بەدی نایە.

۱۳۹۲/۰۵/۰۴

رۆژئاوا - پەیەدە و هەستیاریی درێژخایەنی دەوڵەت بەرامبەر کورد


جەنگیز چاندار - ڕادیکاڵ
لە تورکییەوە:  سەلاحەدین بایەزیدی

 
گەلۆ چ کەسێک لە ئارام تیگران پتر خزمەتی مۆسیقای کوردی کردووە؟ ئەگەرچی ساڵی ١٩٣٤ لە قامیشلی، گەورەترین شاری کوردیی سووریا لە دایک بووە، بەڵام مناڵی بنەماڵەیەکی دیاربەکرییە کە دوابەدوای کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٩١٥ ڕایانکردوە و لەوێ گیرساونەتەوە. بە درێژایی ژیانی، ١٥ ئاڵبۆمی بڵاو کردەوە. ٢٣٠ گۆرانی کورمانجی، ١٥٠ گۆرانی عاڕەبی و ١٠ گۆرانی سوریانی (ئەرمەنی) چڕیوە. ڕۆڵەیەکی تایبەتیی میزۆپۆتامیایە. ڕەگێکی ئەرمەنیی دیاربەکری و کوردیی سوریای هەیە. ناوێکی نەمرە لە فەرهەنگی کوردی لە تورکیا.
ساڵی ٢٠٠٩ کە کۆچی دوایی کرد، دەوڵەت ڕێگەی نەدا تەرمەکەی لە دیاربەکر بە خاک بسپێردرێ و ئەمەش شیاوی تێگەیشتن نییە. ئەگەر لە دیاربەکر گڵکۆیەکی نییە ئەوا ئەمڕۆکە لە سیلڤان پەیکەرەی هەیە.
کاراپێتێ خاچۆ، دەسپێکی نەوەدەکان لە گوندێکی سەر بە شاری باتمان لەدایک بوو. ساڵی ١٩١٥، لە سایەی سەری کەسێکی ژین بەخشەوە، لە تەمەنی مێرمنداڵیدا خۆی لە قامیشلی بینیەوە. تا ساڵی ١٩٤٦ لە سووریا ژیا و پاشان تاکوو ساڵی ٢٠٠٥ کە کۆچی دوایی کرد، لە ئێریڤان نیشتەجێ بوو. لە ڕادیۆی کوردی خەبتی. دەنگێکی بەرچاوی بواری لاوکە. زۆربەی هەرە زۆری کوردەکان پێیان وایە کوردە.
جوان حاجۆ، زێدەتر بە کوردی سووریا ناسراوە. ساڵی ١٩٥٧ لە قامیشلی لەدایک بووە. دەنگێکی لەڕادەبەدەر خۆشەویستە لە مۆسیقای ڕاکی کوردیدا. زۆر جار هاتۆتە تورکیا، لە ناوچە کوردییەکان شارەو شار ئاهەنگی گێڕاوە. کوردێکی هاوڵاتیی سووریای لەدایکبووی قامیشلییە بەڵام بە ڕەچەڵەک ماردینییە. مناڵی بنەماڵەیەکی کوردە کە دوابەدوای سەرهەڵدانی شێخ سەعید ڕایانکردۆتە سووریا. بەڵام بۆ قامیشلی کوێیە؟ لە بنەپاڵەوەی شارۆچکەی 'نوسەیبین'ی سەر بە ماردینە. ڕێگەیەکی ئاسنی شەمەندەفەریان بە نێواندا دەڕوا کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە لایەن فەڕەنسییەکانەوە وەک هێڵی سنووری نێوان تورکیا - سوریا دروست کراوە.
هەمان ڕێگەی ئاسن، قارقامیش لە جەرابلۆس، دەرگای مورشت پناری سوروچ لە کۆبانی (عەین ئەلعەرەب)، ئاکچاکالا لە تەل ئەبیاد، جەیلان پنار لە سەرێکانی (رەئسولعەین) دادەبڕێ. عامودێ لە ماردینەوە دەبینرێ. مشتومڕە لەسەر ئەوەی دەربێسی لە کزڵ تەپە نزیکترە یان لە شەنیورت. چەند هەنگاوی جیزرە، شاری دێرکە.
سنوورێک لە هێڵی شەمەندەفەر، دوو ناوی جیاوازی بە دوو وڵات بەخشیوە بەڵام خەڵکی هەر دوو لایەنی سنوور، یەک نەتەوەن. بۆیەش ئەو کوردانەی لەو دیو سنوورەکانی تورکیاوە دەژین، بەولا ناڵێن سووریا و کوردەکانی سووریاش بەملا ناڵێن تورکیا. هەردوولا بە 'سەرخەت' و 'بن خەت' ناوی دێنن. خەت، هێڵی شەمەندەفەرە. ئەحمەد عارفی شاعیر لە کتێبی 'کەڵەبچەکانم لە تاسەی تۆدا ڕزاند' لە وەسفکردنی ئەم دۆخەدا دەڵێ 'ناخمان بۆ پەساپۆرت بە تین نەبووە'.
ئێستە هۆکاری ئەو پرینگانەوەیە چییە کە لە جەیلانپنارەوە، 'ئاڵایەکی کورد' لەسەر کارگەیەکی ماکارۆنی سەرێکانی دەبینرێ؟
بۆچی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیر (بە گشتیش بەشێکی بەرچاوی جموجوڵی سیاسی لێدوانی هەڕەشەئاسایە ڕوو لە کوردەکان)، نوێنەری ئانکارا یەکسەر پڕ دەداتە قەڵەم و خۆی ناچار دەبینێ لە لێدوانێکدا ڕابگەیەنێ کە ''پەیەدە یاری بە ئاگر دەکا''؟
بە پێی قسەکانی یاڵچین ئاکدۆغان، 'پێشهاتەکانی سەر سنووری سووریا، زیاتر و زیاتر بۆ تورکیا بۆتە کێشەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی جیاواز لە جاران' و تورکیا لە وەها بارودۆخێکدا 'دەست لەسەر دەست دانانیشێ'.
چ دەکا؟ باس لەمەیان ناکا. بەڵام زمانەکەی ڕاشکاوانە زمانی 'هەڕەشە و گوڕەشەیە'. هەڕەشە لە کێ؟ بێگومان لە کوردەکانی سووریا. ئەو کوردانەی سووریا کە ڕەگ و ڕیشەیان سەر بە تورکیایە. با کەس نەڵێ "نەخێر هەڕەشەکە ڕووی لەوان نییە و هەڕەشەیە لە پەیەدە." لە ناو پێکدادان و توندوتیژییەکانی سووریادا، گەلۆ جگە لە پەیەدە (یاخود دەستەی باڵای کورد کە بە بەشداری پەیەدە سەنگ و قورسایی پەیدا کردوە)، دەسەڵاتێکی 'نوێنەر' هەیە کوردەکانی پاراستبێ و لە شارە کوردییەکان 'بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی' سەقامگیر کردبێ؟
ناوبراو سیاسەتەکانی تورکیاش لەمەڕ سووریا بەمجۆرە دەخاتە ڕوو: "تورکیا، ماف و حقووقی سەرجەم گرووپەکانی سووریا بە کوردانیشەوە دەپارێزێ. ئەو بزووتنەوانەی هەوڵدەدەن نکۆڵی لە گرووپەکانی تر بکەن و خۆیان بە سەردا بسەپێنن، لە بەردەم دەستەبەربوونی ئەم مافانە دەبنە کۆسپ."
زۆر جوانە. باشەی ئەی کاتێک کە هێزگەلی سەلەفی - ئیسلامیی وەک ئەلنوسرەی ڕێڕەوی ئەلقاعیدە یان لیوای ئەلفاروق و احرار الشام، لە پارەوە هەر جارناجارێ هێرش دەکەنە سەر سەرێکانی، تەنیا بۆ جارێکیش یاڵچین ئاکدۆغان ئەو کەڵکەڵانەی هێنایە زمان و ئەو لێدوانانەی ڕاگەیاند؟
نەخێر. کێشەکە ڕوون و ئاشکرایە و پەیوەندی بە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی و دەسەڵاتی کوردەکانەوە هەیە لە ناوچە کوردییەکان.
گەلۆ هەر لەبەر ئەو هۆکارەش، پار ئەحمەد داودئۆغڵو وەزیری کاروباری دەرەوە، کاتێک پەیەدە ڕۆژی ١٩ی ژوییە لە کۆبانێ، دەسەڵاتی دامەزراند، هەفتەیەک دوای واژۆکردنی پەیماننامەی نێوان کوردەکانی سووریا لە ژێر چاودێریی مەسعود بارزانی لە هەولێر، هەڵتەک هەڵتەک خۆی گەیاندە ئەو شارە، لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی کوردی سووریا کۆبۆوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ساڵح موسلیم سەرۆکی پەیەدەی ڕەت کردەوە؟
بۆچی هەر ئەو ئەحمەد داودئۆغڵوویە لە یەکەمین ساڵڤەگەڕی 'شۆڕشی ڕۆژئاوا'دا، 'زەنگی هۆشداری' بۆ وەدەرنانی هێزەکانی ئەلنوسرە لە سەرێکانی (رەئسولعەین) لێدەدا و بە پێویستی دەزانێ ئەم قسانە بکا:
"لەمەوبەدوا هەر گرووپێک سەر بە چ لایەنێک و بە چ بیانوویەک دەبێ با ببێ، بە هەر شێوەیەک ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سنوورەکانمان، ئەوا تەگبیری چڕوپڕی لە بەرامبەر دەگرین و دەستوبرد وەڵامی دەدەینەوە... دیارە کەشوهەوای پێکدادانێکی تا دوا ڕادە دژوار و تێکدەر لە سووریا زاڵە. هەر چەشنە ئەمری واقعێکی نوێ یاخود هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دۆخێکی دوفاکتۆ ئالۆزییەکە ئەوەندی تر پەرە پێ دەدا و دەرئەنجامی گەلێ نێگاتیڤی لێدەکەوێتەوە..."
ئەو ڕستانە لەسەر کاغەز زۆر دروست دێنە بەرچاو. باشە بەڵام بۆچی هەمان هەستیاری ئەو کاتانەش نیشان نەدرا و نەهاتە سەر زمان کە لە باکووری سووریا ڕێکخراوگەلی ئیسلامیی چەکداری سەر بە ئەلقاعیدە وەک ئەلنوسرە چەند خاڵێکی سەر سنووریان خستە دەست؟
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە لە تازەترین وتوێژیدا لەگەڵ 'عەمبەرین زەمان' کە لە ڕۆژنامەی 'تەڕەف'دا بڵاو بۆوە، ئاماژەی بەوە کرد 'ئێستا وێناچێ تورکیا ڕاشکاوانە پشتیوانی ئەلنوسرە بکا'، بەڵام گوتیشی:
"لێ هەندێک خاڵی سنوور هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان دان. بۆ نموونە دەروازەی سنووری ئاکچاکالا و کارقامیش. تورکیا بەمە دڵخۆشە."
ئەگەر وایە و لەمبارەوە بە شێوەیەکی ڕەسمی لە زاری هیچ کەسێکەوە 'بەیانی ناڕەزایەتی' دەرنەبڕدراوە، بەڵام کە کوردەکانی سووریا لەسەر دەروازەیەکی سنووری سەر بە خۆیان، ئاڵاکەیان دەچەقێنن، هەموو تورکیا هەڵدەستێنێتە سەر پێ، نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا هەروا لە بەرامبەر کورد 'ئالێرژی' هەیە.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە، شاهین جیلۆ بە بۆنەی 'شۆڕشی ١٩ی ژوییە' وتوێژێکی لەگەڵ ئاژانسی فورات کردوە کە ئەم چەند دێڕە سەرنجی ڕاکێشام:
"... ماوەی ساڵێکە لە ڕۆژئاوا دروستبوونی قەوارەیەک لە ڕۆژەڤ دایە و دەتوانین وەک دەسەڵاتی هەرە دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوین لێکی بدەینەوە. ئەم سیستەم و بەڕێوەبەرایەتییە، توانی لە ناوچەکەدا ڕۆژئاوا بکاتە ناوچەی هەرە ئارام. لە کاتێکدا سووریا نوقمی وێرانییە، لێرە کەشوهەوایەکی ئەمن هەیە. ئەمە خۆی لە خۆیدا بۆ گەلانی سووریا دەبێتە میناک. کەچی لە بەرامبەردا هێزە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان سیاسەتی ڕەش کردن بەڕێوە دەبەن و لە هەمانکاتدا هێرشیشی دەکەنە سەر."
ئەم دۆخە، ڕێک ئەم پێڤاژۆیە، لە نۆ ساڵی سەرەتادا، دەسپێکی ساڵانی نەوەدەکان تا ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ 'باکوری عێراق' واتە 'باشوری کوردستان'یش لە گۆڕێ دابوو. ئێستا ئەو شتانەی ئەوکات دژ بە کوردەکانی عێراق نیشان دەدران لە بەرامبەر 'رۆژئاوا' دەنوێنرێن.
ئەوەی لەم قەدەرەدا غەریبە، ئەوەیە کە کوردەکانی عێراق لەم ڕۆژانەدا، دۆستی هەرە نزیکی ئەنقەرەن. کوردەکانی سووریاش - کە لە چاو کوردەکانی عێراق، زیاتر لەگەڵ کوردەکانی تورکیا تێکەڵاون - سبەی ڕۆژ وایان لێدێ.
با لە بیرمان نەچێ، پەیەدە لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە تورکیا (پەکەکە - بەدەپە) دوو ڕووی یەک دراون. ئەگەر ئاساییە سەرۆک شارەوانییەکانی بەشێکی دیاریکراو لە تورکیا، بەدەپەیی بن، نابێ شتێکی ئەوتۆ تورکیا بێزار بکا ئەگەر شارە کوردەکانی سووریا لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی پەیەدە دابن.
سەرباری ئەمە، پەیوەندی پتەو و دۆستانەی ئەنقەرە لەگەڵ پەیەدە، دەبێتە گەرەنتییەکی گەورە بۆ ئەوەی تورکیا لە ئامانجی 'پێڤاژۆی ئاشتی و چارەسەری'دا سەرکەوتوو بێ.

۱۳۹۲/۰۴/۳۰

پیاوێکی ئاوس


حەلیم یوسف
وەرگێڕان لە کورمانجی ژوورینەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

کەنگێ ڕووی دا؟ کەس نازانێ. کتوپڕ بنێشتۆک سۆراغی نەما. دەتگوت ئاسمان زاری کردۆتەوە و قووتی داوە. هەزاران قسەی لە پاش هەڵبەسترا. یەکێک لەم گوندە نزیکانە دەیگوت:
بە چاوی خۆم بینیم. لە ئۆتۆمبێلێکی خۆڵەمێشیدا پاڵی دابۆوە. خێرا بە بەر دەممدا تێپەڕی.
یەکێکی تر دەیگوت گەلەگورگ پەیدا بوون. گورگەکانیش ئیتر مەڕ و کەر ناخۆن، بەڵکو تەماحیان لە مرۆڤەکان کردووە و لەوانەیە بنێشتۆک یەکەمین قوربانی بێ. 
هەندێکی دیکەش پێیان وابوو لەبەر ئەم وشکە ساڵییە سەری خۆی هەڵگرتووە و چۆتە شوێنێک، خودا نەبێ کەس نازانێ.
یەکێکی تریش دەیگوت خۆی گەیاندۆتە ئەو شۆڕشگێڕانەی لەسەر چیاکان دەجەنگن. 
یەکێکی دی سوێند و قورئانی دەخوارد هاوڕێیەکی ڕۆژێک لەمەوبەر بنێشتۆکی لە کونجی بەندیخانەدا بینیوە، زۆر درەنگ کاتێک بردبوویانە ئاودەستی بەندیخانە، ناسیبووی.
یەکێک دەیگوت کوژراوە و لە چۆلەوانی نێژراوە. خۆی کوشتووە یان بە زیندوویی چۆتە ناو گۆڕ تاکوو لە تەشقەڵە و ئەو هەموو بوویەرە بێ سەروبەرە ڕزگاریی بێ. 
شەپۆلی قسە و باس خۆیان بە یەکتر دادەدا. بەڵام گەڕانەوەی کتوپڕی بنێشتۆک ئاگری ئەم قسانەی خامۆش کرد. 
بنێشتۆک هاتەوە گوندەکەمان. خەڵکی لە دەوروبەری نیگا بێ تین و ساردەکەی کۆبوونەوە. لە زۆربەی هەرە زۆریان سەری سووڕمابوو. ڕێگەی خستە ماڵی مامی، هەر شەش مناڵەکەی ڕامووسی و لە باوەشی کردن. وەک چیایەک لە بێدەنگی گێژی دەخوارد. بە توڕەییەوە ڕووی کردە مامۆژنەکەی:
پێم مەڵێ لە کوێ بووم. پاشان خۆم هەموو شتێکت موو بە موو بۆ دەگێڕمەوە. ئەی مامم کوانێ؟ 
لە مەلا بانگ دانەوە جووت دەکا.
لە سەر خاکی کێ؟
خاکی ئەوان.
هااااا؟
هەر کەس دەیزانی بنێشتۆک ڕازەکانی نادرکێنێ. هیچ شتێک بە کەس ناڵێ. مناڵەکانی بەڕێ کردەوە ماڵی خۆیان. ئەوە نۆ مانگ و پێنج ڕۆژە ماڵەکەی چۆل و هۆلە. پاش گەڕانەوەی تەنیاییەکی زیاتر ئابلۆقەی دا.
دانیشتوانی ''کەرمانوو" گشتیان پەی بەم ڕاستییە دەبەن. بنێشتۆک گۆڕابوو. ببووە کەسێکی تر. بە تایبەت پاش کۆچی دوایی ''نۆفا"ی خێزانی کە لەسەر خەرمانی نزیک ماڵەکەیان بە پێوە مرد، دوای ئەوەی خەرمانەکەیان لە لایەن بیانییەکانەوە زەوت کرا، ئەو بیانیانەی ماوەیەک لەمەوبەر دەستیان بەسەر خاکەکانی دەوروبەری گوند داگرتبوو کەچی هێشتا چاویان تێر نەببوو. بێ پرس و ڕا دەستیان بەسەر شتەکان دادەگرت. پاڵپشت بە کەسێکی خورت، خاک و ئاسمان و چاندن و پشیلە و باڵندە و با بوو بە موڵکی ئەوان. 
ئەو ڕۆژە ژاوەژاو کەوتبووە گوند. خەڵک لە موڵکەکانیان دەترسان. پاڵیان بە دیوارە قوڕینەکانەوە دابوو و خۆیان بێدەنگ و مت کردبوو. قەت بنێشتۆک بە خەیاڵیدا نەهاتبوو بیانییەکان دەست بەسەر خەرمانەکەی دابگرن. بەخۆی دەگوت: دوێنێ خاکەکەیان برد، ئیمڕۆ خەرمان، سبەینێش نۆرەی ماڵەکەمە. دەستی دایە تەورەکەی و ویستی شاڵاویان بۆ بەرێ، کەچی کاتێک خۆی بە تەنیا دی، گەڕایەوە. تەنیا بوو لە بەرامبەر تەراکتۆر و ئاژەڵە ئاسنینە گەورە و گچکەکان. لەگەڵ دەرکەوتنیدا، ''دوگۆل''ی جیرانیان بەسەریدا قیژاندبووی:
لەسەر گونی خۆت دانیشی باشترە بنێشتۆک. 
وەک ژیرێکی بە ئەزموون دەیگوت:
کورت و کورمانجی، کێ لینگی دایکمان بەرز بکاتەوە، ئەو باوکمانە.
بنێشتۆک پشتی لە پرتەو بۆڵەی دوگۆل کرد. 
بە دڵناسکی و خۆشەویستی لە ژنەکەی ڕوانیبوو. فەقیرە ژنەکەی شەو و ڕۆژ ئیشی دەکرد و منداڵ وەکوو گوڵی ژاکاو بە دەوروبەریدا هاتوچۆیان بوو. لە پڕڕا جەستەی وشک هەڵگەڕا. تەنیا با بوو خۆی لە داوێنەکەی دەدا و دەیلەراندەوە. لەو مەیدانەدا نۆفا وەک دارێکی بەرز بێدەنگ مابوو. بنێشتۆک حەپەسابوو. لێی نزیک دەبۆوە، دەستی لە قاچی دەدا: "نۆفا... نۆفا...."
چاوەکانی لە دوور ڕادەمان. ئاو لە قوڕگیدا وشک ببوو و زمانی لە لای ڕاستی زاریدا ڕەق هەڵاتبوو. هەر دووک دەستی شۆڕ ببۆوە، دەتگوت لە بەردەم سەرلەشکەرێک ڕاوەستاوە. دەستی لەسەر مەمکی چەپی دانا: "نۆفا... نۆفا"، وەڵام نەبوو، منداڵ لێی کۆ ببوونەوە. زریکەیەک لە بنێشتۆک بەرز بۆوە. ئاسمان خەریک بوو بدڕێ و گوللـەی مەرگی لێ ببارێ... نۆفااااا... خەڵک لە دەوری جەستە بەردینەکەی ئاپۆرایان بەست. لەسەر عەرز درێژیان کرد. ویستیان چاوەکانی ببەستن. نەیانتوانی. پیرەژنەکان نەیانتوانی جلەکانی لە بەر داکەنن و بیشۆرن. نەیانتوانی چۆکەکانی بنوشتێننەوە. هەر بەمجۆرە بە خاکیان سپارد. 
شێخ تەناف، شێخی بەناوبانگی کەرمانوو، کە نەخۆش لە هەموو لایەکەوە دێنە کنی، فتوای دابوو.
دەرو دراوسێ بە گاڵتە دەیانگوت:
شوکور بۆ خوا کە شێخ لە خۆمانە.
لەو ڕۆژەوە بنیشتۆک وەزعی گۆڕا. ڕوخساری ڕەنگی جارانی نەما. خەڵکی گوند هەموو دەیانزانی کە خێزانی دڵی ڕاوەستاوە و بە فەرمانی خودا مردووە. بنێشتۆک ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەیوەندی لەگەڵ خەڵک دەپچڕا و نەیدەتوانی وەک جاران بەردەوام بێ. نەیدەتوانی بەشداری کۆڕوکۆبوونەوەی شەوانی زستان بێ، وەک جاران تا دەنگی کەڵەشێری بەیانی یاری وەرق بکا یان هەندێ جار تا نوێژی نیوەڕۆ. زۆر بە کەمی دەچووە میوانی، خەڵکیش خۆیان لێ دوور دەگرت. زۆر جار میوانی نەناسراو دەهاتنە سەردانی. قسە، قسەی دێنا. دوگۆل مەراقی دەکرد بزانێ ئاخۆ چ شتێک دەگوترێ. جارێک پێیانی گوت:
ئەرێ بە خوا. بەڵکوو پێغەمبەریش سەری سووڕمابێ.
باشە بۆ... ئاقڵینە!
ئەوەنێ دەڵێن "ماڵی جیران بەر لە ماڵی مرۆڤ دێ"، ئەوەش جیرانی من بنێشتۆک...
ئێستاش پاش گەڕانەوەی، دوگۆڵ بەر لە هەر کەس ئاوسانی زگی جیرانەکەیانی هەست پێ کردبوو. زگی بنێشتۆک ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زێدەتر هەڵدەمسا. 
ویستی پرسیاری لێ بکات:
چ بووە جیران؟
هیچ... هیچ ڕووی نەداوە. 
بەڵام وا دیارە تۆ نەخۆشی.
نا... لەوانەیە قەڵەو بووبێتم یا خود...
رووی کردبۆوە ئەو چۆمەی بە ناو گونددا تێدەپەڕێ. زیخ و بەردی بۆ بژیوی مناڵەکان کۆ کردبۆوە. ئەو مناڵە سەرخڕ و بچووکانەی برسێتی شوێنەواری لە سەر ورگ و ڕوخساریان بە جێهێشتبوو. قەرتاڵە ڕەشەکەی پڕ کرد لە بەرد. بە کۆڵی دادا. سەراپای جەستەی خوێناوی ببوو. دەتگوت خوێن لە پێستی دەبارێ. زگە هەڵمساوەکەی ترسێکی گەورەی خستبووە دڵی. سەری قامکی لەسەر زگی دەسوڕاند. دەتگوت شتێک لە ژێر ناوکی جوڵە جوڵێتی... دەڵێی ئاوسم.. ئەوە چییە؟ ئەگەر خەڵک هەستی پێ بکا چی... بەڕاستی هەرگیز بیرم لە شتێکی وەها نەکردبۆوە... قەرتاڵەکەی لە دەستی کەوتبوو، بەردەکان پەرش و بڵاو ببوون. دەستی بەدەم و چاوی داهێنا، نەوەکوو چاوەکانی بیخاپێنن. بێ ئەوەی هەست بکا، خۆی لە ژوورەکەی خۆیدا بینی. دەرگەی لەسەر خۆی پێوە دا.
یەکە یەکە جلەکانی داکەند. سەری پەنجە لەرزۆکەکانی لە پێستی زگە ڕووت و ‌هەڵمساوەکەی خشاند. گوشاری دا:
ئاخ خودایە... ئێستە چ بکەم؟
دەتگوت قالۆنچەیەکی مردوو بەر قوڕقورۆسکەی گرتووە... بە دەنگێکی بەرز گریا.. بنێشتۆک لە نێو دەریای ترس و مەرگدا مەلەی دەکرد. 
(.. لە ناخی دڵێکی ڕەشەوە، شیشی تیژ تیژ دەردەکەون، بریسکەیان دێ. لە ئاسمانەوە کێری ئەستوور، قاوەیی، ڕەش و لەت و پەت کراو دادەبارێن. بە لووتیدا ڕۆدەچن، بە زاریدا. ئەم لێیان هەڵدێ، تف بارانیان دەکا. هەناسەی سوار دەبێ. دەڕشێتەوە، خوێن لە چاوەکانیەوە فیچقەی دێ. دڕوی ئاسنین لە گەرووی ڕۆدەچێ. بە دەستی ژنێک، پیاوێک سەر دەبڕدرێ. قوڕگی ژنێکی مردوو بە چڕنووکی پیاوێک هەڵدەپچڕدرێ. زمانی دەجوێ. پیاوێکی قەڵەوی کەوڵ خاکیی بەم دیمەنە سەرسام دەمێنێ. نێوکی پیاوێکی باریکەڵە و ڕووت دەدڕینرێ. خوێن دێتە دەر. دەنگی گریان لە منداڵدان بەرز دەێتەوە. ژنەکان هەلهەلە لێدەدەن. پیاوەکە زا. بۆقێکی گەورەی بوو. بۆقەکە زاری دەکاتەوە. خانوو و گوند و زەوییەکان هەڵدەلووشێ. ڕەشی و تاریکی باڵ بەسەر هەموو شتێک دادەکێشێ...)
بنێشتۆک وەک گایەکی نێر، خەوێکی قووڵ و گران بردبوویەوە. دەتگوت هەتا هەتایە دەخەوت ئەگەر مامی هەڵینەستاندبا:
بنێشتۆک.. بنێشتە!
بنێشتۆک بەلادا سووڕا. تف لە گەرووی مامیدا وشک بوو.
خودایە، ئەوە بۆ وا هەڵمساوی؟
مامی لێی دەڕوانی. مێشەکان لە دەوروبەری چاوە داهێزاوەکانیدا مەلەیان دەکرد. مامی لە ژێر لێوەکانیەوە گوتی:
با بچینە شار. یەکێک لەو دوو گوێدرێژانە دەفرۆشم. با بچینە لای دکتۆر. 
مامی دەیویست بزانێ چی بە سەر هاتووە، کەچی لە پڕ بنێشتۆک ڕێگەی مەراقی لێ گرت.
ئەز نازانم... نا... زا... نم چییان لێکردووم. کێ وای لێکردووم. ئەز... نا.. زا... نم.
دکتۆرەکان بە مامیان گوتبوو لە سەرەخۆ و خوێنسارد بێ. دکتۆرێک لەو شارەدا نەما سەری لە چارەسەرکردنی هەڵنەقورتاندبێ. بەم وەزعە ڕاهاتبوون. هەر کە ڕێگەیان دەکەوتە نەخۆشخانەیەکی نەناس، هەموو لە دەوری کۆ دەبوونەوە. وا نابێ، زگی دەتەقێ، ئەگەر ئەو شتە زیادییەی لە زگی دەرنەهێنن، دەتەقێ، چونکە بواری بۆ هاتوچۆی خوێنی ناو ڕەگەکان نەهێشتۆتەوە. یەکێک لەوان دەیگوت پاش ماوەیەکی تر مناڵێکی سێ چوار لاقی دەبێ.
پاش چەند ڕۆژی تر دەزێ.
ئەوی تر هەندێکی ترش و خوێ پێوە دەکرد.
چۆن منداڵی دەبێ؟ خۆ پیاو منداڵدانی نییە.
یەکێکی دیکە لە دوورەوە هەڵیدەدایە:
زارۆکێکی ئاسایی نابێ برا.
دوای ڕاوێژو دانوستان دەرمانیان دابوو بە بنێشتۆک. یەکێکیان دەیگوت:
ئەو دەرمانە بۆ مناڵەکەی باش نییە.
بەڵام کەس گوێی نەدابوویە.
بنێشتۆک لەگەڵ مامە قەرزدارەکەی گەڕایەوە گوند. کیسەیەک پڕ لە شووشە و قوتوو دەرمانی لەگەڵ خۆیان هێنایەوە. بنێشتە بە دزی دەرمانە تاڵەکانی دەنۆشی. بەڵام هەر کەوچکە شەربەتێ یاخود حەبێکی لە زاری نزیک دەکردەوە، خەریک بوو بڕشێتەوە. جار جارەش لە خەو ڕادەچەنی. 
ژانێکی قورس لە زگی یان لە پشتی دەپێچرا و ئامانی لێ دەبڕی. ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبوو. هەتا ناچار مان لەسەر دۆشەک بیخەوێنن. خەڵکی گوند دیسان ئاپۆرایان بەست. قەرەباڵغی بەرز بۆوە. دوگۆل لە هەر کەس زیاتر خۆی لەم ئاڵۆزییە وەردەدا:
هەر ئێستا دکتۆرەیەک دێنم.
ئەمەی گوت و دەرکەوت.
پڕوپیرەژنان هەر یەکە و تەشقەڵەیەکیان بەکار دێنا. یەکیان هەڵم و یەکی دیکە دووکەڵی بە ڕێگەچارە دەزانی، یەکی دی قسەی وا هاتەران پاتەرانی لە زار دەهاتە دەر، خۆیشی نەیدەزانی دەڵێ چێ. دایکی دوانەیەک بەسەر زگە هەڵمساوەکەیدا بازی دەدا. یەکێک ئاوی گەرم دەکردەوە و ڕووی دەکردە ماڵی شێخ تەناف تاکوو بەمجۆرە شێخ داڵدەی بدات و کێشەکەی چارەسەر بکا. پیرەژنێکیش دەیگوت نەخۆشەکەتان بەرنە ماڵی شێخی گەورە لە تەلمەعرووف و سەر گۆڕی پیاوچاکانی خوا. 
بنێشتۆکی زگ هەڵمساو خەڵتانی ئارەق ببوو. بە هەردووک دەستی سەری گرتبوو و لە عەرزی دەکوتا. لەسەر زگ دەخەوت، بە مەست وەردەگەڕایە دەرو دیوار. پیاوانی گوند دەست و قۆڵیان دەگرت، دەیانەویست ئەهوەنی بکەنەوە. ئەم زمانی خۆی دەگەست، گۆشەیەکی بەتانییەکەی لە زاری دەنا. دەستی پیاوێکی دەگرت و بە تەواوی هێز گازی دەگرت. وەها دەیقیژاند دەتگوت هەر ئێستا قوڕگی دەپچڕێ. دوگۆلیش هێشتا نەگەڕابۆوە.
سرتە و چپەی پڕو پیرەژنان، زیاتر پەستیان دەکرد. دایکی مناڵە دوانەکان لە ترسان زەندەقی چووبوو و لە ژوورەکە ڕایکرد. شێخ تەناف نەیدەوێرا نزیکی بێتەوە. تەنیا دەیگوت:
هاوار... خودایە هاوار... 
پاشان بەرەو ماڵی خۆیان ڕۆیشتبوو و بێزاری پیاوان و ناڵەی پیرەژنان و مناڵانی لە پاش خۆی بەجێ هێشتبوو. 
بنێشتۆک بە حاڵەحاڵ هەستا و خۆی بە دەرگا دادا. بەڕاکردن دوور کەوتەوە. هەندێکیان ویستیان بیگرن، نەیانتوانی.
خۆی گەیاندە ئەو شوێنەی ژنەکەی مردبوو. بە هاوار خۆی گەیاندبۆوە خەرمانەکە. لەسەر قاچە پێخواسەکانی ڕاست بۆوە. بە پەلەقاژە خۆی بەسەر خاکی خەرمانەکە دادابوو. بە هەر بیست قامکەکانی عەرزی دەکۆڵا و .... لە نێو هەردووک دەستیدا سێڵاوی کرم و مار هەستابوو...
چیرۆکی ناوەکان:
١. بنیشتۆک:
ناوی خۆیەتی یان لەوانەیە پێیانەوە لکاندبێ. لەگەڵ ئەوەی کەسێکی خەڵکی گوند نەیدیتوە ڕۆژێ لە ڕۆژان بنێشتی لە زار دابێت. بەڵام سەبارەت بەم ناوە زۆر شت دەگوترێ:
پێوە دەنووسێ... وەک بنێشت بە ژنانەوە دەنووسێ.
باریک و پشت قیتە وەک بنێشتی "چکلیس".
بۆیە ئەو ناوەیان لێناوە، گۆیا لە باوکی خۆی نییە. پێاوێکی نەناس چەند مانگ لەگەڵ دایکی خەوتووە. دواجار کە بنێشتۆک لەدایک بووە، ئەو پیاوە دایکی بەجێ هێشتووە و ڕۆیشتۆتە لای ژنێکی تر.
ئەو ناوەی لە خۆی ناوە چونکە دەیزانی هەتا بمێنێ دەبێتە بنێشتەخۆشکەی سەر زاری خەڵک.
لە شەقامەکانی قامیشلۆ جارێک بنێشتێک بە پانتۆڵەکەیەوە نووسابوو. خەڵک بانگیان کرد "بنیشت.... بنێشت..." ئیتر لەمەوبەدوا بە بنێشتۆک ناسییان. زۆر جار لەسەر ئەم قسانە بارگرژی ڕووی دەدا. لەوانەیە یەکێک لەبەر ئەم قسە و باسانە ددانی بکەوتایە ناو دەستی، یان یەکێک دەمی بە مست هەڵمسابا یاخود یەکێک قامکی شکابا، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر قسەکەی سوور دەبوو و وەک بنێشت پێوەی دەنووسا.
٢. کەرمانوو
هەموو دەڵێن کەر لەم شوێنە، نەک لە شوێنێکی تر ماندوو بووە، کێشەی گەورەتریش لە هوندوری ئەم پرسیارە دایە:
تۆ بڵێی کەر لە کوێوە هاتبێ؟
جارێک زیاتر دوگۆل هەڕەشەی لەو کۆڵبەرانە کردبوو کە دانیان بە قسەکانی دانەدەنا. بۆچوونەکانی دوگۆلیش لە سەرچاوەیەکی بەهێزەوە دەهات. یەکێک دەیگوت:
کەر لە عاموودێ دەرکەوتووە.
ئەوەی دی سوێندی بە شیری دایکی دەخوارد کە کەر لە حەسەکەوە هاتووە. 
سێهەمینیان سوێندی بە ئێسک و پرووسکی شێخ دەخوارد کە کەر لە دەربێسپی هاتووە. بە دوای ئەویشدا کۆڵبەرەکانیی دێرک و گوندەکانی دەوروبەر بۆچوونی خۆیان دەردەبڕی.
٣. نۆفا
لە بنەماڵەیەکە کە زۆر پابەندی خاکن. چەند ساڵ لەمەوبەر کاتێک بیانییەکان هاتن و پارچە زەوییەکەی باوکیان داگیر کرد، سەرەتا خۆڕاگری کرد. سەری شکا. کەوتە بەندیخانە. پاش ئازادبوونی دوای چەند ڕۆژێک مرد. ئێستەش، پاش مەرگی نۆفا و بردنی خەرمانەکەیان هەندێ دەڵێن مەرگێکی وا سەرسوڕهێنەر، تایبەتمەندیی ئەم بنەماڵەیەیە. هەندێکیش چاوەڕێی مردنی کەسانی زیندووی  ئەم بنەماڵەیەن!
٤. دوگۆل:
هاوڕێی گشت فەرمانگەکانە، لەگەڵ فەرمانگەی فەرەنسییەکانیش ماوەتەوە کە ماوەیەک لێرە بوون. ئەشێ هەر بۆ ئەمەش ئەم ناوەیان لێ نابێ. هەر کە دەچێتە شار، بەشداری سەرجەم شایی و میهرەجانەکان دەبێ. پشتگیری گشت ئەو کەسانەی دەکرد لە کۆڵانەکان بوون. دژی کێ یان لایەنگری کێ بوایەن بۆ ئەو گرنگ نەبوو. لە داوەتدا سەرچۆپی کێش بوو، دەتگوت زاوا خاڵێتی. لە پرسەکانیشدا، دەنگی گریانی بەسەر دەنگی پیرەژنەکان دەکەوت. دەتگوت مردووەکە دایکێتی. کاتی بەروبووم کۆکردنەوە دەبوو بە کۆڵکێش. جارجارە شۆفیر یان کرێکاری چێشتخانەیەک بوو. عاشق دەبوو، دەبوو بە پەیامنێر و شوان. دەبوو بە وەزیری بەرەڤانی و بەرگریی لە گوند و ناوچەکانی دەوروبەری دەکرد.
٥. شێخ تەناف
شێخ محەمەد، دەرپێیەکی ژنانەی بە تەنافی جلە شۆردراوەکانەوە هەڵواسیبوو، هەر کە ژنێک هاتبایە لای بۆ دروستکردنی نوشتە یاخود بۆ دەرمانکردن یان چارەسەریی نەخۆشی قۆرسی منداڵە بچکۆلانەکەی، شێخ مرخی خۆی لێ خۆش دەکرد. بە ئاماژەی سەر پێی دەگوت:
ئەو دەرپێیە بێنە خوار.
ئەگەر ژنەکە دەرپێیەکەی خۆی داکەندبا، کە زۆرتریش دایدەکەند، کەف لە زاری شێخ دادەچۆڕا. بەڵام ئەگەر ژنەکە ویستبای جنێوی پێ بدا، بە خوێن ساردی تف و نەفرینی لە شەیتانی گەمار دەکرد.
مەبەستم ئەو دەرپێیەیە، ئەو دەرپێیەی لە  پشت سەرت بە تەنافەکەوە هەڵواسراوە، ئەرێ دایکم. خودایە لە گومانی گوناهە بمانپارێزی. 
بە بێزارییەوە درێژەی بە سرتە و چپە دەدا:
ئەو ژنانە چەند دڵ پیسن. خودایە تاکوو مەرگ لە گوناهە بمانپارێزی.
ژنەکەش سەری دادەخست و دەڕۆی. دەڕۆیی و نەدەگەڕایەوە. بەڵام کاتێ ئەو فێڵەی شێخ ئاشکرا بوو، خەڵک لە بیریان چوو ناوێکی تری هەیە جگە لە شێخ تەناف.

- ئەم چیرۆکە لە گۆڤاری 'ئایندە' چاپی سلێمانیدا بڵاو بۆتەوە.