حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
"به‌بڕوای من دابه‌زینی په‌که‌که له چیاکان ئه‌گه‌رێکی لاوازه. په‌که‌که چه‌که‌کانی دانانێ. ڕێکخراوێک که سی ساڵ له چیاکان بێ... ده‌بێ زۆر شت گه‌ره‌نتی بکرێن... پێیان بڵێن غروریان خه‌وشدار ناکرێ، بڕوایان پێ بێنن به‌م شتانه بۆ ئه‌وه‌ی بێنه خوار... به پێچه‌وانه‌وه ئه‌سته‌مه... کاک حه‌سه‌ن، خۆ بۆ سه‌یران و سه‌فا ڕوویان نه‌کردۆته چیاکان."
هه‌ولێر
به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی یه‌کی مه‌ی که‌وتینه ڕێ. شاخ و ده‌شت و دۆڵ سه‌وز ده‌نوێنێ، به‌هار به هه‌موو شوێنێکه‌وه دیاره. به‌ره‌و سلێمانی ده‌ڕوێن.
لای ڕاستمان ئابیده‌ی ئه‌نفاله.
کاره‌کانی به‌ره‌و دوایی ده‌ڕوات. گۆڕستانی شه‌هیدانی ئه‌نفالیش دروست ده‌کرێ. له سه‌ر گردێکی به‌رز، که هه‌ر که‌س ده‌توانێ بیبینێ.
ساڵی ١٩٨٨ به‌عسی دیکتاتۆر له‌باکووری عێراق ١٨٢ هه‌زار کوردی له هه‌ڵمه‌تێکی پاکتاوی ڕه‌گه‌زیدا کوشت. گۆڕی ژماره‌یه‌کی زۆریان ته‌نانه‌ت ئێستاش بێ سه‌رو شوێنه. گونده‌کان سوتێنراون و مرۆڤه‌کان به‌زۆره‌ملێ کۆچیان پێکراوه.
هه‌شت هه‌زار که‌س له عه‌شیره‌ی بارزان له شه‌وێکدا ده‌کوژرێن. له کاتی ئه‌و قه‌تڵوعامه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌وه، ژنانی "بارزان"، زێدی مه‌سعود بارزانی، ئێستاش ڕه‌شپۆشن.
باشه، بۆچی ئه‌نفال؟ ده‌ڵێن "له قورئاندا سوره‌یه‌ک هه‌یه به ناوی ئه‌نفال، گێڕانه‌وه‌ی له‌ناو بردن..."
خێراییه‌که‌مان که‌م ده‌که‌ینه‌وه.
له پێشه‌وه‌مان جموجوڵێک هه‌یه. یه‌ک دو چادری بچووک و هه‌روه‌ها شانۆێه‌ک که له دار و ته‌خته دروست کراوه. له سه‌روی شانۆکه، له نێوان دوو ته‌خته‌دا، ڕه‌نگی زه‌رد، سوور و سه‌وز زاڵه و پۆستێری عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانیش هه‌ڵواسراوه.
دو ته‌كنیککار خه‌ریکی چاککردنی ده‌نگه‌کانن. له‌م نێوانه‌دا مۆسیقایه‌کی سرودئاسا، کچه بچکۆله‌کان ده‌خاته سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕین.
له ئۆتۆمبێل دێینه خوار.
ته‌نانه‌ت هه‌ستیشمان پێناکه‌ن، هه‌ڵده‌په‌ڕن. گه‌نجێکی خوێنگه‌رم دێته پێشه‌وه. به تورکیه‌کی ڕێکوپێک سڵاومان لێده‌کا. چوار ساڵ له‌مه‌و پێش له باشووری ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هاتۆته هه‌ولێر و له زانکۆ به‌شی سۆسیۆلۆژی ده‌خوێنێ.
ده‌ڵێ:
"زۆربه‌ی به‌شداربووان له که‌مپی مه‌خموره‌وه هاتون. له‌و دوو که‌مپه به هه‌زاران کوردی تورکیا ده‌ژین که ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان له باشوری ڕۆژهه‌ڵاته‌وه کۆچیان کردوه. هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌نجانه‌ش هه‌ن که له تورکیاوه هاتوون و له زانکۆی هه‌ولێر درێژه به خوێندن ده‌ده‌ن. بێگومان لەگه‌ڵ کورده‌کانی عێراقیش..."
ده‌سه‌ڵاتی کوردی گوشار دێنێ
کێن ئه‌وانه‌ی ئه‌م ئاهه‌نگه‌یان ڕێک خستووه؟
پچدک.
پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستان... پارتی یاسایی په‌که‌که‌یه له عێراق. ده‌یه‌وێ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی داهاتوو بێ له باکوری عێراق، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی کوردی زۆر به‌گه‌رمی پێشوازیان لێنه‌کردون.
پچدکه‌ش توند وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه:
"کاندیده‌کانی ئێمه قه‌بوڵ ناکه‌ن، ئێمه‌ش به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ به‌شدار ده‌بین."
به‌مشێوه‌یه فام ده‌کرێ:
په‌که‌که و داموده‌زگا یاساییه‌کانی بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به مانه‌وه‌یان بده‌ن، ده‌سه‌ڵاتی کوردیش ته‌نگاو ده‌که‌ن.
گوتی:
"زۆر ناخایه‌نێت، پێشمه‌رگه‌کانی پ‌د‌ک هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر ئێره، یان هه‌ر هیچ نه‌بێ پۆستێره‌کانی ئاپۆ لێده‌که‌نه‌وه."
باشه په‌که‌که له چیاکان داده‌به‌زێ؟
ئایا په‌که‌که واز له چه‌ک دێنێ؟
ئایا کێشه‌ی کورد له چه‌ک و توند‌و تیژی داده‌بڕێ؟
سێ ڕۆژه له باکوری عێراقم.
ئه‌م پرسیارانه ڕۆژه‌ڤی سه‌ره‌کیی منیان پێکهێناوه.
قسه‌کانی ئازاد سه‌رنج ڕاکێشن:
"کاک حه‌سه‌ن پێموایه دابه‌زینی په‌که‌که له شاخ ئه‌گه‌رێکی لاوازه. چه‌ک دانانێن. ڕێکخراوێک که سی ساڵ له شاخ مابێته‌وه... ده‌بێ گه‌ره‌نتی زۆر شت بکه‌ن، ده‌بێ پێیان بڵێن هیچ زیانێک به غرورتان ناگات و بڕوایان پێدێنن به‌م شتانه بۆ ئه‌وه‌ی دابه‌زن، ئه‌گینا ئه‌سته‌مه. خۆ بۆ گه‌شت و گوزار ڕویان نه‌کردۆته ئه‌و شاخ و داخه... "
یه‌کێکی تر ده‌ڵێ:
"کاکه بڕوانه، ڕاسته کۆتایی به‌م قۆناغه هاتووه و ئیتر به چه‌ک ناگه‌یته هیچ شوێنێک. به‌ڵام به‌وه ته‌واو نابێ که بڵێن وه‌رن و واز له چه‌ک بێنن. ده‌بێ دڵنیایان بکه‌نه‌وه جارێکی تر نایانخه‌نه گرتوخانه‌کانه‌وه: ده‌بێ وه‌ڵامی داواکارییه‌کانیان له مه‌ڕ فه‌رهه‌نگ و ناسنامه بده‌نه‌وه."
سه‌ری دێنێته پێشه‌وه:
"کاکه بڕوانه، بێگومان له ناو په‌که‌که‌شدا ئه‌و که‌سانه هه‌ن که ده‌یانه‌وێ له چیا دابه‌زن. ڕاستیه‌کان ده‌بینن. به‌ڵام هه‌روا به ئاسانی ناکرێ. په‌که‌که ئێستاش ڕێکخراوێکی به‌هێزه. پشتگیری کردن له په‌که‌که ته‌نها بریتی نییه له‌و دو میلیۆن ده‌نگه‌ی درا به ده‌ته‌په.... په‌که‌که زۆر له‌وه له پێشتره ته‌نیا له سه‌ر کورده‌کانی تورکیا کاریگه‌ری هه‌بێ..."
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:
"چه‌ک و چیا بۆ په‌که‌که بونه‌ته شێوازێکی ژیان. ئێستاش ئه‌سته‌مه وازهێنان له‌مه‌و دابه‌زین له چیاکان. جگه له‌مه‌ش، ده‌وڵه‌تی تورکیا گه‌ره‌نتیان پێ نادات."
"په‌که‌که سامانێکی زۆری هه‌یه"
هاووڵاتیه‌کی تر بۆچونی سه‌یری هه‌بوو:
"ئه‌گه‌ری وازهێنانی په‌که‌که له چه‌ک؟ لاوازه. په‌که‌که سامانێکی زۆری هه‌یه... له‌وانه‌شه خۆ له ١٠ میلیار دۆلار بدات... له عێراقه‌وه تا تورکیا له ده‌روازه‌کانی سه‌ر سنوری وه‌ک حاجی عومران، که‌له‌ڕه‌ش، خنێره و .... شه‌وانه نزیکه‌ی ١.٥ میلیۆن دۆلار باج کۆ ده‌کاته‌وه."
یه‌شار کایاش ده‌یگوت:
"لێبوردنێکی گشتی پێویسته. ده‌کرێ ١٠٠ - ١٥٠ کادیری سه‌ره‌کی ڕه‌وانه‌ی وڵاتانی سکاندیناوی بکرێن. ده‌بێ لێبوردنێک بێت زیان به به‌هاکان نه‌گه‌یه‌نێ. له بیرتان نه‌چێ، ئه‌وان بۆ سه‌یران ڕویان نه‌کردۆته چیا. سه‌ریان هه‌ڵدا چونکه مافی نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رهه‌نگیان ده‌ویست. لەگه‌ڵ لێبوردن پێویسته ڕێگه له‌به‌رده‌م سیاسه‌تی سڤیل خۆش بکرێ. به‌ڵام په‌که‌که‌ش پێویسته بێ دانانی پێش مه‌رج واز له چه‌ک بێنێ، چونکه چه‌کدانان قسه هه‌ڵناگرێ. هه‌تا کێشه‌ی چیا چاره‌سه‌ر نه‌بێ و لێبوردن ده‌رنه‌کرێ، ناتوانین بگه‌ینه هیچ شوێنێک."
وه‌ک هه‌قایه‌تی جوجه‌ڵه مریشکه‌که....
ده‌نگی به‌سۆزی ژنێک له ڕادیۆوه دێت. "ئازاد"یش ڕاده‌گه‌یه‌نێ "کاکه، خۆشه‌ویستیه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه. ده‌ڵێ لاوم به‌ڵام وه‌ک پیرێک ده‌مرم."
"سه‌خته هاوڕێ سه‌خته"
ئایا دابه‌زین له چیاکان ئاسانه؟
له‌لایه‌که‌وه شێوازی ژیانی په‌که‌که... له‌لایه‌کی تریشه‌وه شێوازی ده‌وڵه‌تی تورکیا... وه‌ک پێشینیان ده‌ڵێن، به‌تاڵه و بۆم پڕ نابێ، پڕی ده‌که‌م لێم وه‌رناگرێ.. له‌ماوه‌ی سێ ڕۆژدا له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێک قسه‌م کرد. که‌سم نه‌بینی گه‌شبین بێ. دوێنێش که له زێدی جه‌ڵال تاڵه‌بانی، کۆیه، لەگه‌ڵ عوسمان ئۆجه‌لان وتوێژم ده‌کرد هه‌مان ڕوانگه‌ی هه‌بوو. پرسیارم لێکرد سه‌باره‌ت به‌و پێداگرییه‌ی ئه‌و که تورکیا له‌پێناو ئه‌وه‌ی په‌که‌که بکه‌وێته قۆناغی واز له‌چه‌ک هێنان، ده‌بێ وه‌ک سه‌ره‌تا لێبوردنێکی ڕیشه‌یی ڕابگه‌یه‌نێت و ئه‌و لێبوردنه کادیره لیده‌ره‌کانی چیاش بگرێته خۆ.
"ئایا گه‌شبینن؟ تۆ بڵێی ئه‌نقه‌ره لێبوردنێکی له‌مجۆره ڕابگه‌یه‌نێ؟ ئاخۆ حکومه‌ت نیاز و ئیراده‌یه‌کی سیاسیی وه‌های هه‌یه، ده‌توانی هه‌یبێ؟"
راشکاوانه وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌می نه‌دایه‌وه.
له چاوه‌کانمی ڕوانی وه‌کو بڵێت ئه‌سته‌مه.
به‌ڵام له‌م کاته‌دا، نیگام لەگه‌ڵ نیگای خزمێکیان تێک ئاڵا که بزه‌ی له سه‌ر لێو بوو و گوتی "سه‌خته هاوڕێ، سه‌خته". گرێ هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌یه:
پرسی دابه‌زینی په‌که‌که له چیاکان و لێبوردن چی به‌سه‌ر دێ؟
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر